نووسینی: شارۆ شاهۆ
لە تەمووزی ٢٠٢٦، لە بارەگای نەتەوە یەکگرتووەکان لە نیویۆرک، لیژنەی زانستیی سەربەخۆی نێودەوڵەتیی نەتەوە یەکگرتووەکان دەربارەی زیرەکیی دەستکرد، ڕاپۆرتێکی گرنگیان دەرچواند؛ ناوەڕۆکەکەی هێندە بایەخدار بوو، سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان (ئەنتۆنیۆ گۆتێرس) خۆی ڕایگەیاند و بەڕوونی ئاماژەی بەوە دا: «لە نەبوونی یاسای هاوبەشدا، هەتاکو مۆدێلەکانی زیرەکیی دەستکرد بچنە پێش، ئەنجامەکان بە جۆرێک دەبن هاووڵاتیان و حکومەتەکان دەنگ و دەسەڵاتیان تێدا کەمتر دەبێت.» ناوەڕۆکی ڕاپۆرتەکە گەیشتووە بەو دەرئەنجامەی کە ٩٠٪ی زیرەکیی دەستکرد بەتەنها لە دەستی دوو وڵاتدایە؛ ئەوانیش چین و ئەمریکان (٧٥٪ لە ئەمریکا و ١٥٪ لە چین)، لە کاتێکدا سەرجەم وڵاتانی تری جیهان تەنها ١٠٪ی بەردەکەوێت، ئەمەش نایەکسانیی لە بەڕێوەبردن و پێشڕەویی ئەم تەکنەلۆژیایەدا دروست کردوە.1
هەروەها، ئاماژەی بەوە داوە هیچ گرەنتییەکی زانستی نییە بیسەلمێنێت ئەم تەکنەلۆژیایە لە دەستی مرۆڤدا دەمێنێتەوە؛ چونکە لە تاقیگەدا سیستەمەکانی زیرەکیی دەستکرد بەرگرییان کردوە لە کوژاندنەوەیان لەلایەن مرۆڤەوە. وێڕای ئەم باسە، نووسەرانی ئەم ڕاپۆرتە هۆشداریی ئەوەیان داوە کە زیرەکیی دەستکرد ئەو ڕاستییە هاوبەشە پایەماڵ دەکات کە حوکمڕانیی دیموکراسی پشتی پێ دەبەستێت. لە دیاترین ئەو هۆشدارییانەی کە ئەم ڕاپۆرتە خستویەتیە بەر باس، خێرایی بڵاوبوونەوەی بەکارهێنەرانی زیرەکیی دەستکردە؛ باسی لەوە کردوە کارەبا دەیان ساڵی پێویست بوو هەتاکو گەیشتە زۆرینەی ماڵەکان، یاخود بەجیهانیبوونی ئینتەرنێت پێویستی بە نزیکەی ١٥ ساڵ هەبوو تاکو گەیشتە یەک ملیار بەکارهێنەر، بەڵام چاتجیپیتی (ChatGPT) لە ماوەی دوو مانگدا گەیشتە ١٠٠ ملیۆن بەکارهێنەر!2 وێڕای ئەوەش، ڕاپۆرتەکە ئاماژەی بەوە داوە زیرەکیی دەستکرد زیانێکی گەورەی بە خانمان گەیاندوە و ٩٩٪ی ئەو ڤیدیۆیانەی کە فەیکن و زۆر لە واقیعەوە نزیکن (deepfake) لەسەر خانمان دروست کراون، بەتایبەت خانمانی ڕۆژنامەنووس و چالاکوانان، ئەمەش بۆ زیادکردنی ڕەق و ناوزڕاندن بووە لە بەرامبەریان لەلایەن ئەو کەس و گروپانەی کە هەڵگری گوتاری ژن بێزین. لە لایەکی ترەوە، کارکردن لە بواری زیرەکیی دەستکردا بەتەواوی لەژێر دەسەڵاتی پیاواندایە، بە جۆرێک کە ٨٨٪ی لێکۆڵەرە سەرەکییەکانی ئەم بوارە پیاون.3
وێڕای ئەوەش، زیرەکیی دەستکرد مەترسیی لەسەر مافەکانی منداڵانیش دروست کردوە کە ڕاپۆرتەکە ئاماژەی پێیداوە، بە جۆرێک مەزنەدە دەکات وێنەی نزیکەی ١.٢ ملیۆن منداڵ لە ١١ وڵاتی جیهان بۆ دروستکردنی وێنەی نەشیاوی سێکسی دەستکاری کرابن، و ئەم دیاردەیەش بە شێوازێکی مەترسیدار ڕوو لە زیادبوونە؛ بە جۆرێک تەنها دامەزراوەی چاودێریی ئینتەرنێت (Internet Watch Foundation) لە ساڵی ٢٠٢٥دا هەڵسەنگاندنی بۆ زیاتر لە ٨,٠٠٠ وێنە و ڤیدیۆی دروستکراوی سێکسیی نەشیاوی منداڵان کردووە کە لە ڕێگەی زیرەکیی دەستکردەوە دروستکراون.4 یەکێکی تر لە مەترسییەکان، پرسی زمانە لەناو مۆدێلەکانی زیرەکیی دەستکرددا؛ سەرەڕای ئەوەی زیاتر لە ٧,٠٠٠ زمان لە جیهاندا قسەیان پێ دەکرێت، بەڵام مۆدێلە ئێستاکانی زیرەکیی دەستکرد بەشێکی زۆر کەم لەم زمانانەی لەخۆ گرتوە، تەنها زمانێکیش کە پشکی شێری بەردەکەوێت بۆ بەکارهینان و برەوپێدانی لەناو مۆدێلەکانی ژیری دەستکردا زمانی ئینگلیزییە.5
مەترسییەکی تر، کە لەم ڕاپۆرتەدا ئاماژەی پێ نەدراوە، پرسی دروستکردنی ڤایرۆسی بایۆلۆجییە بە زیرەکیی دەستکرد؛ کە ناوەندە زانستییەکانی جیهانی هەژاندووە، چونکە ئەگەری هەیە لە ئایندەدا گروپە تیرۆریستییەکان بتوانن دەستیان ڕابگات بە دروستکردنی ڤایرۆس لەم ڕێگایەوە. لە سەرەتای مانگی ئابدا، توێژەرانی زانکۆی ستانفۆرد و پەیمانگای ئارک (Arc Institute) بە مۆدێلێکی زیرەکیی دەستکرد توانیان ڤایرۆسێک لە سفرەوە دروست بکەن. سەرەتا هەزار دیزاینی دی ئێن ئەی بەرهەم هێنا، پاشان زاناکان ٣٠٠ دیزاینیان هەڵبژارد و وەک DNA چاپیان کردن، کە ١٦ دانەیان سەرکەوتوو بوو؛ ئەوەی جێگای سەرنج بوو، هەندێک لەم ڤایرۆسە دروستکراوانە زۆر کاریگەرتربوون لە کوشتنی بەکتریاکاندا لە چاو ڤایرۆسی سروشتی!6 بەڵام باشییەکەیان لەوەدایە ئەم ڤایرۆسە دروستکراوانە لە ئێستادا ناتوانن مرۆڤ تووشی نەخۆشی بکەن، تەنها بەرەنگاری ئەو بەکتریایانە دەبنەوە کە دەرمانەکانی ئەنتیبایۆتیک ناتوانن لەناویان بەرن، کە ئەمەش ئامانجی تاقیکردنەوەکە بوو. شایەنی ئاماژە بۆکردنە، ئەو لێکدانەوەی کە هاوپێچ لەگەڵ توێژینەوەی ئەم بابەتەدا بڵاو کراوەتەوە، کە لەلایەن دوو توێژەری بواری ئاسایشی بایۆلۆجی (تۆماس ئینگڵزبی و مۆریتز هانکی) لە زانکۆی جۆنز هۆپکینز نووسراوە، بەڕوونی هۆشدارییەکی مەترسیدار دەدات: توانای دروستکردنی جینۆمی ڤایرۆسی بە یارمەتیی زیرەکیی دەستکرد ئێستا بوونی هەیە، بەڵام ئەو یاسا و سیستەمە بوونی نییە کە بە سەلامەتی بەڕێوەی ببات.7
مۆریتز هانکی بە ڕۆژنامەی نیۆرک تایمزی ڕاگەیاندوە، ئەگەری هەیە کە کەسێکی شارەزا لەم بوارەدا بە زیرەکیی دەستکرد ڤایرۆسێکی لەم شێوەیە دروست بکات کە زۆر کوشندەتر بێت لە هەر جۆرە ڤایرۆسێکی بایۆلۆجی کە مرۆڤایەتی ئەزموونی کردبێت. ڕاستە دروستکردنی ڤایرۆس پێویستی بە تاقیگە و سەرچاوەی زۆرە، بەڵام پێشتر قورسترین شت دیزاینکردنی بوو؛ کەچی ئێستا ئەم بەربەستە نەماوە بەهۆی زیرەکیی دەستکردەوە.8 ترسەکەش ئەوەیە یاسایەک نییە ڕێگری بکات لە فرۆشتنی ئەو مۆدێل و سیستەمە ژیرییە دەستکردانەی کە بە ئاسانی دەتوانرێت ڤایرۆسی بایۆلۆجی پێ دروست بکرێت؛ تەنها دەریچەیەکیش ئەوەیە کۆمپانیاکان خۆیان خۆبەخشانە ڕێگری بکەن لە بڵاوبوونەوەی ئەم مۆدێلانە و نەکەوتنە دەستی کەسانی خراپەکار و تیرۆریست. گرنگیی ئەم بابەتەش پاڵنەر بووە هەنگاوێکی هاوبەش لەلایەن دوو سیناتۆری ئەمریکاوە سەرڕێ بخرێت؛ سیناتۆر تۆم کۆتۆن (کۆماری لە ئارکانزاس) و سیناتۆر ئیمی کلۆبوچار (دیموکرات لە مینیسۆتا) پڕۆژەیاسایەکیان پێشکەش کردووە بە کۆنگرێس کە وەزارەتی بازرگانی ناچار دەکات ڕێکار و سیستەمی توند بۆ تاقیگەکانی دروستکردنی جین دابنێت. بەپێی ئەم پڕۆژەیاسایە، پێویستە تاقیگەکان پشکنینی ورد بۆ کڕیار و داواکارییەکانیان بکەن بۆ ڕێگریکردن لەوەی لایەنی خراپکار دەستیان بە جینۆمی DNAی مەترسیدار ڕابگات. هاوکات وەزارەتی بازرگانیش ڕاسپێردراوە بە هاوکاریی دەزگا فیدراڵییەکانی ناوخۆی ئەمریکا، لیستی ئەو زنجیرە جینەتیکییە هەڕەشەئامێزانە ئامادە بکەن کە ئەگەری هەیە بکوژە زنجیرەییەکان یان گروپە تیرۆریستییەکان دەستیان پێی ڕابگات و کارەساتی پێ بنێنەوە.9
دواپەیڤ و ئەنجامگیری
هەڵێنجان لەم بابەتەوە گرنگە دامەزراوەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان و لایەنە پەیوەندیدارەکان بە گرنگییەوە بڕواننە ڕاسپاردەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ پرسی زیرەکیی دەستکرد و گرتنەبەری ڕێکاری یاسایی و ئەقڵانیی دروست بۆ بەرگرتن لە لێکەوتە مەترسیدارەکانی زیرەکیی دەستکرد، بەتایبەت لەلایەن دامەزراوە ئاسایشپارێزەکانەوە. نکوڵی ناکرێت لەوەی کە زیرەکیی دەستکرد سوودی زۆر هەیە ئەگەر بە تەندروستانە و لە چوارچێوەیەکی ئیتیکیدا بەکار بهێنرێت کە کاریگەری نەبێت لەسەر دابەزینی ئاستی هۆشیاریی تاک و خراپ بەکارهێنانی؛ بەتایبەت لەم ماوەکانی ڕابردوودا زیرەکیی دەستکرد بووەتە چەکێکی مەترسیدار لە دروستکردنی هەواڵی ساختەی نێوان پارتە سیاسییەکان، ناوزڕاندن، دروستکردنی وێنەی نەشیاو، و شێواندنی ڕاستی و بەڵگەکان. هەر بۆیە دەرچوواندنی پڕۆژەیاسا و ڕێنوومیی تایبەتمەند لەم ڕووەوە بووەتە پێویستییەکی نکوڵیلێنەکراو؛ چونکە نابێت ئەوە لە بیر بکەین کە ئێستا ئێمە لە سەردەمی مۆدێلی بریکارەکانی زیرەکیی دەستکردین (AI Agents)، و ئەگەر هەنگاو بۆ قۆناغەکانی ئایندەی زیرەکیی دەستکرد بنێین؛ وەک گەیشتن بە زیرەکیی دەستکردی گشتی (AGI) و دواتر زیرەکیی سەروو مرۆڤ (ASI)، بێ زەمینەسازی و پلانی پێشوەختە، هەرگیز ناتوانین لەگەڵ خێرایی و مەترسییە بێوێنەکانیدا هەنگاو بنێین و کۆنتڕۆڵی بکەین.
سەرچاوەکان
- Independent International Scientific Panel on AI, Preliminary Report of the Independent International Scientific Panel on AI (July 2026), 16.
- Ibid., 11.
- Ibid., 38.
- Ibid., 25–26.
- Ibid., 40.
- This A.I. Just Created Viruses Not Found in Nature.” The New York Times, August 6, 2026.
- Inglesby, Thomas V., and Moritz S. Hanke. “AI-Designed Viral Genomes.” Science 393, no. 6811 (August 6, 2026): 563–564.
- James Gallagher, “Artificial Intelligence used to design brand new viruses,” BBC News, August 6, 2026, https://www.bbc.com/news/articles/c5y3j3ngevmo.
- This A.I. Just Created Viruses.
- Tiron, Roxana. “Senators Seek Stricter DNA Screening to Stop Bioweapons Spread.” Bloomberg Government, July 6, 2026. https://news.bgov.com/bloomberg-government-news/senators-seek-stricter-dna-screening-to-stop-bioweapons-spread



