نووسینی: خەدیجە ئەسکەندەر
پێشەکی
کاتێک باس لە ‘ئاشتیی هەمیشەیی’ دەکەین ، لە ڕاستیدا لە ‘یۆتۆپیا’یەکی فەلسەفییانە نزیک دەبینەوە
یۆتۆپیا وێناکردنی جیهانێکی باشترە لەوەی تیایدا دەژین. جیهانێکی ئەندێشەیی، تیایدا ژیان بە (باشترین) شێوە ڕێکخرابێت، مرۆڤ خۆشبەخت بێت. لەبەرامبەردا دیستۆپیا پێچەوانەکەیەتی، پێشبینی دنیایەک دەکات لە هەموو ڕوویەکەوە خراپترە لەمەی ئێستا. جیهانێک لەئەنجامی سیستمێکی خراپەوە درووست دەبێت، ئەو سیستمە لەئێستادا هەیە و ئەگەر بەردەوامبیت دەگاتە ئەوەی کە نووسەر وێنای دەکات. مرۆڤ لەو جیهانەدا کۆیلەیە، چەوساوەیە، هیچ ئازادیەکی نیە، ناخۆشبەختە.
کاتێک کانت باسی ‘ئاشتی هەمیشەیی’ دەکات، وەک ‘ئایدیایەکی ڕێنیشاندەر’ سەیری دەکات نەک وەک پڕۆژەیەکی سیاسی کە ئامادەبێت بۆ جێبەجێکردن. کەواتە پرسیارەکە ئەوە نییە ‘کەی ئاشتی دروست دەبێت؟’ بەڵکو ‘ئایا خودی چەمکی ئاشتییەکی هەمیشەیی لەگەڵ سرووشتی ململانێئامێزی سیاسەتی نێودەوڵەتیدا و بەتایبەتیش لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا یەکدەگرێتەوە؟'”
چەمکی ئاشتی هەمیشەیی لە فەلسەفەدا
ئاشتی هەمیشەیی وەک خەونێکی کۆنی مرۆڤایەتی لە هەموو سەردەمەکاندا هەبووە، بۆیە فەیلەسوفی ئەڵمانی ئیمانوێل کانت هەوڵیدا لە ساڵی 1795دا بنەما و ڕێگاکانی بەدیهێنانی ئاشتی هەمیشەیی لە کتێبەکەیدا دیاریبکات. ئەو پێیوایە دەبێت جیهانێک دابمەزرێت لەسەر بنەمای یاسا، هاوکاری و ڕێککەوتنی نێودەوڵەتی، کە بتوانێت کێشەکان بە شێوەی ئاشتییانە چارەسەر بکات و گشت مافەکان بپارێزێت.
لەبارەی بنەما سەرەتاییەکاندا، کانت دەڵێت ڕێککەوتنی ئاشتی نابێت تەنها ئاگربەست بێت، بەڵکو دەبێت هۆکارەکانی جەنگیش لەناوببرێت. هەروەها هیچ دەوڵەتێک نابێت ببێتە موڵکی دەوڵەتێکی تر، ودەبێت سوپای هەمیشەیی نەمێنێت چونکە دەبێتە هۆکاری ترس و بەرپابوونی شەڕ. قەرزکردن بۆ جەنگی دەرەکی و دەستوەردان لە کاروباری ناوخۆی وڵاتانی تر قەدەغەن، و تەنانەت لە کاتی جەنگیشدا کردارە دوژمنکارانەکان وەک تیرۆر و خیانەت نابێت بەکاربهێنرێن، چونکە متمانە لەنێوان وڵاتاندا لەناودەبەن.
لە بەشێکدا کانت باس لە ماددەکانی بەدیهێنانی ئاشتی دەکات، ئاشتی حاڵەتێکی خۆڕسکی نییە و پێویستی بە یاسا و نەزم و ڕێکخستن هەیە. لەبەر ئەمە، دەستور دەبێت كۆماری بێت و لەسەر بنەمای ئازادی، یەکسانی و یاسای هاوبەش دامەزرابێت. لەم سیستەمەدا، بڕیاردان لەبارەی جەنگ زۆر قورسە چونکە خەڵک خۆیان بەرپرسیارن و دەبێت بەرگەی بارودۆخی جەنگ و ئەنجامەکانی بگرن ، بەڵام لە سیستمی ناکۆماری، دکتاتۆریەت و دەسەڵاتخوازی و هتد.. جەنگ بەئاسانی بڕیاری لەسەر دەدرێت چونکە دەسەڵات لە دەستی تاکەکەسدایە.
لە ئاستی نێودەوڵەتییدا، کانت پێشنیازی دامەزراندنی یەکێتییەک لە نێوان وڵاتانی ئازاد دەکات کە بە هاوپەیمانیی ئاشتی ناوبنرێت. ئەم یەکێتییە نابێت ببێتە دەوڵەتێکی یەکگرتوو، بەڵکو مەبەست لێی پاراستنی سەربەخۆیی و مافی هەر وڵاتێکی ئەندامە. بە پێی ئەم بیرۆکەیە، جەنگ ڕێگایەکی دروست نییە بۆ چارەسەری کێشەکان و بەدەستهێنانی ماف، و عەقڵیش ئەم شێوازە ڕەتدەکاتەوە. لە کۆتاییدا، ئامانج بریتییە لە کۆتایی هێنان بە هەموو جەنگەکان و بەدیهێنانی ئاشتییەکی بەردەوام لە نێوان وڵاتاندا.
جیاوازی نێوان “نەبوونی شەڕ” و “ئاشتی”
لە زانستی سیاسیدا، بەتایبەت لە لێکۆڵینەوەکانی ئاشتی (Peace Studies)، جیاکردنەوەیەکی بنەڕەتی هەیە لە نێوان دوو چەمکدا کە زۆرجار وەک یەک بەکاردەهێنرێت :
١. ئاشتی نەرێنی (Negative Peace): نەبوونی شەڕ
لە بنەڕەتدا پێناسەیەکی کلاسیک و سادە بۆی بریتییە لە:
– نەبوونی توندوتیژی ڕاستەوخۆ: وەستاندنی شەڕ، بۆردومان، و پێکدادانی چەکداری، ئەمەیش زۆرجار بەهۆی فشاری هێزێکی دەرەکی، یان هاوسەنگی لە ترس و ماندووبوونی لایەنەکاندا دێتە ئاراوە.
-بە نموونە، ئاگربەستێکی کاتی، بوونی هێزی ئاشتیپارێزی نێودەوڵەتی لە نێوان دوو وڵاتی دوژمنداردا، یان دۆخی “شەڕی سارد”. کێشەی ئاشتی نەرێنی، دۆخی نەبوونی شەڕ، ئەوەیە کە ئەم جۆرە ئاشتییە لەرزۆک و ناسەقامگیرە. چونکە هۆکارە بنچینەییەکانی هەڵگیرسانی ململانێکە جا هەر چییەك بێت هەر ماون و چارەسەر نەکراون، متمانە لەنێوانیاندا نییە، وەك ئاگرێکی ژێر خۆڵەمێش وایە، هەر ساتێک ئەگەری هەڵگیرسانەوەی هەیە.
٢. ئاشتی ئەرێنی (Positive Peace): بوونی ئاشتی
ئەمە پێناسە قووڵ و مۆدێرنەکەی ئاشتییە کە یۆهان گالتونگ، باوکی لێکۆڵینەوەکانی ئاشتی، دایهێنا.
بریتییە لە:
– نەبوونی توندوتیژی پێکهاتەیی و کولتووری: نەمانی جیاکاری، چەوساندنەوە، هەژاری بەربڵاو، و ڕقی نەتەوەیی یان ئایینی.
-بوونی دادپەروەری و هاوکاری: بوونی دامەزراوەی دادپەروەر، دابەشکردنی دادگەرانەی سامان، ڕێزگرتن لە مافی مرۆڤ، و بوونی متمانە و دیالۆگ و دبلۆماسی لە نێوان گرووپە جیاوازەکاندا. پەیوەندی نێوان وڵاتانی یەکێتی ئەوروپا دوای جەنگی جیهانی دووەم نموونەیەکی ڕوونە. ئەوان تەنها جەنگیان ڕانەگرتووە، بەڵکو سیستەمێکی هاوبەشی ئابووری و سیاسییان دروست کردووە کە جەنگ وەك شتێکی “مەحاڵ دەبینرێت.
خەسڵەتی ئاشتی ئەرێنی، ئەم جۆرە ئاشتییە بەردەوام و سەقامگیرە. چونکە لەسەر چارەسەرکردنی ڕەگ و ڕیشەی کێشەکان بنیات نراوە، نەک تەنها سڕینەوەی نیشانەکانی و مانەوەی هۆکارە بنەڕەتییەکانی جەنگەکە.
زۆربەی ئەوەی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا بە “پرۆسەی ئاشتی” ناو دەبرێت، لە ڕاستیدا هەوڵدانە بۆ گەیشتن بە ئاشتی نەرێنی واتە وەستاندنی جەنگ. بەڵام بەبێ کارکردن لەسەر هۆکارە بنەڕەتییەکانی کێشەکان و دادپەروەری، گەڕانەوەی ئاوارەکان، چارەسەری کێشەی ئاو و سنوور، و دروستکردنی متمانە، ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ناگاتە ئاستی ئاشتی ئەرێنی. بۆیە هەر ئاگربەستێک دوای ماوەیەک لەناودەچێت، بەهەر جۆرێک لە جۆرەکان ململانێ و جەنگ بەردەوامە.
بەربەستە پێکهاتەییەکانی بەردەم بەدیهاتنی ئاشتی هەمیشەیی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا
وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە ڕووی پێکهاتەی سیاسی و کۆمەڵایەتییەوە هەڵگری کۆمەڵێک تایبەتمەندیی نەرێنین کە بەردەوام ململانێ بەرهەم دەهێننەوە و ڕێگرن لە دروستبوونی سەقامگیری درێژخایەن و بەردەوام. لە ناو ئەو بەربەستانەدا، “کێشەی ناسنامە” وەک سەرچاوەیەکی سەرەکی توندوتیژی، دەردەکەوێت.
کێشەی ناسنامە: کاتێک “ئێمە” و “ئەوان” دەبێتە بنەمای سیاسەت و حوکمڕانی
لە زۆربەی وڵاتانی ناوچەکەدا، دەوڵەت نەیتوانیوە ببێتە چەترێکی هاوبەش بۆ هەموو هاووڵاتیان. لە بەرامبەردا، ناسنامە ژێردەوڵەتییەکان بوونەتە بنەمای دابەشکردنی دەسەڵات، سامان و ماف. ئەم دیاردەیە لە سێ ئاستدا خۆی دەبینێتەوە:
١. ئایین و مەزهەب: لە بیروباوەڕەوە بۆ ئامرازی کۆنتڕۆڵی سیاسی
لەبری ئەوەی ئایین پەیوەندییەکی ڕۆحی نێوان تاک و خوا بێت، لە زۆربەی وڵاتانی ناوچەکەدا گۆڕاوە بۆ ناسنامەیەکی سیاسی بەتایبەتی چەکدارانە. دەوڵەتەکان یان ڕاستەوخۆ لەسەر بنەمای مەزهەبی دیاریکراو دامەزراون، یان سیستەمی حوکمڕانییان بە شێوەیەک داڕێژراوە کە گرووپێکی مەزهەبی لەسەر حسابی ئەوانی تر دەسەڵاتی گرتۆتە دەست، لەبەر ئەوە دەوڵەت دەبێتە لایەنگر، نەک بێلایەن. یاسا و دامەزراوەکان لە خزمەتی گرووپی زاڵدا بەکاردەهێنرێن. ئەمەش “توندوتیژی پێکهاتەیی” بەرهەم دەهێنێت، چونکە گرووپەکانی تر بە شێوەیەکی سیستەماتیک لە دەسەڵات، سوپا و سەرچاوە ئابوورییەکان بێبەش دەکرێن. ترسی هەمیشەیی لە “سڕینەوە” لای کەمینەکان دروست دەبێت.
٢. نەتەوە و هۆز: شکستی پڕۆژەی “دەوڵەت-نەتەوە”
سنوورەکانی دوای جەنگی یەکەمی جیهانی بەبێ ڕەچاوکردنی دابەشبوونی نەتەوەیی و هۆزەکی کێشراون. لە ئەنجامدا، زۆربەی وڵاتانی ناوچەکە لە ڕووی ناوخۆییەوە دابەش و پارچەپارچەن. بۆیە وەلائی تاک بۆ خێڵ، هۆز یان نەتەوەکەی لە وەلائی بۆ دەوڵەت بەهێزترە. سوپا و پۆلیس لە جیاتی ئەوەی دامەزراوەی نیشتمانی بن، دەبنە میلیشیای مەزهەبی و نەتەوەیی. هەڵبژاردنەکانیش دەبنە سەرژمێری بۆ زانینی قەبارەی هەر گرووپێک، نەک پرۆسەیەکی دیموکراسی بۆ هەڵبژاردنی بەرنامە. ئەم پێکهاتەیە دەوڵەت دەکاتە کۆمەڵێک “دەوڵەتۆکە”ی ناکۆک لەناو یەک جوگرافیادا.
٣. گێڕانەوەی مێژوویی: پەروەردەکردنی نەوە لەسەر بنەمای ڕق
سیستەمی پەروەردە و میدیای فەرمی لە زۆربەی وڵاتانی ناوچەکەدا، مێژوو لە دیدی گرووپی زاڵەوە دەگێڕنەوە. لەم گێڕانەوەیەدا، “ئێمە” هەمیشە قوربانین و “ئەوان” هەمیشە تاوانبارن.
مێژوو لە ئامرازێکی فێربوونەوە دەگۆڕێت بۆ چەکێکی ئایدۆلۆژی. کۆمەڵکوژی و کارەساتەکان دەبنە بەشێک لە ناسنامەی سیاسی و لە نەوەیەکەوە بۆ نەوەیەکی تر دەگوازرێنەوە. بەمەش، تەنانەت ئەگەر هۆکارە سیاسی و ئابوورییەکانی شەڕ نەمێنن، کێشە دەروونی و کۆمەڵایەتییەکان وەک بۆمبێکی چێنراو دەمێننەوە بۆ داهاتوو.
کێشەی سەرەکی لە وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا ئەوەیە کە پێکهاتەی سیاسی و کۆمەڵایەتییان لەسەر بنەمای “نەهێشتنی ئەوی تر” و “مانەوەی خۆم” بنیات نراوە، نەک لەسەر بنەمای “پێکەوەژیان” و “هاووڵاتیبوونی یەکسان”. تا ئەم پێکهاتەیە نەگۆڕێت، هەر ئاشتییەک تەنها ئاگربەستێکی کاتی دەبێت لە نێوان دوو گەڕی توندوتیژیدا، نەک پڕۆژەیەکی هەمیشەیی.
بۆچی “ئاشتی هەمیشەیی” لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا وەک یۆتۆپیا دەمێنێتەوە؟
لە تێڕوانینی قوتابخانەی ڕیالیزم لە پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکاندا، سیستەمی نێودەوڵەتی بە سرووشت سیستەمێکی ئەنارکی’ـیە. واتە دەسەڵاتێکی ناوەندی باڵادەست بوونی نییە کە یاسا بەسەر دەوڵەتاندا بسەپێنێت. لەم پێکهاتەیەدا، هەر دەوڵەتێک یەکەیەکی سەروەری سەربەخۆیە و ئامانجی سەرەکی و یەکەمی بریتییە لە’ مانەوە’ و پاراستنی بەرژەوەندییە نەتەوەییەکانی.
لەبەر ئەوەی هیچ زامنی دەرەکی نییە بۆ پاراستنی ئاسایش، دەوڵەتان ناچارن پشت بە هێزی خۆیان ببەستن. ئەمەش دەبێتە هۆی “دڵەڕاوکێی ئەمنی” و کێبڕکێیەکی بەردەوام بۆ کۆکردنەوەی هێزی زیاتر. لەم لۆژیکەدا، هاوکاری و متمانە تەنها کاتین و لە چوارچێوەی بەرژەوەندیدا دەمێننەوە.
کاتێک بابەتەکە دێتە سەر وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، ئەم وڵاتانە بە شێوەیەکی توند و پێکهاتەیی لۆژیکی ئەنارکییان نەک هەر لە ئاستی نێودەوڵەتیدا قبووڵە، بەڵکو لە ناوخۆ و لە ئاستی هەرێمەکەشیاندا جێگیریان کردووە و گۆڕیویانە بۆ “کولتووری حوکمڕانی”. ئەم کولتوورە پێکهاتەییە وای کردووە کە ئاشتی هەمیشەیی نەک هەر بەدی نەیەت، بەڵکو وەک خەونێکی تا ڕادەیەکی زۆر مەحاڵ بمێنێتەوە.
هۆکارە ناوخۆیی و هەرێمییەکان کە ئەم دۆخەیان بەرهەم هێناوە، دەکرێت لە سێ ڕەهەندی سەرەکیدا شیکارییان بۆ بکرێت:
یەکەم، دەوڵەتی لاواز و زاڵبوونی یاسای دارستان وای کردووە کە سیستەمی ناوخۆیی خودی وڵاتان خۆی ئەنارکی بێت. زۆربەی دەوڵەتەکانی ناوچەکە لە ڕووی دامەزراوەییەوە شکستخواردوون و نەیانتوانیوە پێناسەیەکی ڤێبەرییانەی “قۆرخکاری ڕەوای توندوتیژی” بەدەست بهێنن. لە بەرامبەردا، دەوڵەت خۆی گۆڕاوە بۆ یەکێک لە ئەکتەرە میلیشیاییەکان لەناو کۆمەڵێک گرووپی چەکداری تردا. لەم پێکهاتەیەدا سوپا، دەزگا ئەمنییەکان و تەنانەت دەسەڵاتی دادوەرییش لە جیاتی ئەوەی دامەزراوەی نیشتمانی و بێلایەن بن لە خزمەتی هەموو هاووڵاتیاندا، بوونەتە ئامرازی پاراستنی بەرژەوەندییەکانی گرووپێکی دیاریکراوی دەسەڵاتدار. لە ئەنجامی ئەم بۆشاییە ئەمنی و یاساییەدا، هەر گرووپێکی کۆمەڵایەتی، نەتەوەیی یان مەزهەبی ناچار دەبێت بۆ پاراستنی بوون و بەرژەوەندییەکانی خۆی چەک هەڵبگرێت و سیستەمی بەرگری تایبەت بە خۆی دروست بکات. کاتێک یاسا وەک فاکتەرێکی ڕێکخەر نامێنێت و هێزی چەکدار دەبێتە تاقە بنەمای مانەوە و دانوستان، ئیتر چەمکی ئاشتی ناوەڕۆکی خۆی لەدەست دەدات. لەم دۆخەدا هەر ئاگربەستێک یان هەر ڕێکەوتنێکی کاتی، لە ڕاستیدا تەنها پشوویەکە بۆ ڕێکخستنەوەی ڕیزەکان و پڕچەککردنەوە بۆ گەڕێکی تری ململانێ.
دووەم، ئابوورییەکی سیاسیی شەڕخوازانە لە ناوچەکەدا ڕەگی داکوتاوە کە وەک هەڕەشەیەکی بوونگەرایی لە ئاشتی دەڕوانێت. لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا دوژمنی ئاشتی تەنها دەرەکی نییە، بەڵکو تۆڕێکی بەهێزی ناوخۆیی هەیە کە مانەوە و گەشەکردنی لەسەر بەردەوامیی ململانێ و ناسەقامگیری بنیات نراوە. ئەم تۆڕە بریتییە لە بازرگانی چەک و تەقەمەنی، بازرگانی قاچاخ بە هەموو جۆرەکانییەوە، ئابووری ڕەش و گەندەڵی دامەزراوەیی، و دامەزراوە ئەمنی و سەربازییە زەبەلاحەکان کە بوودجەیەکی گەورەی دەوڵەتیان بۆ تەرخان کراوە. بۆ ئەم تۆڕە بەرژەوەندیخوازە، هاتنی ئاشتییەکی هەمیشەیی و سەقامگیر واتە کۆتاییهاتنی سەرچاوەی دەسەڵات، نفوز و سامانی ناڕەوا. بۆیە بە شێوەیەکی ئاگایانە و بە پلان کار بۆ تێکدان و ناکامکردنی هەر هەوڵێکی جدی ئاشتی دەکەن، تەنانەت ئەگەر لە ئاستی سیاسی باڵادا ڕێکەوتنیش کرابێت. بەم مانایە، کێشەی ناوچەکە تەنها سیاسی یان ئایدۆلۆژی نییە، بەڵکو کێشەیەکی قووڵی پێکهاتەییە: پێکهاتەیەکی ئابووری-سیاسی کە سوود و قازانجی لە بەردەوامیی شەڕ و ئاژاوەدایە، نەک لە چەسپاندنی ئاشتی و سەروەریی یاسادا.
سێیەم، زاڵبوونی کولتووری تۆڵە و نەبوونی کولتووری لێبوردەیی بووەتە بەربەستێکی دەروونی و کۆمەڵایەتی لەبەردەم هەر پڕۆسەیەکی ئاشتەواییدا. کۆمەڵگەکانی ناوچەکە بە شێوەیەکی سیستەماتیک و لە ڕێگەی سیستەمی پەروەردە، میدیای فەرمی و گوتاری سیاسییەوە لەسەر بنەمای “قوربانیبوونی هەمیشەیی” و “مافخوراویی مێژوویی” پەروەردە کراون. لەم گوتارانەدا، مێژوو لە کۆمەڵێک ڕووداوی بابەتییانەوە دەگۆڕدرێت بۆ زنجیرەیەک کارەسات و تاوانی یەک لە دوای یەک کە هەمیشە “ئەوان” بەرامبەر بە “ئێمە” ئەنجامیان داوە. لەم چوارچێوە دەروونییەدا، لێبوردەیی وەک خیانەتکردن لە خوێنی قوربانییەکان و داننان بە ئازار و مافی ئەوی تردا وەک لاوازی و خۆبەکەمزانین سەیر دەکرێت. مەترسییەکە لەوەدایە کە ئەم کولتوورە تۆڵەخوازییە بووەتە بەشێک لە ناسنامەی نەتەوەیی و مەزهەبی. بۆیە تەنانەت ئەگەر نوخبەی سیاسی لەسەر مێزی گفتوگۆ ڕێکبکەون، ئامادەیی دەروونییان بۆ قبوڵکردنی ئاشتی و پێکەوەژیان نییە. لەم دۆخەدا، هەر توندوتیژییەکی نوێ، چەندە بچووکیش بێت، وەک چەخماخەیەک کاردەکات بۆ کولاندنەوەی برینە مێژووییە کۆنەکان و گەڕانەوە بۆ بازنەی داخراوی توندوتیژی، بە شێوەیەک کە تۆڵەسەندنەوە دەبێتە ئەرکێکی نەتەوەیی و پیرۆز کە نەوە لە دوای نەوە بۆی دەگوازرێتەوە.
لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، بەربەستەکانی بەردەم ئاشتی هەمیشەیی تەنها دەرەکی نین، بەڵکو ناوخۆیی و پێکهاتەیین. تا دەوڵەتەکان لە میلیشیاوە نەگۆڕدرێن بۆ دەوڵەتی هاووڵاتی، تا ئابووری لەسەر بنەمای شەڕەوە نەگۆڕدرێت بۆ ئابووری بەرهەمهێنان، و تا کولتووری تۆڵە نەگۆڕدرێت بۆ کولتووری لێبوردەیی، هەر قسەیەک لەسەر “ئاشتی هەمیشەیی” تەنها دەمەتەقێیەکی ئەکادیمی دەبێت و لە واقیعدا وەک یۆتۆپیایەک دەمێنێتەوە کە هەمووان باسی دەکەن، بەڵام هیچ پێکهاتەیەک ئامادە نییە بەرهەمی بهێنێت.
دەرئەنجام:-
لە کۆتاییدا، دەکرێ بڵێین “ئاشتیی هەمیشەیی” لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا لە هەمان کاتدا هەم پێویستییەکی مێژووییە و هەم یۆتۆپیایەکە. پێویستییە چونکە بەردەوامیی دۆخی شەڕ هەڕەشەیە بۆسەر بوونی هەموو گەلانی ناوچەکە. یۆتۆپیاشە چونکە مەرجەکانی بەدیهاتنی، وەک دەوڵەتی دادپەروەر، هاووڵاتیبوونی یەکسان، و کۆتاییهاتنی دەستێوەردانی دەرەکی، لە ئارادا نین.
بۆیە، ڕەنگە ڕاستترین مامەڵە لەگەڵ ئەم چەمکەدا ئەوە بێت وەک کانت تەماشای بکەین: وەک “ئایدیایەکی ڕێنیشاندەر”. واتە ئامانجێک کە سیاسەتی ناوچەکە لێیەوە نزیک ببێتەوە، نەك ئامادە بێت بۆ جێبەجێکردن.
لە کۆی شیکردنەوەی چەمکی “ئاشتیی هەمیشەیی” و بە بەراوردکردنی لەگەڵ واقیعی پێکهاتەیی و مێژوویی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، دەگەینە ئەو دەرئەنجامەی کە ئەم چەمکە، لانیکەم لە مەودای مێژووییدا، پتر لە چوارچێوەی “یۆتۆپیایەکی فەلسەفی و ئایدیایەکی ڕێنیشاندەر”دا دەمێنێتەوە، نەک وەک “پڕۆژەیەکی سیاسیی بەدیهێنراو”.
ئەم حوکمە لەسەر دوو پایەی شیکاری بەندە:
یەکەم: جیاوازیی جەوهەری لە نێوان سروشتی چەمکەکە و سروشتی سیستەمەکەدا.
“ئاشتیی هەمیشەیی” وەک ئەوەی لە فەلسەفەی کانتدا داڕێژراوە، پێویستی بە پێشمەرجی وەک دەوڵەتی کۆماری، یاسای نێودەوڵەتیی کاریگەر، و هاوپشتیی کۆزمۆپۆلیتانە هەیە. لە بەرامبەردا، سیستەمی هەرێمی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە درێژایی سەدەی بیستەم و سەرەتای بیست و یەکەمدا، سیستەمێکی “ئەنارکی” و ململانێئامێز بووە کە تیایدا لۆژیکی “هاوسەنگیی هێز” و “دڵەڕاوکێی ئەمنی” زاڵە بەسەر لۆژیکی “هاوکاری و یەکگرتن”. بەم پێیە، ناکۆکییەکی بنیاتنەرانە لە نێوان پێداویستییەکانی چەمکەکە و سروشتی سیستەمی جێبەجێکردنەکەیدا بوونی هەیە.
دووەم: بەردەوامیی مێژوویی ململانێ وەک دیاردەیەکی پێکهاتەیی.
مێژووی سیاسیی ناوچەکە نیشان دەدات کە ململانێکان تەنها ڕووداوێکی کاتی یان لاوەکی نین، بەڵکو بووەتە بەشێکی پێکهاتەیی لە دینامیکی ناوچەکە. یەک لە دوای یەکی شەڕە ناوخۆیی و دەرەکییەکان، لە ململانێ عەرەبی-ئیسرائیلییەوە تا جەنگەکانی کەنداو و شەڕە ناوخۆییەکانی دوای ٢٠١١، تەنانەت شەڕ و ململانێکانی ئەم دواییەش، ئاماژەن بۆ بوونی “کولتوورێکی ململانێ” کە لەسەر سێ کۆڵەکەی سەرەکی ڕاوەستاوە:
١) دەوڵەتی لاواز و سنووری دەستکرد.
٢) ئابوورییەکی سیاسی کە سوودمەندە لە بەردەوامیی ناسەقامگیری، و نەبوونی ئاشتی.
٣) ناسنامەی ژێردەوڵەتی کە وەلائی بۆ گرووپ لە وەلائی بۆ دەوڵەت بەهێزترە.
ئەم سێ کۆڵەکەیە بە شێوەیەکی بازنەیی یەکتر بەهێز دەکەن و دەبنە هۆی دووبارەبەرهەمهێنانەوەی توندوتیژی.
لەبەر ئەو هۆکارانە، گۆڕینی “ئاشتی” لە دۆخی “نەبوونی شەڕ”ـەوە بۆ دۆخی “بوونی دادپەروەری و متمانە” – کە ناوەڕۆکی ئاشتیی هەمیشەییە، پێویستی بە گۆڕانکارییەکی قووڵ و هاوکات هەیە لە هەرسێ ئاستی ناوخۆیی، هەرێمی و نێودەوڵەتیدا. بە لەبەرچاوگرتنی نەبوونی ئیرادەیەکی سیاسیی هاوبەش و بەردەوامیی بەرژەوەندییە دژبەیەکەکان، بەدیهێنانی ئەم گۆڕانکارییە گشتگیرە لە داهاتوویەکی نزیکدا لە ئەگەری لاوازدا دەمێنێتەوە،
کەواتە، “ئاشتیی هەمیشەیی” بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە ئێستادا وەزیفەیەکی یۆتۆپییانەی هەیە: وەک ئاسۆیەک کاردەکات کە ئاراستەی جووڵە دیاری دەکات، بەڵام خۆی وەک خاڵێک نابینرێت کە پێی بگەین. هەر هەنگاوێک بەرەو کەمکردنەوەی توندوتیژی پێکهاتەیی و بنیاتنانی دامەزراوەی دادپەروەر، هەنگاوێکە بۆ نزیکبوونەوە لەو ئاسۆیە، تەنانەت ئەگەر گەیشتن بە خۆی لە ڕووی کردەیییەوە ئەستەم بێت. بەم مانایە، تراژیدیای ناوچەکە لەوەدایە کە پێویستی بە ئاشتی هەیە بۆ مانەوەی، بەڵام پێکهاتەکانی ئاشتی بەرهەم ناهێنن
سەرچاوەکان
– کتێب
- عەلی، حەمید (٢٠١٩) _کانت و پرۆژەی ئاشتی هەمیشەیی: خوێندنەوەیەکی ڕەخنەیی بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست_. سلێمانی: دەزگای سەردەم.
فارسی:
- بشیریه، حسین (۱۳۸۸) _موانع توسعه سیاسی در ایران و خاورمیانه_. تهران: نشر نگاه معاصر.
ئینگلیزی:
- Kant, I. (1795/2016) _Perpetual Peace: A Philosophical Essay_. Translated by M. Campbell Smith. New York: Cosimo Classics.
٢. گۆڤار/ژۆرناڵی ئەکادیمی
کوردی:
- ڕەسوڵ، ئاراس (٢٠٢١) ‘تێڕوانینی ڕیالیزم بۆ ململانێکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست: بۆچی ئاشتی بەدی نایەت؟’، _گۆڤاری زانکۆی سەلاحەدین – بەشی یاسا و سیاسەت_، ٢٥(٢)، ل ١١٣-١٣٨.
فارسی:
- قاسمی، بهزاد (۱۴۰۰) ‘امکانسنجی صلح پایدار در خاورمیانه از منظر مکتب کپنهاگ’، _فصلنامه پژوهشهای روابط بینالملل_، ۱۱(۴۱)، ص ۷-۳۴.
ئینگلیزی:
- Galtung, J. (1969) ‘Violence, Peace, and Peace Research’, _Journal of Peace Research_, 6(3), pp. 167–191. DOI: 10.1177/002234336900600301.
٣. وتار
- Walt, S. M. (2021) ‘The Middle East Is More Stable Than You Think’, _Foreign Policy_, 12 October.
- Fawcett, L. (2017) ‘States and Sovereignty in the Middle East: Myths and Realities’, _International Affairs_, 93(4), pp. 789–807. DOI: 10.1093/ia/iix101.



