هەڤپەیڤین لەگەڵ دلۆڤان عەلی

بڵاوکردنەوە:

سازدانی: دلێر ئایدۆگان

وێژە بۆ هەندێک کەس ڕەنگە سێبەری فێنکی نۆستالژیا بێت، بەڵام بۆ هەندێک نووسەر گۆڕەپانی جەنگە دژی ژیان و ئامرازێکە بۆ ڕووتکردنەوەی ڕاستی. ئەم هەڤپەیڤینە، چیرۆکی نووسەرێکە کە ڕەگ و ڕیشەی لە سۆرانییەوەیە، بەڵام ڕۆحی لەنێو کورمانجییەکی ڕەوان و تونددا دەچنێت. دلۆڤان عەلی، بە قەڵەمەکەی کە سنوورە ناوچەییەکان و قاڵبە باوەکان دەبەزێنێت، لەم هەڤپەیڤینەدا شێوەزاری کورمانجی نەک وەک میراتێکی ڕۆتینی، بەڵکو وەک “زمانی بیرکردنەوە و فەلسەفە” نیشان دەدات.

لە هاوارکردن دژی پیرۆزکردنی نووسەرانەوە تا ڕەخنەگرتن لە “ڕووکەشگەرایی بازاڕیی”، لە شکۆی ئاسمانی باکوورەوە کە بە خوێنی مێژوو سوور بووە، تا ئەو نەشتەرەی بەر جەستەی وشە دەکەون؛ ئەو، خوێنەر بۆ “ژووری نەشتەرگەری” بانگهێشت دەکات و پێمان دەڵێت: “ئێمە پێویستمان بە شاعیرێکە خوێنەر بخاتە ناو دڵەڕاوکێوە، نەک ناو ئارامی.”

 

دلۆڤان عەلی کێیە؟

ساڵی 1994 لە شاری قەڵادزێ لە باشووری کوردستان لەدایکبووە. خوێندنی سەرەتایی و ئامادەیی لە هەولێر تەواو کردووە. لە ساڵی 2010ـەوە دەستی بە نووسین کردووە. شیعر و لێکۆڵینەوەی ئەدەبی دەنووسێت و کاری وەرگێڕانیش دەکات. نووسین و لێکۆڵینەوەکانی لە زۆرێک لە ماڵپەڕ، ڕۆژنامە و گۆڤارەکاندا بە زمانە جیاوازەکان بڵاوکراونەتەوە. زمانەکانی کوردی سۆرانی/کورمانجی، ئینگلیزی، تورکی، فارسی و عەرەبی دەزانێت. لە ساڵی 2017ـەوە لە وڵاتی بەریتانیا نیشتەجێیە.

 

بەرهەمەکانی:

بیرەوەرییەکانی پشت تێلەکانی سنوور، شیعر، وەشانخانەی دۆز ٢٠٢٦ ئامەد

وەرگێڕانەکانی:

پەکەکە چما وادەکا؟، ڕەخنەی سیاسیی، وەشانخانەی دۆز ٢٠٢٢ ئیستانبووڵ

 

لەم هەڤپەیڤینەدا پێکەوە گوێ لە دەنگی ئەم نووسەرە دەگرین کە لە دژی وشە دەجەنگێت و لەناو “دەقی نەمر”دا بەدوای ئەدەبدا دەگەڕێت.

 

دلێر ئایدۆگان: سەرپێهاتی تۆ لەگەڵ کورمانجی چۆن دەستی پێکرد؟ چی بووە هۆکار قەڵەمێک کە ڕەگی سۆرانە، بەم شێوەیە بە کورمانجییەکی ڕوون و ڕەوان بنووسێت؟

 

دلۆڤان عەلی: ئەمە چیرۆکێکی سەرنجڕاکێشە. ماڵی ئێمە هیچ کاتێک بێ سترانی کورمانجی نەبووە، هەر لە منداڵییەوە گوێمان لە گۆرانییەکانی (کاوێس ئاغا، شڤان پەروەر، مورات بەکتاش و محەممەد عارف جەزراوی) دەبوو. بەڵام چیرۆکی خۆشەویستی من بۆ کورمانجی لە وێنەیەکی ناو کتێبی مێژووی قوتابخانەی سەرەتایی دەستی پێکرد. بیرمە پۆلی ٤ یان ٥ی سەرەتایی بووم و ماڵمان لە هەولێر بوو. ئەوکات سیستەمی پەروەردە لە باشووری کوردستان هێندە پێشکەوتوو نەبوو وەکوو ئێستا، کتێبەکان ڕەش و سپی بوون. دەرسی مێژوومان هەبوو؛ لە بەشێکی کتێبەکەدا وێنەیەکی شاری “بەدلیس”ی باکووری کوردستان هەبوو. وێنەیەکی گەلێک نۆستالژی و مێژوویی بوو. شوێنێک بوو وەکوو بیناییەک کە خوارەوەی کۆگا و دووکان، سەرەوەکەی ماڵ بوو و ٢-٣ سەیارە لەوێ ڕاوەستابوون. وێنەکە لایەکی شاری بەدلیسی نیشان دەدا، وێنەیەکی ڕەش و سپی بوو. ئەو وێنەیە ئەوینێکی سەیری لە دڵمدا دروست کرد و بووە هۆکاری سەرەکی بۆ ئەوەی بەدوای مێژوو و جوگرافیای باکووری کوردستان بکەوم. دواتر لە هەمان کتێبدا وێنەیەکی تریش هەبوو کە هی “مەروانییەکان” بوو، بەڵام ئەوەی ڕێگای منی بەرەو کورمانجی کردەوە وێنەکەی شاری بەدلیس بوو. ئێستاش ئەو وێنەیە لە سەر و مێشکمدا هەمیشە بە زیندوویی دەژی و تەراتێن دەکات. ئەم وێنەیە پردی نێوان من و کورمانجی بوو، وێنەیەک بوو بە نیشتمانێک لە هزرمدا.

 

دلێر ئایدۆگان: لە نووسینەکانتدا زمانێکی توند و هەندێک جار “ڕەق” دەبینرێت. ئایا ئەم توندییە هەڵبژاردنێکی جوانکارییە (ئیستاتیکییە)، یان دەرئەنجامی پەرچەکرداری تۆیە بەرامبەر بە دۆخی ئێستا؟

 

دلۆڤان عەلی: من تەنها ئەو شتانە دەنووسم کە ئەزموونی دەکەم. ئەو شتانەی دەگوزەرێن و دەبێت بگوترێن. بە بڕوای من، دەقی نەمر ئەو کاتە لەدایک دەبێت کە نووسەرەکەی لە ژێر زەبر و زەنگدا، هێشتا بتوانێت لە دەریچەیەکەوە سەیری دەرەوە بکات. لێرەدا مەسەلەکە توندیی زمان نییە، بەڵکو ڕووتکردنەوەی وشە و نیشاندانی ڕاستییەکانە وەک خۆیان. گرنگ ئەوەیە مرۆڤ “چی” دەنووسێت، نەک “چەند” دەنووسێت. ڕاستییەکەی من لەگەڵ قەرەباڵغی زۆر نیم لە جیهانی نووسیندا. تێکست وەک “ژووری نەشتەرگەری”یە؛ کە نووسەر تێیدا خوێنەر دەداتە بەر چەندین جۆر نەشتەر. ئێمە پێویستمان بە شاعیرێکە خوێنەر بخاتە ناو دڵەڕاوکێوە، نەک ئارامی.

بڕوانە، فڕانس کافکا تا ڕۆژی مردنیشی باوەڕی وابوو کە مرۆڤ مەحکوومە بە تاوان، بێ ئەوەی هیچ تاوانێکی ئەنجام دابێت. تەواوی بەرهەمەکانیشی لەسەر ئەم ڕێچکەیە نووسیوە. ئەمەش هەمووی لەو ترسەوە دەهات کە باوکی خستبوویە دڵیەوە.

ئێمە وەک مرۆڤی ڕۆژهەڵاتی، کاتێک لەدایک دەبین (ڕۆژهەڵات گۆڕستانێکی گەورە و زیندانێکی بێ پەنجەرەیە)، کۆمەڵێک مرۆڤی دڵشکاو و کەوتووین. هەر یەکێک لە ئێمە بە جۆرێک هەوڵ دەدات ئەم دۆخە بێنێتە زمان. خەیاڵ ئەو کاتە جوانە کە تۆ وەکوو ئەورووپاییەک لەدایکببی، نەک وەکوو کوردێک کە یاری لەگەڵ مەرگ و خوێن و فرمێسکدا دەکات.

 

دلێر ئایدۆگان: لە کایەی ئەدەبیاتدا، ئایا بەرهەمهێنانی دەقێکی نەمر پێوەرێکی تەواوە بۆ پێناسەکردنی پایەی نووسەری گەورە؟ گەورەیی ئەدەب بە یەکپارچەیی ئیستاتیکی و بەردەوامی هێزی داهێنانەوە بەستراوەتەوە؟

 

دلۆڤان عەلی: دەقی نەمر هەیە، بەڵام نووسەری گەورە نییە. ئەوەی نووسەرێک بە زیندوویی دەهێڵێتەوە دەقە نەمرەکەیەتی، نەک ناوزەدکردنی وەک کەسێکی گەورە. من وەک مرۆڤ ڕێز لە نووسەران دەگرم، بەڵام وەک “نووسەری گەورە” نا. ڕاستییەکەی لە پرسی بەکارهێنانی چەمکی “گەورە” بۆ نووسەران، من هاوڕا نیم. کاتێک تۆ وەک ڕەخنەگرێک یان خوێنەرێکی جدی سەیری تێکستێک دەکەیت، پێویستە “تێکستەکە” بناسیت؛ نەک سەرنج بدەیتە سەر ئەوەی نووسەرەکەی چەندە “گەورە”یە وەک ئەوەی خەڵک ناوی دەبەن. ڕاستییەکەی: هەر شتێک کە پیرۆز کرا، بەهای خۆی لەدەست دەدات، چونکە دەکەوێتە دەرەوەی ڕەخنەوە. ئەمەش دەبێتە هۆی دروستبوونی تاکڕەویی (مۆنۆلیتیزم) و داخراوی.

پیرۆزکردنی نووسەران، هەمان مێتۆدی سیاسییەکان و پیاوانی ئاینییە کە بۆ شاردنەوەی ڕۆحی نەخۆشی خۆیان بەکاری دەهێنن. هەموو ئەو ناوەندە ڕۆشنبیری و وەشانخانانەی کە هەوڵ دەدەن نووسەران گەورە بکەن، تەنها ئامانجیان ئەوەیە بازرگانییەکەیان بە وشە و کتێبەوە فراوانتر بکەن. ئەمە جۆرێکە لە گەندەڵیی ئەدەبی نوێ کە چەند بازرگانێکی کتێب دایانھێناوە.

 

دلێر ئایدۆگان: تۆ ڕەوتی شیعری نوێی کورمانجی چۆن هەڵدەسەنگێنیت؟ ئایا لە ڕووی مۆدێرنیزم و بونیادنانی ناسنامەیەکی نوێوە، شیعری ئێمە لە چ ئاستێکدایە؟

 

دلۆڤان عەلی: ڕێباز و ڕەوتی شیعری نوێی کوردی لە کورمانجیدا، نەیتوانیوە ئازار بەرجەستە بکات و هزر لە ناو تێکستدا بەرهەم بهێنێت؛ تەنها لە چوارچێوەی نۆستالژیایەکی ڕۆمانسیی کلاسیکدا دەسووڕێتەوە. زیاتر تەقلیدکردنی نووسەرانی پێش خۆیەتی، نەک داهێنانی زمانێکی شیعری نوێ کە بتوانێت دەریچەیەکی نوێ بۆ فۆرمە ئەدەبییەکان لە کورمانجیدا بکاتەوە. هەرچەندە نووسەری گەنج هەن هەوڵ دەدەن بەربەستەکان بشکێنن، بەڵام بەشێکی زۆری نووسەرەکانمان دەترسن ئەگەر بە زمانێکی توند و ڕووت بنووسن، خوێنەرەکانیان لەدەست بدەن. چونکە ئەوان تەنێ بۆ عەوامێکی ئاشق بە ڕۆمانتیک و وشەی ناسک دەنووسن، نەک بۆ ئەوەی وشە ببێتە چەکێک لە هەمبەری ژیان و بۆ هەڵکۆڵینی زمان. ئەمە زیاتر نمایشێکی ڕۆتینیە نەک کارکردن لە ئەدەبیاتدا. شاعیری ڕاستەقینە ئەوەیە بەرەنگاری وشە دەبێتەوە نەک ماکیاژی بۆ بکات.

وەکوو گوتم ئەوان دەیانهەوێ وەکوو سیاسییەکان و پیاوانی ئایینی خەڵک لەخۆیان کۆبکەنەوە نەک داهێنان لە ئەدەبیاتدا بکەن.

 

دلێر ئایدۆگان: هەندێک نووسەر هەوڵ دەدەن زمان بخەنە ژێر کۆنترۆڵی خۆیان و سنووری بۆ دابنێن. ئایا بۆچی زمان لەبری ئەوەی وەک ڕووبارێک بڕوات، لە ناو قاڵبی تەنگدا گیری خواردووە؟

 

دلۆڤان عەلی: من پێم وایە زمان زۆر لەوە فراوانترە کە هەندێک لە نووسەران هەوڵی کۆنتڕۆڵکردنی دەدەن. سەرەتا پێویستە کورمانجی لە زمانی گوند و شار و کۆڵان بێتە دەرەوە و ببێتە زمانێکی جیهانی. زمانێک کە بتوانێ بڕیار بدات و لەنێو دونیای ئەدەبیاتی دەرەوەشدا بوونی هەبێت. من کاتێک بە کورمانجی دەنووسم و دەخوێنمەوە، واهەست دەکەم لەنێو فەلسەفەیەکی دێریندا مەلە دەکەم. کورمانجی زمانی فەلسەفەیە، زمانی بیرکردنەوە و هزرە، بەڵام زۆرێک لە نووسەرانی ئێمە شەرم دەکەن ئەم ڕاستییە بەرجەستە بکەن.

 

من وەک خوودی خۆم لە منداڵیەوە کورمانجی وەکوو ئەڤینێکی دێرین لەگەڵمدا گەورە بوو و لەگەڵیدا دەژیم. من بۆیە بە کورمانجی دەنووسم بۆ ئەوەی خوێنەر لەنێو دەق دا بیربکاتەوە و تووشی خوێن بەربوونی فیکری ببێت نەک خۆشییەکی کاتی هەست پێ بکات. دەبێ هەمووان دەرک بەو ڕاستییە بکەن کە کورمانجی زمانی فەلسەفەیە.

 

دلێر ئایدۆگان: بۆچی شیعری نوێی کورمانجی ناتوانێت خۆی لە سنوورە کلاسیکی و نۆستالژیکەکان ڕزگار بکات؟ ئایا ئەم پەیوەستبوونە بە ڕابردووەوە، ڕێگر نییە لەبەردەم نوێبوونەوەی شیعردا؟

 

دلۆڤان عەلی: بەبڕوای من هۆکاری سەرەکی ئەمە ئامادەنەبوونی فیکر و فەلسەفەیە لەنێو دەقەکاندا. لە کۆمەڵگا ڕۆژهەڵاتییەکاندا زۆرجار بەهۆی هەندێک مەسەلەی پیرۆزی و مەسەلەی تر فەلسەفە وەکوو خۆفێک نیشان دەدرێت، کە ئەمەش دەبێتە ڕێگر لەوەی نەوەیەکی بیرکەرەوە لەدایک ببێت. دەبێ شاعیرانی نەوەی نوێی ئێمە لەو قاڵبە کۆنە سواوە بێنە دەرەوە کە تەنیا پشت بە کلاسیک و وشەی ناسک ببەستن، دەبێ بتوانن لەنێو شیعردا هزر بئافرێنن، لەگەڵ وشەکاندا واتای نوێ بدۆزنەوە، دەبێ وشە بریندار بکەن بۆ ئەوەی بە خوێنەکەی دونیایەکی نوێ بخوڵقێنن. بریندارکردنی وشە سەرەتای لەدایکبوونی ئایدیای نوێیە، دەریچەی ئافراندنی زمانە لەنێو زماندا.

بەشێکی تریشی ئەم بابەتە هۆکارەکەی وەشانخانەکانن، کە تا هەنووکە خەباتی باشی فەلسەفی و هزریان بە کورمانجی چاپ نەکردووە. ئەمە کێماسییەکی گەورەیە. پێویستە لە داهاتوودا هەنگاوی جددی بۆ بهاوێژرێت.

 

دلێر ئایدۆگان: مەسەلەی کوتلەگەرایی و گروپەکان (نووسەر و دەزگای بڵاوکردنەوە) کە هەوڵ دەدەن باڵادەستی بەسەر کایەی ئەدەبیدا بسەپێنن و بڕیار لەسەر شکۆی نووسەرانی تر بدەن، چۆن دەبینیت؟

 

دلۆڤان عەلی: ئەم بابەتە شتێکی بێ مانایە. زێدە بێ مانا. ئەوانەی هەوڵی دروست کردنی ئەم دەستە و تاقمانە دەدەن، جا هەر کەسێک بن، تەنیا دەیانهەوێ قەرەباڵغی لە دەوری خۆیان دروست بکەن بۆ ئەوەی خوێنەری عەوام واهەست بکات کە ئەوان وەکوو نووسەر و وەشانخانە خوێنەریان زۆرە و دەتوانن بڕیار لەسەر نووسەربوون و نووسەرنەبوونی ئەم و ئەو بدەن. لەکاتێکدا کە هیچ کەسێکی پۆلیسی هزری ئەوی دیکە نییە. ئەوانەی بۆ ئەدەبیات و فیکر و تەکنیک دەنووسن، لە ڕووانگەیەکی دیکەوە سەیری دونیای نووسین دەکەن، زۆر گوێ نادەن بەم مژارە بێ مانایانە. نووسەری ڕاستەقینەی ئەدەبیات و نووسەری عەوام دوو دونیای جیاوازیان هەیە.

 

ئەمەی کە تۆ باسی دەکەی لە پێناسەیەکی کورتدا مۆدێلێکی نوێی ئەو ڕووکەشپارێزیە بازاڕییەیە کە هەیە، چەشنی بازاڕی سیاسەت هاتووەتە نێو دونیای ئەدەبیاتی ئێمەوە. هەمان ئەو میتۆدەیە کە سیاسییەکان هەوڵدەدەن مرۆڤی پێ کۆنتڕۆڵ بکەن و  ئایینەکان مرۆڤی پێ دەکەن بە کۆیلە. دونیای ئەدەبیات دونیایەکی ئازادە، دونیایەکە پڕە لە بیرکردنەوە، بۆیە ئەمە تەنیا گاڵتەجاڕییەکی گەورەیە.

 

دلێر ئایدۆگان: ئایا شیعر دەبێتە بابەتی پێشبڕکێ؟ سازکردنی “پێشبڕکێی شیعری” بۆ ڕۆحی هونەر چ واتایەکی هەیە؟

 

دلۆڤان عەلی: پێشبڕکێی شیعری؟ ئەمە تەنیا گاڵتەجاڕی پێدەگوترێت. گاڵتەجاڕییەکی پێکەنیناوی. شیعر پێوەرێکی چەندایەتی (Quantitative) نییە تا لیژنەیەک بڕیاری لەسەر بدات؛ شیعر تەقینەوەیەکی کتوپڕە.

 

ژان پۆڵ سارتەر دەڵێت: “نووسەرێک کە دەچێتە ناو کێبڕکێوە، چیتر مرۆڤێکی ئازاد نییە، بەڵکو بوکەڵەیەکە دەیەوێت بەپێی ستانداردەکانی دەسەڵات یان لیژنەکان بجوڵێتەوە.”

بۆیە پێشبڕکێی شیعری جۆرێکە لە بەکۆیلەکردن و سنووردانان بۆ ئەدەبیات. نابێ ئەدەبیات لە چوارچێوەیەکی تەسکدا بچووک بکرێتەوە.

 

دلێر ئایدۆگان: شیعری “باکوورنامە”ی تۆ، وەک فەرشێکی چنراو بە مەینەتی و شکۆی شارەکان دەردەکەوێت. ئایا ویستت ببیتە سترانبێژی شارەکان، یان هەوڵت دا لەسەر کەلاوەکانی ڕابردوو “وڵاتێک لە وشە” بونیاد بنێیت؟

 

دلۆڤان عەلی: تۆ دەزانی من هەمیشە لەنێو شارەکاندا بەدوای زمان و وێنا و فیکری نوێدا دەگەڕێم. شارە دوورەکان بۆ من خودایەکن لە سەرمدا. من و باکووری کوردستان ٢٤ ساڵی بەردەوامە پێکەوەین. بەڕاستی جاری یەکەم ساڵی ٢٠٢٣ بوو کە باکووری کوردستانم دیت، نزیکەی مانگێک لەوێ مامەوە و زۆربەی شارەکان گەڕام. ئەزموونێکی جیاواز و تا ڕادەیەک سەیر بوو. کاتێک بۆ یەکەمینجار لە کۆڵانەکانی ئامەد پیاسەم دەکرد، یانژی لەسەر قەڵای دیاربەکرەوە سەیری ماڵە وێرانبووەکانی سوورم دەکرد، یانژی لە جزیرێ لەبەر دیجلە دانیشتبووم و سەیری ڕێگا دوورەکانم دەکرد، هەستم دەکرد کە ڕۆحم بە بەرچاومەوە وەکوو کۆترێکی پێکراو هەڵدەپەڕی.

هەیبەتی ئاسمانی باکوور شتێکی زۆر جیاوازە، کاتێک لە مێردین یان ئامەد یانژی جزیرێ سەیری ئاسمان دەکەی بەتایبەت کاتی خۆرئاوابوون، ئاسمانەکە سوورە نەک زەرد، چونکە خوێن هەموو شوێنێکی تەنیوە. خوێنی مێژوو، خوێنی غەدر، خوێنی پێکنەگەیشتن و خوێنی خوێن. تۆ دەزانی ئێمەی کورد مەحکوومین بە مردن و خوێن، ئێمە ڕێبواری نێوان پووچی و نەبوونین.

زمان لە باکوور لە زمانی هیچ شوێنێکی دیکە ناچێت. بۆیە کاتێک شیعری “باکوورنامە”م نووسی، پێویستی کرد مێشکم و ڕۆحم بە برینداری لەسەر کاغەزەکە دابنێم ئینجا بنووسم. دەتوانم بڵێم هەبوونم تێکەڵی ئەم تێکستە کردووە بۆ ئەوەی بتوانم بینووسم.

 

دلێر ئایدۆگان: وەک دوا پرسیار؛ بە بڕوای تۆ نەوەی نوێی ئێمە لە کایەی ئەدەبیاتدا، دەبێت چۆن سەیری جیهانی نووسین بکەن؟

 

دلۆڤان عەلی: ڕاستییەکەی من حەزم لە ئامۆژگاریکردن نییە؛ تەنها دەتوانم ئامۆژگاری خۆم بکەم کە “چی” و “چۆن” دەنووسم. مرۆڤ مەحکوومە بە خودی خۆی. بەڵام ئەو کەسەی دەنووسێت، دەبێت پێش ئەوەی دەست بۆ وشەکان ببات، خوێنەرێکی باش بێت. بە شێوەیەکی دیکارتی: “من دەخوێنمەوە، کەواتە دەزانم چی دەنووسم.”

 

تێبینی: ئەم هەڤپەیڤینە لە بنەڕەتدا بە کورمانجی ئەنجامدراوە، نووسەری کردوویەتی بە سۆرانی.

بڵاوکردنەوە: