نووسینی: دابان عەتار
گۆرانى شار دەژەنم
دەبمە بەرنامەی ڕۆبۆتێکی هەستیار
لە شاشەکانەوە بانگەشەی ڕۆحم پەخشدەکەم
لە نهۆمی سێزدەمەوە
سێزدەجار تەنیایی
سێ هەوڵی خۆفرێدان
کەللەمان بە مادەدا تەقی
لەناو ماددەدا تەنیایی پڕماندەکاتەوە بە هیچ
هیچ هەرایەک لە دڵەوە نابێ
دڵ قتووبەندکراوە
گەڵایەک ڕادەکێشمە ئەم جیهانە پلاستیکیەوە
گوڵێک لە گەردنی ژەنگاویی
شار لە سەری مندا جەنجاڵە
سەرم لەو هەموو باڵەخانانە دڕاوە
دڵم لەم تۆڕانەدا ڕزاوە
جاڵجاڵۆکەیەک بە تۆڕی مندا ناگوزەرێ
من جاڵجاڵۆکەیەکم و بەتۆڕی ئێوەدا گەنیو
لە دراوێکدا دڕاوی ئەم سەرمایە پینەناکرێ
دڕاوم لە تەنیایی ژاوەژاوی بووکەڵەکاندا
دێمە چەقی تووڕەهاتەکانی ئامێرەوە
بە توونێلەکانی تەنیاییمەوە سینگی ژاوەژاوتان کونەودەر دەکەم
قردێلەی ئەم سیستەمە تەنگە دەپچڕێنم
ئەم سەرمایە گەیشتووەتە ئێسقانەکانی تەنیاییم
ماچەکانی ئێرە بە لێودا ناتەقنەوە
ئاسنی سارد دەکوتنەوە
کارگەی بەچکەپەڕۆیە لێوی ئەم دراوە دڕاوانە
سەوزایی ڕادەکێشم، ئەم شەقامە چۆڵە
پاساریەکان سینگم دەکەن بە هێلانە
لەجریوەوە هاتووم هاواربچێنمە ڕۆبۆتەکانتانەوە
جیهانێک لەم وێستگەیەدا چاوەڕێیە
جیهانێک لێوانلێو لە لێوی درۆینە
لە ماچی سۆزانی
لە سێکسی کڕدراو
لە پینەی بەپارەکراو/بەپارەکڕدراو
جیهانێک پڕپڕبووە لە مەمکی سەربڕدراو
لە دڵی خەساو
لە ئەڤینی لاقەکراو
ئەم هەموو پینەی بووکەڵەسێکسیانە لەسەرمدا دەدڕێن
ئەم هەموو فالووسە فوودراوە
ئەم هەموو سمتە فوودراوانە
لە جوانی لاقەکراو
لە جیهانێکی فوودراو
مرۆڤ لە تۆڕەکاندا بووە جاڵجاڵۆکە
لەو هەمووە بەدگۆڕانانە دەڕشێمەوە
ڕۆحی ئەم جیهانە لە دراوێکدا گەنیوە
ڕۆحی ئەم بەدگۆڕانە پەنجەرەیەک شکنابا بۆ داخستن
خوداوەندی شاشەکان
ئەفیونی گەیاندە هەموو گیرفانەکان
چاوەکانی ژاراوی کرد
دڵەکانی لەداتایەکدا دزی
شار گۆرانی دیوارە
ئەم هەموو دیوارانە گرێدراونەتە نەخشەوە
باڵەفڕکەی مرۆڤ بەسینگی ئاسمانەوە
ئاسمان لووتی باڵەخانەکانی لەباوەشگرتووە
لە نهۆمی سەتەمەوە ڕۆبۆتێک و ئەڤینێکی لاقەکراو
لاقەی گۆرانییەکانی تەنیایی
شار گۆرانی دیوارە
گۆرانی: شەقام و شەقاو، باڵەخانە و تۆڕی پێکداچڕژاو…
گۆرانی: وڕە و وژەی ویل و ماشێن و ماتۆڕی فڕاو
شار سکپڕ بە جەنجاڵی و نامۆیی و ڕەشاو
کەی ڕەشاوی شار، گۆرانی مێز و کورسی
گۆرانی تیک تاک و ترپەترپ
گۆرانی حەب دەبێتە ڕابەری عامود، ڕابەری ژانەسەر و خەوی زڕاو
خەو ختووکەی خاو دەخاتە نێو ویلێکی خوولاو
شار سرودی خوولانەوەیە
سەرم چەقێکی خوولاو
دڵ هیلاکی هاوئاهەنگکردنی ویست و حەزێکی جێماو
دڵم لە شاشەیەکدا جێما
چاوم بەنامەیەکی ئەلکتڕۆنیدا چزا
دەستی بەرنامەیەکی نامەبەرم ماچ کرد
ڕۆبۆتێک لە شەقامێکی جەنجاڵدا خێسەی لێکردم
ڕووپەڕی داتاکان بوونە کێڵگەی نهێنیەکانمان
چاوێک ڕۆحی دزین
گەڵاکانی نێو چاوم شەڕی ژەنگیان پێنەدەکرا
سینگم لە گزۆزی ماشێنەکاندا خنکا
دووکەڵ لە سەری مندا سەما دەکا
شەقام پڕە لە پێی سەرگەردان
خێرایی کاتەکانمان دەکوتێ
لە خوولگەی تەمەندا چرکەچرکم باڵ دەگرێ
بەردەوام گوڵی پلاستیکیم دەدڕێ و دەدڕێ
زەنگی جەنگ ژەنگی ڕژاندە زاری دەمەوە
دەمی ئێستامان لە دەمی بۆمبێکدا کاتڕێژ
وێستگەکان پڕبوون لە ترازان
ئەم هەموو سەفەرە لە چ کتێبێکەوە بپێچم
چ دێرێک بگەیەنمە میتڕۆی پێکەوەیی
لە وێستگەیەکدا ڕۆبۆتێک دڵمی دزی
لە شەقامێکدا کامیرەیەک ڕۆحمی داڕنی
من تۆقیوم لەو هەمووە چاوە
چاوی کۆڵان
چاوی شەقام
چاوی وێستەگە و نەخۆشخانە و دار و بەردی شار
چاوەکان تا ناو جێگەی خەویش بە دوامانەوەن
ڕادەکەم لە چاوەکان
دەمەوێ خۆم بشارمەوە
ماندوو دەبم و چاوێک لە سووچێکی شاراوەی کۆڵانەکە ماندوێتیم دەخوێنێتەوە
ناولەپی ئەم جیهانە پڕبووە لە چاوی نهێنیپارێز
چاوی نهێنیهەڵگری سووسەکەر
لەم جیهانە چاودارە بێزارم
دەمەوێت چاوتان بشکێنم
ئابڕووی هەموومان لەچاوتاندا هەڕەشەیە
ئابڕوومان لەسنووری کلیکەکاندا قەتیس
لەنێوان کرتەکردن و نەکردندا هەڕەشە دەمانباتەوە قاوغەکانمان
مرۆڤ تڕۆی تووڕەهاتەکانی داتا
مرۆڤ تڕۆی تووڕەهاتەکانی دانا
مرۆڤ لەژمارەکاندا بوونی ونکردووە
بوون لە نێوان سفر و یەکدا هەزاران ساڵی ترس
مرۆڤ سەری بە کۆمی ترسەوە کز
شار خۆی دەکوتێتە تەنیایمەوە
وەک زێرابێکی تەنیاتر مەراقم لێ دەڕوا
میتڕۆکان بەناوەوەی مندا خێران
شەقامەکان لە منەوە درێژدەبنەوە
باڵەخانەکان بەحەوامدا دەبەن
لێوێک خەیاڵم دەژەنگێنێ
سمتێک دڵم دەپلیشێنێتەوە
دەبم بەژێر هەرەسی هەوەسەوە
مرۆڤێک لە ژێرمدا دەبێتە بووکەڵە
مرۆڤێک لە باوەشمدا دەبێتە لاستیک
ماچێک تام تایەی ماشێنەکەم دەدات
دوو دەبدەبە لەنێو دەستەکانمدا دەتەقن
سینگێک لەژێر پەنجەکانمدا پەنچەردەبێت
ڕۆژێکم لە خوولەکێکدا دەتروکێ
زەمەنم لە چرکەیەکدا تەنگ
تەنگم وەکوو خونچەی دەمی کۆ*
گێژم گێژ لە گێژی هەزاران شەقامی پێکداچوو
لە شەقامێکدا ون دەبم
لە کۆڵانێکدا خوێن دەهێنمەوە
شار لە مندا تەنگە
بازار لە مندا تەنیا
باڕ لە مندا ئاگا
دەسەڵاتەکان لە مندا ئەژدیها
خەریکە سەرم بەشاردا بتەقێتەوە
کاتژمێرەکەم غاردەدات
قاچەکانم شەکەت
دەلاقەیەک شک نابەم بۆ ڕوانین
سەرم بووە جاڵجاڵۆکە
تۆڕی ئەم جیهانە ئاڵۆزکاوەتە خەیاڵمەوە
شەمەندەفەری ئەم خەیاڵانەم گیراو
گیراوترین تونێڵ قوڕگی من
قوڕگم گەرووی هەزاران هاواری خنکاو
لە گۆمی سەرمدا شار دەخنکێ
باڵ بە کورسیەکەوە لەخاچدەدرێ
هەمووڕۆژێک ڕێیەکانم دەچنەوە سەر مێزێک
میزێک و مۆزێکی بەیانیان و مێزێک
پێ و ڕێ و جێ
پێ و ڕێ و جێ
پێ و ڕێ و جێ
دووبارە
ملیۆنانبارە ژیان لە سەری مندا دەسوێ
سوێ دەکەوێتە برینی ئەم جەنجاڵیانەوە
سوێ و سوێ و سوێ
دەق و دەق و دەقدەگرێ ئەم سوێیانە لەسەر سوێ لە سێوێکدا بەیانیانم دەخورێ
ڕەق و ڕەق و ڕەق بە شەقامەکاندا
شەق و شەق و شەق هەڵدەدمە قوتوی سەرم
خول و خول خولگەی سەرم بەدەوری کاس و وڕ
کاسەم بەتاڵ** جۆشێک لەم دونیا پلاستیکیە ناسەنێ
تووڕەییم سینگی ئەم ماڵەپلاستیکیانە دەدڕێنێ
ئەم هەموو لاقە لاقەکراون بە پاتەبوونەوە
لەسەرمدادەکوتن و دەکوتن و کوتن
گوتن لە لێوم دەکەوێ
بینین لە چاوم دەڕژێ
ڕۆیشتن لە قاچم دەڕوێ
دەڕوێ و دەڕۆم و دەڕۆم
بەسە بەس ڕامگرن
هەنگاو پاتەوپاتەوەپاتەوپاتە
ماشێنەکان لە سینگمدا جرتوفرتوفرتوفرت
هەموو ڕێیەکان دەچنەوە سەر سەری من
سەرسەریبووم لەم تووڕەهاتانە
چەکی ناوەکیتان لە ناوسەرمدا وێرانە
زیندەچەکتان گۆشتم دەڕزێنێ
بۆمب بۆمب بۆمب سینگی زەویتان مینرێژ
مەمکێک پێمدا دەتەقێتەوە
پێستم دەوەرێ
ماندویەتیم لێ زاوە
تەنیایم لەجەرگەی ژاوەژاوتان ڕژاوە
ژاراویم
نامەیەک دڵی ژاراوی کردم
کلیکێک بە ترسدانمدا تەقییەوە
کەڕامەتم لە تۆڕەکاندا تەراتێنی دەکرد
چاوی شار لە دڵمدا زام
لە چاوی کوچەکاندا دەترسام
ڕاکەڕاکم نەگەیشتن
ڕاکە! ڕاااک
ڕاکی تیوبەکانی*** سپێرمی جیهان
ڕاکی بلوورەپەڕان****
جیهان کەوتە ژێردەستی نەوەی تاقیگەکان
شۆڕشی بلوورەمنداڵەکان لە چاومان چەقان
جیهانی کۆندۆم خەونی نەبوونەکان
وەڵامی سڵاوەکانم لەبارچوون
ڕۆبۆتە کاتفرۆشەکان کاتیان نەماوە
کات خزاوەتە گەرووی دراوەوە
هەستم دڕاوە
دوورینەوەی ئەم شەقامانە بە پێیەکانی من ناکرێ
ئەم باڵەخانانە بۆ باڵەکانی من تەنگن
ئەم زیندانی مێزە درێژخایەنە
ئەم دیوارانە لەقوڕگمدا تەسکدەبنەوە
سینگم وەک سینگی زەوی تەنگبووە
لەسینگی ئێمەدا ڕەشاو دەردێنن
جیهانی مامەڵەیە بە ڕەشاوی ناخی ئێمە
مامەڵە بەفرمێسکەکانمانەوە دەکەن
“با” ئیتر نایەتە سەما
“با”م لە گەڵ جەنگەکاندا بۆگەن بووە
لەگەڵ بۆمبەکاندا هەپڕوون
بۆمبەکانتان چاوی بە سەمای کۆتر هەڵنایا
دەبم بە با
دەبم بە نا
سینگی دووکەڵەکان کون دەکەم
لەگەڵ باڵندەکاندا سەمای سەفەرم
لەگەڵ جریوەکاندا “با”م بۆ گوێ
دەبم بە “با”
دەبم بە “نا”
سەرم پڕبووە لە هەرا
دەڕژێمەوە و دەبم بە “با”
سەرم پڕبووە لە هەرا
دەڕشێمەوە و دەبم بە”نا”
“با”م لە کێڵگەی مرۆڤەدەقگرتووەکان
با”م “نا” دەپیتێنم”
ترس و تا دەهێنم
پژمەی ئاگایی
“نا” و “تا” دەهێنم
دەبم بە “با”
دەبم بە “نا”
سەرم پڕبووە لە هەرا
هەرا بەناوەوەمدا دەپژێ
زمان لەگەروومدا باڵ دەگرێ
ئەم باڵدارانە لە دەممەوە دەگەنە “با”کانم
وەک “با” سەمای باڵندەکان دەگەیەنمە شار
سەرم پڕبووە لە هەرا
هەرای باڵندەی ناو سەرم دەمخورپێنێ
بەئاگادێمەوە لە پلاستیکیم
داتاکان دەقوپێنمە ئەڤینمەوە
من ئەڤینم من کوڕی “با”م
سنوورەکانیش دابخەن من کوڕی “با”م
لەنێو کۆپی داتاکانا من کوڕی “نا”م
لەنێو دەقی دیوارانا من کوڕی “با”م
“با”م بە کوچەکانی زیندانی شاردا
“با”م بە بوورجەکانی تەنیایییەوە
“با”م و نایەمە داتاکانتانەوە
“با”م و لە چوارچێوەکانتان دێمە دەر
لەناوتان “با”م
لە تاوتان “تا”م
لەچاوتان “نا”م
سنوورەکانیش دابخەن من کوڕى “با”م
……
پەراوێز
*
دڵم تەنگە وەکوو خونچەی دەمی تۆ
سەرم گێژە لە گێژی پەرچەمی تۆ
هەژار
**
سەر کە جۆشێکی نەبێ، من زرکە تاڵم بۆ چیە
دڵ کە هۆشێکی نەبێ شیشەی بەتاڵم بۆ چیە
مەحوی
***Test tube rack
****In vitro fertilization (IVF)



