لاساییکردنەوە (شیعر)
نووسینی: نارین ڕۆستەم
ئەگەر لاساییی سەندرێلام
بکردبایەوە،
کراسێکی ئاسمانیم دەپۆشی
ئەستێرەکانت…
دەبوون بە قۆپچە و لە پێمان نەدەچەقین.
ئەگەر لاساییی باتمانت
بکردبایەوە،
بێ ترسی خلیسکان..
بەسەر دیواری خەونەکاندا
بازت دەدا،
پێڵاوە دزراوەکانمت
دەدۆزینەوە و
لەژێر قەرەوێلەکەمدا داتدەنانەوە.
لاساییی تۆم و جێریمان
بکردبایەوە،
پێش کۆتایی،
دەگەڕاینەوە سەرەتا و
دوای کوژانەوەی شاشەکانیش
بە شوێن یەکتریدا ڕامان
دەکرد.
بەڵام ئێمە…
لەم هەموو پاڵەوانی فیلمە کارتۆنییە،
لاساییی کیسەڵێکی
کۆمبارسمان
کردەوە.
چاومان داخست و
گەڕاینەوە ناو قەپێلکەکانمان
ئێستا نازانین،
چۆن بێینە دەرەوە!



