ئێستێتیکی فریدریش شیلەر (بەشی هەشتەم و کۆتایی)

19
0
بڵاوکردنەوە:

نووسینی: کاوە جەلال

 

-7 کاریگەری و واتای سەردەمییانەی ئێستێتیکی شیلەر

 

“پەروەردەی ئێستێتیکیی مرۆڤ” کە شیلەر لە ئیدیالێکی مرۆڤپەروەرانەوە دەینووسێت، وەرچەرخانە لە فەلسەفەدا (ئێستێتیکدا)، چونکە ئەو بۆ یەکەم جار هونەر وەک خۆمەبەست و هونەر وەک دەستوێژی گۆڕانی جڤاکی هەڵدەگرێت و بەوەش تێکهەڵکێش دەکات: جوانێتی کۆتایی بە نامۆبوونی مرۆڤ دەهێنێت و دەیخاتە ڕەوشی ئازادییەوە، بەو ڕێیەشەوە دەوڵەتی ناچارەکی وەردەگۆڕێت بۆ دەوڵەتی ئاکارییانەی ئاوەز.

بێگومان ئەوە سەرەتا هێگل بوو وەک یەکەم فەیلەسوف کە لەژێر کاریگەریی ڕوسۆ و شیلەردا واتایەکی تایبەتیی فەلسەفەیی بە تێگەی نامۆبوون دا. ئەو نامۆبوونی وەک دەر-دان، دەر-چوون (Entäußerung) پێناسە کرد: هۆش ناچارە لە پێناوی خۆناسیندا لەنێو خۆیەوە بچێتە دەرەوە و ببێت بە ئۆبژێکت، یان شێوەی دەرەکی وەربگرێت: ببێت بە سروشت، مێژوو، کاری هونەری، یان کردار و هتد. کەواتە هۆش دادەبەشێت و خۆی لێ گوم دەبێت. وەلێ ئەمە تەنیا قۆناغێکی ڕاگوزەرە، چونکە هۆش لەم ڕەوتەدا فێردەبێت لەتەک ئۆبژێکتی نامۆدا ئاشبێتەوە، ئەویش کاتێک وەک خۆیی دەیناسێت(ەوە). بۆ نموونە سەبژێکت (بکەر) لە پرۆسەی کاردا شتێک (ئیدێیەک، هێزی خۆی) دەردەدات و لە بەرهەمێکدا بەرجەستەی دەکات، وەلێ ئێستا ئەم بەرهەمە لە دەرەوە سەربەخۆیی لە ئەوی بکەری وەردەگرێت. دوایئەوەی بکەر بە کارکردن لە ئۆبژێکتدا، واتا لە پرۆسەی بەهیخۆکردنی (Aneignung) ئەودا، ئارەزووەکانی دادەمرکێنێتەوە، ئیدی فێردەبێت جڵەویان بگرێت، بەدووی ئەوەشدا دەبینێت کە ئۆبژێکتی کارتێداکراو بەرهەمی خۆیەتی. ئیدی ئەو خۆی دەفۆرمێنێت و دەگەڕێتەوە بۆ لای خۆی.

ئێمە پەیوەند بە پرسی نامۆبوونی مرۆڤەوە زۆرتر ئامانجی هاوشێوە لە نێوان شیلەر و مارکسدا دەبینین، هاوکات هەردووکیان لە کەتواری جڤاکییەوە دەردەچن. ئاشکرایە ئیدیالیزمی ئەڵمانی کاریگەریی گەورەی لەسەر مارکس نواند، هەروەها پەیوەند بە مارکسەوە ئاماژە بۆ ئەوە دراوە کە ئەو هێگل دەهێنێتە نێو جیهانەوە. ئێمە دەتوانین لەم پەیوەندییەدا شیلەر لەبریی هێگل دابنێین. جگەلەوە توێژینەوە نوێکان جەخت لەوە دەکەن کە مارکس زۆرتر لەژێر کاریگەریی شیلەردا گۆڕان بە تێگەی نامۆبوون دەدات (54).

شیلەر مرۆڤ لە ستاتۆیەکی سروشتیدا وەک بوونەوەرێک وەردەگرێت کە لە دوو ڕەمەکی دەرکی و فۆرم پێکدێت، وەلێ هەردووکیان لەم ستاتۆیەدا تەبان بە یەکدی، چونکە مرۆڤ ڕەمەکییانە (ئینستینکتیڤ) سازاو بە سروشت دەژی، کەواتە جارێ زەبری فیزیکی و ئەخلاقی ناناسێت. ئەو جارێ هەمەکییە. وەلێ مرۆڤ بە کاری دابەش و بەپسپۆرکردن لە خۆی نامۆ دەبێت، واتا هەمەکێتیی خۆی لەدەستدەدات، چونکە مرۆڤ لە جڤاکی مۆدێرندا تاکلایەنە بە هێزی ئاوەز هەوڵ دەدات ببێت بە پسپۆر، بەوەش هەست و سۆزەکانی دەچەوسێنێتەوە. شیلەر دەبێژێت: «چێژ لە کار، دەستوێژ لە مەبەست، ڕەنج لە پاداشت جیاکرانەوە. مرۆڤ کە تاهەتا بە تاکە کەرتێکی بچووکی سەرجەمەوە گرێدراوە، خۆی تەنیا وەک کەرت پێدەگەیەنێت؛ ئەو هەرگیز هارمۆنیی کرۆکی خۆی گەشەپێنادات، بەڵکو تاهەتا تەنیا ژاوەژاوی مۆنۆتۆنی (جاڕسکەری) ئەو چەرخەی لە گوێدایە کە ئەو خۆی دەیخولێنێتەوە، هەروەها لەبریی ئەوەی مرۆڤایەتی لەنێو سروشتی خۆیدا پێبگەنێت، تەنیا دەبێت بە کۆیلەی کارەکەی، زانستەکەی». (55)

مارکس لەتەک ئەم تێروانینەی شیلەردا یەکدەگرێتەوە، وەلێ کێشەی مرۆڤییانەی نامۆبوون وەک نامۆبوونی کار لە سەرمایەگەریدا دەخاتە ژێر ڕەخنەوە، بە شێوەیەکی دی ببێژین، ئەو کێشەی نامۆبوون دەگەڕێنێتەوە بۆ پەیوەندییە ماتەریەل (بەرجەستە) و ئابوورییەکانی سەرمایەگەری. ئەو لە نامەیەکدا بۆ فێردیناند لاسال (19 ئەپریلی 1859) ڕەخنەییانە دەبێژێت کە شیلەر لە دراماکانیدا کارەکتەرەکانی وەک «زمانحاڵی هۆشی سەردەم» داناوە(56)، واتا سەربەخۆیی کۆنکرێتی پێنەداون، بەڵکو تا ڕادەیەکی زۆر خستوونیەتە ژێر ڕکێفی ئیدێی ئەبستراکتەوە. مارکس بە پێچەوانەوە وایدادەنێت کە بەرهەمهێنانی ئیدێ، پێشبینی و ئاگایی، ڕاستەوخۆ ئاڵاوە بە چالاکیی بەرجەستە و پەیوەندییەکانی مرۆڤانەوە: «هەرگیز ناشێت ئاگایی شتێکی دیکەی جیاواز بێت لە بوونی بەئاگا، بوونی مرۆڤانیش پرۆسەی کردەکییانەی ژیانیانە» (57).

سەرباری ئەوە شیلەر و مارکس ئامانجی هاوشێوەیان هەیە: هەردووکیان ڕێگەیەک بۆ کۆتاییهێنان بە نامۆبوونی مرۆڤ، بۆ بەدیهێنانەوەی کرۆکی هەمەکییانەی ئەو، بە پێویست دادەنێن. شیلەر داوا دەکات کە دەوڵەتی ئێستێتیکی (گەمە) جێی دەوڵەتی ناچارەکیی چەوسێنەر بگرێتەوە، بە تێروانینی ئەو گەمە (کردار و بەدیهێنانی ئازادی بێمەبەست) باڵاترین فۆرمی مرۆڤبوونە، چونکە تەنیا لەم ستاتۆیەدا توانستی دەرکگیری و ئاوەز لە هارمۆنیدان. وەلێ مارکس بەدیهێنانی ئەو ئامانجە دەخاتە ئەستۆی کۆمونیزم کە لە لایەنی خۆیەوە بەم شێوەیە ڕوونی دەکاتەوە: «کۆمونیزم بۆ ئێمە ڕەوشێک نییە کە گەرەک بێت بهێنرێتەگۆڕێ، یان ئیدیالێک بێت کە کردەکێتی پێوەی بەند بێت. کۆمونیزم بۆ ئێمە بزووتنی کردەکییە کە ڕەوشی هەنووکە هەڵدەگرێت (ناهێڵێت – ن). مەرجەکانی ئەم بزووتنە لەو پێشمەرجانەوە دەکەونەوە کە هەنووکە لەگۆڕێن» (58).

ئەوجا مارکس جیاوازیی نێوان جڤاکی کاری نامۆبوو و کۆمونیستی بەرجەستانە دەردەخات: لە جڤاکێکدا کە بەرژەوەندیی گشتی و تایبەتی دابەشیون، لەو جڤاکەدا «هەریەکێک بەگوێرەی دابەشکردنی کار بازنەیەکی دیاریکراو و دابڕاوی چالاکیی هەیە کە بەسەریدا دەسەپێنرێت و ئەویش ناتوانێت لێی دەربچێت؛ ئەو ڕاوچییە، ماسیگرە یان شوانە یاخود ڕەخنەگری ڕەخنەییە و دەبێت ئەوها بمێنێتەوە گەر نەیەوێت دەستوێژی بژێوی لەکیس بچێت»، وەلێ بە پێچەوانەوە لە جڤاکی کۆمونیستیدا هەرکەس دەتوانێت خۆی لە هەر بوارێکی خوازراودا پێبگەیەنێت، «هەروەها جڤاک بەرهەمهێنانی گشتی ڕێکدەخات و هەر بەو ڕێیەشەوە دەشێنێت»، کە «ئیدی من ئەمڕۆ ئەمە و سبیەنێ ئەوە دەکەم، بەیانیان ڕاودەکەم، پاشنیوەڕوان ماسی دەگرم، ئێواران خەریکی بەخێوکردنی ئاژەڵ دەبم و دوای خواردن بە حەزی خۆم ڕەخنە دەگرم، بەبێ ئەوەی هەرگیز ببم بە ڕاوچی، ماسیگر، شوان یان ڕەخنەگر» (59).

کەواتە ئازادی ئامانجی شیلەر و مارکسە: جڤاکێک کە تێیدا چیدی مرۆڤ ناچەوسێنرێتەوە یان وەک بەکرەیەکی بچووکی نێو ئامێری ئابووری نەچەسپێنراوە. وەلێ ئەوە هاوکات لای هەردووکیان مەرگی دەوڵەتە: لای شیلەر هارمۆنیی نێوەکییانەی مرۆڤ وا دەکات کە یاسا دەرەکییەکان زیادە بن؛ لای مارکس دەوڵەت نامێنێت دوای ئەوەی جڤاکی فرەچین و ئامرازەکانی سەروەری نامێنن. ئێمە لای هەردووکیان „یوتۆپیا“ی نەهێشتنی نامۆبوون و ستاتۆی ئازادیی مرۆڤیمان هەیە.

„پەروەردەی ئێستێتیکیی مرۆڤ“ هەروەها کاریگەریی لەسەر „تیۆریی ڕەخنەیی“ (ناسراو بە „فێرگەی فرانکفورت“)، بەتایبەتی لەسەر هێربەرت مارکوزە نواند. ئەو لە نووسینەکەیدا بە ناونیشانی „بونیادی ڕەمەک و جڤاک“ (بە ئینگلیزی: „ئێرۆس و سیڤیلیزەیشن“) خۆی بە تێگەی ڕەمەکی گەمەوە لای شیلەر خەریک دەکات. ڕەمەکی گەمە، کە تێکهەڵکێشی هارمۆنیانەی هەردوو ڕەمەکی دەرکی و فۆرمە، مارکوزە وەک کلیلێک بۆ نەهێشتنی کاری نامۆبوو و بناغەیەک بۆ بنیاتنانی جڤاکی ئازادکراوی یوتۆپیانە دەیبینێت. ئەو لێرەدا هاوکات لەتەک مارکسدا ئەرگومێنت دەهێنێتەوە.

واتایەکی کرۆکیانەی شیلەر بۆ مارکوزە لەوەدایە کە شیلەر „هێزی پێشبینیکردن“ بە توانستێکی کرۆکیانەی هۆشەکی، هەروەها جوانی بە مەرجێکی زەرووریی مرۆڤایەتی دادەنێت، بەو ڕێیەشەوە کارایی ئێستێتیک وەردەگۆڕێت: «ئێستێتیک دەتوانێت رۆڵێک لە بنیاتنانەوەی نوێی کولتووردا بگێڕێت» (60). ئاخر، وەک شیلەر دەبێژێت، ئەوە کولتوورە کە مرۆڤی مۆدێرنی بریندار کردووە (نامەی 6)، بۆیە تەنیا فۆرمێکی نوێی کولتوور دەتوانێت مرۆڤ چاکبکاتەوە: هەردوو ڕەمەکە بنەڕەتییەکەی ئەو: توانستی دەرکگیری و ئاوەز یەکبخاتەوە. شیلەر گونجاندنەوەی هەردوو ڕەمەکی ناوبراو دەخاتە ئەستۆی ڕەمەکی گەمە کە بابەتەکەی جوانییە و دوا ئامانجیشی ئازادییە. کەواتە، وەک مارکوزە دەبێژێت، „سیاسەت“ کێشەی شیلەرە: «ئازادکردنی مرۆڤ لە مەرجە نامرۆڤییەکانی لێرەبوون»(61)، لێرەشدا شیلەر بە پێویستی دەزانێت کە مرۆڤ بۆ چارەسەرکردنی ئەم کێشە سیاسییە ڕێگەی ئێستێتیکێتی، ڕێگەی ڕووەو هەستی جوانی، بگرێتە بەر تا بەو ڕێیەوە بە ئازادی بگات. ئەوجا مارکوزە بەردەوام دەبێت: «ڕەمەکی گەمە ئامرازی ئەم ئازادکردنەیە»، وەلێ ئەوە گەمەکردن نییە «بە» هەرشتێک، «بەڵکو ئەوە گەمەی خودی ژیانە لەوبەر پێداویستی و زەبری دەرەکییەوە – بەدیهێنانی لێرەبوونێکە بەبێ (…) ترس، بەمەش بەدیهێنانی ئازادییە» (62). ئاخر تەنیا کاتێک مرۆڤ ئازادە، گەر ئەو ئازاد بێت لە زەبری فیزیکی و ئەخلاقی – گەر ئەو بەناچاری بەند نەبێت بە پێداویستی یان بە یاساوە. تەنیا «لە کولتوورێکی ڕاستینەی مرۆڤیدا لێرەبوون بەزۆری گەمەیە نەک ڕەنج، مرۆڤیش لە ئاوەڵابوونی گەمەییدا دەژی نەک لە کێماسدا» (63).

گەمە لای شیلەر لەنێو کولتووری زەبر و پێداویستییەوە کارا دەبێت: «لەنێو جەرگەی جیهانی ترسناکی هێزەکان و جەرگەی جیهانی پیرۆزی یاساکانەوە ڕەمەکی ئێستێتیکییانەی سازاندن هەستپێنەکراو کار لە بنیاتنانی جیهانێکی سێیەمی شادمان-ی گەمە و دەرکەوتەدا دەکات کە تێیدا مرۆڤ لە کۆتگەلی سەرجەم پەیوەندییەکان دەکاتەوە و بەریدەدات لە هەر شتێک کە ناوی زەبر بێت، جا زەبری فیزیکی یان ئەخلاقی بێت»(64). مارکوزە ئەم تێڕوانینە بنەڕەتییەی شیلەر ناودەنێت «ئەدگارە ئێکسپلۆزیڤەکانی (موتەفەجیرەکانی) پرۆژەکەی شیلەر» (65)، چونکە دژبەریی حەز (ئێرۆس) و کار ناهێڵێت، دەسەڵات لە پرنسیپی بەرهەمخستنەوەی سەروەر دەسەنێتەوە و ستاتۆی ئازادی لەوبەر زەبرەوە پێشان دەدات. بێگومان کۆنسێپتی مارکوزەش ئەوەیە کە جڤاکی چەوسێنەر (ڕێپرێسیڤ) مرۆڤ لە خۆی نامۆدەکات، ڕەمەکەکانی دەچەوسێنێتەوە و „پێداویستیی هەڵە“ بەرهەمدەهێنێت، ئەمەش کێشەیەکی دژواری کولتووری مۆدێرنە کە لە نائازادیی سۆسیالدا خویا دەبێت، چونکە مۆرکە کرۆکییەکانی بریتین لە زەبر، نەمانی هزرینی ڕەخنەیی و نامۆبوون. ئەمە لای مارکوزە نەخۆشیی کولتوورە کە بە جیابوونەوەی هەردوو ڕەمەکی دەرکی (کەرەسە) و فۆرم (ئاوەز) هاتۆتەئاراوە، وەلێ ئەو هۆی نەخۆشییەکە زۆرتر لە „چارەسەر“ی زەبرمەندی ئەو ناکۆکییەدا دەبینێت کە لە نێوان هەردوو ڕەمەکی ناوبراودا لەگۆڕێیە: چارەسەرەکە «بنیاتنانی ستەمی ئاوەزە بەسەر توانستی دەرکگیریدا»(66). بە تێڕوانینی مارکوزە تەنیا بە نەهێشتنی ئەم ستەمەی ئاوەز بەسەر کایەی دەرکیی مرۆڤەوە (ڕەمەک و هەست و سۆزەکانەوە)، هەروەها قبووڵکردنی کایەکە لە هەقیقەتی خۆیدا، دەشێت هەردوو توانستە مرۆڤییەکە پێکەوە بگونجێنرێنەوە و بەو ڕێیەشەوە ئازادی بەدیبهێنرێت. وەلێ گەر مرۆڤ بییەوێت بە ئازادی بگات، ئەوا بە تێروانینی مارکوزە پێویستە پێشتری بە «ڕزگارکردنی توانستی دەرکگیری» بدرێت: «فریاکەوتنی کولتوور نەهێشتنی کۆنترۆلە چەوسێنەرەکان لە خۆ دەگرێت کە کولتوور بەسەر توانستی دەرکگیریدا سەپاندوونی … هەر ئەمەشە بەڕاستی ئەو بیرۆکەیە کە خۆی لە پشتی „پەروەردەی ئێستێتیکیی مرۆڤ“ەوە دەبینێتەوە: ئامانجەکەی ئەوەیە کە ئاکار لەسەر بناغەی توانستی دەرکگیری بنیاتبنێت. دەبێت یاساکانی ئاوەز لەتەک بەرژەوەندییەکانی دەرکەوەرەکاندا ئاشتبکرێنەوە (شیلەر) (…). گومانی تێدا نییە کە نەک تەنیا ئاوەز، بەڵکو هەروەها „ڕەمەکی دەرکی“ش پێویستی بە وەرگۆڕینی سنووردانەر هەیە („کەواتە هەردوو ڕەمەک پێویستیان بە سنووربۆدانانە، ئەوجا لەبەرئەوەی هەردووکیان بە وزە دادەنرێن، ئەوا پێویستیان بە خاوکردنەوەیە)“، ئەوە گەر هاتوو گەرەک بێت ئازادی بە پرنسیپی ڕێبەرییانەی کولتوور» دابنرێت(67). مارکوزە لێرەدا ئێستێتیکی شیلەر و پسیکۆئانالیزی زیگموند فرۆید پێکەوە گرێ دەدات بۆئەوەی پێشانی بدات کە چۆن وزەی مرۆڤیانەی ژیان لە نێوان ئێرۆس و ئاوەز و چەوساندنەوەی جڤاکیدا دادەبەشێنرێت، لێرەشەوە شیمانەی جڤاکێکی ئازاد بەدەر لە چەوسانەوە، ئاشتکردنەوەی ئاوەز و توانستی دەرکگیری و هەروەها وەرگۆڕینی کار بۆ گەمەی ئازاد ڕووندەکاتەوە.

ئازادکردن لە کەتوار کە شیلەر ڕایدەگەیەنێت، مارکوزە بە یەکێک لە پێشڤەرووترینی هەڵوێستە هزرییەکانی دادەنێت، چونکە لای شیلەر ئازادکردنەکە «لە کەتوار ترانسسێندێنتال نییە، ناخەکی یان تەنیا ئینتەلەکتوێل نییە (…)، بەڵکو ئازادییە لەنێو کەتواردا»(68)، بەمەش ئیدی کردەکێتیی نامرۆڤدۆستی کێماس و ناچاری، بە واتایەکی دی: ستاتۆی خەباتی فیزیکی و سۆسیالی خۆهێشتنەوە، «جددییەتی نامێنێت» (شیلەر)، وەلێ بە تێڕوانینی مارکوزە تەنیا کاتێک ئەمە ڕوودەدات «گەر بشێت کێماس و ناچاری بەبێ کاری نامۆبوو ساتاربکرێن. ئەوسا ئیدی مرۆڤ ئازادە کە بە توانست و شیمانەکانی و هەروەها بە ئەوانەی (توانست و شیمانەکانی – ن) سروشتیش گەمە بکات (…)، ئیدی ئەو ئازادە، ئیدی جیهانی ئەو ‘دەرکەوتە’یە و ڕێکخراوەکەشی جوانییە. بەهۆی ئەم بەدیهاتنەی ئازادییەوە گەمە زۆرترە لە کردەکێتیی ئاستەنگدانەر و ئەخلاقی» (69).

ئێمە گەرەکە لەم جێیەدا جیاوازیی شیلەر و مارکوزە ڕوونتر دەربخەین. شیلەر شۆڕشی (ڕێڤۆلوسیۆنی) تەواوەتیی „مەئریفە و شێوازی هزرین“ وەک پێشمەرجی کولتووری ئێستێتیکی دادەنێت. مارکوزە ئەم شۆڕشەی مەئریفە و شێوازی هزرین بە شیاو دادەنێت، وەلێ پەیوەندی دەکات بە گۆڕانی پێشڤەچووی سیستەمی سەرمایەگەرییەوە. کەواتە ئەو لە سیستەمی “سەرمایەگەریی درەنگ”دا کە ناوی دەنێت “جڤاکی پێشڤەچووی ئیندوستری” (بەرهەمهێنان بە کۆ-فابریکە)، یان هەروەها جڤاکی ڕەفاهی (Überflussgesellschaft) لەبارترین زەمینەی گۆڕان ڕووەو جیهانی ئازادی دەبینێت. بێگومان جڤاکی ئیندوستریی پێشڤەچوو جڤاکێکی ئەوتۆیە کە مرۆڤان بەڕێی ڕەفاهیەت و بەرخۆری و ئازادیی رواڵەتییەوە لەتوانادەخات، بەوەش مرۆڤانی تاکڕەهەند دەهێنێتەگۆڕێ، سەرباری ئەوە لە ڕەوتی گۆڕانی پێشڤەچووی سەرمایەگەریدا «… کولتوور دەگات بە باڵاترین شکۆفەی فیزیکی و هۆشەکیانەی خۆی»، لێرەشەوە ئیدی دەشێت بە تەکنۆلۆژیی مۆدێرن کۆتایی بهێنرێت بە خەباتی فیزیکی و سۆسیال کە مرۆڤان لە پێناوی خۆهێشتنەوەدا ئەنجامی دەدەن، بەڵێ ئێستا ئیدی دەرفەت دەڕەخسێت بۆئەوەی لێرەبوونی مرۆڤ بەربخرێت بەرەو „بزووتنی ئازاد کە بۆ خودی خۆی مەبەست و دەستوێژە“ نەک دەستوێژ بێت بۆ مەبەستی دەرەکی، وەک چۆن شیلەر جەختی لێدەکات(70). ئاخر «دەشێت لە جڤاکێکدا کە لە ئاستی باڵادا ئیندوستریالیزە کراوە، کاری قورسی لەشەکی بەئۆتۆماتیکی بکرێت. ئەوسا ئیدی کار پێچەوانەی گەمە نابێت. ئەوسا ئیدی ناشێت تەنیا کاری هونەری چۆنێتیی هونەرییانە وەربگرێت، (یان) خەریکبوونێکی ئەوتۆی حەزمەند بێت بە بابەتەکەوە کە خۆی ڕێسا و ئامانج بە خۆی بدات» (71)، بەڵکو ئەم بەئۆتۆماتیکیکردنەی ئیندوستری توانستێکی ئەوتۆ لە خۆ دەگرێت کە بەڕێیەوە دەرفەت دەڕەخسێت بۆئەوەی کاری ماندووکەر بۆ سەر ئاستێكی نزم داببەزێنرێت و پەرە بە ئازادیی مرۆڤ بدرێت. ئاخر تا چەند تەکنۆلۆژی، بەئۆتۆماتیکیکردن و زانست پێشڤەبچن، تا چەند پتر سیڤیلیزاسیۆن بگۆڕرێت، هێندەش زۆر „دەشێت“ کاری نامۆبووی پابەندی کێماس „لەدەسەڵاتبخرێت“، هاوکات جڤاکێکی ئەوتۆی ڕەفاهی بنیاتبنرێت کە پرنسیپی حەز (ئێرۆس) لە خۆ بگرێت و تێیدا هەژاری و زەبری کار چیدی پێویست نەبن. لەم جڤاکەدا کە ئێرۆس بنەڕەتێکی پێویستی ژیانە، شادی و پێکڤەیی ئافرێنەرانە مەغزا و مەبەستی لێرەبوونی مرۆڤن.

تێگەی گەمەی شیلەر کلیلی ئەم گۆڕانەیە کە مارکوزە دەیخوازێت، ئەویش چونکە لە گەمەدا ژیان و شێوە لەنێو یەکدیدا تێكهەڵکێش دەبن، یان بە زمانی مارکوزە: چونکە «لە گەمەدا دژبەریی نێوان کەتوار و ئێرۆس، کار و حەز، ناهێڵرێت. (…) گەر پرنسیپی حەز لە گەمەدا لەنێو خودی خۆیەوە بە کەتوار بگونجێت، ئیدی کار وەک پرنسیپی سەروەرینوێنی کەتوار لەدەسەڵاتدەخرێت»؛ وەلێ بە نەمانی زەبری دەرەکی، بۆ نموونە زەبری ئاوەز کە پارێزەری کەتوارە و تەنیا بەگوێرەی خواست و ڕادەی بەرگەگریی جڤاک دەرفەت بە حەز دەدات، «بە هیچ شێوەیەک (…) زیادەڕەویی (ئێکسسێسی) بەڕبەڕیانە سەرهەڵنادات. بە پێچەوانەوە لە گەمەدا شتێکی هاوشێوەی یاسابەخۆدانی حەز خویا دەبێت. ئاخر گەمە بێڕێسا نییە، وەلێ ڕێساکان لە دەرەوە نایەن، بەڵکو لە میانەی گەمەکەدا و بە شێوازی گەمەیی گۆڕان پێدەدرێن. گەمە لە واتایەکی تایبەتیدا حەزە کە لە نێوەوە خودی خۆی ڕێکدەخات، کەواتە پڕحەزانە و گەمەڤانانە بۆ ڕێسا و یاسای ئەوتۆ دەگەڕێت و دەیانبینێتەوە کە بە خۆی دەگونجێن»(72). بەم ڕێیەوە ئیدی کەتوار سەرلەنوێ دەسازێنێتەوە، بە چەشنێک کە چیدی سروشت وەک سەروەر بەسەر مرۆڤدا ئەزموون ناکرێت (وەک لە جڤاکی پریمیتیڤدا) یان وەک شتێک کە مرۆڤ بەسەریدا سەروەری دەنوێنێت (وەک لە جیهانی مۆدێرندا)، بەڵکو بەزۆری وەک ئەو بابەتەی „لێڕوانین“ یان „لێهزرینی پەرچاوە“ ئەزموون دەکرێت کە شیلەر لە پەروەردەی ئێستێتیکیدا لێی دەدوێت(73). بە تێڕوانینی شیلەر لێڕوانین یان لێهزرینی پەرچاوە یەکەم پەیوەندیی ئازادی مرۆڤە بە جیهانەوە، کە وەک ئارەزوو هەڵپەی ژێرخەری بۆ بابەت نییە، بە پێچەوانەوە مرۆڤ لە لێڕوانیندا، لێهزریندا، واز لە نواندنی زەبر بەسەر سروشتدا دەهێنێت و هەڵوێستی میانەگیر بەرانبەری وەردەگرێت، کەواتە بابەتەکەی لە خۆی دوور دەخاتەوە، بەوەش دەرکەوەرەکانی ئارام دەبنەوە و لە نێویاندا ئاشتی بەرپا دەبێت (74).

لەم ڕوانگەیەوە گەمە لە دوو ڕووەوە کاریگەری دەنوێنێت: چە لە مامەڵەکردن لەتەک ئۆبژێکت و چە لە جیهانی سەبژێکتیڤیدا: ئەدگاری کرۆکیانەی گەمە ئەوەیە کە هەرگیز هەڵوێستی زەبرمەند و داڕوتاندنەوە بەرانبەر ئۆبژێکتی ئەزموون وەرناگرێت، بە پێچەوانەوە ئەو خۆی ئۆبژێکت دەسازێنێت، بەو ڕێیەشەوە سروشت ئازاد دەبێت بۆ داڕشتنی گەمەییانەی بڕی فۆرمە بێمەبەستەکانی خۆی کە تێکڕا دەرهاویشتەی „ژیانی نێوەکییانە“ی بابەتەکەین؛ ئەوجا هەڵوێستی گەمەیی هەروەها جیهانی سەبژێکتیڤی دەخاتە ڕەوشی گۆڕانەوە، چونکە ئێستا ئەزموونی ئێستێتیکی کۆتایی دەهێنێت بە توانستی بەرهەمخستنەوە (پرۆدوکتیڤێتی)ی زەبرمەند و ڕووتێنەرەوە کە مرۆڤ دادەزنێنێت بۆ سەر ئاستی ئامرازی کار. مارکوزە لەم گۆڕانە سەبژێکتیڤییەدا هیچ مەترسییەک نابینێت، چونکە بە تێڕوانینی ئەو ئێستا لەم ڕەوشەدا گەمە چالاکیی ئازاد و حەزی دەرکی و ئۆتۆنۆمی پێکەوە گرێ دەدات نەک مرۆڤ خۆی لەو ستاتۆیەی ناچالاکیدا ببینێتەوە کە ژیانی ڕۆژانەی سەرمایەگەری بەسەریدا دەیسەپێنێت، بە پێچەوانەوە مرۆڤ چالاکانە لێرەبوونی خۆی لەوبەر کێماس و ترسەوە بەردەخات، ئەویش چونکە ئێستا „داڕشتن“، یان بەدیهێنانی ئازادی شیمانەکان، بەرهەمی چالاکییەکەی ئەوە(75).

„پەروەردەی ئێستێتیکیی مرۆڤ“ هەروەها لەو ڕوانگەیەوە کاریگەرترین نووسینی کلاسیک-ی ئەڵمانییە، کە نووسینەکە دەبێت بە بناغە بۆ ئیدیالی کلاسیکییانەی (واتا نموونەیی) پەروەردە بە کاریگەرییەوە لەسەر پێداگۆگیکی (پەروەردەناسیی) مۆدێرن و هاتنەئارای تێگەی “دەوڵەتی کولتووری”.

بە تێڕوانینی شیلەر مرۆڤ تەنیا لە گەمەکردندا بەڕاستی ئازادە، چونکە لە گەمەدا توانستە هۆشەکی و دەرکییەکانی ئەو چوونەتە ڕەوشی هارمۆنییەوە. شیلەر لێرەدا وەک پەروەردکارێکی فەلسەفەیی هەوڵ بۆ پەروەردەیەکی ئێستێتیکی دەدات کە تا ئەمڕۆ هەنووکەییە، چونکە پەروەردەی ئێستێتیکی کە گەمەییانە بەردەخرێت، تەنیا زانینی پسپۆریانە بە مرۆڤ ناگەیەنێت، بەڵکو هاوکات توانای پێدەدات خۆی لە زەبرە دەرەکییەکان بەربدات و وەک تاکەکەسێکی ئۆتۆنۆم کردار بنوێنێت. ئەم ئیدیالە مرۆڤخوازییەی شیلەر ئەمڕۆ وەک دژەپرۆژە بەرانبەر فشاری بەرهەمخستنەوە و بەپسپۆرکردن خۆی دەنوێنێت، چونکە بە پێچەوانەی ئەو فشارەوە توانا بە مرۆڤ دەدات بڕیاری خۆیی بدات سەربەخۆ لە هزری سوودمەندی. ئاخر لەم پەروەردە ئێستێتیکییەدا ڕاومێکی ئازاد دەسازێنرێت و تێیدا دەرفەت بۆ ئۆتۆنۆمی و نوێکاریی خۆیی دەڕەخسێت، بۆ نموونە کۆرسێکی شێوەسازی بۆ زارۆکان یان گەنجان کە خۆیان شادمان و گونجاو بە کارەکەیان ڕیالیزە دەکەن. ئەوجا، هەر لەم پەیوەندییەدا، بەهەندوەرگرتنی فێرکاریانەی لایەنی هەستەکی و سۆزەکی، ئەندێشە و ئافرێنەریی مرۆڤ، دەرفەت دەڕەخسێنێت بۆ پێگەیاندنی کەسێتییەکی شوناسمەند و چێبوونی هەڵوێستی ڕەخنەیی بەرانبەر سەرجەمی ئەو هەوڵانە کە (بۆ نموونە لە ڕۆژهەڵات) بە دەرخپێکردن و خۆشەکردن بۆ جوینەوەی نووسراوەکان بەگەڕدەخرێن، ئەوە بە سەرئەنجامێکەوە کە سستبوونی پسیکۆی مرۆڤە، یان داخستنی هەر دەروویەکە کە بشێت لێوەی تاکەکەس گۆڕان بە هزرین و هەڵوێستی ڕەخنەیی بدات چە بەرانبەر جڤاک و چە بەرانبەر جیهانێک کە تێیدا ئەمڕۆ میدیاکان بە گەیاندنی تاکلایەنەی وێنە هۆش و دیتەنێتیی تاکەکەس دەشێوێنن.

شیلەر هەروەها جەخت دەکات کە هونەر وەک بەرهەمی گەمە دەتوانێت بە سازاندنی دەروونی جوان جڤاک لەنێو خودی خۆیەوە بگۆڕێت. هەر لەم بنەڕەتەوە تێگەی „دەوڵەتی کولتووری“ هاتۆتە ئاراوە کە تێیدا کولتوور و هونەر وەک هێزمەند بۆ شکۆفەی دێمۆکراتی کارادەکرێن: پەروەردەی کولتووری گەرەکە مرۆڤان ببزوێنێت هۆشی ئازاد و ئافرێنەری خۆیان ئاشکرا بکەن. ئاخر ئەو ڕاومە ئازادە کە شیلەر بە پێویستی دادەنێت، لە دەرەوەی بەرژەوەندییەکانی سەروەری و دەسەڵاتی سیاسیدایە، ئەوە ڕاومێکە کە تێیدا تاکەکەس بە گەمەی ئێستێتیکیانە ئەزموونی ئازادی و هەمەکێتیی خۆی دەکات، بەم ڕێیەشەوە، وەک شیلەر دەبێژێت، دەتوانێت ئەزموونی „ئیدێی مرۆڤایەتی“ بکات.

لە کۆتاییدا گەرەکە هەروەها ئاماژە بدەین بۆ واتای تێگەی گەمە لە پسیکۆلۆژیدا، بەتایبەتی لەو پراکسیسەی زانستەکەدا کە ناودەنرێت “تێڕاپیی هونەری”. ئەم ئاڕاستەیەی چارەسەرکردنی کێشە پسیکۆییەکان (ژیانی ناخەکی) بەندە بەو مەئریفەیەوە کە وایدادەنێت سازاندنی وێنە و نیگار کاریگەریی چاککەرەوەی لەسەر مرۆڤانی کێشاوی یان نەخۆش هەیە، چونکە مرۆڤ لەم ڕەوشەدا بە سازاندنی گەمەڤانانەی هونەری ڕوو لە جیهانی نێوەکیی خۆی دەکات، بەو ڕێیەشەوە دەشێت هەست و بیرۆکەی شارراوە ببینێتەوە و هونەریانە دەریان ببڕێت – کە بێگومان مەرج نییە ئەوە هونەری مەزن بێت. ئاخر مرۆڤ دەتوانێت بە وێنە ئاسانتر هەستی خۆیی دەرببڕێت وەک بە وشە.

 

پەراوێز

(54)  بڕوانە:

–  Marcel H. Van Herpen: MARX WERDEN. Wie der junge Karl Marx zum Marxisten wurde (BECOMING MARX. How the Young Karl Marx Became a Marxist.) Maastricht 2016.

فان هێرپن لە تەوەری „کاریگەریی تیۆریی نامۆبوونی شیلەر لەسەر مارکسی گەنج“دا دەنووسێت: کاتێک توێژەران لە تیۆریی نامۆبوون لای مارکس دەدوێن، لەو لێدوانانەدا تیۆرییەکەی ئەو لەبارەی کاری نامۆبوو کرۆکییە، ئەمە لەو شێوەیەدا کە مارکس لە “مانوسکریپتە ئابووری-فەلسەفەییەکانی ساڵی 1844″دا گۆڕانی پێداوە. مرۆڤ هەروەها هەندێک جار لە تیۆرییەکانی سەرەتای ئەو لەبارەی نامۆبوونی ئایینی و سیاسی دەدوێت. وەلێ بە تێڕوانینی فان هێرپن هەرگیز ئاماژە بۆ ئەوە نەدراوە کە ئێمە دەتوانین دەستپێکە هەرەسەرەتاییەکانی مارکس سەبارەت بە بیرۆکەی نامۆبوون لەو سەردەمەدا ببینینەوە کە جارێ ئەو گۆڕانی نەدابوو بە تیۆرییەکی کامڵی نامۆبوون: لە دەمی خوێندنی فێرگەییدا. لەم سەردەمەدا مارکس لەژێر کاریگەریی شیلەردا بوو. بۆ بەدواداچوونی ئەم کاریگەرییە دەبێت ئاوەڕ لە نووسینە هەرە سەرەتاییەکانی ئەو بدەینەوە، بەتایبەتی وتاری تەواوکردنی خوێندنەکەی لە وانەی ئەڵمانیدا بە ناونیشانی “تێڕوانینی گەنجێک لە هەڵبژاردنی پیشەیەکدا” کە لە تەمەنی حەڤدە ساڵاندا نووسیوێتی. ئەم نووسینە دیدێکی گونجاومان بۆ نێو جیهانی هزری مارکسی گەنج بۆ دەڕەخسێنێت. نووسینەکە بەم شێوەیە دەستپێدەکات:

“خودی سروشت بازنەی ئەو کاراییەی دیاری کردووە کە گەرەکە ئاژەڵ تێیدا ببزوێت، ئەویش بەئاشتەوایی لەنێو ئەم بازنەیەدا دەبزوێت بەبێ ئەوەی هەوڵ بدات لەو سنوورە دەربچێت، بەڵێ تەنانەت بەبێ ئەوەی لەبارەی بازنەیەکی دی هەر بزانێت. خودایەتی هەروەها بە مرۆڤیش ئامانجێکی گشتیی داوە – چاککردنی مرۆڤایەتی و خودی خۆی-، وەلێ ئەو خۆی سەرپشک کردووە بەدووی دەستوێژەکاندا بگەڕێت تا بەڕێیانەوە بەو ئامانجە بگات؛ (خودایەتی) ئەو خۆیی سەرپشک کرد ئەو پێگە جڤاکییە هەڵببژێرێت کە بە باشترین شێوە بەو دەگونجێت و لێوەی دەتوانێت خودی خۆی و جڤاک بە باشترین شێوە هەڵبزنێنێت”. (لا 93).

  • هەروەها بڕوانە:

Harald Lemke: Michel Foucault in Konstellationen. (بەشی) : Die schwierige Lebenskunst. Foucault‚ Schiller und Marcuse. Maastricht 1995.

هارالد لێمکە دەنووسێت: شیلەر ئەزموونکردنەکانی نامۆبوون و تاکڕەهەندبوونی هەمەجۆرێتیی مرۆڤ لە جڤاکی بۆرژوازیدا وەک „ستاتۆیەکی سروشتی“ ئەزموون دەکات. ئەو ستاتۆیەکی یوتۆپیانە بەرانبەر نامۆبوونی مۆدێرنی جڤاک، هینی سروشت و خودی خۆ دادەنێت کە تێیدا مرۆڤان پەیوەندییەکانی ژیانیان ئازادانە دەسازێنن. لەم ڕوانگەیەوە وەرگۆڕینی جڤاکی لای شیلەر جێگرتنەوەی دەوڵەتی ناچارەکییە بە دەوڵەتی ئازادی کە شیلەر ناوی دەنێت کولتووری ئێستێتیکی. بەمەش شیلەر یوتۆپیایەکی ئێستێتیکێتی دەهێنێتە نێوانەوە کە بۆ هێگل، مارکس و بەگشتی بۆ دابی هێگلی-مارکسیستی تا لوکاچ و مارکوزە شوێنگەیەکی ڕێنوێنی ماوەتەوە(119 بەدوواوە).

(55) Schiller, Friedrich: Über die ästhetische Erziehung des Menschen. 6. Brief. S. 20 f.

(56) Marx, Karl. Engels, Friedrich. Briefe Januar 1856 – Dezember 1859. Werke. Band 29. Berlin 1978. S. 592.

(57) Marx, Karl. Engels, Friedrich. Die Deutsche Ideologie. Werke. Band 3. Berlin 1978. S. 26.

(58) Ebenda (هەمان سەرچاوە), S. 35.

(59) Ebenda, S. 33.

(60) Marcuse, Herbert: Triebstruktur und Gesellschaft. Frankfurt am Main 1968. S. 184.

(61) Ebenda, S. 185.

(62) Ebenda, S. 185 F.

(63) Ebenda, S. 186.

(64) Schiller, Friedrich: Über die ästhetische Erziehung des Menschen. 27. Brief. S. 85.

(65) Marcuse, Herbert: Triebstruktur und Gesellschaft. S. 188.

(66) Ebenda, S. 188 F.

(67) Ebenda, S. 189.

(68) Ebenda, S. 186.

(69) Ebenda, S. 186 f.

(70) Ebenda, S. 187.

(71) Erne, Thomas:  Eros und Spiel. In: Kunst-Religion. Herausgeber: Thomas Erne.

(72) Ebenda (هەمان سەرچاوە).

(73) Marcuse, Herbert: Triebstruktur und Gesellschaft. S. 187 f.

(74) Schiller, Friedrich: Über die ästhetische Erziehung des Menschen. 25. Brief. S. 106.

(75) Marcuse, Herbert: Triebstruktur und Gesellschaft. S. 188.

ئەم یوتۆپیایەی مارکوزە، هەروەها ئیدیالیزمی شیلەر، دەشێت پەیوەند بە ناوچەی کولتووریی ڕۆژهەڵاتەوە دانوستان بکرێن. بۆ نموونە لەوێ بە تێزی دێمۆکراتیکی برایەتیی گەلان هەوڵی ئیدیۆلۆژییانە بۆ گۆڕینی سەرجەم پەیوەندییەکانی ناوچەکە لەگۆڕێیە. جوانیی هزری شیلەر لەوەدایە کە گەرچی ئەو تیۆریی دەوڵەتێکی ئێستێتیکی دادەنێت، وەلێ هەر ئەو خۆی دەبێژێت کە ئەوە تەنیا ئیدێیە، یان ئەو کۆنسێپتە سەرناگرێت، چونکە مرۆڤ لە ناخەوە ئامادە نەبووە بۆ گۆڕانێکی بەو چەشنە. هەروەها ئەزموون پێشانی داین کە سەرهەڵدانی دێتەرمینیستیانەی کۆمونیزمەکەی مارکس بەدینەهات، بەڵکو لە هزری سیاسیانە ڕاڤەکراوی ئەوەوە چەندین دەوڵەتی تۆتالیتێر دامەزرێنران، بۆیە کۆمونیزیمەکەی ئەو لە کۆتاییدا هەر وەک یوتۆپیا خۆی نواند، جا چەند زۆر ئەو هەڵوێستی لەدژی یوتۆپیستەکان وەرگرت. ئەوجا هێربەرت مارکوزە لە شەستەکاندا پەیوەند بە شۆڕشی بگۆڕی پەیوەندییە بەرجەستەکانەوە دەبێژێت، کە ئەو شۆڕشە تەنیا لە جیهانی سێ شیاوە، وەلێ ئیمپریالیزم دەتوانێت بیخنکێنێت. هەر لەم ڕوانگەیەوە تەنیا بە گۆڕینی پەیوەندییە سیاسی-جڤاکییەکانی ڕۆژئاوا (کە زەحمەتە ئەوە بە شۆڕش ڕوو بدات) دەروویەک بۆ گۆڕان لە وڵاتانی دیکە (بۆ نموونە ڕۆژهەڵات) دەکرێتەوە. ئەمە بێگومان ئەو واتایە ناگەیەنێت کە لەو دەڤەرە ناوبراوەدا مرۆڤان دەستەوستان بن و چاوەڕوانی ڕەحمەتی ڕۆژئاوا بکەن. ئێمە لەم پەیوەندییەدا و دەرنەچوو لە بابەتەکە تەنیا بە یەک ئاماژە وەڵامی ئەم پرسە دەدەینەوە: گۆڕانی شۆڕشگێڕی لە ڕۆژهەڵاتی ئیسلامی تەنیا خەیاڵی خاوە، یان “ڕەنگە” ئەوە تەنیا لەنێو دەوڵەت-نەتەوەدا بشێت کە بێگومان زەمینەی زانستی و تەکنۆلۆژی و سوپایی زۆر بەهێزی پێویستە (کەواتە لێرەدا دێینەوە سەر زەمینەی کەتوار و لێرەشەوە شیمانەی یان ناشیمانەی شۆڕشێکی بەو چەشنە)، ئەوجا، لە لایەکی دیکەوە، „گەر شیاو بێت“، دەبێت „بەتایبەتی و سەرەتا“ لەنێو گەلانی سەروەردا ئیدێ و پلان و کۆشش بۆ گۆڕانی دێمۆکراتیخواز و برایەتیی گەلان دەسپێبکەن، “ڕەنگە” پێکەوە یان بە ڕاکێشان و هاوکاریی گەلانی ژێردەستە.

 

سەرچاوەکان

سەرچاوەی سەرەکی

  • Schiller, Friedrich: Über die ästhetische Erziehung des Menschen (Reclam). Stuttgar 1965

سەرچاوەی لاوەکی

  • Erne, Thomas: Eros und Spiel. In: Kunst-Religion. Herausgeber: Thomas Erne. https://kunst-religion.de.
  • Marcuse, Herbert: Triebstruktur und Gesellschaft. Frankfurt am Main 1968.
  • Marx, Karl. Engels, Friedrich. Die Deutsche Ideologie. Werke. Band 3. Berlin 1978.
  • Marx, Karl. Engels, Friedrich. Briefe Januar 1856 – Dezember 1859. Werke. Band 29.

 

تاگهزر
بڵاوکردنەوە: