نەخۆشی بیرکردنەوە بە کۆمەڵ لە دیدگای “ئیرڤینگ جانیس”ەوە

373
0
بڵاوکردنەوە:

 

نووسینی: شارۆ شاهۆ

 

پرسی بیرکردنەوەی بە کۆمەڵ و هاوئاوازبوون لەگەڵ یەکتری لەناو پرۆسەکانی بڕیارداندا بابەتێکی پڕ لە باس و خواسە کە زۆرێک لە ڕیفۆرمخوازان و کەسە نوێگەرەکان بەردەوام جەختی لێ دەکەنەوە لەناو دامەزراوەکاندا، تاکوو پرۆسەی بڕیاردان لە فۆڕمێکی تەواو تەندروستدا بێت. ڕەنگە ئەم پرسە بابەتێکی هێندە سانا نەبێت کە هەر وا بە ئاسانی سەرڕێ بخرێت و دەستکەوتی ئەرێنی لێ چنگ بخرێت، بە تایبەتی لەناو کایەی ڕامیاریدا، ئەگەر لە ئاستێکی دامەزراوەیی و بە دیدگایەکی ڕەخنەگرانەوە کاری لەسەر نەکرێت. ئیرڤینگ جانیس، توێژەر و دەروونناسێکی ئەمریکییە لە زانکۆی یەیل، یەکێک لەو بیرمەندە ناودارانەیە کە بۆ یەکەم جار ڕەخنەی لە فۆرمی بیرکردنەوەی گرووپی گرت و بە نەخۆشی بیرکردنەوەی بەکۆمەڵ (Group Thinking Syndrome) ناساندی. هەروەها زنجیرەیەک کتێبی دەروونی لەسەر ئەم پرسە نووسی کە ناودارترینیان “قوربانیانی بیرکردنەوەی بەکۆمەڵ”ـە (Victims of Groupthink)،  پەرتووکی بیرکردنەوەی بەکۆمەڵ و شیکردنەوەیەکی دەروونیانە لەمەڕ نووشتە سیاسییەکان لە ئیدارەی ئەمریکیدا. بە بڕوای جانیس، ئەو شکستانەی کە دووچاری سەرۆکەکانی ئەمریکا هاتوون، هۆکارەکەی ناکارایی و کەمئەزموونی کارەکتەرەکان یاخود نەبوونی زانیاری دروست نییە لەناو دامەزراوەکانی حکوومەتی ئەمریکیدا. بەڵکو هۆکارەکەی ئاوابوونی سیستەمێکی بڕیاردانە کە گرووپێکی دەستەبژێر دەستیان بەسەردا گرتووە و بە شێوەی بیرکردنەوەی بەکۆمەڵ دەڕواننە کۆی پرسەکان. لەپێناو لابردنی هەر جۆرە ناکۆکییەک لە نێوانیاندا، تەنها کارێک کە دەیکەن، ستایشی یەکترییە و هاوڕایانە لە کێشە سیاسییەکان دەڕوانن و چارەسەری بۆ دەدۆزنەوە. جانیس سیما دیارەکانی ئەم فۆرمە لە بیرکردنەوە بەم جۆرە پۆلێنبەندی دەکات:

یەکەم: وەهمی خۆبەبێهێزنەبینیIllusion of invulnerability باس لەوە دەکات کاتێک گرووپێک متمانەیەکی هەڵئاوساو بە توانا و بڕیارەکانی خۆی پەرە پێبدات، پاڵنەرێکی ڕاستەوخۆ دەبێت لە زیادەڕۆییکردن لە ئەنجامدانی مەترسی و پشتگوێخستنی دەرئەنجامە نەرێنییەکان کە دەکرێت بە هۆی پڕۆسەی بڕیاردانی بەکۆمەڵەوە دروست ببێت.

دووەم: بە ئەقڵانیکردنی بڕیارەکان Collective Rationalization دەرئەنجامی بڕیارەکان هەرچییەک بن ئەندامانی بیرکردنەوەی بەکۆمەڵ ڕەوایەتی بۆ دائەتاشن، سەرباری بوونی هەر جۆرە زانیاری و سەرنجێکی دژبەیەک لەناو ئەندامەکانی گرووپدا.

سێیەم: باوەڕباوی Stereotyping ئەندامانی ئەم جۆرە گرووپانە بۆ پاراستنی ئەو بازنەیەی کە دروستییان کردووە بە دەوەری خۆیاندا، پەرە ئەدەن بە بڵاوکردنەوەی باوەڕباوی لەسەر بنەمای زانیاریی نادروست لەسەر ئەو گرووپانەی کە لە دەرەوەی خۆیانن یاخود بە جۆرێک لە جۆرەکان نەیاریانن.

چوارەم: پارێزەرانی بیر Mind guards، هەندێک لە ئەندامانی ئەم گرووپانە خۆیان ئەرکدار دەکەن بە پاراستنی گرووپەکە لە بوونی هەر جۆرە بیرکردنەوەیەکی ناکۆک یان سەرنج و زانیارییەک کە کاریگەری هەبێت لەسەر ئەو دونیابینیەی کە گرووپ بە گشتی بۆی دروستبووە لە ڕەنگرێژکردنی پرۆسەکانی بڕیارداندا.

ئیرڤینگ جانیس، لە چوارچێوەی توێژینەوەکانی بۆ لێکدانەوەی ئەم مۆدێلە لە بیرکردنەوە، شیکاری کردووە بۆ پێنج کەیس لە نووشتی سیاسی کە لەناو ئیدارەی سەرۆکەکانی ئەمریکا ڕوویانداوە بە هۆکاری بیرکردنەوەی بەکۆمەڵ و قۆرغکردنی پرۆسەی بڕیاردان لەلایەن دەستەبژێرێک لە ڕاوێژکاران و کاربەدەستانی سیاسی. لە کەیسی یەکەمدا، باس لە پێشبینی نەکردنی هێرشەکەی سەر بنکەی دەریای (پیرل هاربەر) لە جەنگی دووەمی جیهانی دەکات، لە سەردەمی سەرۆکایەتیی فرانکلین ڕۆسڤێلددا. سەرەڕای هۆشدارییەکی ڕوون لە سەرچاوە هەواڵگرییەکان کە ژاپۆن خۆی ئامادە دەکات بۆ هێرشێکی کتوپڕ، بەڵام پلاندانەرە ستراتیژییەکانی هێزی دەریایی و گرووپی ڕاوێژکارانی ڕۆسڤێلد باوەڕیان وابوو کە ژاپۆن هەرگیز ئەم هێرشە ئەنجام نادات. بە هۆکاری بڵاوکردنەوەی ئەو جۆرە لە باوەڕباوی لەسەر ژاپۆنییەکان وەک ئەوەی لە ڕووی دیپلۆماسییەوە زۆر هۆشیاربن لە ئەگەری بوونی هەر جۆرە بڕیارێکی ڕاستەوخۆ بۆ چوونە ناو جەنگ لە دژی ئەمریکا. دەرئەنجامی بوونەی ئەم باوەڕباوییەش بووە هۆکاری ئەوەی ئەمریکا بە شێوەیەکی فەرمی بچێتە ناو جەنگی جیهانی دووەمەوە. ئەم ڕووداوە نەک تەنها گۆڕانکاری لە هاوکێشەی هێزەکانی جەنگدا دروست کرد، بەڵکو کاریگەریی قووڵی لەسەر سیاسەتی نێودەوڵەتی و پەیوەندییەکانی نێوان وڵاتان لە سەدەی بیستەمدا هەبوو.

لە کەیسی دووەمدا، شیکاری بۆ لێکەوتەکانی بڕیارێکی سەرۆک هاری ترومان کردووە لە پرۆسەی داگیرکردنی کۆریای باکوور لە ساڵی ١٩٥٠ ئەمەش دوای سەرکەوتنی سەرەتایی هێزەکانی ئەمریکا و نەتەوە یەکگرتووەکان لە بەرپەرچدانەوەی دەستدرێژی کۆریای باکوور گێڕانەوەی بۆ ‌هێڵی ٣٨ کە لە کۆنفرانسی پۆتسدامدا لە (تەمووزی ١٩٤٥)  لە کۆتایی جەنگی جیهانی دووەمدا وەک سنووری نێوان کۆریا باکور و باشور دیاری کرا. ڕاوێژکارە باڵاکانی ترومان، لەنێویاندا ژەنەڕاڵ دۆگلاس ماکئارسەر، مکوڕبوون لەسەر یەکخستنی کۆریا بە ڕێگای بەکارهێنانی هێز. بۆ ئەمەش دنەی ترومانیان دا بۆ دەرکردنی بڕیاری داگیرکردنی کۆریا و بەرپرچدانەوەی تەوژمی کۆمۆنیزمی ئاسیایی کە کۆریاشی گررتبووەوە. بڕوای  دۆگلاس ماکئارسەر و گرووپی ڕاوێژکاران لەوەدا ئەگەر بێت و ئەمریکا دەست وەر بداتە کۆریاوە ئەوا هەرگیز چین دەستێوەردان ناکات و هیچ کاردانەوەیەکی نابێت. بەڵام دواتر ئاسۆی ڕووداوەکان تەواو پێچەوانەی لێکدانەوەکان بوون.چین بە هێزێکی زۆرەوە دەستوەردانی کرد و سەربازانی ئەمریکا و نەتەوە یەکگرتووەکانی تووشی نوشوستی و پاشەکشێ کرد، لە کاتێکدا هێزی سەر بە نەتەوەیەگرتووەکان UN  بەر لە دەستێوەردانی سەربازیی ئەمریکا نزیک بووەوە لە (ڕووباری یالو)ی نزیکی  سنووری کۆریای باکوور و چین. توانیبووی گورزی کەمەرشکێن بدات لە هێزەکانی کۆریای باکوور کە هیرشی کردبووە سەر کۆریای باشوور ئەمەش بە ئامانجی هێنانەدی ئاشتی و یەکگرتنەوەی هەردوو کۆریاکەبوو، ئەمەش یەکەمجار بوو کە نەتەوە یەکگرتووەکان هەنگاوی سەربازیی بەکۆمەڵ ئەنجام بدات. لە دواتردا، ئەم بڕیارەی تورمان بووە هۆی هێنانەئارای دۆخێکی چەقبەستوویی درێژخایەن لەسەردەمی جەنگی سارددا و دابەشبوونی هەردوو کۆریا بەسەر باکوور و باشووردا.

لە درێژەی ئەم بنکۆڵکاریانەی ئیرڤینگ جانیس، لێکدانەوە دەکات بۆ شکستی  داگیرکردنی کەنداوی بەرازەکان لە ١٩٦١دا لە کوبا بۆ ڕوخاندنی حکومەتەکەی فیدڵ کاسترۆ بە پاڵپشتی گرووپە ناڕازییەکان سەر بە ڕژێمی دیکتاتۆری کوبا (فولجینسیۆ باتیستا) کە لەماوەی ساڵانی ١٩٥٢ تاکو  ١٩٥٩  تاکو شۆڕشی کوبا لە لایەن ئەمریکاوە پاڵپشتی لێدەکرا . بە بروای جانیس جۆن ئێف کێنەدی و ئەنجومەنی ڕاویژکارییەکەی، کە زۆرینەیان نوێ بوون لە پۆستەکانیان، مەیلی ئەوەیان نەبووە کە سەرنجی دژیان هەبێ بەم پلانی کۆتاییهێنان بە دەسەڵاتی کاسترۆ. ئەوەی کە کردیان بەشێکیان بە بێدەنگی مانەوە و ئەوانی تریش هەوڵی قەناعەتهێنان بە یەکتریان دەدا بەوەی کە کۆی ئەو پلانەی کە دایان ڕشتووە سەرکەوتووە و نەیان دەویست کە وەک دژ ببینرێن. ئەمە سەرباری نەبوونی چاوێکی ڕەخنەگرانە لەلایەن گرووپی ڕاوێژکارانی کەنەدییەوە بۆ هەڵسەنگاندنی ڕاپۆرتەکانی CIA کە زانیارییەکانی لەسەر بنەمای گریمانەی و بە کەمبینینی پێگەی جەماوەری فیدڵ کاسترۆ ڕەنگرێژ بووبوو.  هەروەها، تیمی ئیدارەی کەنەدی هەر کەسێک دژ بووایە بەم پلانە دووریان دەخستەوە لەوانە دوو نموونەی دیار کە ئەوانیش: چێستەر بۆولز، جێگری وەزیری کاروباری دەرەوە و سیناتۆر ویلیام فولبرایت. هەردووکیان بە ئاشکرایی دژی ئەم پلانە بوون و هۆکارە کردەییەکانیان بۆ ئەوە خستبووە ڕوو کە بۆچی ئەم پلانە سەرناکەوێت، بەڵام لە جیاتی ئەوەی بۆچوونەکانیان بە بەهەند بگیرێن، بە تەواوی لە پرۆسەی ڕاوێژکارییەکان دوور خرانەوە. سەرئەنجامی ئەم وەلانان و بەدروست خۆبینانەی تیمی ڕاوێژکاران، ئەنجامێکی شەرمەزارهێنەریان دووچاری جەی ئێف کەنەدی کرد و ئەمریکا لەم پلانەدا نەیتوانی حکوومەتی کاسترۆ بڕووخێنێت و زیانی سەربازی زۆریشی دووچاربوو. ئەم شکستەش دەستپێکی قۆناغێکی نوێ بوو لە جەنگی سارد، کە کوبای زیاتر لە یەکێتیی سۆڤیەت نزیک کردەوە و دواتر بووە هۆی قەیرانی موشەکەکانی کوبا لە ١٩٦٢دا.

ڕەنگە لەناو کۆی سەرۆکەکانی ئەمریکادا سەرنجڕاکێشترینیان بۆ ئیرڤینگ جانیس،  سەرۆک لیندۆن بی جۆنسۆن بووبێت بەو پێیەی کە خاوەن گرووپێکی دەستبەژێری تایبەت بە خۆی بووە کە کاریگەریی ڕاستەوخۆیان هەبووە لەسەر (جەنگی ڤێتنام )، بە گرووپی خوانی نیوەڕۆیانی سێشەممە ناسرابوون. ئەندامانی ئەم گرووپە ڕاوێژکارییە لە هەموو پرسەکاندا هاوبییری یەکتری بوون و مەیلی تەواوی دژە کۆمۆنیزمیان هەبوو کە ئەمەش بە ڕوونی کاریگەری هەبوو لەسەر تەواوی ئەو بڕیارانەی کە کۆکبوون لەسەری. بە بڕوای جانیس، ئەندامانی ئەم گرووپەی سەرۆک جۆنسۆن دووچاری وەهمی یەکدەنگی بووبوون illusion of unanimity))، تەنانەت ئەگەر ئەندامێکیشیان سەرنجی نەبووایە لەسەر باس و خواسەکان و بێدەنگ بووایە هەر وەک دەنگێکی ڕازی تەماشای دەکرا لە لایەن ئەندامەکانی ترەوە. جۆنسۆن گرووپە ڕاوێژکارییەکەی پرسی بەرپەرچاندەوەی کۆمۆنیزمیان لە باکوری ڤێتنام کردبووە پرسێكی ئەخلاقی وەک تیۆری دۆمینە لەم پرسەیان ڕوانیبوو. بەو پێیەی ئەگەر ڤیەتنامی باشوور کە دیموکراتی بوو، بکەوێتە ژێر دەسەڵاتی کۆمۆنیستەکانەوە، ئەوا هەموو ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستی ئاسیا بەدوای دەکەوێت. چارەسەری دەستێوەردانی سەربازییان کردبووە پرسێکی حەتمی کە دەبێت ئەنجام بدرێت بێ گوێدانە بۆچوونە پێچەوانەکان، بە تایبەت بۆچوونەکانی جێگری وەزیری دەرەوە جۆرج بۆڵ، هۆشداریدا لەوەی کە ئەمریکا ئەگەر بژاردەی سەربازی ڕەچاو بکات، ئەوە وەک ئەوەیە کە بەرەو لێوارێکی خلیسک slippery slop))  هەنگاو بنێت. بەڵام سەرەنجام ئەمریکا دوای ڕووداوە ناڕوونەکەی کەنداوی تۆنکین، کە گوایە هێرشکردنە سەر کەشتییە تێکدەرەکانی ئەمریکا لەلایەن هێزەکانی ڤێتنام باکوورەوە لە ئابی ١٩٦٤ ئەنجام درابێت. کۆنگرێسی ئەمریکا بڕیارنامەی کەنداوی تۆنکینی پەسەند کرد. ئەم بڕیارنامەیە دەسەڵاتی فراوانی بە سەرۆک جۆنسۆن بەخشی بۆ پەرەپێدانی بەشداریی سەربازیی ئەمریکا لە ڤێتنام، بە شێوەیەکی کاریگەر دەستی بە چوونەناوەوەی تەواوی ئەمریکا بۆ ناو ڤێتنام کرد کە ئاکامەکەی جەنگێکی خوێناوی بوو، کە بە بڕوای جانیس ئیدارەی جۆنسۆن ئەیتوانی بژاردەی دبلۆماسی بگرێتە بەر لەگەڵ ڕەچاوکردنی بۆچوونە دژەکان نەوەک کۆدەنگی و بیرکردنەوەی دەستەبژێرێک کە بێ هیچ پێش مەرجییەک پاڵپشتی یەکتری بوون. ئاکامی جەنگی ڤێتنامیش  یەکگرتنەوەی ڤێتنام باکوور و باشوور بوو لە ١٩٧٥  لە ژێر سێبەری دەسەڵاتی کۆمۆنیستەکاندا کە ئەمەش نوشستێکی سیاسیی لەیادنەکراوی لەسەر سیاسەتی دەرەوە و دوکتورینی سەربازیی ئەمریکا بەجێ هێشت.

سەربار، بە بڕوای جانیس دۆسیەی ئابڕووچوونی واتەرگەیت، یەکێک لە گەورەترین کۆسپە سیاسییەکانی مێژووی ئەمەریکا کە بووە هۆی دەستلەکارکێشانەوەی سەرۆک ڕیچارد نیکسۆن لە ساڵی ١٩٧٤دا. یەکێکی ترە لە لێکەوتەکانی بیرکردنەوەی گرووپی دەستەبژێر و لێکنەدانەوە بۆ دەرئەنجامی کارێک کە دەکرێت تەڕ و وشک پێکەوە بسوتێنێت. پوختەی سکانداڵەکەش ئەوە بوو کە گرووپێک لە لایەنگرانی سەرۆک ڕیچارد نیکسۆن، کە هاوکات ئەندامی کۆمیتەی (CREEP) بوون. ئاشکرابوون کە هەوڵیانداوە بچنە ناو بارەگای سەرەکیی پارتی دیموکرات لە تەلاری واتەرگەیت لە واشنتۆن بۆ دزینی بەڵگەنامە و دانانی ئامێری سیخوڕی. جانیس باس لە سێ کەسی نزیکترین هاوکار و ڕاوێژکارانی باڵای نیکسۆن دەکات کە چۆن  ڕۆڵی سەرەکییان گێڕاوە لە تێوەگلانی زیاتری نیکسۆن لەم ئابڕووچونەدا.  ئەوانیش: هاری ڕۆبینز هالدێمان سەرۆکی ستافی کۆشکی سپی، دووەمیان جۆن ئێرلیچمان، ڕاوێژکاری سیاسەتی ناوخۆیی بوو  کە هەردووکیان بە “دیواری بەرلین”ی کۆشکی سپی ناو دەبران، کەس نەیدەتوانی بە نیکسۆن بگات تاکو ڕەزامەندی لێ وەرنەگرتایە، سێیەمیان جۆن دین، ڕاوێژکاری یاسایی کۆشکی سپی بوو. لە سەرەتادا ئەم ڕاوێژکارانە هەوڵی پەردەپۆشکردنی ئەم ئابڕووچوونەیان ئەدا، بەڵام دواتر بوونە شایەتی سەرەکی لە دژی نیکسۆن لە بەردەم کۆنگرێسدا. لە کۆتاییدا، نیکسۆن وەک یەکەم سەرۆکی ئەمریکا لە مێژوودا ناچاربوو بەهۆی ئەم سکانداڵەوە دەست لە کار بکێشێتەوە.

ئەنجامگیری:

ئەوەی دەتوانین لە چوارچێوەی ئەم باسەدا دەستی بخەین ئەوەیە کە مەرج نییە سەرکردەکان هەموو کات چانسی ئەوەیان هەبێت لە رێگەی گرووپێکی کارامەوە بتوانن بەسەر ئاستەنگەکاندا زاڵ ببن و بیرکردنەوەیەکی ڕوونیان هەبێت لەناو پرۆسەی بڕیارداندا. بە تایبەت لە ساتەوەختی بوونی فشاری کات و هەڕەشەی دەرەکی. ئەو پوختە باسەی کە لە دیدگاکانی ئیرڤینگ جانیس خستمانە ڕوو، دەتوانین چەندین نووشوستی تری سیاسی پێ ڕاڤە بکەین، کە سەرکردەکان دووچاری هاتوون بە هۆکاری تەنگ بینی و نەبوونی ڕاوێژی دروست لە ڕاوێژکارەکانیانەوە. ڕەنگە باشترین نموونەش ئەگەر لێرەدا بیخەینە ڕوو، بەشداریی شانشینی یەکگرتووی بەریتانیا بوو لە سەردەمی سەرۆکوەزیران (تۆنی بلێر)دا، سەروەختی پرۆسەی داگیرکاری عێراق لە ٢٠٠٣. ئەمەش دوای ئەو بە دواداچوونانە دێت کە ڕاپۆرتی چیلکۆت (Chilcot Inquiry) بە “لێکۆڵینەوەی عێراق” ناسراوە کە لە ٦ی تەممووزی ٢٠١٦دا بڵاو کرایەوە. ئاماژەی ڕوونی تێدایە کە تۆنی بلێر زیادەڕۆیی کردووە لە پشتبەستن بە کۆمەڵێک ڕاپۆرتی هەوالگریی بەریتانی MI6، بە تایبەت سەرۆکی ئەوکاتەی MI6، سێر ڕیچارد دیرلۆڤ و تیمەکەی، کە تێیدا ئاماژە دراوە بەوەی کە عێراق خاوەن چەکی کۆمەڵکوژی مەترسیدارە و دەتوانێت لە ماوەی ٤٥ خوولەکدا بەکاری بهێنێت. بە گوێرەی ڕاپۆرتەکە سێ مانگ دوای داگیرکردنی عێراق نەتوانرا هیچ چەکێکی قڕکەر و کیمیایی بدۆزرێتەوە سەرەڕای گەڕانە بەرفراوانەکانی هێزە ئەمریکی و بریتانییەکان. ئەمەش دەرخەری ئەوە بوو کە بانگەشەکانی بلێر ناڕاست بوون و پاڵپشت نەبوون بە زانیاریی دروست لە قایلکردنی  پەرلەمان بۆ بەشداریکردنی وڵاتەکەی  لە پرۆسەی  داگیرکردنی عێراقدا. هەروەتر، بەرپرسانی ناو ئیدارەی بۆش و پنتاگۆن کەوتنە هەمان داوی چەواشەکارییەوە.  ئەویش زیاد لە ڕادەی پێویست پشتیان بەو زانیارییە هەواڵگرییانە بەستبوو کە (ئەحمەد چەلەبی)، سەرۆکی کۆنگرەی نیشتیمانی عێراق دابووی پێیان لەسەر دامەزراوەکانی ڕژێمی بەعس لە بوونی توانای سەربازی و چەکی کۆمەڵکوژ کە تەژی بوو لە زانیاریی هەوڵگریی هەڵە و ناڕاست. (ڤینسێنت کانیستراڕۆ)، پسپۆر لە دژە تیرۆرییزم و کارمەندی پێشووی سی ئای ئەی لە میانەی چاوپێکەوتنێکیدا لەگەڵ ڕۆژنامەی نیۆرکەر دەڵێت: “لەگەڵ چەلەبیدا، ئێمە پارەمان دا بۆ ئەوەی خۆمان چەواشە بکەین. ڕەنگە ئەمە کۆمیدی بێت، بەڵام کارەساتیش لەوەدایە  زۆر کەس بەهۆی زانیارییە چەواشەکارانەکانی چەلەبییەوە ئێستا لەژێر خاکدان.

لە کۆتاییدا، ئەوەی گرنگە هەڵی بگرین ئەوەیە کە مەرج نییە هەموو بیرکردنەوەیەکی بەکۆمەڵ بتوانێت بمانگەیەنێت بە بڕیارێکی دروست، لە کاتێکدا هەموان کۆکین لەسەر ئەوەی بیری لێدەکەینەوە. بە تایبەتی لەناو ئەو دامەزراوانەدا کە بڕیاردان پرۆسەیەکی چارەنووسسازە. هەروەک سایکۆلۆژیستی ئەمریکی ئەبراهام ماسلۆ (١٩٠٨-١٩٧٠) دەڵێت: “ئەگەر تاکە ئامرازێک کە هەتبێت چەکوش بێت، ئەوا هەموو شتێک وەک بزمار دەبینیت و مامەڵەی لەگەڵ دەکەیت.” هەر بۆیە گەڕان بەدوای ئامرازی تر لە دەرەوەی ئەو گرووپانەی کە ئاراستەی پرۆسە ڕاوێژکارییەکان دەکەن لەناو دامەزراوەکاندا، دەبێت کردارێکی حەتمی بێت بۆ هێنانەئارای بیرکردنەوەی ڕەخنەیی و دابەشکردنی گرووپەکان بەسەر تیمە بچووکەکاندا، تاکو دەرفەتی بیرکردنەوە دروست بکرێت، هەر لە وێنە بچووکەکانەوە تاکو وێنە گەورەکان. بیرکردنەوە و ڕەخنەکان قەتیس نەبن لەناو گرووپێکی دەستبەژێردا کە لە هەموو ساتێکدا ستایشی یەکتری دەکەن و ناتوانن ڕەخنە وەک پرۆسەیەک بۆ بنیادنان و گەشە ببینن. لەم نێوەندەشدا، گرنگە سەرکردەکان لە سەرەتادا خۆیان لە دەربڕینی بۆچوونەکانیان بەدوور بگرن، هەتا دەگەن بەو زانیارییە دروستەی کە دەتوانن بەرمەبنای بیر بکەنەوە و بڕیاری دروستی لەسەر ئاوا بکەن.

سەرچاوەکان:

  1. Janis, Irving L. Victims of Groupthink: A Psychological Study of Foreign-Policy Decisions and Fiascoes. Boston: Houghton Mifflin, 1972.
  2. Janis, Irving L. Groupthink: Psychological Studies of Policy Decisions and Fiascoes. 2nd ed. Boston: Houghton Mifflin, 1982.
  3. Stinnett, Robert. Day of Deceit: The Truth About FDR and Pearl Harbor. Illustrated paperback ed. New York: Free Press, 2001.
  4. Office of the Historian, U.S. Department of State. “The Bay of Pigs.” Milestones in the History of U.S. Foreign Relations: 1961–1968. Accessed June 30, 2025. https://history.state.gov/milestones/1961-1968/bay-of-pigs.
  5. Dumbrell, John. President Lyndon Johnson and Soviet Communism. Manchester: Manchester University Press, 2004.
  6. Shepard, Geoff. The Real Watergate Scandal: Collusion, Conspiracy, and the Plot That Brought Nixon Down. Illustrated ed. Washington, D.C.: Regnery Publishing, 2015.
  7. Iraq Inquiry. The Report of the Iraq Inquiry. London: The Stationery Office, 2016.
  8. Ahmed Chalabi, Iraqi Politician Who Pushed Bush to Invade Iraq, Dies of Heart Attack.” ABC News, November 3, 2015. Accessed June 30, 2025.
  9. Mayer, Jane. “The Manipulator.” The New Yorker, June 7, 2004. Accessed June 30, 2025. https://www.newyorker.com/magazine/2004/06/07/the-manipulator.
بڵاوکردنەوە: