نووسینی: پاڤێڵ ساڵح
ئێمە لە ساتەوەختێکدا دەژین کە دونیا بەر لەوەی بەهۆی تەقینەوەیەکی گەورەوە کۆتایی بێت، بەهۆی داڕمانی هێواش و بێدەنگی ناوەوەی مرۆڤەوە تەواو بووە. سیستمی ئەمڕۆ ئەم مەکینە دڵڕەقەی لەسەر زبڵدانی ڕۆحی ئێمە کار دەکات تەنیا زەوی داگیر نەکردووە، بەڵکو تەواوی ئەو هەوا و فەزایەشی مژیوە کە مرۆڤ دەیتوانی تێیدا هەناسەی ئازادی بدات.
کەپیتاڵیزم و لۆژیکی بێبەزەییانەی سەردەم، مرۆڤیان لە بوونێکی ئۆنتۆلۆژی و پرسیارکەرەوە گۆڕیوە بۆ ئۆبجێکتێکی بێگیان لەناو ڕەفەی فرۆشگاکاندا،ئێمە چیتر لەناو جیهاندا ناژین،ئێمە لەسەر تەرم و خەڵووزی جیهانێک ڕێ دەکەین کە سیستمەکە پێشوەختە سووتاندوویەتی.
ئەو ئاوابوونەی ژان بۆدریار قسەی لێوە دەکات، چیتر تەنیا ئاوابوونی زمان یان هێمایەکی ئەدەبی نییە،ئاوابوونی ڕاستەقینەی ئینسانە لەناو پووچییەکی سەرتاسەریدا. لای هایدگەر نیگەرانی و دەستبەربوونی مردن هۆکاری ڕاسپاردنی مرۆڤ بوون بەرەو ڕەسەنایەتی، بەڵام ماشێنی سەردەم تەنانەت هۆشیاریی مردنیشی لێ سەندووینەتەوە. سیستمەکە ڕێگەمان پێنادات بە مەزنی بمرین،بەڵکو بەکارهێنانمان دەکاتە بەدیلێک بۆ ژیان و لە پەراوێزی بێدەنگیدا، بێ ئەوەی کەس بە ئاوابوونمان بزانێت خەفەمان دەکات.
داڕمانی ئەخلاقیی سەردەمەکە ڕێک لەوەدا بەدەر دەکەوێت کە بەناوی ئازادییەوە، گەورەترین زیندانیان بۆ ڕۆحمان دروست کردووە،هان ڕاستی دەکرد ئەمە سەردەمی پان ئۆپتیکە بێسنوورەکانە، بەڵام ترسناکییەکە لەوەدایە کە چیتر پێویست بە چاودێرێک ناکات لە سۆنگەی سەربازگەکانەوە سەیرمان بکات ئێمە خۆمان بووینەتە پاسەوانی زیندانی خۆمان،ئێمە بەدەستی خۆمان زنجیرەکان دەبەستین و ناوی دەنێین سەربەستی. لەم مەسخخانەیەدا، ئازادی لە یارییەکی مار و پەیژەی مەترسیدار زیاتر هیچی تر نییە،لەو ساتەی وا هەست دەکەیت فڕیویت، دەستێک لەسەرەوە دێت و بە زەویدا دەتداتەوە.
ماڵ ئەو ئۆبجێکتەی کاتێک هێمای دڵنیایی بوو ئێستا تەنیا ڕەمزێکە بۆ ئاوارەیی، ئێمە هەموومان پەنابەری ناو جەستە و ناو کەمپە بێدیوارەکانی سیستمین. ئاوابوونی ئینسان واتە کۆتاییهاتنی توانای هاوڕێیەتی، کۆتاییهاتنی ئەوینێک کە بۆ بەرژەوەندی نەنوسرابێت، و ئاوابوونی ئەو دراوسێیەی کە دەیوت تۆ “تەنیانیت.”
سەردەمی ئێمە سەردەمی شەممە و یەکشەممەی ناکۆتایە،خولانەوەیەکی بێزارکەر لەناو ئەندازیارییەکی سارد کە کەس تێیدا ڕزگاری نابێت،
وەک جەستن لە فیلمەکەی لارس ڤۆن تریەردا، ئێمەش دەزانین ئەستێرەی پووچی بەر جیهانەکەمان کەوتووە و هەموو شتێک هەپڕوون بووە، بەڵام جیاوازییەکە لەوەدایە خەڵکی ئەم عەسرە هێشتا بە درۆی باڵدارەوە، بە زەردەخەنەی درۆزنانەی تەکنەلۆژیا و بە ئومێدی وەهمی، ئازاری ئەم کارەساتە هێور دەکەنەوە.
سیستمەکە لەڕێگەی لۆژیکی پەلەکردنەوە کاتی لێ زەوت کردووین و ژیانی کردووەتە خولانەوەیەکی بێزارکەر لەناو بازنەیەکی بەتاڵدا. لەم سەردەمەدا بێدەنگی چیتر ئارامی نییە، بەڵکو وەک خەتەرناکترین تاوان سەیر دەکرێت،سیستمەکە ناهێڵێت بێدەنگ بیت چونکە بێدەنگی ئەو سەکۆیەیە کە ئینسان تێیدا لە کارەساتی ئاوابوونی خۆی دەگات. لەبری ئەوە، ئێمەی غەرقی ژاوەژاوێکی بەردەوام کردووە تا تەنانەت دەرفەتی ئەوەشمان نەبێت بەدیار برینەکانی ناوەوەمانەوە بگرین.
کات چیتر زەمەنێکی وجوودی و ئەزموونکراو نییە لای مرۆڤ، بەڵکو بووەتە ئیقاعی ساردی مەکینەیەک کە بەردەوام بەسەر جەستە و ڕۆحماندا تێدەپەڕێت. ئێمە چیتر ناژین، بەڵکو تەنیا پەلەمانە بۆ ئەوەی لە کاتی کۆنترۆڵکراوی سیستمەکە دوا نەکەوین.
مەسخبوونی ئەوین و کولتووری نمایشی
لە بازاڕی گەورەی نیولیبرالیزمدا، تەنانەت پیرۆزترین هەستەکانیش بوونەتە کاڵا. ئەوین و هاوڕێیەتی کە سەردەمانێک دوایین سەنگەری پاراستنی مرۆڤ بوون بەرامبەر دڵڕەقیی جیهان، ئێستا خراونەتە خزمەتی نمایشکردنەوە. ئێمە لە جیهانێکدا دەژین کە پەیوەندییەکان بەر لەوەی ببنە ڕابوونێکی ڕۆحی، دەبنە هەژمارێکی بانکی و کەرەستەیەکی مەسرەحەیی،ئەوینێک کە نەکرێتە نمایشی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و نەکەوێتە ژێر چاودێریی لۆژیکی بەکارهێنان، لای مرۆڤی ئەمڕۆ بوونی نییە. سەردەمی ئێمە سەردەمی داڕمانی هێواشی سۆزە،ئەو جۆرە لە دڵشکانەی پێشتر بەرامبەر لەدەستدانی مرۆڤێک تووشمان دەبوو، ئێستا جێگەی خۆی داوە بە بێباکییەکی پەروەردەکراو. ئێمە فێرکراوین مرۆڤەکانی دەوروبەرمان وەک ئۆبجێکت و ئامێری کاتی سەیر بڕوانین شتێک کاتێک بەکاری دەهێنیت و کاتێک بە کەڵک نەهات فڕێی دەدەیتە ناخۆشترین زبڵدانی فەرامۆشییەوە.
ئایا ڕاکردن لەم مەکینە گەورەیە مومکینە؟ کاتێک دۆلوز باس لە هێڵەکانی هەڵهاتن و جووڵەی مۆلیکۆلار دەکات، ئاماژەیە بۆ دوایین هەوڵەکانی مرۆڤ بۆ دروستکردنی درز لە دیواری سیستمەکەدا. بەڵام کارەساتەکە لەوەدایە کە سیستمەکە تەنانەت بیرۆکەی شۆڕش و ڕاکردنیشی کردووەتە بەشێک لە کاڵاکانی خۆی. ئێمە کاتێک پێمانوایە لەڕێگەی هونەر، شیعر، یان پەنابردن بۆ گۆشەگیری ڕزگارمان بووە، دەبینین ڕێک لەناو جەرگەی دەستبەسەرداگرتنی سیستمەکەداین. دیواری کۆنکرێتیی سەردەمەکە بەجۆرێک بەیەکەوە بەستراوەتەوە کە ڕاکردن بەرەو دەرەوە تەنیا دەتباتەوە بۆ کەمپێکی دیکەی ژێر چاودێری. گەڕانەوە بۆ ماڵ، بۆ ئەو ئاسودەیییە دێرینەی ساڵانێکە ونمان کردووە، بووەتە خەونێکی مەحاڵ.
سیستمەکە وا هەستمان پێدەکات کە ئازادین لە هەڵفڕیندا، بەڵام قەفەسەکەی ئەوەندە گەورە کردووەتەوە کە دیوارەکانی نەبینین. ئێمە لەبەردەم ئاوابوونێکی یەکجارەکیداین،ئاوابوونێک کە نە پێغەمبەرێک دەتوانێت ڕایبگرێت و نە شۆڕشێک دەتوانێت دیوارەکانی بڕوخێنێت. تەنیا ئەوەندەمان لەدەست دێت، لە بێدەنگیی شەوانی تەنیاییماندا، سەیرێکی ئەو بۆشاییە قووڵەی ناخمان بڕوانین و بە تەباشیرێک لەسەر دیواری تاریکی ناخمان بنووسین:
ئینسان ئاوا بوو،کەسیش نەیویست تێبگات.



