پارچەیەک لە گۆشتی ژیان

145
0
بڵاوکردنەوە:

 

 

شەنگار سابیر

 

من گۆشتفرۆش نییم

لەبەر ئەوەی باوەڕم بە بازاڕی ئازاد نییە،

بازاڕی ئازاد  خۆی شتێکی نا عەقڵانییە.

من ئەزانم خوێنی ڕاستەقینە لە ڕۆحەوە دێت نەک گۆشت.

هەر چەندە بە قوڵی لە خوێن ڕاماوم،

بۆنی خوێنم کردووە.

بۆنی خوێن کەمێک تاریکترە لە تۆمفۆردی ڕەش.

زیاتر ئەمێنێتەوە چونکە سەر بە حەقیقەتە.

بە هەر کۆڵانێکدا بڕۆیت و بۆنی خوێنت لێبێت،

لە بری کچانی شۆخ و شەنگ، پۆلیس و تاوان باران ئاوڕت بۆ دەدەنەوە.

بچیتە هەر باڕێکەوە، هەموان لوتیان دەگرن تا بۆنی خوێنی ڕەشی خۆیان نەکەن.

من قەسابم

من ناوەوەی گۆشت دەبینم

دەزانم نرخ لەسەر گۆشت دانانرێت

زۆر جار لە جیاتی پارچەیەک باڵ

پارچەیەک فڕینم بینیوە،

لە بری پارچەیەک گۆشت تۆزێک مەراقم بینیوە،

زۆرجاریش لە بری دڵێکی بیمار

خودا و شەیتانم بینیووە.

لانیکەم دەزانم بۆنی خوێن چۆنە

چینێک لە خوێن لە گۆشتا هەیە

کە خوێن نییە،

بەڵام ڕەنگیشی سوورە.

سوور وەک هەندێک دڵ شکان

سوور وەک هەندێک بیرەوەری.

بەڵام ئەمە خوێن نییە

شتێکیترە

ڕەنگە سیاسەت بتوانێت پاساو بۆ خوێن

بهێنێتەوە.

سپێدەیەک هەڵدەستیت و کوژراویت

بەڵام سیاسەت دەڵێت ئەمە خوێن نییە و

خیانەتە.

ڕەنگە زانست بڵێت من بەڵگەی نوێم پێیە بۆ ئازار،

دەرمانێکم پێیە کە خوێن تا قیامەت بە دەماری ژیاندا دەگەڕێت..

بەڵام من قەسابم

قەسابی ژیانم..

نامەوێت گفتوگۆ لەسەر هیچ خوێنێک بکەم

جا خوێنی مرۆڤ بێت یان فریشتە

خوێنی خەیاڵ بێت یان حەقیقەت

نامەوێت خوێن بخەمە مەزادەوە

جا خوێنی خودا بێت یان ئەهریمەن.

ساڵانێکی ویست تا بڕیار بدەم لە کارگەیەدا

دەست بە ژیان بکەمەوە.

سەردەمێکی ویست تا بزانم کۆتا فەیلەسووف چی دەربارەی مەرگ دەڵێت..

تیوریستەکان هێشتا نازانن کە قەسابەکان نە جەلادن نە قوربانی.

ساڵانێکی ویست تا تێبگەم هەموو قەسابەکانی دونیا، جۆرێک لە هۆشیاری دەیانکات بە قەساب،

حیکمەتێکی سەیر لە تەور وەشاندنیاندا هەیە.

قەسابەکان سەر بە خێڵی ئێوە نین

سەر بەهیچ شوێنێکی تری دونیا نیین

لەدەرەوەی مەکان و زەماندا بەدوای مانادا دەگەڕێن.

من گۆشتفرۆش نیم

مێژوو نرخی لەسەر هەموو گۆشتێک داناوە،

بەڵام من نا..

بەشێوەیەکی دیالێکتیکی گۆشت نە بوونی هەیە و نە بوونی نییە.

بەڵام من قەسابم

قەسابێکی شاعیر

کە لە هەر کەلاکێکدا دێڕێک دەبینم و

لە هەر دەمارێکدا عەشقێک و

لە هەر پارچەیەک گۆشتدا

کینەیەک و

لە هەر دڵۆپە خوێنێکیشدا،

ژیانێکی هیچی و پووچی بێمانا دەبینم..

بڵاوکردنەوە: