ئێستێتیکی فریدریش شیلەر (بەشی شەشەم)

58
0
بڵاوکردنەوە:

 

-5 گەمە وەک بنیاتنەری ئازادی

وەک لە سەرەوە (3-1) پێشانمان دا، تێگەی گەمە لای کانت بەند نییە بە مەئریفەی ڕاسیۆنالەوە کە ناچارەکییانە ئەنجامی لۆژیکی دەخاتەوە، بەڵکو گەمەی ئازادی هێزی وێناندن و زەینە کە دوو توانستە بنەڕەتییەکەی مەئریفەی ئێمەن، گەمەکەش لە نێوانیاندا بەحەزەوە ڕوودەدات. لە پرۆسەی مەئریفەی ئاساییدا هێزی وێناندن پابەندی زەینە: زەین ناچاری دەکات بەگوێرەی تێگە کارا ببێت (“ئەمە درەختە”). وەلێ لە گەمەی ئازاددا کە بۆ کانت سینۆنیومی جوانییە، هەردوو توانستەکەی مەئریفە لەکاتی ڕوانیندا لە جوانێتی خۆیان لە پەیوەندییەکی هارمۆنیدا دەبیننەوە بەبێ ئەوەی تێگەیەکی دیاریکراوی زەین ئەنجامەکە بچەسپێنێت یان بەبێ ئەوەی ئاوەزی پراکتیکی بڕیارێکی مۆرالی بدات، بەڵکو لای لێڕوانەر تەنیا هەستی حەز دێتەگۆڕێ: ئەو تەنیا چێژ لە جوانێتی دەبینێت، وەلێ هاوکات وا هەست دەکات کە هەروەک بابەتەکە بۆ مەبەستێکی دیاریکراو سازێنرابێت، ئەویش چونکە فۆرمێکی ڕێکخراوی هەیە کە بە هێزی وێناندن و زەین دەگونجێت. کانت ئەمە ناو دەنێت مەبەستێتیی بێمەبەست کە تەواو شێوەکییە (فۆرمالە: ڕێکخراوی، پرۆپۆرسیۆن) و لە خزمەتی هیچ مەبەستێکی پراکتیکیدا نییە.

شیلەر ئەم تێگە پەتییەی گەمە لە کانت وەردەگرێت، وەلێ کاتێک تێگەکە لای کانت تیۆریمەئریفەییە (ئاخر کارایی نێویەکییانەی توانستی دەرکگیری و زەین دەردەخات)، ئەوا شیلەر وەریدەگۆڕێت بۆ تێگەیەکی ئەنترۆپۆلۆژیانەی پەروەردەیی و فەلسەفەی سیاسی. ئێستا تێگەی گەمە لای ئەم دەبێت بە بنەڕەت بۆ گۆڕاندان بە تیۆرییەکی دەوڵەتی ئێستێتیکی.

بێگومان تێگەی گەمە هەروەها لای شیلەر جیاوازە لە گەمەکانی کاتبەسەربردن کە مرۆڤ ئەنجامیان دەدات و چێژیان لێدەبینێت. ئێمە گەرەکە لەم پەیوەندییەدا سەرلەنوێ ڕووبکەینەوە سروشتە جووتەنییەکەی مرۆڤ: ڕەمەکی کەرەسە و فۆرم. یەکەمیان کە دەرکییە، پەیوەندە بە لێرەبوونی فیزیکییانەی مرۆڤەوە. ئەمە بۆ شیلەر „ژیان“ە لە فراوانترین واتادا کە بوونی بەرجەستە و شئورە دەرکییەکان لە خۆ دەگرێت. وەلێ دووەمیان، وەک دەرهاویشتەی ئاوەز، شێوە (گێشتاڵت / Gestalt)(42) دەخاتەوە کە سەرجەم ئەدگارانی شتەکان لە خۆ دەگرێت؛ ئەم ڕەمەکە ڕێکخستن و ستروکتور (بونیاد) بە شئورە دەرکییەکان دەدات، بەم ڕێیەشەوە جیهان دەکات بە „جیهانی من“ بەو ئامانجە کە ئازادی بسەپێنێت. وەلێ ڕەمەکی گەمە سینتێزێکە (تێکهەڵکێشێکە) لە هەردووکیان، تەبایی نێوانیانە و سازاو بە یەک سنوور بۆ یەکدی دادەنێن، بۆیە تێکهەڵکێشبوونیان کۆنکرێتە نەک ئەبستراکت. لەم ڕوانگەیەوە گەر ڕەمەکی کەرەسە ڕوو لە ژیان و ڕەمەکی فۆرم ڕوو لە شێوە بکات، ئەوا کرۆکی ڕەمەکی گەمە بریتییە لە «شێوەی ژیندار / زیندوو» کە «پەیوەندیی هەیە بە سەرجەم پێکهاتە ئێستێتیکییەکانی دیاردەکانەوە، بە وشەیەک: بە جوانییەوە» (43). ئێستا لە گەمەدا چیدی مرۆڤ خۆی لە نێوان ڕەمەکی کەرەسە (حەز و ئارەزووەکان) و فۆرمدا (یاساکانی ئاوەزدا) ناڕەنجێنێت، بەڵکو لەبەرئەوەی هەردووکیان لەکاتی گەمەکردندا نێویەکییانە کاران و بەو ڕێیەشەوە نەسازیی نێوان سروشت و ئاوەز هەڵگیراوە، ئەوا مرۆڤ ئازادە لە زەبری فیزیکی و فرمانی ئەخلاقی.

وەلێ گەر گەمە لای شیلەر بە تێکهەڵکێشبوونی ڕەمەکی کەرەسە و فۆرم لەگۆڕێ بێت، ئەوا ئەو هاوکات بەو کۆنسێپتە دەبێژێت کە هیچ کامیان ناتوانێت بەتەنیا گەمە بکات. ئاخر یەکەمیان جرپن و فرەجۆرە، شێواوە، چەوساوەیە یان بە ئارەزوو تەنراوە، ئەوجا گەر دووەمیان، ئاوەز، ئیدیالێکی گەمە (جوانی) دابنێت، ئەوا لێرەدا تەنیا کۆنسێپتێکی تیۆرییانەی ئەبستراکت دەخاتە بەردەم کە لە کەتواردا بەو شێوەیە نابینرێتەوە، یان نەشیاوە بەتەواوەتی لە کەتواردا بەدیبهێنرێت، ئەویش چونکە سەربەخۆ لە ئەزموونکردنی دەرکی ئاوەڵاکراوە، بۆیە لێرەدا هەردوو ڕەمەکی کەرەسە و فۆرم لە ناکۆکیدان. ئەوە تەنیا گەمەیە کە دەتوانێت ناکۆکیی نێوانیان هەڵبگرێت و بییانخاتە ڕەوشی هارمۆنییەوە، چونکە لە گەمەدا چە ژیان و چە شێوە لەنێو یەکدیدا تواونەتەوە و سەرجەمییانە بوون بە شێوەی ژیندار. ئێمە لێرەدا دەگەین بە پێناسە بەناوبانگەکەی گەمە لای شیلەر:

«بۆ ئەوەی مرۆڤ بەواتای پڕاوپڕی وشە مرۆڤ بێت، ئەوا گەرەکە تەنیا بەجوانی و هەروەها لەتەک جوانیدا گەمە بکات، ئاخر تەنیا لەو کاتەدا کە ئەو گەمە دەکات، ئیدی ئەو سەرجەم مرۆڤە»(44) – بۆیە دەتوانین، دوای سروشت کە یەکەمین ئافرێنەری (خالقی) مرۆڤە، «جوانی ناوبنێین دووەمین ئافرێنەرمان»، ئەویش چونکە جوانی (گەمە) «مرۆڤایەتیمان بۆ دەشێنێت» و دەرفەتمان پێدەدات ئەو مرۆڤایەتییە بە «ویستی ئازادمان (…) بکەین بە کردەکی»، بۆیە ئەو «هاوشێوەی ئافرێنەرە بنەڕەتییەکەمانە، واتا هاوشێوەی سروشتە کە هیچی دیکەی جگە لە توانست بۆ مرۆڤایەتی بە ئێمە نەدا، وەلێ بەکاربردنی ئەم توانستەی پەیوەند کرد بە دیاریکردنی ویستی خۆییمانەوە»(45).

کەواتە ئێمە تەنیا لە گەمەکردندا مرۆڤێکی سەرجەمیین (هەمەکین). وەلێ ئەم ڕەوشە ڕیال نییە، بەڵکو ئیدیالە وەک یەکانەیەکی هەمەکیانەی جوان و ئازاد. ئاشکرایە شێوە و ژیان لە کەتواردا هەمیشە ناهاوسەنگن: هەمیشە توخمێکیان کێشی زیاترە بەسەر ئەویدیکەیاندا، بۆیە نەشیاوە ئەم ڕەوشە ئیدیالە لە ژیانی ڕۆژانەدا لەگۆڕێ بێت. سەرباری ئەوە شیلەر جەخت دەکات کە مرۆڤ گەرەکە بە پەروەردەی ئێستێتیکی بۆ ئەم ڕەوشە ئیدیالە تێبکۆشێت، کە بێگومان لەبەرئەوەی ئیدیالە، ئەوا نەشیاوە پێی بگات (ئەمە لە خوارەوە بەڕوونی دەبینین).

 

1-5 هونەر وەک بەرهەمی گەمە

 

لەبەرئەوەی هونەر لای شیلەر تەنیا لە جیهانی دەرکەوتەدا لەگۆڕێیە، ئەوا پارێزبەندیی لە هەوەسی مرۆڤ هەیە، بۆیە دەشێت ببێت بە پەروەردکاری مرۆڤ. ئاخر گەرچی یاسادانەر یان پیاوی دەوڵەت دەتوانێت سنوور بۆ کایەی هونەر دابنێت، وەلێ هەرگیز ناتوانێت لەنێویدا سەروەر بێت؛ گەرچی یاسادانەر دەتوانێت هونەرمەند وەک „دۆستی ڕاستی“ بچەوسێنێتەوە، وەلێ ناتوانێت ڕاستی لەناوبەرێت یان هونەر بشێوێنێت. شیلەر لێرەدا هونەرمەند وەک دۆستی ڕاستی دەردەخات، چونکە دەزانێت کە زۆر دەشێت ئامانجی هونەر گرێ بدرێت بە چنینەوەی ستایشی ئەوانیدییەوە، یان تەنانەت خودی هونەر وەک دەستوێژ بۆ ستایشکردنی هۆشی سەردەم وەربگیرێت. ئێمە لێرەدا لە بەردەم پرسی کارەکتەرداین: گەر هونەرمەند کارەکتەرێکی نامەرد و شێواوی هەبێت، ئیدی ئەو بە ئارەزووی خۆشڕابواردن و ئاسوودەیی کەسەکی دەتەنرێت، یان بە هونەرەکەی چاوەڕوانی ستایشە. شیلەر بەرژەوەندچێتی، خزمەتکردنی دەسەڵاتداران و بەپیرەوەچوونی داخوازییەکانیان وەک مایەی ڕسوایی بۆ هونەرمەند دەنرخێنێت.

وەلێ گومانی تێدا نییە کە لە نێوان هونەرمەند و جڤاکدا پەیوەندیی نێویەکی هەیە، هاوکات ژینگەکەی لە گشتلاوە بە پێوارە و ڕێنوماکانییەوە دەوری ئەوی داوە. شیلەر لەم پەیوەندییەدا داواکارییەکی ڕادیکال ڕادەگەیەنێت: هونەرمەند دەبێت جیاواز لە کەسانی جڤاکەکەی بژی، جا گەرچی ئەو لەم هەڵوێستەیدا بۆی نییە فیزدار بێت و بەسووکی لە چێژ و بڕیارەکانیان بڕوانێت. ئەوان بەگشتی قاڵبووی نێو ژینگەی خۆیانن، پابەندی چێژی سەردەمن، خوازیاری بەزم و ڕەزمن یان گوێرایەڵی ئاوەزن، وەلێ هونەرمەند بە پێچەوانەوە «نابێت بەرهەمی سەردەمەکەی بێت»(46)، کە ئیدی بەو ڕێیەوە خۆی لە کەسانی جڤاکەکەی جیادەکاتەوە. بێگومان دەشێت ئەو سۆسیال بێت و بە هانای هاومرۆڤانییەوە بچێت گەر ئەوان پێویستیان بەو بێت، وەلێ نابێت چاوەڕوانی ستایشی ئەوان بێت، ئەو دەبێت تەنانەت بەختەوەرییان ڕەتبکاتەوە تا بۆیان بسەلمێنێت کە ئەو ئازادە لە شادی و خەم و ناسۆریان. ئامانجی ئەو لەم هەڵوێستەیدا ڕماندنی بینای هەوەس و ئارەزووەکانە، وەلێ ئەو تەنیا کاتێک ئەم ئامانجەی پێبەدیدەهێنرێت، گەر سەرەتا بینای هەوەس لەنێو کەسی ئەو خۆیدا کەوتبێتە ژێر پرسیارەوە و ئەوجا هەڵیبووەشێنێتەوە. ئێمە لێرەدا هەڵوێستی ڕۆشناییدەرانەی شیلەر دەبینین: پێگەیاندنی سەبژێکتیڤێتیی هونەرمەند لە لایەن ئەو خۆیەوە پێشمەرجە بۆ وەرگرتنی هەڵوێست بەرانبەر جڤاک. بۆ ئەوەی هونەرمەند بەم ئاستە بگات، دەبێت سەرەتا لە جڤاکی سەردەم دووربکەوێتەوە، خۆی لێداببڕێت بەو ئامانجە کە پەیڕەوێکی ئیدیال بۆ خۆی دابنێت. ئەمە بێگومان گۆشەگیری نییە، بەڵکو هونەرمەند گەرەکە دوای چەسپاندنی ناخەکییانەی پەیڕەوی ئیدیال بچێتەوە نێو جڤاک. شیلەر بەم داواکارییە مەبەستێکی هەیە: هونەرمەند گەرەکە ببێت بە نموونە بۆ جڤاک و هاوکات ئاڕاستەی جڤاک ڕووەو چاکە وەربگۆڕێت. شیلەر بەڕاستی باوەڕ دەکات کە جڤاکی سەردەم بەو جۆرە هەڵوێستەی هونەرمەند دەچێتە ڕەوشی گۆڕانەوە. وەلێ ئەو هاوکات گەڤی هونەرمەندان دەکات کە خۆیان لە ڕێساکانی مرۆڤانی جڤاکەکەیان هەڵنەقورتێنن، هێرش نەبەنە سەریان و نەفرەت لە کردەوەکانیان نەکەن، بەڵکو دەستی بیناکەری خۆیان لەنێو تەمەڵییەکانیاندا تاقیبکەنەوە. هونەرمەند بەم شێوازە دەبێت بە پەروەردکاری گەل، چونکە دابڕاو لە هەوەسی مرۆڤان دەژی. کەواتە هونەرمەند ئەنگاژمۆی نییە، کەسێتییەکی یارمەتیدەر نییە بۆ چاککردنی کەتوار، بەڵێ ئەو تەنانەت گەرەکە بە چەشنێک لێرەبوونی بژێنێت کە ئیدی پێویستی بە کەتوار نەبێت. شیلەر بەتوندی دژی ئەو تێڕوانینە دەوەستێتەوە کە وای دادەنێت گۆیا „هەست بۆ جوانی“ مایەی ناسکبوونەوەی نەریتەکانە. ئەو دژی ئەم جۆرە تێڕوانینەیە، چونکە پشت بە ئەزموونی ڕۆژانە دەبەستێت: ئەمپیرییە. وەک لە سەرەوە بینیمان، ئەو بە هزرینی ترانسسێندێنتال تێگەیەکی جوانێتی دەچەسپێنێت کە لە ئەزموونەوە نەهاتووە، بەڵکو ئیدیالە و هەر ئەمیش دەرفەتمان بۆ دەڕەخسێنێت کە بزانین، داخۆ ئەو شتە کە لە ئەزمووندا بە جوان دادەنرێت، بەڕاستی جوان بێت.

هونەرمەندی بێفیز، «ئازاد لە هۆشی شەیدا، دەیەوێت ئەسەری خۆی جێبهێڵێت»(47)، وەلێ ئەو تەنیا کاتێک ئەو خواستەی پێبەدیدەهێنرێت گەر ئەو وەک گەمەڤان ستاتۆیەکی ئێستێتیکی بهێنێتەگۆڕێ و تێیدا ئازادیی ویستی خۆی بەرجەستە بکات: لە یەکێتیی نێوان هەردوو ڕەمەکی کەرەسە و فۆرمەوە ئیدێی ئازادی بەزیندوویی لە کاری هونەریدا دابڕێژێت. کەواتە ئێستا ئیدێی ئازادی ئەبستراکت نییە، بەڵکو وەک دەرکەوتەی جوان (schöner Schein) لە کردەکێتیدا دیارە و ئەزموون دەکرێت. بەمەش جوانی، وەک ئازادی لە دیاردەدا، بۆ شیلەر دەبێت بە سیمبۆلی (48) ئازادییەکی ئێستێتیکی، کەواتە دیکۆر (رواڵەتی ڕازاوە) نییە، بەڵکو دیاردەی هارمۆنیی نێوان سروشتی دەرکی و فۆرمی ئاوەزییە: شێوەی زیندووە.

هونەر تەنیا سیمبۆلییانە ئازادیی ئاکاری دادەڕێژێت، ئەوە بێگومان تەنیا لە ستروکتورە فۆرمالەکەیدا. ئامانجی شیلەر هونەرێکە کە دەرهاویشتەی گەمەیە. ئەدگاری کرۆکیانەی ئەم هونەرە ئەوەیە کە «بەڕێی فۆرمەوە کەرەسە لەناودەبات»، ئەویش چونکە «لە هونەری پەتی یان ڕاستینەدا» فۆرم ئامانجی سەرەکییە و بۆیە نابێت «هیچ رۆڵێک بە نێوەرۆک» بدرێت(49). بێگومان لە کارکردنی هونەریدا هەمیشە نێوەرۆک وەک کەرەسە (ماتەریال) بەکاردەبرێت، وەلێ ئەوە تەنیا لە پێناوی شیاندنی فۆرمێکدایە، چونکە نێوەرۆک بۆ خاتری گەیاندنی گوزارشت پێویستە. بەکورتی: ئەرکی هونەری ئۆتۆنۆم چێکردنی فۆرمە. ئەو هەمیشە „دەرکەوتەی جوان“، سیمبۆلی چاک-ی ئاکاری و ئازادی دەمێنێتەوە بۆ ئەوەی تا بشێت دەرک بکرێت، ئەوجا چەند ئاشکرا و ڕۆشنتر خۆی وەک کەتواری جیاواز لە کەتواری جڤاکی یان لە سروشت داببڕێت، هێندە باشتر دەرک دەکرێت. بێگومان هەر خودی هونەر وەک دەرکەوتەی جوان لای شیلەر ئاماژەیەک بۆ ئەوە لە خۆ دەگرێت کە ئەو لاسایی سروشت نییە (وەک لای باومگارتن و کانت)، بەڵکو بە تێکهەڵکێشکردنی شعور و هزرین (کەرەسە و فۆرم) جوانێتیی ئیدیال دەخاتەوە، بۆیە شیلەر جەخت دەکات کە «هونەر پێویستی بە هیچ پیرۆزێکی دەرەکی نییە، بەڵکو گەرەکە ئەو خۆی پیرۆز بێت، ئیدیالی مرۆڤایەتیش بەرلەوەی هەڵبێت، دوا پەنای خۆی لە سنگی هونەرمەنددا دەبینێتەوە» (50). کەواتە چیدی هونەرمەند نموونەکانی لە کردەکێتی وەرناگرێت، بەڵکو ئەو خۆی نموونە بە کردەکێتی دەدات و بەو ڕێیەشەوە دەرفەت بۆ خۆی دەڕەخسێنێت کە بە هەست و سۆزی خامۆش، کەواتە بەدەر لە هەڵپە و جرپنی، ڕاستی لەنێو جوانیدا دیاربهێنێت. بەکورتی: هونەر گەرەکە، دابڕێنراو لە سەرجەم کەتوار، فیکسیۆنال (هەڵبەستراو، داهێنراو) بێت. شیلەر لە هەڵبەستیار (یان لە هونەرمەند بەگشتی) هەر مافێکی هەڵبەستیاربوون دەسەنێتەوە هەرئەوەندەی ڕێ بدات ئەزموون ببێت بە دیاریکەری کایەی ئیدیال. بە پێچەوانەوە ئەو دەبێت بەڕێی ئیدیالەوە هەوڵ بۆ دیاریکردنی لێرەبوونی کردەکی بدات.

لەو ڕوانگەیەوە کە هونەر وەک دەرکەوتەی جوان، وەک گەمە و ئازادی، تەنیا سیمبۆلە و پێشبینییەک لەبارەی ئازادی بە توانستی دەرکگیریمان دەگەیەنێت، ئەوا هونەر ئەخلاقی نییە، هەرگیز ڕێنوما بۆ مرۆڤان دانانێت تا کرداری ئەخلاقی بنوێنن، وەلێ تەنیا لەبەرئەوەی هونەر بەڕێی بونیادی فۆرمالی خۆیەوە دیاردەدات، ئەوا مەبەستێتییەکی لە خۆ گرتووە: لە هونەردا ڕاستی و ئازادی بەتەواوی شێوەکییانە (فۆرمال) دیاردەدەن و وەرگر دەتوانێت ئەزموونیان بکات، ئێستا ئیدی لای ئەو شئورکردن و هزرین دەچنە ڕەوشی هارمۆنییەوە، بەوەش ئەو ئازاد دەبێت لە هەردوو زەبری لێرەبوون (ڕەمەکی کەرەسە) و ئەخلاقی (ڕەمەکی فۆرم). ئەزموونکردنی هونەر وەک دەرکەوتەی جوان وەرگر لە جیهانی دەرکییەوە دەبات بەرەو فۆرم و هزرین. وەرگر لەسەر ئەم ڕێگەیە دەبێت بە کەسێکی ئەخلاقی.

ئێمە گەرەکە لەم جێیەدا سەرلەنوێ ڕووبکەینەوە هونەری ڕاستینە کە لای شیلەر ناتوانێت درۆ بکات. شیلەر لە لایەک جەخت دەکات کە هونەر وەک “دەرکەوتەی جوان” ئیلوزیۆنە (وەهمە) و وەک جیهانێکی سەربەخۆ تەریب بە جیهانی ڕیال لەگۆڕێیە، وەلێ ئەم ئیلوزیۆنە پۆزەتیڤە، وەک ئەوەش جیاوازە لە فریودانی دەرکەوتەی لۆژیکی (“لەبەرئەوەی شتەکە نوێیە، ئەوا چاکە”). بە پێچەوانەوە ئەدگاری هەروەک-ئەوهاییەکەی دەرکەوتەی جوان بەئاشکرا پێشانی دەدات کە ئەو هیچی دیکە نییە جگە لە دەرکەوتە، کەواتە خۆی درۆزنانە بە جیهانی ئۆبژێکتیڤی دانانێت، هەربۆیە وەرگر وەک فریودان، وەک فێڵ، دەرکی ناکات – وەک گۆتمان هونەر ڕاستی دەردەبڕێت، کەواتە “ڕاست-گۆ”یە، هەر بەم ڕێیەشەوە دەرفەت بۆ وەرگر دەڕەخسێنێت کە ئەو خۆی ڕەفتاری بگۆڕێت تا ببێت بە کەسێکی ئەخلاقی. ئاخر وەرگر بە موئایەشەکردنی هەر جۆرێکی هونەر تەواو پەیوەست دەبێت بە جیهانە هونەرییەکەشییەوە، ئەو تەنانەت „دوای“ گوێگرتن لە پارچەیەک موزیکی جوان، دوای خوێندنەوەی هەڵبەستێکی جوان، دوای ڕوانین لە وێنەیەکی جوان، هێشتا هەر لە پەیوەستیدایە بەو موزیکەوە، بە هەڵبەستەکە یان بە وێنەکەوە. بۆیە «کێ بییەوێت ڕاستەوخۆ دوای چێژبینینێکی باڵای موزیکی بانگمان بکات بۆ هزرینێکی دابڕاو، بییەوێت ڕاستەوخۆ دوای چێژبینینێکی باڵای هۆنەرییانە بەکارمان بهێنێت بۆ کاروبارێکی (…) ژیانی گشتی، ڕاستەوخۆ دوای ڕوانین لە وێنە و پەیکەری جوان هێزی وێناکردنمان دابگیرسێنێت و هەستمان سەرسام کات، ئەو کەسە بۆ ئەو مەبەستانە کاتێکی نالەباری هەڵبژاردووە»؛ ئاخر پارچە موزیکەکە «هێشتا هەر بەڕێی کەرەسەکەیەوە ئافینێتییەکی (پەیوەستییەکی) گەورەی بە دەرکەوەرەکانمانەوە هەیە»، هەڵبەستەکە «هێشتا هەر لە ئەندێشەی ئارەزوومەند و بەڕێکەوتدا، وەک میدیەمی خۆی، بەشداری دەکات»، وێنەکەش «بەڕێی دیاریکراویی تێگەکەیەوە هاوسایە بە جددیترین زانست»(51) – کەواتە وێنەش هەمان ئامانجی زانستی هەیە کە مەئریفەی ڕاستییە.

وەلێ ئیدیالی شیلەر ئەوەیە کە هەر جۆرێکی هونەر بە ڕادەیەکی ئەوتۆی کامیلێتی بگات کە ئیدی خۆی لە سنووری میدیەمە تایبەتەکەی (دەنگ، ماتەری یان وشە) بەربدات، بەوەش کاریگەرییەکەی لەسەر هۆش و دەروونی وەرگر بەردەوام هاوشێوەتر بێت بە کاریگەریی هەریەکێکی دیکەیان. ئاشکرایە موزیک بە میدیەمی دەنگ ڕاستەوخۆ وەرگر دەهەنگێوێت و زۆر بەهێز کاریگەری لەسەر هەستی ئەو دەنوێنێت، بەڵێ تەنانەت دەرککردنی کات لای ئەو دەگۆڕێت؛ وێنە بە میدیەمی ڕەنگ و ڕاوم (سێڕەهەندی، قووڵی) ڕوو لە چاو و زەین دەکات بە کاریگەرییەوە لەسەر ئەو سۆزانەی کە نیشتوون و ئەو جارێ لێیان بەئاگانەهاتووە (ڕەنگی سوور دەیوروژێنێت، ڕەنگی شین ئارامیی پێدەدات)؛ هەروەها هەڵبەست بە میدیەمی وشە لەتەک هێزی وێناندندا دەئاخڤێت، وەلێ ڕاستەوخۆ هیچ زانیارییەکی ڕوونی پێڕاناگەیەنێت، وەک چۆن ئەمە بۆ لەیەکتێگەیشتنی ڕۆژانە پێویستە، بەڵکو بە وێنەی خۆیی ڕوو لەو دەکات (“بەتەنیا لە باوەشی ئاسماندام”)، بەوەش ئەندێشەی دەوروژێنێت: لەنێو هۆشیدا وێنەی زیندوو و سۆز دەهێنێتەگۆڕێ، ئەویش هەوڵ دەدات پارچە وێنە هۆنراوەکان لەنێو هێزی وێناندنی خۆیدا لەیەکبدات. وەلێ شیلەر داوا دەکات کە ئەم هونەرانە گەرەکە لە پرۆسەی کامیلبوونیاندا هەمیشە هاوشێوەتر ببن: «موزیک دەبێت لە باڵاترین کامیلبوونیدا ببێت بە شێوە و بە دەسەڵاتە ئارامەکەی ئەنتیکە کارمان تێبکات؛ هونەری شێوەسازی دەبێت لە باڵاترین کامیلبوونیدا ببێت بە موزیک و بەڕێی ئامادەیی ڕاستەوخۆی دەرکییەوە بمانبزوێنێت؛ هەڵبەست دەبێت لە باڵاترین پێگەیویی خۆیدا، هاوشێوەی هونەری دەنگ بەهێزەوە کارمان تێبکات، وەلێ هاوکات هاوشێوەی پلاستیک بە ڕوونییەکی ئارام دەورمان بدات» (52). کەواتە موزیکی کامیل فۆرمی پەیکەر وەردەگرێت، وێنە ئێستا کەرەسەییانە نەنیشتووە، بەڵکو هاوشێوەی موزیک دەبێت بە ژیندار و دەرووندار، کاریگەریی هەڵبەست لەسەر دەروون هێندە بەهێز دەبێت کە ئیدی سۆزمەندییەکەی موزیک و دیتەنێتیی پەیکەر یەکدەخات. وەلێ، وەک لە سەرەوە پێشانمان دا، ئەمە تەنیا بە هونەرێک ئەنجام دەدرێت کە بەڕێی فۆرمەوە کەرەسە ناهێڵێت.

ئەو دۆخە کە وەرگر بە ئەزموونکردنی هونەری کامیل دەچێتە نێوییەوە، شیلەر ناوی دەنێت ستاتۆی ئێستێتیکی. ئەمە ستاتۆی ئازادییە لە دیاردەدا، واتا هونەر وەک دەرکەوتە تەنیا بەڕێی ئازادییەوە ئازادی دەخاتەوە. کەواتە لای شیلەر هونەری کامیل، ڕاستینە، هەرگیز گفتی ئازادیی سیاسی و سۆسیال نادات، بەڵکو لەتوانایدایە مرۆڤ بخاتە نێو ستاتۆی ئێستێتیکییەوە، کە ئیدی ئەو، بە هاوسەنگبوونی شئورکردن و هزرینی، ئازاد دەبێت لە زەبری زەروورە و یاسای ئەخلاقی. ئێستا فۆرم سەرجەم هێزەکانی ئەو دەتەنێت، بەوەش ئیدی دەرفەت دەڕەخسێت بۆئەوەی „توانستی ئەو بۆ مرۆڤایەتی“ پێبگەیەنرێت – لە لایەن هونەر یان هونەرمەندەوە. ئاخر «گەرچی مرۆڤ دەژی و شێوەی هەیە، وەلێ ئەو جارێ بەو هۆیەوە شێوەی ژیندار نییە. شێوەی ئەو ژیانە و ژیانی ئەو شێوەیە. گەر ئێمە تەنیا لە شێوەی مرۆڤ بهزرێین، لێرەدا ئەو بێژینە، ئەو تەنیا ئەبستراکسیۆنە؛ گەر ئێمە تەنیا هەست بە ژیانی ئەو بکەین، لێرەدا ئەو بێشێوەیە، ئەو تەنیا ئیمپرێسیۆنە (شئورە). وەلێ کاتێک شێوەی ئەو لە شئوری ئێمەدا دەژی و ژیانی لە زەینماندا دەفۆرمێت، ئیدی ئەو شێوەی ژیندارە»(53).

 

2-5 ستاتۆی ئێستێتیکی

ماویەتی

 

پەراوێز

(42 ئەم واژە ئەڵمانییەی “گێشتاڵت” (شێوە) لە پسیکۆلۆژیدا بەڕێی ئەرەبەکانەوە هاتۆتە نێو زمانی کوردییەوە و کوردەکان وەک ئەوان بە “جیشتاڵت” دەیدەنەوە.

(43) Schiller, Friedrich: Über die ästhetische Erziehung des Menschen. 15. Brief. S. 40.

44)  هەمان سەرچاوە، نامەی 15، لا 43.

45) هەمان سەرچاوە، نامەی 21، لا 59.

46) هەمان سەرچاوە، نامەی 9، لا 25.

47) هەمان سەرچاوە، نامەی 9، لا 23.

48) تێگەی سیمبۆل لای شیلەر، یان بەگشتی لە ئەدەب و هونەری کلاسیکی ئەڵمانیدا، جیاوازە لە تێگەی ڕەسەنی سیمبۆل کە “شت”ە، کەواتە بەرجەستانە لەگۆڕێیە و هیچ هاوتایەکی نییە، بۆیە یەکسەر دەناسرێتەوە بەبێ ئەوەی مرۆڤ بە هەڵە وەک شتێکی دیکە لێی تێبگات، بۆ نموونە “کۆتری سپی” سیمبۆلی ئاشتییە، “دڵ” سیمبۆلی خۆشەویستییە. هەریەکەیان شتێکی نابەرجەستە وێنەییانە دادەڕێژێت. وەلێ سیمبۆل لە کلاسیکی ئەڵمانیدا (لای گوێتە و شیلەر) “یەکێتیی جادووییانەی ئیدێ و دیاردەیە”، لێرە لەنێو تایبەتێتیدا (وێنەدا) ئیدێ دێتە دەربڕین. بڕوانە: کاوە جەلال. ماتەریالیزمی مێسیایی ڤاڵتەر بێنیامین. (1-2-4 ڕەخنەی ڕۆمانتیک و کلاسیک. کوردڕاوم، دەنگەکان.

49) Schiller, Friedrich: Über die ästhetische Erziehung des Menschen. 22. Brief. S. 61.

50) هەڵبەستی “An Goethe” (“بۆ گوێتە”).

51) Schiller, Friedrich: Über die ästhetische Erziehung des Menschen. 22. Brief. S. 61.

52) هەمان سەرچاوە، نامەی 22، لا 61.

53) هەمان سەرچاوە، نامەی 15، لا 40.

 

سەرچاوەکان:

– Schiller, Friedrich: Über Anmut und Würde. Sämtliche Werke, Band 5, München 1962. (Zeno.org).

– Schiller, Friedrich: Über die ästhetische Erziehung des Menschen. Sämtliche Werke, Band 5, München 1962.  (Zeno.org).

– Schiller, Friedrich: An Goethe (بڕوانە) https://projekt-gutenberg.org.

-ئیمانوێل کانت. پێشگۆتن بۆ هه‌ر مێتافیزیکێک که‌ بشێت له‌ ئاینده‌دا ببێت به‌ زانست. کاوە جەلال لە ئەڵمانییەوە. پاشگۆتنی وەرگێر. کتێبخانەی هەریەک لە: دەنگەکان، کوردڕاوم، کوردستانپۆست.

 

تاگهزر
بڵاوکردنەوە: