نووسینی: کاوە جەلال
2-5 ستاتۆی ئێستێتیکی
سروشت وەک یەکەم ئافرێنەری مرۆڤ هەر لە سەرەتاوە ئاوەزی بەو داوە، کەواتە ئاوەزمەندە، وەلێ ئەو بە زمانی شیلەر جارێ مرۆڤی ئاوەز نییە. ئەو تەنیا بە پەروەردەی ئێستێتیکی بەم ڕەوشە دەگەیەنرێت و لە ناخیدا ئازادیی ئاکاری دێتەگۆڕێ. ئێمە دەبێت لێرەدا ڕەچاوی لایەنێکی کرۆکی بکەین: شیلەر وەک هزرڤانێکی مۆدێرن بناغەی پەروەردەی ئێستێتیکی دەڕێژێت، ئەمەش بەواتای، ئەو „دەرچەی سفر“ بۆ ئەو پەروەردەیە دەچەسپێنێت.
بێگومان دەرچەی سفر واتای „هیچ“ (نابوون) ناگەیەنێت، بەڵکو بێمەبەستی و ئازادیی تەواوەتیی مرۆڤە کە نە لە ڕووی دەرکی و نە لە ڕووی ئاوەزییەوە پابەندی ڕێنومای ئەمپیرییە، یان پابەندی ڕەمەک و رۆڵی جڤاکییە. دەرچەی سفر تەنیا ستاتۆی گەمەیە کە شیلەر ناوی دەنێت „میزاجی ئێستێتیکی“. لەم ستاتۆیەدا مرۆڤ سەرجەمیانە بە میزاجی ناوبراو دەتەنرێت، ئەو ئێستا تەنیا گەمەڤانێکی شادیبینە لە دەرکەوتەی ئێستێتیکی (نەک لۆژیکی)، بەوەش ئێستا لای ئەو جیهانێکی دیکەی گەمە و دەرکەوتە بەخامۆشی لەنێو جەرگەی جیهانی ترسناکی هێزەکان و جیهانی پیرۆزی یاساکانەوە ئاوەڵا دەبێت. ئێستا لەنێو مرۆڤی لێڵنەبوودا کە لە کۆتی سەرجەم زەبری فیزیکی و ئەخلاقی بەردراوە، مرۆڤایەتی دیاردەدات. ئاخر میزاج لە ڕووی مەئریفەوە نە گرنگیدانی هەیە و نە بەرهەم دەخاتەوە، چونکە جوانی هەرگیز سەرئەنجامێکی دیاریکراو بە زەین و ویست نادات، هەروەها هیچ مەبەستێکی هزری و ئەخلاقی بەجێناگەیەنێت.
گەرچی جوانی جیانەبۆوە پابەندی شعورە، وەلێ مرۆڤ ناتوانێت تەنیا بە شعور پێشبینیی جوانی بکات، بەڵکو ئەو دەبێت بۆ ئەو مەبەستە فێری هزرین ببێت تا لە هەستی پەتیی ژیانەوە بە هەستی جوانی بگات. کاتێک مرۆڤ وەک وەرگر (ڕێسیپیەنت) لە ستاتۆی ئێستێتیکیدا موئایەشەی جوانێتی دەکات، ئیدی بەو ڕێیەوە ئازادیی ناخەکییانەی خۆی دەناسێت، ئێستا سەربەخۆیی ئاوەز (یان کەس) لەنێو کایەی توانستی دەرکگیریی ئەوی گەمەڤاندا ئاوەڵا دەبێت و هاوکات سنوور بۆ شعورکردنی دادەنێت. ئێستا ئەوە „کەس“ە کە گەمەی دیاردەکان دیاری دەکات، ئەمەشی بۆ دەلوێت، چونکە کەس پرنسیپی ئازادە لە مرۆڤدا. مرۆڤ بەم ڕێیەوە دەسەڵات لە سروشت دەسەنێت. وەلێ ئێستا چیدی ئاوەزی نێوەکی ئەبستراکت نییە و فەرمان بەسەر توانستی دەرکگیریی دەرەکیدا بدات، بەڵکو بەرجەستانە (بەکۆنکرێت) ئەزموون دەکرێت، بۆیە ئاوەز و توانستی دەرکگیری چوونەتە ڕەوشی هارمۆنییەوە و مرۆڤ هاوکات ئازادییە ناخەکییەکەی دەردەخات: دەیکات بە دیاردە، ئەوجا شایەتمان دەهێنێت کە ئەو خۆی دەخاتە ژێر ڕکێفی ئەو یاسایەوە کە هەموو دیاردەکان دەگرێتەوە. کەواتە گەرچی ئێستا سروشت (دیاردە) پابەندی ئەوە، وەلێ لەو کاتەشدا کە سروشت لە خزمەتی ئەو خۆیدایە، هێشتا هەر وەک سروشت دەیهێڵێتەوە نەک ئەرکە بنەڕەتییەکەی بشێوێنێت، بە پێچەوانەوە تەنیا بەگوێرەی ئەو ئەرکەی مامەڵەی لەتەکدا دەکات. ئاخر لە ستاتۆی ئێستێتیکیدا هەردوو ڕەمەکی کەرەسە و فۆرمی ئەو یەکخراون، ئەوەش هەر خودی سروشتە کە لە سەرەتاوە ئازادیی پێداوە بۆ ئەوەی بتوانێت وەک یەکێتییەکی لەشەکی-دەروونی ئۆتۆنۆم بێت. لێرەوەیە کە شیلەر جوانی ناودەنێت دووەمین ئافرێنەری مرۆڤ و بۆ یەکەم جار لای ئەو مرۆڤایەتی دەشێنێت، ئەوجا سروشت هەر ئەو خۆی ڕادەسپێرێت کە ویستی ئازادی خۆی بکات بە کردەکی، کەواتە شیمانەی بێسنووری بۆ خودڕیالیزەکردن هەیە. بێگومان لێرەدا بۆ ئەو هەروەها پرسیاری ڕاستی وەڵام دراوەتەوە، چونکە ڕاستی لەنێو جوانیدایە.
بێگومان ئەو کارە بە هونەرێک ناکرێت کە لە ئەزموونی دەرکییەوە دەردەچێت. وەک لە سەرەوە بینیمان، شیلەر لە کاری هونەریی ڕاستینەدا هیچ رۆڵێک بە نێوەرۆک نادات، بەڵکو تەنیا بە فۆرم، چونکە نێوەرۆک کە ماتەریەلە، تەنیا دەرکەوەرەکان دەهەنگێوێت و دەیانوروژێنێت، کەواتە بە یەک ئاڕاستەدا مرۆڤ دەبات، بەو ڕێیەشەوە ئەو پابەندی سروشت دەمێنێتەوە، وەلێ فۆرم، یان جوانیی کاری هونەری، بە پێچەوانەوە سەرجەمێتیی مرۆڤ دەگرێت، کەواتە جودا لەتەک توانستی دەرکگیری یان ئاوەزی ئەودا نائاخڤێت، بەڵکو هەردووکیان دەخاتە ڕەوشی هاوسەنگییەوە، بەوەش لە پابەندیی ماتەریەل بەریدەدات و پۆتێنسیالی ئەو دیاردەهێنێت، ئەوە بە شێوەیەک کە بەسەر سروشتی خۆیدا هەڵیدەزنێنێت و دەیفۆرمێنێت: دەیکات بە کەسێتییەکی سەرجەمییانەی ئازاد. بۆ نموونە نێوەرۆک لە درامایەکدا هێزە مرۆڤییەکانی وەرگر دەوروژێنێت: کوشتنی دەسەڵاتدارێکی زۆردار دەبێت بە وروژێنەری زەین و هەستی ئەخلاقیانەی ئەو بۆ چاکە و خراپە، یان دراماکە لە جێیەکدا شادیهێن و لە یەکێکی دیکەدا خەمبزوێنە، توڕەکەر یان دڵنەواییکەرە، وەلێ فۆرمی دراماکە (شەنگیی زمان، ڕیتم و هاوسەنگیی دراماتورژییانە) خودی ئەو درامایە دەکات بە ڕوداوێک کە سەرجەمێتیی مرۆڤ: ئاوەز و سۆزەکانی پێکڕا دەهەنگێوێت. گەرچی مەرگی مرۆڤ لە کەتواردا ڕاچڵەکین و پەژارە دەخاتەوە، وەلێ کاری هونەریی مەزن ئەو ڕوداوە وەک خۆی وەرناگرێت، بەڵکو کەرەسە خاوەکە بە فۆرمی تەواوکراو (پڕۆپۆڕسیۆن، سیممەتری / چوونیەکی، میانەی ئێستێتیکی) هەڵدەگرێت، یان بە زمانی شیلەر: نایهێڵێت، بۆیە وەرگر لە داڕشتنی مەرگدا تەنیا بە ڕوداوەکە ناهەنگێورێت، بەڵکو هاوکات هەست بە شادییەکی گشتگیری ئێستێتیکی و هەڵزنانی هۆشەکی دەکات. ئەمەیە ستاتۆی „سفر“ کە تێیدا شعوری وەرگر یەکانگیرە بە هزرینی. ڕوانین لە بەرهەمێکی بەو چەشنە (دراما، تابلۆ و پەیکەر و هتد) بۆ خۆی ڕەوشێکە کە تێیدا هیچ ڕەمەکێک وەرگر بەم یان بەو ئاڕاستەیەدا ڕاناکێشێت. ستاتۆکە تەواو بۆشە، مرۆڤیش بەردراوە لە ئاستەنگ و زەروورە و دەتوانێت خۆی بەوە بکات کە ئەو خۆی دەیەوێت. ئەو ئێستا لە دەستپێکی ئافراندنێکی دووەمیندایە (دوای یەکەمین ئافراندنەکەی سروشت). شیلەر بەجەختی دەبێژێت، کاتێک مرۆڤ هەست بە جوانیی کارێکی هونەری دەکات، ئیدی بەو ڕێیەوە لە ئیدیالی مرۆڤایەتی نزیکدەکەوێتەوە، چونکە ئێستا ویستی ئەو دەبێت بە تاکە دەسەڵات. ئێستا مرۆڤ هەرئەوەندەی پێویستە کە ئەو خۆی „بییەوێت ئەخلاقی بێت“، ئەوەشی بۆ دەلوێت، چونکە ئەو لە ستاتۆی سفردایە. کەواتە گەرچی ستاتۆی ئێستێتیکی لە ئەخلاقەوە نایەت، سەرەڕای ئەوە بەبەرهەمترین ستاتۆیە بۆ مەئریفە و ئەخلاق.
وەلێ شیلەر لەم پەیوەندییەدا مەرجێک دادەنێت: تەقەلادان بۆ دەرکەوتەی جوان پێویستی بە توانستی زۆرتری ئەبستراکسیۆنە، پتر ئازادیی دڵ، پتر وزەی ویست، تێکڕا پتر لەوە کە مرۆڤ لە ژیانی ڕۆژانەی کەتواریدا پێویستی پێیەتی. ئاخر مەئریفەی ئازادی کە بۆ شیلەر هاوواتایە بە تێگەی جوانی، پێشمەرجە بۆ چێبوونی تێڕوانینێکی تەواوەتیی مرۆڤیانە لەنێو ئێمەدا. بەدووی ئەم مەئریفە خۆییەی مرۆڤدا نامۆبوونی ئەو کۆتایی پێدێت. ئاخر کاتێک لە گەمەدا هەردوو ڕەمەکی کەرەسە و فۆرم تێکهەڵکێش دەبن، ئیدی بەو ڕێیەوە شێوەی ژیندار (زیندوو) دێتەگۆڕێ و مرۆڤ چە لە ڕووی ئەخلاقی و چە لە ڕووی لەشەکییەوە دەچێتە ڕەوشی ئازادییەوە. ئێستا هەردوو زەبری دەرکەوەرەکان و ئاوەز بزر بوون، مرۆڤیش بە ڕێز و ئارەزووی خۆییەوە لە ئازادیدا گەمە دەکات، واتا: هاومرۆڤانی خۆشدەوێت. لەم ڕوانگەیەوە ڕێزی مرۆڤ بۆ یەکەم جار لەنێو مرۆڤی دەرکی-ئاوەزکارادا سەرهەڵدەدات، ئەوە بێگومان وەک „مەبەست لە خۆدا“ („فەرمانی زەرووری“یەکەی کانت)، ئەویش کاتێک ئێمە بەڕێزەوە مرۆڤێکی دی وەک مەبەست نەک دەستوێژ بەهەند وەردەگرین.
-6 دەوڵەتی ئێستێتیکییانەی ئاوەز
شیلەر لە دیاریکردنی دەرکەوتەی جوانەوە گۆڕان بە دەوڵەتی ئێستێتیکی دەدات (نامەی 27). بێگومان دەرکەوتەی جوان هیچ کاریگەرییەکی ڕاستەوخۆی لەسەر ئەخلاق نییە، بەڵکو مەئریفەی جوانی مرۆڤ دەبزوێنێت خۆی لە سروشت ئازاد بکات، بەو ڕێیەشەوە توانستی هزرین لە ئەودا دەبزوێت و دەبێت بە „کەس“ێکی بناس. ئێستا ئیدی، دوای ئەوەی خۆگەرایی سروشتییانەی لەکاردەکەوێت، ئاسوودەیی هەمووان دەناسێنێت. لەم ڕوانگەیەوە مرۆڤ لە ژیانی سروشتییەوە بەسەر ستاتۆی ئێستێتیکیدا دەبێت بە مرۆڤی ئاوەزکارا، کە ئیدی دەتوانێت ژیانێکی ئەخلاقی بژێنێت. ئەمە بۆ شیلەر تاکە پێشمەرجە بۆ سەرهەڵدانی جڤاکی مەدەنی (سیڤیل).
ئێمە گەرەکە بۆ پتر نزیکبوونەوە لەم گۆڕانە لە سێ جۆری دەوڵەت لای شیلەر بڕوانین: دەوڵەتی دینامیکییانەی ماف، دەوڵەتی ئەخلاقییانەی فرمان (واجب)، ئەوجا دەوڵەتی ئێستێتیکی.
مرۆڤان لە ستاتۆی سروشتیدا وەک هێز بە یەکدی دەگەن و سنوور بۆ کاریگەریی یەکدی دادەنێن. ئاخر تەنیا زەبری فیزیکی، یاسا سروشتییەکان و ئاسایشی خۆیی دەستوێژن بۆ پاراستنی لێرەبوونی خۆیان. لەنێو ئەم ڕەوشەی خۆگەرایی و خۆسەپاندنەوە، کەواتە لەسەر زەمینەی زەبری فیزیکی و ماف و فرمان، دەوڵەتی دینامیکییانەی ماف بەناچاری دادەمەزرێنرێت بەو مەبەستە کە جڵەوی سروشت (هەوەس و ئارەزووە دەرکییەکان) بگرێت و بەو ڕێیەوە هێشتنەوەی جڤاک مسۆگەر بکات. لێرەدا یاساکان نەک نێوەکییانە، بەڵکو تەنیا دەرەکییانە کرداری هەوەسمەندی مرۆڤ و مەترسییەکان لە سنووردا ڕادەگرن تا ئاشتی و ئاسایش لە جڤاکدا بچەسپێنن. لەم ڕوانگەیەوە ناکۆکیی نێوان ڕەمەک و ئاوەز هێشتا هەر لەنێو هەر تاکە مرۆڤێکدا بەردەوامە. وەلێ مرۆڤ لای شیلەر لە کرۆکییەوە ئەخلاقییانە جۆردراوە جا گەرچی ئەو جارێ مرۆڤی ئەخلاقی نییە. لەبەر ئەم هۆیە دەوڵەتی دینامیکییانەی ماف بەس نییە بۆ ئەو. گەرچی ئەو لەنێو ئەو دەوڵەتەدا دێتە ژیانەوە، سەرباری ئەوە خواستی بۆ شتی باڵاتر هەیە.
لە دەوڵەتی ئەخلاقییانەی فرمانەکاندا مرۆڤان بەرەو ڕووی سەروەریی یاسا دەکرێنەوە کە ویستیان لەژێر ڕکێفی ویستی سەرجەمدا ڕادەگرێت تا بەو ڕێیەوە ئەخلاقییانە جڤاک بسەپێنێت. ئاوەزی نێوەکی و فرمان (واجب) پرنسیپی ئەم دەوڵەتەن. وەلێ ئێستا مرۆڤ سروشتی دەرکی و ئارەزووەکانی بۆ خاتری فرمانی توندوتۆڵ دەچەپێنێت. ئەو بێگومان هێندە ئاسان ئەم ڕەوشە قبووڵ ناکات. ئاخر سەرەتا ئەوە جیهانی هەوەس و ئارەزووەکانە (سروشتە) کە تێیدا یاسای ئاکار سەرهەڵدەدات و ڕێساکانی کردار دەسەپێنێت، لێرەشدا ئاشکرایە یاساکان یەکسەر بەر فیزداریی دەرکیانەی مرۆڤ دەکەون، تەنانەت خاتری دەشکێنن و ئێشی پێدەگەیەنن، چونکە ئەوی دەرکی ڕێساکان بە زەبری دەرەکی دادەنێت و دەچێتە بەرەنگارییەوە لەدژیان. بۆ ئەوەی مرۆڤ دەنگی ئاوەز ببیستێت و لە ڕاستینەی خۆیدا بیناسێتەوە، ماوەیەکی درێژخایەن پێویست دەبێت. ئێستا ئیدی مرۆڤی دەرکی دەگات بەو مەئریفەیە کە یاسای ئاکار لە ڕاستیدا ڕزگارکەرێتی، چونکە سنوور بۆ حەز و ئارەزووە دەرکییەکانی دادەنێت، هاوکات ئێستا بۆی ڕووندەبێتەوە کە سەرجەمی ماف و یاساکان تەنیا ماف و یاسای پۆزەتیڤن، واتا دانراوی مرۆڤیین، وەلێ ئەو جارێ نازانێت کە یاسای ئەبەدی و بەگشتی چواندوو هەیە.
بە پێچەوانەی هەردوو جۆری دەوڵەتی ناوبراوەوە بنەڕەتەکانی دەوڵەتی ئێستێتیکی بریتین لە ئازادی، هارمۆنی و هونەر. شیلەر بۆ ئەم گۆڕانە ستاتۆی ئێستێتیکی وەک بنەڕەت وەردەگرێت، ئەمەش هێندە ئاڵۆز و پڕئەرک نییە وەک هەنگاونانی مرۆڤ لە ستاتۆی سروشتییەوە (ژیانی پەتییەوە) ڕووەو ستاتۆی ئێستێتیکی (فۆرم)، چونکە ئێستا لە ستاتۆی ئێستێتیکیدا تەنیا ئازادی هەیە و دەرفەت بۆ مرۆڤ دەڕەخسێنێت بە گەمە، بە کرداری هاوئاهەنگی ئاوەز و توانستی دەرکگیری، ڕووەو ستاتۆی دەوڵەتی ڕاستینەی ئاوەز هەنگاو بنێت. کاتێک سەرەتا لە ستاتۆی سروشتیدا پێداویستییەکان مرۆڤ بۆ بنیاتنانی جڤاک ناچار دەکەن، هەروەها کاتێک لە ستاتۆی دەوڵەتی ئەخلاقیانەی فرمانەکاندا ئاوەز بنەمای پێکڤەیی بۆ مرۆڤان دەچەسپێنێت، ئەوا جوانی بە پێچەوانەوە کارەکتەرێکی خۆشهاوەڵ بەوان دەدات. ئێستا ئیدی چە بڕیاردان و چە کردارەکانی مرۆڤی ئێستێتیکییانە میزاجپێدراو چواندنی گشتییان دەبێت، ئەویش چونکە ئێستا چیدی شعور رۆڵی دیاریکەر لە کایەی ڕاستی و ئەخلاقدا وەرناگرێت، بە پێچەوانەوە لەم دۆخەدا تەنیا „فۆرم“ هەیە و تەنیا „ڕەمەکی گەمە“ کارایە. شیلەر ئەم ڕەوشە ناو دەنێت بەختیاری. بە تێروانینی ئەو لە هەر گەلێکدا هۆش و چێژ هەبن، لەوێ دەرکەوتەی سەرڕاست و ئۆتۆنۆم لەگۆڕێن، ئێستا بۆ یەکەم جار لەنێو گەلێکی بەو چەشنەدا ژیانی ڕاستینەی ئیدیال بەرکەماڵە، لەوێ ئابڕوو لە سەرووی سامانەوەیە، هزر لە سەرووی چێژەوەیە، خەونی نەمری بەسەر لێرەبووندا باڵادەستە. لەنێو ئەم گەلەدا تەنیا „دەنگی گشتی“ ترسێنەرە.
لە ستاتۆی دەوڵەتی ئێستێتیکیدا چێژ هارمۆنی دەهێنێتە نێو جڤاکەوە، ئەویش چونکە سەرەتا هارمۆنیی لەنێو مرۆڤاندا سازاندووە: لای ئەو توانستی دەرکگیری و ئاوەز سازاو بە یەک کاران، کەواتە مرۆڤ هەمەکییە (تۆتالە). ئێستا هاووڵاتییان لەم جۆرەی دەوڵەتدا تەنیا وەک „شێوە“ بۆ یەکدی دیاردەدەن، بۆیە ئەوان بۆ یەکدی هیچی دیکە نین جگە لە ئۆبژێکتی گەمەی ئازاد. لەوێ هیچ هاو-گەمەڤانێک لەم گەمە جڤاکییەدا دەستوێژی هیچ مەبەستێکی ئەوانیدی نییە، بەڵکو تەنیا „لە ڕاستینەی خۆیدا“ مەبەستە. لەم دەوڵەتە ئێستێتیکییەدا نا-پابەندی، سەربەخۆیی، کردەکییانە لەگۆڕێیە، بەدیهاتنیشی دەگەڕێتەوە بۆ ئەو هەقیقەتە کە ئێستا کرداری مرۆڤ لە مامەڵە جڤاکییەکاندا ئازادە لە هەر بەرژەوەندییەکی خۆویستانە. کەواتە ئاوەڵابوونی جوان جڤاک یەکدەخات، چونکە لایەنی هاوبەشی هەمووانە. دەوڵەتی ئێستێتیکی جڤاک دەکات بە کردەکی، چونکە ویستی سەرجەم بەڕێی سروشتی تاکەکەسەوە کارا دەکات. بۆیە شیلەر جەخت دەکات: گەر چێژ سەروەر بێت و جیهانی دەرکەوتەی جوان تەشەنە بسێنێت، ئیدی هیچ سەروەرییەکی تاکەکەسی، هیچ زوڵمێک، قبووڵ ناکرێت. لێرە تەنیا ئازادی پێشمەرجی ئازادییە. ئەم پێشمەرجە بۆ شیلەر دەستوورە بنەڕەتییەکەی دەوڵەتی ئێستێتیکییە. بێگومان دەبێت دەوڵەت هەمان پەیوەندیی بە تاکە مرۆڤانەوە هەبێت وەک چۆن ئەوان لەنێو خۆیاندا هەیانە، دەوڵەت دەبێت لەنێو دڵی هاووڵاتیدا نوێنەری „مرۆڤی ئیدیال“ بێت، دەبێت ڕێزی تاکەکەس بگرێت، بەمەش ئیدی دەوڵەت دەبێت بە فۆرمی ئۆبژێکتیڤییانەی یاسادانانێکی ناخەکی. ئێستا ئەخلاق کاریگەری لەسەر چواندنی گشتیی یاسا ئاکارییەکان دەنوێنێت، وەلێ بەبێ ئەوەی سروشتی تاکەکەس بشێوێنێت یان تەنانەت لەکاربخات.
بێگومان شیلەر بەئاگایە لەوە کە لە جڤاکی سەردەمدا کۆسپی گەورە لە بەردەم ئەو ئیدیالەیدا زیتدەبنەوە. بە تێڕوانینی ئەو کێشەیەکی کرۆکیانەی مرۆڤانی مۆدێرن ئەوەیە کە ئەوان بەدەرن لە „سێنسیبیلیتێ“ (دەرککردنی ورد و ڕۆشنی هەر ڕەوشێکی نێوەکی و دەرەکی)، کەواتە ئەوان درشتن، بۆیە ناتوانن هێندە ئاسان هەنگاو بنێنە نێو ئازادیی ئاکاری و دەوڵەتی ئاوەزەوە. لەم ڕوانگەیەوە دەستووری دەوڵەتی ئێستێتیکی کە فەرمان دەدات „بەڕێی ئازادییەوە ئازادی“ بە مرۆڤان بدرێت، هێندە ئاسان و خێرا ناهێنرێتە دی، بەڵکو، وەک شیلەر دەبێژێت، پێدەچێت پرۆسەی سەرهەڵدانی ئەو دەوڵەتە پتر لە سەد ساڵ بخایەنێت، بۆ ئەو مەبەستەش دەبێت سەرەتا „شۆڕشێکی هەمەکی لەنێو سەرجەم شێوازی شعورکردنی مرۆڤدا هەڵبگیرسێنرێت“ تاکو ببێت بە ئێستێتیکی. ئەوە نامۆبوونی مرۆڤە لە خۆی و ئەرکە جڤاکییەکانی کە وا دەکات پەروەردەی ئیستێکی پێویست بێت. تەنیا دوای ئەوەی مرۆڤ فێردەبێت بە چاوان بچێژێت، ئەوجا بینین بۆ ئەو بەهایەکی سەربەخۆ وەربگرێت، ئیدی ئەو ئێستێتیکییانە ئازادە و ڕەمەکی گەمەش ئاوەڵابووە، کە ئیدی ئەو پەسنی دەرکەوتە دەکات.
بێگومان هەڵگیرساندنی شۆڕشی هەمەکی لەنێو سەرجەم شێوازی شعورکردنی مرۆڤدا هاوکات ئەو واتایە دەگەیەنێت کە شیلەر نواندنی زەبری شۆڕشگێڕانە بۆ نەهێشتنی دەوڵەتی ناچارەکی ڕەتدەکاتەوە. بۆ ئەوەی لە دەوڵەتی ناچارەکییەوە دەوڵەتی ئێستێتیکی دابمەزرێنرێت، هەنگاوێکی نێوانی، یان ستاتۆیەکی ڕاگوزەر، پێویستە: بەئاگاهاتنی گەل لەو هەقیقەتە کە ئەو خۆی لەکەرامەتخراوە. لەم ڕوانگەیەوە دەبێت دەوڵەت بەردەوامی بە کارایی خۆی بدات و هەر لەو ڕەوتەدا دۆخگۆڕییەکان لەسەرخۆ ڕووبدەن، ئەوەش سەردەگرێت گەر دەوڵەت ئەرکی پێگەیاندنی هارمۆنی لە نێوان ڕەمەکەکاندا وەربگرێت. وەلێ گەرەکە هەر لەم پەیوەندییەدا ئاماژە بۆ هەڵوێستێکی بنەڕەتییانەی شیلەر بدەین: بە تێڕوانینی ئەو ناشێت وەرگۆڕینی هەڵوێستی هۆشەکی ببێت بە بنەڕەت بۆ وەرگۆڕینی پەیوەندییە سیاسییەکان، بەڵکو شۆڕشی هەمەکی کە لە شێوازی شعورکردنی مرۆڤدا هەڵدەگیرسێنرێت، ئامانجێکی بنەڕەتیی هەیە: „چاکسازیی کارەکتەری مرۆڤ“. گەرەکە لێرەوە هەوڵ بۆ چاکسازیی ژیانی سیاسی و دەوڵەتی بدرێت. ئەوە هونەری جوانە وەک بەرهەمی گەمە کە ئەو ئەرکە لەئەستۆدەگرێت. بێگومان گەمە وەک توانست لە هەموو مرۆڤێکدا لەگۆڕێیە، وەلێ تەنیا پەروەردەی ئێستێتیکی ئەم توانستە لە مرۆڤدا پێدەگەیەنێت بەو ئامانجە کە „بە واتای وشە بیکات بە مرۆڤ“ – لە وەحشییەتی بخات، یان لە گوێرایەڵیی کوێرانەی ئاوەز (ی ئەبستراکت) و یاسای پۆزەتیڤ. دوای ئەوەی مرۆڤ لە ستاتۆی ئێستێتیکیدا بەڕێی گەمەوە ئازاد دەبێت، ئیدی هەنگاودەنێتە نێو ستاتۆی ئاکارەوە و تێیدا بەتەواوی لە یاسای دەرەکیانەی دەوڵەت و ڕەمەکی کوێر ئازاد دەبێت. ئێستا دەوڵەتی ڕاستینە و هومانی ئاوەز هاتۆتە گۆڕێ، ئێستا مرۆڤان لە هارمۆنیی ناخەکیدان و بە ویستی ئازادی خۆیان ئەخلاقیانە کردار دەنوێنن.
وەلێ شیلەر گومانی هەیە کە هەرگیز ئیدیالی دەوڵەتی ئێستێتیکی لە کەتواردا شیاوی ڕیالیزەکردن بێت. ئاخر هەرگیز لە هیچکوێی جیهانی کردەکیدا دەوڵەتی دەرکەوتەی جوان لەگۆڕێ نەبووە، تەنانەت خودی کاری هونەری تەنیا تا ڕادەی شیان لە ئیدیالی پەتیی ئێستێتیکی نزیک دەکەوێتەوە، کە بێگومان نزیکبوونەوەی هەمیشە و تەنیا بەندە بە میزاجی هونەرمەندەوە. سەرباری ئەوە دەوڵەتی ئێستێتیکی بەگوێرەی پێداویستی لە هەموو دەروونێکی ناسکدا هەیە، یان لە „کۆماری ئیدیال“دا هەیە، وەلێ ئەم دەوڵەتە لە جڤاکی سەردەمدا دەشێت لەنێو هەندێک نێوەندی دەستەبژێردا (ئێلیتدا) لەگۆڕێ بێت، چونکە لەم جۆرە نێوەندانەدا هیچ کەس بێهۆشانە لاسایی ئاکارە نامۆکان ناکاتەوە، بەڵکو لەوێ تەنیا سروشتی جوانی خۆیی ڕەفتار دەئاژوێت، هەروەها لەو نێوەندانەدا مرۆڤ بە سادەیەتییەکی دلێر و بێزیانییەکی ئارام بەنێو ئاڵۆزترین پەیوەندیدا ڕەت دەبێت بەبێ ئەوەی ئازادیی کەسانی دی بچەوسێنێتەوە تەنیا بۆ خاتری ئەوەی ئازادیی خۆی بسەپێنێت.
-7 واتای شیلەر لە سەردەمدا
ماویەتی



