گواستنەوەی گوتار و سنووری شرۆڤە

32
0
بڵاوکردنەوە:

هەڤرایەڵ، مانادانان و ڕەواییی تێگەیشتن

نووسینی: بڕیار عەلی

 

پێشەکی: کێشەی گواستنەوە و ڕەواییی شرۆڤە

گوتار تەنها کۆمەڵێک وشە و ڕستە نییە کە ماناکەی لە سنووری ڕووکەشی دەربڕینەکانی‌دا کۆتایی بێت؛ بەڵکوو لە پەیوەندیی نێوان زمان، بارودۆخ، مەبەست، پرسیار و هەڤرایەڵێکی دیاریکراودا مانا وەردەگرێت. لەبەر ئەوە، تێگەیشتن لە گوتار تەنها خوێندنەوەی دەق نییە، بەڵکوو هەوڵدانە بۆ ناسینی ئەو پەیوەندییانەی کە دەق لەناویاندا دروست بووە و ماناکەی لە ڕێگەیانەوە دەردەکەوێت.

بەڵام کێشەکە لەو کاتەدا دەست پێ دەکات کە گوتارێک لە هەڤرایەڵی سەرەتایی خۆی دەگوازرێتەوە بۆ هەڤرایەڵێکی تر. ئەم گواستنەوەیە دەتوانێت لایەنێکی نوێ لە مانای دەق ئاشکرا بکات، پرسیارەکەی لە ڕووناکیی بارودۆخێکی نوێدا بخوێنێتەوە، یان پەیوەندییەکانی لەگەڵ کێشەیەکی تر پیشان بدات. بەڵام هەمان کردار دەتوانێت ئاراستەی پرسیاری سەرەکی بگۆڕێت، گریمانەیەکی نوێ بخاتە جێگەی گریمانەی پێشوو، یان مانایەک بە دەق ببەخشێت کە لە هەڤرایەڵی سەرەتاییەکەیدا بەو شێوەیە ئامادە نەبووە.

لەوێدا، جیاوازییەکی بنەڕەتی سەرهەڵدەدات: جیاوازیی نێوان فراوانکردنی بواری شرۆڤە و گۆڕینی کرۆکی پرسیار. ئەم دوو کردارە هەمیشە دژ بە یەک نین، بەڵام هاکات ناکرێ  یەکسان دابنرێن بەبێ پشکنین. شرۆڤەیەکی نوێ دەتوانێت مانای دەق فراوان بکات، بەڵام ئەمە بە خۆکارانە واتای ئەوە نییە کە هەر مانایەکی پێبەخشراو بە بەڵگە پشتگیری دەکرێت.

لەبەر ئەوە، کێشەی ناوەندیی ئەم گوتارە ئەوەیە: کاتێک گوتارێک لە هەڤرایەڵێکەوە دەگوازرێتەوە بۆ هەڤرایەڵێکی تر، چۆن دەتوانین لە نێوان ئاشکراکردنی مانایەکی نوێ و گۆڕینی ئاراستەی پرسیاری سەرەکی جیاواز دابنێین؟ بە چ پێوەرێک دەتوانین بە ڕەواییی شرۆڤەیەک هەڵبسەنگێنین، بەبێ ئەوەی فرەماناییی دەق بکەینە هۆکاری لەناوچوونی سنووری نێوان مانای دەق و مانای بەخشراو لەلایەن شرۆڤەکارەوە؟

 

بەشی یەکەم: هەڤرایەڵ و پێکهاتنی مانای گوتار

 

هیچ گوتارێک لە بۆشایی‌دا سەرهەڵنادەدات. هەر گوتارێک لە بارودۆخ و پەیوەندییەکانی تایبەت بە خۆیدا دروست دەبێت؛ پەیوەندییەکانی نێوان زمان، مەبەستی قسەکەر، پرسیاری ئامادە، زەمینەی مێژوویی و ئەو کەسانەی بەشداریی لە گفتوگۆکە دەکەن. ئەم پەیوەندییانە تەنها هۆکاری دەرەکیی دروستبوونی گوتار نین، بەڵکوو بەشێکن لەو مەرجانەی کە مانا لەناویاندا پێک دێت.

 

بۆیە، خوێندنەوەی دەق بەبێ سەرنجدان بە هەڤرایەڵی سەرەتایی، ڕەنگە تەنها بەشێک لە ماناکەی بگرێتەوە. وشەیەک دەتوانێت لە دوو بارودۆخی جیاوازدا مانایەکی جیاواز وەربگرێت، و ڕستەیەک کە لە ڕووی زمانەوانییەوە ڕوونە، لە ڕووی مەبەست و کاریگەریی گوتارییەوە پێویستی بە شرۆڤەی زیاتر هەیە. ئەمە نیشانی دەدات کە مانا تەنها لە ناو وشەکاندا دانەنراوە، بەڵکوو لە پەیوەندیی نێوان دەق و هەڤرایەڵیشدا دەردەکەوێت.

 

هەڤرایەڵ لە پێکهاتنی مانای دەقدا ڕۆڵی هەیە، بەڵام ئەمە بەو مانایە نییە کە مانای دەق بە تەواوی لە بارودۆخی خوێندنەوەکەی دیاری بکرێت. دەق، لە ڕێگەی وشەکان، پێکهاتە و پەیوەندییەکانییەوە، سنوورێک بۆ شرۆڤە دیاری دەکات. بۆیە پێویستە جیاوازی بکەین لە نێوان ئەو مانایە و بەڵگەکانی ناو دەق کە پشتگیریی دەکەن و ئەو مانایەی شرۆڤەکار بەهۆی بیرۆکە و گریمانەکانی خۆیەوە زیادەی دەکات.

 

بۆ نموونە، ئەگەر دەقێک بڵێت: « پیاوەکە بەبێ ئەوەی قسە بکات، ژوورەکەی بەجێ هێشت»، ئەوەی پیاوەکە بێ‌قسە ژوورەکەی جێهێشتووە، بەڵگەی دەقمان هەیە؛ بەڵام ئەوەی تووڕە بووە یان دڵی شکاوە، لێکدانەوەی شرۆڤەکارە و پێویستی بە بەڵگەی زیاتر هەیە. کەواتە، هەڤرایەڵ کاریگەری لە تێگەیشتنمان دەکات، بەڵام هەر لێکدانەوەیەک بە مانای دروست دانانرێت. لێرەدا پرسیارێکی گرنگ دێتە پێشەوە: ئەگەر تێگەیشتنمان هەمیشە لە هەڤرایەڵ کاریگەری وەربگرێت، بە چ پێوەرێک دەتوانین مانای پشتگیریکراو بە دەق لە مانای سەپێنراو لەلایەن شرۆڤەکارەوە جیا بکەینەوە؟

 

ئەم پرسیارە گرنگە؛ چونکە ئەگەر هەڤرایەڵ تەنها وەک چوارچێوەیەکی دەرەکی ببینین، ڕۆڵی لە پێکهاتنی مانا کەم دەکەینەوە. بە پێچەوانەوە، ئەگەر مانا بە تەواوی بەرهەمی هەڤرایەڵ دابنێین، ئەوا ڕەنگە پێوەرێکی هاوبەشمان بۆ هەڵسەنگاندنی ڕەواییی شرۆڤەکان نەبێت.

 

لە نێوان ئەم دوو ئەگەرییەدا، پێویستە هەڤرایەڵ وەک یەکێک لە مەرجەکانی تێگەیشتن بخوێنینەوە، نەوەک هۆکارێک بۆ لەناوبردنی هەموو جیاوازییەکانی نێوان دەق و شرۆڤە. ئەم جیاوازییە بنەمای ئەو پشکنینەیە کە لە بەشەکانی دواتردا بەردەوام دەبێت.

 

بەشی دووەم: جۆرەکانی گواستنەوە و ئاستەکانی شرۆڤە

 

گواستنەوەی گوتار بە یەک شێوە ئەنجام نادرێت. هەندێک جار دەقێک لە زمانێکەوە دەگوازرێتەوە بۆ زمانێکی تر؛ هەندێک جاریش بیرۆکەیەک لە چوارچێوەیەکی مێژوویی، کۆمەڵایەتی یان فەلسەفییەوە دەهێنرێتە ناو چوارچێوەیەکی تر. جۆرێکی تری گواستنەوەش لە شرۆڤەکردنی دەقدا ڕوودەدات؛ کاتێک خوێنەر دەقەکە لە هەڤرایەڵێکی نوێدا دەخوێنێتەوە و لە ڕێگەی شرۆڤەیەکەوە، مانا یان ئاراستەی پرسیارەکەی دووبارە دەکاتەوە.

 

بۆ هەڵسەنگاندنی ئەم جۆرانە، پێویستە چوار ئاست لە یەکدی جیا بکەینەوە: دەق، هەڤرایەڵ، شرۆڤە و حوکمدان.

 

– دەق: ئەوەی نووسراوە یان گوتراوە و دەتوانرێت وەک ماددەیەکی دیاریکراو بخوێندرێتەوە.

– هەڤرایەڵ: ئەو بارودۆخ و پەیوەندییانەی کە دەق لەناویاندا دروست بووە و مانای لە ڕێگەیانەوە دەردەکەوێت.

– شرۆڤە: کردار و پرۆسەی تێگەیشتنە لە دەق، لە ڕێگەی پەیوەندیکردنی نێوان دەق، هەڤرایەڵ و پرسیارەوە.

– حوکمدان: هەڵسەنگاندنی شرۆڤە و پشکنینی ئەوەی کە تا چەند بە دەق و بەڵگە پشتگیری دەکرێت و هەنگاوەکانی لێکدانەوەکەی لۆژیکین.

 

ئەم جیاکردنەوەیە گرنگە؛ چونکە وەرگێڕانی وشەکان هەمان شت نییە لەگەڵ گواستنەوەی بیرۆکە، و گواستنەوەی بیرۆکەش بە خۆکارانە واتای پاراستنی پرسیاری سەرەکی نییە. هەروەها، ئەوەی شرۆڤەکار لە دەقێک تێدەگات، هەمیشە یەکسان نییە لەگەڵ ئەوەی دەقەکە بە ڕوونی دەیڵێت.

 

لەبەر ئەوە، هەر جارێک گوتارێک دەگوازرێتەوە، پێویستە بپرسین: چی گواستراوەتەوە؟ وشەکان، بیرۆکەکان، پرسیارەکە، یان پەیوەندیی نێوان ئەمانە؟ چی پارێزراوە و چی گۆڕاوە؟ ئایا گۆڕانەکە تەنها لە شێوازی دەربڕیندا ڕوویداوە، یان لە ناوەڕۆک و ئاراستەی پرسیارەکەشدا؟

 

ئەم پرسیارانە یارمەتیمان دەدەن جۆر و ئەنجامی گواستنەوە دیاری بکەین و جیاوازیی نێوان گۆڕانی پێویست بۆ گەیاندنی مانا و گۆڕانێک کە بنەمای تێگەیشتن دەگۆڕێت، لە یەک جیا بکەینەوە و بپشکنین.

 

بەشی سێیەم: گواستنەوە لە مێژووی بیرکردنەوەدا

 

مێژووی بیرکردنەوە تەنها مێژووی بیرۆکە و تیۆرییەکان نییە، بەڵکوو مێژووی ئەو پرسیارانەشە کە لە بارودۆخی جیاوازدا سەریان هەڵداوە و بە تێپەڕبوونی کات گۆڕاون. بیرۆکەیەک لە سەردەمێکدا دەتوانێت وەڵامی پرسیارێکی دیاریکراو بداتەوە، بەڵام کاتێک لە هەڤرایەڵێکی ترەوە دەخوێنرێتەوە، ڕەنگە مانایەکی نوێ و پرسیارێکی تری لێ سەرهەڵبدات. بۆ تێگەیشتن لەم گۆڕانە، پێویستە بزانین بیرۆکەکە لە سەرەتاوە بۆ وەڵامی چ پرسیارێک هاتووەتە ئاراوە و لە خوێندنەوەی دواتردا چۆن و بۆچی مانا و ئاراستەکەی گۆڕاوە.

 

لێرەدا، گواستنەوەی بیرۆکە لە هەڤرایەڵێکەوە بۆ هەڤرایەڵێکی تر دوو ئەنجامی جیاوازی لێ دەکەوێتەوە. لە لایەکەوە، دەتوانێت توانای بیرکردنەوە فراوان بکات و پرسیارێکی کۆن لە ڕووناکیی کێشەیەکی نوێدا بخوێنێتەوە. لە لایەکی ترەوە، ڕەنگە ئەو پرسیارەی کە بیرۆکەکە بۆ وەڵامدانەوەی سەرهەڵی دابوو، لەبیر بکرێت و بیرۆکەکە بخرێتە خزمەتی پرسیارێکی ترەوە.

 

ئەم کێشەیە لە وەرگێڕان، وانەوتنەوە و پوختەکردنەوەی دەقەکانیشدا دەردەکەوێت. وەرگێڕان هەڵبژاردن لە نێوان واتا و شێوازی دەربڕینەکاندا لەخۆ دەگرێت؛ پوختەکردنەوەش پێویستی بە دیاریکردنی ئەو بەشانە هەیە کە بە گرنگ دادەنرێن. بەڵام ئەگەر لە پرۆسەی گواستنەوەدا لایەنێکی بنەڕەتیی پرسیارەکە لاببرێت، یان چەمکێک بە شێوەیەک بەکاربهێنرێت کە پەیوەندییەکانی ناو دەقەکە بگۆڕێت، ئەوا دەکرێت دەقی گواستراوە لە ڕووی وشەوە نزیک بێت، بەڵام لە ڕووی کرۆکی پرسیارەوە دوور بکەوێتەوە.

 

بەڵام گۆڕانی مانا بە خۆی بەڵگەی هەڵەبوون نییە. خوێندنەوەی نوێ دەتوانێت لایەنێکی شاراوەی بیرۆکەیەک ئاشکرا بکات، یان پەیوەندییەکی نوێ لە نێوان ئەو بیرۆکەیە و کێشەیەکی تر دروست بکات. لێرەدا گرنگ ئەوەیە بزانین ئەم خوێندنەوە نوێیە چۆن مانای بیرۆکەکە ڕوون دەکاتەوە و تا چەند دەق و بەڵگە پشتگیریی لێ دەکەن.

 

بۆ ڕوونکردنەوەی پەیوەندیی نێوان هەڤرایەڵی مێژوویی و گۆڕانی مانا، ڕوانگەی هانس گئۆرگ گادامەر لەبارەی کاریگەریی مێژوو لەسەر تێگەیشتن، و ڕوانگەی کوینتین سکینەر لەبارەی گرنگیی هەڤرایەڵی مێژوویی، دوو خاڵی جیاوازمان بۆ ڕوون دەکەنەوە. لە ڕوانگەی گادامەرەوە، خوێنەر لە هەڤرایەڵی مێژوویی خۆیەوە دەگاتە دەق؛ لە ڕوانگەی سکینەرەوە، تێگەیشتن لە بیرۆکەیەکی مێژوویی پێویستی بە لێکۆڵینەوە لە بارودۆخی گوتن و ئەو پرسیارە هەیە کە نووسەر هەوڵی وەڵامدانەوەی داوەتەوە.

 

ئەم دوو ڕوانگەیە بە تەنها یەکسان نین، بەڵام دەتوانن لە پشکنینی کێشەکەدا یەکتری تەواو بکەن: یەکێکیان سەرنجمان دەخاتە سەر کاریگەریی هەڤرایەڵی خوێنەر لە تێگەیشتن، ئەوی تریان گرنگیی بارودۆخی مێژوویی و مەبەستی گوتارەکەمان بۆ ڕوون دەکاتەوە. بەم شێوەیە، نە دەتوانین تێگەیشتن تەنها بە مەبەستی سەرەتاییی نووسەر سنووردار بکەین، نە دەتوانین هەر خوێندنەوەیەکی نوێ بەبێ پشکنینی بەڵگە مێژووییەکان ڕەوا دابنێین.

 

لەبەر ئەوە، بۆ هەڵسەنگاندنی گۆڕانی مانای بیرۆکەیەک لە مێژوودا، پێویستە نموونەیەکی دیاریکراو بخەینەڕوو و بپشکنین: بیرۆکەکە لە سەرەتادا بۆ وەڵامدانەوەی چ پرسیارێک هاتووەتە ئاراوە، لە هەڤرایەڵەکانی دواتردا چۆن خوێندراوەتەوە، و چ بەڵگەیەک هەیە بۆ ئەوەی ئەم گۆڕانە بە گەشەکردنی مانا دابنێین یان بە گۆڕینی ئاراستەی پرسیار. بێ ئەم پشکنینە، جیاوازیی نێوان ئەم دوو جۆرە گۆڕانە لە ئاستی بانگەشەیەکی تیۆریدا دەمێنێتەوە.

 

بەشی چوارەم: هەڤرایەڵ و دەسەڵاتی مانادانان

 

مانادانان تەنها کردارێکی زمانەوانی نییە؛ کردارێکە کە دەتوانێت کاریگەری لەسەر شێوازی تێگەیشتن، ئاراستەی گفتوگۆ و دیاریکردنی ئەوەی هەڵدەسەنگێنین، هەبێت. ئەو کەسەی دەقێک شرۆڤە دەکات، لە هەڤرایەڵێکی دیاریکراوەوە سەیری دەقەکە دەکات و هەڵبژاردنەکانی لە دیاریکردنی مانا و پەیوەندییەکانی ناو دەقەکەدا ڕۆڵ دەگێڕن. بەڵام ئەوەی شرۆڤە ناچارە هەڵبژاردن بکات، واتای ئەوە نییە کە هەر شرۆڤەیەک بە هەمان ئەندازە ڕەوا و پشتڕاستکراوە.

 

دەسەڵاتی مانادانان لەو شوێنەدا دەردەکەوێت کە خوێندنەوەیەکی تایبەت وەک مانای تاک و کۆتاییی دەق پێشکەش دەکرێت، یان شرۆڤە جێگەی بەڵگە و پرسیار دەگرێتەوە. لەم حاڵەتەدا، ئەوەی دەبێت وەک بۆچوونێک هەڵبسەنگێنرێت، ڕەنگە وەک ڕاستییەکی سەلمێنراو پیشان بدرێت. مەترسییەکە لەوەدایە کە سنووری نێوان ئەوەی دەقەکە دەیڵێت و ئەو مانایەی شرۆڤەکار پێی دەبەخشێت، نادیار بمێنێتەوە.

 

بەو پێیە، دەسەڵاتی مانادانان تەنها لە توانای شرۆڤەکردندا کورت نابێتەوە؛ لە توانای دیاریکردنی چوارچێوەی پرسیارەکەشدا دەردەکەوێت. کاتێک شرۆڤەکار دیاری دەکات کام بەشی دەق گرنگە، کام پەیوەندی پێویستە و کام واتا دەبێت لەبەرچاو بگیرێت، لە ڕاستیدا ڕێڕەوی تێگەیشتنی خوێنەر ڕێک دەخات. ئەمە بە خۆی کێشە نییە؛ چونکە هەر شرۆڤەیەک پێویستی بە هەڵبژاردن و ڕێکخستن هەیە. کێشەکە لەو کاتەدا دەست پێ دەکات کە ئەم هەڵبژاردنانە ئاشکرا ناکرێن و ئەنجامی شرۆڤە وەک تاکە مانای مومکینی دەق پێشکەش دەکرێت.

 

لەوێدا، فرەماناییی دەق دەتوانێت ببێتە سەرچاوەی دەوڵەمەندکردنی بیرکردنەوە؛ بەڵام هەمان فرەمانایی، ئەگەر لە بەڵگە و سنوورەکانی شرۆڤە جیا بکرێتەوە، دەتوانێت ببێتە پاساوێک بۆ هەر مانایەک. ئازادیی شرۆڤە نابێت ببێتە هۆی تێکەڵکردنی بەڵگە و پێش‌گریمانە، یان ئەوەی هەموو خوێندنەوەکان بەبێ جیاوازی یەکسان دابنرێن.

 

لە ڕوانگەی پۆڵ ریکۆرەوە، پەیوەندیی نێوان گوتار و زیادەی مانا دەتوانێت یارمەتیدەر بێت بۆ تێگەیشتن لەوەی کە مانای دەق لە یەک خوێندنەوەدا کۆتایی نایەت. بەڵام بوونی زیادەی مانا بەو مانایە نییە کە سنوورێک لە نێوان شرۆڤەی پشتگیریکراو و شرۆڤەی بێ‌بەڵگەدا نەماوە. لێرەدا، پرسیاری ڕەوایی هەر بەردەوامە: ئەو مانایەی شرۆڤەکار دەریدەخات، چۆن بە دەقەکەوە دەبەسترێتەوە و بە چ بەڵگەیەک پشتگیری دەکرێت؟

 

بەرپرسیارێتیی شرۆڤەکار لەوەدایە کە ئاشکرای بکات چی لە دەقەکە وەرگرتووە، چی لێی تێگەیشتووە و بە چ هۆکارێکەوە مانایەکی نوێی پێ بەخشیوە. ئەمە بە مانای داخستنی دەرفەتی خوێندنەوەی جیاواز نییە؛ بەڵکوو هەوڵێکە بۆ ئەوەی جیاوازییەکان بتوانرێت بە شێوەیەکی ڕەخنەیی هەڵبسەنگێنرێن.

 

بەشی پێنجەم: ڕەخنە و بەرپرسیارێتیی ئەکادیمی

 

ڕەخنەی ئەکادیمی لەو شوێنەوە دەست پێ دەکات کە شرۆڤە لە سنووری بانگەشەی خۆی دەپرسێت و ئامادەیە پەیوەندیی نێوان دەق، بەڵگە و ئەنجامەکەی ڕوون بکاتەوە. مەبەست لە ڕەخنە تەنها ڕەتکردنەوەی شرۆڤەیەک نییە، بەڵکوو پشکنینی ئەو ڕێڕەوەیەیە کە لە دەقەوە بەرەو ئەنجامێکی دیاریکراو دەڕوات.

 

بۆ هەڵسەنگاندنی شرۆڤەیەک، لانیکەم سێ پرسیاری بنەڕەتی دەتوانرێت بخرێنە ڕوو:

 

١. ئایا بانگەشەکە بە دەق و بەڵگەی گونجاو پشتگیری دەکرێت؟

 

٢. ئایا هەنگاوەکانی گواستنەوە لە مانای سەرەتاییەوە بۆ شرۆڤەی نوێ ڕوونن و دەتوانرێت پشکنینیان بۆ بکرێت؟

 

٣. ئایا شرۆڤەکار گریمانە، سنوور و ئەو شوێنانەی کە لێیانەوە ئەنجامەکەی بەدەست هێناوە، ئاشکرا دەکات؟

 

ئەم پێوەرانە شرۆڤەی نوێ قەدەغە ناکەن؛ بەڵکوو ڕێگە دەدەن لە بانگەشەی بێ‌بەڵگە جیا بکرێتەوە. هەروەها، یارمەتیدەرن بۆ ئەوەی جیاوازیی نێوان ئەوەی دەقەکە بە ڕوونی دەیڵێت و ئەوەی شرۆڤەکار لێی تێدەگات، لەبیر نەکرێت. ئەگەر بۆچوونێکی نوێ لە خوێندنەوەی دەقێکەوە سەرهەڵدەدات، پێویستە وەک شرۆڤەیەک پێشکەش بکرێت و هۆکارەکانی ڕوون بکرێنەوە، نەک بە خۆکارانە وەک مانای سەرەتایی دەقەکە دابنرێت.

 

لەم چوارچێوەیەدا، جیاوازیی نێوان مانای دەق و ڕەواییی شرۆڤە گرنگییەکی تایبەتی هەیە. ئی. دی. هیرش لە باسەکەیدا گرنگی بە جیاکردنەوەی مانای دەق و پەیوەندییەکانی لەگەڵ شرۆڤەی دواتر دەدات. ئەم جیاوازییە دەتوانێت یارمەتیدەر بێت بۆ ئەوەی نەپرسین تەنها «ئایا ئەم خوێندنەوەیە مومکینە؟»، بەڵکوو بپرسین «ئایا ئەم خوێندنەوەیە بە بەڵگە پشتگیری دەکرێت؟».

 

لە هەمان کاتدا، ئاگادارکردنەوەکانی ئۆمبێرتۆ ئیکۆ لەبارەی شرۆڤەی زیاتر لەوەی دەق پشتگیری دەکات، دەخەنە ڕوو کە فرەماناییی دەق نابێت بە مۆڵەتێکی بێ‌سنوور بۆ پێبەخشینی هەر مانایەک دابنرێت. ئەگەر هەر خوێندنەوەیەک تەنها بەوە ڕەوا بزانرێت کە مومکینە، ئەوا پێوەری جیاکردنەوەی شرۆڤەی بەڵگەدار لە شرۆڤەی بێ‌بەڵگە لەدەست دەدەین.

 

هەروەها، ڕەخنەی ئەکادیمی نابێت ببێتە هۆی تاوانبارکردنی کەسەکان بەبێ بەڵگە. ئەوەی دەبێت هەڵبسەنگێنرێت، شێوازی بەکارهێنانی دەق، پەیوەندیی نێوان بەڵگە و ئەنجام، و ڕوونیی هەنگاوەکانی شرۆڤەیە. ئەم جیاکردنەوەیە ڕەخنە لە کەسایەتیی تاکەکان دوور دەخاتەوە و دەیخاتە سەر ڕێبازێک کە دەتوانرێت پشکنینی بۆ بکرێت و گفتوگۆی لەسەر بکرێت.

 

لەبەر ئەوە، بەرپرسیارێتیی ئەکادیمی تەنها پاراستنی دروستیی زانیاری نییە؛ پاراستنی مافی پرسیارکردن و ئاشکراکردنی ڕێڕەوی شرۆڤەشە. ئەگەر شرۆڤەیەک ئاراستەی پرسیارێک بگۆڕێت، ئەو گۆڕانە دەبێت ئاشکرا بکرێت و بەڵگەکانی بخەینە بەردەم ڕەخنە. ئەم شێوازە ڕێگە نادات شرۆڤەکار بۆچوونی خۆی لەگەڵ مانای دەق تێکەڵ بکات، بەڵکوو داوای لێ دەکات سنووری نێوان ئەمانە دیاری بکات.

 

بەو شێوەیە، ڕەخنە لە جیاتی داخستنی گفتوگۆ، دەبێتە مەرجێک بۆ بەردەوامبوونی؛ چونکە تەنها لە ڕێگەی ئاشکراکردنی بەڵگە و هەنگاوەکانی شرۆڤەوە دەتوانین جیاوازییەکان بخەینە بەردەم گفتوگۆیەکی ڕەخنەیی.

 

بەشی شەشەم: سنووری شرۆڤە و کۆتاییی کراوە

 

گواستنەوەی گوتار لە هەڤرایەڵێکەوە بۆ هەڤرایەڵێکی تر بەشێکە لە جووڵەی بیرکردنەوە و گەشەکردنی زانین. دەق دەتوانێت لە خوێندنەوەیەکی نوێدا لایەنێکی شاراوەی ماناکەی ئاشکرا بکات، و پرسیارێکی کۆن دەتوانێت لە هەڤرایەڵێکی نوێدا ببێتە سەرچاوەی پرسیارێکی تر. بەڵام کراوەییی مانا نابێت ببێتە هۆی لەناوچوونی جیاوازیی نێوان ئەوەی دەقەکە دەیڵێت و ئەوەی شرۆڤەکار لێی تێدەگات.

 

لە هەڵسەنگاندنی شرۆڤەیەکدا، پێویستە چەند پرسیارێک بەردەوام لەبەردەستمان بێت: دەقەکە چی دەڵێت؟ لە چ هەڤرایەڵێکدا مانای وەرگرتووە؟ شرۆڤەکار بە چ بەڵگە و هەنگاوێکەوە گەیشتووەتە ئەنجامەکەی؟ ئایا ئەو ئەنجامە پرسیاری سەرەکی ڕوونتر دەکاتەوە، یان ئاراستەکەی دەگۆڕێت؟ و ئەگەر ئاراستەکەی گۆڕیوە، ئایا ئەم گۆڕانە ئاشکرا کراوە و بە هۆکارەکانیەوە ڕوون کراوەتەوە؟

 

ئەم پرسیارانە حوکمێکی پێشوەختە لەسەر دروستی یان نادروستیی هەموو شرۆڤەکان نادەن؛ بەڵکوو مەرجی ئەوە دەڕەخسێنن کە جیاوازییەکانیان بە شێوەیەکی ڕەخنەیی هەڵبسەنگێنرێن. بەم مانایە، سنووری شرۆڤە دیوارێک نییە کە دەرفەتی تێگەیشتنی نوێ دابخات؛ بەڵکوو ئەو مەودایەیە کە تێیدا دەتوانین لە نێوان ئەگەری مانای نوێ و بانگەشەی پشتگیریکراو جیاوازی دابنێین.

 

بەڵام کێشەکە هێشتا کراوەیە. ئەگەر هەڤرایەڵی نوێ بتوانێت لایەنێکی نوێ لە دەق ئاشکرا بکات، لە هەمان کاتدا کاریگەری لەسەر ئەوەش هەیە کە چی دەبینین و چی لەبەرچاو ناگرین. ئەگەر تێگەیشتنمان هەمیشە لە هەڤرایەڵێکەوە دەست پێ بکات، چۆن دەتوانین پێوەرێک بۆ جیاکردنەوەی ئاشکراکردنی مانایەکی نوێ لە سەپاندنی مانایەک دابنێین کە بەڵگەی پێویستی نییە؟ ئایا خودی ئەم پێوەرانەش لە هەڤرایەڵێکی دیاریکراوەوە سەرهەڵنادات و پێویستی بە پشکنینەوە نییە؟

 

ئەم پرسیارە کێشەکە دەباتە ئاستێکی قووڵتر؛ چونکە ئێمە تەنها لە ڕەواییی شرۆڤەکان ناپرسین، بەڵکوو لە بنەمای ئەو پێوەرانەش دەپرسین کە بەهۆیانەوە شرۆڤەیەک ڕەوا یان ناڕەوا دادەنێین. بەڵام ئەگەر پێوەرەکانیش بتوانرێت بخەینە بەردەم ڕەخنە، ئایا ئەمە واتای لەدەستدانی هەر بنەمایەکی هاوبەشە؟ یان دەتوانین پێوەرەکانمان بە شێوەیەک بەکاربهێنین کە هەم پابەندییان پێوە بێت و هەم ئامادەی پشکنینەوە و پێداچوونەوە بین؟

 

لەوێدا، پرسیاری کۆتاییی ئەم گوتارە سەرهەڵدەدات: ئەگەر هەر پرسیارێک لە هەڤرایەڵێکەوە سەرهەڵدەدات و هەر وەڵامێک دەتوانێت پرسیارێکی تر لەناو خۆیدا هەڵبگرێت، ئایا ئەرکی شرۆڤە تەنها دۆزینەوەی مانایە، یان پاراستنی ئەو مەودایەشە کە پرسیار بتوانێت لەناویدا بەردەوام بێت؟

 

ئەگەر ئەرکی شرۆڤە تەنها گەیشتن بە مانایەکی دیاریکراو بێت، ڕەنگە پرسیارەکە لە سنووری وەڵامێکی کۆتاییدا دابخرێت. بەڵام ئەگەر شرۆڤە بتوانێت هەم مانا ڕوون بکاتەوە و هەم مەرجەکانی تێگەیشتن بخاتە بەردەم پشکنین، ئەوا کراوەییی گفتوگۆ و ڕەواییی شرۆڤە لە یەکدی دابڕاو نابن.

 

لەبەر ئەوە، کێشەی گواستنەوەی گوتار تەنها لە چۆنیەتیی گواستنەوەی مانادا کورت نابێتەوە، بەڵکوو پرسیاری ئەوەش دەخاتەڕوو کە لەو گواستنەوەیەدا چۆن بەرپرسیارێتیی تێگەیشتن دەپارێزرێت. شرۆڤەیەکی بەرپرسیار پێویستی بەوە نییە کە هیچ مانایەکی نوێ زیاد نەکات؛ بەڵکوو پێویستە ئەو مانایە نوێیە ئاشکرا بکات، پەیوەندییەکەی بە دەق و هەڤرایەڵی تێگەیشتنەکەوە ڕوون بکاتەوە و هۆکارەکانی لەبەرامبەر ڕەخنەدا بخاتەڕوو.

 

بەم شێوەیە، سنووری شرۆڤە سنووری بیرکردنەوە نییە؛ بەڵکوو سنووری ئەو بانگەشەیەیە کە بێ ڕوونکردنەوە و بەڵگە، مانایەکی زیادکراو بە مانای خودی دەق دەزانێت. پرسیاری کراوە ئەوەیە: چۆن دەتوانین مانای دەق فراوان بکەین و ڕەهەندێکی نوێ لە تێگەیشتندا بکەینەوە، بەبێ ئەوەی پەیوەندیی ئەو مانایە بە دەق و بەرپرسیارێتیی خۆمان لە شرۆڤەدا لەدەست بدەین؟

 

کۆتایی: لە سنووری شرۆڤەوە بۆ پرسیاری ڕەوایی

 

گواستنەوەی گوتار بۆ هەڤرایەڵێکی نوێ، دەرگای مانای نوێ دەکاتەوە؛ بەڵام ئەم دەرگاکردنەوەیە، لە هەمان کاتدا، پرسیاری سنوور و ڕەواییی شرۆڤەش دەوروژێنێت. چونکە دەق نە لە هەڤرایەڵی سەرەتایی خۆی بە تەواوی جیا دەبێتەوە، نە ماناکەشی بە تەواوی لەو هەڤرایەڵەدا بەند دەمێنێتەوە. لێرەدا ئەرکی شرۆڤەکار ئەوەیە کە لە نێوان بەڵگەی دەق، دەرفەتی مانادانان و سنووری تێگەیشتنی خۆیدا پەیوەندییەکی ڕەخنەگرانە بپارێزێت؛ بە جۆرێک کە فرەماناییی دەق نەخرێتە ژێر دەسەڵاتی یەک خوێندنەوەی داخراو، و ئازادیی شرۆڤەش نەبێتە پاساوێک بۆ جیاکردنەوەی مانا لە بەڵگە.

 

بەڵام ئەگەر هەڤرایەڵی نوێ بتوانێت مانای دەق فراوانتر بکات، و پێوەرەکانی ڕەواییی شرۆڤەش خۆیان لە هەڤرایەڵە مێژوویی و فکرییەکاندا پێک بێن، ئەوا چۆن دەتوانین ئەو پێوەرانەش بخەینە ژێر پرسیار، بەبێ ئەوەی هەموو شرۆڤەیەک بگەڕێتەوە بۆ ڕەواییی خۆی؟ لە نێوان فراوانکردنی مانا و پاراستنی پەیوەندیی دەق، لە نێوان ئازادیی شرۆڤە و بەرپرسیارێتیی شرۆڤەکار، هێشتا پرسیارێک کراوە دەمێنێتەوە: چۆن دەتوانین مانای گوتار فراوانتر بکەین، بەبێ ئەوەی لە بەڵگەی دەق دوور بکەوینەوە، و چۆن دەتوانین ڕەواییی شرۆڤە بپارێزین، بەبێ ئەوەی سنوورێکی کۆتایی بۆ مانادانان دابنێین؟

 

—

 

سەرچاوەکان

 

١. Gadamer, Hans-Georg. Truth and Method. 2nd revised edition. Translated by Joel Weinsheimer and Donald G. Marshall. London: Continuum, 2004.

 

٢. Ricoeur, Paul. Interpretation Theory: Discourse and the Surplus of Meaning. Fort Worth: Texas Christian University Press, 1976.

 

٣. Hirsch, E. D. Validity in Interpretation. New Haven: Yale University Press, 1967.

 

٤. Eco, Umberto. Interpretation and Overinterpretation. Edited by Stefan Collini. Cambridge: Cambridge University Press, 1992.

 

٥. Skinner, Quentin. “Meaning and Understanding in the History of Ideas.” History and Theory 8, no. 1 (1969): 3–53.

 

پەیوەندیی سەرچاوەکان بە کێشەی گوتارەکە

 

– گادامەر: کاریگەریی مێژوو لەسەر تێگەیشتن و ڕۆڵی هەڤرایەڵ لە پرۆسەی شرۆڤەدا.

– ریکۆر: پەیوەندیی نێوان گوتار و زیادەی مانا، و ئەگەری خوێندنەوەی مانادار لە سنووری دەق.

– هیرش: کێشەی ڕەواییی شرۆڤە و جیاوازیی نێوان مانای دەق و تێگەیشتنی شرۆڤەکار.

– ئیکۆ: سنووری شرۆڤە و مەترسیی پێبەخشینی مانایەک کە دەق پشتگیریی ناکات.

– سکینەر: گرنگیی هەڤرایەڵی مێژوویی و ناسینی پرسیارەکانی سەردەمی سەرهەڵدانی بیرۆکەکان.

 

 

 

تاگهزر
بڵاوکردنەوە: