کالیبەر نۆ: شیعر

181
0
بڵاوکردنەوە:

کالیبەر نۆ

لە سیی و یەک ساڵیدا خۆم کوشت
وەک شاعیرێ…
وەک هەرزەکارێ…
هەرچەند زارەکەی بۆ هەڵبدەی
بە هیچ دیوێکی ڕازی نییە
وەک جەستەیەک کە ناخوازێ
لەگەڵ تەمەنی ڕاستەقینەی ئاشت بێتەوە!

(چەند ساڵێکە
لە ئۆفیسێکی فرەنەتەوەیی
نۆ بۆ پێنج کار دەکەم،
ئێواران بە دەمانچەیەکی کالیبەر نۆوە
تەقە لە داروبەرد دەکەم)!
دەبمە ڤانداڵ، لەبری ڕەنگ
ژار بە دیواران دادەڕێژم.

دەنگی گوللەکان ناژنەوی؟
وەک هاواری خۆم
سینگی بێدەنگیی شەو هەڵدەدڕن!

دەبمە بکوژێکی زنجیرەیی
لێ لە هەڵمەتێکی گەڕان بەدوای خۆمدا
بە هەڵە بە سێرەت دەگرم…

هەنووکە بۆ تەواوی هۆکاری هەڵەکانم،
لە هاڕژنی گریان دەدەم…

ئومێد قەرەنی

بڵاوکردنەوە: