ئێستێتیکی فریدریش شیلەر (بەشی سێیەم)

67
0
بڵاوکردنەوە:

نووسینی: کاوە جەلال

شیلەر و کانت

فەلسەفەی ترانسسێندێنتالی کانت لە سێ ڕەخنەکەیدا

 

کانت لە یەکەم ڕەخنەکەیدا بە ناونیشانی «ڕەخنەی ئاوەزی پەتی » (1781) خۆی بە سنوورەکانی ئاوەزەوە بۆ شیمانەی مەئریفە خەریک دەکات، کەواتە ئاوەز لەم ڕەخنەیەدا تەنیا وەک ئاوەزی تیۆرییانە لەژێر پرسیاردایە: “ئایا من دەتوانم چی بزانم؟”. ئێمە لێرەدا بەر کارایی زەین و ئاوەز دەکەوین. یەکەمیان توانستی مەئریفەیە، کە نێوەرۆکەکانی شئور بە تێگە و کاتێگۆرییەکانی ڕێکدەخات و ئەزموون دەشێنێت. زەین ناتوانێت لە سنوورەکانی توانستی دەرکگیری تێبپەڕێت. وەلێ ئاوەز توانستێکی سەرینەییە و بەگوێرەی سروشتی دەکەوێتە پرسیار لەبارەی مەئریفەکانی زەین، چونکە تەقەلا بۆ پرنسیپ و یەکانە دەدات، بەوەش سنووری ئەزموون دەبەزێنێت، کە ئیدی بەو ڕێیەوە خۆی بە دژبێژییەوە دەئاڵێنێت: ئاوەزی پەتی هەوڵ دەدات بە تێز هەبوونی خودا، نەمریی دەروون و ئازادی بسەلمێنێت، وەلێ هەر ئەو خۆی بە ئەنتیتێز دەیسەلمێنێت کە هەرسێکیان نەشیاون (6). لەم ڕوانگەیەوە خودا و دەروون و ئازادی شیاوی زانین نین. ئێمە پەیوەند بە ئازادییەوە دەکەوینە بەردەم پرسیاری ئەخلاق (مۆرال) کە کانت بەتایبەتی لە «ڕەخنەی ئاوەزی پراکتیکی »دا (1788) خۆی پێوە خەریک دەکات (7).

ئێمە بێگومان پەیوەند بە ئاوەزی پراکتیکیشەوە هەر ئاوەزی پەتیمان هەیە، وەلێ ئێستا نەک وەک ئاوەزی تیۆرییانە (ئایا من دەتوانم چی بزانم؟)، بەڵکو ئێستا ئاوەز پەیوەند بە کردارەوە لەژێر ڕەخنەدایە: “ئایا چۆن گەرەکە من کردار بنوێنم؟”

کانت پەیوەند بە کرداری مرۆڤەوە چە دێتەرمینیزم (حەتمییەت) و چە دیاریکردنی پێشیانیی خودایی ڕەتدەکاتەوە. بە تێڕوانینی ئەو مرۆڤ خۆی بڕیار (قەرار) دەدات کە ئەوها یان بە جۆرێکی دی کردار بنوێنێت. ئێمە لێرەدا بەر تێگەی ویست (ئیرادە) دەکەوین. وەلێ ویست لای کانت یەکانە نییە، بەڵکو دوو پاڵهێزی هەیە: یەکێکیان لە ئارەزووی سەبژێکتەوە بۆ خاتری بەرژەوەندییەکانی دەنوێنرێت و ئاپۆستەریۆرییە (پاشدەرکییە) – ئاخر ئارەزوو هەوەسمەندە و بەندە بە ڕەوشە پسیکۆییەکانی مرۆڤەوە کە لەژێر کاریگەریی دەرەکیدان؛ ئەو پرنسیپانە کە سەبژێکت لەم ڕەوشەدا وەک بنەڕەتی کردارەکانی دایاندەنێت، تەنیا ڕێسان (ماکسیمن) و چواندنیان بۆ ویستی ئەو خۆی هەیە نەک بۆ سەرجەم مرۆڤان. ئەویدیکەیان لە کارایی ئاوەزی پەتیی پراکتیکییەوە دەنوێنرێت پابەند بەو پرنسیپانەوە (ئەکسیۆمانەوە) کە ئاوەز ئاپریۆریانە (پێشدەرکییانە) وەک بنەڕەت لە خۆی گرتوون، کەواتە پرنسیپەکان سەربەخۆن لە هەستی حەز و ناحەز یان لە ئارەزووەکان، ئەوجا لەبەرئەوەی ئاپریۆریانە لە خودی زەینەوە سەرهەڵدەدەن، کەواتە دەرئەنجامگیری نین لە ئەزموونەوە، ئەوا یاسای ئۆبژێکتیڤین و چواندنیان بۆ هەر بوونەوەرێکی ئاوەزمەند (کەواتە سەرجەم مرۆڤان) هەیە نەک تەنیا بۆ تاکە سەبژێکتێک.

ئێمە بێگومان پەیوەند بە شیمانەی ویستەوە کە دەشێت لە لایەک پابەندی ئارەزوو و لە لایەکی دیکەوە پابەندی ئاوەز بێت، دەکەوینە بەردەم پرسی ئازادی. کانت جەخت دەکات، لەبەر ئەوەی دەرکەوەرەکان لەژێر ڕکێفی هۆئەنجامیی سروشتی پسیکۆییانەی مرۆڤدان، ئەوا لەم ڕەوشەدا ویست بەردەدرێت بۆ هەوەسی دەرکی و ڕێکەوتی نەناسراو، بۆیە لەنێو دەرکەوەرەکاندا ئازادی لەگۆڕێ نییە و نابێت. لەم ڕوانگەیەوە، دیاریکردنی ئازادی لە هۆئەنجامیی سروشتەوە دیاریکردنێکی نێوەرۆکییە (ماتەریالە) و ناتوانێت تیۆرییەکی ئازادی بنیاتبنێت، چونکە لەم جۆرە دیاریکردنەی ئازادییەوە هێتەرۆنۆمی(دیاریکردنی دەرەکی) دێتە ئاراوە، واتا ئارەزووە بەرجەستەکان ویست دیاری دەکەن، ئەمەش دەبێت بە ئاستەنگ لە بەردەم ئازادیدا وەک ئۆتۆنۆمی (خوددیاریکردن، یاسادان بە خودی خۆ). بەم پێیە کانت بە پێچەوانەی دیاریکردنی نێوەرۆکییەوە، دیاریکردنی شێوەکییانەی (فۆرمالی) ئازادی وەردەگرێت. لەم ڕەوشەدا تەنیا ئاوەزی پەتیی پراکتیکی ویست بۆ کردار تەرخان دەکات.

کانت ڕەخنەییانە لە ویستی سەبژێکتیڤی نزیکدەکەوێتەوە، ئەوجا کاتێک ئەو دێتەرمینیزم و دیاریکردنی پێشیانیی خودایی ڕەتدەکاتەوە، کەواتە خودی مرۆڤ وەک بنەڕەتی بڕیار (قەرار) دادەنێت، ئەوا هاوکات بەوە دەبێژێت، کە سەبژێکت دەتوانێت لە کرداردا “بییەوێت” ڕێساکانی ببن بە پرنسیپ و وەک یاسای گشتگیر چواندنی ئۆبژێکتیڤییان بۆ هەرکەس هەبێت. ئاخر ئێستا لەم ڕەوشەدا فۆرمی یاسادانێکی گشتی لەگۆڕێیە و هەر خودی ئەم فۆرمە ویست دیاری دەکات، بەو ڕێیەشەوە ئێستا ویست “ئازاد”ە (ئۆتۆنۆمە)، وەلێ ئازادییەک کە پابەندی “فرمان”ە (واجیبە): مرۆڤ یاسا بۆ خۆی دادەنێت و هاوکات خۆی دەخاتە ژێر ڕکێفییەوە. ئێمە لێرەدا دەگەین بە فۆرمولە بەناوبانگەی کانت بەناوی “فەرمانی زەرووری” (das kategorische Imperativ) کە یاسایەکی ئەخلاقییە بە چواندنی بێمەرجەوە بۆ سەرجەم بوونەوەرانی ئاوەزمەند (مرۆڤان):

«تۆ ئەوها کردار بنوێنە کە ماکسیمی (ڕێسای) ویستت هەردەم هاوکات بشێت چواندنی هەبێت وەک پرنسیپی یاسادانانێکی گشتی. »(8)

کەواتە کانت سەبژێکت بەرەو ڕووی گەرەک (soll) دەکاتەوە: ئەو گەرەکە هەردەم ئەوها کردار بنوێنێت، کە ئیدی ڕێساکانی بۆ نواندنی کردار هەردەم وەک پرنسیپی (ئەکسیۆمی) یاسادانانێکی گشتی چواندنیان هەبێت. ئەم گەرەکە بەزەرووری، ئاپریۆریانە، چواندنی بۆ هەرکەس هەیە: هەرگیز نابێت هیچکەس نە خودی خۆی و نە کەسێکی دیکە وەک “دەستوێژ”ی کردار دابنێت، بەڵکو هەردەم وەک “مەبەست”. تەنیا لەم پرنسیپەوە کردارەکانی مرۆڤ دەبن بە ئەخلاقی. کانت ئەمە ناو دەنێت “فاکتومی ئاوەز”، ئەمەش بەواتای: لە هەر بوونەوەرێکی ئاوەزمەنددا ئاگایی ڕاستەوخۆی یاسای ئەخلاقی (فەرمانی زەرووری) لەگۆڕێیە، ئاگاییەکەش ڕاستەوخۆیە، چونکە ئاپریۆریانە یاسای ئەخلاقیی خۆیمان بەسەردا دەسەپێنێت بەبێ ئەوەی پێویست بێت لە ئەزموونەوە دەربئەنجامێنرێت.

ئەوجا کانت لە ڕەخنەی سێیەمدا، «ڕەخنەی هێزی بڕیار » (1790) گۆڕان بە ئێستێتیکەکەی دەدات. چە زەین و نەزەر (بەگوێرەی «ڕەخنەی ئاوەزی پەتی»)، هەروەها چە ئاوەز و توانستی ئارەزووکردن (بەگوێرەی «ڕەخنەی ئاوەزی پراکتیکی»)، پەیوەستن بە ئۆبژێکتەوە، وەلێ هێزی بڕیار پەیوەستە بە سەبژێکتەوە. ئاخر بڕیاری چێژ لای کانت ئێستێتیکییە، ئەمەش لای ئەو بەواتای، لە بڕیاری “ئەمە جوانە”دا پێشبینییەک لەگۆڕێیە کە نەک بە جوانێتییەوە، بەڵکو بە خودی سەبژێکتەوە پەیوەستە؛ بڕیارەکە تەنیا ئەو واتایە دەگەیەنێت کە ئێمە حەزمان لەو بابەتەیە. کانت هەروەها لەبریی حەز لە بەدڵبوون (Wohlgefallen) دەوێت، کە هەستی سەبژێکتیڤییانەی خۆمانە و بڕیاری “ئەمە جوانە” دیاری دەکات.

لە هێزی بڕیاردا گەمەیەکی هارمۆنییانەی ئازاد لە نێوان هێزی وێناندن (فۆرمخستنەوە) و زەیندا (تێگەدا) ڕوودەدات، ئەوجا کاتێک دەبێژین، بڕیاری چێژ پەیوەستە بە سەبژێکتەوە، ئەوا هاوکات بەوە دەبێژین کە لەو گەمە ئازادەی هێزی بيڕیاردا هیچ مەبەستێک لەگۆڕێ نییە: هەبوونی ئۆبژێکت، یان کاری هونەری، هیچ بایەخێکی بۆ بڕیاری چێژ نییە. بڕیاردەر ئارەزووی بۆ ئۆبژێکت نییە و هەوڵ بدات ببێت بە خاوەنی یان بەکاری بهێنێت، ئەو هەروەها مەبەستی ئەخلاقیی ئاڕاستە ناکات. ئەو لە بڕیاری “ئەمە جوانە”دا نازانێت بۆچی بابەتەکە جوانە، بەڵکو تەنیا وەک جوان هەستی پێدەکات: ئەو تەنیا چێژ لە فۆرمەکەی دەبینێت. کانت ئەمە ناودەنێت “مەبەستێتیی بێمەبەست” کە تەواو شێوەکییە (فۆرمالە): گەرچی جوانێتی وەک مەبەستێتی دەرکدەکرێت، وەلێ ئەوە دەرککردنی نێوەرۆکی جوانێتی نییە، بەڵکو ئەوە بونیادی شێوەکییانەی (ڕێکخراوی، پرۆپۆرسیۆن) جوانێتییە کە ئەو دەرفەتەمان بۆ دەڕەخسێنێت. ئەوجا گەرچی بڕیاری “ئەمە جوانە” بەندە بە هەستی سەبژێکتیڤییەوە، وەلێ بڕیاردەر چاوەڕوانە کە “ئەوانیدیکە”ش لەتەک بڕیارەکەیدا یەکبگرنەوە، چونکە “گەمە ئازادەکە”ی نێوان هێزی وێناندن و زەین نێوکۆییە بە سەرجەم مرۆڤان. بە شێوەیەکی دی ببێژین، پێشمەرجی بڕیاری چێژ ئەوەیە کە هەموو هێزەکانی مەئریفە لای تێکڕای مرۆڤان وەک یەک کاران (9).

کاتێک کانت جوانێتی (هونەر) لە گۆشەنیگای سەبژێکتی لێڕوانەرەوە دیاری دەکات، ئەوا شیلەر بە پێچەوانەوە کرۆکی “بابەتی جوان” بەهەند وەردەگرێت، کەواتە جوانێتی دەباتە نێو کاری هونەرییەوە و هەوڵ دەدات هونەر وەک ئۆتۆنۆم بچەسپێنێت: وەک خوددیاریکەر، وەک ویستمەند. شیلەر لە یەکەم نامەی کالیاسدا (25.01.1793) دەبێژێت، کە ئەو چەسپاندنی تێگەیەکی ئۆبژێکتیڤیانەی جوانێتی (هونەر) بە مەزنترین ئەرکی خۆی دادەنێت. بێگومان ئەو هاوکات گومانی لەوەش هەیە کە داخۆ هەوڵەکەی سەربگرێت.

 

(ماویەتی)

پەراوێز

(6) بۆ پتر نزیککەوتنەوە لە “ڕەخنەی ئاوەزی پەتی”ی کانت بڕوانە: ئیمانوێل کانت. پێشگۆتن بۆ هەر مێتافیزیکێک کە بشێت لە ئایندەدا ببێت بە زانست. کاوە جەلال لە ئەڵمانییەوە. کتێبخانەی کوردستانپۆست، کوردڕاوم، دەنگەکان. هەروەها بڕوانە “پاشگۆتن”ی وەرگێڕ.

(7) لەم نووسینەدا “ڕەخنەی ئاوەزی پراکتیکی”ی کانت زۆر بەپوختی تەنیا پابەند بە نووسینەکەوە داڕێژراوە تا فۆرمەکەی تێکنەچێت. داڕشتنێکی ڕێبەریانەی فراوانتری ئەو ڕەخنەیە لە کارێکی دیکەدا ئەنجامدراوە کە سەربەخۆ بڵاودەکرێتەوە. داڕشتنەکەی ئێرە پوختەی ئەو کارە پوختەیەی دیکەیە.

(8) Kant. Ausgewählte Schriften. Die Grundlagen des kritischen Denkens. Hrsg. von Gerhard Stenzel. Bearbeitung und Einleitung: Walter Del-Negro. Bertelsmann Lesering. 1958. S. 308.

(9) بۆ پتر نزیککەوتنەوە لە “ڕەخنەی هێزی بڕیار”ی کانت بڕوانە: ئانێماری گێتمان-زیفەرت. ڕێبەرییەک بۆ ئێستێتیک. کاوە جەلال لە ئەڵمانییەوە. سلێمانی 2009. کوردیپێدیا.

 

تاگهزر
بڵاوکردنەوە: