چارەنووسی هونەر لە سەردەمی تیرۆردا

244
0
بڵاوکردنەوە:

نووسینی :بۆریس گرۆیس

وەرگێڕانی: ڕامیار مەحموود

بە شێوەیەک لە  شێوەکان پەیوەندی نێوان هونەر و دەسەڵات، هونەر و شەڕ، هونەر و تیرۆر، هەمیشە پەیوەندییەکی تێکچمڕاوە. ڕاستە، هونەر پێویستی بە ئاشتی و ئارامی هەیە بۆ گەشەکردنی. بەڵام جار لە دوای جار لە پێش هەموو شتێکەوە ئەم ئارامییەی بەکارهێناوە، بۆ ستایشکردنی قارەمانانی جەنگ و داستانی پاڵەوانێتییەکانیان. نوێنەرایەتی کردنی شکۆ و ئازاری شەڕ بۆ ماوەیەکی زۆر بابەتی پەسەندکراو بوو بۆ هونەر. بەڵام هونەرمەندی سەردەمی کلاسیک تەنها گێڕەوە یان وێنەکێشی ڕووداوەکانی شەڕ بوو ، لە سەردەمی کۆندا هونەرمەند هەرگیز کێبڕکێی لەگەڵ جەنگاوەر نەدەکرد. دابەشکردنی کار لە نێوان شەڕ و هونەردا زۆر ڕوون بوو. جەنگاوەر شەڕی ڕاستەقینەی دەکرد، و هونەرمەند نوێنەرایەتی  ئەم جەنگەی دەکرد  بە گێڕانەوەی یان وێنەکێشانی. واتە: جەنگاوەر و هونەرمەند پشتیان بە یەکتر بەستبوو. هونەرمەند پێویستی بە جەنگاوەر بوو تاکو بابەتێکی بۆ بەرهەمە هونەرییەکەی هەبێت. بەڵام جەنگاوەر زیاتر پێویستی بە هونەرمەند بوو،هونەرمەند دەیتوانی بابەتێکی تری ئاشتیخوازانەتر بۆ کارەکەی بدۆزێتەوە، بەڵام تەنها هونەرمەند دەیتوانی ناوبانگ بە جەنگاوەر ببەخشێت و ئەم ناوبانگە بۆ نەوەکانی داهاتوو بپارێزێت. بە واتایەکی دیاریکراو، کردەوەی قارەمانی شەڕ بێهوودە و بێ بەهابوو بەبێ هونەرمەندێک کە هێزی شایەتیدانی ئەم کردەوە قارەمانییەی هەبێت و لە بیرەوەری مرۆڤایەتیدا تۆماری بکات. بەڵام لە سەردەمی ئێمەدا بارودۆخەکە بە تەواوی گۆڕاوە: جەنگاوەری هاوچەرخ چیتر پێویستی بە هونەرمەند نییە بۆ ئەوەی ناوبانگ بەدەست بهێنێت و کردەوەکەی لە بیرەوەری گشتیدا تۆمار بکات. بۆ ئەم مەبەستە، جەنگاوەری هاوچەرخ هەموو میدیا هاوچەرخەکانی لەبەردەستدایە. هەر کردەوەیەکی تیرۆر، هەر کردەوەیەکی شەڕ ڕاستەوخۆ تۆمار دەکرێت، نوێنەرایەتی دەکرێت،ڕەچەتە دەکرێت، وێنا دەکرێت، دەگێڕدرێتەوە و لەلایەن میدیاوە ڕاڤە دەکرێت. ئەم ئامێرەی ڕووماڵکردنی میدیا بە شێوەیەک لە  شێوەکان (خۆکار) کار دەکات. پێویستی بە هیچ دەستێوەردانێکی هونەری تاکەکەسی، هیچ بڕیارێکی هونەری تاکەکەسی نییە بۆ ئەوەی بجووڵێت. وەک پاڵ پێوەنانی دوگمەیەک کە بۆمبێک بتەقێتەوە، جەنگاوەر یان تیرۆریستی هاوچەرخ دوگمەیەک پاڵ پێوە دەنێت ئامێری میدیا دەخاتە کار.

بێگومان، میدیای جەماوەری هاوچەرخ  وەک گەورەترین و بەهێزترین ئامێر بۆ بەرهەمهێنانی وێنە دەرکەوتووە،لە ڕاستیدا زۆر بەرفراوانتر و کاریگەرتر لە سیستەمی هونەری هاوچەرخی ئێمە. بەردەوام وێنەی شەڕمان پێ دەدرێت، تیرۆر وهەموو جۆرەکانی کارەسات، لە ئاستێکی وەهای بەرهەمهێنان و بڵاوکردنەوەی وێنەدا کە هونەرمەند بە توانا دەستییەکانیەوە ناتوانێت کێبڕکێی لەگەڵ بکات.لە هەمان کاتدا، سیاسەتیش گواستراوەتەوە بۆ بواری وێنەی بەرهەمهێنراوی میدیا. لەم سەردەمەدا، هەر سیاسەتمەدارێکی گەورە، یان ستارێکی ڕۆک، یان کەسایەتی سەرگەرمکاری تەلەفزیۆن، یان پاڵەوانی وەرزشی هەزاران وێنە بەرهەم دەهێنن لە ڕێگەی دەرکەوتنە گشتییەکانیانەوە ، جەنەراڵ یان تیرۆریستێکی بەناوبانگ تەنانەت وێنەی زۆر زیاتر بەرهەم دەهێنێت لە هەر هونەرمەندێکی زیندوو. کەواتە وا دەردەکەوێت کە هونەرمەند وەک دواهەمین پیشەوەر(کرافتسمەن) لە مۆدێرنیتەی ئەمڕۆ ، هیچ دەرفەتێکی نییە بۆ کێبڕکێ کردن لەگەڵ ئەم مەشینە باڵادەستە بەرهەمهێنەرەی وێنە کە بە شێوەیەکی بازرگانی بەڕێوە دەچن. و لەوەش زیاتر تیرۆریستەکان و جەنگاوەرەکان خۆیان دەست دەکەن بە کارکردن وەک هونەرمەند لە سەردەمی ئێستادا.

بە تایبەتی هونەری ڤیدیۆ بووە بە میدیای هەڵبژاردەی جەنگاوەرانی هاوچەرخ. بن لادن لە ڕێگەی ئەم میدیایەوە پەیوەندی لەگەڵ جیهانی دەرەوەدا دەکرد: هەموومان لە پلەی یەکەمدا ئەو وەک هونەرمەندی ڤیدیۆ دەیناسین. هەمان شت دەتوانرێت دەربارەی ئەو ڤیدیۆیانە بوترێت کە سەربڕین، دانپێدانانی تیرۆریستەکان…هتد نیشان دەدەن. لە هەموو ئەم دۆخانەدا، ئێمە سەروکارمان لەگەڵ ڕووداوی هۆشیارانە و هونەرمەندانە دروستکراودا هەیە کە جوانناسی خۆیان هەیە کە بە ئاسانی دەناسرێنەوە.

لێرەدا خەڵکانێکمان هەیە کە چاوەڕێی هونەرمەندێک ناکەن بۆ نوێنەرایەتی کردنی کردەوەکانی جەنگ و تیرۆریان: لە بری ئەوە، کردەوەی جەنگ لێرەدا هاوکاتە لەگەڵ بەڵگەنامەکردنیدا، لەگەڵ نوێنەرایەتی کردنیدا. ئەرکی هونەر وەک ناوەندێکی نوێنەرایەتیکردن، و ڕۆڵی هونەرمەند وەک ناوەندگیرێک لە نێوان واقیع و بیرەوەریدا بە تەواوی  کۆتایی هاتووە. هەمان شت دەتوانرێت لەبارەی وێنە و ڤیدیۆ بەناوبانگەکانی زیندانی ئەبو غرێب لە بەغدا بوترێت. ئەم ڤیدیۆ و وێنانە لێکچوونێکی سەرسوڕهێنەری جوانناسیان لەگەڵ هونەر و فیلمسازی ئەڵتەرنەتیڤ و ژێرزەمینی ئەوروپی و ئەمریکی شەستەکان و حەفتاکاندا هەیە. لە ڕاستیدا لێکچوونە ئایکۆنۆگرافی و شێوازییەکەی سەرنجڕاکێشە. (ئەکشنیزمی ڤیەننا، پاسۆلینی هتد). لە هەردوو حاڵەتدا ئامانج ئەوەیە کە جەستەیەکی ڕووت، لاواز، خوازراو دەربخات کە بە شێوەیەکی ئاسایی لەلایەن سیستەمی داب و نەریتە کۆمەڵایەتییەکانەوە داپۆشراو و نەبینراو کراوە. بەڵام، بێگومان، ستراتیژی هونەری ژێرزەمینی شەستەکان و حەفتاکان ئامانجی ئەوە بوو کە کۆمەڵێک بیروباوەڕ و داب و نەریتی باوی زاڵ بلسەر کلتووری خودی هونەرمەندەکە لاواز بکات. لە بەرهەمهێنانی هونەری ئەبو غرێبدا دەتوانین بڵێن ئەم ئامانجە بە تەواوی لە خشتەبراوە. هەمان جوانناسی ژێرزەمینی بەکار هێنرا بۆ هێرشکردنە سەر و لاوازکردنی کلتوورێکی جیاواز، کلتوورێکی تر بە کردەوەیەکی توندوتیژی، بە کردەوەیەکی سووکایەتی کردن بە ئەوی تر (لە جیاتی خۆپرسیارکردن لە خۆت کە سووکایەتی بە خۆکردنیش لە خۆ دەگرێت) – و بەهاکانی پارێزگارانەی کەلتووری خۆت بە تەواوی بێ پرسیار بەجێ دەهێڵیت. بەڵام بەهەرحاڵ گرنگە ئاماژە بەوە بکەین کە لە هەردوو لایەنی جەنگی دژی تیرۆردا بەرهەمهێنان و بڵاوکردنەوەی وێنە بەبێ هیچ دەستێوەردانێکی هونەرمەندەکەیە.

ئێستا لە بەرچاوگرتنی ئەتیکی وڕامیاری  نرخاندنی ئەم بەرهەمهێنانی وێنانە وەلا دەنێم  چونکە پێم وایە ئەم تێڕوانینانە کەم تا زۆر ڕوونن. لەم ساتەدا بۆ من گرنگە ڕایبگەیەنم کە ئێمە لێرەدا باس لەو وێنانە دەکەین کە بوونەتە ئایکۆنی خەیاڵی دەستەجەمعی هاوچەرخ. ڤیدیۆکانی تیرۆریستان و ڤیدیۆکانی زیندانی ئەبو غرێب لە هۆشیاری یان تەنانەت نا خودئاگاماندا زۆر قووڵتر چەسپیون لەچاو کاری هەر هونەرمەندێکی هاوچەرخ. ئەم لەناوبردنەی هونەرمەند لە پراکتیکی بەرهەمهێنانی وێنەدا،زۆر بە تایبەتی ئازاربەخشە بۆ سیستەمی هونەر، چونکە لانیکەم لە سەرەتای مۆدێرنیتەوە هونەرمەند دەیویست ڕادیکاڵ، ئازا، شکێنەری تابۆ بێت، لە سەرووی هەموو سنوور و بەربەستەکانەوە بێت. گوتاری هونەری ئاڤانگارد کەڵکی لە چەندین چەمک لە بواری سەربازییەوە وەرگرتووە، لەوانەش خودی چەمکی ئاڤانگارد. باسیان لە وردوخاشکردنی نۆرمەکان، لەناوبردنی داب و نەریتەکان، پێشێلکردنی تابۆکان، پەیڕەوکردنی ستراتیژی هونەری دیاریکراو، هێرشکردنە سەر دامەزراوەی هونەر.. هتد کردووە. لێرەوە دەتوانین ببینین کە هونەری مۆدێرن نەک تەنها هاوتەریبی شەڕە، وێنای دەکات، ستایشی دەکات یان ڕەخنەی لێ دەگرێت وەک پێشتر، بەڵکو شەڕیش بەرپا دەکات. هونەرمەندانی ئاڤانگاردی کلاسیکی خۆیان وەک بکەری نەفیکردن، وێرانکردن، لەناوبردنی هەموو شێوە نەریتییەکانی هونەر دەبینی. بەگوێرەی وتە بەناوبانگەکەی “نەفیکردن داهێنانە”، کە لە دیالێکتیکی هیگڵەوە ئیلهامی وەرگیراوە و لەلایەن نووسەرانی وەک باکونین یان نیچە لەژێر ناونیشانی “هیچگەرایی چالاک”دا ئاڤانگاردەکان هەستیان دەکرد توانایان پێدراوە بۆ دروستکردنی ئایکۆنی نوێ بە تێکدانی ئایکۆنە کۆنەکان. بەرهەمێکی هونەری مۆدێرن بەوە دەپێورا کە چەندە ڕادیکاڵ بووە، هونەرمەندەکە چەندە لە لەناوبردنی نەریتی هونەریدا چووەتە پێش. ئەگەرچی لە ماوەی دواییدا زۆر جار خودی مۆدێرنیتە بە بەسەرچوو ڕاگەیەنراوە، تا ئەمڕۆش ئەم پێوەرەی ڕادیکاڵبوون  گرنگی خۆی بە هیچ شێوەیەک لە د ەست ەنداوە لە هەڵسەنگاندنی هونەرماندا. خراپترین شتێک کە دەکرێت دەربارەی هونەرمەندێک بوترێت، ئەوەیە کە هونەرەکەی “بێ زیان”ە.

ئەمە مانای وایە کە هونەری مۆدێرن پەیوەندییەکی زیاتر لە دوولایەنەی هەیە لەگەڵ توندوتیژی، لەگەڵ تیرۆر. کاردانەوەی نەرێنی هونەرمەندێک بۆ دەسەڵاتی سەرکوتکەر و دەوڵەت  شتێکە بەدیاریکراوی باس نەکراوە. هونەرمەندانێک کە پابەندن بە نەریتی مۆدێرنیتە هەست دەکەن بەبێ دوودڵی پاڵنەری ئەم نەریتەن بۆ بەرگریکردن لە سەروەری تاک لە دژی زۆرداری دەوڵەت. بەڵام هەڵوێستی هونەرمەند بەرامبەر بە توندوتیژی تاکەکەس و شۆڕشگێڕانە ئاڵۆزترە، لەو ڕووەوە کە ئەویش بەشێوەیەکی ڕادیکاڵانە جەخت لەسەر سەروەری تاک دەکاتەوە لە دژی دەوڵەت. مێژوویەکی درێژ هەیە بۆ هاوبەشی ناوەکی قووڵ لە نێوان هونەری مۆدێرن و توندوتیژی شۆڕشگێڕی مۆدێرن، تاکەکەسیدا. لە هەردوو حاڵەتدا، نەفیکردنی ڕادیکاڵ یەکسان دەکرێت بە داهێنانی ڕەسەن، چ لە بواری هونەر یان سیاسەتدا بێت. بەردەوام ئەم هاوبەشییە دەبێتە هۆی جۆرێک لە کێبڕکێ. هونەر و سیاسەت لانیکەم لە یەک ڕووی بنەڕەتیدا پەیوەستن: هەردووکیان بوارێکن کە تێیدا خەبات بۆ دانپێدانان بەڕێوە دەبەن. هەروەک ئەلێکساندەر کۆژێڤ لە ڕاڤەکەی لەسەر هیگڵ پێناسەی کردووە، ئەم خەباتە بۆ دانپێدانان لە خەباتی ئاسایی بۆ دابەشکردنی کەرەستەی ماددی زیاترە، کە لە مۆدێرنیتیدا بە گشتی لەلایەن هێزەکانی بازاڕەوە ڕێکخراوە. ئەوەی لێرەدا مەبەستە تەنها ئەوە نییە کە ئارەزوویەکی دیاریکراو ڕازی بکرێت بەڵکو ئەوەشە کە وەک شتێکی ڕەوای کۆمەڵایەتی دانی پێدا بنرێت. لە کاتێکدا سیاسەت گۆڕەپانێکە کە تێیدا بەرژەوەندی گروپی جۆراوجۆر لە خۆ دەگرێت، هەم لە ڕابردوو و هەم لە ئێستادا، بۆ دانپێدانان خەباتیان کردووە، هونەرمەندانی ئاڤانگاردی کلاسیکی پێشتر چوونەتە ململانێ بۆ دانپێدانان بە هەموو فۆرم و پرۆسێجەرە هونەرییە تاکەکەسییەکان کە پێشتر بە ڕەوا نەزانراون. بە واتایەکی تر، ئاڤانگاردی کلاسیکی خەباتی کردووە بۆ دەستکەوتنی دانپێدانان بۆ هەموو هێما ڤیژوەڵەکان، فۆرمەکان، و میدیاکان وەک ئۆبجێکتی ڕەوای ئارەزووی هونەری و هەروەها وێناکردن لە هونەردا. هەردوو شێوەی خەبات بە شێوەیەکی ناوەکی بە یەکەوە بەستراونەتەوە، و هەردووکیان ئامانجیان دۆخێکە کە تێیدا هەموو خەڵک بە بەرژەوەندییە جۆراوجۆرەکانیانەوە، هەروەها هەموو فۆرم و پرۆسێجەرە هونەرییەکان، لە کۆتاییدا مافی یەکسانیان پێدەدرێت. و هەردوو شێوەی خەبات لە چوارچێوەی مۆدێرنیتیدا وەک شتێکی ناوەکی توندوتیژ بیریان لێدەکرێتەوە.

لەم بارەیەوە، دۆن دیلیلۆ لە ڕۆمانی “ماو II” دەنووسێت کە تیرۆریستەکان و نووسەرەکان لە گەمەی زیرۆ سەمدا بەشدارن: بە نەفیکردنی ڕادیکاڵی ئەوەی بوونی هەیە، هەردووکیان دەیانەوێت گێڕانەوەیەک دروست بکەن کە توانای دەستبەسەراگرتنی خەیاڵی کۆمەڵگای هەبێت و بەمەش کۆمەڵگا بگۆڕێت. لەم ڕووەوە، تیرۆریستەکان و نووسەرەکان کێبەرکێکارن ، وەک دیلیلۆ تێبینی دەکات،بەڵام لەم ڕۆژگارەدا نووسەر بەتەواوی دۆڕاوە چونکە میدیای ئەمڕۆ کردەوەکانی تیرۆریستەکان بەکار دەهێنن بۆ دروستکردنی گێڕانەوەیەکی بەهێز کە هیچ نووسەرێک ناتوانێت کێبڕکێی بکات. بەڵام، بێگومان، ئەم جۆرە کێبڕکێیە لە حاڵەتی هونەرمەنددا تەنانەت ڕوونترە لەچاو حاڵەتی نووسەر. هونەرمەندی هاوچەرخ هەمان میدیا بەکار دەهێنێت وەک تیرۆریست: وێنەگرتن، ڤیدیۆ، فیلم. لە هەمان کاتدا ڕوونە کە هونەرمەند ناتوانێت لە تیرۆریست زیاتر بڕوات، هونەرمەند ناتوانێت لە بواری سیمای ڕادیکاڵدا کێبڕکێ لەگەڵ تیرۆریست بکات. لە مانیفێستی سوریالیستیدا ئەندرێ بریتۆن راگەیاندنێکی باناوبانگی هەیە کە کردەوەی تیرۆریستی تەقە کردن لە خەڵکی ئاشتیخواز وەک سیمای سوریالیستی ڕەسەن،سیمای هونەری. ئەمڕۆ وا دەردەکەوێت کە ئەم سیمایە  تەواو بەجێهێڵدراوە لە پەرەسەندنەکانی ئەم دواییە. لە ڕووی ئاڵوگۆڕی سیمبۆلی، کە بە ڕێگای پۆتلاچ کار دەکات، وەک لەلایەن مارسێل ماوس یان جۆرج باتایەوە ڕەچەتە کراوە، واتە بە کێبڕکێ لە ڕادیکاڵی وێرانکردن و خۆ-وێرانکردندا، هونەر بە ئاشکرا لە لایەنی دۆڕاودایە.

بەڵام وا دەردەکەوێت کە ئەم ڕێگە زۆر باوەی بەراوردکردنی هونەر و تیرۆر، یان هونەر و شەڕ بە شێوەیەکی بنەڕەتی هەڵەیە. و ئێستا هەوڵدەدەم نیشانی بدەم کە لە کوێ بەهەڵەداچوون دەبینم. هونەری ئاڤانگارد، هونەری مۆدێرنیتە ئایکۆن شکێن بوو. هیچ گومانێک لەمەدا نییە. بەڵام ئایا دەتوانین بڵێین کە تیرۆر ئایکۆن تێکشکێنە؟ نەخێر، تیرۆر زیاتر ئایکۆن دۆستە. بەرهەمهێنانی وێنەی تیرۆریست یان جەنگاوەر ئامانجی بەرهەمهێنانی وێنەی بەهێزە  ئەو وێنانەی کە ئێمە پەسەندی بکەین وەک “ڕاستەقینە”، وەک “ڕاست”، وەک “ئایکۆن”ی واقیعی شاراوەی ترسناک قبووڵیان بکەین کە بۆ ئێمە واقیعی سیاسی جیهانی سەردەمەکەمانە. من دەڵێم: ئەم وێنانە ئایکۆنی تیۆلۆژی سیاسی هاوچەرخن کە زاڵە بەسەر خەیاڵی دەستە جەمعیماندا. ئەم وێنانە هێزیان، باوەڕپێکەرییان پشت بە شێوازێکی کاریگەری بلاکمەیڵی ئەخلاقی دەبەستێت. دوای چەندین دەیە لە ڕەخنەی مۆدێرن و پۆست-مۆدێرن لە وێنە، لە لاسایی کردنەوە، لە نوێنەرایەتی کردن، هەست بە شەرمەزاری دەکەین بە وتنی ئەوەی کە وێنەکانی تیرۆر یان ئەشکەنجەدان ڕاست نین، ڕاستەقینە نین. ناتوانین بڵێین کە ئەم وێنانە ڕاست نین، چونکە دەزانین ئەم وێنانە بە لەدەستدانی ژیانی ڕاستەقینە پارەیان داوە ، لەدەستدانی ژیانێک کە لەلایەن ئەم وێنانەوە بەڵگەنامە کراوە. ماگریت بە ئاسانی دەیتوانی بڵێت کە سێوێکی وێنەکێشراو سێوێکی ڕاستەقینە نییە یان پایپێکی وێنەکێشراو پایپێکی ڕاستەقینە نییە. بەڵام چۆن دەتوانین بڵێین کە سەربڕینێکی ڤیدیۆیی سەربڕینێکی ڕاستەقینە نییە؟ یان کە ڕێوڕەسمێکی ڤیدیۆیی سووکایەتی پێکردن لە زیندانی ئەبو غرێب ڕێوڕەسمێکی ڕاستەقینە نییە؟ دوای چەندین دەیە لە ڕەخنەکردنی نوێنەرایەتی کردن کە ئاراستە کراوە دژی بڕوای ساویلکانە بە ڕاستی وێنەیی و سینەمایی، ئێستا ئامادەین هەندێک وێنەی وێنەگیراو و ڤیدیۆیی وەک ڕاستییەکی گومانبڕ قبووڵ بکەین، دیسانەوە.

ئایا ئەمە واتای ئەوەیە: تیرۆریست یان جەنگاوەر ڕادیکاڵە ، بەڵام نەخێر ئەو ڕادیکاڵ نییە بە هەمان مانای ئەوەی کە هونەرمەند ڕادیکاڵە. ئەو شکاندنی وێنەکان پراکتیزە ناکات. بەڵکو ئەو دەیەوێت باوەڕ بە وێنەکان بەهێزتر بکات، سۆزی وێنەدۆستانە بەهێزتر بکات، ئارەزووی وێنەدۆستانە بەهێزتر بکات. ئەو ڕێکارە ناوازە و ڕادیکاڵەکان بەکاردێنێت بۆ کۆتایی هێنان بە مێژووی شکاندنی وێنەکان، بۆ کۆتایی هێنان بە ڕەخنەگرتن لە نوێنەرایەتی. ئێمە لێرەدا بەرەوڕووی ستراتیژییەکی مێژووی تەواو نوێ دەبینەوە.

بێگومان، جەنگاوەری نەریتی حەزی بە وێنەکانی دەکرد کە دەیانتوانی شکۆمەندی بکەن، بە شێوەیەکی باش و سەرنج ڕاکێش و ئەرێنی پیشانی بدەن. ئێمەش بێگومان نەریتێکی  دورودرێژمان کۆکردووەتەوە لە ڕەخنەگرتن و هەڵوەشاندنەوەی  ستراتیژیی ئایدیاڵیزەکردنی وێنەیی. بەڵام ستراتیژییە وێنەییەکەی جەنگاوەری ئێستا ستراتیژییەکی شۆک و سەرسامیە. ستراتیژییەکی وێنەییی ترساندنە. بێگومان ئەمە تەنها پاش مێژووە درێژەکەی هونەری مۆدێرن ئەگەرکراو بوو کە وێنەکانی ترس، دڕندەیی و خراپکردنی دیمەن بەرهەم دێنێت.

ڕەخنە نەریتیەکەی نوێنەرایەتی بە گومان و تۆمەتەوە بەڕێوە دەچوو کە دەبێت شتێکی ناشرین و ترسناک لە پشت ڕووکاری وێنە ئایدیاڵکراوە ئاساییەکانەوە شاردرابێتەوە. بەڵام جەنگاوەری ئێستا بە تەواوی ئەو شتە پیشان دەدات ئەو ناشرینیە شاردراوە، وێنەی گومانەکەمان، وێنەی ترسەکەمان. تەنها بەهۆی ئەمەوە خۆمان بە یەکجار ناچار دەبینین وای بناسێنین کە ئەم وێنانە ڕاستن.

شتەکان دەبینین وەک چاوەڕمانمان دەکرد کە  خراپبن بگرە لە  خراپ خراپتریش.لە خراپترین گومانەکانمان دڵنیا دەکرێنەوە. ڕاستییە شاردراوەکەی پشت وێنەکانمان پیشان دەدرێت کە وەک ناشرین ناشرین چاوەڕوانیمان دەکرد بۆی. کەواتە ئەم هەستە لە خۆماندا دروست دەبێت کە گەشتە ڕەخنەییەکەمان گەیشتووەتە کۆتایی، ئەرکە ڕەخنەییەکەمان تەواو بووە، ئەرکەکەمان وەک ڕۆشنبیرانی ڕەخنەگر جێبەجێ کراوە.

ئێستا ڕاستیی سیاسی خۆی ئاشکرا کردوو دەتوانین وردبینی لە ئایکۆنە نوێیەکانی تیۆلۆژی سیاسی ئێستا بکەین بەبێ ئەوەی پێویستیمان بە زیاتر لە  سەر ڕۆشتن هەبێت. چونکە ئەم ئایکۆنانە خۆیان بە تەواوی ترسناکن و تەنها کۆمێنت لەسەر ئەم ئایکۆنانە بەسە ئیتر مانای ڕەخنەگرتنیان نییە. ئەمە  ئەوە ڕووندەکاتەوە کە بۆچی بڵێسەو کڵپەپێکردنی وێنە دەبینین لە زۆربەی بڵاوکراوەکانی ئەم دواییەی کە تایبەتن بە وێنەکانی جەنگی دژی تیرۆر کە لە هەردوو لای بەرەکەوە.

لەبەر ئەمەیە باوەڕم وایە کە تیرۆریست دەرکەوتوویەکی سەرکەوتووتر نییە لە هونەرمەندی مۆدێرن، تەنانەت بەوەشەوە کە لە هونەرمەندیش زیاتر ڕادیکاڵە. بەڵکو پێموایە کە تیرۆریست یان جەنگاوەری دژەتیرۆر لەگەڵ ماکینەی بەرهەمهێنانی وێنە نێودراوەکەیدا دوژمنانی هونەرمەندی مۆدێرنن، چونکە هەوڵ دەدەن وێنەکان بەرهەم بهێنن کە پڕوپاگەندی ڕاستی و ڕەیاڵیتی دەکەن ، لە دەرەوەی هەر ڕەخنەگرتنێک لە نوێنەرایەتی.

وێنەکانی تیرۆر و جەنگ لەڕاستیدا لەلایەن زۆر لە نووسەرانی ئەمڕۆوە وەک نیشانەی “گەڕانەوەی ڕاستی” ڕاگەیێندراون  وەک بەڵگەی بینراوی کۆتایی ڕەخنەگرتن لە وێنە وەک چۆن لە سەدەی ڕابردوودا پراکتیزە کرا. بەڵام پێموایە زۆر زووە بۆ دەستبەرداربوونی ئەم ڕەخنەیە.

بێگومان، ئەو وێنانەی کە باسیان دەکەم هەندێک ڕاستیی سەرەتایی و بەرهەستیان هەیە: ئەوان بەڵگەنامەکردنی هەندێک ڕووداون و نرخی بەڵگەنامەییەکەشیان دەتوانرێت شی بکرێتەوە، لێکۆڵینەوەی لێ بکرێت، دڵنیا بکرێتەوە یان ڕەت بکرێتەوە. هەندێک ئامڕازی تەکنیکی هەیە بۆ دیاریکردنی ئەوەی وێنەیەک لە ڕووی واقعییەوە ڕاستە یان دروستکراوە، یان گۆڕدراوە، یان خوازراوە. بەڵام دەبێت جیاوازی لەنێوان ئەم ڕاستییە واقعییە و بەکارهێنانی واقعی وێنەیەک بکەین با بڵێیین بەڵگەی دادگەری، و نرخی هێمایی لە ناو ئابووری میدیای ئاڵووگۆڕی هێماییدایە.

ئەو وێنانەی تیرۆر و دژە-تیرۆر کە بە شێوەیەکی بەردەوام لە تۆڕەکانی میدیای سەردەمیدا بڵاودەبنەوە و بینەری تەلەفیزیۆنی بژاردەی نییە بەرکەوتەی نەبێت، بە شێوەیەکی سەرەکی ئەم وێنانە لە چوارچێوەی لێکۆڵینەوەی تاوانکاری یان ئەزموونی نیشان نادرێن. ئەوان ئەرکێکیان هەیە کە شتێکی زیاتر لە  ئەم ڕووداوە کۆنکرێت و ئەزموونییە دیاریکراوە نیشان بدەن. ئەوان وێنەیەکی جیهانی دروستی (سەبلایم) سیاسی بەرهەمدەهێنن.

چەمکی سەبلایم بۆ یەکەم جار لە شیکارییەکانی (کانت)ەوە داکەوتووە، کانت نمونەی سەبلایمی کە وەک وێنەی شاخەکانی سویسرا و زریانی دەریاکان بەکارهێناوە. یان بە وتارەکەی ژان-فرانسوا لیۆتار لەسەر پەیوەندی نێوان ئەڤانگارد و سەبلایم(سامداری) . بەڵام لە ڕاستیدا چەمکی (سامداری) سەرچاوەکەی بۆ (ئێدمۆند بێرک) دەگەڕێتەوە لەسەر چەمکەکانی (سامدار و جوانی)و لەوێ بێرک نموونەی (سامداری) هێناوەتەوە بە ئێکسپۆزی نمایشکردنی گشتی سەربڕین و ئەشکەنجەدان کە لە سەدەکانی پێش ڕۆشنگەری باو بوون. بەڵام نابێت ئەوەش لەبیر بکەین کە سەردەمی ڕۆشنگەری خۆی بە نمایشکردنی گشتی سەربڕینە بەکۆمەڵەکان بە گیلۆتین لە ناوەڕاستی پاریسی شۆڕشگێڕدا دەستیپێکرد. لە کتێبی فینۆمینۆلۆژیای ڕۆحدا هیگڵ لەسەر ئەم نمایشکردنە دەنووسێت کە یەکسانی ڕاستەقینەی لە نێوان مرۆڤەکاندا دروستکردووە چونکە بە تەواوی ڕوونی کردەوە کە هیچ کەسێک ناتوانێت چیتر بانگەشەی ئەوە بکات کە مردنەکەی هیچ واتایەکی باڵاتری هەیە. لە سەدەکانی 19 و 20دا بە ناسیاسیکردنی بەکۆمەڵی سەبلایم ڕوویدا. ئێستا ئێمە گەڕانەوەی نەک (ڕاستی) بەڵکو گەڕانەوەی سەبلایمی سیاسی ئەزموون دەکەین لە شێوەی دووبارە بە سیاسیكردنەوەی سەبلایم. سیاسەتی هاوچەرخ چیتر خۆی وەک جوان نیشان نادات  وەک چۆن دەوڵەتە تۆتالیتارییەکانی سەدەی 20 هێشتا ئەوەیان دەکرد. لەبری ئەوە، سیاسەتی هاوچەرخ دووبارە خۆی وەک سەبلایم نیشان دەدات، واتە وەک ناشرین، دوورخەرەوە، قورس، ترسێنەر. و تەنانەت زیاتریش: هەموو هێزە سیاسییەکانی جیهانی هاوچەرخ تێوەگلاون لە بەرهەمهێنانی بەردەوامی سەبلایمی سیاسی  بە کێبڕکێکردن بۆ بەهێزترین، ترسێنەرترین وێنە. ئەمە وەک ئەوە وایە ئەڵمانیای نازی ڕیکلام بۆ خۆی بکات بە وێنەکانی ئاوشڤیتز و یەکێتی سۆڤیەتی ستالینی بە وێنەکانی گولاگ. ئەم جۆرە ستراتیژییەتە نوێیە. بەڵام پێ دەچێت ئەوەندەش نوێ نەبێت.

 

خاڵێک کە بێرک لە بنەڕەتدا هەوڵی دابوو ڕوونی بکاتەوە بە تەواوی ئەمەیە: وێنەیەکی ترسێنەر و سەبلایمی توندوتیژی هێشتا تەنها وێنەیە. وێنەیەکی ترسیش بەرهەمدەهێنرێت، نمایش دەکرێت و دەتوانرێت بە شێوەیەکی جوانناسی شیکردنەوە و ڕەخنە لێبگیرێت لە ڕووی ڕەخنەی نوێنەرایەتییەوە. ئەم جۆرە ڕەخنەیە واتای نەبوونی هەستی ئەخلاقی نییە. هەستی ئەخلاقی لەو شوێنەدایە کە پەیوەندی بە ڕووداوە تاکەکەسی و ئەزموونییەکەوە هەیە کە بە وێنەیەکی دیاریکراو بەڵگەدار کراوە. بەڵام لەو ساتەدا کە وێنەیەک دەست دەکات بە بڵاوبوونەوە لە تۆڕەکانی میدیادا و بەهای سیمبولی بەدەست دەهێنێت وەک نوێنەرایەتییەکی سەبلایمی سیاسی، دەتوانرێت وەک هەر وێنەیەکی تر ڕەخنەی هونەری لێبگیرێت. ڕەخنە هونەریی بە پلەی ئیمتیاز تیۆرییە. بەڵام دەتوانێت ڕەخنەیەکیش بێت بە هۆی خودی هونەرەوە  وەک چۆن لە کۆنتێکستی هونەری مۆدێرنیستیدا بووە بە نەریت. پێم وایە ئەم جۆرە ڕەخنەیە لە ئێستاوە لە چوارچێوەی هونەردا ڕوودەدات بەڵام نامەوێت لە ئێستادا ناوی هیچ کەسێک بهێنم چونکە ئەوە لە ئامانجی ڕاستەوخۆی باسەکەم دوورم دەخاتەوە کە پێکدێت لە دەستنیشانکردنی ڕژێمی هاوچەرخی بەرهەمهێنان و دابەشکردنی وێنە وەک چۆن لە میدیای هاوچەرخدا ڕوودەدات. تەنها دەمەوێت ئاماژە بەوە بکەم کە ئامانجی ڕەخنەی هاوچەرخی نوێنەرایەتی دەبێت دوو لایەنە بێت. یەکەم شت ئەم ڕەخنەیە دەبێت ئاراستەی هەموو جۆرەکانی سانسۆر و سەرکوتکردنی وێنەکان بێت کە ڕێگامان لێدەگرن لە ڕووبەڕووبوونەوەی ڕاستی جەنگ و تیرۆر. و ئەم جۆرە سانسۆرە، بێگومان، هێشتا هەیە. چەند هەفتە لەمەوبەر، کەناڵی ABC ڕەتیکردەوە فیلمەکەی ستیڤن سپیلبێرگ “ڕزگارکردنی سەرباز ڕایان” پەخش بکات بەهۆی دیمەنەکانی “توندوتیژیی زەق” لە فیلمەکەدا. ئەم جۆرە سانسۆرە کە پاساو بۆ خۆی دەهێنێتەوە لە ڕێگەی بەرگریکردن لە “بەها ئەخلاقییەکان” و “مافی خێزان”، بێگومان دەکرێت بۆ ڕووماڵکردنی ئەو جەنگانەی ئەمڕۆ ڕوودەدەن بەکاربهێنرێت  و نوێنەرایەتییان لە میدیاکاندا پاک بکاتەوە. ئەمە هەروەها کاردانەوەی دەستبەجێی هەندێک لە ڕۆژنامەنووسە ئەمریکییەکانیش بوو (وەک فرانک ڕیچ لە نیویۆرک تایمز). بەڵام لە هەمان کاتدا، ئێمە پێویستمان بە ڕەخنەیەکە کە شیکاری بۆ بەکارهێنانی ئەم وێنانەی توندوتیژی بکات وەک ئایکۆنی نوێی سەبلایمی سیاسی و کێبڕکێی هێمایی، وەک پێشبڕکێیەک لە بەرهەمهێنانی ئەم جۆرە ئایکۆنانەدا.

پێم وایە کە کۆنتێکستی هونەری بە تایبەتی گونجاوە بۆ ئەم جۆری دووەمەی ڕەخنە. جیهانی هونەر لەوانەیە زۆر بچووک، داخراو و تەنانەت بێبایەخ دەربکەوێت بە بەراورد لەگەڵ هێزی بازاڕەکانی میدیای ئەمڕۆ. بەڵام لە ڕاستیدا، هەمەجۆریی ئەو وێنانەی لە میدیاکاندا بڵاودەبنەوە زۆر سنووردارە بە بەراورد لەگەڵ هەمەجۆریی هونەری هاوچەرخ. لە ڕاستیدا، بۆ ئەوەی وێنەکان بە شێوەیەکی کاریگەر لە میدیا بازرگانییەکاندا بڵاوببنەوە و بەکاربهێنرێن، پێویستە بە ئاسانی بۆ بینەرێکی بەرفراوان بەرچاو بخرێن. ئەمە وا دەکات ماس میدیا زۆر دووبارە و بێ ناوەڕۆک زۆربڵێی بێت. بۆیە، هەمەجۆریی وێنەکانی ناو ماس میدیا زۆر سنووردارترە لە مەودای ئەو وێنانەی لە مۆزەخانەکانی هونەری مۆدێرندا پارێزراون یان لەلایەن هونەری هاوچەرخەوە بەرهەم هێنراون. تەنانەت وێنە ترسناکەکانی سەبلایمی سیاسیش تەنها وێنەیەکن لەنێو وێنەکانی تردا،نە کەمتر و نە زیاتر. لە ڕاستیدا،ئاڤانگاردی کلاسیک پێشتر بواری بێسنووری  بۆ هەموو فۆرمە وێنەییەکان کردەوە، کە هەموویان شانبەشانی یەکتر و بە مافی یەکسانەوە ڕیزکراون. یەک لە دوای یەک، ئەوەی پێی دەگوترا هونەری سەرەتایی، فۆرمە ئەبستراکتەکان و شتە سادەکانی ژیانی ڕۆژانە، هەموویان ئەو جۆرە دانپێدانانەیان بەدەستهێنا کە سەردەمانێک تەنها بۆ شاکارە هونەرییە مێژووییە بەناوبانگەکان بوو. ئەم کردەیە یەکسانکەرەی هونەر لە ماوەی سەدەی بیستەمدا وردە وردە زیاتر دەرکەوت، بە هەمان ڕادەیەک کە وێنەکانی کولتوری گشتی، کات بەسەربردن و کیچ (هونەری بێنرخ) لە چوارچێوەی هونەری باڵای نەریتیدا پێگەی یەکسانیان پێدرا.

ئێستا، ئەم سیاسەتەی مافە جوانیخوازییە یەکسانەکان، ئەم ململانێیە بۆ یەکسانی جوانیناسی لە نێوان هەموو فۆرمەکانی بینراو و میدیادا کە هونەری مۆدێرن خەباتی کردووە بۆ دامەزراندنی، و ئێستاش زۆرجار وەک دەربڕینی کینیزمی و، بە شێوەیەکی پارادۆکسیکال وەک نوخبەگەرایی ڕەخنەی لێدگیرێت..

بەڵام لە ڕاستیدا، سیاسەتی مافە یەکسانەکان لەسەر ئاستی جوانیناسی پێشمەرجێکی پێویستە بۆ هەر بەشدارییەکی سیاسی.. لە ڕاستیدا، سیاسەتی ڕزگاریخوازی هاوچەرخ سیاسەتێکی گشتگیرە ، کە ئاراستەی وەدەرنانی ئێستای کەمینە سیاسی، نەتەوەیی یان ئابوورییەکان دەکرێت.. بەڵام ئەم ململانێیە بۆ لەخۆگرتن(ئینکلوژن) تەنیا لەو کاتەدا دەکرێت کە ئەو نیشانە و فۆرمە بینراوانەی کە خواستەکانی کەمینە دەرکراوەکان خۆیان مانیفێست دەکەن، هەر لە سەرەتاوە بە هیچ جۆرە سانسۆرییەکی جوانیناسی کە بەناوی بەها ئێستەتیکە باڵاکانەوە ڕەت نەکرێنەوەو سەرکوت نەکرێن.. تەنیا لە ژێر پێشگریمانەیی یەکسانی هەموو فۆرم و میدیای بینراو لەسەر ئاستی جوانیناسیدا دەتوانرێت بەرەنگاری ناڕەزایی ڕاستەقینەی نێوان وێنەکان ببینەوە کە لە دەرەوە سەپێنراوە،کە ڕەنگدانەوەی نایەکسانی کولتووری، کۆمەڵایەتی، سیاسی یان ئابوورییە.. بەڵام لە هەمان کاتدا سیاسەتی یەکسانی جوانیناسیش ڕێگری لە هەندێک وێنە دەکات بۆ بەرزکردنەوەی بۆ ئاستی نوێنەرایەتی تایبەتی سەبلایمی سیاسی.. لە(مارسیل  دوشان) ەوە هونەری مۆدێرن بەرزکردنەوەی شتەکانی  بۆ ستاتۆی کارە هونەریەکان پراکتیزە کردووە.. ئەم بزووتنەوەیە بەرەو سەرەوە وەهمێکی دروستکرد کە کاری هونەری شتێکی بەرزتر و باشترە لەوەی کە بە سادەیی ڕاستەقینە بیت.. بەڵام لە هەمان کاتدا هونەری مۆدێرن بە ناوی واقیعەوە بە قۆناغێکی درێژی خۆڕەخنەکردن دا تێپەڕی.. هێزی یەکسانکردنی هونەری مۆدێرن و هاوچەرخ بە دوو شێوەکە کاردەکات – لە هەمان کاتدا بەهادان و بێ بەهاکردن.. وە ئەوەش بەو مانایەیە: بڵێین ئەو وێنانەی کە جەنگ و تیرۆر بەرهەمیان هێناوە کە لەسەر ئاستی هێمایی هونەر نییە واتە ئەمە بۆ بەرزکردنەوە پیرۆزکردن نییە بەڵکوو بۆ ڕەخنەکردنە .

وەک کۆژێڤ پێشتر ئاماژەی پێکردووە، ئەو کاتەی کە لۆژیکی گشتیی یەکسانی کە بنەمای تێکۆشانە تاکەکەسییەکانە بۆ دانپیایان دەردەکەوێت، ئەو تێگەیشتنە دروست دەکات کە ئەم تێکۆشانانە تا ڕادەیەک جدییەت و تەقینەوەی ڕاستەقینەی خۆیان تێپەڕاندووە. لەبەر ئەمە بوو کە تەنانەت پێش جەنگی جیهانی دووەم کۆژێڤ توانی باس لە کۆتایی مێژوو بکات  بە واتای مێژووی سیاسی تێکۆشانەکان بۆ دانپیاییان. لەو کاتەوە، قسەکردن لەسەر کۆتایی مێژوو بە تایبەتی کاریگەری لەسەر بواری هونەر دانا. خەڵک بەردەوام ئاماژە بە کۆتایی مێژووی هونەر دەکەن، کە مەبەستیان ئەوەیە کە ئەم ڕۆژانە هەموو شێوە و شتەکان ‘بە پرنسیب’ بە کاری هونەری دادەنرێن. بە لەبەرچاوگرتنی ئەم پێشکەوتنە ، تێکۆشان بۆ دانپیانان و یەکسانی لە هونەردا گەیشتووەتە کۆتایی لۆژیکی خۆی  و بۆیە بووەتە کۆن و زیادە. چونکە ئەگەر وەک ئەوەی بانگەشەی بۆ دەکرێت، هەموو وێنەکان پێشتر وەک هاوبەش لە بەها دانپێدانراوبن، ئەمە هونەرمەند لە ئامرازە ئێستەتیکییەکان بێبەش دەکات کەبەهۆیانەوە دەتوانێت تابووەکان بشکێنێت، هەڵچوون، شۆک یان سنوورەکانی هونەر فراوان بکات – وەک لە تەواوی مێژووی هونەری مۆدێرندا ئەگەرکراو بوو. لە بری ئەوە، کاتێک مێژوو گەیشتە کۆتایی، هەر هونەرمەندێک گومانی لێدەکرێت کە تەنها وێنەیەکی تری خۆسەرانە لەنێو زۆری تردا بەرهەم بهێنێت. ئەگەر ئەمە بەڕاستی وابێت، ڕژێمی مافی یەکسان بۆ هەموو وێنەکان نەک تەنها وەک ئامانجی لۆژیکەکەی کە مێژووی هونەر لە مۆدێرنیتەدا شوێنی کەوتووە دادەنرێت، بەڵکو وەک نەفیکردنی کۆتاییشی. بەم شێوەیە، ئێستا شاهیدی شەپۆلە دووبارەکانی ئارەزووی نۆستالجی ئەو کاتەین کە کارە تاکەکەسییەکانی هونەر هێشتا وەک شاکارە بەنرخ و تاکەکەسییەکان ڕێزیان لێدەگیرا.

لەئێستادا دڵگیربونمان بە وێنه‌کانی سەبلایمی سیاسی  ده‌توانین بە نزیکه‌یی له‌ هه‌موو شوێنێک بیبینین،ده‌کرێت وەک دۆخێکی تایبه‌تی نۆستالژیا‌ بۆ شاکارێک، بۆ وێنه‌یه‌کی ڕاسته‌قینه‌ و حه‌قیقی لێکبدرێته‌وه‌. وا ده‌رده‌که‌وێت که‌ میدیا – نه‌ک مۆزه‌خانه‌، نه‌ک سیسته‌می هونه‌ری – ئێستا ئه‌و شوێنه‌یه‌ که‌ چاوه‌ڕوان ده‌کرێت ئاره‌زووی وێنه‌یه‌کی وا سه‌رڕێژکه‌ر و ڕاسته‌وخۆ باوه‌ڕپێکه‌ر تێر بکات. لێره‌دا ئێمه‌ شێوازێکی دیاریکراوی ‘ڕیاڵیتی شۆ’مان هه‌یه‌ که‌ گەنگەشەی ئه‌وه‌ ده‌کات نوێنه‌رایه‌تیی خودی واقیعی سیاسی بکات – له‌ ڕادیکاڵترین شێوه‌کانیدا. به‌ڵام ئه‌م پروپاگەندەیە‌ ته‌نها به‌هۆی ئه‌و ڕاستییه‌وه‌ ده‌توانێت به‌رده‌وام بێت که‌ ئێمه‌ ناتوانین ڕه‌خنه‌ی نوێنه‌رایه‌تی له‌ چوارچێوه‌ی میدیای هاوچه‌رخدا په‌یڕه‌و بکه‌ین. هۆکاری ئه‌مه‌ش زۆر ساده‌یه‌: میدیا ته‌نها وێنه‌ی ئه‌و شته‌مان نیشان ده‌دات که‌ ئێستا ڕووده‌دات. بەڵام بە‌ پێچه‌وانه‌ی ماس میدیا‌وه‌، دامه‌زراوه‌ هونه‌رییه‌کان شوێنی به‌راوردی مێژوویین له‌ نێوان ڕابردوو و ئێستادا، له‌ نێوان به‌ڵێنی ئۆریجناڵ و  سەرەتا و به‌دیهێنانی هاوچه‌رخی ئه‌م به‌ڵێنه‌دا، و به‌م شێوه‌یه‌، خاوه‌نی ئامراز و ده‌رفه‌تن بۆ ئه‌وه‌ی ببنه‌ شوێنی گوتاری ڕه‌خنه‌گرانه‌. چونکه‌ هه‌موو گوتارێکی له‌م شێوه‌یه‌ پێویستی به‌ به‌راوردکردن، به‌ چوارچێوه‌یه‌ک و به‌ ته‌کنیکێکی به‌راوردکاری هه‌یه‌. به‌ له‌به‌رچاوگرتنی که‌شوهه‌وای ڕۆشنبیریی ئێستامان، دامه‌زراوه‌ هونه‌رییه‌کان به‌ کرداریی تاکه‌ شوێنن که‌ تێیاندا ده‌توانین به‌ڕاستی له‌ ئێستای خۆمان دوور بکه‌وینه‌وه‌ و له‌گه‌ڵ سه‌رده‌مه‌ مێژووییه‌کانی تردا به‌راوردی بکه‌ین.له‌م ڕوانگه‌یه‌وه‌،کۆنتێکستی هونه‌ری جێگره‌وه‌ی نییه‌ چونکه‌ به‌ تایبه‌تی گونجاوه‌ بۆ شیکردنه‌وه‌ی ڕه‌خنه‌گرانه‌ و به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی پڕوپاگەندەی زایتگایستی (ڕۆحی سه‌رده‌م) کە میدیا تەوەرە. دامه‌زراوه‌ هونه‌رییه‌کان شوێنێکن که‌ تێیاندا پڕۆژه‌ هونه‌رییه‌ یه‌کسانیخوازه‌کانی ڕابردوو، ته‌واوی مێژووی ڕه‌خنه‌ی نوێنه‌رایه‌تی و ڕه‌خنه‌ی (سەبلایم) بە بیرده‌هێنیته‌وه‌  تاوه‌کو بتوانین سه‌رده‌می خۆمان دژ به‌م پاشخانه‌ مێژووییه‌ بپێوین.”

 

 

تاگهزر
بڵاوکردنەوە: