شانۆی «ئێکسۆدۆس» زمان، ئەوی تر و شوناس:
خوێندنەوەیەکی ڕەخنەیی لە ڕێگەی Black Skin, White Masksی فرانتز فانۆنەوە

191
0
بڵاوکردنەوە:

شەنگار سابیر

1ـ شانۆ، لەو شوێنەوەی کە ئیدی نیشاندانەوە یان گێڕانەوەیەکی ڕووتی ڕووداوێک نابێت و هەوڵدەدات هەندێک درز و وێنەی شێواو لە وێنە ڕوون و پاکەکە درووست بکات، لە مەڕ ئەو جیهانەی کە ڕووداوەکان تێیدا مانا وەردەگرن، دەبێتە سپەیسی ململانێی نێوان زمان، دەسەڵات و شوناس. لەم ئاستەدا، کەسایەتییەکان تەنها مرۆڤ گەلێکی مێژوویی نین کە چیرۆکێک دەگێڕنەوە، بەڵکو هەڵگری ئەو پەیوەندییانەن کە مرۆڤ لە ڕێگەیانەوە سەیری خۆی دەکاتەوە و لانیکەم شتێک لەسەر خۆی دەناسێتەوە، ئەویتر دیاری دەکات و شوێنی خۆی لە جیهاندا دەدۆزێتەوە. لەبەر ئەوە، خوێندنەوەی ڕەخنەیی بۆ شانۆی «ئێکسۆدۆس» بۆ من دوو بەشە. بەشی یەکەمی بە گرنگ زانینی شانۆیەکی لەم جۆرەیە کە ئێمە دەتوانین لە ڕێگەی خوێندنەوە و ستایش و ڕەخنە لێگرتنیەوە سەر پێی بخەین بۆ کاری باشتر. بەشی دووەم دەستنیشانکردنی ئەو گرفتانەی ناو شانۆکە و مامەڵە کردن لەگەڵ ئایدیاکاندا و وەستانەوەیەکی ڕەخنەیی بەرامبەریان .
بۆیە من زیاتر هەوڵەدەدەم لەسەر بەشی دووەم و پانتایی ڕەخنە بوەستم و مامەڵە بکەم.لێرەوە شانۆ دەتوانێت لە سنووری هەڵسەنگاندنی ئێستاتیکییەوە تێبپەڕێت و بگاتە هەندێک شوێنی بنەڕەتی دیکە کە چۆن زمان دەبێتە شایەتحاڵ و ئیمکان بۆ مەیدانی دەسەڵات دەکاتەوە. هەڵبەت مەبەستم (Linguistic Relativity) ئەو نیسبەت گەراییەی نێوان زمان و بیکردنەوەی دەسەڵاتە لەناو زمانی وەرگیراو و زمانی فڕێدراودا. چۆن ئەویتر لە دەرەوەی شوناسی منەوە دەچێتە ناو پێناسەکردنی(من)؟ چۆن ئایدۆلۆژیایەک کە بانگەشەی پاراستنی شوناس دەکات، دەتوانێت لە هەمان کاتدا ببێتە ئامرازی سەرکوتکردنی جیاوازی؟
بۆ شیکردنەوەی ئەم پرسیارانە، کتێبی Black Skin, White Masksی فرانتز فانۆن ـم وەک سەرچاوە و ئەرگۆمێنتاسازی خۆم وەرگرتووە کە کتێبەکە پێکهاتووە لە کۆمەڵێک تێزە و هەروەها بنەمایەکی تیۆریی بەهێزە بۆ تێگەیشتن لەم جۆرە پرسیارانە. فانۆن لەم کتێبەدا ووردبینانە سەرنج دەدات کە کۆلۆنیالیزم تەنها سیستەمێکی سیاسی و ئابووری نییە، بەڵکو پرۆسەیەکی دەروونی و کۆمەڵایەتیشە کە لە ڕێگەیەوە مرۆڤ فێر دەبێت خۆی لەناو تەرازوی ئایدۆلۆژی دەسەڵاتدا وێنا بکات. ئەو مرۆڤەی لە جیهانێکی کۆلۆنیاڵدا دەژی، تەنها لە ماف و دەرفەتەکان بێ بەش و بێ دەرفەت نابێت، لەوانەشە بە هێواشی خۆی بە چاوەکانی ئەویتر ببینێت و لە ناخی خۆیدا ئەو حوکمە دووبارە بکاتەوە کە جیهانی دەسەڵاتدار لەسەری دەرکردووە. لێرەدا سەرکوتکردن شتێک نییە بەس لەدەرەوەی مرۆڤ ڕووبدات، بە پێچەوانەوە بەردەوام بەشێوەیەکی پاتۆلۆژی ئیمکان بۆ پێناسەکردنەوەی سوبێکت دەکاتەوە لە ناو خۆیداو لە ناو زمانەکەیدا، لە ناو ئارەزووەکانی و لە ناو ئەو وێنەیەی کە بە شێوەیەکی فیکشناڵ لەسەر خۆی درووستی کردووە.
هەرچەندە من لێرەدا نایەم لە ڕێگەی گواستنەوەی فانۆنەوە بۆ خوێندنەوەی شانۆنامەیەکی کوردی هەوڵبدەم ئەزموونی کۆلۆنیالیزمی فەرەنسی و ڕەگەزپەرستی لە ئەفریقا و کاریگەرییە مێژووییەکانی سەرکوتی زمان و ناسنامە لە کوردستان یەکسان بکەمەوە و بەهەمان چاوی کۆنەوە سەیری هەلومەرجی ( درەنگە مۆدێرن و درەنگە کۆڵۆنیاڵیزەیشن) بکەم. ئەم بارودۆخانە مێژووی جیاوازیان هەیە. بۆیە نایەین خەریکی هاوتاکردنی تەواوی ئەزموونەکانبین، بەڵکو شێوازی نیگا و تێگەیشتنەکان دەگۆڕین. دەسەڵات چۆن مرۆڤ ناچار دەکات خۆی لە ڕێگەی چاوەکانی ئەویترەوە بناسێتەوە؟ چۆن ئەو کۆ پەیوەندییەی کە لە دەرەوە دەست پێ دەکات، دەبێتە بەشێک لە کۆ تێکشکان و کۆ نەخۆشی لە ناو مرۆڤدا.

2ـ زمان: لەئامرازی پەیوەندییەوە بۆ پەیوەندی دەسەڵات.

لە بەشی «The Negro and Language»ی کتێبەکەدا، فانۆن زمان لە ئاستی ئامرازێکی بێلایەن بۆ گواستنەوەی بیرۆکەکان بەرز دەکاتەوە بۆ ئاستی پەیوەندیی مرۆڤ بە جیهانەوە. قسەکردن بە زمانێک تەنها واتای زانینی وشە و ڕێزمانەکەی نییە، زمان هەڵگری شێوازێکی جیهانبینییە. چوونە ناو زمانێک دەتوانێت چوونە ناو ڕێکخستنێکی کۆمەڵایەتی و کولتووریش بێت. لە جیهانێکدا کە زمانەکان بە یەکسانی بەهادار نین، زمان دەبێتە پێوەرێک بۆ دیاریکردنی ئەوەی کێ قسەکەی دەبیسترێت، کێ بە زانایەتی و شارستانیبوو دادەنرێت و کێ ناچارە لەبەردەم چاوەڕوانییەکانی ئەویتردا خۆی بسەلمێنێت. کێشەکە لە فێربوونی زمانێکی دیکەدا نییە. مرۆڤ دەتوانێت بە فێربوونی زمانە جیاوازەکان ئاسۆی تێڕامانی خۆی فراوان بکات، لە جیهانێکی فراوانتر تێبگات و پەیوەندیی نوێ دروست بکات. کێشەکە لەو پەیوەندییە نایەکسانەدایە کە زمانێک بە نیشانەی سەرکەوتن و زمانێکی دیکە بە نیشانەی دواکەوتوویی دادەنێت. لەو بارودۆخەدا، فێربوونی زمانی دەسەڵات دەتوانێت لە پەیوەندییەکی پراکتیکی تێبپەڕێت و ببێتە هەوڵێک بۆ دوورکەوتنەوە لە خۆ. هەوڵێک بۆ ئەوەی مرۆڤ بە شێوەیەک قسە بکات، بیر بکاتەوە و خۆی پیشان بدات کە لەلایەن سیستەمێکی باڵادەستەوە قبوڵ بکرێت.ئەگەر لە «ئێکسۆدۆس»دا لەبیرکردنی زمانی کوردی لە ژێر کاریگەریی بێگانەکاندا وەک تێمایەکی سەرەکی دەردەکەوێت، تێڕامانی ڕەخنەیی نابێت تەنها ئەوە بێت کە بۆچی کەسایەتییەکان زمانی خۆیان لەبیر دەکەن. پرسیاری قووڵتر بۆمن ئەوەیە: چی جیهانێک دروست کراوە کە لەو جیهانەدا لەبیرکردنی زمان دەتوانێت ببێتە ڕێگای مانەوە، پەسەندکردن یان بەدەستهێنانی شوێنێکی کۆمەڵایەتی؟ کاتێک مرۆڤ هەست دەکات زمانی خۆی بەس نییە بۆ ئەوەی بەهای پێ بدرێت، لە ڕاستیدا تەنها زمانەکەی ناگۆڕێت، لەوانەشە پەیوەندیی خۆی بە خۆیەوە بگۆڕێت. بەڵام ئەگەر لەبیرکردنی زمان ببێتە تاکە نیشانەی خیانەت بەرامبەر شوناس، ئەوا ڕەخنەکە دەکەوێتە هەمان داوی ئەو ئایدۆلۆژیایەی کە دەیەوێت ڕەخنەی  بکات. نابێت کەسێک تەنها بەهۆی قسەکردن بە زمانێکی دیکەوە بکەینە نموونەی لە خۆبێگانەبوون. پێویستە بپرسین ئەو کەسە لە چ ئاستێکی پەیوەندی بە دەسەڵاتەوە زمانەکەی هەڵبژاردووە، چ فشارێکی کۆمەڵایەتی لەسەریەتی و ئایا ئەو هەڵبژاردنەی هەڵبژاردنێکی ئازادانەیە یان وەڵامێکە بۆ بارودۆخێکی نایەکسان. ئەگەر ئەم جیاوازییە نەکەین، زمان لە ئامراز تێگەیشتنەوە دەگۆڕین بۆ دادگای شوناس و شوناسگەرایی.
پاراستنی زمانی کوردی، نابێت بەتەنها بە واتای پاراستنی شتێکی پاک و بێگۆڕان بێت. زمان لە مێژوودا بەردەوام گۆڕاوە، وشەی لە زمانەکانی دیکە وەرگرتووە و بەهۆی پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکانەوە گەشەی کردووە. پاراستنی زمان واتە پاراستنی توانای ژیانی زمان: ئەوەی بتوانرێت بە زمانی کوردی فەلسەفە بخوێندرێتەوە، زانست بەرهەم بهێنرێت، دەسەڵات ڕەخنە بکرێت و  بە شێوەیەکی نوێ لە جیهان تێبگەین. ئەگەر زمان تەنها لە دروشم و گۆرانی نەتەوەییدا زیندوو بێت، بەڵام لە زانست و ڕەخنە و بیرکردنەوەی ڕۆژانەدا لاواز بێت، ئەوا پاراستنی زمان دەتوانێت ببێتە پاراستنی وێنەیەکی نمایشیی ناسنامەیی، نەک توانایەکی زیندوویەتی کۆمەڵایەتی و زانستی.

3. ماسکی سپی و دروستبوونی سوبێکتی ژێردەست.

لە کتێبی Black Skin, White Masksدا، ماسکی سپی مێتافۆرێکە بۆ ئەو پرۆسەیەی کە مرۆڤی ژێردەست هەوڵ دەدات بە پەسەندکردنی پێوەرەکانی جیهانی باڵادەست، خۆی لەو جیهانەدا ڕەوا بکات. لە ژێر سیستەمی ڕەگەزپەرستیدا، مرۆڤی ڕەش ڕووبەڕووی جیهانێک دەبێتەوە کە پێشتر مانای مرۆڤبوونی بە پێوەرەکانی سپیپێستی ڕێک خستووە. ئەو ناچار دەبێت لە جیهانێکدا خۆی ببینێتەوە  کە تێیدا جەستەی خۆی بە سێمپتۆمی (کەمتر‌بوون) خوێندراوەتەوە. ئەمەش دابەشبوونێکی سادە نیە لەنێوان دوو مێژوو و دوو شوناسدا. کێشەیەکی سوبێکتیڤیە کە تێیدا مرۆڤ لە نێوان ئەوەی هەیە و ئەوەی دەبێت ببێت، گیر دەخوات.ئەم ئایدیایە دەتوانێت بۆ خوێندنەوەی «ئێکسۆدۆس» بەکاربهێنرێت، ئەگەر بپرسین کارەکتەرەکان لە ڕووبەڕووبوونەوەیان لەگەڵ بێگانەکاندا تەنها زمانێکی نوێ فێر دەبن، یان فێری شێوازێکی نوێی خۆبینینەوەش دەبن. ئایا ئەوان لە ژێر کاریگەریی ئەویتر خۆیان بە کەسانێکی کەمتر دەبینن؟ ئایا زمانی ئەویتر دەبێتە پێوەرێک بۆ هەڵسەنگاندنی بەهای زمانی خۆیان؟ یان ئەوەی ڕوودەدات پەیوەندییەکی ئاڵۆزترە کە تێیدا خۆماڵی و بێگانە هەردووکیان لە ڕێگەی سیستەمێکی کۆمەڵایەتیی فراوانترەوە مانا وەردەگرن؟ ماسکی سپی، لەم خوێندنەوەیەدا، دەتوانێت مێتافۆرێک بێت بۆ هەر جۆرە خۆگونجاندنێک کە تێیدا مرۆڤ بۆ بەدەستهێنانی پەسەندکراوی کۆمەڵایەتی، ناچار دەبێت لە خۆی دوور بکەوێتەوە. بەڵام پێویستە لە گواستنەوەی ئەم مێتافۆرەدا وریا بین: هەر کەسێک کە زمانێکی دیکە فێر دەبێت، یان شێوازی ژیانی خۆی دەگۆڕێت، ماسکێکی کۆلۆنیاڵی لە ڕوخسار ناکات. ئەوەی لای فانۆن گرنگە خودی گۆڕان نییە، بەڵکو ئەو پەیوەندییە نایەکسانەیە کە گۆڕان دەکاتە پێش مەرجی بنەڕەتی بۆ قبوڵکردن و قبوڵکراوان.
لێرەدا ڕەخنە لە، لەخۆبێگانەبوون دەبێت بە ڕەخنە لە گۆڕان جیا بکرێتەوە. مرۆڤ دەتوانێت بە فێربوونی زمانێکی دیکە تێڕوانینی بۆ دونیا فراوان بکات، بەبێ ئەوەی زمانی خۆی لەدەست بدات، دەتوانێت لە کولتوورێکی دیکەدا ژیان بکات، بەبێ ئەوەی مێژووی خۆی ڕەت بکاتەوە. گرفتەکە لە شوێنێکی دیکەدایە، کاتێک تاک خۆی جیادەکاتەوە وە ژێستێک فڕێدەدات  کە جیهان لە تەرازووە ئیندیڤیچواڵییەکەی بۆ مرۆڤبوون فۆرمیولە دەکات کە کەسانی دیکە ناچار دەکات خۆیان هاوتا بکەنەوە لەسەر هەمان تای تەرازوو. ئەو کاتە، ماسک تەنها شتێکی لە ڕوخسار کراو نییە، بەڵکو دەبێتە مەرجی ئێستا و پێشمەرجی  بوون لە جیهانێکدا کە بە یەکسانی مێژوو بۆ هەموان ئاوەڵا نییە.

4. ئەویتر: دوژمنێک کە شوناسی خۆمان بە هۆی ئەوەوە درووستدەکەین.

ئەویتر لە فەلسەفەدا تەنها ئەو کەسە نییە کە من نیم، زۆرجار ئەو پەیوەندییەشە کە من لە ڕێگەیەوە خۆم دەناسمەوە. من ناتوانم بە تەواوی خۆم بناسم ئەگەر هیچ پەیوەندییەکم لەگەڵ کەسانی دیکەدا نەبێت. بەڵام ئەوەی ئەویتر مەرجی خۆناسینەوەی منە، مانای ئەوە نییە کە مافی ئەوەی هەیە پێناسەی تەواوی من بکات. ئەویتر دەتوانێت بەشێک بێت لە پێکهاتەی ناسنامەی من، بەڵام ئەگەر ببێتە پێوەری مرۆڤبوونم، پەیوەندییەکە لە هاوبەشییەوە دەگۆڕێت بۆ پلەبەندی. لە شیکارییەکەی فانۆندا، کۆلۆنیالیزم جیاوازیی نێوان مرۆڤەکان بە شێوەیەکی (دەسەڵاتی پەیوەندیدارـ Authority Relevant)ڕێک دەخات. ئەویتر تەنها جیاواز نییە، بەڵکو ئەویتر لە سیستەمێکدا دادەنرێت کە هەندێک مرۆڤ بە پێوەری مرۆڤبوون، سوبێکت بە تەواو دەزانێت و هەندێکی دیکە لە ڕێگەی سیمپتۆمەکانەوە بە کەمتر . لەم بارودۆخەدا، مرۆڤی ژێردەست ناچار دەبێت خۆی لەبەردەم دادوەریی ئەویتردا بسەلمێنێت. کێشەکە لە بوونی جیاوازی نییە، لەوەدایە کە جیاوازی دەگۆڕدرێت بۆ جۆرێک لە نایەکسانی. کاتێک لە «ئێکسۆدۆس»دا بێگانە وەک هێزێک دەردەکەوێت کە دەبێتە مەترسی بۆ  زمانی خۆماڵییەکان ، ئینتلێکچواڵەکە بەم جۆرەی لێدێت، ئەوەی کە ئایا شانۆ بێگانە وەک تاکێکی خراپ پیشان دەدات، یان پەیوەندییەکی نادیار و نا ڕوونی دەسەڵاتدارانە ئاشکرا دەکات کە تێیدا زمانێک بە  سەرکەوتوو  زمانێکی دیکە بە نیشانەی کەمی و شکست دادەنرێت؟ ئەگەر هەموو خراپەیەک بخەینە سەر شانی بێگانە، ئەوا ڕەنگە لە شیکاریی دەسەڵاتەوە بگەڕێینەوە بۆ دروستکردنی دوژمنێکی ڕووت کە لە هیترۆتۆپیاوە گەشەی کردوەو  هەمیشە  ئامادەیە بۆ داگیرکاری بێ ئەوەی زۆرجار ئامادەیی فیزیکیشی هەبێت.!.
بێگانە دەبێتە هۆکاری هەموو شکستەکان و خۆماڵییەکانیش لە شوێنی قوربانییەکی تەواو بێ‌هەڵەدا دادەنرێن. وەک ئەوەی لە شانۆکەدا بێگانەکان، خۆماڵییەکان بە هۆمۆساکەر ناو دەبەن.
ئەم جۆرە خوێندنەوەیە کێشەیەکی تیورییی هەیە: کۆمەڵگا لە دەرەوە دەتوانێت ژێردەست بێت و لە ناوخۆدا هەمان شێوەی سەرکوتکردنەوە بەرهەم بهێنێتەوە. دەتوانێت زمانی خۆی لە دژی دەسەڵاتی دەرەکی بپارێزێت و لە هەمان کاتدا دەنگی ژن، تاکی جیاواز، کەمینە یان ئەو کەسەی کە لە ئاماژە فەرمییەکانی شوناس و دیسپلینی دەسەڵاتدا ناگونجێت، سنووردار بکات. دەتوانێت بەرگری لە خۆی بکات و هەمان کات خۆی ببێتەوە بە هەڕەشە بۆ سەر خۆی. لەو شوێنەدا، بێگانە تەنها کەسێک نییە کە لە دەرەوەی کۆمەڵگەدایە، سوبێکتێکیشە دەتوانێت ببێتە پۆلێنێک کە کۆمەڵگا بەهۆیەوە جیاوازییە ناوخۆییەکانی خۆی ببینێت لە دەرەوەی خۆی، واتا لە نیگای پێچاوپێچی ئەویترەوە.بەبڕوای من نیگای زەق نابێت ئەوە بێت کە بێگانە چۆن شوناسە خۆماڵییەکان دەگۆڕێت، هەندێکجار بە شێوەیەیکی دیالێکتیکی خۆماڵییەکانن کە بێگانەکان دروست دەکەن. مێژوو هەمیشە بە شێوەیەکی سەیر کاردەکات، بەو واتایەی زۆر جار خاوەن ماڵ پێویستی بە دزێک یان داگیرکەرێکە تا بیریبکەوێتەوە کە خاوەن ماڵە، پێویستی بە دوژمنێکی هەمیشەیی هەیە بۆ ئەوەی خۆی بناسێتەوە، تا لانیکەم تێبگات فاوندەیشنی ئەم شوناسە لە ڕاستیدا چەندە دڵنیایی هەیە؟  ئەگەر بۆ پاراستنی خۆم پێویستم بەوە بێت کە ئەویتر لە مافی قسەکردن بێبەش بکەم، ئایا ئەوە بەرگرییە لە ئازادی، یان دروستکردنی دەسەڵاتێکی نوێ؟ دیسان وەک چۆن لە شانۆکەدا و لە زمانی بێگانەکەوە ڕستەیەکی ( نیتچە دەگوترێتەوە: بۆ شەڕکردن لەگەڵ ئەهریمەکان دەبێت دڵنیابین لەوەی لە کۆتایی شەڕەکەدا خۆشمان نەبین بە ئەهریمەن). دیارە سیاقی ڕستەکە هەمان سیاقەو ووشەی ئەهریمەن گۆڕدراوە بۆ دوژمن یان بێگانە.

5. ناسیونالیزم: بەرگری لە زمان وەک هێز، بەرگری لە زمان وەک بێهێزی.

لە بارودۆخی کۆمەڵگایەکدا کە زمانی قەدەغە کراوە، مێژوویەکی ڕوونی نییە بۆ تێگەیشتن لە خۆی بەتایبەت لە ناوەڕاستی سەدەی بیستەوە بە دواوە، یان خەڵک لە مافی خۆبەڕێوەبردن بێبەش کراون، بەرگری لە زمان و یادەوەری دەتوانێت شێوەیەکی پێویستی بەرگری لە ژیان بێت. بەڵام ئەوەی بەرگریی نەتەوەیی لە بارودۆخێکی مێژووییدا وەک زەرورەت  دەناسێنێت، بە مانای ئەوە نییە کە هەموو شێوەکانی ناسیونالیزم خۆیان شتێکی ڕزگارکەرن و پەرجوی پێغەمبەرانەی ڕزگاریان پێیە. لێرەدا پێویستە جیاوازیی نێوان بەرگری لە ماف و ئایدۆلۆژیای (پاکیی) ناسنامە تێبگەین. ناسیونالیزم کاتێک لە بەرگری لە مافەوە دەگۆڕێت بۆ جۆرێک لە سیاسەتی شوناس، دەست دەکات بە دیاریکردنی ئەوەی کێ ئەندامی ڕاستەقینەی کۆمەڵگایە و کێ لەو وێنەیەدا کەوتۆتە دیوی دەرەوە. زمان، کە پێشتر شوێنی بەرگری لە سەرکوتکاری بووە، دەتوانێت ببێتە شتێک کە بتوانێت ئاسان ڕەوایەتی بە منی دەرەوە و منی ناوەوە بدات و جیاوازیان بکات. لەو کاتەدا، ئەو کەسەی بە زمانێکی دیکە قسە دەکات، ئەوەی ناسنامەکەی بە شێوەیەکی جیاواز تەفسیر دەکات، یان ئەوەی لەگەڵ دۆکترینە فەرمییەکانی کولتووردا ناگونجێت. وەک تێزە سەرەکیەکەی ( جۆرج زیمیل ) لە وتارە بەناوبانگەکەی خۆیدا بەناوی (The Stranger) کە باس لە سوبێکتێک دەکات و شیدەکاتەوە کە لەناو گرووپێکدا ئامادەیە بەڵام هەمیشەش وەک کەسێکی دەرەکی ناو گرووپەکە دەمێنێتەوه، وەک چۆن ئەم کەسە ئامادەیە بەڵام لە هەمان کاتیشدا نا ئامادەیە، سوبێکتێک کە لەناو گۆمەڵگەدایە و لە هەمان کاتیشدا لەدەرەوەی کۆمەڵگەیە و بە نامۆیی دەژی و دەمێنێتەوە). لێرەدا ئەم مرۆڤە دەبێتە ئەندامێکی پلە دوو. ئایدۆلۆژیاکە هێشتا فەرمایشت و گوتارەکانی لە چوارچێوەی ڕزگاریدان، بەڵام لە کردەوەدا دەست دەکات بە دروستکردنی سنوور گەلێکی نوێ و زۆر و زەوەند.ئەمە لەوانەیە یەکێک لە گرنگترین خاڵەکانی خوێندنەوەی فانۆنی بێت. ئەگەر کۆلۆنیالیزم مرۆڤ ناچار بکات قورسایی گوتاری ئەویتر هەڵبسەنگێنێت، لەم کاتەدا ڕزگار بوون لەم کۆتانە بریتی نییە لە شوێن گۆڕکێی سوبێکتەکان. ئەگەر پەیوەندییە نایەکسانەکان بەردەوام بن، گۆڕینی نوێنەری دەسەڵات و گۆڕینی جیهان وەک پێکهاتەی شارستانی و گۆڕینی جیهان وەک سیمپتۆمێکی پاتۆلۆژی نییە. بەرگریی نەتەوەیی ئەگەر نەگاتە گۆڕینی پەیوەندییەکانی ناو دەسەڵات و خوێندنەوەکانی دەسەڵات، دەتوانێت تەنها زمان و ڕەنگی دەسەڵات بگۆڕێت. لەم نیگایەدا ڕەخنە لە ناسیونالیزم بە مانای ڕەتکردنەوەی مافی کورد بۆ زمان، کولتوور و ژیانی سیاسی نایات. بە پێچەوانەوە، ئەگەر ئەو مافانە گرنگن، پێویستە بزانین چۆن دەتوانرێت بەبێ دروستکردنی شێوەیەکی نوێی سەرکوتکردن ئاماژەکانی لە ناو مێژوودا بپارێزرێن. بەرگری لە زمانی کوردی نابێت بە مانای کەمکردنەوەی مافی کەسانی دیکە بێت،  پاراستنی شوناسیش نابێت بە واتای سنووردارکردنی مافی تاک بۆ بیرکردنەوە، قسەکردن و ژیان بە شێوەیەکی جیاواز و کۆنکرێتی بێت.
شوناسێک کە تەنها لە ڕێگەی دوژمنسازییەوە خۆی بناسێت و خۆسازی بکات، پێویستی بە دوژمنێکی بەردەوام هەیە. ئەگەر دوژمنی دەرەکی نەبێت، دەتوانێت جیاوازی و کێشە ناوخۆییەکان بکاتە دوژمن. گرنگ ئەوەیە دووژمنێک ئامادە بێت تەنانەت ئەگەر لە مەتاتیترین و نەرمترین دووژمنەکانیش بێت. ئەوەی لە ڕووی زمان و بیرکردنەوە و ڕەگەز و ئایین یان شێوازی ژیانەوە جیاوازە، دەبێتە هەڕەشە بۆ وێنەی پاکیی کۆمەڵگا. بەو شێوەیە، ناسیونالیزم دەتوانێت لە بەرگری لە کۆمەڵگاوە بگۆڕێت بۆ کۆنترۆڵکردنی کۆمەڵگا و ناو خۆی پڕبکات لە دامودەزگای سەرکوتکەر. ئەم جۆرە ناسیونالیزمە هەمیشە پانتایەکی کوێری هەیە لە ناو خۆیدا کە ئامادەیە بە درووستکردنی جۆرێک لە فاشیزم. چونکە ئیمکان نییە لەناو ڕۆحی هەموو ناسیونالیزمێکی نەتەوەیی و دینیدا، دێوێکی ئەفسانەیی فاشیزم بەسەرەتاییترین میکانیزمەکانییەوە نووستووە.

6. خێزان و ژیانی تایبەت: شوێنی شاراوەی سیاسەت.

کاتێک تێمای زمان و شوناس لەگەڵ ڕووداوە خێزانییەکان، پەیوەندیی هاوسەرگیری، سێکسوالیته، لەدەستدان و نهێنییە کۆمەڵایەتییەکان تێکەڵ دەبێت، شانۆ دەتوانێت ببێتە فیتنەیەک کە تێمانگەێنێت کە سیاسەت و دەرهاویشتەکانی تەنها لە دامەزراوە و دەزگای نهێنی و  دروشمی ڕووتدا ناچەرخێت. پەیوەندییە تایبەتییەکانیش لە ناو جیهانێکی کۆمەڵایەتیی دیاریکراودا دروست دەبن و دەشبن بە هەڵگری ڕێسا، بەها و پەیوەندییەکانی دەسەڵات. ڕەنگیشە خێزان بتوانێت شوێنی پاراستنی زمان و یادەوەری بێت،بەڵام لە هەمان کاتدا خێزان خۆی بەشێکی داپڵۆسێنەری سەرکوتکاریشەلە هەمانکاتدا. لە ڕوانگەی فانۆنەوە، دەسەڵات دەتوانێت لە ناو خۆناسینەوە بە ئارەزووە زۆرکانی مرۆڤدا بڕوات و جێگیر ببێت. بەڵام ئەمە نابێت بە شێوەیەکی سادە بگوازرێتەوە بۆ ئەو حوکمەی کە هەموو کێشەیەکی خێزانی بەرهەمی کۆلۆنیالیزمە. پێویستە ڕووداوەکان لە ئاستی تاکەکەسی و کۆمەڵایەتیی خۆیاندا بخوێندرێنەوە، پەیوەندیی نێوانیان بە بەڵگەی زانستی و فەلسەفی کەشفبکرێن. ئەگەر هەموو ئەزموونە تایبەتیەکان بکەینە مێتافۆری نەتەوە، سوبێکت لە ژیانی خۆی بێبەش دەکەین و دەیانگۆڕین بۆ نیشانەیکی بێدەنگ و چەپێنراوی ئایدۆلۆژی.بەڵام ئەگەر بتوانین ئەو دوو ئاستە پێکەوە بخوێنینەوە، ئەوا خێزان دەبێتە شوێنی بینینی ئەوەی کە ڕێسا کۆمەڵایەتییەکان چۆن دەچنە ناو ژیانی ڕۆژانەوە. چۆن سەرەتای فێربوونی زمان لە ڕێگەی ئەویتری گەورەیەوەیە، ئاوهاش شوناس و پەیوەندییەکان لە ڕێگەی  مەشینی خێزانەوە بەرهەم دەهێنرێنەوە. ئەو شتانەی کۆمەڵگا بە (ئاسایی)دەزانێت، لە ڕێگەی خێزان و پەیوەندییە تایبەتییەکانەوە دووبارە دەبنەوە و بڕێکی زۆری ئاسایی بوونەکەشی هەر لەم مەشینەوە بنەڕەتێک وەردەگرن. لەم ڕوانگەیەوە، شانۆ تەنها ئەوە نییە کە پێمان بڵێت کۆمەڵگا چۆن زمان لەدەست دەدات، ڕەنگە ئیشی گرنگتری شانۆ ئەوەبێت کە لەدەستدانی زمان، گۆڕانی شوناس و جێگرتنەوەیان بەشێوەیەکی خێرا و دراماتیکی لە ترسی بێگانەبوون چۆن لە ناو ژیانی ڕۆژانە و ڕۆتیندا دەردەکەون و دەستنیشانیان بکات، ئەمەش وەک شتێکی کلینیکی نا، بەڵکو وەک هونەر خۆی.

7ـ لەخۆ بیگانەبوون و ئەفسانەی گەڕانەوە بۆ ڕەسەنایەتی.

ناوی «ئێکسۆدۆس» دەمانباتەوه بەردەم دەقێکی کۆن و ئەفسانەیی کە باس لە دەرچوون، کۆچ و جێهێشتن دەکات. لە کتێبی دووەمی ( تەورات)دا، کە سفری دەرچوونە، چیرۆکی دەرچوون و گەڕانەوەی (نەوەی ئیسرائیل)مان هەیە. دیارە کتێبی دەرچوون تەنها چیرۆکێک نییە لە تەوراتد، لە هەمان کاتدا پەیوەندی نێوان بەڵێن و دەسەڵاتە، هێنانە خوارەوەی خودا بۆ ئاکت و  بەڵێنی بەشەریش وەک فاکت. دیارە ئەم تێگەیە کە تێگەی دەرچوونە و لە دەرەوەی چیرۆکە تەوراتییەکە، شتێکی فرە ڕەهەندە و زیاد لەسەر وەستانێکی دەوێت. لێرەدا ئەوەی بۆمن گرنگە کە (دەرچوون) هەمیشە مانای ڕزگاری نییە و گەڕانەوەش هەمیشە مانای گەڕانەوە بۆ خود یان شوێنێکی ئەبەدی ناو مێژوو نییە. مرۆڤ دەتوانێت لە شوێنێک دوور بکەوێتەوە و هێشتا لە ڕووی دەروونییەوە لە ژێر کاریگەریی ئەو شوێنەدا بێت. دەتوانێت بگەڕێتەوە بۆ شوێنی لەدایکبوونی، بەڵام ئەو شوێنە چیتر ئەو جیهانە نەبێت کە پێشتر دەیناسی. مێژوو و ئەزموون مرۆڤ دەگۆڕن، بۆیە گەڕانەوە بۆ وێنەیەکی کۆن و جێگیری شوناس و شوناسی یادەوەری، لەوانەیە خۆی ببێتە هۆی لەخۆ بێگانەبوونێکی نوێ. ئەگەر شوناس لە ناو کۆ پەیوەندییەکاندا دروست بووبێت، ناتوانین بە سادەیی بگەڕێینەوە بۆ شوێنی پێشوو و وا دابنێین کە ئێمەی پێشتر هێشتا چاوەڕوانی ئێمەیەکی نوێ دەکات. مرۆڤ لە نێوان ئەوەی لێی دروست بووە و ئەوەی دەتوانێت ببێت بە شتێکی تر، ژیان دەکات. ئەمەش بەو مانایە نا بڵێن ئادەی با نەفی مێژوو بکەین. بەڵکو بە مانای ئەوەیە کە مێژوو نابێت ببێتە زیندانێک کە مرۆڤ ناچار بێت هەمیشە لە ناویدا بمێنێتەوە. چونکە لەم پنتەدا، ئەفسانەی ڕەسەنایەتیی پاک دەبێتە گرفتێکی نەگیراو و حەلنەکراو. ئەگەر وا دابنێین کە لە پێش هاتنی هەر کاریگەرییەکی دەرەکییەوە شوناسێکی تەواو و بێ کەموکوڕی و بێگۆڕانمان هەبووە، ئەوا بەشێکی گەورە لە مێژووی تێکەڵبوون، گۆڕان و پەیوەندییەکانی خۆمان ناناسین و بگرە لە ناو میتافۆڕەکانی دەسەڵات و سیاسەتدا دەیانشارینەوە. هیچ زمانێک لە دەرەوەی مێژوو نەژیاوە و هیچ کولتوورێک بە تەواوی لە پەیوەندی لەگەڵ کولتوورەکانی دیکە بێبەش نەبووە. ئەوەی بۆمن گرنگە تێگەیشتنە لەوەی پاک بوونەوەیەکی ڕۆحی و ئەخلاقی هەبێت لە تەنە نامۆکانی ناو کۆڵۆنیاڵیزم و بەردەوام تێگەیشتنەوە لە خۆمان و جیهان لە ڕێگەی میتۆدە زانستی و فەلسەفییەکانەوە، نەک پەراوێز خستنی خۆمان بۆ دەستگرتن بە جۆرێک لە خەونی پاکێتی ئەبەدی و ڕەسەنایەتی جاویدانییەوە.

بڵاوکردنەوە: