سینەما نادادپەروەرانەیە …. جاوپێکەوتن لە گەڵ لازلۆ کراسناهۆرکای

145
0
بڵاوکردنەوە:

بێلا تار فریوی دام

بەشی دووەم وکۆتایی

و:ڕامیار محمود

ئادەم سیرڵوێڵ:

کەواتە ئەو میشکنی تۆیە، کارەکتەرە بێدەرەتانەکەی تۆ؟

کراسناهۆرکای:

بەڵێ، وەک هەر وەک ( ئێستیکە)ی کارکتەری رۆمانەکەم(ساتانتانگۆ). چونکە ئەم ڕۆمانە لە ڕاستیدا پوختەی هەموو ڕۆمانەکانی منە،دەتوانیت چەندین لێکچوونی تێدا بدۆزیتەوە لەگەڵ کارەکتەرەکانی تر، چیرۆکەکانی تر. من گاڵتەو نوکتە بە وشەی ساتانتانگۆ و شتی لەو جۆرە دەکەم. پێموایە ئەمە باشترین ڕۆمانی منە.

ئادەم سیرڵوێڵ:

باشترینت؟

کراسناهۆرکای:

پێکەنیناویترین. پێکەنیناویترین کتێب. پڕ نییە لە پەیامی قیامەتی. بەڵکو، ئەمە خۆی قیامەتەکەیە. پێشوەختە ڕوویداوە.

ئادەم سیرڵوێڵ:

بەڵام من هەست دەکەم، لە هەموو کتێبەکانتدا، قیامەت پێشوەختە و بە نهێنی ڕوویداوە. پێموایە دوو جۆر ڕۆماننووس هەبن. ئەوانەی هەر ڕۆمانێک وەک بابەتێکی جیاواز دەبینن و ئەوانەی پێیانوایە تەنها یەک ڕۆمانیان نووسیوە، کە هەموو ڕۆمانەکانی تریان گرێدراون پێکەوە.

کراسناهۆرکای:

هەزار جار وتوومە کە من هەمیشە ویستوومە تەنها یەک کتێب بنووسم. لە یەکەمیان ڕازی نەبووم، هەر بۆیە دووەمم نووسی. لە دووەمیان ڕازی نەبووم، بۆیە سێیەمم نووسی، و بەم شێوەیە بەردەوام بووم. ئێستا، لەگەڵ “بارۆن”، دەتوانم ئەم چیرۆکە دابخەم. بەم ڕۆمانە دەتوانم بیسەلمێنم کە من بەڕاستی تەنها یەک کتێبم لە ژیانمدا نووسیوە.(ساتانتانگۆ، مالەنکالی، جەنگ و جەنگ، و بارۆن.) یەک کتێبەکەی منن.

ئادەم سیرڵوێڵ:

هیچ کاتێک ئارەزووی ئەوەت کردووە شتێک بنووسیت کە بە تەواوی لە دەرەوەی چوارچێوەی ئەم خەیاڵانە بێت؟

کراسناهۆرکای:

نەخێر. ئەوە بێزارم ناکات ئەگەر یۆهان سباستیان باخ بە درێژایی ژیانی وەک خۆی بمێنێتەوە.

ئادەم سیرڵوێڵ:

تۆ زۆر جار دەگەڕێیتەوە بۆ باخ و کەمپۆسەرەکانی تری بارۆک، وەک ڕامۆ. گرنگیی بارۆک بۆ تۆ چییە؟

کراسناهۆرکای:

مۆسیقای باخ لە ڕووی پێکهاتەوە ئاڵۆزە بەهۆی هارمۆنییەکەیەوە، هەر بۆیە ناتوانم گوێ لە مۆسیقای ڕۆمانتیک بگرم. دوای کۆتاییەکانی بارۆک، مۆسیقا وردە وردە بازاڕیتر بوو،  لووتکەی ئەم بازاڕگەراییە لە سەردەمی ڕۆمانتیکەکاندا بوو. هەندێک ئاوازدانەری ناوازە هەن، وەک ستراڤینسکی یان شۆستاکۆڤیچ یان بارتۆک یان کورتەگ، کە زۆرم خۆشدەوێن، بەڵام من هەمیشە وەک نمونەی دەگمەن سەیریان دەکەم. بۆ من، مێژووی مۆسیقا داکشانە.  دوای دوو هەزار ساڵ، ئەمەش لە ئەدەبدا ڕوودەدات. بەڵام شیکردنەوەی ئەم پرۆسەی بازاڕگەریبوونە زۆر قورسە. ئەو شۆڕشە ترسناکەی کە هەمیشە وا دانرابوو لە کۆمەڵگە مۆدێرنەکاندا ڕووبدات، لە ڕاستیدا ڕوویداوە. نەک ئەوەی کەلتووری جەماوەری بردوویەتییەوە، بەڵکو پارە بردوییەتەوە. هەندێک جار بەرهەمێکی ئەدەبیی ئاستبەرز شتێک لە ئاستی ناوەنددا دەڵێت و دەگاتە خوێنەری زیاتر و ڕەنگە ئەمە چارەنووسی زۆرێک لە نووسەرانی هاوچەرخ بێت.

ئادەم سیرڵوێڵ:

دەربارەی ڕۆمانەکانی تۆ چی؟

کراسناهۆرکای:

نەخێر، ڕۆمانەکانی من بە هیچ شێوەیەک لە ئاستی ناوەنددا کار ناکەن چونکە من هەرگیز سازش ناکەم. نووسین، بۆ من، کردارێکی تەواو تایبەتییە. شەرم دەکەم باسی ئەدەبیاتی خۆم بکەم،هەمان شتە وەک ئەوەی پرسیارم لێ بکەیت دەربارەی تایبەتیترین نهێنییەکانم. من هەرگیز بەڕاستی بەشێک نەبووم لە ژیانی ئەدەبی چونکە نەمئەتوانی قبووڵی بکەم کە نووسەر بم بە مانایەکی کۆمەڵایەتی. هیچ کەس ناتوانێت لەگەڵ مندا باسی ئەدەب بکات،جگە لە تۆ و چەند کەسێکی تر. دڵخۆش نیم ئەگەر ناچار بم باسی ئەدەب بکەم، بەتایبەتی ئەدەبیاتی خۆم. ئەدەب زۆر تایبەتییە.

کاتێک کتێبێک دەنووسم، کتێبەکە لە مێشکمدا ئامادەیە. هەر لە گەنجییەوە، بەو شێوەیە کارم کردووە. لە منداڵیمدا، بیرگەم تا ڕادەیەک نائاسایی بوو. بیرگەیەکی فۆتۆگرافیم هەبوو. بۆیە فۆڕمی ورد، ڕستەیەک، هەندێک ڕستەم لە مێشکمدا دەدۆزییەوە، و کاتێک ئامادە دەبووم، دەمنووسییەوە.

ئادەم سیرڵوێڵ:

پیاچوونەوەی بۆ ناکەیت؟

کراسناهۆرکای:

من نزیکەی هەموو خولەکێک کار دەکەم، وەک ئاشێک کە بەردەوام دەگەڕێت. ئەگەر نەخۆش بم، ناتوانم. و ئەگەر سەرخۆش بم، ناتوانم. بەڵام جگە لەم حاڵەتانە، کار دەکەم و کار دەکەم، چونکە ڕستەیەک دەست پێدەکات و لە تەنیشت ئەو ڕستەیەوە سەد هەزار ڕستەی تر، وەک تاڵە زۆر ناسکەکانی تۆڕی جاڵجاڵۆکە. و یەکێکیان بە جۆرێک لە جۆرەکان کەمێک گرنگترە لە هەموو ئەوانی تر، و من دەری دەهێنم، بە ئەندازەیەک کە بتوانم لەگەڵ ڕستەکەدا کار بکەم، ڕاستی بکەمەوە.  هەر بۆیە، هەرچەندە وەرگێڕانی نایاب بۆ کتێبەکانم کراوە، بەڵام هیوادارم بتانتوانیایە بە زمانی ڕەسەنی بیانخوێنیتەوە، چونکە کاتێک کار دەکەم، یەکەم شت کە بە ڕستەیەکەوە لە مێشکمدا دەیکەم ئەوەیە کە لایەنی ڕیتمییەکەی بگەیەنمە ئاستی تەواو. کاتێک کار دەکەم، هەمان میکانیزم بەکاردەهێنم کە هاوبەشە لەنێوان ئاوازدانانی مۆسیقی و نووسینی ئەدەبیدا. مۆسیقا و ئەدەب و هونەری بینراو ڕەگێکی هاوبەشیان هەیە،پێکهاتەکانی ڕیتم و تێمپۆن و من لەم ڕەگەوە کار دەکەم. ناوەڕۆکەکە لە  مۆسیقا و لە  ڕۆماندا بە تەواوی جیاوازە. بەڵام جەوهەرەکە، بۆ من، بەڕاستی هاوشێوەیە.

ئادەم سیرڵوێڵ:

تۆ جۆرێک لە بلیمەتی جاز بوویت، وانییە؟ و لە گروپی جازدا ژەنیوتە کاتێک گەنج بوویت؟

کراسناهۆرکای:

من مۆسیقاژەنێکی پیشەگەر بووم لە تەمەنی چواردە ساڵییەوە تا بووم بە هەژدە ساڵ.

ئادەم سیرڵوێڵ:

سیلۆنیۆس مۆنک پاڵەوانە گەورەکەت بوو وەک پیانۆژەنێک. بۆچی مۆنک؟

کراسناهۆرکای:

من زۆر جار هەمان پرسیار لە خۆم دەکەم. کاتێک سەیری ڕابردوو دەکەم، قورسە ڕوونی بکەمەوە بۆچی زەوقی مۆسیقای ئێمە لەژێر سیستەمی سۆڤیەتیدا ئەوەندە بێخەوش بوو. هەوڵ دەدەم خۆبەزلزان دەرنەکەوم. من نەک تەنها لە گروپی جازدا بەڵکو لە گروپی ڕۆکیشدا بە شێوەیەکی بەردەوام دەمژەنی. کۆنسێرتەکانمان ئاهەنگ بوون بۆ چینی کرێکار. بەم دواییانە پارچە کاغەزێکم دۆزییەوە کە ناوی ئەو گۆرانیانەی لەسەر بوو کە دەمانژەنی، و ئێمە بە تەواوی باشترین زەوقمان هەبوو. نەک زەوقی من، بەڵکو زەوقی نەوەکەی ئێمە. لەو کاتەدا، سەرچاوەکانی مۆسیقای جاز یان ڕۆک زۆر کەم بوون. دوو وێستگەی ڕادیۆ هەبوون،ڕادیۆی ئەوروپای ئازاد، لە میونشن، و ڕادیۆ لۆکسمبۆرگ. تۆمارەکانمان کوالێتییان زۆر خراپ بوو، چونکە ڕاستەوخۆ لە ڕادیۆکەوە تۆمارمان دەکرد، بێگومان بە نهێنی، چونکە قەدەغە بوو. من ناسیاوێکم هەبوو، پزیشکێک لە نەخۆشخانەیەک لە گیولا، کۆلێکشنێکی گەورەی قەوانی  هەبوو، و ڕێگەی پێدام لە کۆلێکشنەکەی ئەو تۆمارێک بکەم. بەڵام چۆن باشترین مۆسیقام هەڵبژارد، نازانم. ئێمە (گۆرانییەکانی) کریم، ذێم، بلاند فەیس، جیمی هێندریکس، ئارێسا فرانکلین، دەستی سپرینگفیڵدمان دەژەنی. ئاساییترین گروپ کینکس بوو. چی تر؟ ترۆگز، ئەنیمەڵس، ئێریک بێردن. ڕۆڵینگ ستۆنز، بێگومان. بیتڵز نا. نازانم بۆچی، بەڵام بیتڵز نا.  زۆرێک لە بلووز.

لە تیپی سێکەسی جازەکەدا، لەگەڵ دڕامژەنێکدا دەمژەنی کە تەمەنی پەنجا ساڵ بوو و بەیسژەنێک کە ئەویش ڕەنگە پەنجا ساڵ بووبێت. من چواردە ساڵ بووم. ئێمە هەموو کەسێکمان دەژەنی لە ئێرۆڵ گارنەرەوە تا تلۆنیۆس مۆنک. و هیچ ڕوونکردنەوەیەکم نییە بۆ ئەوەی بۆچی مۆنک دڵخوازی من بوو. چونکە من ئێستا پیاوێکی بەتەمەنم و هێشتاش هەمان شت دەڵێم.

ئادەم سیرڵوێڵ:

و گۆرانیشت دەوت؟

کراسناهۆرکای:

لە گروپی ڕۆکەکەدا، بەڵێ. دەنگێکی زۆر بەرزم هەبوو، وەک کاونتەر تێنۆر. بۆیە تەنها گۆرانیی ژنانم دەوت، دەستی سپرینگفیڵد و ئارێسا فرانکلین.

ئادەم سیرڵوێڵ:

دەربارەی دیمەنی هونەری چی دەڵێیت؟ گوێت لە بۆوی، ڤێلڤێت ئەندەرگراوند دەگرت؟

کراسناهۆرکای:

من درەنگ چوومە ناو یانەی هەوادارانی بۆوی، دوای ئەوەی بووم بە هاوڕێی بێلا تار. بێلا لە شوقەیەکی بچووکی نایابدا دەژیا لە ناوەڕاستی بوداپێست. بە درێژایی ڕۆژ لە یەک ژووردا دەسوڕایەوە، هەمیشە لەگەڵ مۆسیقادا. دەیڤد بۆوی، لو ڕید، نیکۆ…

ئادەم سیرڵوێڵ:

تۆ دەستت کرد بە کارکردن لەگەڵ تار لەسەر فیلمی “” (Damnation) کەمێک دوای بڵاوکردنەوەی “ساتانتانگۆ” لە ساڵی ١٩٨٥،وایە؟ و پاشان دوو فیلمی ترت لە ڕۆمانەکانتەوە دروست کرد، “ساتانتانگۆ” لە ساڵی ١٩٩٤، و “سازەکانی وێرکمایستەر” (Werckmeister Harmonies)، کە وەشانێکە لە “” (The Melancholy of Resistance)، لە ساڵی ٢٠٠٠

کراسناھۆرکای:

لەسەرەتادا، ئێمە فیلمی (دامینەیشن)مان دروستکرد، چونکە لەژێر دەسەڵاتی کۆمۆنیستەکاندا، قەدەغە بوو فیلمی (ساتانتانگۆ) دروست بکەین. ئەم چیرۆکە بەتەواوی لە ساڵی ١٩٨٥ دەستی پێکرد، دوای ئەوەی ئەو ڕۆمانە بڵاوکرایەوە. بێلا، هاوسەرەکەی، ئاگنێس و من، ویستمان فیلمێک لە (ساتانتانگۆ) دروست بکەین، بەڵام بێلا پیاوێکی بێزراو بوو لە جیهانی فیلمی هەنگاریادا. ئەو چووە لای زۆر کۆمپانیایی فیلم  بێ سوود بوو. لە کۆتاییدا یەکێک پێی وتین کە دروستکردنی (ساتانتانگۆ) قەدەغەیە. منیش بە بێلام وت، باشە تۆ بڕۆوە ماڵەوە، منیش دەڕۆمەوە ماڵەوە،ئیشەکە تەواو بوو.نزیکەی دوو هەفتە دواتر، ئاگنێس هاتە لام و تکای لێکردم کە سیناریۆیەکی نوێ بنووسم، چونکە ئەگەرنا بێلا خۆی دەکوژێت. ئەو وتی، من دەیناسم. ئەگەر نەتوانێت لەگەڵ تۆ فیلمێک دروست بکات، خۆی دەکوژێت. بێگومان، ئەوە تەڵەیەک بوو، چیرۆکێک بوو بۆ ئەوەی من لەگەڵی کار بکەم.

ئادەم سیرڵوێڵ:

ئایا تار تاکە دەرهێنەرە کە لەگەڵیدا کارت کردووە؟

کراسناھۆرکای:

من تەنها لەگەڵ بێلاتار کارم کردووە. لەگەڵ ئەودا، زیاتر بوو لە هاوکارییەک. من هەموو شتێکم پێدا، و ئەویش هەموو شتەکەی برد. ئێمە هەمیشە پێکەوە کارمان دەکرد دوای ئەوەی من سیناریۆکانم دەنووسی، بەڵام ئەمانە دەبوونە فیلمەکانی ئەو. سینەما هونەرێکی نا دادپەروەرانەیە. ئەگەر تۆ نووسەر بیت و دەرهێنەرێکی فیلم بیەوێت کارەکەت وەربگێڕێت بۆ فیلم، دەبێت قبوڵی بکەیت کە ئەو دەرهێنەرە. ئەم فیلمەش دەبێتە هی ئەو.

سیناریۆکانی من هەمیشە کاری ئەدەبی بوون. من فۆرمم بەکاردەهێنا، دیالۆگم بەکاردەهێنا، بەڵام کاتێک دەمنووسی دەربارەی کارەکتەرێکی سەرەکی، “ئەو بیری لە جیهانێکی بێ خودا دەکردەوە،” بێلا دەیوت، ئەمە سیناریۆ نییە. چۆن دەتوانم ئەمە نیشان بدەم؟ هەر بۆیە لە کاتی ئەو پڕۆژانەدا کەمێک دەترسام. بۆ نموونە، کاتێک ئێستیکە دەچێتە بەهەشت. بێلا پرسی، چۆن دەتوانم گرتەیەکی ئەوەها دروست بکەم؟ لە کۆتاییدا، تاکە ئەگەر ئەوە بوو کە کامێراکە لەوانەیە هەشتا سانتیمەتر لەپێش ڕووی ئیرمیاسەوە دابنرێت.  ئەگەر، لە فیلمەکەدا، بتوانین لەسەر ڕووی ئەو ببینین چی بەسەر ئێستیکەدا هاتووە، ئەوا باشە، ئێمە بردمانەوە. ئەگەر نا، ئەوە شکستە. لە کاتێکدا، من دەتوانم لە کتێبێکدا بینوسم و زۆریش سەرنجڕاکێشە و پاشخانێکی فەلسەفی هەیە. ڕاستی چییە؟ ئایا ڕۆحی ئێستیکە ڕاستەقینەیە؟ بۆ کامێرا، نەخێر.

ئادەم سیرڵوێڵ:

بەڵام بۆ زمان، بەڵێ.

کراسناھۆرکای:

ڕێک وایە. و مانای ئەوەیە کە ئەگەر پرسیارێکت هەبێت دەربارەی گەردوون، هەمیشە چەند ئەگەرێکت هەیە، بەتایبەتی لە ڕێگەی زمانەوە. هێزی وشە، بۆ من، تاکە ڕێگایە بۆ نزیکبوونەوە لەم ڕاستییە شاراوەیە. هەموو کەسێک کەسێکی خەیاڵییە و لە هەمان کاتدا، کەسێکی ڕاستەقینەیە. من سەر بە هەردوو  جیهانی خەیاڵی و جیهانی ڕاستەقینەم، من لە هەردوو ئیمپراتۆرییەکەدام. تۆش هەروەها. و هەموو کەسێک لەم چێشتخانەیەدا. هەروەها ئەم شتە و هەموو شتێک کە دەتوانین هەستی پێبکەین و هەروەها شتانێک کە ناتوانین هەستیان پێبکەین، چونکە دەزانین کە بە پێنج هەستەکەمان، بەشێک لە ڕاستی هەستپێناکرێت. من زیادڕەو نیم. ڕاستی ئەوەندە گرنگە بۆ من کە هەمیشە دەمەوێت ئاگاداری هەموو ئەگەرێک بم.

ئادەم سیرڵوێڵ:

من سەرم سوڕماوە ئایا چۆن دەکرێت ئەو ڕاستییەی کە لە لایەن وەشانی هەنگاری (ساتانتانگۆ) یان (بارۆن وێنکهایم)ەوە داهێنراوە هەمان ئەو ڕاستییە بێت کە لە لایەن وشە ئینگلیزی یان فەرەنسییەکانەوە داهێنراوە؟ کێشەیەکی هاوشێوە بۆ فۆرمەکانی تری هونەر بوونی نییە. باخ کانتاتایەک(مۆسیقای درێژی سەروو کورت) دروست دەکات و ئەوە هەوڵێکە، بۆ ئەو، بۆ دەربڕینی جۆرێک لە ئایدیالی ترانسدێنتاڵ.

کراسناھۆرکای:

نەخێر، نەخێر. باخ تەنها مۆسیقاژەنێکە. کاتێک کاروانی هونەری دەستپێکرد و دەستی کرد بە دروستکردنی کانتاتاکانی خۆی، ئەو تەنها مامەڵەی لەگەڵ پرسیارە مۆسیقییەکاندا دەکرد. ئێمە گوێ لە مۆسیقاکەی دەگرین و وێنەیەکی باخمان هەیە وەک پیاوێکی پیرۆز، هەمیشە سەیری ئاسمان دەکات. بەڵام لە ڕاستیدا، هەموو بلیمەتەکان تەنها ئارەزووی فیزیایی، تەکنیکیان هەیە. ئەگەر سەیری تورینگیا بکەیت، کە باخ خەڵکی ئەوێ بوو، تورینگیا پڕ بوو لە باخەکان،مۆسیقاژەنان، نەوە لە دوای نەوە. باخ بەڕاستی هاومانای مۆسیقاژەنێکی باش بوو.

کاتێک لە ژاپۆن بووم، چوومە وۆرکشۆپێک کە پەیکەری بودا لەلایەن پسپۆڕانەوە نۆژەن دەکرانەوە. ئەوان کرێکاری سەرسوڕهێنەر بوون، بلیمەت بوون، هونەرمەندی ڕاستەقینە بوون، بەڵام بەتەواوی لە پرسیارە تەکنیکییەکەدا نوقم ببوون(چۆن دەتوانم ئەم پەیکەرە شکاوانە چاک بکەمەوە)؟ پاشان، کاتێک بودای نۆژەنکراوە دەگەڕێنرایەوە بۆ شوێنەکەی، ئینجا پیرۆز دەبوو، یەکێک دەیانتوانی نوێژی بۆ بکات. دەتوانیت بڵێیت ئەمە دژبەرییەکە، بەڵام هیچ دژیبەرییەک لای ئەوان بوونی نەبوو. پەیکەرتاش و نۆژەنکەرەوە هەمان شتن. کاتێک یەکێک شاعیرێکی ڕاستەقینەیە، مانای ئەوەیە کە دەزانن وشە هێزی هەیە، دەتوانن وشەکان بەکاربهێنن. ئەگەر ئەو توانایەت هەبێت، تەنها پێویستە مامەڵە لەگەڵ پرسیارە تەکنیکییەکاندا بکەیت.

ئادەم سیرڵوێڵ:

کەواتە مەبەستت ئەوەیە، تاکە پرسیارە هونەرییە ڕاستەقینەکان پرسیارەکانی تەکنیکن؟

کراسناھۆرکای:

هونەرمەند تەنها یەک ئەرکی هەیە،بەردەوامیدان بە ڕیتواڵێک. ڕیتواڵ تەکنیکێکی پاکە.

ئادەم سیرڵوێڵ:

هەست دەکەم دەبێت یەک کاری دیاریکراو دەستنیشان بکەین بۆ شیکاری تەکنیکی زیاتر…

کراسناھۆرکای:

پێموایە ئەمە پەیوەندی بە پرسیارێکی ترەوە هەیە. ئەگەر باسی هۆمیرۆس یان شکسپیر یان دۆستۆیڤسکی یان ستێندال یان کافکا بکەین، ئەوان هەموویان لەم ئیمپراتۆرییە ئاسمانییەدان. و کاتێک یەکێک ئەم سنوورە دەبڕێت، قەدەغەیە بڵێین، (گەمژە) نایابە، بەڵام “شەوە سپییەکان” ئەوەندە باش نییە. یان تلۆنیۆس مۆنک،ڕێگەمان پێنادرێت بڵێین کە ژەنینەکەی لە شوێنێکدا ئەوەندە باش نییە، یان لە شوێنێکی تردا زۆر نائاوازە. ئەمانە خەڵکی پیرۆزن! نابێت باسی وردەکارییەکان بکەین بەڵکو باسی گشتگیری کارەکە یان کەسەکە بکەین. ئەگەر یەک جار، تەنها یەک جار، بە کارێک سەلماندت کە تۆ بلیمەتیت، دوای ئەوە، لە چاوی مندا، تۆ ئازادیت. دەتوانیت شتی بێکەڵک دروست بکەیت. تۆ هێشتا بە تەواوی هەمان کەسی پیرۆز دەمێنیتەوە، و ئەو شتە بێکەڵکە شتێکی پیرۆزە، چونکە دوای بڕینی ئەم سنوورە، ئەم کەسە لە شکستو  دۆڕان بەدەر دەبێت.

من دڵنیام کە فرانس کافکا ڕاستییەکە لە ئیمپراتۆرییەکدا کە من لە دوورەوە، تەنها دەتوانم سەرسام بم پێی. هەست بە خۆشی دەکەم کە ئەم ئیمپراتۆرییە بوونی هەیە و کەسایەتییەکانی وەک دانتێ و گۆتە و بێکێت و هۆمیرۆس بوونیان هەبووە، و ئێستاش بوونیان هەیە، بۆ ئێمە. دڵنیام کە هەموو بیرکردنەوەکان دەربارەی ئەم کەسایەتییانە، ئەم کەسایەتییە پیرۆزانە، شتێکی هاوبەشیان هەیە. وێنەی من بۆ کافکا ئەوەندە جیاواز نابێت لە وێنەی تۆ بۆ کافکا.ئایا ئەوە وەڵامی پرسیارەکەت دەداتەوە؟

ئادەم سیرڵوێڵ:

باشە، تەنها لەوەدا کە ڕەتکردنەوەی وەڵامدانەوەی پرسیارەکەمە! دەتوانم بە شێوەیەکی تر دایبڕێژم؟ ئەوەی تۆ دەربارەی باخ دەیڵێیت وا دیارە پەیوەندی بە بیرۆکەکەتەوە هەیە کە مانای هەر کارێک لە ڕێگەی سەرنجدانی لە ڕادەبەدەری پوخت لەسەر تەکنیکەوە بەدەست دێت. تۆ جارێک نووسیوتە، “جیهان، ئەگەر بوونی هەبێت، دەبێت لە وردەکارییەکانیدا بێت.”  لەوانەیە کارەکەش، ئەگەر بوونی هەبێت، دەبێت لە وردەکارییەکاندا بێت،وەک ئەوەی لایەنی جیاوازی هەمان شت بن؟

کراسناھۆرکای:

بۆ من، وردەکارییەکان گرنگترینن، بەڵێ. بچووکترین وردەکارییەکان پرسیاری ژیان و مردنن. هەڵەیەک لە ڕستەیەکدا من دەکوژێت. هەر بۆیە ناتوانم بەرگەی خوێندنەوەی کتێبەکانم بگرم، چونکە نزیکەی مەحاڵە کتێبێک بنووسیت، لە سێسەد لاپەڕەدا، بەبێ یەک هەڵەی ڕیتمی. و لەوانەیە ئەمە پرسیاری کامڵبوون نەبێت بەڵکو ئارەزووی گرنگیدان بێت بە بچووکترین وردەکارییەکان، چونکە هیچ جیاوازییەک لە گرنگیدا نییە لە نێوان بچووکترین وردەکارییەکان و گشتدا. جیاوازی چییە لە نێوان یەک دڵۆپی ئۆقیانووس، و ئۆقیانووس وەک گشت؟ هیچ. هیچ.

ئادەم سیرڵوێڵ:

ئایا پەیوەندیشی بەوەوە هەیە کە پێشتر دەتوت، تۆ تاڕادەیەک هەموو کتێبەکەت لە مێشکتدا هەیە پێش ئەوەی دەست بە پرۆسەی ڕاستەقینەی نووسین بکەیت؟

کراسناھۆرکای:

بەڵێ، بەڵام شتێکی تریش هەیە. کێ کتێبەکان دەنووسێت؟ ئەگەر هەستت کرد کە دەتوانیت لە ناوەڕاستی کارەکەدا بڕیار بدەیت، کە تۆ لەناو کارەکەدا نیت،تۆ لە دەرەوەیت. ئەگەر هەستت کرد کە تۆ کتێبەکە دەنووسیت، تۆ لە دەرەوەی کارەکە خۆیدایت.

ئادەم سیرڵوێڵ:

کەواتە ئایا دەرئەنجام هەیە بۆ لێکدانەوەی کارەکە، بۆ ڕەخنەی ئەدەبی؟ ئەگەر من پرسیار بکەم دەربارەی مانای ڕۆمانی (مالەنکالی بەرگری)، ئایا ئەوە پرسیارێکی گەمژانەیە؟

کراسناھۆرکای:

گەمژانە؟ نەخێر. پشت بەوە دەبەستێت کێ پرسیار دەکات. قسەکردن لەگەڵ تۆ جۆرێکی جیاوازی گفتوگۆیە. من ڕێز لەوە دەگرم کە تۆ دەیکەیت. ڕێکەوت نییە کە ئێمە لێرە دانیشتووین، چونکە بە شێوەیەکی ئاسایی من دوو یان سێ جار، بۆ دوو یان سێ ڕۆژ، لەگەڵ کەسێکدا دانانیشم. بێگومان، گریمانەی من ئەوەیە کە تۆش ئارەزووی خۆتت هەیە لە وەڵامی پرسیارەکەتدا،ئەم پرسیارە دەربارەی مانا. هەمیشە دەگەڕێتەوە بۆ کێشەی گشت و وردەکارییەکان، کە چۆن وردەکارییەکان دەبنە گشت.

ئادەم سیرڵوێڵ:

ئایا تۆ دەڵێیت کە دوو شتەکە(وردەکارییەکان و گشت)ئەوەندە پێکەوە بەستراون کە ناتوانیت بیری لە یەکێکیان بکەیتەوە بەبێ بیرکردنەوە لە ئەوی تر؟ بە شێوەیەک کارکە شتی سێیەمە، نە وردەکارییەکان و نە گشت؟

کراسناھۆرکای:

بودا هەرگیز ڕێگەی نەدا کەسێک باسی هەموەکی بکات چونکە ئەوە ئەبستراکشن بوو،چونکە سەراپایی(هەموەکی) ڕاستی نییە. دەبێت زۆر وریابین لە بەکارهێنانی وشەی هەموەکی. بۆ نموونە، ئێمە باوەڕمان وایە کە جیهان، گەردوون، بێ کۆتاییە. ئەمە کارەساتە، چونکە ئەگەر جیهان بەڕاستی بێ کۆتایی بوایە، ئەوا ئەم شتە [ئاماژە بە پەرداخێک چا دەکات] نەدەکرا بوونی هەبێت.

ئادەم سیرڵوێڵ :

بۆچی نا؟

کراسناھۆرکای:

چونکە هەموو شتێک کە دەتوانیت لە بووندا ئەزموونی بکەیت کۆتایی هەیە وسنوردارە. لەم پەرداخەدا، بەشی بچووکی کۆتایی هەیە، توخمی لق-ئەتۆمییەکان، و هتد. بۆ ئێمە هەستپێنەکراوە بەڵام بێ کۆتایی نییە.

ئادەم سیرڵوێڵ :

ئەو ساتە هەیە لە کۆتایی (ساتانتانگۆ)دا کە تێدەگەین ڕۆمانەکە لەسەر لوپ(ستراکچەرێک کۆتاییەکەی بەسترابێت بە  سەرەتایەوە)ێکە، کە دێڕەکانی کۆتایی دێڕەکانی یەکەمی ڕۆمانەکەن، کە لەلایەن یەکێک لە کارەکتەرەکانیەوە نووسراوە. پێموایە ئەوە تاکە ساتی مێتافیکشنە لە ڕۆمانەکانتدا، تاکە پاشەکشەی ڕەهایە. ئایا لە سەرەتاوە بۆت ڕوون بوو کە کتێبەکە ئەو پێکهاتە بازنەییەی دەبێت؟

کراسناهۆرکای:

نەخێر، بە هیچ شێوەیەک. کاتێک کار دەکەم، لە سەرەتاوە دەست پێدەکەم، و هەرگیز لە کارەکتەرەکانم زیاتر نازانم. لە سەرەتای ساتانتانگۆدا، هیچ ئاگاداری ئەوە نەبووم کە لە کۆتاییدا، ئەم هەموو پێکهاتەیە، وەک فۆرمێکی مۆسیقی، دەگەڕێتەوە و لە سەرەتاوە دەست پێدەکاتەوە,بەڵام لە ئاستێکی تردا، چونکە کاتێک ئەم کتێبە دووبارە دەخوێنیتەوە، بەو زانیارییەوە دەیخوێنیتەوە کە لەلایەن کەسێکەوە نووسراوە کە خۆی کارەکتەرێکە لەناو کتێبەکەدا. نەخێر، من هەرگیز بەو تێگەیشتنە کارم نەکردووە.

ئادەم سیرڵوێڵ:

چونکە وا دەکات ڕۆمانەکە بێکۆتا بێت.

کراسناهۆرکای:

ئۆھ، نەخێر. نەخێر، وا بیرناکەمەوە. تەنها ئەوەی سنوردارەو لە ژماردن نایە دەتوانێت بوونی هەبێت.

ئادەم سیرڵوێڵ:

لە ڕووی تیۆرییەوە مەبەستم ئەوەیە ، دەکرێت بە شێوەیەکی بێکۆتا، یان بێسنور، لە جۆرێک لە بازنەدا بخوێنرێتەوە.

کراسناهۆرکای:

ئایا لەبیرتە بوودا چی پێ وتین دەربارەی بازنە؟

ئادەم سیرڵوێڵ:

نەخێر.

کراسناهۆرکای:

ئەگەر بەدوای بازنەیەکدا بڕۆیت، دوای ماوەیەک تێدەگەیت کە بازنە بوونی نییە. بە سادەیی خاڵێکە کە بوونی نییە. جیاوازییەکی گەورە هەیە لە نێوان ناکۆتا و ئەوەی کە نەژمێردراوە و کۆتایی هەیە. دواجار، پێت وایە چی ڕوودەدات کاتێک سەمای سۆفی لەناو هیچدا دەتوێتەوە؟

ئادەم سیرڵوێڵ:

بەڵام کەواتە، بۆ ئەوەی ئەم پرسیارەی کۆتاییەکان تەواو بکەین. تۆ وتت کە بارۆن وێنکهایم دوا ڕۆمانت دەبێت. بەڵام من دەزانم کە تۆ هێشتا دەنووسیت. ئایا ئەوە مانای وایە کە ئەوەی ئێستا دەینووسیت ڕۆمان نییە؟

کراسناهۆرکای:

شتگەلی بچووک دەنووسم، نەک پرۆژەی زەبەلاح. من لە دوای دوا ڕۆمانمەوە سێ کتێبی بچووکم نووسیوە. یەکەمیان، پرۆژەی مانهاتن (٢٠١٧)، پێشەکییەکە بۆ کاری دووەمم، کتێبەکەم دەربارەی نیویۆرک. ناونیشانێکی کاتی دەکرێت شتێک بێت وەک “کاری زەمینەسازی بۆ کۆشکێک.” هەروەها کتێبێکم تەواو کردووە کە هەر لە سەرەتاوە ویستوومە بینووسم، چونکە لە گەنجییەوە هۆگری هۆمیرۆس بووم. پایزی ڕابردوو گەشتێکم کرد بۆ دالماسیا، لە کەناری دەریای ئەدریاتیک. ئەم گەشتە منی بردە دوورگەیەک لە ئەدریاتیک، و لەناکاو یەکێک لە ئەفسانەکانی ئۆدیسا هاتەوە یادم، کتێبێکم دەربارەی نووسی. کتێبێکی بچووک، وەک نۆڤلێتێک.

ئادەم سیرڵوێڵ:

تۆ بەڕاستی پێت وا نییە کە دوای بارۆن وێنکهایم ڕۆمانێکی تر بنووسیت؟

کراسناهۆرکای:

ڕۆمان؟ نەخێر. کاتێک دەیخوێنیتەوە، تێدەگەیت. گەڕانەوەی بارۆن وێنکهایم بۆ نیشتمان دەبێت هەر ئەو دانەیە بێت

Art of Fiction No. 240

Interviewed by Adam Thirlwell

ISSUE 225, SUMMER 2018

 

تاگهزر
بڵاوکردنەوە: