تاجی لەرزۆک لە گەمەی نەوتدا: وانەکانی ڕەزا شا بۆ قەیرانی ئەمڕۆی فەلەستین

244
0
بڵاوکردنەوە:

نووسینی: شارۆ شاهۆ

ڕەوتی ڕووداوەکانی مێژوو ئەو شایەتییە دەدەن (محمد ڕەزا شا) نەزانێک بوو کە لە وەه می میراتی مێژووی پاشایەتیی ئێران دەژیا، نەیتوانی لە سیاسەتی ڕۆژ تێبگات و ئەو گۆڕانکارییانە بخوێنێتەوە کە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا ڕوویان دەدا – بە جۆرێک کە ڕۆڵی گوێ لەمشتێکی دەبینی کە دواتر تەواوی یارییەکان بەسەر خۆیدا شکانەوە. وەک ئاقیبەتی سەرکردە و دەستەبژێری هەموو ئەو سیستەم و وڵاتانەی کە لە هاوکێشەی ناوچەکەدا بەرژەوەندیی خۆیان دەخەنە پێش نەتەوەکانیان تەنیا لەپێناو مانەوەی خۆیان. وەک کارڵ مارکس، فەیلەسووفی ئەڵمانی، لە پەرتووکی ( The Eighteenth Brumaire of Louis Bonapa) ئاماژە بەوە دەکات: مێژوو خۆی دووبارە دەکاتەوە، سەرەتا وەک تراژیدیا، دواتر وەک کۆمیدیا. ئەگەر ڕووخانی دەسەڵاتی ڕەزاشای باوک تراژیدیا بووبێت، ئەوا بۆ محمد ڕەزای کوڕ بابەتەکە کۆمیدیا بوو.

لە یەکێک لەو چاوپێکەوتنە نایابانەی کە ڕۆژنامەنووس (مایک واڵاس) لە ١٩٧٤دا لەگەڵی سازی داوە، شا ئاماژە بە شتانێکی جێ بایەخ دەدات، کە دەکرێت کۆمەکبەخش بن بۆ خوێندنەوەی واقعی ئیمڕۆ. (مایک واڵاس) لێی دەپرسێت کە ئایا سەرنجی چییە لەسەر ئەو گەمارۆ ئابورییەی وڵاتانی عەرەبی بەرهەمهێنەری نەوت کە لە ڕێکخراوی ئۆپێک خستوویانەتە سەر ئەمریکا و ئیسرائیل کە بە قەیرانی نەوتی ١٩٧٣ – ١٩٧٤ ناسراوە. نرخی بەرمیلێک نەوت لە $٣ دۆلارەوە بۆ نزیکەی $١٢ دۆلار بەرز بووەتەوە، ئەمەش وەک فشارێک بۆ کەمکردنەوەی هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر فەڵەستین و گێڕانەوەی ئیسرائیل بۆ سنوورەکانی ١٩٦٠ کە بەر لە جەنگی شەش ڕۆژەی ١٩٦٧ لێی زەمینگیر بووبوو.

شا لە وەڵامدا دەڵێ بۆچی ئەمریکا دەبێ نیگەران بێ لەو جۆرە بڕیارە؟ لە کاتێکدا زۆرترین نەوتی لەو گەمارۆیەدا هاوردە کردووە لە ڕێگای کۆمپانیا نەوتییەکانی. (مایک)یش لە وەڵامدا دەڵێت، مەگەر تۆ ئەو هەموو سەرەی ئۆتۆمبێلە لەناو ئەمریکا نابینیت بۆ وەرگرتنی سووتەمەنی ڕیزیان بەستووە؟ شا دەڵێت: بەڵێ دەیبینم، بەڵام داهاتی کەشتییە نەوتییە ئەمریکییەکان بە جۆرێک زیاد بووە کە لە ئەندازە بەدەرە، لە دەریاکان جموجۆڵیان زیاتر بووە. مەبەستی ئەوەیە ئەم گواستنەوەیە بە جۆرێکە کە شوێنێک نەماوە ئەوان لەم جیهانە نەوتی بۆ نەگوێزنەوە. لە سەردەمی قەیرانەکاندا، کۆمپانیای ئەمریکی ئیکسۆن (Exxon) لە ڕووی داراییەوە بە شێوەیەکی بەرچاو پەرەیسەند. داهاتی گشتیی کۆمپانیاکە، کە لە ساڵی ١٩٧٢دا ٢٠.٧ ملیار دۆلار بوو، بە شێوەیەکی بەرچاو زیادی کرد و گەیشتە ٢٥.٩ ملیار دۆلار لە ساڵی ١٩٧٣، پاشان بە هەنگاوێکی گەورەتر بەرز بووەوە و لە ساڵی ١٩٧٤دا گەیشتە ئاستی ٣٥.٨ ملیار دۆلار. ئەم زیادبوونە، کە ڕێژەکەی زیاتر لە ٧٠٪ بوو، بەراورد بە سەردەمی پێش قەیرانەکە، دۆخی دارایی کۆمپانیاکەی بە شێوەیەکی گرنگ گۆڕی و پاوەجێی زلهێزی کۆمپانیاکەی لە ئاستی ئابووری جیهانی زیاتر مسۆگەر کرد [1].

پاشان، گفتوگۆکان بەو ئاراستەیە دەچن کە ئێران لەم گەمارۆیە سوودمەند بووە، بەو پێیەی کە نەبووە بە بەشێک لەم گەمارۆیەی ئۆپیک، نرخی نەوتیش بە ڕێژەی لە سەدا ٪٢٠٠ زیادی کردووە، ئەمەش هۆکارە بۆ زیادبوونی داهاتی وەک پشتیوانێکی ئیسرائیل. شا لە وەڵامدا دەڵێت: “پەیوەندیی نێوان ئێران و ئیسرائیل، هۆکارێک نییە بۆ دەوڵەمەندبوونی ئێران و زیاتر بارگرانییە لەسەرمان. پەیوەندیی ئابوریمان لە سێ ملیۆن دۆلار ساڵانە تێپەڕ ناکات. هەروەها ئەو زانیارییە هەواڵگریانەی کە پێمانی دەدەن، لە ڕۆژنامە ئەمریکییەکانیشدا دەست دەکەون. ڕاستە نەوت بە گران دەفرۆشین، بەڵام ئەمریکا و ئیسرائیل بارگرانیی ئابووریی زۆریان خستۆتە سەرمان. هەمیشە وڵاتانێکی زلهێزی پیشەسازی دوو ڕەفتار دەگرنە بەر لە مامەڵە، یەکەم ڕەفتاری دوژمنکارانە، دووەم ڕەفتاری دۆستایەتی و پشتیوانی. بەڵام ئەمریکا هەر شتێک بۆمانی دەنێرن دە قات پارەی دەخاتە سەر، بۆ نموونە پارچەی یەدەگی ڕادار، کە بچووکترین شتە، بە پارەیەکی زۆر پێمانی دەدەن، تاکوو دەچێت بۆ تەواوی پرسەکانی تر کە لە ئەمریکای هاوردە دەکرێت.” (مایک واڵاس)یش لێی دەپرسێت: ئایا ئەمە ڕەفتاری تۆڵەسەندنەوەیە دژ بە ئێران؟ شا دەڵێت نەخێر، چونکە ئەمریکا ناتوانێت کۆنترۆڵی ئابووری خۆی بکات.

واڵسیش پرسیار دەکات: بۆ مەگەر ئێوە دەتوانن؟

لە بەرسڤدا، بە تەنزەوە شا دەڵێت: “بەڵێ ئێمە دەتوانین و ئێوە ناتوانن بۆیە ئێمە بە کۆمەڵگای ئەمریکی دەڵێین (کۆمەڵگای کارئاسانیکار-permissive society). کە ئەمەش ئاماژەیە بە سیستەمێکی کۆمەڵایەتی کە تێیدا نۆرمە تەقلیدییەکان لاوازبوون و ئازادیی تاکەکەسی بایەخێکی زیاتری پێ دراوە. ئەم جۆرە کۆمەڵگایە کەمتر سنووردارکردن بەسەر ڕەفتارەکانی تاکدا دەسەپێنێت لە بوارەکانی سێکسوالیتە، ڕەفتاری کەسی و هەڵبژاردنی شێوازی ژیان و بوونی بازاڕی ئازاد و سەرمایەگوزاری بە ئازادی. [2-3]”

ساڵی ١٩٧٦: قەیرانی ئابووری و کاریگەرییەکانی لەسەر ئێران:

ساڵی ١٩٧٦ وەرچەرخانێکی چارەنووسساز بوو بۆ ئێران و ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست. لەو دەمەدا، ئابووری ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لەژێر باری قورسی هەڵاوسانی بەردەوامدا دەیناڵاند و بەرزبوونەوەی نرخی نەوت ڕۆڵێکی بەرچاوی لە تەنگەژەی ئابووری جیهانیدا گێڕا. شا، کە بە پەرۆشەوە بەدوای زیادکردنی داهاتی نەوتەوە بوو بۆ ئەوەی پڕۆژە ژێرخانییە مەزنەکانی و بەردەوام دەستی بە کەرەستە سەربازییەکان بگات، پشتگیری بەرزبوونەوەی نرخی نەوتی کرد. ئەم هەڵوێستەی شا، نەک هەر دژی بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا بوو، بەڵکو ناوبانگی خۆشی لەنێو ئەمریکییەکاندا خەوشدار کرد. گرنگتر لەوەش، هێنری کیسینجەر، یەکێک لە پاڵپشتە سەرسەختەکانی شا لە ئیدارەی فۆرددا، هەستی بە کزبوونی کاریگەری خۆی دەکرد، لە کاتێکدا ڕەخنەگرانی شا لە ناو ئیدارەدا هێز و دەسەڵاتیان پەرەپێدەدا. یەکێک لەو ڕەخنەگرانە، ویلیام سیمۆن، وەزیری گەنجینەی ئەمریکا بوو کە تەنانەت لە ڕاگەیاندنەکاندا شای بە “گوێزێک” ناوزەد کرد. لە کاتێکدا ئەم نیگەرانی و توڕەبوونەی سیمۆن زیاتر دنە دەدەرا لای ئەنتۆنی سلێمانی جێگری. بۆ ئەوەی نرخی نەوت لە ئاستێکی نزمدا بهێڵرێتەوە، شانشینی عەرەبی سعوودیە ڕازی بوو بەرهەمهێنانی نەوتی زیاد بکات، وەک ڕێگەچارەیەک بۆ دەرچوون لەو ڕێککەوتنەی کە لەگەڵ ئۆپێکدا کرابوو. ئەم هەنگاوە هاڕەی بە بازاڕی نەوت کرد و نرخەکانی دابەزاند. بە زیادکردنی بڕی نەوت لە بازاڕدا، ئەو بەرزبوونەوەی نرخەی کە شا لە ئۆپێک بەدەستی هێنابوو، بە شێوەیەکی کاریگەر پووچەڵ کرایەوە. لەناکاودا ئێران ملیارەها دۆلار لە داهاتی چاوەڕوانکراوی نەوتی لەدەست دا، ئەویش لە سەردەمێکدا کە هەڵاوسانێکی بەپەلە بەهۆی بەرزبوونەوەی نرخی کاڵا هاوردەکراوەکان بەڕێوە بوو. لەبەر ئەوەی حکوومەت بودجەی خۆی بە پشتبەستن بە پێشبینییە ئابوورییەکان داڕشتبوو کە بەرەو بێبایەخبوون دەچوو، ناچار بوو بەردەوام بێت لە لێبڕینە کەمەرشکێنەکان لە بودجەی گشتیدا. «ڕێکارەکانی دەستگرتنەوە – Austerity measures»لە پلانەکانی شادا نەبوون، بەڵام دەبوایە بە خێرایی پەیڕەویان بکات، ئەگەرچی دەرئەنجامە ئازاربەخش و ئاژاوەگێڕانەکانی کۆمەڵانی ئێران تێیدا شتێکی حەتمی بوون [4].

کاتێک شا ڕایگەیاند کە پلانی شەشەمی گەشەپێدانی ئابووری وڵاتەکەی دوا دەخات، ئاشکرا بوو کە قەیرانەکە تەنیا گیروگرفتێکی کاتیی نییە. بە جۆرێک لە هاوینی ١٩٧٦دا، لە ڕاپۆرتێکی نهێنیی باڵیۆزخانەی بەریتانیا بۆ وەزارەتی دەرەوە، ئاماژە بەوە کراوە کە مانگانە نزیکەی یەک ملیار دۆلار سەرمایەی ناو کەرتی تایبەت، ئێران بەجێ دەهێڵێت [5]. هەزاران کەسی دەوڵەمەندی ئێرانی دەستیان کرد بە کڕینی خانوو لە لەندەن، فەڕەنسا و کالیفۆرنیا. هەروەها، لەو ساتەوەختەشدا، هەستی بێهیوایی باڵی بەسەر شادا کێشا، سەرباری ئەو نەخۆشییە کوشندەیەی کە هەیبوو. هەرچەندە کەمێک لە خەڵک ئاگاداری ئەم بارودۆخە بوون. لەناکاو تارانی پایتەختی ئێران، تووشی کەمیی کارەبا بوو و بەشێک لە شارەکانی دیکەش دووچاری کەمیی ئاو و کارەبا بوونەوە. لەم هەلومەرجە ناسکەدا، دەسەڵاتداران دەستیان بە گرتنەبەری ڕێوشوێنە خۆپارێزییەکان کرد: هەڵوەشاندنەوەی پڕۆژە گەورەکانی وەبەرهێنان، دواخستنی پارەدان بە بەڵێندەران، کەمکردنەوەی خەرجییەکان و تەنانەت قەرزکردن لە دەرەوەی وڵات. ئەمەش ڕێگا خۆشکەر بوو بۆ زنجیرە ڕووداوەکانی دواتر کە ئاکامەکەی شۆڕشی ١٩٧٩ بوو کە تێیدا کۆتایی بە دەسەڵاتی شا هێنرا. هەر وەک گرێدانەوەیەکیش لێرەدا، لە ١٩٧٨دا، کاتێک شۆڕشی ئێران لەوپەڕی گەرموگوڕیدا بوو، ئیدارەی کارتەر خۆی لە بەردەم دوو ڕێگای دژواردا بینییەوە: پشتگیریکردنی شا وەک هاوپەیمانی ستراتیژی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، یان پاراستنی ناوبانگی خۆی لە بواری مافەکانی مرۆڤ بە پشت بەردانی شا وەک سەرکردەیەکی دیکتاتۆر و خاوەن ناوبانگێکی خراپ لە پاراستنی بنەماکانی مافەکانی مرۆڤ لە جیهاندا. ئەم دووفاقییە لە سیاسەتی ئەمریکادا، لەگەڵ دوودڵیی بەردەوامی شا لە بڕیاردان و چاوەڕێکردنی ڕەزامەندیی واشنتۆن، بوونە هۆی دروستبوونی بۆشاییەک کە دواتر شۆڕشگێڕان پڕیان کردەوە.

 

لە قەیرانی نەوتی (١٩٧٣ – ١٩٧٤) بۆ سەردەمی وزەی نوێ:

 

ئەو هەلومەرجانەی کە پاش ئەم قەیرانە هاتنە کایەوە، شتانێک نەبوون بە ئاسانی بەسەر ئەمریکا و هاوپەیمانەکانیدا تێپەڕن، لێکەوتەکانیان هەمەلایەن و تا ڕادەیەکیش کەمەرشکێن بوون بۆ وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست. تورکی ئەلفەیسەڵ ئەل سعود، باڵوێزی پێشووی سعودیە لە واشنتۆن، بە ڕوونی ئاماژە بەوە دەکات کە ئەم قەیرانە تەواوی هاوکێشەکانی هێز و سیاسەتی وزەی گۆڕی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، بە جۆرێک کە وڵاتانی کەنداو ڕۆڵیان برەوی سەند لە سیاسەتی جیۆپۆلەتیکدا، بە تایبەت سعودیە، کە نرخی نەوت بە شێوەیەکی چاوەڕواننەکراو زیادی کرد. داهاتی نەوت لە سعودیە، لە نێوان ساڵانی ١٩٦٥ و ١٩٧٥دا چل هێندە زیادی کرد، لە ٦٥٥ ملیۆن دۆلاری ئەمریکییەوە بۆ ٢٦ ملیار دۆلار. ئەمەش بووە هۆکارێک کە ئەمریکا لە ١٩٧١دا، بڕیار بدات بە جیاکردنەوەی بەهای زێڕ بەرانبەر بەهای دۆلار کە بە شۆکی نیکسۆن (Nixon Shock) ناسراوە، کە ئەنجامێکی سەرەکی بوو بە کۆتایی هاتنی سیستەمی برێتۆن وودزی ١٩٤٤، کە بەهای دۆلار بە بە شێوەیەکی هەمیشەیی بە زێڕ جێگیر کرا (١ ئۆنسە = ٣٥$). ئەمریکا لە ئەمڕۆدا بەردەوام دۆلار چاپ دەکات بەبێ بوونی هیچ بەهایەکی سروشتی وەک زێڕ، ئەمەش لە زمانی ئابووریدا بە دراوی فیات (Fiat Money) ناسراوە [6]. هەروەها، لێکەوتەکانی ئەم قەیرانە بە دیدی تورکی فەیسەڵ، بەجۆرێک لە جۆرەکان بووە هۆکاری سەرهەڵدانی شۆڕشی ئیسلامیی ئێران (١٩٧٨-١٩٧٩)، دەرکەوتنی سەدام حسێن لە عێراق، داگیرکردنی ئەفغانستان لە لایەن یەکێتی سۆڤێتەوە [7]. ئەوەی شایەنی ئاماژەیە لێکەوتەی ئەم قەیرانە بە جۆرێک بوون کە بەکارهێنانی نەوتی خاو بە شێوەیەکی بەرچاو لە ئاستی جیهانیدا زیادی کرد. دابینکردنی جیهانی لە کەمتر لە ٦٠ ملیۆن بەرمیل لە ڕۆژێکدا لە ١٩٧٣ـەوە کە وڵاتانی ئۆپێک لە ٪٥٣ پێویستی بازاڕی جیهانی پڕ دەکردەوە، گەیشتووەتە نزیکەی ١٠٣ ملیۆن بەرمیل لە ڕۆژێکدا لە ٢٠٢٥دا. ئۆپێک بە تەنیا بە ڕێژەی ٣١٪ بەشدارە لە بەرهەمهێنانی نەوت و پڕکردنەوەی خواستی بازاڕ [8]. ئەمەش بە ڕەچاوکردنی سیاسەتی وزە و پێداچوونەوە بە پرۆسەکانی بەرهەمهێنانی نەوت و بەرزکردنەوەی ئاست و تەکنیکی نوێی بەرهەمهێنان لە لایەن وڵاتانی زەرەرمەندی قەیرانی نەوتی ١٩٧٣. هەنووکە بەرهەمهێنان لە دەرەوەی ئۆپێک، ١٤ ملیۆن بەرمیل لە ڕۆژێکدایە. نەوتی ئەلاسکا و کەنداوی مەکسیک یارمەتیدەر بوو بۆ سەقامگیرکردنی بەرهەمهێنانی ویلایەتە یەکگرتووەکان. دواتر، شۆڕشی شەیڵ (The U.S. Shale Revolution) کە تەکنیکێکی نوێی دەرهێنانی نەوت بوو لە ڕێگای بیرلێدان بە ڕێگەی ئاسۆیی و شکاندنی هایدرۆلیکی بەردەکانی شەیڵ کە نەوتی شل و گازیان لەخۆ گرتووە. ئەم تەکنیکە ویلایەتە یەکگرتووەکانی کردە گەورەترین بەرهەمهێنەر و هەناردەکەری نەوتی شل بۆ بازاری وزەی جیهانی سەرباری بوونی ڕەخنەیەکی زۆر لەسەر ئەم تەکنیکە لە لایەن چالاکوانانی ژینگەییەوە کە ئاماژە بە لێکەوتە نەرێنییەکانی دەکەن لەسەر ژینگە و پیسبوون و بەفیڕۆدانی ئاوێکی زۆر لە کاتی دەرهێنانی نەوت و گاز بەم تەکنیکە. هەروەها، ئەمڕۆ زۆرێک لە وڵاتانیش پێداچوونەوەیان بە سیاسەتی وزەی خۆیان کردووە لە ڕێگەی گواستنەوە بۆ سەرچاوەکانی وزەی نوێبووەوە وەک با و خۆر، ئۆتۆمبێلە کارەباییەکان کە خاوەنەکانیان لە گۆڕانی نرخەکانی نەوت دەپارێزن. پاش تێپەڕبوونی ٥٢ ساڵ بەسەر گەمارۆی وڵاتە عەرەبییەکان لەسەر ئەمریکا و ئیسرائیل، دەکرێت بگەین بەو دەرئەنجامەی کە قەیرانەکانی ئەمڕۆ، داهاتووی وزەیان بە شێوەیەکی بەرچاو لە نادڵنیاییدا هێشتووەتەوە [9]. گۆڕانکاری لە تێکەڵەی وزەی جیهانی، بە تایبەت گەشەی خێرای ئۆتۆمبێلە کارەباییەکان، دەکرێت گرنگیی نەوت وەک کارتی فشار بە دەست وڵاتانی هاوسۆزی فەڵەستینەوە کەم بکاتەوە. هەر وەک دەبینین، بەردەوام سەرکۆنەی ئیسرائیل دەکرێت بۆ کردە سەربازیە وێرانکەرەکانی بەبێ بوونی هیچ کارتێکی فشار لەسەر پرسی وزە لە لایەن وڵاتە عەرەبییەکانەوە، بە تایبەت وڵاتانی کەنداو و زەنگین بە سامانی سروشتی.

ئەنجامگیری:
لێرەدا دەکرێت بە دەرئەنجامێک بگەین: ئێستا شینێکی زۆر دەکرێت بۆ فەلەستین و کەرتی غەزە بە تایبەت. هەڵبەتە ئەم شینگێڕییە لەو ڕووەوە کە ئیسرائیل بێ مۆڕاڵە و تاوانی دژ بە مرۆڤایەتی ئەنجام دەدات، ڕەوایەتی تێدایە. بەڵام ڕەوایەتی تێدا نییە گوتاری پۆپۆلیزمی لەسەر پاوەن بکرێت. لە کاتێکدا ئەمڕۆ وڵاتانی کەنداو خاوەن کۆمپانیای نەوتی خۆیانن، تەواو گوێلەمستی بازاڕە داراییەکانی تایبەت بە نەوت و کانزاکانن کە زۆریان بارەگاکانیان لە نیۆیۆرک-ئەمریکا و لەندەنن. ئەگەر لە ڕابردوودا ناچار بووبن بۆ ئەوەی لەپاڵ خەونی ناسیۆنالیزمی عەرەبی و یەکگرتنی گەلانی موسوڵمان ژیابن و دۆزی فەلەستین لە لایان جێگای ئەرزش بووبێت، تەواوی هێز و توانایان بەگەڕ خستبێت لە ململانێکانی (عەرەب-ئیسرائیل)دا، ئابڵوقەیان خستبێتە سەر ئەمریکا و ئیسرائیل، ئەوا ئەمڕۆ ئەو خەونە گۆڕانکاری زۆری بەسەردا هاتووە. تەواوی بەرژەوەندییە ئابوورییەکانی وڵاتانی کەنداو تێکەڵ بووە بەو بازاڕە جیهانییەی کە ئەمڕۆ ئەمریکا و ڕۆژئاوا ئاراستەی دەکەن. ئەوەی لە دەستپێکی ئەم توێژینەوەیەدا خستمانە بەرباس گوتەی دۆستێکی ئەمریکا و ئیسرائیل بوو کە بە هاوبەشی ستراتیژی خۆی دەیبینی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا. بەڵام کاتێک شا ملی نەدا و لە هەمان کاتیشدا ئەو دەسەڵاتەی نەبوو لە پرسی وزە، دواجار بە پشتێکردنی لە لایەن ئیدارەی جیمی کارتەر و ئیسرائیل و بەریتانیا، کۆتایی بە نازناوی پاشای پاشاکان هێنرا کە لەخۆی نابوو. ئەوەی جێگای سەرنجە، لەپاش ڕووداوەکانی ٧ی ئۆکتۆبەری ٢٠٢٣، کاتێک گروپە تیرۆریستییەکانی سەر بە حەماس پەلاماری ئیسرائیلیان دا، هەتاکوو هەنووکە، هێزە ئیسلامییە سیاسییەکانی کوردستان بەردەوام گوتاری ئاگرین و جۆشدراو بە هەست و سۆزی ئایینی و بانگهێشت بۆ جیهاد، میدیا و شەقامی کوردییان تەنیوە. لە کاتێکدا ئەم گوتارە، ناتوانێت کاریگەری هەبێت و جگە لە زیادکردنی ڕق و کینە و تێوەگلان لەناو ململانێ ناوچەییەکان کە زیانی هەیە بۆ ئەزموونی هەرێمی کوردستان، هیچ بەرهەمێکی تری نابێت. ئەزموونێک کە گیرۆدەی دەستی هێزە ناوچەیی و جیهانییەکانە لە پرسی سیاسەتی وزەدا، هەر لە ڕووداوەکانی ١٦ی ئۆکتۆبەری ٢٠١٧، گرتنەوەی چاڵە نەوتییەکان لەلایەن هێزە عێراقییەکانەوە بە گڵۆپی سەوزی بەریتانیا و بریتیش پترۆلیۆم [10]، تاکوو بڕیارەکەی دادگای ژووری بازرگانی پاریس بۆ ڕاگرتنی هەناردەی نەوتی هەرێم بۆ بەندەری جەیهان لە تورکیا، کە زیانەکانی گەیشتۆتە نزیک ٢٥ ملیار دۆلار لەسەر ئابووری ئێراق و هەرێم [11] .

 

سەرچاوەکانت:

  1. New York Times. “Exxon Displaces GM as No. 1 in Sales; Oil Companies Climb in Fortune’s List.” New York Times, May 5, 1975.
    nyti.ms/3U9uKfO

  2. 60 Minutes Archive. Oil and the Shah of Iran (1974).
    youtu.be/EI5joeY2l-U

  3. McLaughlin, Sean J. “The Permissive Society: America, 1941–1965, by Alan Petigny.” Canadian Journal of History, vol. 45, no. 2, 2010, pp. 413–415.
    doi.org/10.3138/cjh.45.2.413

  4. Guerrero, J. G. The Carter Administration and the Fall of Iran’s Pahlavi Dynasty, Palgrave Macmillan, 2016.
    (p. 24)

  5. U.S. Department of State. “Nixon and the End of the Bretton Woods System, 1971–1973.” Milestones in the History of U.S. Foreign Relations.
    history.state.gov/milestones/1969-1976/nixon-shock

  6. Krane, Jim, and Mark Finley. “The Arab Embargo 50 Years Ago Weaponized Oil to Inflict Economic Trauma — Sound Familiar?” Baker Institute for Public Policy, Oct. 11, 2023.
    bakerinstitute.org/research/arab-embargo-weaponized-oil

  7. Ainvest. “IEA Forecasts Global Oil Supply at 104.5 Million Barrels per Day in 2025.” March 13, 2025.
    bit.ly/3Qtf6bn

  8. Historical analysis of non-OPEC supply (1973–2003). The Oil Supply and Demand Context for Security of Oil Supply to the EU from the GCC Countries, pp. 36–44.
    1library.net/qojp5vjz

  9. Yahoo Finance. “Rising Oil Prices, Surging Inflation: Sound Familiar?”
    ca.news.yahoo.com/rising-oil-prices

  10. Kurdistan Threat and Risk Assessment Center. “ڕانانێک بۆ کتێبێکی پڕبایەخ! کەرکوک- شاری ئاگر.” Tack.krd, Nov. 4, 2023.
    tack.krd/details2.aspx?id=2606

  11. Shar Press. “بارزانى: دواخستنی هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێم، زیانی زیاتر لە 25 ملیار دۆلار.” Shar Press, April 1, 2025.
    sharpress.net/all-detail.aspx?Jimare=233492

تاگهزر
بڵاوکردنەوە: