-4 دەروونی جوان وەک یەکانەی ئاوەز و توانستی دەرکگیری
شیلەر لە “نامەکانی کالیاس“دا هەوڵ دەدات ئۆبژێکتیڤییانە بناغەی جوانێتی بڕێژێت؛ ئەو جوانی ناودەنێت ئازادی لە دیاردەدا. چەند مانگێک دوای ئەوە، لە مانگی پێنج و شەشی ساڵی 1793دا، لێکۆڵینەوەکەی بە ناونیشانی „ناسکی و شکۆ“ دەنووسێت کە دەبێت بە کارێکی ڕێبەری بۆ نووسینی “پەروەردەی ئێستێتیکیی مرۆڤ”. شیلەری ئیدیالیست لە هەردوو نووسینی ناوبراودا ئیدیالی خۆی بۆ دەروونی جوان (یان مرۆڤی جوان) بەرجەستە دەکات کە بە یەکێتیی هارمۆنیانەی ئاوەز و توانستی دەرکگیری سەرهەڵدەدات. بێگومان ئەم هەڵوێستە هزرییەی شیلەر هاوکات ڕەخنەی جڤاکی مۆدێرن لە خۆدەگرێت کە جیاکردنەوەی سروشت و ئاوەز، چەوسانەوە، نامۆبوون و بەپسپۆرکردن مۆرکیان پێداوە. ئێمە لێرەدا لای شیلەر هەڵوێستە بنەڕەتییەکەی ئیدیالیزمی ئەڵمانی دەبینین کە لە هزردا جڤاکی سەردەم تێکدەشکێنێت و ئەوجا جڤاکێکی ئازاد لە ئیدێدا بنیات دەنێت.
بە تێڕوانینی شیلەر مرۆڤی سەردەم لە خۆی نامۆبووە، چونکە نە دەتوانێت مرۆڤێتی خۆی پێبگەیەنێت و نە هەستی بۆ ئەرکە گشتییەکانی نێو دەوڵەت هەیە، بە پێچەوانەوە لە جڤاکی سەردەمدا مادەگەری و بێدادی سەروەرن. لەم جڤاکەدا چینەکانی سەرەوە فیزدار و لەخۆباییبوو دەیدەنە بەر، هاوکات بەسووکی لە چینەکانی خوارەوە دەڕوانن، وەلێ ئەمان بەزەبر ئەو شتانەیان لێدەسێنن کە لێیان بێبەشکراون. ئەمە بەڕوونی لە شۆڕشی فەڕەنسیدا ڕووی دا، ئەویش کاتێک چینەکانی خوارەوەی جڤاک دەستیان کرد بە خوێنڕشتن تا ئەو شتە خوازراوانە بەدەستبهێنن کە چینەکانی سەرەوە بە شایستەی ئەوانیان نەدەزانی. وەلێ ئەم شۆڕشە لە سەرئەنجامدا تەنیا شێواویی بێیاسا و نائاسایشی لەتەک خۆیدا هێنا، بەڵێ بە زمانی شیلەر تەنانەت “بەوەحشیبوونی پەتی”ی لێکەوتەوە.
ئەزموونی شۆڕشی فەڕەنسی شیلەر دەبزوێنێت ئاوەزی ئەبستراکت و ڕاسیۆنالیزمی یەکلایەنەی ڕۆشناییەکان بخاتە ژێر ڕەخنەوە. بێگومان شیلەر دژی ڕۆشنایی و کارایی ئاوەز نییە، بەڵکو ئەمیش، وەک هزرڤانێکی سەر بە قۆناغی کۆتایی ڕۆشناییەکان، جەخت لە ئیدیالەکانی ئاوەز و ئازادی دەکات. وەلێ بە تێڕوانینی شیلەر پرۆژەی ئاوەزییانە کە ئەبستراکتە، ناتوانێت جڤاک بەرەو دەوڵەتی ئاوەز بەرێت، بە پێچەوانەوە شکست دەهێنێت، چونکە سەرجەم لایەنی پسیکۆ-فیزیکیی مرۆڤ، یان بە زمانی شیلەر: “سروشتی دەرکی”ی مرۆڤ، دەخاتە ژێر ڕکێفی ئاوەزەوە. ئاخر جڤاکی سەردەم زۆر تایبەت هەوڵ دەدات بۆ ئەوەی مرۆڤان بکات بە پسپۆر لە هەر بوارێکی تایبەتیدا، وەلێ ئەوان ئێستا بەهۆی سەروەریی ئاوەزەوە بەسەر هەست و سۆزەکانیاندا نامۆ دەبن لە هەمەکێتیی لێرەبوونی خۆیان. بەڵێ مرۆڤان، سەرباری ڕۆشناییدان بە زەین و لابردنی پەردە لەسەر نهێنییەکان و خورافیات، هێشتا هەر “بەڕبەڕ”ن.
ئێمە هەر لەم پەیوەندییەدا هەروەها ڕەخنەی شیلەر لە کانت دەبینین. بە تێڕوانینی کانتی ڕۆشنگەرا مرۆڤ لە لایەک بوونەوەرێکی فیزیکی و بیۆلۆژییە (گۆشت و خوێن)، لە لایەکی دی خاوەنی ئاوەزە کە هێزی پێدەدات “بەرگە”ی سۆزەکانی هیوا و ناسۆر و هتد بگرێت. کەواتە کانت ڕەمەک (غەریزە) و ئارەزوو و هەست دەخاتە ژێر ڕکێفی ئاوەزەوە. شیلەر ئەم هەڵوێستەی کانت بە کارێکی نامرۆڤخوازانە دادەنێت و دەبێژێت: «ئەوە باش نییە بۆ مرۆڤ کە زۆر متمانە بە دەنگی ڕەمەک نەکات و بەردەوام لە بەردەم پرنسیپی ئەخلاقدا گوێی لێبگرێت. مرۆڤ گەرەکە ڕێزی بگرێت، متمانەی پێبکات. هەردوو پرنسیپەکە گەرەکە لەنێو ئەودا (مرۆڤدا) پێکەوە بگونجێنرێن. » (27)
کەواتە شیلەر بە پێویستی دەزانێت ڕەمەک و سۆزەکانی مرۆڤ وەک لای کانت نەچەوسێنرێنەوە، بەڵکو وەک هەقیقەتێکی سروشتییانەی مرۆڤی بەهەند وەربگیرێن و کاریان تێدا بکرێت بە ئاڕاستەی بەدیهێنانی باڵاترین ئیدیال: ئازادی – ئاخر، وەک ئەو دەبێژێت: “… دەبێت ڕێگەکە بەسەر دڵدا بەرەو سەر بکرێتەوە.”(28)
1-4 مرۆڤدیدیی شیلەر
شیلەر مرۆڤدیدییەکی دوالیستیی هەیە: مرۆڤ لە سروشتەوە دوو ڕەمەکی هەیە کە بریتین لە کەرەسە و فۆرم. وەلێ ئێمە گەرەکە لە دوو تێگەی دیکەی شیلەرەوە کە تایبەتمەندیی مرۆڤین، ڕووبکەینە ئەم دوو ڕەمەکە: “کەس” (“بنیاتنەر”) و “ستاتۆ” (“بگۆڕ”). بەگوێرەی تێگەیشتنی شیلەر، بوونی کەس لە خۆدا دراوە، کەواتە کەس بنەڕەتی خودی خۆیەتی (29) نەک لە شتێکی دیکەوە سەرهەڵبدات، هەروەها نەگۆڕە، یان بە واژەیەکی دی: سرەوتووە. لای شیلەر ئاوەزی ئۆتۆنۆم لە کەسدا بەرجەستە دەبێت، یان خودی کەس ئاماژەیەک بۆ ئاوەز لە خۆ دەگرێت. لێرەوەیە کە مرۆڤ ئیدێی ئازادیی هەیە. وەلێ مرۆڤ هەروەها تایبەتمەندیی “ستاتۆ”ی هەیە کە وەک کەس سرەوتوو نییە، بەڵکو ئەم سەرهەڵدەدات، بۆیە هەردەم لە گۆڕاندایە. لەم ڕوانگەیەوە مرۆڤ کەسە کە خۆی لە ستاتۆیەکی تایبەتیدا دەبینێتەوە.
کەواتە کەس و ستاتۆ جیاوازن لە یەکدی، هەروەها هیچ کامیان لە ئەویدیکەیانەوە نایەتەگۆڕێ. ئاخر گەر کەس بەند بێت بە ستاتۆوە، ئەوسا سرەوتوو نابێت، بەڵکو دەگۆڕرێت، هەروەها ئەوسا ستاتۆ دەسرەوێت. «نەک لەبەر ئەوەی دەهزرێین، دەمانەوێت و شئور دەکەین، ئیدی ئێمە هەین. نەک لەبەرئەوەی ئێمە هەین، ئیدی ئێمە دەهزرێین، دەمانەوێت و شئور دەکەین. ئێمە هەین لەبەرئەوەی هەین. ئێمە شئور دەکەین، دەهزرێین و دەمانەوێت، چونکە لە دەرەوەی ئێمە شتێکی دیکە هەیە » (30). هەردوو ڕەمەکی ناوبراوی مرۆڤ، کەرەسە و فۆرم، لە پەیوەندیدان بەم دوو تایبەتمەندییە مرۆڤییەوە.
ڕەمەکی کەرەسە لە سروشتی پسیکۆفیزیکیی مرۆڤەوە کارا دەبێت و دەیکات بە وەرگری کاریگەرییە دەرەکییەکانی جیهان. ئامانجی ئەم ڕەمەکە سەروەریی مرۆڤە بەسەر سروشتدا بۆ ئەوەی خۆی لە زەبری زەروورە سروشتییەکان بپارێزێت، بۆیە گۆڕان دەسەپێنێت و بەوەش مرۆڤ لە کات-دا ڕادەگرێت، چونکە پێویستی بە بەدیهاتنی کاتە. کاتی بەدیهاتوو بۆ شیلەر بریتییە لە “شئور” (31) کە لای مرۆڤ پابەند بە ڕەمەکی کەرەسەوە دێتەگۆڕێ. ئێستا کات بە شئور نێوەرۆکی وەرگرتووە. کاتێک مرۆڤ شئور بە ساتی ئامادە دەکات، ئیدی سەرجەم تایبەتمەندییەکانی بەند دەبن بەم تاکە جۆرەی لێرەبوونەوە. ئەم مرۆڤە بۆ شیلەر وەحشییە، چونکە سۆزەکانی بەسەر ئەودا سەروەرن، هەروەها چونکە تەنیا ڕێزی سروشت دەگرێت و بە بێڕێزی لە هەر یاسایەکی ئەخلاقی دەڕوانێت. بەکورتی: مرۆڤ پابەندی پێداویستییە ڕەمەکی و سۆزەکییەکانێتی و تەنیا بەگوێرەی ئەوان کردار دەنوێنێت.
ڕەمەکی فۆرم بە پێچەوانەوە بەشە ئاوەزییەکەی مرۆڤە. گەرچی مرۆڤ لەژێر کاریگەریی دەرەکیدایە و شئور و سۆزەکانی بەردەوام گۆڕانیان بەسەردا دێت، وەلێ ڕەمەکی فۆرم دەرفەتی پێدەدات کە ئازادیی نێوەکییانەی خۆی، واتا یەکانە (ئیدێنتیتێ) و بنەڕەتی ئەخلاقییانەی، بپارێزێت. ئەم ڕەمەکە کە پابەندی سروشتی ئاوەزمەندانەی مرۆڤە، «داوای ڕاستی و ماف دەکات» (32) کە دوو بەهای ئۆبژێکتیڤی و ڕەها (ئەبسۆلوت) و سەربەخۆن لە هەر تیڕوانینێکی کەسەکی و ڕەوشێکی جڤاکی. ڕەمەکی فۆرم یەکلایەنە، کەواتە بەبێ ڕەچاوکردنی ستاتۆی (لێرەبوونی فیزیکییانەی) مرۆڤ، خودی ئەو بۆ پەیڕەوکردنی نۆرم و ڕێسا، هەروەها بۆ دانانی یاسا، دەبزوێنێت، ئەمەش تەنیا بەو ئامانجە کە «هارمۆنی بهێنێتە نێو جوودایی دیاردانی ئەوەوە و سەرباری هەموو گۆڕانێکی ستاتۆ کەس-ی ئەو بسەپێنێت» (33). ڕەمەکی فۆرم، وەک یەکانە، هەرگیز ناکەوێتە ناتەباییەوە لەتەک خۆیدا، بۆیە «هەر بڕیارێک بۆ ئێستاکانێ بدات، هاوشێوەی بڕیارە هەمیشەییەکانێتی» (34)، کەواتە، هێگلیانە بدوێین، کاتێتی (گۆڕان) هەڵدەگرێت، واتا چە نایهێڵێت و چە هاوکات بە هەڵگرتن دەیپارێزێت: کاتێک ئەو یەکانە و ڕاستی و مافی ڕەها دەسەپێنێت، ئیدی کاتێتی نامێنێت، وەلێ هاوکات بە هەڵگرتنی کاتێتی سەرجەم ڕیزی کات لە خۆیدا یەکدەخات و دەیپارێزێت. ڕەمەکی فۆرم دەیەوێت ڕاستی و ماف هەمیشە و بێمەرج چواندیان هەبێت. بۆ نموونە هەست دەتوانێت شتێک لەم ساتەدا بۆ مرۆڤێک بە ڕاست دابنێت، لە ساتێکی دیکەدا هەر بۆ خودی ئەو بە ناڕاستی دابنێت. وەلێ گەر ئاوەز بڕیار (حوکم) بدات: “ئەمە ڕاستە”، لێرەدا بڕیارەکەی هەمیشەییە و هەر لە خودی کەس-ی هەرگیز نەگۆڕەوە چواندنی پێدەدرێت.
لەم ڕوانگەیەوە دەشێت هەردوو ڕەمەکی ناوبراو، یان ستاتۆ و کەس، ڕۆبچنە نێو پەیوەندیی ناتەباوە، ئەمەش بە تێروانینی شیلەر پڕکێشەیە، «چونکە هەردووکیان تێگەی نێویەکین» (35) و هیچ کامیان ناتوانێت بەبێ ئەویدیکەیان پێناسەی خۆی بکات. شیلەر لێرەدا کانتیانە ئەرگومێنت دەهێنێتەوە.
کرۆکی تیۆریی مەئریفەکەی کانت دەبێژێت: ئێمە دوو توانستی بنەڕەتیی مەئریفەمان هەیە کە بریتین لە شئور و زەین. هەردووکیان چاویلکەی ئێمەن ڕووەو جیهان لە خۆدا (نومێنا). ئێمە بە دەرکەوەر، کەواتە بە بینین، بیستن، بۆنکردن، چێژتن و گرتن، شئور بە شتە دەرەکییەکانی جیهان دەکەین. کانت ئەمە ناودەنێت “توانستی دەرکگیری”. وەلێ نە توانستی دەرکگیری بەبێ زەین و نە زەین بەبێ توانستی دەرکگیری هەڵدەکات. بیرۆکەکانی ئێمە (کە لە زەینەوە دێن) بەبێ نێوەرۆک (کە لە توانستی دەرکگیرییەوە دێت) “بۆش”ن، هەروەها نەزەرمان (کە لە توانستی دەرکگیرییەوە دێت) بەبێ تێگە (کە لە زەینەوە دێت) “کوێر”ە. کانت لێرەدا مەبەستی لەوەیە، کە لەم شیمانانەی دەرککردندا جیهان بۆ ئێمە دیار دەدات، ئەوە بێگومان بەپەرشی، ئەوجا زەین بەسپۆنتان (بە چالاکیی خۆیی) شئورەکان لەژێر تێگەدا ڕێکدەخات (36).
هەروەها شیلەر پەیوەند بە هەردوو ڕەمەکی ناوبراوەوە دەبێژێت: مرۆڤ بەڕێی ڕەمەکی کەرەسەوە شئور و هەست و سۆزی هەیە، کەواتە جیهانی پێدراوە، وەلێ ڕەمەکی فۆرم لای ئەو توانستی ڕێکخستنی شئورەکان و دانانی یاسایە. لەم ڕوانگەیەوە هەرئەوەندەی ڕەمەکی کەرەسە سەروەری بسەنێت، ئیدی هەست و سۆزە دەرکییەکان جیهانی کەس ناهێڵن، وەلێ ئێستا بەم ڕێیەوە چیدی مرۆڤ پێناگات، چونکە ئەو لەم ڕەوشەدا تەنیا شئوری (نێوەرۆکی کاتی) شێواوە بەبێ هیچ مەغزایەک، بەڵێ ئێستا هەست و سۆزەکانی کە بە لێشاوی بێفۆرم سەرهەڵدەدەن و دەنیشنەوە، تایبەتی دەکەن بە ژیانێکی ئاژەڵیانە بەبێ هیچ شوناسێک (ئیدێنتیتێیەک). کەواتە ڕەمەکی کەرەسە وەک سەروەر کوێرە. ئەم بوونەوەرە بۆ شیلەر سەبژێکت نییە، بەڵکو وەحشییە و بەچەقیوی لە شوێنی خۆیدا ژیانی ئاژەڵیانەی ساتار دەکات. ئاخر، بەگوێرەی تێڕوانینی شیلەر سەبارەت بە پەیوەندیی نێویەکییانەی ستاتۆ و کەس، «هەرئەوەندەی مرۆڤ تەنیا نێوەرۆکی کات بێت، ئەو چیدی نییە، بەمەش ئەو هیچ نێوەرۆکێکی نییە»، ئەویش چونکە بە نەهێشتنی کەس-ی ئەو هەروەها ستاتۆکەشی نەهێڵراوە. ئەوجا بە پێچەوانەوە گەر ڕەمەکی فۆرم سەروەری بەسەر ڕەمەکی کەرەسەدا بسەنێت، «واتا گەر هێزی هزر پێش شعورکردن بێتەئاراوە و کەس خۆی بنێتە ژێر جیهان»، ئیدی ئاوەز (ڕەمەکی فۆرم، هێزی هزر) هیچ نێوەرکێکی شئوری لە بەردەمدا نابێت بۆ ئەوەی یاساکانی خۆی بەسەریدا بەکاربەرێت، بۆیە ئیدی ڕەمەکی فۆرم بۆشە و «… چیدی کەس هێزی سەربەخۆ و سەبژێکت نییە»، بەڵکو ئێستا بوونەوەرێکی تەواو ئاوەزییە بەبێ کەرەسە(37). ئەم بوونەوەرە بۆ شیلەر مرۆڤ نییە، بەڵکو تەنیا بە ئیدێیەکی ئەبستراکتە. بەمەش ئێستا کە ڕەمەکی فۆرم سەروەریی وەرگرتووە، بوون بێڕادە فراوان دەبێت، ئێستا ئاستەنگەکان نامێنن و مرۆڤیش، وەک یەکانەیەکی ئیدێ، سەرجەم جیهانی دیاردەکان لەژێر خۆیدا یەکدەخات (38) – ئاخر تا چەند ئاوەز ئازادتر ببێت، مرۆڤیش هێندە زۆر لە جیهان تێدەگات و ئەوەندەش زۆر لە دەرەوەی خۆی فۆرم دەسازێنێت (39). ئێستا ڕاسیۆنالێتی بەتەواوی سەروەرە. بۆ شیلەر ئەم بوونەوەرە بەڕبەڕە.
لەبەرئەوەی کەس و ستاتۆ بە تێڕوانینی شیلەر تێگەی نێویەکین، ئەوا یەکدییان پێویستە و دەبێت نێویەکییانە سنوور بۆ یەکدی دابنێن: ڕەمەکی فۆرم گەرەکە ڕێ لە ڕەمەکی کەرەسە بگرێت کە خۆی بە لێشاو نەسەپێنێت، بەڵکو وەک شئوری ئەوتۆ لەگۆڕێ بێت کە ئاگامەندانە دەرکراوە و بەئامانجگیراوە، هەروەها گەرەکە ڕەمەکی کەرەسە بەرهەڵستی لەدژی ڕەمەکی فۆرم بنوێنێت، تا ئیدی ئاوەز هیچی دیکە نەبێت جگە لە هێزی ڕێکخەر. کەواتە پێویستە لە نێوانیاندا هارمۆنی بهێنرێتە گۆڕێ. ئەوە ئێستێتیکە کە دەتوانێت وەک نێوەندیار سنووریان بۆ دابنێت و بییانخاتە ڕەوشی هارمۆنییەوە. لێرەدا دەگەین بە ڕەمەکێکی سێیەم کە تێیدا هەردوو ڕەمەکی ناوبراو هەڵگیراون: گەمە. وەلێ ئێمە گەرەکە پێش ئەوە خۆمان بە ئەنترۆپۆلۆژییەکەی شیلەرەوە خەریک بکەین.
2-4 ئەنترۆپۆلۆژیی شیلەر
ئێمە گەرەکە بۆ تێگەیشتنی ڕوونتر لە ئەنترۆپۆلۆژییەکەی شیلەر سەرەتا ڕووبکەینە پەیوەندی و جیاوازی لە نێوان ئەو و ڕوسۆدا.
شیلەر بەهایەکی بەرزی بۆ ڕوسۆ دادەنا، وەلێ هەڵوێستی ڕۆمانتیکییانەی ئەوی سەبارەت بە مرۆڤی سروشتی ڕەت دەکردەوە. ئەوجا کاتێک ئەنترۆپۆلۆژیی ڕوسۆ مێژوویی-فەلسەفەییە، واتا گۆڕانی مێژووییانەی مرۆڤ لە ستاتۆی سروشتییەوە بەرەو ژیاریی گەندەڵ دادەڕێژێت، ئەوا شیلەر بە مێتۆدی ترانسسێندێنتال لە شیمانە جیاوازەکانی پێکەوەژیانی مرۆڤان دەهزرێت و لە مرۆڤدیدییەکەی خۆیەوە کە لەسەرەوە پێشانمان دا، گۆڕان بە ئەنترۆپۆلۆژییەکی ئێستێتیکی دەدات.
ڕوسۆ مرۆڤی ستاتۆی سروشتیی سەرەتا وەک یەکانە وەردەگرێت و هەڵیدەزنێنێت بۆ ئاستی نموونەی باڵا (ئیدیال): ناوی دەنێت “وەحشیی چاک” لە واتای بێگوناهیدا. ئەم مرۆڤە هەر لە سەرەتاوە کە تازە لەنێو سروشتەوە دەپەڕیوە، خۆی خۆشدەوێت و بەو ڕێیەشەوە خۆی دەپارێزێت و لە ژیاندا دەهێڵێتەوە، وەلێ سروشت هەروەها هەستی بەزەیی بەو داوە کە سنوور بۆ خۆخۆشویستن دادەنێت و نایەڵێت کاریگەرییەکی نێگەتیڤی لەسەر هاومرۆڤانی هەبێت، کەواتە ئەمیان دەبێت بە پارێزەری ڕەگەز. وەلێ مرۆڤی سروشتی لە ڕەوتی بەکۆمەڵایەتیبووندا دەشکێت (دادەبەشێت): لە خۆی نامۆ دەبێت و پاشان بە سەرهەڵدانی خاوەنداریی تایبەتی گەندەڵ دەبێت: ئێستا خۆویستی جێی خۆخۆشویستن و بەزەیی دەگرێتەوە. ڕوسۆ لێرەوە داوا دەکات پشتبکرێتە ژیاریی گەندەڵی سەردەم و مرۆڤان بە “پەروەردەی سروشتی” بگەڕێنرێنەوە بۆ ستاتۆی بێگوناهی و سادەیەتی.
وەلێ مرۆڤ لای شیلەر، وەک لە سەرەوە پەیوەند بە مرۆڤدیدیی ئەوەوە بینیمان، لە ستاتۆی سروشتییەوە بوونەوەرێکی جووتەنییە: لە دوو ڕەمەکی کەرەسە و فۆرم پێکدێت، لێرەشەوە ئیدی سروشت لە دوو ڕووەوە کاریگەری لەسەر ئەو دەنوێنێت: سەرەتا خودی سروشت ڕێبەری مرۆڤی سروشتییە، چونکە ئەو لەم ستاتۆیەدا ناتوانێت لە “خۆ”یەوە کردار بنوێنێت و چارەنوسی دیاری بکات، بەڵکو سروشت کرداری بۆ دەنوێنێت، واتا سەرەتا دەرکەوەرەکانی کاران و دەرفەتی ژیان و گوزەرانی بۆ دەڕەخسێنن. وەلێ سروشت هاوکات تەنیا هێزی فیزیکی نییە و وەک سەروەر کاریگەری لەسەر مرۆڤان بنوێنێت، بەڵکو هەر خودی سروشت مرۆڤ دەبزوێنێت کە بەڕێی دەرکەوەرەکانییەوە (چاو و گوێ) بەسەر ئەو ڕەوشەدا بەرزبێتەوە – ئاخر سروشت نەک تەنیا کەرەسەی خاو، بەڵکو هەروەها “دەرکەوتە” (Schein)ی دەخاتە بەردەم، بەم ڕێیەشەوە پردێک بەرەو ئاوەز و ئازادی ڕادەکێشێت. شیلەر چاو و گوێ ناودەنێت دوو دەرکەوەرە “نایاب”ەکەی مرۆڤ کە کەرەسە بۆ فۆرم وەردەگۆڕن. ئەو بابەتە کە چاو دەیبینێت، فۆرمێکە کە مرۆڤ خۆی دروستی دەکات. شیلەر ئەمە ناودەنێت “دەرکەوتەی ئێستێتیکی” کە دەرفەت بۆ مرۆڤ دەڕەخسێنێت بەبێ حەز، کەواتە ناڕەمەکییانە، بە شتەکان بگات. ئەمە یەکەم هەنگاوە بەرەو ئازادی. کەواتە مرۆڤ وەک بوونەوەرێکی دەرکیی پەتی، لە سروشتی ئێستێتیکییەوە بە ئەزموونکردنی جوانێتی، هێدی هێدی دەگۆڕرێت ڕووەو بوونەوەرێکی ئەخلاقی (40). لەم ڕوانگەیەوە مرۆڤ لای شیلەر، بە پێچەوانەی ڕوسۆوە، هەر لە سەرەتاوە „خۆڕسکانە“ وەک بوونەوەری سروشتی، یان وەک „بوونەوەری مرۆڤی“، پۆتێنسیالی بۆ ئاوەز و ئازادی هەیە. لێرەوە شیلەر وەک ڕوسۆ بەرەو پاش ناگەرێتەوە بۆ سەردەمی سادەیەتی و بێگوناهی، بەڵکو بە پێویستی دەزانێت مرۆڤی سەردەم بە هونەر و پەروەردەی ئێستێتیکی چاکبکرێت، تا ئیدی لە سەرئەنجامدا یەکانەیەک لە سروشتە جووتەنییەکەی ئەو بهێنرێتە گۆڕێ: هارمۆنیی ئاوەز و توانستی دەرکگیری.
بێگومان هەروەها شیلەر جەخت دەکات کە مرۆڤی سروشتی لە پێناوی خۆهێشتنەوەیدا بێدار دەبێتەوە: ئەو بەناچاری لەنێو زەروورەی کوێری سروشتەوە بەئاگادێت و دەگات بە مەئریفەی خۆی وەک مرۆڤ. ئەوە ئازادیی سروشتییە کە دەرفەت بۆ مرۆڤ دەڕەخسێنێت ئازادانە کردارە ناچارەکییەکان کە ئەو جرپنانە لە سروشتەوە یەکسەر دەیاننوێنێت، بکات بە بژاردەی ئازاد، هاوکات لە زەروورەی سروشتییەوە زەروورەی ئەخلاقی بهێنێتەگۆڕێ. ئێستا پێداویستییەکانی مرۆڤ لەم پرۆسەیەی بێداربوونەوەیدا هەنگاوی پێدەنێنە نێو ستاتۆیەکەوە، کەواتە ناچاری دەکەن بۆ ستاتۆیەک نەک ئەو خۆی ئازادانە بڕیاری بۆ بدات: دەوڵەت (دامەزراوە، ڕێکخراوی جڤاکی). ئەمە بۆ شیلەر دەوڵەتی ناچارەکییە و تێیدا مرۆڤان هێشتا هەر پابەندی سروشتن، چونکە ئەوان ناچارن دەوڵەت بەگوێرەی یاسای سروشتی دابمەزرێنن. شیلەر ئەم فۆرمەی دەوڵەت وەک تەواو گونجاو بە مرۆڤی بێداربۆوەی سروشتی دادەنێت، ئەویش چونکە ئەو مرۆڤە هێشتا هەر بوونەوەرێکی تەواو دەرکییە (پسیکۆ-فیزیکییە) و لە پێناوی خۆهێشتنەوەیدا دەوڵەتێک بەگوێرەی ڕەمەک و حەزە دەرکییەکانی دادەمەزرێنێت. کەواتە مرۆڤ بە زەبر وەڵامی زەبرە سروشتییەکان دەداتەوە: بنیاتنانی حوکمدارییەکی زەبرمەند.
ئێمە لای شیلەر هاوکات فۆرمێکی دیکەی دەوڵەتی ناچارەکیمان هەیە کە تێیدا ئاوەز سەروەرە. لەم فۆرمەی دەوڵەتدا زەبری نێوەکییانەی ئاوەز دەخرێتە جێی زەبری دەرەکییانەی سروشت، واتا دەوڵەتی ئەخلاقی پابەند بە یاسای ئاکارەوە دادەمەزرێنرێت. کەواتە نەک هێزی سروشتی کە پاڵهێزی دەوڵەتی سروشتیی ناچارەکییە، بەڵکو یاسا بنەڕەتی دامەزراندنی دەوڵەتی ئەخلاقە. لەم پەیوەندییە دەوڵەتییەی ئێستادا هێزە ڕاسیۆنالەکان سەروەرن، ئێستا “ویستی ئازاد ڕادەکێشرێتە نێو جیهانی هۆکارەکانەوە کە تێیدا هەموو شتەکان بە زەروورەی توند (…) پێکەوەگرێدراون” (41).
شیلەر لەم پەیوەندییەدا جیاوازی لە نێوان دوو جۆری مرۆڤاندا دەکات تاکو لێرەوە جۆرێکی دیکەی مرۆڤ دیاربهێنێت کە ناوی دەنێت “مرۆڤی ئیدیال”. مرۆڤ وەحشییە گەر بەگوێرەی سروشتی خۆی کردار بنوێنێت و هیچ پرنسیپێکی نەبێت، کەواتە تەنیا هەوڵ بۆ ستارکردنی حەز و ئارەزووەکانی خۆی بدات. مرۆڤ بەڕبەڕە گەر پابەند بە ئاوەزەوە بەگوێرەی یاسا بژی، وەلێ گرنگی بە سروشتی خۆی نەدات. بە پێچەوانەی هەردووکیانەوە مرۆڤێک ئیدیالە کە هارمۆنییانە پێگەیەنراوە؛ ئەم مرۆڤە دەتوانێت یەکێتی لە نێوان ئاوەز و هەست و سۆزەکانیدا بهێنێتەگۆڕێ. ئەمەش بەواتای: کەسێتییەکی بەم چەشنە نەک تەنیا پابەندی پرنسیپە ئاوەزییەکانە، بەڵکو هاوکات دەستبەرداری سروشتێتی نابێت، ئەوجا وەک پابەندی ئاوەز دەتوانێت جڵەوی ناسەقامگیری و بگۆڕییەکەی ئەو سروشتە بگرێت.
بە تێڕوانینی شیلەر هەموو تاکە مرۆڤێک لە سروشتەوە مرۆڤێکی ئیدیالی لە خۆیدا هەڵگرتووە. مرۆڤان گەرەکە “بە یەکانەی نەگۆڕی” ئەم مرۆڤە ئیدیالە بگونجێنرێن. بێگومان گونجاندن بۆ شیلەر ئەوە نییە کە مرۆڤی ئیدیال بەسەر مرۆڤی ئەمپیریدا (پسیکۆ-فیزیکیدا) بسەپێنرێت. کردەوەیەکی بەم شێوەیە هیچی دیکە نییە جگە لە چەوساندنەوەی هەست و سۆزەکانی مرۆڤان. بە تێڕوانینی شیلەر دەوڵەتی ڕێپرێسیڤ (چەپێنەر، سەرکوتکەر) هەوڵ دەدات بۆ ئەوەی جڵەوی مرۆڤان و پەیوەندییەکان بگرێت، وەلێ بەو ڕێیەوە تەنیا مرۆڤان دەشێوێنێت. هەروەها مەبەستی شیلەر لە گونجاندنی مرۆڤانی کەتوار بە مرۆڤی ئیدیال ئەوە نییە کە دەوڵەتی ئەخلاق شۆڕشگێڕانە هەڵبووەشێنرێتەوە و گفتی دەوڵەتێکی تیۆرییانەی ئاوەز بە مرۆڤان بدرێت. ئاخر شۆڕش بە دیدی ئەو تەنیا شێواوی و نائاسایش دەخاتەوە. بە پێچەوانەوە، دەبێت دەرفەت بدرێت کە جڤاکی سەردەم درێژە بە کارایی خۆی بدات و نەخرێتە مەترسییەوە. شیلەر دەوڵەت بە سەئاتێک دەچوێنێت کە سەئاتچی لەکاتی کارکردنی خودی سەئاتەکەدا، سووڕی بەکرەکانیدا، خۆی پێوە خەریک دەکات – چاکی دەکات. وەلێ پرۆسەی چاککردن ئاڕاستەیەک ڕووەو دەوڵەتی ئیدیال وەردەگرێت. لە دەوڵەتی ئەخلاق یان قانوندا دەلاقەیەک لەگۆڕێیە لەنێوان خواست و داواکانی مرۆڤان و ئەو ڕێنومایانەدا کە دەوڵەت دەیانسەپێنێت، بە واتایەکی دی: لە نێوان هەمەجۆرێتیی تاکەکەسی و یەکێتیی دەوڵەتیدا. بە پێچەوانەوە لە دەوڵەتی ئیدیالدا هەر تاکە مرۆڤێک نوێنەری ڕەگەزی خۆیەتی: ویستی دەوڵەت هاوکات ویستی خۆیی هەر هاووڵاتییەکە.
-5 گەمە وەک بنیاتنەری ئازادی
ماویەتی
پەراوێز
27) Schiller, Friedrich: Über Anmut und Würde. S. 468. (Zeno.org).
28) Schiller, Friedrich: Über die ästhetische Erziehung des Menschen. 8.Brief. S. 22. (Zeno.org).
(29) Schiller, Friedrich: Über Anmut und Würde. S. 444.
(30) Schiller, Friedrich: Über die ästhetische Erziehung des Menschen. 11. Brief. S. 30.
(31) Ebenda, 12. Brief. S. 22.
(32) Ebenda, 12. Brief. S. 34.
(33) Ebenda, 12. Brief. S. 33.
(34) Ebenda, 12. Brief. S. 33.
(35) Ebenda, 13. Brief, S. 36.
(36) بڕوانە: ئیمانوێل کانت. پێشگۆتن بۆ ههر مێتافیزیکێک که بشێت له ئایندهدا ببێت به زانست. کاوە جەلال لە ئەڵمانییەوە. پاشگۆتنی وەرگێر. لا 62.
(37) Schiller, Friedrich: Über die ästhetische Erziehung des Menschen. 13. Brief. S. 36.
(38) Ebenda, 12. Brief, S. 34.
(39) Ebenda, 13. Brief, S. 36.
(40) بڕوانە هەردوو نامەی 26 و 27 لە:
Ebenda, S. 75-79.
(41) Ebenda, 4. Brief, S. 6.
سەرچاوەکان:
– Schiller, Friedrich: Über Anmut und Würde. Sämtliche Werke, Band 5, München 1962. (Zeno.org).
– Schiller, Friedrich: Über die ästhetische Erziehung des Menschen. Sämtliche Werke, Band 5, München 1962. (Zeno.org).
-ئیمانوێل کانت. پێشگۆتن بۆ ههر مێتافیزیکێک که بشێت له ئایندهدا ببێت به زانست. کاوە جەلال لە ئەڵمانییەوە. پاشگۆتنی وەرگێر. کتێبخانەی هەریەک لە: دەنگەکان، کوردڕاوم، کوردستانپۆست.
-5 گەمە وەک بنیاتنەری ئازادی
ماویەتی



