نووسینی: کاوە جەلال
لێکسیکۆنی زانستی نیۆرۆلۆژی (دەمارناسی) ڕاستەوخۆ واتای وشەیی ئیلوزیۆن پێشان دەدات: وەرگیراوە لە ئیلوزیۆ-ی لاتینی، بەواتای: هەڵخەڵەتان (فریوخواردن).
ئیلوزیۆن بەگوێرەی فەرهەنگی دودن-ی ئەڵمانی سێ واتای هەیە: 1) خۆفریودان پێشبینیی ڕەوشێکە کە تەواو سازاوە بە هزرینی خۆزگەیی (Wunschdenken) و هیچ پەیوەندییەکی بە کەتوارەوە نییە، بە واتایەکی دی: چەوتەهیوا؛ 2) لە پسیکۆلۆژیدا دەرککردنی هەڵە یان فریوخواردووی کەتوارە؛ 3) لە هونەردا کاریگەرییەکە لەسەر مرۆڤ لە شێوەی وەهمدا. بۆ ئێمە دوو واتای یەکەمی تێگەکە گرنگن.
هەروەها لێکسیکۆنی فەلسەفەیی مێتسلەر ئەدگارێکی سەرنجڕاکێشی ئیلوزیۆن دەردەخات: ئیلوزیۆن بەرگەگرە و ڕێنادات لەکاربخرێت تەنانەت دوای ئەوەی هەقیقەتەکەی دەناسرێتەوە.
ئیلوزیۆنی دەرکی بریتییە لە چەوتەڕاڤەی شئورە دەرکییەکانی خۆ بەڕێی مێشکەوە. گەرچی شئور زانیارییەکی (ئینفۆرماسیۆنێکی) ڕیالە و بەڕێی دەرکەوەرەکانەوە دێتەئاراوە، وەلێ مێشک پابەند بە ئەزموون و نموونەی پێشتر هەبووەوە دەیخوێنێتەوە، بەوەش لای تاکەکەس وێنەیەکی هەڵەی کەتوار سەرهەڵدەدات. نموونەیەک بۆ ئیلوزیۆنی دەرکی ئەوەیە کە کەسێک بەهەڵە ڕوخساری کەسێکی نەناسراوی لێدەگۆڕرێت و وەک ڕوخساری دۆستێک دەرکی دەکات.
ئیلوزیۆن وەک هزرینی خۆزگەیی، بە واتایەکی دی وەک چەوتەهیوا یان ئارەزووی خۆیی، دەشێت تاکەکەسی یان ئیدیۆلۆژیانە بێت. لەم ڕەوشەدا تاکەکەس کەتوار بەهەند وەرناگرێت، بەڵکو خۆفریودەرانە تێڕوانینێک یان ڕەوشێک بە ڕاست دادەنێت تەنیا لەبەرئەوەی خۆزگەیەتی کە ئەوها بێت. بۆ نموونە: کەسێک دەبێژێت دەوڵەتی کوردی بەڕێوەیە، چونکە گۆیا کوردەکان لە ڕۆژئاوا جیاواز لە گەلانی دراوسێیان دەنرخێنرێن. یان ئیدیۆلۆژیی „جڤاکی دێمۆکراتیک و برایەتیی گەلان“ ئیلوزیۆنە، چونکە لە تیۆرییەکی نامۆوە بە دەڤەرێکی کولتووری گرووپ چالاک دەکات بەبێ ئەوەی کەتواری جڤاکی و سیاسیی فرە ئاڵۆز و پڕ لە بەرژەوەندیی جیاوازی ئەو دەڤەرەی بەهەند وەربگرێت.
مۆرکی کرۆکیانەی ئیلوزیۆن ئەوەیە کە هەردەم دژبەری (نەسازی) لە خۆ دەگرێت، چونکە وەک ئیولزیۆنی دەرکی، دەرکەوەرەکان و مێشک „هاوکاتیانە“ کار لە دوو زانیاریی پێکەوەنەگونجاودا دەکەن: چاو یان گوێ کەتوارێکی دیاریکراوی فیزیکی دەرکدەکات، وەلێ مێشک پابەند بە بەهاگەلی ئەزموونەوە بەهەڵە ڕاڤەی دەکات. ئەوجا دژبێژییەکە لە ئیلوزیۆنی ئیدیۆلۆژیانەدا لەوەدایە کە وا دادەنرێت ئەو ئیدیۆلۆژییە نوێنەری ڕاستییەکی ئۆبژێکتیڤییە، ئەوە کاتێک تەنیا سەبژێکتیڤییانە داڕێژراوە و بەرەو ڕووی کەتوار کراوەتەوە.
کەواتە دەشێت ئیلوزیۆن بێزیان یان پڕمەترسی بێت. مرۆڤ لە ئیلوزیۆنی بێزیاندا تەنیا خۆی فریو دەدات، بۆ نموونە خۆی بە ژیرتر دادەنێت لەوەی کە ئەو خۆی لە ڕاستیدا چۆنە، وەلێ گەر کەسێک لە خۆی بایی ببێت و وای دابنێت گۆیا دەرەقەتی دۆخێکی ناڕۆشنی ئاڵۆز دەدات، ئەوجا گەر بڕیاری هەڵە بدات و بەدوویدا کرداری ڕیسکمەند بنوێنێت، ئیدی دەشێت ئیلوزیۆنەکەی ژیانی بخاتە مەترسییەوە. ئەم کێشەیە لە ئیلوزیۆنی ئیدیۆلۆژیانەدا زۆر ستەمترە: دەشێت ئیلوزیۆنەکە ببێت بە پاڵهێز بۆ بڕیار و پاشان کرداری ئەوتۆ کە لە سەرئەنجامدا کێشەی دژوار، تەنانەت کارەسات، بۆ گرووپێکی ئێتنی بهێنێت.
2
تیۆرییەکی جڤاکی کاتێک ئیلوزیۆنە گەر بنەڕەتەکانی بەند نەبن بە مەئریفەی خۆیی هەڵهێنجراوەوە لە پەیوەندیی نێویەکیانەی کەس و کەتوارەوە، بەڵکو ڕاستەوخۆ و ناڕەخنەییانە لە کولتوورێکی دیکەوە وەرگیرابن، ئەوجا سوننەگەرایە کاریان تیدا کرابێت و داڕێژرابن، پاشان لەسەر زەمینەی ئەو تیۆرییە شێوازی کاری سیاسی ئەوها بنیاتبنرێت هەروەک بەسانایی لەنێو خودی جڤاک و پەیوەندییە سیاسییەکانیدا جێی بێتەوە و کارایی وەربگرێت. ئەم تێڕوانینە زۆر تایبەت کۆنسێپتی „جڤاکی دێمۆکراتیک و برایەتیی گەلان” دەگرێتەوە. ئێمە بێگومان هاوکات دەتوانین بەگشتی نموونەی دیکە بۆ چەوتەڕاڤەی کەتوار و نواندنی کردار لێوەی وەربگرین، وەک: „مرۆڤایەتی بەڕێوەیە بەرەو سۆسیالیزم، ئێمەش بە دڵ و بە گیان بۆی تێدەکۆشین و ئامادەین ژیانمان لەو پێناوەدا بەخت بکەین“، یان: „دۆخەکان تەواو لەبارن بۆ ئەوەی بە ڕێفەراندومێک دەوڵەتی سەربەخۆمان ڕابگەیەنین“. بە هەر حاڵ، لە هەریەکەی ئەو نموونانەدا تاکەکەس، یان گرووپ، دروستتر ببێژین: گرووپی داخراو یاخود مێگەلییانەی مۆدێرن، زۆر بەسادەیی لە ئیلوزیۆنی خۆییەوە کەتوار وەردەگرێت و دەیداتەوە، جا گەرچی کەتواری سیاسی هەردەم ئاڵۆزە و پڕە لە بەرژەوەندیی جیاواز کە بەرەو ڕووی یەکدی دەبنەوە. ئەوجا گەرچی دەشێت ئیلوزیۆنەکە لە ئاستی باڵای بەرپرسیاریی سیاسیدا بڕیاری (قەراری) هەڵەی کارەساتێهینی لێبکەوێتەوە (بۆ نموونە سەرئەنجامی ڕێفەراندومێک)، سەرباری ئەوە قەراردەری کارەساتهێن مێش میوانی نییە، چونکە ئیلوزیۆن بەگوێرەی ئەدگارەکەی کە بەرگەگرییە، هێشتا هەر خۆی ڕادەگرێت و مێگەلە دواکەوتووەکەشی بۆ خاتری „جەنابیان“ حیکایەت دەهۆنێتەوە (لێرەدا ناچینە نێو بەرژەوەندگەرایی درۆزنانەوە کە بابەتی خەریکبوونەکەمان نییە).
ئێمە لێرەدا هاوکات دەکەوینە بەردەم پەیوەندیی چڕی ئیلوزیۆنی ئیدیۆلۆژیانە بە ئەخلاقەوە. ئاخر ئیدیۆلۆژی هەردەم بەها ئەخلاقییەکان (دادپەروەری، یەکسانی، برایەتیی گەلان) بەکاردەهێنێت، دەهێنێتەگۆڕێ یان تەنانەت وەک پێویست دەشێوێنێت بۆئەوەی ڕەوایەتی بە بونیادگەلی دەسەڵات بدات یاخود کرداری کۆیی بشێنێت. ئەوجا ئاشکرایە ئەوەش هەر مرۆڤانن کە دەبن بە هەڵگری ئیدیۆلۆژییەک، چونکە باوەڕ دەکەن بۆ دادپەروەری یان ئامانجێکی باڵای گونجاو بە مرۆڤایەتی تێبکۆشن. کێشەیەکی کرۆکی لەم پەیوەندییەدا ئەوەیە کە کێ تێڕوانینە ئیدیۆلۆژییەکان بخاتە ژێر پرسیارەوە، ئیدی گرووپەکە لە دەرەوەی ئەخلاق دایدەنێت (خیانەت، کەسێتیی بەد، گێرەشێوێن و هتد)، بەڵێ تەنانەت دەشێت لە ڕەوشی شەڕی چەکداریدا ئەو جۆرە کەسانە لەناوبەرێت. بێگومان ئەوە ئەندامانی گرووپن کە بە ئیلوزیۆن تەنراون و چیدی ئۆبژێکتیڤییانە دەرکی کەتوار ناکەن، بەڵکو هەموو شتەکان دەخەنە ژێر ڕکێفی ئامانجی باڵای سەرینەییەوە، لێرەشدا ئاشکرایە کە ئەندام بکەرێکی سەربەخۆی کردارنوێن نییە، بەڵکو تەنیا ئامرازە بۆ بەدیهێنانی تێڕوانینەکانی ڕێبەرێتییەکی باڵا کە تەنانەت دەشێت وەک قەوارەی ڕەها (ئەبسۆلوت: سەربەخۆ لە خودی گرووپەکە) ناسێنرابێت. ئەندام یان چالاکوان لەنێو گرووپی خۆداخستوودا کە مێگەلی مۆدێرنە، هەردەم تاکلایەنە کاری تێدەکرێت بۆئەوەی تێڕوانینە ئیدیۆلۆژی-سیاسییەکانی لا بهێنرێنەگۆڕێ و ئەویش پەیڕەوییان بکات (ئیندۆکترینیزاسیۆن). بێگومان دەشێت گەلەک ئەندامی گرووپ کە وەک کەرتی مێگەل هێز وەردەگرن، یان وەک مێیینە لە پابەندیی خانەوادەیی پیاوسالاری دەربازیان دەبێت و دەربازبوونیشیان بە کاری نێو گرووپی ئامانجمەند ڕەوایەتی پێدەدەن، تێڕوانین و نرخاندنی ڕەخنەییان هەبێت، وەلێ بییانچەپێنن و خۆیان بخەنە ژێر ڕکێفی ئەخلاقی یان هزرینی گرووپەوە (Groupthink)، کەواتە خۆیان بە سەرجەمە مێگەلییەکە بگونجێنن، چونکە دەزانن گەر لەدژی هەندێک بڕیار ناڕەزایەتی دەرببڕن، ئیدی لەو مێگەلە وەدەردەنرێن. ئێکسپێریمێنتەکەی (تەجروبە زانستییەکەی) سۆلۆمۆن ئێش پێشانی دەدات کە مرۆڤان تەنانەت ئامادەن ناڕاستییەکی ناسراوە بە ڕاستی دابنێن تەنیا بۆ خاتری ئەوەی لەدژی زۆرینەی گرووپ هەڵوێست وەرنەگرن، بۆ نموونە لە بەراوردکردنی دوو هێڵدا کورتترەکەیان بە درێژتر لە ئەویدیکەیان دادەنێن.
3
تیۆریی جڤاکی دێمۆکراتیک و برایەتیی گەلان نموونەیەکی بەرجەستەیە بۆ ئیلوزیۆنی ئیدیۆلۆژیانە. لێرەدا باش دەبێت کە سەرەتا ئەناڕشیزم و ئامانجەکەی وەک دژەتەوەری ئەو جۆرە جیهانبینییە ناوبراوە وەربگرین. لە ئەناڕشیزمدا شۆڕشگێڕەکان هەر لە سەرەتاوە دەوڵەت ڕەتدەکەنەوە و هەڵوەشاندنەوەی بە ئامانجێکی سەرەکی دادەنێن تا لە سەرئەنجامدا مرۆڤان بە ئازادی بژین و کردار لە پێناوی بەرژەوەندیی گشتیدا بنوێنن. وەلێ ئیدیۆلۆژیی جڤاکی دێمۆکراتیک و برایەتیی گەلان دژبەرییەکی زەق لە خۆ دەگرێت: گەرچی ئەو دەوڵەت-نەتەوە وەک بەرهەمی مۆدێرنیتەی دێمۆکراتی ڕەتدەکاتەوە و خۆی بە ئەلتەرناتیڤی ئەو دادەنێت، سەرباری ئەوە دەوڵەت-نەتەوە دەناسێنێت و „ئاواتەخوازە“ لەنێویدا دەرفەتی کاری سیاسیی پێبدرێت!! ئێمە گەرەکە وردتر لەم ئیلوزیۆنە ئیدیۆلۆژییە بڕوانین تا دژبێژییەکانی ڕوونتر ببینین.
(1 دەبێت سەرەتا پەیوەند بە ئیدیۆلۆژیی جڤاکی دێمۆکراتیک و برایەتیی گەلانەوە گریمانەیەک دابنێین، لێرەشدا هاوکات ڕەچاوی کەتوارێکی تایبەتیی سیاسی بکەین: پارتێکی تۆتالیتێری تەواو داخراو کە هەڵگری ئیدیۆلۆژییەکەیە، خۆی ئاگامەندانە هەڵدەوەشێنێتەوە، ئەوجا دەوڵەت-نەتەوەی فرە-ئێتنی ڕێ بە ئەندامان و لایەنگرانی دەدات لە نێویدا کۆمونەی جیاواز پێکبهێنن و دەست بە چالاکیی دێمۆکراتییانەی زەمینەیی بکەن، لێرەشدا ئامانجی باڵایان بەدیهێنانی جڤاکی دێمۆکراتیک و برایەتیی گەلانە.
(2 کەواتە هەڵگرانی ئیدیۆلۆژییەکە کە بەگشتی دەوڵەت-نەتەوە بە بەرهەمێکی مۆدێرنیتەی دێمۆکراتی دادەنێن و ڕەتی دەکەنەوە، دەوڵەت-نەتەوەیەکیان ناساندووە کە “ڕژێمێکی هیبرید”ە (Hybridregime): تێکەڵێکە لە ئۆتۆکڕاتی و دیکتاتۆری و دێمۆکراتی. بێگومان دەوڵەتی ناوبراو، هاوشێوەی هەر دەوڵەتێک بەگشتی، بەگوێرەی بەرژەوەندیی نەتەوەیی و پرنسیپی خۆهێشتنەوە کردار دەنوێنێت و ناچارە بینوێنێت (ئاخر ئەوە سروشتی دەوڵەتە)، لێرەشدا ئەو خاوەنی مۆنۆپۆلی زەبرە و بەگەڕخستنی لە کاتی پێویستدا بە مافی ڕەوای خۆی دادەنێت. هەموو دەوڵەتێک مافی مۆنۆپۆلی زەبر بۆ خۆی وەک داواکاری بەرزدەکاتەوە (ماکس ڤێبەر). هاوکات دەوڵەت، بەگوێرەی ئەرکە کرۆکییەکەی، ڕێکخەر و پارێزەری ئاسایشی جڤاک، کایەی ئابووری و کولتووری سەروەرە و هتد، خودی جڤاکیش تەنراوە بە بەرژەوەندیی جیاوازی ئابووری، سیاسی-دامەزراوەیی یان ئێتنیکی، هەروەها جیهانبینیی جیاواز: ئیسلامگەرا، ناسیۆنالیستی شۆڤێنی، ناسیۆنالیستی میانەڕەو، گرووپی فاشیستۆئید (لەفاشیستچوو) بە نفوزی گەورەی سیاسی-جڤاکییەوە، هەروەها گرووپگەلی گچکەی چەپ کە زۆر کەم نفوزی سیاسییان هەیە و هتد. ئەوجا گومانی تێدا نییە کە لەم پەیوەندییانەدا تیۆریی جڤاکی دێمۆکراتیکی خۆسەری و برایەتیی گەلان لە بەگەڕخستنیدا بەتایبەتی لای گرووپی ئێتنیی سەروەر پێگەی ئابووری و جڤاکیی کاربەدەستان، فەرمانبەران، ڕێکخراوە ئابووری و جڤاکییە پابەندەکانی بەرژەوەندیی دەوڵەتی، هەروەها دامەزراوەکانی سوپا و پۆلیس، دەخاتە مەترسییەوە، چونکە تێکرا بەگوێرەی مۆدێرنیتەی دێمۆکراتی هیرارشیانە بنیاتنراون و ئیدیۆلۆژییەکەش خۆی بە ئەلتەرناتیڤی ئەو جیهانبینییە دادەنێت. ئێمە دەتوانین پێشبینی بکەین کە فەرمانبەران و کاربەدەستان، هەروەها دەسەڵاتدارانی سیاسی و ئابووری، دەچنە بەرهەڵستیی توندی ئەو تێڕوانینەی جڤاکی دێمۆکراتیکی زەمینەییەوە، چونکە ئەوان وەک دەوڵەتگەرا لایان ڕوونە کە ژیان و گوزەران و بەرژەوەندییان تەنیا لەنێو ئەو دەوڵەتەدا پارێزراوە.
3) گریمان ئامانجێکی کرۆکیانەی ئیدیۆلۆژیی دێمۆکراتیکی خۆسەری و برایەتیی گەلان ئەوەیە کە ڕێ لە توانەوەی ئێتنیکی بگرێت. وەلێ گومانی تێدا نییە کە ئەم ئیدیۆلۆژییە لە کەتواردا دەکەوێتە بەردەم کێشەیەک: دەوڵەت دامەزراوەیەکی یەک-شوناس و یەک-زمانە، لێرەشدا نەک تەنیا هێزی سیاسی و سەربازی پارێزەری ئەون، بەڵکو تەنانەت لە پشتەوە هێزگەلی “خەفی”ی خاوەن دەسەڵاتی گەورە ڕایدەگرن. هەروەها ئاشکرایە دەوڵەت کە خاوەنی مۆنۆپۆلی زەبرە، هەردەم لە بەرژەوەندیی ئێتنیکی و دامەزراوەیی و ئابوورییەوە هەڵوێست وەردەگرێت، بۆیە گەر لە لایەن کۆمونەکانەوە سەغڵەت بکرێت، زۆر دەشێت هەنگاو بنێت بۆ چەوسانەوەیان، تەنانەت بۆ لەکارخستنیان، بەڵێ تەنانەت دەشێت لەو کاتەدا کە ئەوان دەبن بە مەترسی لەسەر خۆی و گرووپی ئێتنیی سەروەر، ئیدی هێزی سوپا بنێرێت تا تێکیان بشکێنێت. ئەوجا ئایا دەوڵەت چۆن ڕێ دەدات ئەو خۆی هێدی هێدی بە کاری کۆمونەیی هەڵبووەشێنرێتەوە؟ ئایا نوێنەرانی دەوڵەت-نەتەوەی یەک-شوناسی هەر لە سەرەتاوە نازانن کە هەرئەوەندەی کۆمونەکان مافی کاری سیاسی-جڤاکییان پێبدرێت، ئیدی پرۆسەی هەڵوەشانەوەی دەوڵەتەکەیان دەستی پێکردووە؟ ئاخر ئەوە ئامانجی کۆمونەکانە. ئاخر ئەوان خۆیان وەک ئەڵتەرناتیڤی مۆدێرنیتەی دێمۆکراتی ڕاگەیاندووە.
لەم پەیوەندییەدا هەستی نەتەوەیی هاووڵاتیانی گرووپی ئێتنیی سەروەر گەلێک جێی بایەخە. ئەوان دابێکی مێژووییانەی درێژخایەنی دەوڵەتییان هەیە؛ لای ئەوان دەوڵەت بێڕادە پیرۆزە؛ لای ئەوان لە ڕەوتی گۆڕانی مێژووییدا نەریتێکی دەوڵەتگەرایی هاتۆتە گۆڕێ و „بە چێژەوە“، „بە فیزەوە“ سەرباری هەموو جیاوازییە چینایەتییەکان تێیدا دەژین: زمانی سەروەر، ئابووریی خۆیی، پێگەی نزم یان مامناوەند یاخود بەرزی فەرمانبەران، ئەوجا دەشێت وەک گەلی سەروەر بەشانازییەوە ببینێت، کە ناوچەکانی خۆی چەند ئاوەدانتر و مۆدێرنترن لە ناوچەکانی گەلی ژێردەستە. لەم پەیوەندییەدا سۆڵیدارێتییەکی بەهێز لەنێو گەلی سەروەردا لەدژی بەرژەوەندییەکانی دیکەی نێو دەوڵەت-نەتەوەکە چێدەبێت و زۆرینەی هەرە زۆریان هەر هەوڵێکی چاکسازی و برایەتیی گەلان بە مەترسی لەسەر دەسەڵاتی ئێتنیکییان دادەنێن. ئەوجا گومانی تێدا نییە کە خودی ئەم پەیوەندییانە هاوکات کاریگەری لەسەر کردارە سیاسییەکانی نوێنەرانی برایەتیی گەلان دەنوێنن و بە خۆیانەوە خەریکیان دەکەن، دیدیان لەسەر ئامانجی دیاریکراویان وەردەگێڕن، بەوەش ئامانجەکە لە بەردیدیان لێڵ دەبێت و تەنانەت دەشێت بپووکێتەوە. ئاخر دەخزێنە نێو ناکۆکیی درێژخایەنەوە.
وەلێ هەروەها، دوای هاتنەئارای دەرفەت بۆ کاری دێمۆکراتیی زەمینەیی لە لایەن ئەندامان و لایەنگرانی پارتی هەڵوەشاوەی تۆتالیتێرەوە، هێشتا هەر گرووپی ئێتنیی سەروەر مێژووییانە کارتێکی زۆر بەهێزی لە دەستیدا ڕاگرتووە: هۆش و بەوەش زمان، دەروون و جۆری ڕەفتاری جڤاکییانەی ئەو لەنێو هۆش و دەروونی زۆرینەی هەرە زۆری ئێتنیکی ژێردەستەیدا بەرجەستە بوون و تەنانەت شانازیی پێوە دەکەن: بە مایەی مەدەنێتیی خۆیانی دەزانن. ڕوونتر ببێژین: ئەوانی ژێردەستە جیهان وەک ئەوانی سەروەر ڕاڤە دەکەن، وەک ئەوان “خۆسەپێن” کردار دەنوێنن، بەڵێ لەوەش زۆرتر: هزریان بە ئەوپەڕی شانازییەوە بە زمانی ئەوان دەردەبڕن، زمانی ئەوان دەستوێژی نووسین و دانوستاندنی هزری و سیاسییە، لێرەشەوە دەتوانین پێشبینی بکەین کە پرسیاری “چاندا مە، ئاخا مە” کە لای زۆر کەسی ئەو گرووپە ئێتنییە هێشتا کرۆکیانە لەگۆڕێیە، لای زۆر کەسانی دیکەی ئەسیمیلەبووی هەمان گرووپ چیدی جێی بایەخ نییە یان لایەنیکەم بەدەگمەن جێی بایەخە. ئایا، بە ڕەچاوکردنی ئەم ڕەوشە ناوبراوانە، داکۆکییەک لە „ئینتێگراسیۆن“ خۆشلکردنی تەواوەتی نییە بۆ „ئەسیمیلاسیۆن“ لەنێو دەوڵەتی هیبریدی یەک-شوناسدا؟ ئەوجا ئایا تێکڕای گرووپە ئێتنییە ژێردەستەکە ڕازین بەو ئەسیمیلاسیۆنە؟ کەواتە ئایا گرووپێکی بەم چەشنە، سۆسیۆلۆژیانە بڕوانین، „جەستەیەکی غەریب“ (alien element) نییە کە بونیادیانە بەو قەوارە ئێتنییە ناگونجێت؟ بێگومان „جەستەی غەریب“ هەروەها مۆرکی هەموو گرووپە شۆڕشگێڕەکانە کە بە جڤاکەکەیان ناگونجێن و بۆیە دەیانەوێت شۆڕشگێڕیانە بیگۆڕن. هەروەک ئێریش فڕۆم پەیوەند بە شۆڕشگێڕانی روسیاوە دەبێژێت، ئەوان لەنێو جڤاکدا جێیان نەدەبۆوە، ئەوان وەک کەسانی جیاوازی ئەو وڵاتە گوێیان لێنەدەگیرا، بۆیە دەبوو کرداری شۆڕشگێڕی بنوێنن. وەلێ تەڤگەری برایەتیی گەلان „ئینتێگراسیۆنی“ دەوێت نەک گۆڕانی بەو چەشنە.
ئێمە دەبێت هەر لەم پەیوەندییەدا بەدرشتی ئاماژەیەک بدەین بۆ جیاوازیی نێوان ناوچە کولتوورییەکان (ڕۆژهەڵات، ڕۆژئاوا، ڕۆژهەڵاتی دووری بودیستی و هتد)، تا ڕوونتر ببینین، کە گەرچی تیڕوانینی جڤاکی دێمۆکراتیکی خۆسەری و برایەتیی گەلان بەگشتی ئیلوزیۆنی ئیدیۆلۆژیانەیە، وەلێ ئیلوزیۆنەکە بەتایبەتی لە ناوچەیەکی وەک ڕۆژهەڵاتی ئیسلامیدا تۆخترە. ئاخر هیچ ناوچەیەکی جیهان ئەوەندەی جیهانی ئیسلامی دەمەوەر و بێداد، حەشەری، درۆزن، رواڵەتگەرا و تەنراو بە چەوسانەوە نییە، تێکڕای ئەم ئەدگارانەش لە کایەی سیاسەتی نێو دەوڵەت-نەتەوەکاندا کاران.
4) ئێمە دەتوانین وای دابنێین کە ئیلوزیۆنی جڤاکی دێمۆکراتیک و برایەتیی گەلان کراوە بە پرۆژە پابەند بە چاوەڕوانیی شیمانە جیاوازەکانەوە. بێگومان، وەک بینیمان، پرۆژەی بەم شێوەیە دەیەوێت لە جڤاکدا، واتا لە جڤاکی دەوڵەتیدا، کارا ببێت، دەوڵەتیش هیبریدە. ئەوجا ئاشکرایە کە لەم ڕەوشەدا دەبێت پرۆژەکە بخرێتە (یان خراوەتە) بەردەم دەوڵەت کە ئەویش دژەپرۆژەی خۆی هەیە: نەهێشتنی هەر مەترسییەکی زەبر لەدژی خۆی کە ئەو لاساییگەرایانە ناوی دەنێت تێرۆر. کەواتە لێرەدا دوو کۆنسێپتی جیاوازی دوو تەوەری گەمەڤان هەن کە هەڵمەت و دژەهەڵمەت دەهێنن و گەمەکە بەرەو پێش دەبەن: یەکێکیان داوای خاوکردنەوەی داوەکانی دەوڵەتی هیبرید (ئۆتۆکراتی و دیکتاتۆری و دێمۆکراتی) و دەرفەتدان بە کاری دێمۆکراتیی زەمینەیی دەکات، ئەویدیکەیان داوەکان بە دژەپرۆژەی نەهێشتنی تێرۆر و هەروەها بە چاوچنۆکیی نەتەوەیی چڕتر دەکاتەوە. کەواتە دەوڵەت نەک ناچێتە، بەڵکو ناتوانێت بچێتە نێو پرۆژەکەی ئەو بەرەوە کە گەلەک هومانترە لە هەڵوێستەکەی خۆی – هومانترە، چونکە داوای پێکڤەژیانی ئاشتیانەی گەلان و ناساندنی نێویەکی دەکات، وەلێ ئەو نەتەوەگەرایە، لێرەشەوە وەک ڕاگر و پارێزەری یەک-شوناسیی نەتەوەیی تۆقیوە لە هومانێتی. ئەوجا ئێمە دەتوانین هاوکات لە کەتواردا ببینین کە لەم گەمەیەدا ڕێسای چەسپێنراو و دامەزراوە کارا نین، بەڵکو هەڵوێستی کەسەکی، هەروەها پێکبەندی (کۆنستێلاسیۆن)ی بەرژەوەندی و کرداری ستراتیژیانەی نێویەکیی ئەکتوێرەکان کاران، ئەوە بێگومان بە ناهاوسەنگییەکی بونیادیانەی نێوان ئەکتوێرەکانەوە: ئێمە دەبینین کە تەوەری یەکەمیان، وەک دوژمنی دەوڵەت-نەتەوە، تەواو بێکەرامەتانە، لەرزۆکانە، کڕنوشبردووانە بۆ دەوڵەت و تەنانەت بۆ زمان و کولتووری گەلی سەروەر، بەرەو ڕووی ئەوی دژەگەمەڤان هەنگاو دەنێت، وەلێ ئەو لە ئۆتۆرێتیی دەوڵەتییەوە، لە نەریتی مێژووییانەی سوڵتانێتیی خۆیەوە، شکۆمەند و بەوەش سەربڵند، هەروەها بڕێنەرەوە هەڵمەت دەهێنێت. ئاخر ئەو هەرگیز پشیپشی بۆ ناحەزی خۆی ناکات. ئەو هەر گرووپێکی ئێتنی بە مەترسی لەسەر هەبوونی خۆی بزانێت، ڕاستەوخۆ پێی دەبێژێت کە دوژمنێتی و لەناوبردنی ئامانجی باڵایەتی. ئەو تەنانەت لەو کاتەدا کە لەنێو گرووپی ئێتنیی ناحەزدا “بەناو هاوکارانی” خۆی هەیە، بەئاشکرا پێیان دەبێژێت کە ئەوان تەنیا قەحبەی خۆیین، ئەوانیش کە داشۆراون لە ئابڕوو و شکۆ و مەزنی، تەنانەت لەو کاتەدا کە سەروەریان دارستانەکانیان دەبڕێتەوە، پاساوی بۆ دەهێننەوە.
سەرباری هەموو شتێک ئەم ئەکتوێرە کە “لە سیاسەتکردندا” بوێر و سەربڵندە و هەرگیز هەستی دوژمنانەی بەرانبەر مەترسییە ئێتنیکییەکان ناشارێتەوە، لاوازییەکی کرۆکیی هەیە: کەڵەکێکی بەرزی لە درۆ و حیکایەت هەڵچنیوە و گەلی خۆی پێ پەروەردە کردووە. هیچ گومانی تێدا نییە، گەر ئەو دەوڵەتە کەمترین هەنگاو بۆ نێو جڤاکێکی دێمۆکراتیک و برایەتیی گەلان بنێت، ئیدی کەڵەکە درۆزنەکەی دەڕمێت، پاشان زۆر دەشێت ئاژاوە، شێواوی، و تەنانەت شەڕی نێوخۆ جێی بگرنەوە.
5) ئێمە گەرەکە سەرباری هەموو ئەو تێڕوانینانەی سەرەوە هێشتا هەر پرسێک بەهەند وەربگرین: گریمانە دەکەین کە گەمەی هەردوو لایەنی بێکەرامەت و شکۆمەندی پرۆژە و دژەپرۆژەکە تاکتیکییە. وەلێ لەبەرئەوەی نەشیاوە هەرگیز بتوانین حوکم لەبارەی هەر گۆڕانێکی ئایندەیی بدەین، ئەوا وەک تەماشاڤان دەکەوینە بەردەم ڕەوشی چاوەڕوانی تا ڕۆژێک لە ڕۆژان بۆمان ڕوون بێتەوە کە گەمەکە بەکوێ گەیشتووە.
سەرچاوەکان
Duden. Illusion. https://www.duden.de › suchen › dudenonline › illusion
Fritz Oser: Moralisches Urteil in Gruppen. Soziales Handeln, Verteilungsgerechtigkeit. Frankfurt / M 1981.
Jonathan Haidt: Die Macht der Moral: Warum Politik und Weltanschauungen unsere Gesellschaft spalten. Hamburg 2026.
Lexikon der Neurowissenschaft. https://www.spektrum.de › lexikon › illusion.
Metzler Lexikon Philosophie. https://www.spektrum.de › lexikon › illusion.



