بۆچی پێویستمان بە دامەزراوەیەکی کوشتنناسی هەیە؟

91
0
بڵاوکردنەوە:

نووسینی: شارۆ شاهۆ

دیاردەی کوشتن لە بەستێنی جەنگ و کۆمەڵگەدا، یەکێکە لەو بابەتە تاریک و پشتگوێخراوانەی کە مرۆڤایەتی هەمیشە هەوڵی داوە چاوی لێ بنوقێنێت. دەیڤ گرۆسمان، کە پێشتر موقەدەم بووە لە سوپای ئەمریکا، مامۆستای دەروونناسی بووە لە ئەکادیمیای سەربازیی (West Point)، و دامەزرێنەری بواری «کوشتنناسی» یان (Killology)یە. لە پەرتووکێکییدا بەناونیشانی ( دەربارەی کوشتن: تێچووی دەروونی فێربوونی کوشتن لە جەنگ و کۆمەڵگەدا) _ «On Killing: The Psychological Cost of Learning to Kill in War and Society»، ئاماژە بەوە دەکات کە کۆمەڵگەی هاوچەرخ خاوەنی کوێرەخاڵێکە بەرامبەر بە پرسی کوشتن، ڕێک وەک چۆن سەدەیەک لەمەوبەر پرسی سێکس کوێرەخاڵێک بوو لەناو جاڤات و لێکدانەوە دەرووناسەکان. گڕۆسمان لە ڕوانگەی پاشخانە سەربازی و ئەکادیمییەکەیەوە دەپرسێت: «بۆچی دەبێت لە کوشتن بکۆڵینەوە؟ گڕۆسمان پێداگری دەکات کە ئەم کوێرەخاڵە دوو لایەنی هەیە: یەکەم، ئەو گریمانە باوەی کە میدیا و دامەزراوە سیاسییەکان بڵاوی دەکەنەوە کە گوایە کوشتن کارێکی سروشتی یان ئاسانە؛ دووەم، بەربڵاوی نەزانین لە ئاستی جڤاتدا بۆ تێگەیشتن لە چییەتی کوشتن، وەلانانی ئەو لێکەوتە درێژخایەنە دەروونیانەی کە بەهۆی کوشتنەوە تاک پێیانەوە گیرۆدەدەبێت، بەهۆکاری ئەوەی کە نابێت مرۆڤی ئازا پەشیمانبێت، وەک لەو پێشیانن دەڵێن: کردە پەشیمان بە، وەک لەوەی نەکردە پەشیمان.

لە مێژوودا هەمیشە ئەو باوەڕباوییە هەبووە کە مرۆڤ بە سروشت بکوژە، بەڵام گڕۆسمان لە ڕێگەی لێکۆڵینەوە لە جەنگە مۆدێرنەکاندا ئەم ئەفسانەیە بنکۆڵ دەکات. لە ڕوانگەی زانستییەوە، تیۆری کوشتنناسی پێمان دەڵێت کە مرۆڤەکان، هاوشێوەی زۆربەی شیردەرەکانی دیکە، خاوەنی بەرگرییەکی دەروونی ناوەکی و قووڵن (Innate Resistance) بەرامبەر بە کوشتنی هاوشێوەکانی خۆیان. گڕۆسمان بۆ سەلماندنی ئەم چەمکە، پشت بە توێژینەوە مێژوویی و ئامارییەکانی عەمید ئێس ئێڵ ئەی مارشاڵ (S.L.A. Marshall) دەبەستێت کە لە کتێبە بەناوبانگەکەیدا «Men Against Fire» (1947) بڵاویکردووەتەوە. مارشاڵ لە ڕێگەی لێکۆڵینەوەکانی لە کاتی جەنگی جیهانی دووەمدا بۆی دەرکەوت کە تەنها ١٥ بۆ ٢٠ لە سەدای سەربازانی هێڵی پێشەوە لە کاتی ڕووبەڕووبوونەوەی ڕاستەوخۆدا چەکەکانیان دژی دوژمن بەکارهێناوە. لەم بەستێنەشدا، زۆرینەی ڕەهای سەربازان (٨٠ بۆ ٨٥ لە سەدا) ئامادە بوون ژیانی خۆیان بخەنە مەترسییەوە بۆ ڕزگارکردنی هاوڕێکانیان یان گواستنەوەی تەقەمەنی، بەڵام بەهۆی ئەو بەرگرییە دەروونییە سروشتییەوە، بە هیچ شێوەیەک تەقەیان لە پێشڕەوییەکانی دوژمن نەدەکرد. وێڕای ئەمەش، سەرنجی گڕۆسمان لەسەر جەنگە مۆدێرنەکان لەوەدا چڕدەبێتەوە کە  تەنها کەمینەیەکی زۆر بچووک، کە بە نزیکەی ٢ بۆ ٣ لە سەدا هەن کە بەبێ هیچ کێشە و ڕێگرییەکی ویژدانی تەقە دەکەن و دەکوژن (کە پێیان دەگۆترێت ٢ لە سەدای حەزکەر لە کوشتن)، و نزیکەی ٥ بۆ ١٠ لە سەدای دیکەش لەژێر کاریگەری و هاندانی ئەم کەمینە توندڕەوەدا چاویان لێدەکەنەوە.

ئەم ڕاستییەش شۆکێکی گەورە بوو بۆ سوپای ئەمریکا، بۆیە لە ناوەڕاستی سەدەی بیستەمەوە پەرەیان بە تەکنیکگەلێکی مۆدێرن دا بۆ گۆڕینی ڕاهێنانی سەربازی بۆ گۆڕینی ڕەفتاری سەرباز، هەتاکوبە شێوەیەکی ئۆتۆماتیکی و بێ بیرکردنەوە تەقە بکات. تاکتیکەکانی جەنگی مۆدێرن سەرکەوتووبوون لە پچڕاندنی سیستمە فیکری و سۆزدارییەکانی مرۆڤ لە ڕێگەی دروستکردنی چەمکی «دووریی هاوسۆزی» (Empathic Distance). گرۆسمان چوار جۆر دووری دەستنیشان دەکات کە سوپا مۆدێرنەکان کاری لەسەر دەکەن: دووری کلتوری، ڕەوشتی، کۆمەڵایەتی، و میکانیکی، جگە لە دووری فیزیکی. دووری کلتوری (کە تێیدا جیاوازی نەتەوەیی، ڕەگەزی یان ئاینی بەکاردێت بۆ نامۆکردنی ئەوی دی)، دووری ڕەوشتی (کە تێیدا لایەنی بەرامبەر وەک بکوژ یان تاوانبار وێنا دەکرێت تا کوشتنەکەی ببێتە کارێکی ڕەوا)، دووری کۆمەڵایەتی (کە پشت بە جیاوازی پێگەی کۆمەڵایەتی یان چینایەتی دەبەستێت)، و دووری میکانیکی (کە لە ڕێگەی ئامرازە تەکنەلۆژییەکانەوە، وەک دووربین، شاشەی ڕادار یان نیشانەشکێن، بەربەستی دەروونی نێوان بکوژ و قوربانییەکە لەناو دەبات). لۆجیکی ئەم تیۆرییە لەسەر ئەو بنەمایە ڕادەوەستێت کە هەرچەندە مەودای فیزیکی یان دەروونی لە نێوان مرۆڤ و هاوشێوەکەیدا زیاتر بێت، پرۆسەی دابڕانی سۆزداری ئاسانتر دەبێت و نیشانەکانی سەرکوتکردنی ویژدانی لە کاتی ئەنجامدانی توندوتیژیدا کەمتر دەبنەوە. ترسناکترین جۆریش کە گرۆسمان هەڵوەستەی لەسەر دەکات دووری میکانیکییە، شەڕکەران لە بەرزی ٢٠ هەزار پێوە بۆمب دەخەنە خوارەوە لەڕێگای درۆن و بە چاودێری مانگە دەستکردەکانەوە، دەبنە هۆی وێرانکاریی گەورە بۆ سەر دانیشتوانی مەدەنی، بەڵام چونکە لە دەرئەنجامەکە دابڕاون، زۆر بە ئارامی ئەرکەکانیان ڕادەپەڕێنن و کاریگەریی نەرێنیەکانی هەست پێناکەن لە ژیانی ڕۆژانەیاندا. هەر وەک  گڕۆسمان دەڵێت: «لە دوورەوە، من دەتوانم مرۆڤبوونی تۆ ڕەت بکەمەوە،  لە دوورەوە، من ناتوانم ناڵە و هاوارت ببیستم!».

لە ڕوانگەی گرۆسمانەوە، ڕەهەندەکانی جەنگی مۆدێرن تەنها لە بەرەکانی شەڕدا کورت نابنەوە، بەڵکو لە ڕێگەی میدیا و کلتوری باوەوە دەگوازرێنەوە بۆ ناو کایەی تایبەتی خێزانەکان. پیشەسازی کات بەسەربردن و میدیای هاوچەرخ، لە ڕێگەی نیشاندانی بەردەوامی نموونەکانی «کوشتنی بێ ئازار یان ئاسان»، ڕۆڵ دەگێڕن لە ئاساییکردنەوەی چەمکی جەنگ و توندوتیژیدا لەسەر ئاستی کۆمەڵایەتی. کارەکتەرە سینەماییە باوەکانی وەک جەیمس بۆند، ڕامبۆ و ئیندیانا جۆنز، مۆدێلێک لە توندوتیژی پێشکەش دەکەن کە تێیدا بکوژ وەک بکەرێکی بێباک و بێ پەشیمانی نیشان دەدرێت کە لە دەرئەنجامە دەروونی و داڕووخانە ناوەکییەکانی پڕۆسەی کوشتن دابڕاوە. وێڕای ئەمەش، گرۆسمان لە پەرتووکەکەیدا پشت بە تێزەکەی ئەلفرێد ڤاگتس (Alfred Vagts) لە پەرتووکی «A History of Militarism» دەبەستێت و ئاماژە بەوە دەکات کە بەشێکی زۆر لە مێژووی سەربازی ئەگەر بۆ مەبەستی ڕوونی پشتگیریکردن لە دەسەڵاتی سوپایەک نەنووسرابێت، لانی کەم بەو نیازی نووسراوە کە زیانی پێ نەگەیەنێت، نهێنییەکانی دەرنەخات، و خۆی لە ئاشکراکردنی خاڵە لاوازەکان، دوودڵی، یاخود شڵەژانەکانی لابدات». لەم ڕوانگەیەوە، ڤاگتس وێنای دامەزراوە سەربازی و مێژووییەکان دەکات کە بۆ هەزاران ساڵ لە پڕۆسەیەکی پێدانی ڕەوایەتیی هاوبەشدا (Mutual Glorification) پشتیوانی و گەورەکردنی یەکتریان کردووە. گڕۆسمان دەەرەنجام دەدات کە ئەم هاوپەیمانێتییە کلتورییە تا ڕادەیەکی دیاریکراو بەهۆی ئەوەوە بووە کە ئەو بکەرانەی لە کاتی جەنگدا لە پڕۆسەی کوشتندا لێهاتوو بوون، زۆرجار هەمیشە ئەو کەسانە بوون کە بە درێژایی مێژوو لە ڕێگەی هێزەوە گەیشتوونەتە دەسەڵات (Hacked their way to power).

 

ئەنجامگیریی:

هەڵێنجان لەم باسەوە نیشانی دەدات کە میتۆدەکانی تێپەڕاندنی بەربەستە دەروونییەکانی کوشتن لە جەنگی مۆدێرندا، باجێکی قورس لەسەر هێزە چەکدارەکان بەجێدەهێڵن کە دواجار دەبێتە مەترسییەکی پێکهاتەیی بۆ سەر خودی سیستمی حوکمڕانی. کاتێک کارمەندانی سەربازی، ئەمنی و هەواڵگری بەبێ چاودێری دەروونی لەناو پڕۆسەی جەنگ و فشاری زانیاریدا بەجێدەهێڵرێن، کەڵەکەبوونی نیشانەکانی نیشانەی فشاری پاش زەبر (PTSD) و ڕەشبینی توند (Cynicism) دەرئەنجامی ڕاستەوخۆی دەبێت. یەکێک لە گەورەترین مەترسییەکان، درکاندنی نهێنییە ستراتیژی و هەواڵگرییەکانە؛ ئەمەش نەک لەبەر لایەنگری سیاسی، بەڵکو بەهۆی داڕووخانی تەواوەتی دەروونی و نائومێدی کارمەندەکەوە بەرامبەر بە ژینگە و سیستمەکەی سەرهەڵدەدات، کە وەک جۆرێک لە دەربازبوون لە فشار یان پەرچەکردارێکی دەروونی دەر دەکەوێت. سەرەڕای ئەمەش، تێکشکانی بەربەستی ناوەکی بەرامبەر بە کوشتن لە کاتی مەشقە مۆدێرنەکاندا، گواستنەوەی شێوازی توندوتیژی بۆ ناو کایەی خێزانی و کۆمەڵایەتی لێدەکەوێتەوە. ئەم دیاردەیە لە کۆمەڵگەی کوردیدا کە بەهۆی مێژووی ململانێ چەکدارییەکانەوە ڕووبەڕووی لێکەوتەکانی جۆرێک لە کلتوری دەروونیی «کوشتن-دۆستی» یان ئاساییکردنەوەی توندوتیژی بووەتەوە، کەبۆتە  هۆی سەرهەڵدانی تاوانی کوشتن لە نێو کێشە کۆمەڵایەتییە ئاساییەکاندا کە زۆرجار یەکلاکردنەوەیان لەناو دادگاکاندا ئاستەنگی زۆری دروستکردوە، سەرباری تێچوویەکی زۆری پرسی ئاشتەوایی لەناو بەستێنی کۆمەڵایەتییدا.

بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئەم لێکەوتە پێکهاتەیی و کۆمەڵایەتییانە و زاڵبوون بەسەر شوێنەوارەکانی کلتوری ئاساییکردنەوەی توندوتیژیدا لە کۆمەڵگەی کوردیدا، پێویستییەکی حەتمی بە بونیادنانی «سەنتەری کوشتنناسی و پاراستنی دەروونی» هەیە. ئەم سەنتەرە پێویستە لەسەر بنەمای دیدگایەکی نیشتمانی لەناو وەزارەتی پێشمەرگە، یاخود لەناو دامەزراوە ئەمنی و هەواڵگرییەکانی هەرێمی کوردستاندا دابمەزرێت، تا وەک چوارچێوەیەکی زانستی بۆ کۆنتڕۆڵکردنی لێکەوتە دەروونییەکانی پرسی کوشتن، پاراستنی ئاسایشی کۆمەڵایەتی و کارگێڕی کار بکات.

 

 

 

 

 

 

سەرچاوەکان:

  1. Grossman, D. (2009). On killing: The psychological cost of learning to kill in war and society (Rev. ed.).
  2. Grossman, 2009, p. 23)
  3. Vagts, A. (1959). A history of militarism: Civilian and military .
  4. The Voices of War. (n.d.). LTCOL Dave Grossman – On killing, combat, sleep, blind spots and everything else in between. https://thevoicesofwar.com/26-ltcol-dave-grossman-on-killing-combat-sleep-blind-spots-and-everything-else-in-between/
  5. SoBrief. (n.d.). On killing by Dave Grossman – Summary, key ideas, and analysis. https://sobrief.com/books/on-killing
تاگهزر
بڵاوکردنەوە: