بەشی یەکەم
وەرگێڕانی: ڕامیار مەحموود
ئادەم سیرڵوێڵ :با سەرەتا لە بارەی دەستپێکی تۆوە بزانین وەک نووسەر.
کراسناهۆرکای پێم وابوو ژیانی ڕاستەقینە، ژیانی دروست لە شوێنێکی ترە. “قەڵا”ی فرانتس کافکادا و “لە ژێر گڕکانەکە”ی ماڵکۆم لاوری، ئینجیلی من بوو بۆ ماوەیەک. ئەمە کۆتایی شەستەکان و سەرەتای حەفتاکانی سەدەی ڕابردوو بوو.من نەمدەویست ڕۆڵی نووسەرێک بگێڕم. تەنها دەمویست یەک کتێب بنووسم، و دوای ئەوە، دەمویست شتی جیاواز بکەم، بە تایبەتی لە بواری مۆسیقادا. دەمویست لەگەڵ هەژارترین خەڵکدا بژیم، پێم وابوو ئەوە ژیانی ڕاستەقینەیە. لە گوندە زۆر هەژارەکاندا دەژیام. هیچ کات کارێکی باشم نەبوو. هەمیشە شوێنم دەگۆڕی، هەر سێ یان چوار مانگ جارێک، ئەمەش بۆ هەڵاتن لە خزمەتی سەربازی زۆرەملێ.
دواتر، هەر کە دەستم کرد بە بڵاوکردنەوەی هەندێک شتی بچووک، لەلایەن پۆلیسەوە بانگکرام. لەوانەیە کەمێک زیاد لە ڕادە بێڕێزیم نواندبێت، چونکە دوای هەر پرسیارێک دەمگوت، “تکایە باوەڕم پێ بکە، من مامەڵە لەگەڵ سیاسەتدا ناکەم.” “بەڵام شتێک لەسەر تۆ دەزانین.” “نەخێر، من لەسەر سیاسەتی ئێستا نانووسم.” “باوەڕت پێ ناکەین.” دوای ماوەیەک، کەمێک تووڕە بووم و گوتم، “ئایا بەڕاستی ئێوە وابیر دەکەنەوە من شتێک لەسەر کەسانێکی وەک ئێوە بنووسم؟” ئەوەش بێگومان تووڕەی کردن، و یەکێک لە ئەفسەرە پۆلیسەکان، یان کەسێک لە پۆلیسی نهێنی، ویستی پاسپۆرتەکەم لێبسەنێتەوە. لە سیستەمی کۆمۆنیستیدا لە سەردەمی سۆڤیەت، دوو جۆر پاسپۆرتی جیاوازمان هەبوو، شین و سوور، و من تەنها ئەوەی سوورم هەبوو. ئەوەی سوور ئەوەندە سەرنجڕاکێش نەبوو چونکە تەنها دەتوانیت پێی بچیتە وڵاتە سۆسیالیستەکان، بەڵام ئەوەی شین واتای ئازادی. بۆیە گوتم، بەڕاستی ئەوەی سوورت دەوێت؟ بەڵام هێشتا بردیان،ئیتر هیچ پاسپۆرتێکم نەبوو تا ساڵی ١٩٨٧.
ئەوە یەکەم چیرۆکم بوو لە پیشەی نووسین، و بە ئاسانی دەتوانم کبڵێم کۆتا چیرۆکی پێشەی نوسینمم بوو. بەم دواییانە، لە بەڵگەنامەکانی پۆلیسی نهێنیدا، تێبینیەکانم دۆزییەوە کە تێیدا باس لە زانیارگر و سیخوڕە ئەگەرکراوەکان دەکەن. نووسیبوویان کە هەلێکیان لەگەڵ براکەمدا هەیە، بەڵام لەگەڵ لازلۆ کراسناهۆرکایدا، بە تەواوی ئەستەمە ئەم هەلە، چونکە زۆر دژە کۆمۆنیستە . ئەمە لە ئێستا پێکەنیناوی دەردەکەوێت، بەڵام بۆ کاتی خۆی هیچ پێکەنیناوی نەبوو. بەڵام من هەرگیز هیچ هەڵوێستێکی سیاسیم لە ژیانمدا پیشان نەدابوو. تەنها لە گوند و شارۆچکە بچووکەکاندا دەژیام و یەکەم ڕۆمانەکەمم نووسی.
ئادەم سیرڵوێڵ: چۆن بڵاوت کردەوە؟
کراسناهۆرکای: ئەمە ساڵی ١٩٨٥ بوو. هیچ کەسێک ، بەخۆشمەوە، نەیدەتوانی تێبگات کە چۆن بڵاوکردنەوەی “ساتانتانگۆ” ئەگەرکراو بوو چونکە ب ەهەموو شێوەیەک دوور بوو لەوەی ڕۆمانێکی کێشەدارن نەبێت بۆ سیستەمی کۆمۆنیستی. لەو کاتەدا، بەڕێوەبەری یەکێک لە وەشانخانەکانی ئەدەبیاتی هاوچەرخ، بەڕێوەبەرێکی پێشووی پۆلیسی نهێنی بوو، لەوانەیە ویستبێتی بسەلمێنێت کە هێشتا دەسەڵاتی هەیە، دەسەڵاتی پێویست بۆ ئەوەی نیشان بدات کە ئازایەتیی هەیە ئەم ڕۆمانە بڵاو بکاتەوە. پێموایە ئەوە تەنها هۆکار بوو کە کتێبەکە بڵاو کرایەوە.
ئادەم سیرڵوێڵ: چ جۆرە کارێکت دەکرد؟
کراسناهۆرکای: بۆ ماوەیەک کرێکاری کانە کانزا بووم. ئەوە نەختێک کۆمیدی بوو، کرێکارە ڕاستەقینەکان دەبوو کەڤەری من بکەن. دواتر بوومە بەڕێوەبەری چەند خانەیەکی کەلتووری لە گوندە دوورەدەستەکان لە بوداپێست. هەر گوندێک خانەی کەلتووری خۆی هەبوو کە خەڵکی دەیانتوانی لەوێ ئەدەبیاتی کلاسیک بخوێننەوە. ئەم کتێبخانەیە تەنها شتێک بوو کە لە ژیانی ڕۆژانەیاندا هەیانبوو. لە شەممە یان یەکشەممەدا، بەڕێوەبەری خانەی کەلتوور ئاهەنگێکی مۆسیقی ڕێکدەخست، یان شتێکی وەها، کە زۆر باش بوو بۆ گەنجەکان. من بەڕێوەبەری شەش گوندی زۆر بچووک بووم، ئەمە واتای ئەوەیە هەمیشە لەنێوانیاندا هاموشۆم بوو. کارێکی نایاب بوو. زۆر حەزم لێی بوو چونکە زۆر دوور بووم لە خێزانە بورژوازییەکەم.
چی تریش بڵێم؟ چاودێڕی شەوانەش بووم هی سێ سەد مانگا، پاسەوانی شەوانەی خانەی مانگا بووم. ئەوە دڵخوازترین کار بوو لام. هیچ گوندێک، شارێک، شارۆچکەیەک لە نزیکیەەوە نەبوو. بۆ چەند مانگێک پاسەوان بووم،. ژیانێکی نەدارانە لەگەڵ کتێىی “لە ژێر گڕکانەکە” لە لە گیرفانێکمدا و دۆستۆیێفسکی لە گیرفانەکەی ترمدا.
بێگومان، لەم هاتن وڕۆشتنەدا، دەستم ئەکرد بە خواردنەوە. نەریتێک هەبوو لە ئەدەبیاتی هەنگاریدا کە بلیمەتی ڕاستەقینە دەبێت بە تەواوی سەرخۆش بن. منیش سەرخۆشێکی شێت بووم. بەڵام پاشان ساتێک هات کە لەگەڵ کۆمەڵێک نووسەری هەنگاری دانیشتبووم کە بە خەمبارییەوە کۆدەنگبووین کە ئەم خواردنەوەیە پێوستییە، دەبێت هەر بلیمەتێکی هەنگاری تا دوا پلە سەرخۆش بێت. من ڕەتم کردەوە ڕازی بم بەمە و مەرجێکم دانا، بۆ دوانزە بوتڵ شامپانیا، وە هەرگیز دیسان نەخۆمەوە.
ئادەم سیرڵوێڵ: ئیتر نەتخواردەوە؟
کراسناهۆرکای:نەمخواردۆتەوە. بەڵام هێشتا، لەو کاتەدا، لەنێو نووسەرانی پەخشانی هاوچەرخدا، نووسەرێک و شەرابخۆرێکی تایبەتی هەبوو،ئەوەیش پێتەر هاینۆچی. ئەو ئەفسانەیەکی زیندوو بوو و کەسێک بوو بە قووڵی شەرابخۆر بوو، وەک ماڵکۆم لاوری. مردنی ئەو گەورەترین ڕووداو بوو لە ئەدەبیاتی هەنگاریدا. زۆر گەنج بوو، لەوانەیە تەنها چل ساڵ. ئەوە هەمان ئەو ژیانە بوو کە منیش ژیام. نیگەرانی هیچ شتێک نەبووم، ژیانێکی زۆر سەرسووڕهێنەر بوو، هەمیشە لە گواستنەوەدا لەنێوان دوو شاردا، لە وێستگەکانی شەمەندەفەر و باڕەکانی شەودا، سەیرکردنی خەڵک، گفتوگۆی بچووک لەگەڵیاندا. هێواش هێواش، دەستم کرد بە نووسینی کتێبەکە لەناو سەرمدا.
کارکردن بەو شێوەیە باش ئەهاتەوە لە گەڵم،چونکە هەستێکی بەهێزم هەبوو کە ئەدەبیات بوارێکی ڕۆحانی بوو، کە لە شوێنێکی تر، لە هەمان سەردەمدا، هاینۆچی، یانۆش پیلینسکی، شاندۆر ویۆرێش، و زۆر شاعیری نایابی تر دەژیان و دەیاننوسی. ئەدەبیاتی پەخشان کەمتر بەهێز بوو. زۆرتر حەزمان لە شیعر بوو چونکە سەرنجڕاکێشتر بوو، نهێنیانەتر بوو. پەخشان کەمێک زیاد لە ڕادە نزیک بوو لە ڕاستیەوە. بیرۆکەی بلیمەتی لە پەخشاندا کەسێکە زۆر لە ژیانی ڕاستەقینەوە نزیکبێت. لەبەر ئەوەیە، بە شێوازێکی نەریتی، نووسەرانی پەخشان لە هەنگاریا، وەک ژیگمۆند مۆریتس، بە ڕستەی کورت دەینووسی. بەڵام نەک کرودی، تەنها نووسەری خۆشەویستم لە مێژووی ئەدەبیاتی پەخشانی هەنگاریا. گیولا کرودی. نووسەرێکی نایاب. بێگومان نیسینەکانی ئەستەمە وەرگێڕدرێن. لە هەنگاریا، هەروەها دۆن جیۆڤانی هەبوو، باڵای دوو مەتر بەرز، پیاوێکی کەتە، پیاوێکی سەرسووڕهێنەر. ئەوەندە قۆز بوو کەس نەیدەتوانی بەرگەی بگرێت.
ئادەم سیرڵوێڵ: ئەی ڕستەکانی؟
کراسناهۆرکای: بە شێوەیەکی جیاواز لە هەموو نووسەرانی تری پەخشان ڕستەی بەکاردەهێنا. هەمیشە لە پیاوێکی کەمێک سەرخۆش دەچوو کە زۆر پەژارەیە، کە هیچ خەیاڵێکی لەسەر ژیان نییە، جەستەیەکی زۆر بەهێزی هەبوو . بەڵام کرودی ئایدیالێکی ئەدەبی نەبوو بۆمن. کرودی کەسایەتییەک بوو بۆ من، ئەفسانەیەک کە هێزی پێدام کاتێک بڕیارمدا شتێک بنووسم. یانۆش پیلینسکی ئەفسانەیەکی تری من بوو. لە ڕووی ئەدەبییەوە، پیلینسکی زۆر گرنگتر بوو بۆم لەبەر زمانەکەی، شێوازی قسەکردنی. هەوڵ دەدەم لاسایی ئەو بکەمەوە.
خۆشەویستم ئادەم، نابێت، چاوەڕێی قیامەتێک بین، ئێستا لەناو قیامەتێکدا دەژین. خۆشەویستم ئادەم، تکایە بۆ هیچ شوێنێک مەڕۆ، بۆ هیچ شوێنێک…
دەنگێکی زۆر تیژ،بەڵام هێواش، لەگەڵ هەموو ئەو وەستانانەی نێوان وشەکان. هەموو پیتەکانی کۆتایی هەر وشەیەک هەمیشە بە ڕوونی دەربڕدران. وەک کاهینێک لە ژێرزەمینی مردووان، هیوابڕاو بەڵام لە هەمان کاتدا ئەپەڕی ئومێد. بەڵام جیاواز بوو لە گیولا کرودی. پیلینسکی وەک فریشتە بوو. نەک مرۆڤێک، فریشتەیەک.
ئادەم سیرڵوێڵ: ئایا کتێبی زۆر وەرگێڕدراو بەردەست بوو؟
کراسناهۆرکای: سەردەمێک هەبوو، لە حەفتاکاندا، ئەدەبیاتی ڕۆژاوامان زۆر وەرگرت. ویلیام فۆکنەر، فرانتس کافکا، ڕیلکە، ئارسەر میلەر، جۆزێف هێلەر، مارسێل پڕووست، ساموێل بێکێت، نزیکەی هەموو هەفتەیەک شاکارێکی نوێ هەبوو. لەبەرئەوەی شاعیر و نوسەرە گەورەکانمان نەیاندەتوانی کارەکانیان بڵاو بکەنەوە لە ژێر ڕژێمی کۆمۆنیستیدا،بۆیە گەورەترین نووسەران و شاعیرانمان بوونە وەرگێڕ. بۆیە وەرگێڕانی نایابمان هەبوو لە شێکسپیر، دانتێ، هۆمێر، و هەموو نووسەرێکی گەورەی ئەمریکی، لە فۆکنەرەوە بەرەو دواتر. یەکەم وەرگێڕانی “گرافتیس ڕەینبۆ”ی پینچۆن بەڕاستی نایاب بوو.
ئادەم سیرڵوێڵ : دۆستۆیێفسکی؟
کراسناهۆرکای: بەڵێ. دۆستۆیێفسکی ڕۆڵێکی زۆر گرنگی بۆ من گێڕا، لەبەر پاڵەوانەکانی، نەک لەبەر شێوازی یان چیرۆکەکانی. ئایا گێڕەرەوەی “شەوە سپییەکان”ت لە بیرە؟ کارەکتەرە سەرەکییەکە کەمێک لە میشکین دەچێت لە رۆمانی “گێل”یدا، وێنەیەکی پێش میشکینە. هەوادارێکی شێتی ئەم گێڕەرەوەیە بووم و دواتر میشکین، لەبەر بێ بەرگرییەکەیان. وێنەیەکی بێ بەرگری، فریشتەیی. لە هەموو ڕۆمانێک من نووسیومە دەتوانیت وێنەیەکی وای تێدا بدۆزیتەوە، وەک ئێستیکە لە “ساتانتانگۆ” یان ڤالووسکا لە “مەلەنکالیی”، ئەم جیهان برینداری کردوون. شایانی ئەم بریندار بوونە نین، و حەزیان لێدەکەم چونکە باوەڕیان بە گەردوونێکە کە تێیدا هەموو شتێک نایابە، لەوانە بوونی مرۆڤ، و زۆر ڕێز لەو باوەڕەیان دەگرم. بەڵام شێوازی بیرکردنەوەیان لەسەر گەردوون، لەسەر جیهان، باوەڕیان بە بێ گوناهی، بۆ من زۆر ئەستەمە.
بۆ من، ئێمە زیاتر سەر بە جیهانی ئاژەڵانین. ئێمە ئاژەڵین، تەنها ئەو ئاژەڵانەین کە براوەین. بەڵام لە جیهانێکی زۆر مرۆییدا دەژین، باوەڕمان وایە لە جیهانێکی مرۆڤیدا دەژین کە بەشێکی تێدا هەیە بۆ ئاژەڵان، بۆ ڕووەکان، بۆ بەردەکان. ئەمەیان ڕاست نییە.
ئادەم سیرڵوێڵ: بۆیە مەبەستت ئەوەیە، فەلسەفەی تۆ ماتەریالیزمی پاک بێت؟
کراسناهۆرکای: نا نا، بمبەشە، میشکینیش ڕاستیە.
ئادەم سیرڵوێڵ:
نەخێر، زیاترم پێ بڵێ.
کراسناهۆرکای:
فرانز کافکا کەسێکە. ئەو فرانز کافکایە، بە چیرۆکی ژیانی، بە کتێبەکانی. بەڵام(ک.) لەوێیە، لە بۆشاییەکی ئاسمانی لە گەردووندا، و ڕەنگە هەندێک کارەکتەری ڕۆمانەکانی منیش لەوێ بژین. بۆ نموونە، ئیرمیاس و دکتۆرەکەی ناو ساتانتانگۆ یان بەڕێز ئێستەر و ڤالوسکا لە مەلەنکالی یان بارۆن لە ڕۆمانە نوێیەکەمەوە . ئەوان ڕەهان،ئەوان دەژین. ئەوان لە شوێنێکی هەتاهەتاییدا بوونیان هەیە.
ئایا دەتوانیت بڵێیت میشکین تەنها خەیاڵییە؟ بێگومان. بەڵام ئەوە ڕاستی نییە. ڕەنگە میشکین لە ڕێگەی کەسێکی ترەوە، لە ڕێگەی دۆستۆیڤسکییەوە، هاتبێتە ناو واقیعەوە، بەڵام ئێستا، بۆ ئێمە، ئەو کەسێکی ڕاستەقینەیە. هەموو کارەکتەرێک لەوەی پێی دەوترێت فکشنی هەتاهەتایی لە ڕێگەی خەڵکی ئاساییەوە هاتووە. ئەمە پرۆسەیەکی نهێنییە، بەڵام من بە تەواوی دڵنیام کە ڕاستە. بۆ نموونە، چەند ساڵێک دوای ئەوەی ساتانتانگۆم نووسیبوو، لە باڕێکدا بووم، و کەسێک دەستی لە شانم دا. هالیکس بوو لە ساتانتانگۆەوە. بەڕاستی! گاڵتە ناکەم! هەر بۆیەشە من وریا تر بوومەتەوە لەوەی چی دەنووسم. بۆ نموونە، دەقی ڕەسەنی جەنگ و جەنگ زۆر جیاواز بوو لەو وەشانەی کە بڵاوم کردەوە. سەد لاپەڕەی یەکەم لە بنەڕەتدا باسی لە خۆ لەناوبردنی کۆرین دەکرد، بەڵام من دەترسام کە دواتر لەو بارودۆخەدا بیبینمەوە و نەتوانم یارمەتی بدەم. من لە ئەگەری ئەوە دەترسام کە ڕەنگە هەرگیز شارۆچکە بچووکەکەی جێ نەهێڵێت. هەر بۆیەشە بڕیارم دا لەوێ دەریبهێنم،بەو ئارەزووەی کە تەنها یەک جار، لە کۆتایی ژیانیدا، بچێتە ناوەندی جیهان. من بڕیارم نەدابوو کە ئەمە نیویۆرک بێت، بەڵام بەو شێوەیە خۆم لەو چیرۆکە ڕزگار کرد کە تێیدا ئەو بۆ هەتاهەتایە لەم شوێنە دوورەدەستەدا دەژیا.
ئادەم سیرڵوێڵ:
من تەنها بیر لەوە دەکەمەوە کە باست لەوە کرد مرۆڤەکان لە جیهانێکی مرۆڤ-تەوەردا دەژین. هەندێک جار بە خەیاڵمدا دێت کە ڕۆمانەکان زۆر بە بێباکانە مرۆڤ-تەوەرن. هەشت پێکان لە کوێن؟ قەوزەکان لە کوێن؟ یەکێک لەو شتانەی کە من لە ڕۆمانەکانی تۆدا حەزم لێیە ئەوەیە کە هەوڵ دەدەن ئەوەندە، وەک بڵێی، مرۆڤ تەوەر نەبن. بەڵام هەستیش دەکرێت وەک ئۆکسیمۆرۆنێک(دژبەرییەکی واژەیی) بێت. ئەی دەتوانن چی تر بن؟
کراسناهۆرکای:
ئەمە زۆر گرنگە. ڕەنگە چوارچێوەی ڕۆمانەکە زۆر مرۆڤ-تەوەر بێت. هەر بۆیەشە کێشەی گێڕەرەوە یەکەم کێشەیە و بۆ هەتاهەتایەش بەو شێوەیە دەمێنێتەوە. چۆن دەتوانیت گێڕەرەوە لە ڕۆمانێکدا لابەریت؟ لە نوێترین ڕۆمانمدا، لە هەموو لاپەڕەیەکدا تەنها خەڵک قسە لەگەڵ یەکتر دەکەنو ئەوە یەکێکە لە ڕێگاکانی خۆلادان لە گێڕەرەوە، بەڵام ئەمە تەنها تەکنیکێکە. چونکە من لەگەڵ تۆدا هاوڕام، چوارچێوەی ڕۆمان و جیهان مرۆڤ-تەوەرە. بەڵام ئەگەر ناچار بم لە نێوان گەردوونێکی بێ چوارچێوە و مرۆڤایەتییەکی بە چوارچێوەوە یەکیان هەڵبژێرم، من مرۆڤایەتی هەڵدەبژێرم.
ئێمە هیچ بیرۆکەیەکمان نییە کە گەردوون چییە. خەڵکی ژیر هەمیشە پێیان وتووین کە ئەمە بەڵگەیە لەسەر ئەوەی کە نابێت بیری لێ بکەیتەوە، چونکە بیرکردنەوە لێی بێ ئەنجامە. تۆ تەنها بیناکردنێکی گەورەی بەدحاڵیبوون بنیاد دەنێیت، کە کەلتوورە. مێژووی کلتوور مێژووی بەدحاڵیبوونی بیرمەندە گەورەکانە. بۆیە هەمیشە دەبێت بگەڕێینەوە بۆ خاڵی سفر و بە شێوەیەکی جیاواز دەست پێ بکەینەوە. و ڕەنگە بەو شێوەیە دەرفەتێکت هەبێت نەک بۆ تێگەیشتن بەڵکو لانیکەم بۆ ئەوەی تێنەگەیشتنی زیاترت نەبێت. چونکە ئەمە لایەنەکەی تری ئەم پرسیارەیە—ئایا من بەڕاستی ئەوەندە ئازام کە هەموو کلتووری مرۆڤایەتی هەڵبوەشێنمەوە؟ واز لە سەرسام بوون بە جوانی بەرهەمی مرۆڤ بهێنم؟ زۆر قورسە بڵێیت نەخێر.
ئادەم سیرڵوێڵ:
بەڵام تۆ هێشتا ڕۆمان دەنووسیت.
کراسناهۆرکای:
بەڵێ، بەڵام ڕەنگە ئەوە هەڵەیەک بێت. من ڕێز لە کەلتورەکەمان دەگرم. من ڕێز لە دەربڕینی بەرزی مرۆڤایەتی بە هەموو شێوەکانیەوە دەگرم. بەڵام ڕەگی ئەم کەلتوورە هەڵەیە. ئەگەر هیچ نەکەین، هەموو شتێک هەر بەردەوام دەبێت. و ڕەنگە ئەمە گرنگترین شت بێت. هەموو شتێک دەبێت بەردەوام بێت بەبێ هیچ بیرکردنەوەیەک لە جەوهەرەکان، لە چییەتی و پرسیارەکانی تری لەم شێوەیە.
ئادەم سیرڵوێڵ:
وەک ئەوەی نووسین، و هەموو فۆرمێکی هونەری، ببێتە ڕیوتاڵێک بەبێ تیۆلۆژیا؟
کراسناهۆرکای:
ڕەنگە بتوانرێت بیر لە نووسین بکرێتەوە وەک ڕیتواڵ ئەنجام بدرێت،شتێک کە دووبارە دەبێتەوە، وشە لە دوای وشە، ڕستە لە دوای ڕستە. نەک بە مانای ئەڤانگاردی کلاسیک لە سەرەتای سەدەی بیستەمدا، وەک دادا،با بڵێین هونەرمەندە گەورەکانی بەرەو هیچ شوێنێک نەبرد چونکە ناوەڕۆکیان پشتگوێ خست و ئەوە هەڵەی ئەو بلیمەتە داماوانە بوو. بەڵام ئەگەر بیر لە نووسین بکەیتەوە وەک ڕیتواڵێک کە ئەنجامی دەدەیت، و ئەگەر بتوانیت لە هەمان کاتدا خۆت ببینیت، کە تۆ لەو خوارەوەیت لەسەر زەوی و وشە لە دوای وشە لە دوای وشە دەنووسیت… و پاشان کتێبێکت هەیە. تۆ دەوەستیت. کتێبەکە دادەخەیت. و یەکێکی تر دەکەیتەوە، بە لاپەڕەی بەتاڵەوە. و دووبارە دەنووسیت، دووبارە دەنووسیت، دووبارە دەنووسیت. وشە لە دوای وشە. ڕستە لە دوای ڕستە. کتێبەکە دابخە. یەکێکی تر… ئەمە ڕیتواڵێکە. ڕەنگە ئەوە نەبێت کە تۆ چۆن بیر لە نووسینەکەت دەکەیتەوە، بەڵام ڕەنگە ئەوە بێت کە دەیکەیت.
بەڵام ئەمە ئەو خاڵەیە کە دەبێت خوێنەرانمان لەبیر بێت. چونکە خوێنەران پێویستیان بە نووسینەکانمانە، هیوادارم وابێت. لەم بۆشاییە بچووکەدا،کە تێیدا کتێب و ڕۆمان و شیعر دەنووسین،شوێنێکیش بۆ خوێنەرانمان هەیە. ئەم هاوسۆزییە، ئەم هەستە زۆر گرنگە،دۆزینەوەی جەوهەرێکی هاوبەش لە نێوان نووسەران کە فۆرم دروست دەکەن و خوێنەران، کە پێویستیان بەوەیە کە ئێمە دەیکەین. ئەمەش هەندێک مانا بەم بۆشاییە بچووکە دەبەخشێت، کە لە ئاستی بەرزترەوە دەیبینین بێمانایەکی ڕەهایە. بۆیە ڕەنگە گەردوون پڕ بێت لە بۆشایی بچووک،هەریەکەیان بە کات، جەوهەر، کارەکتەر، داهێنان، ڕووداو، و هتد. بیرۆکەی جیاوازی کات بۆ بۆشایی جیاواز. هەروەک چۆن ئێمە لێرەین، لە گەردووندا، لەناو بۆشایی بچووکی مرۆڤایەتی خۆماندا.
ئادەم سیرڵوێڵ:
چۆن گەیشتیتە ستایلی خۆت،ئەم ڕستە گەورە و فراوانانە؟
کراسناهۆرکای:
دۆزینەوەی ستایل هەرگیز بۆ من قورس نەبووە چونکە هەرگیز بەدوایدا نەگەڕاوم. من ژیانێکی گۆشەگیرانە دەژیام. هەمیشە هاوڕێم هەبووە، بەڵام تەنها یەک بە یەک. و لەگەڵ هەر هاوڕێیەکدا، پەیوەندییەکم هەبوو کە تێیدا تەنها بە مۆنۆلۆگ قسەمان لەگەڵ یەکتر دەکرد. یەک ڕۆژ، یەک شەو، من قسەم دەکرد. ڕۆژی دواتر یان شەوی دواتر، ئەو قسەی دەکرد. بەڵام دیالۆگەکە هەموو جارێک جیاواز بوو چونکە دەمانویست شتێکی زۆر گرنگ بە کەسی بەرامبەر بڵێین، و ئەگەر بتەوێت شتێکی زۆر گرنگ بڵێیت، و ئەگەر بتەوێت هاوبەشەکەت ڕازی بکەیت کە ئەمە زۆر گرنگە، پێویستت بە خاڵ یان وەستان نییە بەڵکو بە هەناسە و ڕیتم،ڕیتم و ڕیتم و مێلۆدی. ئەمە هەڵبژاردنێکی خودئاگایانە نییە. ئەم جۆرە ڕیتم و مێلۆدی و پێکهاتەی ڕستەیە زیاتر لە ئارەزووی قایلکردنی کەسێکی ترەوە سەرچاوەی گرتووە.
ئادەم سیرڵوێڵ:
هەرگیز ئەمە ئەدەبی نەبووە؟ هیچ پەیوەندی بە ستایلەکانی ترەوە نەبووە، وەک هی پرۆست یان بێکێت؟
کراسناهۆرکای:
ڕەنگە کاتێک هەرزەکار بووم، بەڵام ئەوە زیاتر لاساییکردنەوەی ژیانیان بوو، نەک زمانەکەیان، نەک ستایلەکانیان. من پەیوەندییەکی تایبەتم لەگەڵ کافکادا هەیە چونکە زۆر زوو دەستم بە خوێندنەوەی کرد، ئەوەندە زوو کە نەمدەتوانی تێیبگەم،بۆ نمونە بڵێین، قەڵا باسی چی دەکات. من زۆر گەنج بووم. من برایەکی گەورەترم هەبوو و دەمویست وەک ئەو بم، بۆیە کتێبەکانیم دەدزی و دەمخوێندنەوە. هەر بۆ کافکا یەکەم نووسەری من بوو،نووسەرێک کە نەمدەتوانی لێی تێبگەم، بەڵام هەروەها یەکێک بوو کە وەک کەسێک سەرسامم بوو پێی. یەکێک لە کتێبە دڵخوازەکانم کاتێک دوانزە یان سێزدە ساڵان بووم گفتوگۆ لەگەڵ کافکا بوو، لە نووسینی گوستاڤ یانۆخ. بەم کتێبە، من کەناڵێکی تایبەتم بۆ کافکا دۆزییەوە.
هەر بۆیە یاسام خوێند، بۆ ئەوەی وەک کافکا بم. باوکم لەمە کەمێک سەری سوڕما. ئەو دەیویست من بچمە کۆلێژی یاسا بەڵام دڵنیا بوو کە من دەڵێم نەخێر چونکە من تەنها حەزم لە هونەر بوو،لە ئەدەب، مۆسیقا، نیگارکێشی، فەلسەفە، هەموو شتێک جگە لە یاسا. بەڵام من وتم باشە بەشێکی ئەوە بوو چونکە دەمویست لەسەر دەروونناسی تاوانکاری کار بکەم. لەو کاتەدا، سەرەتای حەفتاکان، ئەوە زانستێکی قەدەغەکراو بوو لە هەنگاریا. ڕۆژئاوایی بوو و بۆیە گوماناوی بوو. بەڵام هۆکاری سەرەکی، پێم وایە، کافکا بوو. بێگومان، دوای سێ هەفتە نەمتوانی بەرگەی کەشوهەواکە بگرم، و جێم هێشت،نەک تەنها کۆلێژی یاسا بەڵکو شارەکەشم جێهێشت.
ئادەم سیرڵوێڵ:
ئەمە لە کوێ بوو؟
کراسناهۆرکای:
شارۆچکەیەک بە ناوی سێگێد. بەهۆی سیستەمی خزمەتی سەربازییەوە، جێهێشتنی ئاسان نەبوو. ئەگەر بڕۆشتمایە، دەبوو بگەڕێمەوە بۆ خزمەتی سەربازی. بە شێوەیەکی ئاسایی، خزمەتی سەربازی دوو ساڵ بوو، بەڵام ئەگەر خوێندنت تەواو بکردایە، تەنها پێویست بوو یەک ساڵ خزمەت بکەیت. بەڵام، ئەگەر زوو وازت لە زانکۆ بهێنایە، دەبوو بۆ ساڵی دووەم بگەڕێیتەوە. بۆیە بووم بە خوێندکارێکی دواخراو و بۆ ماوەیەک لە بوداپێست ژیام، ئایین و فیلۆلۆژیام دەخوێند. درێژەم بە خوێندنە کۆنەکانی یۆنانی و لاتینیم دا، بەڵام تاقیکردنەوەکان قورس بوون چونکە لە ڕاستیدا لە زانکۆ نەبووم. پاشان لە کۆتاییدا، دوای چوار ساڵ، منداڵم بوو. لەگەڵ منداڵدا، کێشەی خزمەتی سەربازی چارەسەر بوو، چونکە ئەگەر دوو منداڵت هەبووایە، لەم ئەرکە ترسناکە ئازاد دەبوویت.
خزمەتی سەربازی، بۆ من، نزیک بوو لە مردن. لە تەواوی ساڵەکەدا، هەرگیز مۆڵەتم وەرنەگرت کە کامپەکە جێبهێڵم. من پاڵەوان یان ئاشتیخواز نەبووم، بەڵام ئەگەر لە پۆستێکی چاودێریدا بوویتایە، دەبوو لەوێ لەگەڵ چەکێکدا بمێنیتەوە و هیچ نەکەیت. هەندێک جار ئەفسەرێک دەهات بۆ چاودێریکردنم، و ئەگەر کافکام بخوێندایەتەوە، نەمدەتوانی بوەستم چونکە کافکا سەرنجڕاکێشتر بوو لە ئەفسەرێکی گەمژە، بۆیە هەمیشە لە زیندانی کامپەکەدا سزا دەدرام. ئەوە ئەوەندە ترسناک نەبوو، بەڵام ئەوەش مانای ئەوە بوو کە نەمدەتوانی مۆڵەت وەربگرم کامپەکە جێبهێڵم. ئەوە زۆر ترسناک بوو، کە هەمیشە لەوێ بیت.
سەرەتای خزمەتەکەم سەختترین بوو. کاتێک بە شەمەندەفەری شەوانە لە گەڵ لەگەڵ سەربازە نوێیەکانی تردا گەیشتینە سەربازگەکە، بە تەواوی وێران بووم. نەمدەتوانی لەگەڵ کەسدا قسە بکەم. هەمووان دەیانویست نوکتە بکەن، بەڵام من، نەخێر. کوڕێکی ترم دۆزییەوە، کوڕێکی گەنج، کە لە هەمان دۆخدا بوو، بۆیە کەمێک قسەمان کرد. قسەمان لەسەر ئەوە کرد کە، ئەگەر دەرفەتمان هەبێت، سەردانی یەکتر بکەین. و دوای نزیکەی هەفتەیەک، کاتێک کەمێک کاتی بەتاڵم دەستکەوت، چوومە ئەو باڵەخانەیەی کە تێیدا کاری دەکرد و پرسیم، لە کوێ دەتوانم ئەم کوڕە بدۆزمەوە؟ کەسێک وتی، نهۆمی سێیەم. لە نهۆمی سێیەمدا، دیسان پرسیم، لە کوێ دەتوانم ئەم کوڕە بدۆزمەوە؟ کەسێک وتی لە کۆگای تەقەمەنیدایە بەهۆی سزایەکەوە، چەکەکانی پاک دەکردەوە، کاتێک دەرگاکەم کردەوە، فیشەکی نا بە ناو دەمی خۆیەوە. ڕێک لە هەمان ساتدا، دەرگاکەم کردەوە و هاوڕێکەم خۆی کوشت. من منداڵ بووم. ئێمە منداڵ بووین. بە زەحمەت هەژدە ساڵ بووین.
پرسیارەکەت چی بوو؟
ئادەم سیرڵوێڵ:
من تەنها هەوڵ دەدەم کرۆنۆلۆژیایەکی گشتی ڕێکبخەم. تۆ لە گیولا لەدایک بوویت، پاشان خزمەتی سەربازیت، خوێندنەکەت لە سێگێد، ساڵانی گەڕانت، و بڵاوکردنەوەی ساتانتانگۆ. تۆ لە ساڵی ١٩٨٧ هاتیتە بەرلین و لە ساڵی ١٩٨٩ گەڕایتەوە هەنگاریا.
کراسناهۆرکای:
و هەمیشە دەگەڕامەوە و دەگەڕامەوە بۆ ئەڵمانیا.
لە سەرەتای نەوەدەکاندا، دەستم بە نوسینی کتێبی ( جەنگ و جەنگ) کرد. لە بنەڕەتدا، دەمویست بزانم سنوور بۆ ئیمپراتۆریەتی ڕۆمانی چی دەگەیەنێت. بۆ نموونە، چوومە دانیمارک، بەریتانیای مەزن، فەرەنسا، ئیتاڵیا، ئیسپانیا، کریت—هەوڵم دەدا وێرانەکان، شوێنەواری بەرگرییە سەربازییەکان بدۆزمەوە. هەمیشە لەسەر ڕێگا بووم. پێم وایە ساڵی ١٩٩٦، بەڕاستی دەستم کرد بە نووسینەوەی جەنگ و جەنگ، لەکاتێکدا لە نیویۆرک بووم، لە شوقەکەی ئالێن گینسبێرگدا.
ئادەم سیرڵوێڵ:
چۆن گینسبێرگت ناسی؟
کراسناهۆرکای:
هاوڕێیەکی هاوبەشمان هەبوو. ئالێن پیاوێکی زۆر دۆست پەروەر بوو. لە شوقەکەیدا، دەرگاکەی قوفڵی پێویست نەبوو. خەڵک دەهاتن و دەچوون، دەهاتن و دەچوون. نایاب بوو کە لەوێ بیت بەڵام هەروەها زۆر ناڕەحەتکەر بوو کە بەشێک بیت لە بازنەکەی گینسبێرگ. لە ڕۆژدا، دەمتوانی کار بکەم، و لە شەودا، ئەوە کاتێک بوو ئالێن بەڕاستی زیندوو دەبووەوە، دەمتوانی بەشداری لە ئاهەنگەکان و گفتوگۆ و مۆسیقاژەنیندا بکەم. هەرگیز پێم نەوتن کە من خەڵکی گیولام، بەڵام هەرگیز نەمدەتوانی لەبیری بکەم، دەزانی؟ کە من لە ڕاستیدا هەمان کوڕی شارۆچکەیی بووم، تەنها بێ هیچ پرچێک و لەگەڵ چەند ددانێکی کەوتوو، کە لە شۆکدا بووم کاتێک لە چێشتخانەکەدا لە تەنیشت ئالێنەوە دانیشتبومو و ئەم مۆسیقاژەن و شاعیر و نیگارکێشانە دەهاتنە ژوورەوە.. ئەوانە هەموویان خەڵکی نەمر بوون.
ئادەم سیرڵوێڵ:
بیرم دێت جارێک باسی (هەستی ناکاتی)ت،دەکرد کە هەمیشە هەستی پێدەکەیت وئایا ئەمە پەیوەندی بە گەورەبوونەوە هەیە لە ژێر ئیمپراتۆریەتی سۆڤیەتدا،چونکە مێژووی لەناوبردبوو.
کراسناهۆرکای:
کۆمەڵگایەکی ناکات بوو چونکە دەیانویست وا بیر بکەیتەوە کە شتەکان هەرگیز ناگۆڕێن. هەمیشە هەمان ئاسمانی خۆڵەمێشی و دار و پارک و شەقام و باڵەخانە و شار و شارۆچکەی بێ ڕەنگ، و خواردنەوە ترسناکەکانی ناو باڕەکان و هەژاری و ئەو شتانەی کە قەدەغە بوو بە دەنگی بەرز بیانڵێیت. تۆ لە هەتاهەتاییدا دەژیایت. زۆر خەمداری بوو. نەوەی من یەکەم نەوە بوو کە نەک تەنها باوەڕی بە تیۆری کۆمۆنیستی یان مارکسیزم نەبوو بەڵکو بە پێکەنیناوی و شەرمەزارکەری دەزانی. کاتێک کۆتایی ئەم سیستەمە سیاسییەم بینی، ئەوە سەرسوڕهێنەر بوو. هەرگیز تامی ئازادی سیاسی لەبیر ناکەم. هەر بۆیەش ئێستا هاوڵاتینامەی ئەڵمانیم هەیە، چونکە بۆ من یەکێتی ئەوروپا، پێش هەموو شتێک، ئازادی سیاسی دەگەیەنێت دژی گەمژەیی شەڕانگێزانە کە ئێستا خودای ئەوروپای ڕۆژهەڵاتە.
من لە جیهانێکی بۆرژوازییەوە هاتبووم، کە تیۆری کۆمۆنیستی هەرگیز هیچ ڕۆڵێکی نەگێڕا. ئێمە سۆسیال دیموکرات بووین، خێزانەکەم. باوکم پارێزەر بوو، و یارمەتی خەڵکی هەژاری دەدا. ئەوە ڕاستی ژیانی من بوو،کە دوو تا سێ ئێوارە لە هەفتەیەکدا خەڵکی هەژار دەهاتنە لامان و باوکم بەبێ پارە یارمەتی دەدان.ئەوانیش ڕۆژێ دواتر، زوو لە بەیانیدا دەهاتن و شتێکیان لە دەرەوەی دەرگاکەمان بەجێدەهێشت، دوو مریشک، نازانم چی.
ئادەم سیرڵوێڵ:
و دایک و باوکت جوولەکە بوون، وایە؟
کراسناهۆرکای:
باوکم ڕیشەیەکی جوولەکەی هەبوو. بەڵام ئەو تەنها ئەم نهێنییەی پێ وتین کاتێک من نزیکەی یازدە ساڵ بووم. پێش ئەوە، هیچ ئاگادارییەکم نەبوو. لە سەردەمی سۆسیالیستیدا، باسکردنی قەدەغە بوو. باشە، من نیوە جوولەکەم، بەڵام ئەگەر شتەکان لە هەنگاریا بەم شێوەیەی کە وا دیارە بەردەوام بن، بەم زووانە بە تەواوی دەبمە جوولەکە.
ئادەم سیرڵوێڵ:
باوکت چۆن لە جەنگ ڕزگاری بوو؟
کراسناهۆرکای:
ناوی ڕەسەنی ئێمە کۆرین بوو، ناوێکی جوولەکەیە. بەم ناوەوە، هەرگیز ڕزگاری نەدەبوو. باپیرم زۆر ژیر بوو، و ناوی ئێمەی گۆڕی بۆ کراسناهۆرکای. کراسناهۆرکای ناوێکی یەکێتیخوازی نیشتمانی بوو. دوای جەنگی جیهانی یەکەم، هەنگاریا دوو لەسەر سێی خاکی خۆی لەدەستدا و هێڵی سەرەکی سیاسەت دوای جەنگ، هی حکومەتی ناسیۆنالیستی پارێزگار، گەڕاندنەوەی ئەم خاکە لەدەستچووانە بوو. گۆرانییەکی زۆر بەناوبانگ هەبوو، گۆرانییەکی زۆر بە سۆز بوو، دەربارەی قەڵای کراسناهۆرکا. دوای جەنگ، بوو بە بەشێک لە چیکۆسلۆڤاکیا. جەوهەری گۆرانییەکە ئەوەیە کە قەڵای کراسناهۆرکا زۆر خەمگین و تاریکە و هەموو شتێک بێ هیوایە. لەوانەیە هەر بۆیە باپیرم هەڵیبژاردبێت. نازانم. کەس نازانێت، چونکە پیاوێکی زۆر بێدەنگ بوو. ئەمە لە ساڵی ١٩٣١ بوو، پێش یەکەم یاساکانی هەنگاریا لە سەر جولەکە.
ئادەم سیرڵوێڵ:
با زیاتر باسی نووسینەکانت بکەین. یەک شت کە سەرنجم ڕادەکێشێت ئەوەیە کە وا دیارە زۆر ڕوونیت کە تەنها چوار ڕۆمانت نووسیوە.
کراسناهۆرکای:
ساتانتانگۆ، مەلەنکالی بەرگری، جەنگ و جەنگ، گەڕانەوەی بارۆن وێنکهایم بۆ ماڵەوە.
ئادەم سیرڵوێڵ:
بۆ نموونە، دەقێکی وەک (ئەنیماڵ ئینساید) لە کوێ دادەنێیت؟
کراسناهۆرکای:
ئەنیماڵ ئینساید ڕۆمانێکە، هەرچەندە بە مانا باوەکەی نا. بەڵام شتێک ڕۆمانە یان کورتە چیرۆک ئەوە پەیوەندی بە ژمارەی لاپەڕەکانەوە نییە. من لە سەرەتای کارکردنمدا هەندێک چیرۆکم نووسی، (ڕیلەیشن ئۆڤ گراس) (١٩٨٦). ئەم چیرۆکانە لە بۆشاییەکی زۆر بچووکدا کار دەکەن، لە ماوەیەکی زۆر دیاریکراودا، کە لە ناوەڕاستیدا یەک کارەکتەر هەیە. ڕۆمانێک پێکهاتەیەکی گەورەی هەیە، وەک پردێک، کەوانەیەک، لە سەرەتاوە تا کۆتایی. لە حاڵەتی چیرۆکدا، پێویست بەو کەوانەیە نییە. لەبری ئەوە، چیرۆک سندوقێکی ڕەشە، کە کەس نازانێت چی ڕوویداوە تێیدا.
ئادەم سیرڵوێڵ:
کەواتە ڕۆمانە نوێیەکە، گەڕانەوەی بارۆن وێنکهایم، دەربارەی چییە؟ ئایا جۆرێکە لە ئۆدیسە؟
کراسناهۆرکای:
بەڵێ. بۆ ئەم کارەکتەرە سەرەکییە، ئەمە گەڕانەوەیەکە لە کۆتایی ژیانیدا. پیاوێکی زۆر بەتەمەنە کە لە بۆینس ئایرس دەژی. پیاوێکی زۆر هەستیار و زۆر باڵابەرزە، وەک گیولا کرودی. بەڵام زۆر بەدبەختە،هەمیشە هەڵە دەکات