ئەم جەنگە ئێران دەکاتە هێزێکی گەورەی جیهانی

98
0
بڵاوکردنەوە:

نووسینی: ڕۆبێرت ئەی. پەیپ

وەرگێڕانی: ڕامیار مەحموود

دکتۆر پەیپ پرۆفیسۆری زانستە سیاسییەکانە لە زانکۆی شیکاگۆ و لێکۆڵەرە لە ستراتیژی سەربازی و ئاسایشی نێودەوڵەتی.

لە ساڵانی ڕابردوودا، حیکمەتی جیۆپۆلیتیکی باو، وابوو کە سیستەمی جیهانی بەرەو سێ چەقی دەسەڵات هەنگاو دەنێت: وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، چین و ڕووسیا. ئەو تێڕوانینە وای دادەنا کە هێز بە پلەی یەکەم لە قەبارەی ئابووری و توانای سەربازییەوە سەرچاوە دەگرێت.

بەڵام ئەو گریمانەیە چیتر کارا نییە. چوارەمین چەقی هێزی جیهانی بە خێرایی لە سەرهەڵداندایە، کە ئەویش ئێرانە. ئێران لە ڕووی ئابووری یان سەربازییەوە ڕکابەری ئەو سێ وڵاتە نییە. لە جیاتی ئەوە، هێزە نوێیەکەی لە کۆنترۆڵکردنی گرنگترین خاڵی خنکێنەری وزە لە ئابووری جیهانیدا سەرچاوە دەگرێت، کە ئەویش گەرووی هورمزە.

گەرووەکە بۆ ماوەیەکی درێژ ڕێڕەوێکی ئاوی نێودەوڵەتی بووە کە کەشتییەکانی هەموو وڵاتان دەیانتوانی پێیدا تێپەڕن. بەڵام ئەو هەڵمەتە سەربازییە هاوبەشەی کە وڵاتە یەکگرتووەکان و ئیسرائیل ئەمساڵ دژی ئێران دەستیان پێکردووە، ئێرانی هان داوە بۆ دروستکردنی گەمارۆیەکی سەربازیی وەک بژاردەیەک بۆ گەرووەکە.

نزیکەی پێنج یەکی دابینکردنی نەوت و گازی سروشتی شلکراوەی جیهان بەناو گەرووەکەدا تێدەپەڕێت. هیچ جێگرەوەیەکی ڕاستەقینە بۆ ئەم ڕێڕەوانەی دابینکردن لە ماوەیەکی کورتدا بوونی نییە. ئەگەر کۆنترۆڵی ئێران بەسەر گەرووەکەدا بۆ چەند مانگێک یان ساڵێک بەردەوام بێت، وەک ئەوەی من بڕوام وایە ڕوو بدات، ئەوا بە شێوەیەکی بنەڕەتی سیستەمی جیهانی سەرلەنوێ دادەڕێژێتەوە بە زیانی وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا.

زۆرێک لە شرۆڤەکاران پێیان وایە کە دەستبەسەرداگرتنی گەرووی هورمز لەلایەن ئێرانەوە تەنها کاتییە. چاوەڕوانییەکی بەربڵاو هەیە کە هێزە دەریاییەکانی ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی بەم زووانە بارودۆخەکە جێگیر بکەن و لێشاوی نەوت بە هێڵە ئاشناکاندا دەست پێ بکاتەوە.

ئەو چاوەڕوانییە هەڵەیە. وای دادەنێت کە بۆ بەردەوامبوون لە کۆنترۆڵکردنی گەرووەکە، دەبێت ئێران بە شێوەیەکی فیزیکی گەرەووەکە دابخات. بەڵام وەک پێشتر بینیمان، ئێران دەتوانێت کۆنترۆڵی گەرووەکە بکات بەبێ ئەوەی دایبخات. ئەمڕۆ گەرووەکە بە ڕووی تانکەرەکاندا بە کراوەیی ماوەتەوە. بەڵام هاتوچۆ لە سەدا ٩٠ کەمی کردووە لەوەتەی جەنگەکە دەستی پێکردووە، نەک لەبەر ئەوەی ئێران هەموو کەشتییەکی نوقم کردبێت کە چووەتە ناو گەرووەکە، بەڵکو لەبەر ئەوەی بەهۆی هەڕەشەی هێرشکردن، کۆمپانیاکانی دڵنیایی (تەئمین) پاشەکشەیان کردووە یان نرخی دڵنیایی مەترسییەکانی جەنگیان سەرلەنوێ دیاری کردووەتەوە. لێدانی کەشتییەکی بارهەڵگر لە چەند ڕۆژ جارێکدا بەس بوو بۆ ئەوەی مەترسییەکە بە ڕاستی وەربگیرێت.

ئابوورییە مۆدێرنەکان تەنها پێویستیان بە نەوت نییە. بەڵکو پێویستیان بەوەیە نەوت لە کاتی خۆیدا، بە قەبارەی پێویست و پێشبینیکراو بگات. کاتێک ئەو متمانەیە تێکدەچێت، بازاڕەکانی دڵنیایی توند دەبن، نرخەکانی گواستنەوە بەرز دەبنەوە و حکومەتەکان دەست دەکەن بە سەیرکردنی دەستڕاگەیشتن بە وزە وەک ئاڵانگارییەکی ستراتیژی ئاڵۆز نەک تەنها مامەڵەیەکی سادەی بازاڕ.

کێشەکە بۆ وڵاتە یەکگرتووەکان جۆرێکە لە ناهاوسەنگی، پاراستنی هەر یەک لە بارە نەوتەکان کە بە گەرووی هورمزدا تێدەپەڕن دژی هێرشە ئەگەرکراوەکان، وەک مین، درۆن، هێرشی موشەکی  کارێکی ئاڵۆزە، پێویستی بە ئامادەیی سەربازی بەردەوام هەیە. ئێران تەنها پێویستی بەوەیە جاروبار لە تانکەرێکی نەوت بدات بۆ ئەوەی گومان بخاتە سەر متمانەی بارە نەوتەکانی جیهان.

سەرۆک ئیمانوێل ماکرۆنی فەرەنسا ڕۆژی پێنجشەممە هەمان شتی وت کاتێک ڕایگەیاند کە “ناواقیعییە” گەرووی هورمز بە هێز بکرێتەوە و “ئەمە تەنها بە هەماهەنگی لەگەڵ ئێران دەکرێت”. ئەو خەریک بوو دانی بەوەدا دەنا کە لێشاوی نەوت ناتوانرێت گەرەنتی بکرێت بەبێ ڕەزامەندی ئێران.

بۆ چەندین دەیە، کەنداوی عەرەبی ڕێکخستنێکی سادەی هەبوو: بەرهەمهێنەرانی نەوت هەناردەیان دەکرد، بازاڕەکان نرخیان دیاری دەکرد و وڵاتە یەکگرتووەکان ڕێڕەوەکەی دەپاراست. ئەو سیستمە ڕێگەی بە ڕکابەری دەدا بەبێ ناسەقامگیری. ئێستا، ئەو سیستمە خەریکە هەڵدەوەشێتەوە.

وڵاتانی کەنداو بە شێوەیەکی زۆر پشت بە هەناردەکردنی وزە دەبەستن بۆ داهاتی دەوڵەت. کاتێک نرخەکانی دڵنیایی بەرز دەبنەوە و گواستنەوە دەبێتە جێی گومان، کاریگەرییە داراییەکە دەستبەجێ ڕەنگدەداتەوە. حکومەتەکان خۆیان دەگونجێنن. بارەکان ڕێڕەویان دەگۆڕدرێت. گرێبەستەکان سەرلەنوێ گفتوگۆیان لەسەر دەکرێتەوە.

ئەگەر نادڵنیایی بەردەوام بێت، ڕێکخستنی کەنداو بە ناچاری دەگۆڕێت، و ڕێگە خۆش دەکات بۆ سیستەمێکی ناوچەیی جیاواز، سیستەمێک کە تێیدا وڵاتانی کەنداو زیاتر و زیاتر لەگەڵ ئەو ئەکتەرەدا دەگونجێن کە دەتوانێت بە ڕاستەوخۆترین شێوە کاریگەری لەسەر متمانەی هەناردەکردنەکانیان هەبێت. ئەو ئەکتەرەش ئێستا ئێرانە.

ئەنجامە جیهانییەکان لە ئاسیادا زیاتر دەردەکەون. ژاپۆن، کۆریای باشوور و هیندستان بە شێوەیەکی زۆر پشت بە وزەی کەنداو دەبەستن. چین، هەرچەندە سەرچاوەکانی هەمەجۆرترن، بەڵام ئەویش بۆ بەشێکی زۆری هاوردەکردنی وزەکەی پشت بە ناوچەکە دەبەستێت. ئەو پشتبەستنانە لە ژێرخانەکاندا چەسپاون، پاڵاوگەکان، ڕێڕەوەکانی گواستنەوە و سیستمەکانی کۆگاکردن کە ناتوانرێت بە خێرایی سەرلەنوێ ڕێکبخرێنەوە.

ئەگەر پەککەوتنی دابینکردنی وزە بەردەوام بێت، کاریگەرییەکان بەربڵاو دەبن. بەرزبوونەوەی تێچووی دڵنیایی و گواستنەوە نرخەکان بەرز دەکاتەوە. هاوسەنگی بازرگانی خراپتر دەبێت. دراوەکان لاواز دەبن. هەڵاوسان بەرز دەبێتەوە. پشتبەستن بە وزە دەبێتە داڕشتنی سیاسەت. حکومەتەکان پێشینە دەدەن بە دەستڕاگەیشتن بە وزە. بژاردە دیپلۆماسییەکان تەسک دەبنەوە. ئەو کارانەی کە مەترسی ناسەقامگیری زیاتریان لێدەکرێت، بەردەوامبوونیان قورستر دەبێت. جیهانێکی هاوشێوەی ساڵانی حەفتاکان کە تێیدا شۆکەکانی نەوت دەبنە هۆی چەندین ساڵ لە چەقبەستوویی هەڵاوسان، چیتر شۆکی هەفتاکان یادەوەرییەکی دوور نابێت بەڵکو دەبێتە ڕاستییەکی نزیک.

دیسانەوە، ئێران سوودمەند دەبێت.

چین پشت بە وزەی کەنداو دەبەستێت بۆ بەردەوامبوونی گەشەکردن. ڕووسیا سوود لە نرخە بەرزەکان و ناجێگیرەکانی وزە وەردەگرێت. ئێران لە پێگەی خۆی لە خاڵی خنکێنەری هورمزدا دەسەڵات  بەدەست دەهێنێت.

هەر یەک لەم سێ نەتەوەیە هاندەریان هەیە کە پێچەوانەی سەقامگیری ئابووری وڵاتە یەکگرتووەکان و هاوپەیمانەکانیەتی. ئەم سێ نەتەوەیە پێویستیان بەوە نییە بە شێوەیەکی فەرمی هەماهەنگی بکەن. پێکهاتەی سیستمەکە پاڵیان پێوە دەنێت بۆ هەمان ئاراستە. ئەمە چۆنیەتی سەرهەڵدانی سیستەمێکی نوێیە، نەک لە ڕێگەی هاوپەیمانییەکی فەرمییەوە (لانیکەم لە سەرەتادا نا)، بەڵکو لە ڕێگەی هاندەرەی هاوبەشەوە کە بە تێپەڕبوونی کات یەکتری بەهێز دەکەن.

ئێستا سیناریۆی سیستەمی نوێی جیهانی لە سەرهەڵداندایە، هەلبەت سیناریۆی تاریکن. وێنای ئێران بکە بە کۆنترۆڵکردنی نزیکەی ٢٠ لە سەدی نەوتی جیهان، ڕووسیا بە نزیکەی ١١ لە سەد و چینیش بتوانێت زۆربەی ئەو دابینکردنە هەڵبمژێت. ئەوان کارتێلێک پێکدەهێنن بۆ بێبەشکردنی ڕۆژئاوا لە ٣٠ لە سەدی نەوتی جیهان. پێویستت بە شرۆڤەیەکی ئاڵۆز نییە بۆ ناسینەوەی ئەنجامە کارەساتبارەکان: دابەزینی خێرای هێزی وڵاتە یەکگرتووەکان و ئەوروپا، و گۆڕانکارییەکی جیهانی بەرەو چین، ڕووسیا و ئێران.

وڵاتە یەکگرتووەکان ڕووبەڕووی هەڵبژاردنێکی قورس دەبێتەوە: یان پابەندبوون بە هەوڵێکی درێژخایەن بۆ دووبارە چەسپاندنەوەی کۆنترۆڵ بەسەر گەرووی هورمزدا، یان قبوڵکردنی ڕێکخستنێکی نوێی وزەی جیهانی کە تێیدا کۆنترۆڵی ئەمریکا چیتر مسۆگەر نییە.

ئەگەر قبوڵکردن هەڵبژێرێت، ئەنجامەکە ڕوونە: سیستەمی نێودەوڵەتی سەرلەنوێ ڕێکدەخرێتەوە و ئێران وەک چوارەمین چەقی هێزی جیهانی دەردەکەوێت. بەڵام ئەگەر وڵاتە یەکگرتووەکان دووبارە چەسپاندنەوەی کۆنترۆڵی سەربازی هەڵبژێرێت، ئەوا لەبەردەم شەڕێکی درێژخایەندایە، شەڕێک کە لەوانەیە تێیدا بدۆڕێت.

جەنگی ئێران ململانێیەکی سەربازی نییە کە وڵاتە یەکگرتووەکان بتوانێت بە سادەیی لێی بکشێتەوە و شتەکان بگەڕێنەوە وەک ئەوەی پێشتر بوون. بێگومان ئێران داوای نرخێکی گران دەکات لە ڕێککەوتنێکی نوێدا لەگەڵ وڵاتە یەکگرتووەکان، بەڵام ئەم نرخە بێگومان تێچووی کەمتر دەبێت لە تێچووی داهاتووە جێگرەوەکە. ئەمە جەنگێکی گۆڕانکارییە، و ئەگەر ئەم گۆڕانکارییانە تەنانەت بۆ چەند ساڵێکیش بەردەوام بن، سیستەمی جیهانی بە شێوەیەکی بێگەڕانەوە دەگۆڕێت.

https://www.nytimes.com/2026/04/06/opinion/iran-war-strait-hormuz.html

 

 

تاگهزر
بڵاوکردنەوە: