داتایزم و هیچگەرایی

62
0
بڵاوکردنەوە:

نووسینی: شارۆ شاهۆ

سەردەمی نوێ، سەردەمی دەرگیربوونە بە کۆکردنەوەیەکی شێلگیرانە و بێوچانی داتا و زانیارییەکان. چنگخستنی داتا چیتر لە بەستێنی دامەزراوە تەکنەلۆژی و ئاسایشپارێزەکاندا قەتیس نەماوە، بەڵکو ترازاوەتە ناو هەموو چالاکییە مرۆییەکانەوە. ئەم دیاردەیە لە فەلسەفەی هاوچەرخدا بە “داتایزم” (Dataism) دەناسرێت؛ تێڕوانینێک کە پێی وایە گەردوون و چالاکییە مرۆییەکان (لە بیرکردنەوە، هەست، ڕەفتار و داهێنان) لە بنەڕەتدا تەنها لێشاوێک لە داتا و زانیارین، بەهای هەر شتێکیش بەپێی ئەو داتایانە دیاری دەکرێت کە بەرهەم دەهێنرێن یان تۆمار دەکرێن. تەنانەت فەیلەسوفی ناوداری جیهانی، یۆڤاڵ نووح هەراری (Yuval Noah Harari)، لە کتێبی بەناوبانگی خۆیدا «Homo Deus» (مرۆڤی خودایی) لە ساڵی ٢٠١٦دا، ئەم چەمکەی وەک ئایدۆلۆژیا یان “ئاینێکی نوێ” ناساند. هەراری ڕوونی کردەوە کە داتایزم خەریکە جێگەی مرۆڤگەرایی (Humanism) دەگرێتەوە؛ واتە ئەگەر پێشتر مرۆڤەکان بۆ بڕیاردان پشتیان بە دڵ و هەستی خۆیان بەستبێت، لە داهاتوودا بۆ هەموو شتێک (تەندروستی, هاوسەرگیری، کار) پشت بە ئەلگۆریتم و داتا گەورەکان دەبەستن. هەروەتر، فەیلەسوفی ناوداری کۆری-ئەڵمانی، بایۆنگ چول هان، لە پەرتووکی (کاپیتاڵیزم و پاڵنەری مەرگ)دا کە کۆکراوەی چەند وتارێکی ڕەخنەییەتی، “داتایزم” بە هیچگەرایی (Nihilism) دەبەستێتەوە. ئەو پێی وایە مرۆڤ لەناو داتایزمدا چیتر بوونەوەرێکی بەرهەمهێن نییە کە بتوانێت لەناو لێشاوی داتاکاندا واتایەک بۆ ژیانی بدۆزێتەوە.

هەڵێنجان لەم دەستپێکەوە، تێڕوانینە فیکری و جێگرەوەکانی بایۆلۆژیستی گەردیلەیی، د. بروس لیپتن (Dr. Bruce H. Lipton) لە کتێبی “بایۆلۆژیای بڕوا” (The Biology of Belief) دەخەینە بەرباس. لیپتن لە دەرەوەی چوارچێوەی کلاسیکی زانستی پێشیندا، دژ بەو باوەڕە کۆنە دەوەستێتەوە کە دەڵێت: «جینات و DNAی مرۆڤ چارەنووس و تەندروستییەکەی کۆنترۆڵ دەکەن». ئەو گریمانەی ئەوە دەکات کە خانەکانی جەستەمان تەنها گوێڕایەڵی کۆدە جینییە ناوخۆییەکانی باوانمان نین، بەڵکو بە پلەی یەکەم دەکەونە ژێر کاریگەریی ژینگەی دەرەوە و ئەو بیرکردنەوە و هەستانەی کە خۆمان بەرامبەر بەو ژینگەیە هەمانە. بە گۆکردنێکی سادەتر: ئەگەر مرۆڤ هەمیشە لەناو ژینگەیەکی پڕ لە سترێس، ترس، یان لێشاوی بێوچانی زانیاری و داتادا بژی (کە لە ڕێگەی دڵەڕاوکێی بەردەوام و پچڕانی سەرنجەوە ماندووبوونی دەروونی بەرهەم دەهێنێت)، مێشک ئەم دۆخە وەک “مەترسی” وەردەگرێت و سیگناڵی کیمیایی نەرێنی دەنێرێت بۆ خانەکان. ئەم سیگناڵانەش لە درێژخایەندا کار دەکەنە سەر شێوازی کارکردنی خانەکان و هاوسەنگیی سروشتیی جەستە تێکدەدەن، کە دەرەنجامەکەی دەبێتە هۆی ماندووبوونی دەروونی و جەستەیی.

١.هەژموونی داتا لە بەستێنی بایۆلۆژیادا

ئەو پەرۆشی و کەیفخۆشییەی زۆرەی بەهۆی دەرکەوتنی “داتای گەورە” (Big Data) دروستبووە، وایکردووە زانیاری لەسەر هەموو وردەکارییەکی ژیانی مرۆڤ کۆبکرێتەوە. ئەم تینوێتی و حەزە بێسنوورەی کۆمپانیا دیجیتاڵییەکان بۆ کۆکردنەوەی زانیاری، هاوتەریبە لەگەڵ دەرکەوتنی کۆمەڵە کەسانێک کە ئارەزووی “خۆپێوانەیی” (Quantified Self) دەکەن؛ واتە بەردەوام لە ڕێگەی ئامێرە زیرەکەکانەوە ژمارەی هەنگاوەکانیان، کاتەکانی خەوتن، ڕێژەی کالۆری، لێدانی دڵ و تەنانەت لایەنی دەروونی خۆشیان دەپێون و تۆماردەکەن. سەرەڕای ئەمەش، بۆ تێگەیشتن لەوەی چۆن ئەم داتایە دەبێتە فەرمانی زیندەیی، پێویستە بگەڕێینەوە بۆ ئەو تێڕوانینە سەرنجڕاکشەی کە لیپتن گریمانەی دەکات: مرۆڤ قوربانیی جێنەکانی خۆی نییە، بەڵکو ئەو سەروەری “ئێپیجێنەتیک”ی خۆیەتی (Epigenetics؛ واتا زانستی دیاریکردنی چۆنێتی کاریگەریی فاکتەرە ژینگەیییەکان لەسەر گۆڕینی دەربڕینی جێنەتیکی بەبێ دەستکاریکردنی شریتی DNA). زانستی کلاسیک پێی وابوو جێنەکان خۆیان چالاک دەکەن و دەرەنجامە تەندروستییەکان دەسەپێنن، بەڵام لیپتن ئەم هاوکێشەیە تێکدەدات و دەڵێت جێن تەنها نەخشەیەکی پێکهاتەیییە (Blueprint) و هیچ هێزێکی ڕەسەنی نییە بۆ چالاککردنی خۆی. ئەوەی کۆنترۆڵی جێنەکە دەکات، پەردەی خانەیە (Cell Membrane) نەک ناووکی خانەکە (DNA). پەردەی خانە مێشکی ڕاستەقینەی خانەکەیە و پرۆتینی تایبەتی تێدایە کە سیگناڵەکانی ژینگە وەک خۆراک، ژەهرەکان، سترێس و سۆزەکان دەخوێنێتەوە و ڕێنمایی DNA دەکات کام جێن بکاتەوە و بیخوێنێتەوە. هەروەتر، ئەگەر شەپۆل و سیگناڵە ژینگەیییەکان کۆنترۆڵی خانەکانمان بکەن، ئەو پرسیارە دێتە گۆڕێ ئەم سیگناڵانە چۆن دەچنە ناو جەستەوە و كارلێكی لەتەكدا دەكەن؟ لێرەدا کۆئەندامی دەماری ناوەندی ڕۆڵی وەرگێڕ دەبینێت؛ مێشک واقیعی دەرەوە وەرناگرێت وەک خۆی، بەڵکو لە ڕێگەی لێکدانەوەی دەروونییەوە (Perception) دەستکاری دەکات و دەیگۆڕێت بۆ نامەی کیمیایی کە دەڕژێنە ناو خوێنەوە. ئەگەر مرۆڤ هەڕەشەیەک یان ترسێکی پێکهاتەیی وەک دڵەڕاوکێی دارایی یان فشاری دۆخی کار وەربگرێت، زنجیرەکارلێکی کیمیایی مێشک (Chemical Cascade) بیركردنەوەی نەرێنی و سترێس چالاک دەکات، هۆرمۆنەکانی وەک کۆرتیزۆڵ، ئەدریناڵین و هیستامین دەڕژێنێت، کە فەرمان بە خانەکان دەکەن بچنە دۆخی بەرگری و پاراستن. لە بەرانبەردا، کاتێک مرۆڤ خۆشەویستی، ئارامی و شادی ئەزموون دەکات، زنجیرەکارلێکی کیمیایی مێشك بۆ گەشە چالاک دەبێت بە دەردانی دۆپامین, ئۆکسیتۆسین و هۆرمۆنی گەشە، کە فەرمان بە ٥٠ تریلیۆن خانەکەی جەستە دەکەن دەروازەکانیان بکەنەوە، خۆراک بمژن و دابەش ببن و چاک ببنەوە. جەستەی فیزیکیش ڕەنگدانەوەی ڕاستەوخۆی ئەو پێکهاتە کیمیایییەیە دەبن، کە لێکدانەوە دەروونییەکان دروستی دەکەن.

شایەنی ھێما بۆكردنە، زۆر کەس هەوڵ دەدەن لە ڕێگەی “بیرکردنەوەی ئەرێنی” یان بڕیاری بەهۆشەوە ژیان و تەندروستییان بگۆڕن، بەڵام زۆرجار تووشی شکست دەبن. د. بروس لیپتن ڕوونی دەکاتەوە کە ئەم کێشەیە بەهۆی ئەوەوەیە مێشکی ئێمە بەسەر دوو سیستەمی ناهاوسەنگدا دابەش بووە؛ مێشکی هۆشیار کە تەنها ٥٪ی ژیانمان ئاڕاستە دەکات و شوێنی خەون و داهێنانەکانە، لە بەرامبەردا مێشکی ناهۆشیار کە ٩٥٪ی تەواوی ڕەفتار و کارە زیندەیییەکانمان کۆنترۆڵ دەکات. مێشکی ناهۆشیار وەک ئامێرێکی تۆمارکەری ئۆتۆماتیکی وایە کە پرۆگرامەکانی لە حەوت ساڵی یەکەمی تەمەندا لە خێزان و ژینگەی دەوروبەرەوە وەرگرتووە. درێژکراوەی ئەم دۆخەش لە جیهانی ئەمڕۆدا دەبینرێت؛ لێشاوی داتا و پێوەرەکانی سەرمایەداری ئەم هێزە گەورەیەی ناهۆشیارییان بە تەواوی پرۆگرام کردووەتەوە، بە جۆرێک کە مرۆڤ وەک ڕۆبۆت بە شێوەیەکی ئۆتۆماتیکی فەرمانەکانی سیستەمەکە جێبەجێ دەکات، تەنانەت لەو کاتانەشدا كە پێی وایە بە هۆشیاری خۆی بڕیار لە تەکیاندا دەدات.

٢.وەهمی ناسینی خود

لێرەوە بۆ چنینەوەی تێگەیشتنێکی قووڵتر لەم ڕهەندە، پێویستە ڕووبەڕووی ئەم پرسیارە جەوهەرییە ببینەوە: ئایا ئەم لێشاوی داتایە دەبێتە هۆی ئەوەی مرۆڤ باشتر لە ناسنامە و ناخی خۆی بگات؟ بە بڕوای چول هان، گۆڕانکارییەکە لە “مەبه‌ستی” پرۆسەکەدایە؛ لە کۆندا، تۆمارکردنی بیرەوەری و تێبینی لەسەر ناخ، وەک تەکنیکێکی ھزری بۆ چاودێریکردن و گرنگیدان بە خود (Caring for oneself) سەیر دەکرا. نووسەر و تیۆلۆژیستی سەدەکانی کۆن، تێرتۆلیان (Tertullian) ناوی ئەم پڕۆسەیەی نابوو Publicatio Sui؛ کە بە لاتینی بە مانای «بڵاوکردنەوە یان خستنەڕووی گشتیی خود» دێت. ئەمە ڕووتکردنەوەیەکی بێ چەندوچوونی تەواوی بیرکردنەوە و گوناهە شاراوەکان بوو لە کەنیسەدا، کاتێک گوناهبار ناچار دەکرا ئەوەی لە ناخیدایە خۆی وەک خۆی نیشان بدات تا لە ڕێگەی ئەم دانپێدانانەوە بە ڕزگاری (Salvation) شاد بێت. ئەم خۆئاشکراکردنە مەسیحییە، بە تەواوی هاوتەریب بوو لەگەڵ وازهێنان لە “من”ی غەریزی و خۆپەرست لە پێناو گەیشتن بە ئاستێکی باڵاتری مانا کە لای ئەوان چەمکی خوداوەند بوو. لێرەوە، مرۆڤ دەگەیشتە قۆناغی Ego non sum, ego؛ واتە «من چیتر ئەو “من”ە نیم»، کە ئاماژەیە بۆ مراندنی ئەو “من”ە نزم و ھەوەستخوازەی پێشوو لە پێناو لەدایکبوونەوەی “من”ێکی باڵا و ڕۆحی. کەواتە (Publicatio sui) لای مرۆڤی کۆن نەریت و ڕاهێنانێکی مەعریفی بوو بۆ دۆزینەوەی ڕاستی، کە تێیدا خۆئاشکراکردن پابەند بوو بە ئاستێکی باڵاتری ماناوە، ڕێک بەو شێوەیەی کە زاهیدی و گۆشەگیریی کۆن، تەنها سیستمێکی خۆراکی یان ڕێجیمێکی سادە نەبوو، بەڵکو پڕۆژەیەکی فەلسەفی بوو بۆ ڕزگارکردنی ڕۆح و گەیشتن بە حەقیقەتی ڕەها. لەم بەستێنەوە، چول هان پێی وایە کە داتا کۆکراوەکان وەڵامی ئەم پرسیارە نادەنەوە کە «من کێم؟». بەکارهێنانی مۆبایلە زیرەکەکان وەک شوێنێکی گەڕۆک بۆ دانپێدانانی گوناهەکان یاخود گوزارشتکردن لە تێڕوانینە خودییەکان، نە هیچ ناسینی خودێک دەبەخشێت و نە کۆمەک بەخشیشە لە دەستڕاگەیشتن بە ڕاستییەکان. داتا بە تەنها، گرنگ نییە چەندە گشتگیر و فراوان بێت، زۆرجاران ئەستەمە بتوانێت زانین بەرهەم ناهێنێت؛ ناتوانیت وەڵامی ئەو پرسیارانیەش بداتەوە کە لە دەرەوەی سنوورەکانی کارایی و ئەنجامگیرین کە خودی داتاکان چنگی دەخەن.

بەم مانایە، داتا کوێرە و بێهەستە بۆ ئێمەی مرۆڤ. داتا بە تەنها نە مانا بەرهەم دەهێنێت و نە ڕاستی، جیهانیش ڕوونتر ناکاتەوە. وێڕای ئەمەش، ئێمە تادێت قورستر جیاوازی لە نێوان ئەوەی گرنگە و ئەوەی گرنگ نییە دەکەین. ئێمە لە ژێر ڕەحمی پرۆسەگەلێکی تەواو ئۆتۆماتیکیداین؛ خۆمان باشتر دەکەین، بێ ئەوەی بە ڕاستی بزانین ئەم باشترکردنە خزمەت بە چی ئامانجێک دەکات؟ هەربۆیە، داتایزم دەرەنجامی دەستبەرداربوونە لە مانا و دەق (Context)؛ بڕیار وایە داتا شوێنی بەتاڵی مانا پڕ بکاتەوە، بەڵام کەچی، زیاتر و زیاتر ماناکان پارچەپارچە دەکات بۆ داتای بچووکتر و بچووکتر، کە وادەکات تاکەکان بەرەبەرە توانای بینینی دەق و وێنە گەورەکان لە دەست بدەن. بەم تێڕوانینەش لە دیدی چول هانەوە داتایزم و نیهیلیزم دوو ڕووی یەک دراون.

 

 

 

سەرچاوەکان:

  1. Byung-Chul Han, Capitalism and the Death Drive, trans. Daniel Steuer (Cambridge: Polity Press, 2022), 44.
  2. Yuval Noah Harari, “Homo Deus: After God and Man, Algorithms Will Make the Decisions,” Yuval Noah Harari Official Website, December 2, 2019,  https://www.ynharari.com/homo-deus-after-god-and-man-algorithms-will-make-the-decisions
  3. Lipton, Bruce H. The Biology of Belief: Unleashing the Power of Consciousness, Matter & Miracles. Carlsbad, CA: Hay House, 2008.
  4. ‘EP 161: The Biology of Belief with Bruce H. Lipton, Ph.D.’ (The Skeptic Metaphysicians, YouTube) https://www.youtube.com/watch?v=K07vv

Daniel Tutt. “Capitalism and the Death Drive – Study Group (Session One).” YouTube video. Emancipations with Daniel Tutt. https://youtu.be/75Pus8eWJVg?si=HAI6nxXzfgJvhFMH

تاگهزر
بڵاوکردنەوە: