تاقیکردنەوەکەی میلگرام: چۆن مرۆڤ گوێڕایەڵی فەرمانی نائەخلاقی دەبێت؟

106
0
بڵاوکردنەوە:

 

نووسینی: شارۆ شاهۆ

لە سەرەتای شەستەکانی سەدەی ڕابردوو، یەکێک لە نامۆترین تاقیکردنەوە دەروونییەکان لە لایەن پسپۆڕی دەروونزانی «ستانلی میلگرام»ەوە سەرڕێ خرا لە زانکۆی یەڵ (Yale University). ئامانج لەم تاقیکردنەوەیە پەردە هەڵماڵین بوو لەسەر ئەو لایەنە ترسناک و شاراوانەی کە دەسەڵات دەتوانێت پەیڕەوی بکات لە ڕامکردنی تاکەکان بۆ گوێڕایەڵبوونیان لە بەرانبەر بڕیارەکانیدا. «میلگرام» دەیویست بزانێت تا چ ئاستێک تاکەکان ئامادەن گوێڕایەڵی فەرمانی دەسەڵاتدار بن؟ ئەگەرچی ئەو فەرمانانە لەگەڵ بنەما ئەخلاقییەکانی ئەواندا یەکانگیر نەبێت. ئیلهامی ئەم تاقیکردنەوەی «میلگرام» لەژێر ڕۆشنای ڕاپۆرتەکەی «هانا ئارێنت»ەوە سەرچاوەی گرتبوو لەسەر دادبینی «ئادۆڵف ئایشمان» نووسیبووی بە ناونیشانی ئایشمان لە ئۆرشەلیم (Eichmann in Jerusalem)؛ ئارێنت لە تیۆرەکەی لەسەر بەناڵیەتی خراپە (کاڵفامی خراپەکاران) ئەوە دەخاتە ڕوو، کە کردارە ترسناکەکان دروست نابن لە خراپەکارییەکی دیاریکراو، بەڵکو لە ئەنجامی گوێڕایەڵی کوێرانە و نەبوونی بیرکردنەوەی رەخنەییە. لە چوارچێوەی ئەم تاقیکردنەوەیەدا، ٤٠ پیاو بەشدارییان کرد، کە تەمەنیان لە نێوان ٢٠ بۆ ٥٠ ساڵدا بوو، کە سەرجەمیشیان وەها تێگەیەندرابوون کە ئەم تاقیکردنەوەیە تەنیا بۆ پێوانەکردنی توانستی بیرەوەری و فێربوونە. بنچینەی تاقیکردنەوەکە لەسەر دابەشکردنی سێ ڕۆڵ جێبەجێ کرا کە ئەوانیش (مامۆستا)، (فێرخواز) و (ڕێکخەر).

لە دەستپێکدا، مامۆستا و فێرخواز دەخرانە ژوورێکەوە کە بە جۆرێک بوو کە مامۆستاکە فێرخوازەکەی نەدەبینی و نێوانیان بە ئامێرێکی کۆنتڕۆڵکردن دابڕێندرابوو کە ژمارەیەک دوگمەی لەسەر بوو بۆ گەیاندنی شۆکی ڤۆڵتیەی کارەبا بە فێرخواز کە لەسەر کورسییەک دانیشتبوو، تەنیادەنگی دەبیسترا لەناو ژووری تاقیکردنەوەکەدا. مامۆستاکەش (کە هەر بەشداربوویەک بۆ یەک جار ئەم ڕۆڵەی وەردەگرت)، زنجیرەیەک پرسیاری ئاراستەی فێرخواز دەکرد. فێرخوازیش بە داگرتنی دووگمەکانی بەردەستی وەڵامی دەدایەوە کە پێک هاتبوون لە ٣ دوگمە بۆ وەڵامدانەوەی جۆری پرسیارەکان. ئەگەر وەڵامەکەی هەڵە بایە، مامۆستا شۆکێکی کارەبای لە (فێرخواز) دەدا. جار لە دوای جار ئاستی شۆکی ڤۆڵتییەکەی بەرز دەکردەوە کە ئاستی دیاریکراوی شۆکەکان لە نێوان ( ١٥ بۆ ٤٥٠) ڤۆڵت شۆکی کارەبایی بوو. زۆرێک لە (مامۆستاکان) نیگەران بوون لە پەنجەداگرتن لەسەر دوگمەی شۆکەکان، چونکە (فێرخواز) هاواری دەکرد کە ناتوانێت بەردەوام بێت. لە ڕاستیدا، کەسی (فێرخواز) ئەکتەرێک بوو، شۆکە کارەباییەکان کاریان لێی نەدەکرد، بەڵام بە جۆرێک ڕۆڵی دەگێڕا کە بە ڕاستی ئازار دەچێژێت.

کاتێک مامۆستاکان دەیانویست بوەستن، (ڕێکخەرەکان) فەرمانیان پێ دەکردن کە پێویستە بەردەوام بن و هیچ بژاردەیەکی تریان لە بەردەست نییە بۆ وەستاندنی تاقیکردنەوەکە و دەبێت پێملی سەرجەم ڕێنماییەکان بکەن. ئەنجامی تاقیکردنەوەکە شۆکهێنەر بوو بۆ «میلگرام» چونکە ٦٥٪ی بەشداربووان کە یەکسان بوو بە (٢٦ بەشداربوو) گەیشتنە بەرزترین ئاست لە بەکارهێنانی (٤٥٠ ڤۆڵت) شۆکی کارەبایی، لە کاتێکدا ٣٥٪ کە (١٤ بەشداربوو) ڕەتیان کردەوە بەردەوامی بدەن بە پرسیارەکانیان و ئاستی شۆکی کارەباییەکە بەرز بکەنەوە. سەبارەت بە بەشداربووەکانی تریش بە لایەنی کەمەوە (٣٠٠ ڤۆڵت) شۆکی کارەباییان بەکارهێنا لەسەر (فێرخوازەکان). لەدوای ئەم تاقیکردنەوەیە، «میلگرام» لە دەرەوەی (زانکۆی یەڵ)، لە نێوان ساڵانی (١٩٦١-١٩٦٣) پتر لە ١٨ جار تاقیکردنەوەی هاوشێوەی ئەنجام دا لەسەر زیاتر لە (٧٠٠ بەشداربوو) لە کەسانی خاوەن پاشخانی جیاواز لە شوێنی هەمەجۆردا لەوانە ئۆفیس و شوێنە گشتییەکاندا بۆ ئەوەی بەشداربووان مۆرکی تاقیکردنەوەیان بەسەردا زاڵ نەبێ. «میلگرام» گەیشت بەو ئەنجامەی لە (٦٠-٦٥ ٪) بەشداربووەکان گوێڕایەڵی فەرمانەکانی ڕێکخەری تاقیکردنەوەکان بوون، تەنانەت (٤٥٠ ڤۆڵت) لە شۆکی کارەباییان بەکار‌ هێناوە لەسەر فێرخوازەکان.

تاقیکردنەوەی میلگرام ڕەخنەی ئەخلاقی زۆری لێکەوتەوە، لەبەر ئەوەی بەشداربووەکان ئەزموونێکی تاڵی فشاری دەروونی و سۆزداری کرد. بەڵام لە لایەکی ترەوە، ئەنجامگیری گرنگی بەخشی دەربارەی ڕەفتاری مرۆڤ لە ژینگە دەسەڵاتدارانەدا، بە تایبەتی ئەو سیستەمانەی کە سەرکوتکارن و بە زەبری هێزی توند هاوکێشەکان یەکلا دەکەنەوە. سەرئەنجام «میلگرام» لە ڕێگەی ئەم تاقیکردنەوەیەوە گەیشتە ئەو ڕاستییەی کە مەرج نییە ڕەفتاری دڕندانەی تاکەکان بەس بێت بۆ جێبەجێکردنی ئەو فەرمانانەی کە ئەخلاقی نیین، بەڵکو ژینگە و دەسەڵاتێکی باڵادەست خاوەنی کاریگەرییەکی بەرچاوە لە داتاشینی ئەو بەهانانەی کە تاکەکان ڕەوایەتی پێ ئەدەن لە بێتاوانبوونی خۆیان لە بەرانبەر هەر کارێک کە بنەما ئەخلاقییەکان تێیدا سەنتەر نین، دەسەڵات ئاراستەیان دەکات بەبێ بوونی هیچ جۆرە پێودانگێکی ئەخلاقی.

لە چوارچێوەی ئەم بابەتەدا بە گرنگی دەزانین زیاتر لەسەر چەمکی (کاڵفامی خراپەکار) ڕابمێنین، بۆ ئەوەی کۆمەکی زیاترمان بکات لە تێگەیشتن لەوەی گوێڕایەڵبوونی تاکەکان بەرانبەر سیستەمە ئۆتۆکراتیکەکان کە بەشداری کارای سیاسی و مەدەنی لە تاکەکان زەوت ئەکەن لە پێناو هەیمەنەی کەمینەیەک (ئۆلیگارشی). ئارێنت  (ئایشمان)ی بە کائینێکی شەیتانی ئەژمار نەکرد، کە ڕەنگدانەوەی ڕەگوڕیشەی خراپەکاری پەتی بێت. بەڵام کاتێک گوێبیستی (ئایشمان) بوو لە دادبینیەکەیدا، تووشی سەرسوڕمان بوو، چونکە کەسایەتیەکی زیرەک بوو بەڵام فێڵباز نەبوو وەک چاوەڕێی دەکرد. بەڵکو زیاتر خاوەن کەسایەتییەکی گاڵتەجار بوو. ئەمەش لەبەر ئەقڵی لە قاڵبدراو ئەو بەو پێبەندییانەی کە نازیزم ڕەنگڕێژی کردبوو بۆ قڕکردنی جووەکان. لێ زۆرترین شتێک کە جێگای تێڕامانی ئارێنت بوو، لە داکۆکیکردنی لە ئایشمان، ئەو قسەیە بوو کە وتی (من تەنها زمانی کارگێڕێ دەزانم).

بۆیە ئارێنت دەڵێت: (هەر کاتێک ئایشمان هەوڵی بیرکردنەوەی دەدا، ڕاستەوخۆ بیری لە پۆستەکەی دەکردەوە). ئەمەش مانای وایە تاوانەکانی ئایخمەن لەوەوە سەرچاوە ناگرێت کە مرۆڤ بە سروشتدا خراپەکارە، بەڵکو ئەو دەستبەرداری مەرجی مرۆڤبوونی خۆی بووە، لەوەی پێش ئەوەی هەر کارێک بکات لێی ڕابمێنێت و توانای دادوەری ((Faculty of Judgment هەبێت بۆیان بەبێ وابەستەبوون بەو یاسا و نۆرمە گشتییانەی کە سیستەم تۆتالیتارەکان پاوەجێیان کردووە، یاخود دەستەبژێرێک پێیان پەسەندە. هەروەتر، ئارێنت چەمکی (بەرفراوانکردنی زهنی -Enlarged Mentality) پێشنیازدەکات وەک بنەمایەک بۆ دادوەری بێلایەن لە بەدی هێنانی دادپەروەری و فەراهەمکردنی بەشداری سیاسی بۆ تاکەکان. هەتاکو بنەماکانی دادپەروەری و چالاکییە سیاسیەکان قەتیس نەبێت لە چوارچێوەیەکدا کە دەسەڵاتە ستەمکار و تۆتالیتارەکان بەردەوام تێیدا خۆیان نوێ دەکەنەوە.

لە کۆتاییدا، گرنگە لەناو دونیایبینی تاکی کۆمەڵی کوردییدا، هۆشیاری هەبێت بەو سیستەم و دامەزراوانەی کە بڕیار ئەدەن کاری تێدا بکەن. بە جۆرێک شیمانەی تەواوی ئەو لایەنانە بکەن کە ئەگەری هەیە پێی ئەرکدار ببن کە  تێیدا بەهای مرۆڤبوون ئامانج نەبێت بەڵکو ئامرازێک بێت بۆ ڕاپەراندنی کوێرانەی ئەو ئەرک و فەرمانانەی کە پێی دەسپێردرێت. تاکی ئێمە لە جێگەیەکدا مەترسیدارە لەوەی کە پاساو دائەتاشێت بەوەی ناچارە ئەوەی پێی دەڵێن جێبەجێی بکات. لە کاتێکدا هۆشیاریشە بەوەی کە دەزانێت ئەو کارەی هەڵی بژاردووە، ناتوانێت باشەی لێ بچنێتەوە! پرسی هەژاری و سنورداربوونی دەرفەتەکان دەکاتە پاساو، ڕەنگە ئەم پاساوەش لە جێیەکدا ڕەوا بێت. چونکە تەواوی کایەکان لە هەرێمی کوردستان مۆنەپۆل کراون لە لایەن پارتە سیاسییە باڵادەستەکان. باشترین دەرفەتیش بۆ ئەوانەیە کە سێ و دوو ناکەن لە جێبەجێکردنی ئەو ئەرکانەی کە پێیان دەسپیردرێت ئەگەرچی نائەخلاقیش بن. بەڵام دواجار  گرنگە تاکەکانی کۆمەڵەی کوردی بەوە هۆشیار بن لە کوێدا دەتوانن بڕیارە ڕاستەکە بدەن،  نەبنە ئامرازێک بۆ ستەمکاری و پەلکێشبوون بۆ گێژاوێک کە ڕزگاربوون لێی ئەستەم بێت!

 

 

 

سەرچاوەکان:

  1. Cherry, Kendra. “Understanding the Milgram Experiment in Psychology.” Verywell Mind, August 13, 2024. Reviewed by David Susman, PhD. https://www.verywellmind.com/the-milgram-obedience-experiment-2795243
  2. Milgram, Stanley. 1963. “Behavioral Study of Obedience.” Journal of Abnormal and Social Psychology 67, no. 4 (1963)
  3. The Dark Side of Science: The Milgram Experiment (1963) (Short Documentary).” YouTube video, 2025. https://youtu.be/8bbVFeTIIg8.
  4. Barnett, Joshua Trey. 2025. “Enlarged Mentality and Earthly Coexistence.” Medium, March20,2025.https://medium.com/quote-of-the-week/enlarged-mentality-and-earthly-coexistence-e9db02b5d767
  5. Passerin d’Entrèves, Maurizio. 1994. The Political Philosophy of Hannah Arendt. London: Routledge, 137–150.

 

تاگهزر
بڵاوکردنەوە: