چەقۆ و زمان: کێ مانا بە ئەوی تر دەبەخشێت؟

62
0
بڵاوکردنەوە:

نووسینی: شارۆ شاهۆ

سەلمان ڕووشدی لە دواین بیرەوەرییەکانیدا ئاماژە بەوە دەکات مەبەستی سەرەکیی تفەنگ لە جیهاندا، تەنتا زیانگەیاندن و گیان سەندن بووە، گیانی ئاژەڵ بێت یان مرۆڤ. بەڵام چەقۆ هەرگیز وەکو تفەنگ نەبووە؛ تفەنگ وەک چەقۆ نییە بتوانیت کێکی پێ ببڕیت، یان وەک کەرەستەیەکی سەرەکی لە چێشتخانەکەدا کەڵکی لێوەرگریت. چەقۆ ئامرازێکە لەڕووی ڕەوشتییەوە بێلایەنە، مانای پێدەدەیت، بەگوێرەی ئەوەی چۆن بەکاری دەهێنیت؛ ئەوەی بێڕەوشتانەیە، خراپ بەکارهێنانی چەقۆکانە. دەکرێ زمانیش وەک چەقۆ بێت، دەتوانێت جیهان ببڕێت و بیکاتەوە و ماناکانی ئاشکرابکات. دەتوانێت لە واقعێکەوە بڕواتە ناو واقعێکی ترەوە. ئەگەر ڕۆژێک لە ڕۆژان بەشێوەیەکی چاوەڕواننەکراو بکەوتمایەتە ناو شەرەچەقۆوە، لەوانەبوو بەو چەقۆیەی زمانم ئەو شەڕەم بکردایە.

بیرەوەری چەقۆ، کە لە نیسانی ٢٠٢٤دا، لەلایەن دەزگای چاپ و بڵاوکردنەوەی جیهانیی “پێنگوین ڕاندۆم هاوس” (Penguin Random House) ەوە بڵاوکراوەتەوە. گێڕانەوەی ئازاری بەرکەوتنی ١٥ جار چەقۆیە لە جەستەی ئەدیبی جیهانی “سەلمان ڕووشدی”[1]لەلایەن گەنجێکی توندئاژۆی ئەمریکی-لوبنانییەوە  بەناوی (هادی مەتەر). هەڵدانەوەی پەڕەکانی ئەم بیرەوەرییە پەلکێشت دەکات بۆ ناو ئەو چرکەساتە پڕ لە ئازارانەی جەستەی ئەدیبێک، کە سەرەنجام بووە هۆی لەدەستدانی چاوێکی، ژیانکردن لە پاش ئەو زەبرە دەروونییەی کە دووچاری هاتووە لە ئاکامی ئەو هێرشەی کرایە سەری لە مانگی ئابی ٢٠٢٢دا لە نیویۆرک، کە تێیدا بە تەواوی ١٥ چەقۆی لێدرا (٣ لە مل، ٤ لە سک، و برینەکانی تری لە سنگ، دەست و چاوی ڕاستیدا بوون). سەلمان ڕووشدی زۆر بەبوێرانە لەم بیرەوەرییەدا باس لەو نەهامەتی و وێڵبوونانە دەکات کە گەنجانی توندئاژۆ بەدەستییەوە دەناڵێنن، بۆ سەندنەوەی ژیان لەو مرۆڤانەی کە خاوەن بیری ڕەخنەیین و لەڕێگای ئەدەب و هونەرەوە گوزارشت لە دونیابینییەکانیان دەکەن.

وێڕای ئەمەش، ڕووشدی لە بەشێکی کتێبەکەیدا، باس لە فیلمی سایکۆی (Psycho)، لە دەرهێنانی (ئەلفرێد ھیچکۆک) دەکات و دەڵێت: ئەوەی ئەم فیلمەی ترسناک کردووە، کوژرانی ئەو کارەکتەرانەیە کە هەرگیز تۆی بینەر خەیاڵت بۆ مردنیان نەدەچوو. ئەم هەوڵی کوشتنەشی بەو نموونەیە دەچوێنێت. ئەو باس لەوە دەکات، کەم نین ئەو نووسەرانەی کە بە چەقۆ کوژراون یان هەوڵی کوشتنیان دراوە، لەوانە نەجیب مەحفوز و ساموێل بیکێت. بەڵام بەرهەمی ئەم مرۆڤانە هەمیشە بە نەمری ماونەتەوە. باس لە ئۆڤیدی شاعیر دەکات، لەلایەن ئۆگۆستۆسی قەیسەرەوە ڕەوانەی تاراوگە کرا، کەچی شیعرەکانی ئۆڤید تەمەنیان لە ئیمپراتۆریەتی ڕۆمانی درێژتر بوو. هەروەها، جۆزێف ستالین ژیانی ماندێلستامی شاعیری وێران کرد، بەڵام تەمەنی شیعرەکانی ماندێلستام لە تەمەنی یەکێتی سۆڤێت درێژتر بوو. لۆرکاش کە بەدەستی شەقاوەکانی فرانکۆ تیرۆر کرا، تەمەن و هونەرەکەی لە تەمەنی فاشیزمی فالانگی درێژتر بووەوە.

وێڕای ئەم باسە، ڕووشدی لەم بیرەوەرییانەیدا، باس لە ترسناکی ئەم سەردەمە دەکات بەدەست بیری پەڕگیری و گوتاری ڕق لێبوونەوە و جیاکاری. دەڵێت کاتێک وێنەکانم بە یەک چاوەوە دەرکەوتن، بەدەیان ئاینداری پەڕگیر و توندئاژۆ شادیان لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان دەردەبڕی و تەمەنایان دەکرد چاوەکەی تریشم کوێربوایە، یاخود بە مەسیحی دەجال وێنەیان دەکردم. دەڵێت پێیانم گوت: من تازە کەشف بووم خودی دەجال خۆمم! هەر بۆیە چیتر ڕێگەم نەدا ئەم هەموو زبڵە بێتە ناو سەرمەوە؛ بەخۆشییەوە و بەبێ پەشیمانی ئەپی تویتەرم لەسەر مۆبایلەکەم سڕییەوە.

ڕووشدی ئەو کەسەی کە هەوڵی کوشتنی داوە بە (ئەی) دەیناسێنێت و نایەوێت ناوی بڵێت. ئاماژە بەوە دەکات، ئاین بەو فۆرمە پەڕگیری و دژە ژیاندۆستییەی هەیەتی فۆرمێکی کۆنی ناعەقڵانییە و کاتێک لەگەڵ چەکی مۆدێرندا یەکدەگرن، دەبنە هەڕەشەیەکی ڕاستەقینە لەسەر ئازادییەکانمان. کاتێک (ئەی) بە چەقۆ پەلاماری دام، چەکی مۆدێرن لادەبەم، لەجیاتی ئەوە تەکنەلۆجیا دادەنێم، چونکە هیچ مۆدێرنبوونێک لە چەقۆدا نییە. (ئەی) بە هەموو پەڕوباڵەکانییەوە، بەرهەمی تەکنەلۆجیای نوێی سەردەمی زانیاری ئێمەیە؛ ڕەنگە وردتر بێت ناوی سەردەمی هەڵەی زانیاری لێبنرێت. کارگە زەبەلاحەکانی بەرهەمهێنانی بیرکردنەوەی گرووپی یوتیوب، فەیسبووک، تویتەر و یارییە ڤیدیۆییە توندوتیژەکان لە مامۆستاکانی ئەو بوون. (ئەی) زۆر بەسادەیی دانی بەوەدا نابوو کە لەڕێگەی ئەو گرووپانەوە بێدار بووەتەوە و تێکۆشاوە بگات بە حەقیقەت و جێبەجێکردنی دادپەروەری بەسەر بێباوەڕەکاندا، کە ئەویش حوکمی کوشتنە. ئەمەش ڕێک هاوشێوەی کەیسی خواناس وریا کچە گەنجە شانۆکارەکەیە، کە لە ٢٠٢٣ لە چەمچەماڵ لەلایەن گەنجێکی توندڕەوی ئاینییەوە تیرۆر کرا بە پاساوی ڕەخنەی ئایینی.

دواپەیڤ، ئەم بیرەوەرییە، سەرباری ئەو باسە گرنگ و گێڕانەوە ئەدەبییە باڵایەی هەیەتی، لەپاڵیشیدا بە وەرگێڕانێکی ئێجگار تایبەتی کاک ماردین ئیبراهیم، نووسەر و شاعیر، و بە چاپێکی جوانی دەزگای سەردەم بڵاوکراوەتەوە. زۆر بەگرنگی دەزانم خوێنەران و سەرجەم لاوان بیخوێننەوە، چونکە بەڕاستی ئەو بابەتانەی لەم بیرەوەرییەدا باسی لێکراوە، پەنجە دەخاتە سەر ترسناکی ئەو بیرە توندئاژۆییەی کە دەکرێت لە هەر چرکەساتێکی نەخوازراودا بێت ژیان لە ئازادیخوازان بسێنێت؛ هەر وەکو ئەوەی سەلمان ڕووشدی باسی دەکات لە فیلمی سایکۆی هیچکۆکدا، ئەوەی تێدەچێت، ئەوەیە هەرگیز بەبیرتدا نەهاتووە، هەر بەڕاستی ئەمەیە تیرۆریزمی ڕاستەقینە!

[1] سەلمان ڕووشدی، نووسەری بەناوبانگی بەریتانی-ئەمریکی بە ڕەچەڵەک هیندی، بەهۆی ڕۆمانی “ئایەتە شەیاتییەکان” (١٩٨٨) ژیانی کەوتە مەترسییەوە، چونکە ناوەڕۆکی کتێبەکە لە جیهانی ئیسلامیدا وەک کفر و سووکایەتی بە پیرۆزییەکان بینرا. لە ساڵی ١٩٨٩دا، خومەینی، ڕێبەر باڵای شۆڕشی ئیسلامی لە ئێران، فەتوای کوشتنی دەرکرد و خەڵاتی بۆ سەرپەڕاندنی دانا، ئەمەش ڕووشدی ناچار کرد ساڵانێکی درێژ بە نهێنی و لەژێر پاسەوانیی تونددا بژی. ئەم مەترسییە نەبڕایەوە؛ لە ئابی ٢٠٢٢دا، پاش سێ دەیە لە فەتواکە، لەسەر سەکۆیەکی ڕۆشنبیری لە نیویۆرک بە چەقۆ هێرشی کرایە سەر و بەو هۆیەوە چاوێکی لەدەستدا.

 

 

تاگهزر
بڵاوکردنەوە: