داستانی گەڕانەوە: لە جەنگی ترۆیاوە بۆ شاکارەکەی نۆڵان

بڵاوکردنەوە:

نووسینی: ڕامیار محەمەد

پێشەکی:

سەرەتای دەستپێکردنی ئۆدیسیۆس لەناو خوێن و دووکەڵ و جەنگەوەیە. جەنگێکی دە ساڵە، ئەم جەنگە بڕستی لە هەمووان بڕیوە. لە ئیلیادەدا، ئێمە شایەتی داڕمانی مرۆڤایەتیین لەڕێگەی تووڕەیی، کینە و شکۆوە… ئەم تایبەتمەندییانەش لە کەسایەتییەکی وەکوو (ئاکیلیس)دا دەبینین. هەر سەرەتای ئیلیادەی هۆمەر بە (غەزەبی ئاکیلیس) دەست پێ دەکات. ئاکیلیس بڕیار دەدات چیتر شەڕ نەکات، چونکە (ئاگامەمنون) یەکێک لە کەنیزەکانی ئاکیلیسی داگیر کردووە. بۆیە لەوێوە غەزەبی ئاکیلیس دەخوێنینەوە. غەزەب بە مانا عەرەبییەکەی نا، بەڵکوو بە واتا کوردییەکەی واتە توڕەیی بەڵام غەزەب لە تووڕەیی قورسترە. بەگوێرەی ئەوەی ئاکیلیس نیمچە خواوەندە. هەر بۆیە ئاگامەمنون دووچاری کێشەیەکی گەورە دەبێت. ئاکیلیس بڕیاری داوە چیتر شەڕ نەکات، بەڵام کاتێک لەو کاتەدا پاترۆکلۆسی باشترین هاوڕێی لەلایەن “هێکتۆر”ـەوە دەکوژرێت و سوپای ترۆیانەکان سوپای گریکەکان تا کەنار ئاوەکە ڕاو دەنێن، غەزەبەکەی ئاکیلیس دەگۆڕێت بۆ تۆڵەکردنەوەیەکی کوێرانە و بێبەزەیی لە “هێکتۆر”. سەرەنجام هێکتۆر دەکوژێت و تەرمەکەی بە دوای ئەسپەکانیدا ڕادەکێشێت.

لەم شەڕەی ترۆیدا شمشێر و هێز بڕیاردەربوون، بەڵام لەناو ئەم هەموو ئازایەتیی و پاڵەوانێتییەدا، جیاوازترین و ئاڵۆزترین کەسایەتی، پاشاکەی (ئیساکا) بوو (ئۆدیسیۆس). هێزی پلە یەکی ئۆدیسیۆس لە شمشێرەکەیدا نەبوو، بەڵکوو لە مێشک و زیرەکی و تەڵەکەبازییەکەیدا بوو. بیرمان نەچێت ئەوە ئۆدیسیۆسە کە بیرۆکەی (ئەسپی ترۆیا)ی بە ئاگامەمنون دا و دواتریش بووە هۆی ئەوەی ترۆی داگیر بکەن و کوشتار و کاولکارییەکە دەست پێ بکەن و کۆتایی بە جەنگێکی دە ساڵە بێنن.

ئەگەر “ئیلیادە” داستانی جەنگ و وێرانکاری بێت، ئەوا “ئۆدیسێی” داستانی مانەوە و گەڕانەوەیە بۆ ماڵەوە (Nostos). ئۆدیسیۆس لە ڕێگای گەڕانەوەی بەرەو ماڵەوە دووچاری تووڕەیی خوداکان دەبێتەوە. ئۆدیسیۆس تەنیا قارەمانێک نییە شەڕی خوداکان بکات، بەڵکوو مێشکێکی دەستەمۆنەکراوە لەنێوان ئارەزووی گەڕانەوە بۆ لای هاوسەرەکەی “پێنێلۆپیی” و کوڕەکەی “تێلاماکوس” و گەڕان بەدوای زانیاریی و تاقیکردنەوەی سنوورەکانی مرۆڤدا دەخوولێتەوە.

کاتێک فیلمسازێکی وەک کرۆستۆفەر نۆڵان دەست بۆ ئەم داستانە دەبات، ئۆدیسیۆس لە ئەفسانەیەکی کۆنەوە دەگوازێتەوە بۆ درامایەکی دەروونیی قووڵ. نۆڵان ئەم چیرۆکە نەک تەنیا وەک گەشتێکی جوگرافی لە دەریادا، بەڵکوو وەک گەشتێکی کات، بیرەوەری و هەڵە مێژووییەکانی مرۆڤ نیشان دەدات. لە بری جەختکردنەوە لەسەر خوداکان، نۆڵان سەرنج دەخاتە سەر ئەو باجەی ئۆدیسیۆس دەبێت بیدات لەبەرامبەری بەکارهێنانی ژیرییەکەی لە جەنگدا؛ قارەمانێک نەفرەتی لێ کراوە تا بەناو ناخی خۆی و دەرئەنجامەکانی ئاقڵمەندییەکانیدا ڕۆبچێت.

نەفرەتی سەرکەوتن: بۆچی ئۆدیسیۆس دەبێت ون ببێت؟

لە دوای ڕووخانی ترۆیا بە هۆی “ئەسپی ترۆیا”وە، ئۆدیسیۆس دووچاری کێشەیەکی گەورە دەبێتەوە، ئەویش بریتییە لە (هوبریس –  (Hubris واتە خۆبەزلزانینی بێسنوور یان غروری مرۆڤ لە بەرامبەر خواوەندەکاندا. کاتێک بە فێڵەکەی جەنگەکەی بردەوە، لە بری سوپاسگوزاری، شانازی بە ژیریی خۆیەوە کرد و ڕۆڵی خواوەندەکانی لە بیر کرد.

گەورەترین هەڵەی کاتێک ڕووی دا کە ڕووبەڕووی دێوە یەکچاوەکە بووەوە (پۆلیفیمۆس – Plyphemus)، کوڕی پۆسایدۆن (خواوەندی دەریاکان) بووەوە. ئۆدیسیۆس بە فێڵ چاوی پۆلیفیمۆسی کوێر کرد و ڕایکرد، بەڵام کاتێک کەوتە سەر کەشتییەکەی و دوورکەوتەوە، لەبەر خۆبەزلزانی و ویستی ناوبانگ، هاواری کرد: “من ئۆدیسیۆسم، پاشای ئیساکا!”

ئەم ژیری و لە هەمان کاتدا غرورە، وایکرد پۆسایدۆن نەفرەتی لێ بکات. پۆسایدۆن تۆڵەی کوڕەکەی کردەوە و ڕێڕەوی کەشتییەکانی ئۆدیسیۆسی تێکدا و بۆ ماوەی دە ساڵ لە دەریادا ونی کرد، تا تەواوی کەشتی و هاوڕێکانی لەدەست بدات و وەک نەناسراوێک و بەپێخواسی بگەڕێتەوە.

 

گەشتی پاڵەوان و رووبەڕووبوونەوەی “سێبەر

لە دەروونناسیی کارڵ یۆنگدا، ئۆدیسیۆس نموونەیەکی بەرز و کلاسیکی دوو ئارکەتایپە :

  • ئارکەتایپی پاڵەوان (The Hero) و زانا/فێڵباز (The Trickster)

ئۆدیسیۆس پاڵەوانێکی ئاسایی نییە بە هێزی جەستەیی شەڕ بکات (وەک ئاکیلیس). ئەو تێکەڵەیەکە لە “پاڵەوان” و “فێڵباز / زانا” ژیرییەکەی چەکی سەرەکییەتی، بەڵام هەمان ئەم ژیرییە وا دەکات بکەوێتە داوی غرورەوە.

  • سوڕی ئیندیڤیدوەیشن(Individuation) و ڕووبەڕووبوونەوەی سێبەر

لای یۆنگ، دەریا هێمایە بۆ نائاگا The Unconscious. بۆچی دەبێت ئۆدیسیۆس ون ببێت؟

  • ڕووبەڕووبوونەوەی سێبەر (The Shadow) ئۆدیسیۆس تا کاتێک لە جەنگدا بوو، پیاوێکی دڵڕەق و جەنگاوەر بوو. ونبوونی لە دەریادا دەرفەتێکە بۆ ئەوەی ناخی خۆی پاک بکاتەوە. دێوەزمەکان (سیرێنەکان، کالیپسۆ، سێلا و چاریبدیس) لە ڕاستیدا وێنەی ئارەزووە شاراوەکان، ترسەکان، و هەوا و ئارەزووی ئۆدیسیۆس خۆین.
  • دابەزین بۆ دۆزەخ (Underworld): ئۆدیسیۆس تەنانەت دەبێت بچێتە جیهانی ژێرەوە (Mundus Subterraneus)، تا لەگەڵ ڕۆحی دایکی و تیرێسیاسی (غەیببین) قسە بکات. لە دەروونناسیدا، ئەمە نزمبوونەوەی کامڵە بۆ قووڵایی ناخی خۆت تا ناسنامەی ڕاستەقینەت بدۆزیتەوە.

تێریسیاس کێیە؟

لێرەدا دەبێت باسی تێریسیاس بکەین، چونکە کەسایەتییەکی ئێجگار گرنگی هەیە لە ئەفسانەی یۆنانیدا، بەتایبەتی لە ئۆدیسە و ئەفسانەی پاشا ئۆدیپ.

لە ئۆدیسەدا، تیرێسیاس مۆتێفێکی زۆر هەستیاری هەیە. کاتێک ئۆدیسیۆس لە دەریادا سەرگەردان دەبێت و ڕێگەی گەڕانەوەی بۆ ئیساکا لێ تێک دەچێت، کیرکێ (ئەو ژنە نیمچە خوداوەندەی مرۆڤەکان دەگۆڕێت بۆ ئاژەڵ) پێی دەڵێت:

“هیچ مرۆڤێک لەسەر زەوی ناتوانێت ڕێگەی گەڕانەوەت پێ بڵێت، دەبێت بچیتە جیهانی ژێرەوە، جیهانی مردووان (Hades) و ڕوحی تیرێسیاس ببینی.

ئۆدیسیۆس دەچێتە جیهانی مردووان، کە ئەمە ترسناکترین قۆناغی گەشتەکەیەتی، و خوێنی قوربانی پێشکەش بە ڕۆحی تیرێسیاس دەکات. تیرێسیاس لەوێدا چەند پێشبینییەکی گرنگ بۆ ئۆدیسیۆس دەکات:

  • نەفرەتی پۆسایدۆن: پێی دەڵێت کە پۆسایدۆن توڕەیە لەبەر کوێرکردنی کوڕەکەی، بەڵام هێشتا دەتوانیت بگەڕێیتەوە.
  • مانگا پیرۆزەکانی هێلیۆس: ئاگاداری دەکاتەوە؛ کاتێک دەگەنە دوورگەی “تڕیناکیا”، دەست بۆ مانگاکانی خواوەندی خۆر (هێلیۆس) نەبەن، دەنا تەواوی هاوڕێکانت دەمرن (دواتر هاوڕێکانی ئۆدیسیۆس گوێیان نەگرت و هەموویان خنکان).
  • دۆخی ئیساکا: پێی دەڵێت کە لە ماڵەکەی خۆتدا داخوازیکارەکانی پێنێلۆپی خەریکی فەوتاندنی سەروەت و سامانەکەتن و دەبێت تۆڵەیان لێ بکەیتەوە.
  • جێگای باسە تیرێسیاس ئارکەتایپی (پیری دانا)یە، ئەو ئارکەتایپەی لە تاریکترین باروودۆخەکانی پاڵەواندا ڕێنوێنی پاڵەوان دەکات.

هەر لە هەمان گەشتدا ئاگامەنون دەبینێتەوە و لای سەیرە مردووە، ئەویش لەوێ ئامۆژگاری دەکات کە ئەو هەڵەیەی ئەو کردوێتی ئۆدیسیۆس دووبارەی نەکاتەوە و وەکوو پاڵەوانێک نەگەڕێتەوە بۆ ئیساکا، چونکە هەمووان ڕەنگە بیانەوێ بیکوژن، وەک چۆن ئاگامێمنوون لەلایەن ژنەکەی خۆیەوە دەکوژرێت.

 

سایکۆلۆژیای نۆڵان؛ هەستی تاوان

لە دونیای کریستۆفەر نۆڵاندا، پاڵەوانەکان تەنیا ڕووبەڕووی مەترسییەکانی دەرەوە نابنەوە، بەڵکوو لەناخەوە لە جەنگێکی بەردەوام دان لەگەڵ هەستی تاواندا. ئەگەر بەوردیی سەیر بکەین، زۆربەی پاڵەوانەکانی نۆڵان زۆر لە کارەکتەری کافکایی دەچن؛ ئەو کەسانەی لە ناو سیستەمێک، دۆخێک، یان بڕیارێکی ڕابردووی خۆیاندا گیرسناونەتەوە و بەبێ ئەوەی بە تەواوی بزانن چۆن دەربازیان ببێت، سزا ڕۆحییەکانی خۆیان هەڵدەگرن، ئەم پاتێرنەش کەم تا زۆر لە هەموو فیلمەکانی نۆڵاندا هەیە:

  • لیۆنارد لە Memento: بەهۆی هەستکردنی تاوانی نەپاراستنی هاوسەرەکەی و نەتوانینی قبوڵکردنی ڕاستییەکان، دەبێتە زیندانیی یادەوەریی خۆی.
  • کۆب لە Inception: سەرچاوەی تەواوی وێرانکارییەکانی ژێرخانی خەونەکانی، تاوانی خۆکوشتنی “مال”ی هاوسەریەتی؛ ئەو کابووسەی ناهێڵێت بگەڕێتەوە بۆ لای منداڵەکانی.
  • بروس وەین لەThe Dark Knight : هەستی تاوانی کوژرانی دایک و باوکی.
  • ئۆپنهایمەر لە Oppenheimer: ئەوەی کە داهێنەری ئامرازی وێرانکارییە، دەستبەجێ دەیکاتە دیلی دادگاییەک لە ناخی خۆیدا و بەردەوام دەستەکانی خوێناویی دەبینێت.

 

ئۆدیسیۆسی نۆڵان: نەفرەتێک لە ڕەگەزی تاوان

کاتێک نۆڵان ئۆدیسیۆس دەهێنێتە ناو ئەم هاوکێشەیەوە، چیتر ئۆدیسیۆس جەنگاوەرێکی سەرکەوتووی هۆمەر نییە کە بە فێڵی “ئەسپی ترۆیا” شانازی بڕنێتەوە. لە دیدی نۆڵاندا، “ئەسپی ترۆیا” شوێنی لەدایکبوونی هەستی تاوانی ئۆدیسیۆسە.

ئۆدیسیۆس بۆ بردەنەوەی جەنگێک، فێڵێکی ئەوەندە دڵڕەقانەی داڕشت کە بووە هۆی کۆمەڵکوژکردنی شارێک و سووکایەتیکردن بە پەرستگای خواوەندەکان. لەم پێناوەدا، نەفرەتەکەی پۆسایدۆن بۆ ئۆدیسیۆس لە فیلمەکەی نۆڵاندا سزایەکی دەرەکی و ئیلاهی نییە، بەڵکوو سزایەکی کافکاییە؛ دەرئەنجامی ڕاستەوخۆی ویژدانی خۆیەتی.

نۆڵان ئۆدیسیۆس وەک پیاوێک وێنە ناکات کە لە دەریادا بەهۆی بەهێزی شەپۆلەکانەوە ون بووە، بەڵکوو ون بووە چونکە ناخی خۆی ڕێگەی گەڕانەوەی پێ نادات تا ئەو کاتەی باجی تاوانەکانی دەدات. هۆکاری درێژەکێشانی گەشتەکەی بۆ ۱۰ ساڵ، دەبێتە ڕەنگدانەوەی ئەو ماوەیەی پێویستییەتی تا لە پاڵەوانێکی تاوانبارەوە جارێکی تر ببێتەوە بە باوک و هاوسەر.

 

لە “شکۆی جەنگ”ەوە بۆ “تراژیدیای گەڕانەوە”: لە ئیلیادەوە بۆ ئۆدیسە

بۆ تێگەیشتنی قووڵتر لەو گەشتەی نۆڵان بەرجەستەی دەکات، دەبێت بگەڕێینەوە بۆ ئەو جیاوازییە گرنگەی لەنێوان دوو شاکارە گەورەکەی هۆمەردا هەیە:

۱. ئیلیادە: جیهانی کلیۆس (Kleos  شکۆ و ناوبانگ)

لە ئیلیادەدا، پێوەری بەهای مرۆڤ مرۆڤ کوشتن و مەردایەتیی مەیدانی جەنگە. پاڵەوانانی وەک ئاکیلیس و هێکتۆر ئامادەن بمرن لەپێناو ئەوەی ناویان لەمێژوودا بە نەمریی بمێنێتەوە (Kleos). لەم جیهانەدا:

  • هێزی جەستەیی گرنگترینە.
  • مەرگ لەمەیدانی جەنگدا بە بەرزترین پلەی شەرەف سەیر دەکرێت.

 

۲. ئۆدیسە: جیهانی نۆستۆس (Nostos  مانەوە لە ژیان و گەڕانەوە)

کاتێک جەنگ تەواو دەبێت، هاوکێشەکە بەتەواوی پێچەوانە دەبێتەوە. لە ئۆدیسەدا، باڵاترین بەها مردن نییە لەپێناو ناوبانگ و نەمرییدا، بەڵکوو مانەوەیە لە ژیان و گەڕانەوەیە بۆ ماڵ و خێزان (Nostos).

لە جیهانی ئۆدیسەدا، ئاکیلیس (کە لە جیهانی مردوواندایە) دەڵێت: “ئامادەم بەردەست و کۆیلەی هەژارترین جووتیاری سەر زەوی بم، نەک پاشای تەواوی جیهانی مردووان!” (ئۆدیسە، کتێبی مردووان دێڕی ٤٩٠-٥٠٠). ئەمە گەورەترین وەرچەرخانی فکرییە لە ئەدەبیاتدا: ژیان لە هەموو ناوبانگێکی جەنگ بەهادارترە.

 

بازدانی پاڵەوان لە نێوان دوو جیهانەکەدا

ئەم بەراوردکارییەی نێوان ئیلیادە و ئۆدیسە ڕێک ئەو خاڵەیە کە نۆڵان فیلمەکەی لەسەر بنیاد دەنێت:

شکستی تەکنۆکراسی و ژیریی سەربازی: ئۆدیسیۆس لە ئیلیادەدا بە هۆی ئاوەزی سەربازییەوە جەنگەکە دەباتەوە (ئەسپەکەی ترۆیا)، بەڵام لە ئۆدیسەدا تێدەگات ئەم ژیرییە هەست و ویژدانی لەگەڵدا نەبێت، تەنیا ماڵوێرانی و وێرانکاریی لێ دەکەوێتەوە.

پێواژۆی نەمانی ناوبانگ: لە گەشتەکەی دەریایدا و لە فیلمەکەی نۆڵاندا، ئۆدیسیۆس قۆناغ بە قۆناغ هەموو ئەو شتانە لەدەست دەدات کە لە جەنگدا دەستی کەوتبوون (پلە و پۆست، کەشتی، زێڕ، هاوڕێکان، و تەنانەت ناوی خۆشی). لە ئۆدیسەدا کاتێک ڕووبەڕووی پۆلیفیمۆس دەبێتەوە، دەڵێت: “ناوی من “هیچ کەس”ە (Nobody)”. ئەمە لوتکەی خۆڕووتکردنەوەیە لە غرور لەلای جەنگاوەرێک.

 

ئیساکا و ئامڕازی کات: پێنێلۆپی و چاوەڕوانی

کاتێک لە فیلمەکانی کریستۆفەر نۆڵاندا باسی “ماڵەوە” یان گەڕانەوە دەکەیت، کات چیتر پێوەرێکی ژمارەیی کاتژمێر نییە، بەڵکوو دەبێتە دوژمنی ژمارە یەک. وەک چۆن لە فیلمی Interstellar دا بیست خولەک لەسەر هەسارەیەک بەرامبەر بە ساڵانێک چاوەڕوانیی بوو لەسەر زەوی، لە داستانی ئۆدیسەشدا، دە ساڵ جەنگ و دە ساڵ سەرگەردانیی دەریا، بەتەنیا تاقیکردنەوەیەکی ئۆدیسیۆس نین، بەڵکوو جەنگێکی بەردەوامی پێنێلۆپیشن لەگەڵ کاتدا.

پێنێلۆپی: پاڵەوانێکی نەبینراوی ئارامگرتن

لە کاتێکدا ئۆدیسیۆس لەدەریادا ڕووبەڕووی ڕێگریی و بەربەستەکانی دەبێتەوە، پێنێلۆپی لە ئیساکا ڕووبەڕووی جۆرێکی تر لە بەربەست دەبێتەوە ئەویش: شەڕی پێداگری و وەفادارییە. لە کۆشکەکەی ئیساکادا، زیاتر لە سەد داواکار بە ڕۆژ و شەو ئامادەن. سامانی ماڵەکەی ئۆدیسیۆس بەتاڵان دەبەن و بەزۆر دەیانەوێت پێنێلۆپی ڕازی بێت بە هاوسەرگیری. پێنێلۆپی بۆ تێکدانی پلانی داواکارەکان، فێڵێک بەکاردەهێنێت و دەڵێت: “تا ئەو کاتەی کفنی پاشا لێئێرتێس (باوکی ئۆدیسیۆس) نەچنمه‌وه‌، شوو ناکەم.” بەڵام بە ڕۆژ کفنەکە دەچنێتەوە، و بە شەو لە بەردەم ڕۆشنایی مۆمدا هەڵیدەوەشێنێتەوە! ئەمە سیمبولێکی بەهێزە لەسەر “ڕاگرتنی کات”. پێنێلۆپی هەوڵ دەدات کات ڕابگرێت و ڕێگە نەدات “داهاتوو” بێت تا ئەو کاتەی ئۆدیسیۆس دەگەڕێتەوە.

ئیساکا لە دیدی نۆڵانەوە: ماڵێک کە وەک خۆی نەماوەتەوە

یەکێک لەو خاڵانەی نۆڵان کاری لەسەر دەکات ئەوەیە: “گەڕانەوە بۆ ماڵەوە” بە مانای ئەوە نایەت هەموو شتێک وەک خۆی مابێتەوە. کاتێک ئۆدیسیۆس دەگەڕێتەوە ئیساکا:

  • گوڕ و تین و گەنجێتی خۆی لەدەستداوە.
  • تێلێماکۆسی کوڕی، بەساوایی جێی هێشتبوو، ئێستا بووەتە پیاوێک.
  • ماڵەکەی داگیر کراوە و هاوسەرەکەی لە لێواری بێهیواییدایە.

لێرەدا نۆڵان پەیامە حەقیقییەکەی هۆمەر دەهێنێتەوە: چەمکی “ماڵەوە” شوێن نییە، بەڵکوو حاڵەتە. گەڕانەوە بۆ ماڵەوە (Nostos) پێویستی بەوەیە پاڵەوانەکە نەک تەنیا دەریاکان ببڕێت، بەڵکوو دەبێت لە ناخی خۆیدا خاوێن ببێتەوە تا شایستەی ئەوە بێت جارێکی تر ببێتەوە بە هاوسەر و باوک.

دەرئەنجام

نۆڵان لە ڕێگەی گواستنەوەی دەقەکەی هۆمەر بۆ سینەما، ئۆدیسیۆسی لە قارەمانێکی ئەفسانەیییەوە کردەوە بە مرۆڤێکی گۆشت و خوێن، پیاوێک ژیرییەکەی تووشی تاوانی کرد، تاوانەکەی سەرگەردانی کرد، و سەرگەردانییەکەشی لەکۆتاییدا فێری ژیان و گەڕانەوەی کرد بۆ لای خێزانەکەی.

ئەم فیلمە بەتەنیا لێهاتوویی نۆڵان لە گێڕانەوەی چیرۆک پیشان دەدات، بەڵکوو بیرمان دەخاتەوە هەموومان لە گەشتێکداین بۆ دۆزینەوەی ئیساکای خۆمان، چاوەڕێی کۆتاییهاتنی سەرگەردانییەکانمانین و خەریکی دۆزینەوەی ئارامیین لەناو ناخی خۆماندا.

بڵاوکردنەوە: