ددانپێدانانەکانی پیێر ڕیڤێر

255
0
بڵاوکردنەوە:

نووسینی: دکتۆر ئەحمەد ئەبو زەید
وەرگێڕانی: سامان عەلی

پیێر ڕیڤێر جووتیارێکی سادەیە وەک هەر جووتیارێکی تری نۆرماندیی لە فەڕەنسا. ڕۆژی ٣ی مانگی حوزەیرانی ساڵی١٨٣٥ تاوانێکی کوشتنی ئەنجام دا، بەڵام تاوانەکەی وەک ئەو تاوانانەی تری کوشتن نەبوو کە زۆر جار جووتیارەکان دەیکەن، لەبەر ئەوەی قوربانیی تاوانەکەی، دایکە دووگیانەکەی و خوشکە هەژدە ساڵانەکەی و برا بچووکە حەوت ساڵانەکەی بوون. لە سەرەتادا بڕیاری لەسێدارەدان دەرهەق ڕیڤێر درا، لەدواییدا بڕیارەکە بۆ زیندانیکردنی تاهەتایی کەمکرایەوە. لەو ماوەی دە ڕۆژەدا (لە ڕۆژی ١٠ تا ٢١ی تەممووزی ساڵی١٨٣٥) کە ڕیڤێر لە بەندی بەسەری برد بەر لەوەی دادگایی بکرێت، لەسەر داوای لێکۆڵەران ددانپێدانانەکانی خۆی نووسییەوە، ددانپێدانانێکی تا ڕادەیەک دوورودرێژی چل لاپەڕەیی بوو لە لاپەڕەی قەبارە گەورە و، وردەکارییەکی زۆری تێدا بوو. ساڵی١٨٤١، واتە لە پاش چوار ساڵ و نیو لە سەپاندنی بڕیاری زیندانیکردنی تاهەتایی بەسەریدا، ڕیڤێر لە زیندانەکەیدا خۆی خنکاند، بەم هۆیەشەوە بە تەواوی پەردە بەسەر ئەم جووتیارە تاوانکارە و تاوانەکەیدا دادرایەوە.
بەڵام ساڵی١٩٧١ فەیلەسووفی فەڕەنسی میشێل فوکۆ ئەو ددانپێدانانەی لەناو دۆسێ و فایلەکانی کالفادۆس لە نۆرماندی دۆزییەوە و، بەڵگەنامەکە بە جۆرێک لە ڕاکێشانی سەرنجی فوکۆ بۆ خۆیدا سەرکەوتوو بوو، کۆڕێکی لێکۆڵینەوەی بۆ گفتوگۆکردن لەبارەیەوە بەست. پاشان درێژەی بە بەدواداچوونی دۆزەکە دا و هەموو ئەو بەڵگەنامە و ڕاپۆرتانەی کۆ کردەوە کە پەیوەندییان بە دۆزەکەوە هەیە و، خۆی و دە لە خوێندکار و شوێنکەوتەکانی دەستیانکرد بە لێکۆڵینەوە لە هەموو ئەم بەڵگەنامە و ڕاپۆرتانە و شرۆڤەکردنیان و لە ساڵی١٩٧٣دا هەموو ئەم لێکۆڵینەوە و ڕاپۆرتانەی لە کتێبێکدا بڵاوکردەوە ڕستەی سەرەتای ئەو ددانپێدانانەی کردە ناونیشان بۆ کتێبەکە کە ئەمە بوو: “من پیێر ڕیڤێرم، پاش ئەوەی دایک و خوشک و براکەی خۆمم سەربڕی…”. ساڵی١٩٧٥ ڕووداوەکانی کتێبەکە لە فیلمێکی سینەماییدا ڤیدیۆ کران، تێیدا خودی فوکۆ خۆی لە ڕۆڵی یەکێک لەو دادوەرانەدا دەرکەوت کە دادگایی ڕیڤێریان کرد. بەم هۆیەوە و لە پاش تێپەڕبوونی سەدە و نیوێک بەسەر تاوانەکەدا، ئەم ددانپێدانانە بووە بەشێکی گرنگی کەلەپووری زانستیی قوتابخانەی بونیادگەریی فەڕەنسی. چیرۆکی ئەو تاوان و ددانپێدانانە چییە؟ چ شتێک وای لە بیریارێکی شێلگیری وەک میشێل فوکۆ کرد ئەو هەموو گرنگیدانە گرنگی بەو ددانپێدانانە بدات؟

گومانی تێدا نییە هەڵکەوت ڕۆڵێکی گەورەی لە هەموو ئەمانەدا گێڕا. ساڵی خوێندنی زانکۆیی ١٩٧١-١٩٧٢ فوکۆ لە کۆلێژ دو فڕانس وانەی سەبارەت بە بابەتی “تیۆری و سیستەمەکانی سزادان” دەگوتەوە، لە کاتی ئامادەکردنی وانەکانی و گەڕان لەناو ئەو ژێدەر و بەڵگەنامانەدا کە دەشێت پشتیان پێ ببەسترێت، هەندێک ئاماژەی خێرای بۆ ئەو تاوانە لەناو ژمارەیەک لە گۆڤارە زانستییە کۆنەکاندا دۆزییەوە. کەمیی ئەو نووسینانەی تا ئەو کاتە لەبارەی تاوانەکەوە نووسرابوون، سەرنجی فوکۆی بۆ خۆی ڕاکێشا، ئەگەرچی تاوانەکە تاوانێکی سادە و ئاسایی نەبوو. هەر بۆیە فوکۆ هەوڵیدا هەموو ئەو نووسراوانە کۆبکاتەوە کە دەشێت لەبارەی ئەو تاوانەوە کۆبکرێنەوە، بەم هۆیەشەوە توانی دەستی بەو ددانپێدانانە و هەموو بەڵگەنامە پەیوەستەکان بە تاوانەکە لە ڕاپۆرتی یاسایی پزیشکەکان کە لاشەی کوژراوەکانیان پشکنی بوو، لەگەڵ گەواهیی گەواهەکان لە کۆنووسەکانی دادگا و زۆرێک لەو پارچە ڕۆژنامە و گۆڤارانە بگات، کە لە کاتی ڕوودانیدا هێمایان بۆ ڕووداوەکە کردبوو.

فوکۆ، پاش ئەوەی ددانپێدانانەکان و ئەو شێوازەی خوێندەوە کە پیێر ڕیڤێر ڕووداو و بەسەرهاتەکانی تاوانەکەی بە هۆیەوە تۆمار کردبوو، لەگەڵ ئەو دۆخ و هەلومەرجە کە تیایدا ئەنجامدرا و، ئەو هۆکار و پاڵنەرانەی پاڵیان نا تاوانەکە بکات، لەگەڵ هەست و سۆز و بیر و خەیاڵەکانیدا لە دوای ئەنجامدانی تاوانەکە، گرنگی و بایەخدانی بە تەواوی دۆزەکە زیاتر بوو. خودی فوکۆ خۆی هێما بۆ ئەوە دەکات ئەگەر “سەرنجڕاکێشی و جوانیی ددانپێدانانەکانی ڕیڤێر” نەبووایە، ساڵ و نیوێکم بۆ لێکۆڵینەوە لە دۆزەکە و بەڵگەنامەکان تەرخان نەدەکرد.

سەروەختێکیش کتێبەکەی چاپ و بڵاوکردەوە، زۆری لا گرنگ بوو ددانپێدانانەکان وەک خۆیان چۆنن بەو چەشنە بە ڕاستی بڵاوبکرێنەوە، هەر بۆیە هەوڵی نەدا ئەو هەڵە و پەڵەی دەربڕین و شتانە کە تێیدا هەبوون، ڕاست بکاتەوە، هەروەها هەوڵی نەدا کردار و ڕەفتارەکانی ڕیڤێر ڕاڤە بکات، تا ناچار نەبێت پەنا بۆ لێکدانەوە سایکۆلۆژی یاخود پزیشکی یاخود یاسایی یاخود تاوانکارییەکان بەرێت، کارێک کە فوکۆ و بوونیادگەرانی دیکەی فەڕەنسی بە هۆی شێوازی بونیادگەرانەیانەوە کە بە پلەی یەکەم گرنگی بە شیکاریی زمانەوانی دەدات و، بەرترییەکی ڕەها بە شیکردنەوەی “دەق” و تێگەیشتن دەدات لێی، ڕەتدەکەنەوە.

لەسەر ئەم بنەمایە، فوکۆ بڕوای بە کەڵک و سوودی هیچ “گوتار Discours” ێکی تر لە دەرەوەی خودی دەقەکە خۆی نەبوو بۆ تێگەیشتن لە کێشەکە و، پێیوابوو ئەم چەشنە لێکدانەوانە لە کۆتاییدا لە سادەکردنەوە و کورتکردنەوەوە سەردەردەکەن نەک لە تێگەیشتنەوە.

فوکۆ لەگەڵ خۆیدا لۆژیکییانە ڕەفتاری کرد کاتێک بایەخی بەم دۆزە دا و ئەو هەموو هەوڵ و تەقەللایەی بۆ لێکۆڵینەوە و بڵاوکردنەوەی بەڵگەنامەکانی تەرخان کرد، چونکە لەو کاتەدا داوای دەکرد پێویستە دەرفەت بۆ تاوانکاران و زیندانیکراوان بڕەخسێنرێت خۆیان باسی خۆیان و باسی ئەو ئەزموونانە بکەن کە پیایدا تێپەڕیون، هەروەها لەگەڵ ژمارەیەک لە ڕۆشنبیرانی فەڕەنسا بەشداری لە پێکهێنانی گروپێکدا کرد بۆ کۆکردنەوەی زانیاری سەبارەت بە ژیانی ناو بەندیخانەکان، ناوی لێ نا “گروپی زانیاریی بەندیخانەکان” Groupe d ̛ information Sur les prisons، ژمارەیەک لەو کەسانە لەم بارەیەوە دەستگیرۆییان کرد کە پێشتر زیندانی بوون و فۆڕمێکی لێکۆڵینەوەیان گەڵاڵە کرد و بەسەر نزیکەی هەزار کەس لە زیندانیکراوان و ئەوانەی پێشتر زیندانیکراو بوون و هەروەها بەسەر خێزانەکانیان و پارێزەران و ژمارەیەک لەوانەدا دابەش کرد کە هاوسۆزی تاوانکاران بوون.

ئامانجی گروپەکە ئاخاوتن و قسەکردن بە ناوی تاوانکارانەوە یاخود بەرگریلێکردنیان یاخود خستنەڕووی کیشەکانیان نەبوو لەبەردەم ڕای گشتیدا، بەڵکو ئامانجی یارمەتیدانی ئەو تاوانکارانە و زیندانیکراوان بوو بە گشتی تا باسی خۆیان بکەن و دۆزەکانیان لە هەموو ڕووەکانییەوە و لە ژێر تیشکی ئەو پێدراوە کۆمەڵایەتییانەدا بخەنە پێش چاوی کۆمەڵ، کە هاودەمی ئەنجامدانی تاوانەکانیان بوو، هەروەها ئامانجی پەردەهەڵماڵین بوو لەسەر بارودۆخی نالەبار و خراپی زیندانەکانی فەڕەنسا.
بەهەرحاڵ، پێکهێنانی ئەم گروپە، لەناو جڤاتی فەڕەنسیدا کاردانەوەی جیاوازی بە دوای خۆیدا هێنا، کە بە تایبەتی بەوە سەرسام بوو فوکۆی مامۆستای کۆلێژ دو فڕانس دەچێتە پاڵ گروپێکەوە بەرگری لە مافی هەژاران ناکات، بەڵکو ددان بە دۆزی تاوانکاران و یاساشکێنان و پێشێلکارانی کۆمەڵدا دەنێت. هەروەها نابێت ئەوەمان لەبیر بچێت کە فوکۆ لەو کاتەدا بە ئامادەکاری بۆ کتێبەکەی سەبارەت بە “چاودێری و سزا: لەدایکبوونی بەندیخانە”وە سەرقاڵ بوو، کە لە ساڵی١٩٧٥دا چاپ و بڵاو کرایەوە. لەبەر ئەوەی کێشەی تاوان “هاوئاهەنگیی سزا و ژیانی بەندیخانەکان” بەشێکی زۆری کات و بیرکردنەوەی فوکۆیان بردبوو بۆ خۆیان. هەر ئەمەش بوو هۆکاری ئەو گرنگیدانە لەڕادەبەدەرەی گرنگی بە ددانپێدانەکانی پیێر ڕیڤێر دا، کاتێک کە بە هەڵکەوت ئەو ددانپێدانانە و تەواوی دۆزەکەی دۆزییەوە.

پیێر ڕیڤێر کوڕی جووتیارێکی باش و فەقیری ماڵی خۆی خەڵکی هەرێمی کالفادۆسی نۆرماندییە- باوکە بێوەی و باشەکەی هاوسەرگیریی لەگەل ژنێکی گوندێکی هاوسێدا دەکات، بەڵام ژنەکە خاوەنی کەسایەتییەکی بەهێز و خۆسەپێن و دەمارگیر دەبێت، هەر بۆیە ژان و تاڵاوی دونیا دەکات بە قوڕگی مێردەکەی دا و، کێشە و سەرئێشەی زۆری بۆ دروست کرد و، ژیانی پڕ کرد لە دەمەقاڵێ و شەڕی توندوتیژ و بەردەوام و، ناوبانگ و ناوی مێردەکەی لە گوندەکانی دەوروبەر زڕاند و کردی بە ژێر قەرز و قۆڵەوە، پاشان لە سەرەتادا ڕازی نەبوو لەگەڵ دایکی شووەکەی لە ماڵێکدا دابنیشێت، لەدواییدا ڕازی نەبوو لە گوندی شووەکەی دابنیشێت کە زەوی و زار و ئیش و کاری مێردەکەی لێیە و گەڕایەوە بۆ گوندەکەی خۆی، بەم شێوەیە شووەکەی ناچار بوو کاتی خۆی لە کارکردن لە زەوی و زارەکەی خۆی بەش بکات لە کاتێکدا ژنەکە لە زەوی و زارەکەی لە گوندەکەی خۆی کاری دەکرد، بەم جۆرە بەردەوام لە نێوان گوندەکەی خۆی و گوندی ژنەکەیدا دەهات و دەچوو. لەگەڵ ئەوەشدا کابرای مێرد لە زمانی پارێزراو نەبوو، بەردەوام بە دزینی پارە و ماڵ و کەلوپەلەکانی و خراپ سەرپەرشتیکردنی موڵک و ماڵەکەی تاوانباری دەکرد، تەنانەت کار گەیشتە ئەوەی لە کۆتاییدا لە پیاوەتیی شووەکەی کەمکردەوە و بەوە سووکایەتی پێ کرد کە گوتی لەبەر ئەوەی لە پیاوەتی کەوتووە، لەگەڵ پیاوی تری بێجگە لە ئەودا دەخەوێت.

ئەم ژنە بڕوای بە هێز هەبوو و ئەم هێزەشی دەگۆڕی بۆ کردار- بە گوێرەی تیۆرەکەی فوکۆ سەبارەت بە هێز و ناچارکردنی کۆمەڵایەتی، بەم جۆرە ژنەکە توانی هەندێک لە منداڵەکانی لە دژی باوکەکە دنە بدات و کردنی بە لایەنگری خۆی و، بەم هۆیەشەوە خێزانەکەی کرد بە دوو کەرتەوە و، ژیان لە خێزانەکەدا هێندە سەخت بوو تاقەت نەدەگیرا، پیێر ڕیڤێر چاودێریی هەموو ئەو شتانەی دەکرد و داخ و خەمی بۆ باوکە باشەکەی دەخوارد و قینی لە دایکە زۆردار و زاڵەکەی بوو تا ئەو کاتەی بڕیاری خۆی دا پێویستە بۆ ڕزگارکردنی باوکە بەسەزمانەکە دایکی بکوژێت و لە کۆڵی بکاتەوە.
پیێر ڕیڤێر هەموو ئەم شتانەی لە نیوەی یەکەمی ددانپێدانانەکانیدا زۆر بە وردی تۆمارکردووە و ئەمەش بیرۆکەیەکی ڕوون سەبارەت بە ڕەفتار و کردار و نەریتی جووتیاران دەخاتە ڕوو. هەروەها وێنەیەکی تەواوەتی سەبارەت بە ژیان لە دێهاتی فەڕەنسی لەو ناوچەیە و پەیوەندییەکانی نێوان خەڵک و سەرقاڵییەکانیان و چۆنێتی بە خێرایی بڵاوبوونەوەی ئابڕووچوون و قسە و قسەڵۆک و پڕوپاگەندە لە ناویاندا خستووەتە ڕوو، فوکۆش ئەم بەشە لە ددانپێدانانەکانی بەو چەشنە باس کردووە کە “پارچەنووسینێکی سەرنجڕاکێشە سەبارەت بە ئیتنۆلۆژیای ژیانی دێهات”.

پیێر ڕیڤێر سەرەتای ددانپێدانانەکانی بەم شێوەیە دەستپێکردووە: “من پیێر ڕیڤێرم… لەبەر ئەوەی دایک و خوشک و براکەمم سەربڕیبوون و، لەبەر ئەوەی دەمەوێت ئەو پاڵنەرانە بخەمە ڕوو کە پاڵیاننام ئەو کارە بکەم، لێرەدا ئەو ڕووداوانە تۆمار دەکەم کە باوکم لەگەڵ دایکم لەوەتەی هاوسەرگیریکردنیانەوە بەسەریان برد. بە چاوی خۆم بەشی هەرە زۆری ئەو بەسەرهات و ڕووداوانەم بینیوە، کە لە کۆتایی ئەم چیرۆکەدا باسیان دەکەم. هەرچی سەبارەت بە ڕووداوەکانی سەرەتا هەیە، لە باوکمم بیستوون کاتێک بۆ هاوڕێکانی و دایکی و بۆ من خۆم و بۆ هەر کەسێکی دەگێڕانەوە کە ئاگای لێی بوو. لەبەر ئەوە من ئەوە دەگێڕمەوە چۆن بڕیارمدا ئەم تاوانە بکەم و بۆچوونەکانم لەو کاتەدا چی بوون و بە تەمای چی بووم، هەروەها لێرەدا ئەو شتە دەگێڕمەوە کە لە دوای کردنی ئەو کارە بە مێشکمدا هات، لەگەڵ ئەو ژیانە کە لە دوای ئەو کارە لەناو خەڵک و لەو شوێنانەدا بەسەرم برد کە لە پاش ئەنجامدانی تاوانەکە چووم، تا ئەو کاتەی دەستگیر کرام. لەگەڵ جۆری ئەو بڕیارەی کە دام، هەموو ئەم شتانەش بە شێوازێکی ساویلکانەی سادە دەگێڕمەوە، لەبەر ئەوەی من زۆر بە کەمی خوێندنەوە و نووسین دەزانم، تاکە تکام ئەوەیە خەڵک لە مەبەستم تێبگەن. هەرچی شتێک کە نووسیوومن، بە باشترین شێوە کە لە توانامدان نووسیوومن”.

بەڵام “ددانپێدانانەکان” تەنها گێڕانەوە یاخود تۆمارکردنێکی ڕووداوەکان و ئەو هەلومەرجە نییە کە بوونە هۆکاری ئەنجامدانی تاوانەکە، بەڵکو هەروەها تۆمارکردنێکی ئەو بۆچوونانەشە کە بە درێژایی کات بە مێشکی پیێر ڕیڤێردا گوزەر دەکەن، لەگەڵ ئەو پاساوانەدا کە بۆ خۆی دەهێنێتەوە تا خۆی بە پێویستیی کوشتنی دایکی و خوشکەکەی و براکەی قایل بکات و، باوکەکە لەو هێزە زۆرداری زاڵە ڕزگار بکات. ئەم “پاساوانە”ش بە شێوەیەک قووڵییەکی زۆریان بە ددانپێدانانەکان بەخشیوە، بە هیچ جۆرێک لەگەڵ ئەو بانگەشەیەدا کۆک نایەتەوە کە پیێر ڕیڤێر بانگەشە دەکات زۆر بە کەمی نووسین و خوێندنەوە دەزانێت، هاوکات بوونی ڕادەیەکی بەرز لە ژیری لە پیێر ڕیڤێردا دەردەخەن کە خەڵک بڕوایان نەدەکرد تێیدا هەبێت، لەبەر ئەوەی گەواهیی گەواهیدەران لە دادگا هێما بۆ ئەوە دەکەن کە زۆربەی خەڵکی گوندەکە ئەویان بە گەنجێکی شەرمن و زۆر بە گەمژە زانیوە.

پیێر ڕیڤێر لەو بارەیەوە دەڵێت لە منداڵیدا- کاتێک تەمەنی حەوت ساڵان یاخود هەشت ساڵان بووە- مەیلی ئایینی هەبووە و حەزی کردووە ببێت بە قەشە و، بۆ ئەمەش باوکی ئەوپەڕی هانیداوە، بەڵام زۆری نەبردووە دەستی لەم بیرۆکەیە هەڵگرتووە و دەستیداوەتە خوێندنەوەی بابەتی جیا جیا و، بە سروشتی خۆی حەزی لە تەریکی و دوورکەوتنەوە لە هاوڕێکانی بووە، ئەمەش وای لە هاوڕێکانی کردووە وەک کەسێکی نامۆڕەفتار تەماشای بکەن و گاڵتەی پێ بکەن، بەڵام ئەم زۆر بە بێز و قینەوە لە هەموو هاوڕێکانی خۆی دەڕوانی.

ڕیڤێر بە درێژایی ڕۆژگاری لاوێتی وابەستەی ئایین بووە، هەروەها بە گشتی خۆی لە ژنان بە دوور گرتووە و هەوڵی نەداوە پەیوەندی لەگەڵ کچاندا بگرێت بەو چەشنەی هاوڕێکانی لە تەمەنی لاوێتیدا دەیانکرد، وێڕای ئەمە مامەڵەی خراپی دایک لەگەڵ باوک و ئەو هێزە زاڵە کە دایکەکە هەیبوو و بۆ تێکشکاندنی باوکەکە و بەدناوکردن و زڕاندنی پیاوەتی و فیزی، وای کرد دەنگی ئایین و ئاکار و ڕێسا و یاساکانی کۆمەڵ تێیدا پەیتا پەیتا کەمببنەوە و بزر ببن و پاشان بە تەواوی نەمێنن، پیێر ڕیڤێر لەو بارەیەوە دەڵێت:

“هەموو ئەو بنەما و پرەنسیپانەم لەبیر کرد کە دەتوانن وام لێ بکەن ڕێز لە دایک و خوشک و براکەم بگرم. تەماشای باوکمم دەکرد، دەمبینی کەوتووەتە ژێر هێز و باڵادەستیی سەگەلێکی هار یاخود ژمارەیەک لەو مرۆڤە دڕندە و کێوییانەوە کە دەبوو ڕووبەڕوویان ببمەوە، ئەگەرچی ئایین ڕێگە بە ئەنجامدانی ئەم چەشنە کارە نادات، بەڵام من گوێم بە ئامۆژگارییەکانی ئایین نەدا، تەنانەت پێموابوو خوا خۆی بۆ ئەنجامدانی ئەم کارە تەرخانیکردووم و بە ئەنجامدانی ئەم کارە خواست و دانایی خوا بەجێ دەهێنم، لە یاساکانی مرۆڤ و یاساکانی جڤاتێکی ڕێکخراو بە ئاگا بووم، بەڵام خۆم لە هەموویان پێ ژیرتر و داناتر بوو”، لەبەر ئەوە ئەو بیرۆکەیەی بە درێژایی کات ئەقڵ و هۆشی ئەوی داگیر و سەرقاڵ دەکرد، پێویستیی ڕزگارکردنی باوکەکە بوو لە دەست ستەمی ژنە دڵڕەقە زاڵەکە و، ئەوەی پێویستە خوشکە گەورەکە و برا بچووکەکەش بە هەمان دەرد ببرێن، لەبەر ئەوەی یارمەتیی دایکەکەیان دەدا و لە دژی باوکەکە دنە و هانیان دەدا.

ڕیڤێر لەوە دوورتر دەڕوات کاتێک سەرکۆنەی فەڕەنسا دەکات، لەبەر ئەوەی بە ڕادەیەک بەری بۆ ئازادیی ژن شل کردووە، چیی دیکە ژن لەم سەردەمە شکۆدارەدا کە خۆی بە “سەردەمی ڕۆشنگەری” ناودێر دەکات، بەسەر پیاودا زاڵ بووە. هاوکات بۆ ئەو میللەتەش بە داخ بووە کە پێدەچێ بە تەواوی لەسەر ئازادی و شکۆ ڕژدە، بەڵام گوێڕایەڵ و ملکەچی ژنە. “ڕۆمەکان، هەروەها هۆزەکانی هیرۆن و هۆتنۆت و ئەلگۆنکان کە بە گەمژە ناوزەد دەکرێن، لە فەڕەنسا شارستانیتر بوون، لەبەر ئەوەی هەرگیز بە سووک و کەم تەماشای هێزی پیاوانی نەدەکرد، لەو کاتەدا ناپۆلیۆن پۆناپارتم لە ساڵی١٨١٥دا بیری خۆم هێنایەوە و لەبەرخۆمەوە گوتم ئەو پیاوە لەبەر خاتری حەز و چڵێسیی خۆی هەزاران کەسی ڕەوانەی مردن کرد، هەر بۆیە هیچ ڕەوا نییە من لێبگەڕێم ژنێک بۆ ئەوە بژی تا ژیان و خۆشی لە باوکم تاڵ بکات”.

وەک بڵێی بیرۆکەی (هێز) ئەو بیرۆکە سەرەکییە بوو کە هەموو بیرکردنەوەی ئەو لە دەوری دەخوولایەوە و بەبێ چەند و چوون پشتگیری لە هێزی پیاو دەکرد لە دژی ژن، بەو چەشنەی لەناو هەموو جڤاتە دێهاتنشینەکاندا باوە، هاوکات ئامانجی ئەو لە تاوانەکەی ئەوە بوو پایە و شوێنێکی دیار و بەرچاو لەناو مێژوودا بۆ خۆی تۆمار بکات. لە زیاتر لە شوێنێکی کتێبەکەیدا ئاماژەی بۆ ئەمە کردووە و نووسیوویەتی و دەڵێت: “مێژووی ڕۆمانەکانم خوێندووەتەوە و تێبینیم کردووە یاسای ڕۆمانی مافی ژیان و مردنی ژن و منداڵەکان لەناو خێزاندا دەداتە دەست پیاو، بەڵام من حەزم دەکرد بە گژ ئەو یاسایەدا بچمەوە و بەوە ناوی خۆم لە تۆماری نەمرییدا تۆمار بکەم کە لەپێناو باوکمدا بمرم. یادگەم ئەو پاڵەوانانەی بیری خۆی هێنایەوە کە لەپێناو پادشا و نیشتماندا مردن، منیش دەمگوت ئەو پیاوانە لەپێناو پیاوێکدا مردن کە نایناسن و ئەویش نایانناسێت و تەنانەت کەمترین گرنگی و گوێیشیان پێ نادات، بەڵام من شایستەی مردنم تا پیاوێک لە هێز و ستەم ڕزگار بکەم، کە خۆشمدەوێت و ئەویش منی خۆشدەوێت”. بەم جۆرە وەک دەبینرێت شۆڕشکردن لە دژی ئەو هێزەی دایک هەیەتی، لە ڕاستیدا شۆڕشێکە لەپێناو بەرجەستەکردن و بەدیهێنانی هێزێکی خودیدا کە کوڕ لە ڕێگای کوشتنی دایکی بەهێز و زاڵ و گەڕاندنەوەی ماف بۆ باوکی بەسەزمان و لاواز و چوونە ناو مێژوو و بە نەمریی هێشتنەوەی ناوی خۆی لە ڕێگای ئەنجامدانی تاوانێکەوە دەیکات، لە ڕووی سامناکی و توندوتیژییەوە لە تاوانەکانی تری بێجگە لە خۆی تێدەپەڕێنێت… “پێموابوو دواجار دەرفەتی ئەوەم بۆ ڕەخساوە بە شێوەیەک پەرە بە خۆم بدەم، شکۆی ناوم دەنگدەداتەوە و، لە داهاتوودا بۆچوونەکانم لە تەواوی جیهاندا بڵاودەبنەوە و زۆر بە ڕێز و شکۆوە تەماشا دەکرێن”.

ئەم پاساوە و هاوشێوەکانی، لە نموونەی ئەو پاساوانە بوون کە پیێر ڕیڤێر ویستی سەبارەت بە کوشتنی دایک و خوشک و براکەی، خۆی پێ قایل و ڕازی بکات و ڕۆژی٣ی حوزەیرانی ساڵی١٨٣٥ تاوانەکەی ئەنجام دا، کاتێک بینی قوربانییەکان هەرسێکیان بە تەنها لە ماڵەوە بوون، پاشان لاشەی قوربانییەکانی بەجێ هێشت و بە نیاز بوو بچێت بۆ بنکەی پۆلیسی شارە نزیکەکە تا خۆی ڕادەست بکات و “شانازیی ئەوەی پێ ببڕێت، خۆی یەکەم کەس بێت هەواڵی تاوانەکەی بڵاو دەکاتەوە”. ڕیڤێر ڕێگایەکی دوورودرێژی، پێشتر تەی نەکراوی، بە ناو دارستانەکاندا گرتە بەر، نەبا کەسێک بیبینێت و دەستگیر بکرێت پاش ئەوەی هەواڵی ڕووداوەکە لەناو خەڵکدا بڵاودەبێتەوە و، بەم هۆیەشەوە ئەو “شانازی”یەی لە دەست بچێت، بەڵام هەستیکرد ئەو بیرۆکەی شکۆ و شانازییە کە پاڵی دەنا تاوانەکە بکات، لە کاتی ڕێکردنی دوورودرێژ و درێژخایەنیدا، پەیتا پەیتا لاواز دەبێت و وردە وردە دەستی کرد بە پێداچوونەوە بە خۆیدا. خراپیی کارە دڕندانەکەی خۆی بۆ دەرکەوت و، ترس دایگرت و لە بریی ئەوەی درێژە بە ڕێکردنەی بەرەو بنکەی پۆلیس بدات، لەناو دارستانەکاندا سەری خۆی هەڵگرت و لە خەڵک دوورکەوتەوە و لە دەست یاسا هەڵهات و ترس و لەرز و پەشیمانی دایگرت تا ئەو کاتەی دەستگیر کرا.

ئەوەی مایەی گاڵتەجاڕییە- بەو شێوەیەی ئالان شریدان دەڵێت کە یەکێکە لە بەناوبانگترین ئەو لێکۆڵەرانەی بایەخ بە قوتابخانەی بوونیادگەریی فەڕەنسی و بەتایبەتی بە نووسینەکانی میشێل فوکۆ دەدەن- ئەوەیە ئەم ددانپێدانانانە کە پیێر ڕیڤێر لە بەندیدا نووسیوونی و چاوەڕوانی ئەوە بووە لەسەری دادگایی بکرێت و ئومێدەوار بووە بتوانێت بە هۆیەوە دادگاکە بە گەورەیی و ترسناکیی تاوانەکەی قایل بکات و سزای لەسێدارەدانی دەرهەق بدات و لە ڕێگای مردن بەو چەشنە کە خۆی وێنای دەکرد ناوی بچێتە ناو تۆماری ناوی نەمرانەوە، زانایانی پزیشکیی لە پاریس بۆ ئەو مەبەستە بەکاریانهێنا و پشتیان پێ بەست تا دێوانەیی ڕیڤێری پێ بسەلمێنن و بەم هۆیەشەوە بڕیارێکی نوێی پێ دەربکەن سزاکە لە لەسێدارەدانەوە بۆ زیندانیکردنی تاهەتایی کەمبکەنەوە. بەم هۆیەشەوە پیێر ڕیڤێریان لەو شکۆ و شانازییە بێبەش کرد کە عەوداڵی بوو، ئەگەرچی دواتر لە زیندانەکەیدا خۆی کوشت، بەو جۆرەی پێشتر باسمان کرد.

بەڵام میشێل فوکۆ لە بابەتی گاڵتەجاڕی و کەم و سووک سەیرکردنەکەدا هاوڕای ئالان شریدان نییە و، لە بریی ئەوە لە وتارێکیدا بە ناونیشانی “چیرۆکەکانی کوشتن” هەندێک سەرنجی بەجێ و شێلگیرانە سەبارەت بە ددانپێدانانەکان دەخاتە ڕوو. ئەم سەرنجانە ئەو شێوازە ئاشکرا دەکەن کە دواتر فوکۆ و هاوڕێکانی لە بوونیادگەرە فەڕەنسییەکان لە لێکۆڵینەوە و شیکردنەوەی دەقەکاندا دەیگرنە بەر، هەروەها فوکۆ بە لایەوە سەیر و نامۆ نەبوو دادوەر و پزیشک و پاریزەرەکان لە ئاست ددانپێدانانەکانی ڕیڤێردا بە چەشنێک دۆشیان دابمێنێت لە سەرەتادا بڕیاری لەسێدارەدان بدرێت و دواتر بڕیارەکە بۆ زیندانیکردنی تاهەتایی کەمبکرێتەوە. چونکە هەندێک لەو پاساوانەی ڕیڤێر بۆ ئەوە دەیانهێنێتەوە تا تاوانەکەی خۆی پێ ڕاڤە بکات، بە تەواوی و بە ڕەهایی دێوانەیی ڕیڤێر دەسەلمێنن، بەڵام (دەقەکە) بە شێوەیەکی گشتی، تەنها بەرهەمی کەسێکی ژیرە دەزانێت چۆن بە شێوازێکی لۆژیکییانە بیر دەکاتەوە و دەنووسێت و، تەنانەت دەزانێت چۆن بە شێوازێکی هۆشمەندانەی جێی ڕەزامەندی، هەندێک لە ڕەفتار و کردارەکانی خۆی ڕاڤە دەکات. ڕەنگە یەکێک لە گرنگترین ئەو سەرنجانە، پەیوەندیی توندوتۆڵی نێوان چیرۆکەکە (واتە ددانپێدانانە نووسراوەکە یاخود دەقەکە و- خودی کارەکە یاخود تاوانی کوشتنەکە خۆی بێت)، چونکە لە ڕەفتار و هەڵسوکەوتی خودی پیێر ڕیڤێر خۆیدا هیچ ڕیزبەندییەکی کاتیی لەپێشتر لە نێوان دەقەکە و کارەکەدا نییە، بە جۆرێک لە سەرەتادا تاوانەکەی دەکات و لەدواییدا لەناو ددانپێدانانە تایبەتەکانیدا چیرۆکەکە دەنووسێت یاخود دەگێڕێتەوە “خودی دەقەکە خۆی هیچ زانیارییەکی وردی سەبارەت بە چۆنێتیی ئەنجامدانی تاوانەکە یاخود شێوازی بەجێهێنانی کارەکە تێدا نییە- بەڵام ئەو شتەی لە دیدی فوکۆدا گرنگە- ئەوەیە (ڕووداوی کوشتنەکە و، نووسین یاخود ئەو کارانەی کە کراون و ئەو شتانەی لەناو ددانپێدانانەکاندا گێڕدراونەتەوە، هاودەم بوون، لەبەر ئەوەی بڕێک توخمی هاوسروشتن)، سەرچاوەکەیان یەک کەسە ئەو کەسەش “نووسەر”ی تاوانەکە و “نووسەر”ی دەقەکەیە.

ئەگەر ئێمە بڕوا بەو شتانە بکەین کە لە ددانپێدانانەکاندا هاتوون، ئەو کات، بەگوێرەی بیرکردنەوەی میشێل فوکۆ سەبارەت بە پەیوەندیی نێوان تاوان و دەقەکە، سێ شیمانە یاخود سێ پڕۆژە هەن؛ شیمانەی یەکەم ئەوەیە ئامانج لە ددانپێدانانەکان تێگەیشتنە لە تاوانەکە، ئەگەر بابەتەکەش بەو شێوەیە بووایە، دەبوو ڕیڤێر لە سەرەتادا ددانپێدانانەکانی یاخود (بیرەوەرییەکانی) خۆی بنووسیایەتەوە، واتە لە سەرەتادا جاڕی تاوانێک بدات کە لە ڕێگای شرۆڤەکردنی ڕووداو و وردەکارییەکانی ژیانی باوکی لەگەڵ دایکیدا دەکرێت، لە کۆتاییدا باسی هۆکارەکانی ئەنجامدانی تاوانەکە بەگوێرەی ئەو ڕێکخستن و ڕیزبەندییە دەکات، دەبوو لەگەڵ تەواوبوونی لە نووسینی بیرەوەرییەکانی یاخود ددانپێدانانەکانی، تاوانەکەی بکردایە و بیرەوەرییەکانی یاخود ددانپێدانانەکانی بە پۆستدا بناردایە بۆ دەسەلاتدارانی بەرپرس و پاشان خۆی بکوشتایە. هەرچی سەبارەت بە شیمانەی دووەم هەیە، نەبوونی پەیوەندییەکی ئاڵوگۆڕە لە نێوان دەقەکە و ددانپێدانان و کارەکەدا، واتە لە نێوان چیرۆکەکە و تاوانی کوشتنەکە، لەم دۆخەشدا، دەبوو لە کۆتایی دەقەکەدا باسی تاوانەکە بکرایە، بە جۆرێک کە تاوانەکە وەک ئەنجام یاخود بەرهەمی خودی دەقەکە خۆی دەربکەوێت. ئەمەش مانای ئەوە دەگەیەنێت پلانە سەرەکییەکەی ڕیڤێر بەو چەشنەیە لە سەرەتادا چیرۆکەکە دەگێڕێتەوە تاکو خەڵک بیزانن، پاشان دەقێکی تری (نهێنی) دەنووسێت، تیایدا وردەکاریی تاوانەکە بەو جۆرەی کە دەیەوێت بەگوێرەی چیرۆکەکە بیکات دەگێڕێتەوە، تەنها لە پاش ئەوە تاوانەکە دەکات. سەبارەت بە کۆتا پڕۆژە، کە ڕیڤێر هەڵیبژاردووە و تیایدا ڕووداوەکانی تاوانەکە لەگەڵ قەوماوەکانی گێڕانەوەکەدا هاودەمن، تووشی بڕێک لاوازیی بوون (فوکۆ واتای ئەمەی بۆ ڕوون نەکردووینەتەوە) ئەو لاوازییانەی هەر لە سەرەتاوە بواری ئەوەیان بە ڕیڤێر نەداوە بنووسێت و، لە کۆتاییدا بابەتی ئەو یاداشتەی لەبیرچووەتەوە کە بە هۆیەوە تاوانەکەی دەکرد و خۆی ڕادەستی یاسا دەکرد و، لە پاش ئەوە ددانپێدانانەکانی خۆی تۆمار دەکرد و پێشوازیی لە مردن دەکرد. بەڵام ئەو کارەی ئەو کردی، ئەوە بوو لە بریی ئەوەی ئەو یاداشتانە بنووسێتەوە، ماوەی مانگێک لەناو دارستانەکەدا سەری خۆی هەڵدەگرێت و خۆی ون دەکات تا ئەو کاتەی دەستگیر دەکرێت، پاش ئەوەی هەوڵیشیدا بەوە سەر لە دادگا چەواشە بکات و بشێوێنێت کە خۆی بکات بە شێت، خۆی دا بە دەست ڕاستیی دۆخەکەوە و دەستیکرد بە تۆمارکردنی چیرۆکە ڕاستەقینەکە کاتێک دادوەری لێکۆڵینەوە داوای ئەوەی لێ کرد، بەڵگەش بۆ ئەمە ئەوەیە ئەگەرچی کاتێکی تا ڕادەیەک زۆر لە نێوان ئەنجامدانی تاوانەکە و نووسینی خودی دەقەکە خۆیدا تێپەڕ بووە، ڕیڤێر ڕژد بوو لەسەر جەختکردنەوە لەسەر ئەوەی ددانپێدانانەکان بە درێژایی ئەو ماوە و کاتە لەناو مێشک و بیریدا (نووسرابوونەوە)و بیری زۆری لە زۆربەی ئەو وشانە کردەوە کە دواتر لە نووسینی ددانپێدانانەکانیدا بەکاریدەهێنێت، بەو چەشنەش کە فوکۆ دەڵێت هەر ئەمەشە هۆکاری ئەوەی وێڕای مردنی قوربانییەکانی، هێشتا هەر وشەی نەشیاو و توند و بریندارکەری بەرامبەر بە قوربانییەکانی بەکاردەهێنا. “هەر لە سەرەتاوە ددانپێدانانەکە لە یادگەیدا تۆمارکرابوون”.

بە بڕوای فوکۆ، هیچ سەیر و نامۆ نەبوو ڕیڤێر لە هەوڵەکەیدا بۆ پاساودانی تاوانەکە نموونە بە هەندێک لە ڕووداوە گەورەکانی مێژوو بهێنێتەوە کە لەسەر بناغەی کوشتن دامەزراون و پێی وا بێت مافی خۆیەتی لە ڕێگای کوشتنەوە ناوی بچێتە مێژووەوە وەک چۆن زۆرێک لە پاڵەوان و سەرکردەکان بەسەر لاشەی قوربانییەکانیاندا ناویان چووە مێژووەوە. چونکە لەو ڕۆژگار و سەردەمەدا ڕۆژنامەکان ڕووداوەکانی کوشتنیان شان بە شانی ڕووداوە نوێیەکانی مێژوو و جەنگە ئیمپراتۆرییەکان و ڕۆژانی شۆڕشی مەزن و ڕووداوەکانی ساڵی١٨١٤ و داگیرکردنی جەزائیر بڵاودەکردەوە و، ناوی جەنگاوەرە پاڵەوانەکان لە هەمان لاپەڕە لەگەڵ ناوی بکوژ و جەردە و خوێنڕێژ و چەتەکانی دەریادا دەبینران. ئەگەر هەر دژوازییەکیش لە نێوان ئەم کۆمەڵەیەدا هەبێت، تەنها دژوازییەکی ڕووکەش و ڕوواڵەتییانەیە، هاوکات چەشنێک لە چوونیەکی لە نێوان تاوان و شکۆ و، لە نێوان ناڕەوایەتی و پاڵەوانێتی و، لە نێوان زەحمەتی و تۆمارەکانی نەمرییدا هەیە. چونکە هەموویان لە یەک پۆلدا پۆلێنبەند دەبن، بەو جۆرەی فوکۆ دەڵێت ئەگەر چاوپۆشی لە یاسا و ئاکار بکەین، دەبینین چوونیەکی و وێکچوونێک لە نێوان ئەو پەیکەرانەی یادەوەری کە شوێن و پێگەکانی جەنگ و شەڕەکان تۆمار دەکەن، لەگەڵ ئەو تۆمارە مایەی شەرمانەدا هەیە کە ناوی بکوژەکانیان تێدا تۆمارکراوە، وێکچوون و چوونیەکییەکیی نێوان ئەم دوو پۆلە، زۆر لەوە زیاترە کە ئێمە بڕوا دەکەین. لەبەر ئەوەی شوێن و پێگەکانی شەڕ و جەنگەکان، شەقڵی مێژوو بە زۆرێک لەو کۆمەڵکوژی و کوشتارانە دەبەخشن کە ناوی خاوەنەکانیان نازانرێت، بەڵام گێڕانەوە و چیرۆکەکان کەرەستەی مێژوو لەو شەڕە بچووکانە دادەنێن کە لە شەقام و گەڕەکەکان ڕوودەدەن. ئەگەر هەر سنوورێکی جیاکەرەوەش لە نێوان ئەم دووانەدا هەبێت، کاتێک ڕووداوێکی زۆر گرنگی وەک ڕووداوی کوشتن ڕوودەدات، ئەو سنوورە نامێنێت و، لێرەدا مێژوو و تاوان تێهەڵکێش دەبن”. “چونکە ئەوە کوشتنە کە نەمریی بە پاڵەوان دەبەخشێت و، ئەوە کوشتنە ناوبانگی خراپ بە تاوانکار دەبەخشێت و، ئەوە کوشتنە ئەو ناڕوونی و ئاڵۆزییە دروست دەکات کە لە نێوان شتی یاسایی و شتی نایاساییدا هەیە.

بەهەرحاڵ، پێدەچێت ئالان شریدان لە دەربڕینە گاڵتەئامێزەکەیدا لەسەر هەق نەبووبێت، چونکە تاوانەکەی پیێر ڕیڤێر ڕێگای خۆی بەرەو وێژەی میللی لە سەدەی نۆزدەدا دۆزییەوە و، یەکێک لە گۆرانییە میللییە زۆرەکان تۆماری کرد کە سەبارەت بە پاڵەوانێتی و تاوان و کوشتنە، بەڵام لەگەڵ بوونی جیاوازیی گرنگی ئەوە لە نێوانیاندا کە چیرۆکەکەی ڕیڤێر چیرۆکێکی ڕاستەقینە بوو، بە پێچەوانەی چیرۆکەکانی دیکەوە کە زۆربەیان هۆنینەوە و چنراوی خەیاڵ بوون. میشێل فوکۆ لەبەرگیراوەیەک لەو گۆرانییەی لە زنجیرەی ئەو چاپکراوە پۆلێننەکراوانەی کتێبخانەی تایبەتی پاریسدا دۆزییەوە، کە هەم چیرۆکەکە و هەم گۆرانییەکەش بە تەواوی لە بیر چوونەتەوە.
ئێستا و لە ڕۆژگاری ئەمڕۆدا، کە ددانپێدانانەکانی پیێر ڕیڤێر بەشێک لە کارە گرنگەکانی هزری بوونیادگەریی فەڕەنسی پێکدەهێنن، لایەنی زۆر پێدەچێت ئەو شتەی ڕیڤێر سەبارەت بە چوونە ناو مێژوو لە دەروازەی تاوانەوە بە تەمای بوو، زۆری نەمابێت بێتە دی.

ژێدەر:
الطریق إلی المعرفة، تألیف: الدکتور أحمد أبو زید، کتاب مجلة العربي الکویتیة، العدد ٤٦، السنة٢٠٠١.

 

تاگهزر
بڵاوکردنەوە: