شەنگار سابیر
وادەردەکەوێت هەندێک بیرکردنەوەی ڕادیکاڵم هەبێت
بیر لە شۆڕشێک دەکەمەوە ،
دژ بە هەموو شۆڕشەکانی ژیان.
شۆڕشێک بێت،
دژی بە شۆڕشی کوفر و ئیمان.
هەندێک جار بیرۆکەی شەڕێکی خوێناویم بۆ دێت
لە کاتی شیعر نووسیندا
ئەوەندەی بیر لە درووستکردنی مۆلۆتۆڤ دەکەمەوە
بیر لە درووستکردنی شارستانیەتێک ناکەمەوە
مەرگ دۆست نیم
بەڵام هەندێک جار وادەردەکەوێت هەندێک تیوری نوێم پێبێت بۆ خاپورکردنی سەرمایەداری.
بۆیە دەڵێم سەرمایەداری،
چونکە خەڵکی باوەڕی بەوە هێناوە کە سەرمایەداری خۆی جۆرێکە لە ئەپۆکالیپس..
ڕادیکاڵانە بیر لە هاوڕێیەتی دەکەمەوە
چونکە کەمێک پیر بووم تا توانیم یادەوەریم بسڕمەوە،
تا درکم بەوە کرد ئیتر بۆ هەندێک شت زۆر درەنگە.
درەنگە تازە بیر لەوە بکەمەوە کە پێشتریش بیرم لێکردۆتەوه،
درەنگە تازە درک بە هەمان ئەو شتانە بکەم کە پێشتر درکم پێکردوون.
چۆن پایز هیچکات شاعیرانە نەبووە بۆمن
چۆن هیچکات لەگەڵ باراندا هەڵناکەم،
تازە درەنگە جارێکیتر بیر لەوە بکەمەوە پایزێک شیعرێک بنووسم و زستانێکیش تەفسیری تەنیایی بکەم..
وادەردەکەوێت بیرۆکەی ڕادیکاڵم زۆر بیت.
بۆ نمونە چیتر بۆم گرنگ نییە خەڵکی کوێم
بۆم گرنگ نییە خەڵکی چۆن بیر لە خۆیان دەکەنەوە
لە مندا،
بۆم گرنگ نییە منیش چۆن وێنەی خۆم دەکێشم
لە مەزرای نائاگایی ئەودا..
زۆر شتم بۆ گرنگ نییە
چونکە وادەردەکەوێت بیرۆکەی ڕادیکاڵم زۆر بێت.
وەک ئەوەی باوەڕم بە پیاسەکردن هەیە دژ بە ئەتمۆسفێری ماڵ.
باوەڕم بە ڕۆشتن بەسەر زەویدا هەیە،
نەک جوتێک باڵ.
باوەڕم بە حەقیقەتی خۆمە،
نەک بەو شتەی ئێوە ناوی دەنێن
خەیاڵ..



