نووسینی: ئاسۆ سەڵاح
ژیان بەبێ تۆویش دەڕوێتەوە
لە خاکگەلـی بێفەڕیشدا دێتەوە بوون
دەستاو دەست دەکات، وەک زەردەخەنە و مەرگ
وەک خەون، لە ناچاریدا سەرەگۆڕکــێ دەکات،
پاڵنەری زیندوومانەوە دەنگ دەداتەوە و دیسان دەزێ
وەکـــ
گیایەک کە دەزێت و نازانێت بۆ ڕواوە
ڕووبارێک کە ڕووەو ناشوێن لە ڕێدایە و
شاعیران کە پەی بە گۆڕستانێکی شکۆمەند نابەن
………………………………………………………….
دەگەڕێمەوە بۆ شاڕێکانی سەروەختی جەوانی
لاقە ماندووەکانم هێشتا لە وێنەکانی ساڵانێکی سواودا ڕێدەکەن
ئەی لاقە ماندووەکان، بێ جەستە نیوە گیانەکەم بۆ کوێ دەچن؟
………………………………………………………….
لە وەهمدا بۆ ماناگەلێک لە بوون و تارماییە ئەزەلیەکەی دەگەڕێم
دەگەڕێم و سۆراخی لە کەوشەن، ئاسۆگە، ئاسمان، چاوی باڵندە دەکەم،
باڵندەکان خەون دەبینن؟ پێش ئەوەی بەمردووی بکەونە سەرزەوی؟
ئاسمان لۆچی فڕینیان دەبینێت، ئەو ساتانەی کە بە ناچاری دەفڕن؟
ئایا تەنها باڵندەکان دەتوانن ترپەی لێدانی زەمین ڕاگرن؟
………………………………………………………….
لەم گومانە لێڵەدا ئاوێنەیەکی پەرش نییە بۆ ناسینەوەی خۆم؟
بەم چاوە زەقانەوە خێچڕوانینم دەمگەیەنێتەوە خاڵێک
خاڵێک کە کوێرە و ڕووە و نادیار، نائومێدی دەپێوێت
نائومێدییەک کە لەژێر تیشکی خۆردا سەوز بووە و
چڵ و پۆپی کردووە، تەرزی گومانی لێداوە، گومان لە؛
شەو، خەون، با، وەهم، ئازادی، جەردەیەک کە ناوی ژیانە،
دەمەوێت ڕامی بکەم ئەو مەرگەی ژیانی لە خۆیدا حەشارداوە
دەیکێشمە ناو زمانەوە تا کەناری شیعر، لەناو خۆمدا دەیخەوێنم،
………………………………………………………….
هەمدیسان بینایم دەتەنن، وێنەگەلی ژنانێکی ژیاو
دەمەوێت بچمە ئەودیو بوونەوە
تا خاڵی ببمەوە لە ڕوخساریان
تا خەیاڵدانم نەمکێشێتە سەر مۆرەی چڵکگرتوو
لە زەردەخەنە و بۆن و پێکەنینی بکوژانەی وان
تا چیتر دەنگیان نەبیستمەوە لە زیخەڵانی قوڵایمدا،
وەک پەرجوی خودایەکی گریمانەیی، کە ڕەنگە پەشیمان بێت لێی
دیرۆکیان لەسەرگوزشتەی دازاینمدا بۆ مەنەفێستی ژیان جێدەهێڵم.