نووسینی: شارۆ شاهۆ
برایان ستیڤنسۆن، پارێزەرێکی ئەمریکی، چالاکوانی دادپەروەری کۆمەڵایەتی و مامۆستای بەشی یاسایە لە زانکۆی نیویۆرک. کتێبێکی گرنگی هەیە بەناونیشانی “میهرەبانی” (Just Mercy)، کە ڕەخنەسازی لە سیستەمی دادپەروەریی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا دەکات. ئەزموونی کارکردنی خۆی لە کەیسی والتەر مەکمیلان دەگێڕێتەوە، کە لە ساڵی ١٩٨٦ لە ئەلاباما بە تۆمەتی کوشتنی یەک ژن و منداڵی سپی پێست سزای مەرگی بۆ دانرا، سەرەڕای ئەوەی بەڵگەی بەهێز هەبوو کە ئەو تاوانەی نەکردووە. بەڵام سیستەمی دادوەری ئەمریکی سووربووە لەسەر تۆمەتبارکردنی. بەڵام کۆڵنەدان و شەون و خونی ئەم پارێزەرە بۆ کۆکردنەوەی بەڵگەی بێ تاوانی مەکمیلان، دواجار توانی دادگا و دەستەی سوێندخۆران ناچاربکات بڕیاری هەڵەی خۆی پاشگەز کردەوە. لە ساڵی ١٩٩٣ مەکمیلان ئازاد کرا. گرنگی ئەزموونی ئەم پارێزەرە ئەوەیە کە نەترسە لە ڕەخنەسازی جۆرە سیستەمێکی دادوەری کە ئامانجی سزای مەرگ بسەپێنێت، نەوەکو ئامانجی چاکسازی بێت لە تاوانباراندا. سیستەمێک کە «دامەزراوەی کوشتن» بەیاسایی دەکات و دواجار لەناو هەناوی خۆیدا ڕەوایەتی دەدات بە ڕەگەزپەرستی و هێنانە کایەی گوتارێک کە دژی مافی زیندانی بێت.
لێرەدا بە گرنگی دەزانم گوتەیەکی لەم پەرتوکەدا بخەمەڕوو:
“ئێمە واز مان هێناوە لە چاکسازی، پەروەردە و خزمەتگوزاری بۆ زیندانیان، چونکە پێشکەشکردنی یارمەتی بۆ گیراوان گوایە زۆر میهرەبانانە و دڵسۆزانەیە. ئێمە سیاسەتگەلێکمان دامەزراندووە کە مرۆڤەکان تەنها بە کردارە خراپەکانیان لەیبڵ و پەسن دەکات، بەردەوام بەچەسپاوی دەیانبەستنەوە بە ناوی “تاوانبار”، “کوژەر”، “دەستدرێژیکەر”، “دزی”، “بازرگانی مادەی هۆشبەر”، “دەستدرێژیکاری سێکسی” – ناسنامەگەلێک کە ئەوان مەحکوم دەکات بەوەی کە نەتوانن بیگۆڕن، بێ گوێدانە هەلومەرجی تاوانەکانیان یان هەر باشبوونێک کە لە ژیانیاندا بیهێننە کایەوە”.
سەربار، بۆ گرێدانەوەی ئەم باسە، لەم ماوەی ڕابردوودا، بینەری بەڵگە فیلمێکی گرنگ بووم بەناونیشانی «دادوەی مەرگ»، کە لەوەرگێڕانی دامەزراوەی «میدیای ڕووداو» بوو. ئەم بەڵگەنامە فیلمە باس لە نوروڵڵا عەزیز محەممەدی، دادوەری پێشووی دادگای تاوانی تاران دەکات، کە لە ماوەی 45 ساڵ کارکردنی خۆیدا نزیکەی 4000 بڕیاری لە سێدارەدانی دەرکردووە. ئەوەی لەم فیلمەدا جێگەی سەرنج بوو، ئەم دادوەرە زۆر بە ڕاشکاوی ڕەخنەسازی پرسی سزای لە سێدارەدان دەکات کە نەک نابێتە هۆکارێک بۆ ڕێگرتن لە کەمکردنەوەی ڕێژەی تاوان، بەڵکو پاڵنەرێکی زیاترە کە ڕێژەی کوشتن و تاوان زیاتر بکات. چونکە ئەگەر ڕیشەی کۆمەڵناسیانەی و دەروون ناسیانەی پرسی تاوان شیمانە نەکرێ و پلانی چارەسەری بۆ دانەنرێ، ئەوا ئێمە جگە لە ڕەوایەتیدان بە کوشتن ناتوانین کارێکی تر بکەین کە مومکین بێ بۆ ڕیشەکێشکردنی پرسی تاوانکاری. پێم وایە ئەوەی بینەری ئەم بەڵگە فیلمە بێ، بۆچوونەکانی تەواو دەگۆڕێن بۆ سزای لەسێدارەدان.
لەم ساڵانەی دوایدا، گوێبیستی زۆرێک لە یاساناس و دادوەری کوردی بووم کە ڕەوایەتی دەدەن بە سزای لە سێدارەدان. ئەمەش بەبڕوای من هێشتا ئامادەگی ئەو میراتە دادوەرییە بەعسیزمەیە کە دەژی لەناو خێزانی دادوەری کوردیدا. لەم دواییەدا ڕێژەی تاوانی کوشت زیاتر و زیاتر بووە. کارەساتە ئەوەیە دەست نەخەینە سەر ئەو فاکتەرانەی کە پاڵنەری کوشتنن. بۆ تاک دەبێ بە بکوژ؟ نەوەکو تۆڵەسەندنەوە. پرسی هەژاری و بێکاری و برەودان بە گوتاری توندوتیژی کە لەناو خێزان و هەموو کون و قوژبنێکی ئەم کۆمەڵگایە ئامادەگی هەیە، پاڵنەری سەرەکین لە ڕەوایەتیدان بە کوشتن و دووبارە هێنانەوە پێشەوەی سزای لە سێدارەدان. ئاخر مەترسیدارە دادوەر و پارێزەرەکانی ئێمە بەساڵ ناتوانن کتێبێک بخوێننەوە، دەمەزەردی مەعریفەی خۆیان بکەنەوە بە زانیاری و دونیابینی نوێی دادوەری و قەتیس نەمان لەناو یاسا و بڕگەکانی سزادانی ئێراقی، کە بەردەوام ڕەخنەی دەکرێت لەلایەن زۆرێک لە دامەزراوە جیهانیەکانی بواری پاراستنی مافەکانی مرۆڤ بەوەی کە مافی قوربانی و تاوانباری تێیدا نەپارێزراوە. هێشتا حکومەتی ناوەندی بەردەوامە لە جێبەجێکردنی سزای لەسێدارەدان. بە جۆرێک هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی دژی سزای لەسێدارەدان ڕاپۆرتێکی بڵاوکردۆتەوە لەسەر جێبەجێکردنی سزای لەسێدارەدان لە عێراق. تێیدا هاتووە، لەسەر ئاستی جیهان زۆرترین ڕێژەی لەسێدارەدان لە عێراقە. نزیکەی 8 هەزار زیندانیی دیکەش سزای لەسێدارەدانیان بەسەردا سەپێنراوە. بە گوێرە ڕێکخراوی هیومەن رایتس وۆچ؛ تاوەکو ئێستا زیاتر لە هەزار و 145 کەس لەسێدارەدراون لە دوای ڕووخانی ڕژێمی پێشوو. میشێل فۆکۆ، فەیلەسوفی فەرەنسی، لە کتێبی “دیسەپلین و سزا” (١٩٧٥) پێی وایە: سزای لە سێدارەدان لەناو دامەزراوەی یاسای دەوڵەتدا، بەتەنها هێنانە دی دادپەروەری نیە، بەڵکو ڕیچواڵیکی سیاسیشە، کە دەسەڵات تێیدا هێزی و کۆنترۆڵی خۆی دووبارە تێدا مانیفێست دەکاتەوە.
کۆمەڵگای کوردی تەنها لە شوێنکدا سیستەمی دادوەری قبوڵە کە تۆڵەی بۆبکاتەوە. ئەگەر نا، دیوەخانەکان، فیگۆرەکانی خێڵ و حیزب خۆیان بڕیار دەدەن کە چۆن پێناسەی دادوەری دابڕێژنەوە. ئەمەش لەوە سەرچاوە دەگرێت، تاکی کورد خاوەنی دامەزراوەی مۆدێرنە نیە، ئەسڵەن باوەڕیشی پێی نیە. ئەوەی هەیە تەنها نمایشێکە بۆ دەسەڵاتێکی کارتۆنی و سیستەمێکی پۆپۆلیستی کە ئاسۆکانی ژیانی بە دەوڵەتبوونی تاریکن.
سەرچاوەکان:
Stevenson, Bryan. 2014. Just Mercy: A Story of Justice and Redemption.
- Equal Justice Initiative. n.d. “Walter McMillian.” eji.org.
- Rudaw. 2018. “Documentary Episode.” Aug. 7, 2018. rudaw.net.
- Foucault, Michel. 1977. The Birth of the Prison.
- Harcourt, Bernard E. 2016. “Discipline & Punish.” Oct. 27, 2016. youtu.be.
- World Coalition. 2025. Wild Flaws in Judicial Systems. Feb. 24, 2025. worldcoalition.org.
- OHCHR. 2024. “Iraq’s Arbitrary Executions.” June 10, 2024. ohchr.org.
- Human Rights Watch. 2024. Iraq: Surging Unlawful Executions. Nov. 19, 2024. hrw.org.