گۆرانییەک لەگەڵ مرۆڤە شێتەکەی ناوەوەم

68
0
بڵاوکردنەوە:

شەنگار سابیر

 

کەس هێندەی خۆم ئەو جیهانە شێتە ناناسێت کە لەناومدایە.

شارستانیەتێک لەشێتی،

شارستانیەتێک لە لادان و یاخی بوون و لەزەت.

لەزەت لە هەموو شتێک کە شارستانیەتەکانی دەرەوە

ناویان ناوە حەرام

لادان چییە جگە لەوەی دەستدرێژی بکەیتە سەر ئەوەی

خەڵکی لایان جوانە

لادان چییە جگە لە تێکدان و ناڕێکی هەموو شتێک..

من شێتم

هەزاران هێکتار لە ناشوێن  《جنون 》لە ناومدایە،

شێتم دەربارەی تەفسیرەکانی عاقڵ بوون

شێتم دەربارەی ڕۆح

شێتم دەربارەی هەموو نەزمێکی ژیان،

ڕقم لەو شتەیە ئێوە ناوتان ناوە خۆر ئاوابوون،

شێتم دەربارەی خەلیقەت،

دەربارەی هەموو چرکەساتێکی بوون.

زۆر جار کە لەخۆم دەڕوانم سەیری شتێکیتر دەکەم،

سەیری شێتییەک دەکەم لە سیمۆلەیشندا

شەقام و باران و ئێواران شتگەلێکی بێمانان

هەتا نەگەیتە خوارەوەی شێتی نازانی

ئەو شەقامانەی پیاسەیان تێدا دەکەیت

شتانێکن خەڵکی ناوی ناون

کە مرۆڤ ناوی لە هەموو شتێک نا بۆ ئەوە بوو

شێتێتی بشارێتەوە..

هیچ گۆرانییەکمان نییە بۆ شێتبوونی ناوەکی،

هەر بۆیە خەڵکیش ڕقیان لە فەلسەفەیە.

عاشقەکان شێتییان بەس لە حیکایەتەکاندا خۆشدەوێت

کەس بەرگەی ناوەوەی خۆی ناگرێت.

مەعشەری شاعیران لە دەرەوە ڕێک و پێکن

هیچ سیاسیەکیش سەرچۆپی ڕەشبەڵێکی شێتی ناگرێت..

خوداکان بە غەفڵەتی خۆیانەوە دەنازن و

دەرەختی زانینیش سێوی شێتێتی تر ناگرێت..!

کەس هێندەی خۆشم شێتێتیەکەمی خۆشناوێت.

ئەوەی باشە،

پۆلیسەکان نازانن لەناو کۆمەڵێک مرۆڤدا ئاژاوەیەکی نەبڕاوە هەیە

پۆلیسەکان دیوە تاریکەکەی بوون نابینین

بۆیە شێتەکان ناگیرێن.

دەرمانخانەکانیش بۆ شێتەکان نین،

هیچ دکتۆرێک مەرهەمی شێتی لانییە،

بۆیە زامی شێتەکان نابینرێن..

شێت بوون ئەوەندەی ژانرێکی ڕۆحییە،

ئەوەندە دۆزینەوەیەکی کلینیکی نییە.

شێتی بەرهەمی تێکچونێکی گەردوونییە،

باخی شێت و گوڵی دەستوەشێن

لەفیترەتی نیگاکانی ئێوە نییە،

دەشتی وەحشی و مەزرای سەرگەردان،

باڵندەی شێت و ئەسپی ڕامنەکراو،

بەشێکن لە شا دەماری حەقیقەت و

هیچ پەیوەندییەکیان بە کۆتایی و قیامەتی

ژیانەوە نییە.

خۆمم لەبەر شێتێتیەکەم خۆشدەوێت.

ئەوەی کە کیشوەرێکم بەجێهێشت

لە پێناو ئەوەدابوو ڕێزی زۆرم بۆ شێتی خۆم هەیە،

ئەوەی کە نەفرەتم لە زەوی و ئاسمانەکان کرد

لە پێناو ئەوەدابوو، حەقیقەتی خۆمم خۆشدەوێت،

باوەڕم بە ناڕێکی پووچی خۆم هەیە.

بڵاوکردنەوە: