نووسینی: شەنگار سابیر
پرسیاری ئەوەی “ئایا کورد فەیلەسوف یان هزرڤانی هەیە؟” وەک دکتۆر ( ئازاد حەمە ) بەم پرسیارە دەستپێدەکات و بەڵام بەگشتی خۆی ناتوانێت وڵامێکی فەلسەفی هەمان پرسیار بداتەوە و زیاتر بەناو مێژووی بیرمەند و فەیلەسوفەکاندا دێت و دەچێت؛ من لێرەدا هەوڵدەدەم وڵامی هەمان پرسیار بدەمەوە کە کاک دکتۆر لە خۆی دەکات. ئەم پرسیارە لە یەکەم نیگاوە وەک پرسیاری شوناس دەردەکەوێت، بەڵام لە بنەڕەتدا پرسیارێکە خۆی قووڵترە: فەیلەسوف کێیە؟ فەلسەفە چییە؟ کێ مافی ئەوەی هەیە کە کەسێک یان کۆمەڵێک بیر بە “فەلسەفی” ناوبنێت؟ بە چی پێوەرێک دەتوانرێت حوکم بدرێت کە کەلتوورێک “فەلسەفەی هەیە” یان نییەتی؟ لە ڕاستیدا، پێش ئەوەی وەڵامی پرسیاری «کورد فەیلەسوفی هەیە؟» بدەینەوە، پێویستە خودی ئەو پرسیارە بخەینە ژێر پرسیارەوە، چونکە زۆرجار ئەوەی بە ناوی وەڵامی پرسیارەکە نمایش دەکرێت، تەنها دووبارەکردنەوەی پێوەرێکە کە پێشتر دانراوە. کاتێک ڕۆشنبیرێک دەڵێت “کورد فەیلەسوفی نییە”، زۆرجار سێ بانگەشەی جیاواز تێکەڵ دەکاتەوە، یەکەم، “من فەیلەسوفێکی کورد ناناسم” دووەم، “لە مێژووی فەلسەفەدا ڕەوتێکی بەهێزی فەلسەفیی کوردی نییە”؛ سێیەم، “کورد هیچ فەیلەسوفێکی نییە”. ئەم سێ ڕستەیە هەمان شت نین. یەکەمیان سنووری زانیاریی تاکەکەسییە، دووەمیان بانگەشەیەکی مێژووییە و پێویستی بە لێکۆڵینەوە هەیە، سێیەمیشیان حوکمێکی گشتییە کە پێویستی بە پێناسە و بەڵگەی زۆر گەورەتر هەیە. ئەگەر کەسێک بڵێت “من کەسێکی فەیلەسوف ناناسم، کەواتە شتەکە بوونی نییە”، ئەوە نە ڕەخنەی فەلسەفییە و نە بەڵگە، تەنها گواستنەوەی سنووری نەزانینە بۆ حوکمێکی گشتی. بەڵام کێشەکە لەوەش قوڵترە. دەبێت بپرسین: ئەو “فەیلەسوف”ـەی کە بە پێوەری ئەو ڕۆشنبیرە دەبێت هەبێت، چۆن پێناسە کراوە؟ ئەگەر پێوەرەکە ئەوە بێت کە فەیلەسوف دەبێت سیستەمێکی مێتافیزیکی، ئەپستەمۆلۆژی، ئەخلاقی یان سیاسیی وەک کانت، هیگڵ یان هایدیگەری دروست کردبێت، ئەوا پرسیارەکە دەبێت ئەوە بێت کە بۆچی هەمان پێوەر بە هەموو کەلتوور و مێژووەکانەوە دەبەسترێتەوە؟
ئەگەر پێوەرەکە ئەوە بێت کە فەلسەفە تەنها ئەو بیرکردنەوەیەیە کە لە مێژووی ئەکادیمی “فەلسەفەی ڕۆژئاوا”دا بە ناوی Philosophy ناسراوە، ئەوا پێش ئەوەی کورد حوکم بدرێت، پێوەرەکە خۆی دەبێت دادگایی بکرێت. ئەمە بەو مانایە نییە ئێمە فەلسەفەی ڕۆژئاوا ڕەتکەینەوە . بە پێچەوانەوە، هیچ بیرکردنەوەیەکی جددی بەبێ گفتوگۆ لەگەڵ مێژووی بیرکردنەوەی پێش خۆی دروست نابێت. خوێندنەوەی کانت، هیگڵ، مارکس، نیچە، هایدیگەر، فوکۆ یان هەر ناوێکی دیکە لە ژینگەی دیکەدا، مانای نەبوونێکی سەربەخۆ و “ناڕەسەن” بە مانا هایدیگەریەکە ناگەینێت. کێشەکە لە خوێندنەوەی “ئەوان” نییە، تا ئێمە بڵێین مادام ئەوان هەن ئیمکان بۆ ئێمە سنوردارە یان کەمە، بۆیە مەحکوم بوون بە دووبارەکردنەوە بکەینە کێشەی بنەڕەتی. قسەکە ئەوەیە چۆن لەم سیمۆلەیشنە مێژووییەی فەلسەفە دەرچین؟ ئەگەر کانت بخوێنینەوە بۆ ئەوەی کانتیتر بین، ئەگەر هیگڵ بخوێنینەوە بۆ ئەوەی هیگڵێکی کوردی دروست بکەین، ئەگەر مارکس بخوێنینەوە بۆ ئەوەی تێزەکانی مارکس بە زمانی کوردی دووبارە بکەینەوە، ئەوا هێشتا خوێندکارانی مێژووی فەلسەفەین، نە فەیلەسوف. بەڵام ئەگەر کانت ببێتە ئامرازێک بۆ پرسیارکردن لە سنووری زانین لە کۆمەڵگەی خۆمان، ئەگەر مارکس ببێتە ئامرازێک بۆ خوێندنەوەی پەیوەندیی کار و سەرمایە و شار و کۆچ، ئەگەر نیچە ببێتە ئامرازێک بۆ خوێندنەوەی ڕەوشتی دەسەڵات و بەندەیی لە کۆمەڵگەی خۆمان، ئەوا ئێمە لە خاڵی وەرگرتنی فەلسەفە دەچینە ناو خاڵی فەلسەفەکردنەوە یان فەلسەفاندنەوە. لەبەر ئەمە، فەیلەسوفبوون بڕوانامە نییە و پۆستێکی ئەکادیمی نییە، شێوازێکی تایبەتی بوونی مرۆڤە لەگەڵ پرسیاردا. فەیلەسوف ئەو کەسە نییە کە تەنها زۆر دەزانێت، بەڵکو ئەو کەسەیە کە دەتوانێت لەو شتانە بپرسێت کە خەڵکی بەبێ پرسیارکردن قبوڵی دەکەن “ئەمە وایە” بۆی نابێتە بەڵگەی کۆتایی وابوونەکەی، دەبێتە دەستپێکی “بۆچی وایە؟”. “ئەمە ڕاستە” دەبێتە “چۆن دەزانین کە ڕاستە؟”. “ئەمە باشە” دەبێتە ئەوەی “باشی خۆی چییە؟”. “ئێمە کوردین” دەبێتە “کوردبوون چییە؟ چۆن دروست بووە؟ و چۆن دەگۆڕێت؟”. “دەوڵەت” دەبێتە پرسیار، “نەتەوە” دەبێتە پرسیار، “ئازادی” دەبێتە پرسیار، تەنانەت “خودی خۆمان” دەبینەوە بە پرسیار. بەو مانایە، یەکێک لە مەرجە سەرەکییەکانی فەیلەسوفبوون توانای پرسیارکردنە لەوەی کە شتەکە بەشێوەیەکی سروشتی و ئاشکرا وەرگیراوە. مەرجی دووەم توانای دروستکردنی چەمکە، نەک تەنها بەکارهێنانی چەمکەکانی کەسانی تر.
مەرجی سێیەم توانای ڕەخنەگرتن لە خۆتە، نەک تەنها ڕەخنەگرتن لە دوژمن یان ستایشکردنی لە کۆنسێپتدا. مەرجی چوارەم توانای گۆڕینی ئەزموونی تایبەتییە بۆ پرسیارێکی گشتی. مرۆڤ دەتوانێت لە کۆچی خۆی، لە بێدەوڵەتی، لە شار، لە زمان، لە خۆشەویستی، لە ترس، لە کار، لە هەژاری یان لە تەنیایی خۆی قسەبکات، بەڵام تا ئەو ئەزموونە نەگاتە ئاستی چەمکسازی و ئەرگۆمێنت، هێشتا لە ئاستی ئەزموونی تاکەکەسیدا دەمێنێتەوە. فەلسەفە ئەوەیە ئەزموونی تایبەتی بکەیت بە پرسیارێک کە کەسانی تر بتوانن تێیدا خۆیان ببینن و لەگەڵیدا مشتومڕ بکەن. لەبەر ئەمە، شاعیربوون بۆخۆی فەیلەسوفبوون نییە، ئەمە گەورەترین بەدحاڵی بوونە . سیاسیبوون بۆخۆی فەیلەسوفبوون نییە، عارفبوون دوور و نزیک پەیوەندیەکی لۆژیکی بە فەیلەسوفبوونەوە نییە، هەستی زانایەتییەکی زۆر بە خود مەرج و پێشمەرجی فەیلەسووفبوون نییە. بە هەمان شێوە، نووسینی وشەی “فەلسەفە” لەسەر ناونیشانی کتێبێک هیچ شتێک ناسەلمێنێت. ئەوەی گرنگە شێوازی دروستکردنی بیرە: چۆن پرسیارەکە دابمەزرێنرێت، چۆن ئەرگۆمێنت دروست دەکرێت، چۆن بیرۆکەکە دژ بە خۆی تاقی دەکرێتەوە و چۆن چەمکێکی نوێ یان تێگەیشتنێکی نوێ دروست دەکرێت. ئەمەش ڕێگامان پێدەدات کە لە هەمان کاتدا دوو هەڵەی دژ بە یەک بەتاڵ بکەینەوە. هەڵەی یەکەم ئەوەیە بڵێین “کورد هیچ فەلسەفەی نییە”، و هەڵەی دووەم ئەوەیە بۆ پاراستنی شانازیی نەتەوەیی، هەر شاعیر و عارف و زانا و نووسەرێکی کورد بە فەیلەسوف بناسێنین. یەکەمیان ڕەتکردنەوەی مێژووییە،دووەمیان بێبەهاکردنی خودی فەلسەفەیە. ئەگەر هەموو کەسێک بە فەیلەسوف ناوبنێین تەنها بۆ ئەوەی بتوانین بڵێین “ئێمەش فەیلەسوفمان هەیە”، ئەوا فەلسەفەمان کردووە بە ئامرازێک بۆ سەلماندنی ناسنامە، ئەمە خۆی جۆرێکە لە شکست. چونکە فەلسەفە لە بنەڕەتدا دژ بە هەر شێوەیەکی ساختەکردن و کۆنکرێتیەتی ناسنامەیە. فەیلەسوف تەنها دەوڵەت و دەسەڵات و دوژمنانی خۆی نیگا ناکات ” خودی خۆشی” دەخاتە ژێر پرسیارەوە. ئەگەر کەسێک بتوانێت هەموو شتێک ڕەخنە بکات بەدەر لەو ناسنامەیەی خۆی خۆشی دەوێت، ئەوا ڕەخنەکەی هێشتا نیوەیە و دەکرێت بڵێین بەتاڵیشە. فەلسەفە لەو ساتەدا ڕاستەقینە دەبێت کە بتوانێت ئەو بیرۆکەیەش بخاتە ژێر پرسیارەوە کە خۆمان شەڕی بۆ دەکەین. لەبەر ئەمە، پرسیاری ڕاستەقینە نابێت ئەوە بێت کە “کورد چەند فەیلەسوفی هەیە؟”.
ئەمە پرسیارێکی ژمێریارییە، نەک فەلسەفی. پرسیاری جدیتر ئەوەیە: “کوردستان چەند جار توانای ئەوەی هەبووە ئەزموونی مێژوویی و کۆمەڵایەتیی خۆی بگۆڕێت بۆ تێگەیشتنێکی نوێی فەلسەفی؟”. چەند توانای ئەوەی هەبووە لە خۆی تێبگات؟ ئەم پرسیارە ڕاستەوخۆ دەمانباتە ناو کێشەیەکی تر: جیاوازیی نێوان تاکی بیرمەند و ژینگەی فکری. فەلسەفە تەنها لە مێشکی سوبێکتێکی زیرەکدا دروست نابێت. پێویستی بە زمان، کات، چاپ، خوێنەر، گفتوگۆ، قوتابخانە، زانکۆ، دامەزراوە، ئازادیی ڕەخنە و کۆمەڵێک خوێنەر و نووسەر هەیە کە بتوانن لەسەر یەکدی بنووسن، یەکدی ڕەت بکەنەوە و یەکدی پەرە پێ بدەن. کۆمەڵگەیەک دەکرێت تاکی زۆر زیرەکی هەبێت، بەڵام ئەگەر ئەو تاکانە لەگەڵ یەکدیدا دیسکۆرس دروستنەکەن و نەبنە بەشێک لە ڕەوتێکی بەردەوامی بیرکردنەوە، ئەوا لەوانەیە “بیرکەرەوە یان ڕۆشنبیر” وەک ئیندیڤیچواڵ هەبێت، بەڵام “کۆمەڵگەی فکری” دروست نابێت. لێرەدا ئەو بانگەشەیەی “کورد فەیلەسوفی نییە” دەبێت بە شێوەیەکی تر بخوێندرێتەوە. لەوانەیە پرسیارەکە نەبوونی توانای فەلسەفیی کورد نەبێت، لەوانەیە پرسیارەکە نەبوونی ئەو مەرجە ماددی و دامەزراوەییە بێت کە بیرکردنەوەی فەلسەفی بتوانێت لەناویدا بەردەوام بێت. کۆمەڵگەیەک کە بە درێژایی مێژوو لەگەڵ شەڕ و دەسەڵات و کۆچ، بێدەوڵەتی، سەرکوت، دابڕانی دامەزراوەکان و کێشەی شوناس ڕووبەڕوو بووە، بە هەمان شێوەی کۆمەڵگەیەکی ئارام و دامەزراو مەرجی بەرهەمهێنانی بیرکردنەوەی درێژخایەنی نییە. ئەمە بە هیچ شێوەیەک حوکمی “نەتوانین” نییە، ڕوونکردنەوەی مەرجەکانە. بەڵام لە هەمان کاتدا نابێت ئەم ڕوونکردنەوەیە ببێتە بەهانە. چونکە لە کۆتاییدا، هیچ کۆمەڵگەیەک بۆ هەمیشە ناتوانێت بڵێت “مێژوو ڕێگەی پێ نەداین”. لە خاڵێکدا دەبێت پرسیار بکەین: ئێستا چی دەکەین؟ ئەگەر کورد فەلسەفەی خۆی نییە، ئەوا کارەکە تەنها ئەوە نییە کە بگەڕێینەوە بۆ مێژوو و ناوی کەسانێک کۆ بکەینەوە.
کارەکە دروستکردنی ئەو ژینگەیەیە کە بیر بتوانێت لەناویدا بەرهەم بهێنرێت، دژ بە خۆی بوەستێت و بەرەو پێش بچێت. لەوێشدا پرسیاری فەلسەفیی کورد دەبێت لە خودی ئەزموونی کوردستانەوە دەست پێ بکات، بەڵام تیایدا ئەبستراکت نەبێت و نەوەستێت. کوردستان دەتوانێت ببێتە مادەی فەلسەفە، نە بەو مانایەی کە فەلسەفەیەکی “نەتەوەیی” لە هەناوی ئایدۆلۆجیایەکی ناسیونالیستیەوە سەرڕێ بخات، بەڵکو بەو مانایەی کە ئەزموونە تایبەتەکانی خۆی بکاتە پرسیارێکی گشتی. بێدەوڵەتی دەتوانێت ببێتە پرسیارێک لە سروشتی دەوڵەت و حاکمێتی. کۆچ دەتوانێت ببێتە پرسیارێک لە ناسنامە و خود. زمان دەتوانێت ببێتە پرسیارێک لە سنووری بیرکردنەوە. شار دەتوانێت ببێتە پرسیارێک لە پەیوەندیی نێوان مرۆڤ و فەزا. نەتەوە دەتوانێت ببێتە پرسیارێک لەوەی چۆن “ئێمە”یەکی نوێ دروست دەکرێت. سەرمایەداری دەتوانێت ببێتە پرسیارێک لەوەی چۆن ژیانی ڕۆژانە، ئارەزوو و پەیوەندییە مرۆییەکان دەگۆڕێت بۆ سایبۆرگیەتێکی نەرم و مەتاتی. ئەوەی لێرەدا گرنگە ئەوەیە کە ئەم پرسیارانە نابێت تەنها وابەستە بە “کێشەی کورد” بمێننەوە. ئەگەر فەلسەفە تەنها بتوانێت دەربارەی کورد قسە بکات، هێشتا لە قەفەسی ناسنامەدایە. فەلسەفە لەو ساتەدا گەورە دەبێت کە لە کوردستانەوە دەست پێ بکات و بگاتە مرۆڤ. واتە لە پرسیاری “بێدەوڵەتیی کورد”ەوە بگاتە پرسیاری “دەوڵەت چییە؟” لە پرسیاری “کوردبوون”ـەوە بگاتە ئەوەی “نەتەوە چۆن دروست دەبێت؟” لە پرسیاری “کۆچی کورد”ـەوە بگاتە ئەوەی “سوبێکت چۆن لە شوێن و یادەوەری و زماندا دروست دەبێت؟”.
لێرەدا دەگەینە خاڵێکی گرنگ، خاوەنداریکردن لە خودی فەلسەفە بە مانای دانانی مۆری نەتەوەیی بەسەر فەلسەفەدا نییە و نایات. هیچ کەلتوورێک ناتوانێت بڵێت فەلسەفە موڵکی منە. بەڵام هەر کەلتوورێک دەتوانێت جیهانی خۆی بکاتە مادەی بیرکردنەوە و پرسیارێکی نوێ لەناو ئەزموونی خۆیەوە دروست بکات. ئەوەی کورد پێویستی پێیەتی ئەوە نییە کە بە هەر نرخێک بێت “فەیلەسوفێ کورد”ـی بدۆزێتەوە بۆ ئەوەی بەرامبەر بە ڕۆژئاوا سەری بەرز بکاتەوە. بەڵکو پێویستی بەوەیە بتوانێت لە شوێنی خۆیەوە بیرێک دروست بکات کە تەنها دووبارەکردنەوەی ڕۆژئاوا نەبێت. بۆیە کۆتایی پرسیارەکە نابێت ئەوە بێت: “ئایا کورد فەیلەسوفی هەیە؟” بەڵکو سەرەتای پرسیارەکە دەبێت ئەوەبێت، ئایا کورد دەتوانێت پرسیارێکی فەلسەفی دروست بکات؟دەتوانێت لە جیهانی خۆیەوە چەمکێک دروست بکات کە جیهان ناچار بێت لەگەڵیدا گفتوگۆ بکات. تا بتواین کۆنسێپتی کۆتایی پرسیارەکەش دستکاری بکەین. فەلسەفە لە کۆتاییدا ناوی کەسێک نییە، کرداری بیرکردنەوەیە. فەیلەسوف ئەو کەسە نییە کە زۆرترین فەیلەسوفەکانی پێش خۆی دەناسێت، ئەو کەسەیە کە بتوانێت لەو شوێنەی کە هەمووان وەڵامێکی ئامادە و نزیک لە دینی یان ترانسێندینتاڵیان بۆی هەیە، پرسیارێکی نوێ دروست بکات. کێ پێوەری فەلسەفەی داناوە؟ بۆچی دەبێت ئێمە خۆمان بەو پێوەرە بسەلمێنین؟ لێرەدایە کۆمەکێکی گەورە لە فیکری مەسعود محەمەد وەک نموونەیەکی درەوشاوەی عەقڵییەتی ڕەخنەیی کوردی وەردەگرین: ئەو بیرمەندەی کە پێش ئەوەی بکەوێتە داوی دووبارەکردنەوەی فیکری ڕۆژئاوا یان تەسلیمبوون بە دۆخی باو، خودی مێتۆدە فیکرییە باڵادەستەکان و پێوەرە دۆگماکانی خستە ژێر پرسیار و لە فەزایەکی لۆژیکیدا هاوسەنگیی بۆ چەمکی مرۆڤ و عەقڵ گەڕاندەوە [١]. ئەگەر فەلسەفە بەڕاستی فەلسەفە بێت، ئایا ئەرکی یەکەمی ئەو نابێت هەمان ئەو پێوەرە بسڕێتەوە و لە دەرەوەی قاڵبە چەسپاوەکانەوە دیسان بیر بکاتەوە؟ لەوێوە ئەو پرسیارە کوردییە کە “ئایا فەیلەسوفمان هەیە؟” بگۆڕێت بۆ پرسیارێکی گەورەتر، قووڵتر و ترسناکتر کە ڕێک لە فیکری یاخی و داڕێژەرەکەی مەسعود محەمەدەوە سەرچاوە دەگرێت: ئێمە دەتوانین چی بە جیهان بڵێین بە زمان و تێڕوانین و تێفکرینی خۆمان کە جیهان پێشتر بە ئێمەی نەگوتبێت؟
من ئەم پرسیارە بە کراوەیی بەجێ دێڵم تا ئیمکان بۆ دیسکۆرس بکرێتەوە و لانیکەم دەستگیربین لە تەک ئەوەی بۆ فەیلەسوفمان نییە یان چۆن ژینگەیەکی فەلسەفی درووستبکەین.


