ھەرکات دەریا و زەریاکان دەگەڕایت،
دەریاو زەریاکان خۆشیان لەگەڵ تۆدا دەگەڕان.
ماسی و مەرجانەکان،
سەدەف و ئەو مەخلوقە غەمگینەی بۆ ئەوەی غروری
نەشکێت ناویان نابوو ئەسپی دەریا،
ھەموویان لەگەڵ تۆدا دەگەڕان.
ھەرکاتێک گەردوون دەگەڕایت
گەردوون خۆی لەگەڵ تۆدا کونە ڕەشەکانی
خۆی دەگەڕا و ووندەبوو.
ئاسمان دەگەڕایت و باڵندە و ئەستێرە لەگەڵتدا دەگەڕان.
ڕۆژانە بە نائومێدی دەچوویتە سەر شەقامەکان و دەگەڕایت، ڕێگا و مەوداکانیش لەگەڵ تۆدا بوون،
وەک تۆ ماندوو دەبوون و دەگەڕان.
سەرخۆشەکان..ئیماندار و بێ ئیمانەکان چاوەڕوان بوون،
تا بگەڕێیت و ئەوانیش لەگەڵ تۆدا بگەڕێن.
عەرش دەگەڕایت و خوداش دەیویست لەگەڵ تۆدا بگەڕێت، مەلەکوتت تەی دەکرد و ناواخنی خورافەکان دەگەڕایت.
بیابانەکان دەگەڕایت و پێغەمبەرە غەمگینەکان
لەگەڵ تۆدا بۆ نھینی خۆیان دەگەڕان.
لەگەڵ تۆدا.. خودا بۆ سیحری نەمریی خۆی دەگەڕا،
ئاسمان بۆ ناکۆتایی خۆی، جەلاد بۆ قوربانییەکەی،
فریشتە بۆ دیوە شەیتانیەکەی دەگەڕا.
وەک قەراسینە غەمگینەکانی دەریا
قوڵایی ڕوبار دەگەڕایت و قوڵایی دەریاش لەگەڵ تۆدا،
ناکۆتای خۆی دەگەڕا.
کەس نەیدەزانی بەدوایی چیدا دەگەڕێیت.بەڵام ھەموان لەگەڵ تۆدا بۆ شتێک دەگەڕان،بۆ پارچەیەک لەخۆیان،بۆ منداڵیان،بۆ نەمرییان دەگەڕان.
ئەی خانمی مروارییە ڕەشەکان
دۆستی بە نەزاکەتی کوفر
مەعشوقەی دەریا غەمگیەنەکان
تەنھا منم دەزانم تۆ بەدوای چیدا دەگەڕێیت.
ھەموو شتێک بێ ھودە لەگەڵ تۆدا دەگەڕێت،
من نەبێ.
منیش وەک تۆ
ئێواران بە دوایی تیشکی دزراودا
سپێدان بەدوای ڕابردوودا
شەوانیش بەدوای حیکمەتی خنکاودا،
لەگەڵ تۆدا دەگەڕام.
جاران سەیری ئاسمانم دەکرد و بیرم لەو ئەستێرانە دەکردەوە کە بەدوای کاکێشانی خۆیاندا دەگەڕان،بیرم لەو مەجەڕە خەیاڵیانە دەکردەوە کە بەدوای زیندەگی تردا دەگەڕان.
تۆش وەک داناترین دەریاوان
وەک کیشوەرناسێکی تەنیا
بەدوای ئەو شەپۆلانەدا دەگەڕایت کە بۆنی ژیانیان
لێدەھات،وەک مەخلوق ناسێکی غەریب، سەیری
چاوی دەریاوانەکانت دەکرد و دەتزانی بۆ خاکێکی نوێ دەگەڕێن.
لە بێ بنی دەریادا بە دوای ماسی شێت..دۆلفینی گەمژە،
بەردی ئەفسانەییدا دەگەڕایت.
دەمزانی ئەمانە ھەمووی بەھانەن تا لە خۆتدا غەرق بیت،
نەتدەیوست لە نھێنی ئاو..لە تەنیایی دەریا تێبگەیت،
دەتویست مرواری ڕەشی ژیان بدۆزیتەوە..دەتویست
لە نەخشەی چەتە ترساوەکانی دەریادا دەست لە
پوچی زەمەن بدەیت.
ھەرکات ڕوناکیت بە دیل دەگرت،مەبەستت نەبوو ئیشراق بکەیت بە کۆیلە،دەتویست دەست لە جاویدان بدەیت.
ھەرکات شەوت بە ھەموو ھێزی خۆتەوە دەگوشی،
مەبەستت نەبوو بۆنی قەتران بکەیت،دەتوسیت
دەست لە ڕەگ و ڕیشەی خودا بدەیت.



