کورد و نەخۆشیی ئۆبلۆمۆڤیزم

9
0
بڵاوکردنەوە:

نووسینی: شارۆ شاهۆ

 

«ئیڤان ئیلیچ ئۆبلۆمۆڤ سێ ڕۆژە لە جێگاکەی هەڵنەستاوە. نەخۆش نییە، هیچ شتێکیش تێک نەچووە. ئەمە تەنها لەبەر ئەوەیە کە هەڵسان لە خەو پێویستی بە زنجیرەیەک بڕیارە، بڕیارەکانیش پێویستیان بە وزەیە، وزەش پێویستی بە هۆکارێک هەیە…»

ئیڤان گۆنچارۆڤ (١٨١٢–١٨٩١) نووسەر و ڕۆماننووسی مەزنی ڕووسی، لە شاری سیمبیرسک (ئێستای ئولیانۆڤسک) لە خێزانێکی دەوڵەمەند لە دایک بووە. ژیانی گۆنچارۆڤ دوور بووە لە پشێویی توندی شۆڕشگێڕانە؛ زۆرتر وەک فەرمانبەرێکی حکومی، چاودێری ئەدەبی، و ڕۆماننووس کاری کردوە. تاکە ڕووداوی گەورەی ژیانی ئەوە بووە کە وەک سکرتێری دەریاوانێک گەشتێکی بە دەوری جیهاندا کردوە (بە ئەوروپا، ئەفریقا و ئاسیا)،دواتر ئەم ئەزموونەی یاداشتکرد و بووبە  یەکێک لە بەناوبانگترین گەشتنامەکانی ڕووسیا بەناوی «کەشتیی فریتادا». ڕۆمانی «ئۆبلۆمۆڤ» یەکێکە لە ڕۆمانە بەناوبانگەکانی ئەم ئەدیبە، کە لە ساڵی ١٨٥٩ بڵاو کرایەوە و باس لە ژیانی دەرەبەگێکی دەوڵەمەند بە ناوی ئڤان ئیلیچ  ئۆبلۆمۆڤ دەکات، کە زۆربەی تەمەنی لەسەر جێگا خەوەکەی  لە شوقەیەک لە سانت پترسبۆرگ بەسەر دەبات و ناتوانێت تەماهییەکی دروست لەگەڵ ژیانی واقعدا بکات، تەمەڵی و تەوەزەلییەکەی  بەجۆرێکە کە تەنانەی تاقەتی نیە ئەو نامانەی بۆی نێردراون وەڵامییان بداتەوە، یان شتێک بکات کە قەرزەکانی سەرشانی کەڵەکە نەبن، کە لە ئاکامدا بە کەسانی چاوچنۆک لەقاودەدرێت و ڕۆژ بە ڕۆژ سامانەکەی ڕوو لە کەمی دەکات، و موڵک و ماڵەکەی لە گوند بەرەو پەرتبوون و پایەماڵ بوون دەچێت. بەڵام  زۆر بێباکە،  تەنها خەیاڵ و لافی گەورە لێدەدات، هەموو کارەکانی بۆ «سبەی» دوادەخات، کاتێکیش سبەی دێت، بەهەمان ڕیتمی تەمەڵی  بەردەوامی بە ژیانی ڕۆژانەی دەدات.

ئۆبلۆمۆڤ لە ماڵەکەییدا، خزمەتکارێکی هەیە ناوی (تاراس ئیلێیچ زاخار)  کە بەردەوام نۆکەریی بۆ دەکات و خواردنی بۆ ئامادەدەکات. گۆنچارۆڤ وێنای (تروفیمیچ) مان  تەنها خزمەتکارێکی ئاسایی بۆ ناکات،  بەڵکو وەک سیمبوولێکی پاشکۆیەتی، ملکەچی و هاوبەشیی بێدەنگە وێنای دەکات. ئۆبلۆمۆڤ هەر لە منداڵییەوە ئەم زەخارەی ئاگاداری بووە، تەنانەت ڕێگای نەداوە گۆرەوییەکانیش لە پێ بکات ئەم بۆی کردوە و قژی بۆ چاککردووە. سەرباری ئەوەی کە ئۆبلۆمۆڤ لەگەڵی تووندە، بەڵام ئەو زۆر روژدە لە خزمەتکردن و پیاهەڵدان لەم شێوازە ژیانەی کە گەورەکەی هەیەتی سەرباری گلەی و هازندەکانی کە لەژێر لێوەوە دەیکات، پێی وایە گەورەکەی مرۆڤێکی بێ کەم و کوڕە، چونکە خۆیشی تازە بووە بە بەشێک لەو شێوازە ژیانە تەمبەڵییەی کە ئۆبلۆمۆڤ لە ماڵەکەییدا خولقاندوویەتی.

نیکۆلای دۆبرۆلیۆڤ لە وتارە ناسراوەکەیدا بە ناوی (ئۆبلۆمۆڤیزم چییە؟) کە لە هەمان ساڵی بڵاوبوونەوەی ڕۆمانەکەدا نووسیویەتی، شیکردنەوەیەکی ورد بۆ ئەم دیاردەیە دەکات. ئاماژە بەوە دەکات کە کارەکتەری ئۆبلۆمۆڤ بە سروشتی خۆی کەسێکی بێتوانا یان بێهەست نەبووە، بەڵکو شێوازی پەروەردەکردنی لە ناو چینی دەرەبەگ و دەوڵەمەندەکاندا وای لێکردووە کە هەموو کار و ئارەزووەکانی لە ڕێگەی خزمەتکارەکانیەوە جێبەجێ بکات.  ئەمەش وای لێکردووە هەرگیز نەتوانێت بڕیار بدات یان ڕووبەڕووی بەربەستەکان ببێتەوە، تەمەڵی لە هەمو کار و کردەوەیەکی ژیانییدا بەرۆکی دەگرێت. لەم بەستێنەوە، دۆبرۆلیۆڤ ئەم کەسایەتییە بەراورد دەکات بە پاڵەوانە ناسراوەکانی تری ئەدەبیاتی ڕووسی وەک «ئۆنیگین» (پاڵەوانی ڕۆمانی ئەڤگینی ئۆنیگینی پوشکین)، گەنجێکی سەرگەردان، خوێندەوار، بێزار لە ژیانی چینی باڵا و ڕوە ڕووکەشەکەی، کە نە دەتوانێت کارێکی بەسوود بکات و نە دەتوانێت لەگەڵ کۆمەڵگەدا هەڵبکات، «گریگۆری ئەلێکساندرۆڤیچ پێچۆرین» (پاڵەوانی ڕۆمانی “پاڵەوانی سەردەمی ئێمە”ی میخاییل لێرمۆنتۆڤ )، کە گەنجێکی زیرەک، بەڵام وێران و بێمەبەست بوو کە تەنها لە ڕێگەی تاقیکردنەوەی خەڵک و سازانی کێبڕکێوە کاتی دەکوشت وەک مەمەڵەیەکی هیچگەرایی لەگەڵ خودی واقعدا.  یاخود  کارەکتەری «رودین» لە (ڕۆمانی ڕۆدینی) ی ئیڤان تورگینیۆڤ ئەو پێچەوانەی ئۆنیگین و پێچۆرین کارەکتەرێکی بێدەنگ و خامۆشی نییە، بەڵکو وتاربێژێکی زۆر زیرەک، سەرنجڕاکێش و پڕ لە حماسەتە. کاتێک رودین دەست بە قسەکردن دەکات لە کۆڕ و کۆبوونەوەکاندا،  بە زمانە بڕندە و فەلسەفییەکەی هەموو ئامادەبووان سەرسام دەکات و باوەڕیان پێ دەهێنێت کە بەڵێ دەتوانن دنیا بگۆڕن. بەڵام کێشەی گەورەی رودین لەوەدایە کە مرۆڤی قسەیە نەک کردار؛ لە واقعدا دەستەوەستانە و ناتوانێت هیچ بچنێتەوە.  سەرەڕای جیاوازیی وردی نێوانیان، هەموو ئەم کاراکتەرانە لە بنەڕەتدا خاوەنی گرفتێکی هاوبەشن خاوەنی فیکر و قسەی گەورەن، بەڵام بۆ هەنگاوی پراکتیکی لەو هەلومەرجانەی کە زەرورەتە شتێک بکەن ئیفلیج دەبن و دواجار گۆشەگیری هەڵدەبژێرن. هەر لەبەر ئەمەشە کە دۆبرۆلیۆڤ جەخت لەوە دەکاتەوە کە کێشەکە تەنها لە کەسایەتیی ئۆبلۆمۆڤدا نییە، بەڵکو لەو فەلسەفەی ژیانەدایە کە بە  «ئۆبلۆمۆڤشچینا – Oblomovshchina» پەسنی دەکات؛ واتە ئەو دۆخەی کە تێیدا چینە خوێندەوار و سەرکردەکانی کۆمەڵگە تەنها باسی ماف و پێشکەوتن دەکەن، بەڵام لە ناواخنیاندا هیچ شتێک بە لایانەوە جێگا ئەرزشنییە، ئەوەی گرنگە پاراستنی بەرژەوەندییە تایبەتەکانیانە نەوەکو ڕەنجێکێشی بۆ هێنانە ئارایی گۆڕانکاری. وێڕای باسە، ڤلادیمیر لێنین لە ژیانی سیاسی و شۆڕشگێڕانەیدا بایەخێکی گەورەی بەم ڕۆمانە داوە و چەندین جار ئاماژەی بەوە کردووە که تێگەیشتن لە کۆمەڵگەی ڕووسیی پێش شۆڕشی ئۆکتۆبەر بێ خوێندنەوەی «ئۆبلۆمۆڤ» ئەستەمە. لە وتارەکانیشییدا بەردەوام دەستەواژەیەی «ئۆبلۆمۆڤشچینا» بۆ ڕەخنەگرتن لە پاشماوەی ئەقڵییەتی دواکەوتوو لە ناو دەوڵەت و دەزگاکانی حزبی بەکار دەهێنا، جەختی لەوە کردەوە که ئەقلێتی «ئۆبلۆمۆڤی کۆن» هەر ماوە، دەبێت بێ وچان لەم ئەقڵێتە بدرێت هەتاکو ئیفلیجبوون بەرۆکی دامەزراوەکی دەوڵەت نەگرێت.

لەم بەستێنەوە، ئەگەر سەیری واقعی سیاسی لە کوردستان بکەین، دەبینین کە چۆن نەخۆشیی ئۆبلۆمۆڤیزم بەرۆکی ژیانی سیاسی، ڕۆشنبیری و کۆمەڵایەتیی گرتووە. دۆخێک کە تێیدا عەقڵییەتی حوکمڕانی لە هەمان بەستێنی ئەقڵی ڕابردوو و قاڵبە فیۆداڵییەکاندا قەتیس بووە. هەمووان وەک «زاخار»ی خزمەتکار دەبینێت و نیازێتی تەواوی کۆمەڵ لە چوارچێوەی پاشکۆیەتییەکی بێئیرادەدا پێمل و قەتیس بکات. هەروەتر، هەلومەرجێکیش هاتۆتە ئاراوە کە باڵی کێشاوە بۆ ئیفلیجکردنی ژیانی سیاسی، کۆمەڵایەتی و ئابووری. هاوڵاتیش لەناو ئەم بەستێنەدا ناچارە کە لە سایەی ئەم ژینگە ئۆبلۆمۆڤییەدا ڕابێت، هەڵبەتە ئەم ڕاهاتنەش لە ڕێگای میدیایەکی ساختە و سازاندنی ڤیستیڤاڵ و دیدار و سەرگەرمییەوە بەردەوام وزەی بەبەردا دەکرێت. هەرچی پرۆژەی ستراتیژی و پتەوکردنی ژێرخانی ئابووری، سیاسی و کۆمەڵایەتیش هەیە، نەک وەلادەنرێت، بەڵکو ویستێکی ئەهریمەنئاساش هەیە بە تەواوی پایەماڵی بکات. تەنها یەک ویست هەیە کە توێژە دەسەڵاتدارەکە پێی سەرمەست بێت، ئەویش ئەوەیە کە لەناو ماڵێکدا بێت کە تەژی بێت لە «زاخار»؛ ئیتر گرنگ نییە کە ئایا ئەو ماڵە چارەنووسەکەی وێرانەماڵە یاخود نا؟

چارەنووسی زەخار لە کۆتایی ڕۆمانەکەدا، دوای ئەوەی ئۆبلۆمۆڤ کۆچی دوایی دەکات، وای لێ دێت کە چیتر نەتوانێت لە دەرەوەی ئەو بازنەیە بژی کە ئۆبلۆمۆڤ بۆی کێشاوە؛ دەبێتە دەرۆزەکەر و ناتوانێت کارێکی تر بکات، چونکە بەبێ وەفاداری بۆ گەورەیەک لە سەرووی خۆیەوە، ناتوانێت خاوەن شوناسێکی تر بێت و لەسەر پێیەکانی ڕابوەستێت. وەک دواپەیڤیش، کەم نین ئەوانەی لە کۆمەڵی کوردەواریدا کە لە پێناو دەستخستنی پاروویەک ناندا دەبنە زەخار و بۆیان گرنگ نییە کە تەڕ و وشک پێکەوە بسووتێت یان هاوچینەکەی لە ئازار و نەهامەتییدا گوزەران بکات، تەنها ئەوەیان لای گرنگە کە ئۆبلۆمۆڤە سێبەرەکەیان لێیان زویر نەبێت. بێئاگا لەوەی کە دەورانی ڕۆژگار گەلێک کارەکتەری ئۆبلۆمۆڤی گیرفانقوڵ و چاوچنۆکی هاڕیوە و گەلێک زەخاریشی بەدواییدا بێدەربەست جێهێڵاوە. لێرەدا، ئەو گوتەیەی پیرەمێردی شاعیر گەلێک جوانە بهێنرێتەوە بەر دید کە دەڵێت:

«کە باب هەبوو کەباب هەبوو، کە باب نەما کەباب نەما».

سەرچاوەکان:

  1. Goncharov, Ivan. Oblomov. Translated by David Magarshack. Introduction by David Magarshack and Milton Ehre. Penguin Classics, 2006.

2.Dobrolyubov, Nikolai. “What Is Oblomovism?”

3.Akhter, Javed. “Vladimir Lenin on Oblomov.”

تاگهزر
بڵاوکردنەوە: