شەنگار سابیر
ئەمە ئەو شەونمەیە کە شێوەی لە تۆ دەچێت
مانگی گەردوونێکیترە
گوێچکە ماسی دەم ڕووبارێکە
کە ژیانی زاهیدانەی لە ژیانی تۆ دەچێت
کاتێک باران وەک کینە دەبارێ
شەپۆل بە دوای دەریادا دەگەڕێ
ئەمە ڕەشنووسی شاعیرێکە
کە لە نامەی خودایانەی تۆ دەچێت
بەیانییەک هێشتا خۆر وەک تارمایی دەر نەکەو تووە
دەنگی ڕوناکی لە کپی شەوێکی درێژدا پەنگی خواردۆتەوە
عەشق وەک خانەدانێک قاوەی ئەم بەیانیەی نە خواردۆتەوە
ئەستێرەیەک ئاسمان بەجێ دێڵێت و کوچەکان بە دوای ئاسمانێکی تردا دەگەڕێت
ئاسمانێک کە لە هەمان ئاسمانی ناو خەونەکانی تۆ دەچێت
دوای هەموو شەڕە گەورەکان
دوای ئەوەی دەچینە جەنگ و بەرامبەر یەک ڕادەوستین
یاقوتەکانی خۆت بەجێ دێڵیت و بەدوای ڕاستییەکدا
دەگەڕێیت
حەقیقەتێک کە تەنها لە حەقیقەتەکانی تۆ دەچێت
لێرە کوڕی پادشاکان دەکەون بەسەر شکانی خۆیاندا
باخچەکان دوا ڕەنگی زەردی خۆیان دەبینین
پەڕێسلکەکان دوا نیگای هیلانەکانی خۆیان دەکەن
ئەمە ئەو چەمە ئاڵتونیەیە کە بەدوای سەرچاوەی ڕەسەنی
خۆیدا دەگەڕێت
سەرچاوەیەک کە تەنها لە سەرچاوەی ڕەسەنی تۆ دەچێت
ئەمە ئەو دەستە کۆنەیە کە بەدوای وەشاندنی یەکەمین خەنجەر و بەدوای کوشتنی یەکەمین یاردا دەگەڕیت
تۆ نیگای ئەفسانەیەکی تر دەکەیت
بۆنی تریفە غەمگینەکانی سەر روخساری من دەکەیت،ئەو تریفانەی کە تەنها لە تریفەی شەوە زەنگی تۆ دەچێت.
با کۆتایی بەدرێژی جوگرافیای ئەم تەنیاییە بێنین
چاوەکانتم بەرێ و با کۆتایی بە ناکۆتای ئەم دەریایە بێنین،حەقیقەتەکانتم بەرێ و با سنورێک بۆ ڕیایی دابنێن.
با لەم کیشوەرە کۆنەدا،لە قوڕی ئەم جیهانە دێرینە
جیهانێک بێ قابیل و هابیل درووستکەین
عەشقی خۆتم بدەرێ با وەک گومڕایەک ببم بە پاڵەوانی
ناو حیکایەتەکان،دەستەکانتم بەرێ و با گۆڕی یەکەمین
گوناهـ /هەڵبدەمەوە،
با ئەو قارچکە سیحرییە بدۆزمەوە کە دەمباتەوە سەر پاشماوەی یەکەمین هەورە بروسکە..
قاچەکانتم بەرێ با بەدوای ئەو شەقامانەدا بگەڕێم کە جێم هێشتوون،با بۆنی ئەو خەراباتانە بکەم کە لێم ونبوون
بە ڕەنگی ڕەشی شەودا دەزانم ئەمە ڕووناکی تۆییە
دەزانم ئاسمان هیچ نییە،ئاسمان ڕۆحی ناکۆتایی تۆیە
دەزانم ئەبەدییەت هیچ نییە،ئەبەدیەت دوا نیگای خەیاڵی تۆیە



