مەرگی بەها سمبولییەکان: بازدانی شارستانییەت لە کاغەزەوە بۆ شاشە

216
0
بڵاوکردنەوە:

 

نووسینی: ئاراس سەعید

 

سەردەمانێک بنیادەم لەسەر کاغەز یادەوەرییەکانی دەپاراست، ئێستا شاشەکان بوون بە تابووتی یادەوەرییەکان

بۆ چەندین سەدە، مرۆڤایەتی لەتەک مەرەکەب و کاغەزدا ئارامیی دۆزیبووەوە؛ سەردەمانێک بنیادەم لە ترسی لەبیرچوونەوە پەنای دەبردە بەر کاغەز و شکۆی پێنووس. وەلێ کتوپڕ، مێژوو بازدانێکی ترسناکی بەخۆیەوە بینی، چیتر بۆنی کاغەز و مەرەکەب بوون بە مێژوو، بازدانێک کە یادەوەری بنیادەمی لە گەرمی کاغەزەوە فڕێ دایە ناو تابووتی ساردی شاشە و تابلێتەکان.

لە شەستەکانی سەدەی ڕابردوودا، مارشاڵ ماکلۆهان، سۆسیۆلۆگ و باوەگەورەی بواری زانستی کۆمۆنیکەیشن، لە تێزەکانیدا جەختی لەوە کردەوە کە ئامراز و میدیۆمی پەیوەندیکردن، بزوێنەری مێژوو و فاکتەری سەرەکیی گۆڕانکارییە سۆسیۆلۆژییەکانن.

بە دیدی ئەو، گواستنەوە لە هەر میدیۆمێکەوە بۆ میدیۆمێکی تر، تەنیا گواستنەوە نییە لە کەرەستەیەکەوە بۆ کەرەستەیەکی دیکە، بەڵکوو گۆڕینی شێوازی ژیاری و پەیکەربەندی کۆمەڵگەی مرۆییە. لەم ڕووەوە ئەوەی پێش ئینتەرنێت هەیە و ئەوەی پاش ئەو هەیە، دوو جیهانی لێک دابڕاون لە هەموو شتێکدا، تەکنەلۆژیای مۆدێرن چەمکی کۆمیونیکەیشن و پەیوەندی گۆڕی و لەگەڵیاندا و لە ڕێگەیانەوە پلەبەندی بەها مرۆییەکان و سمبول و هێماکان و زمانەکان و تەنانەت هەستەکانیشی لەتەک خۆیدا گۆڕی، و هەموو شتێک لە ژیانی تاک و کۆمەڵدا گۆڕانی بەسەر هات، هەر لە زمانی نووسینەوە تا دراوی نەختینە (سەعید، ٢٠٢٥، ل. ١٨:۱٤).

ئەو ساتەی بنیادەم لە سەرەتای سەدەی دووەمی زاینی لە چین کاغەزی دۆزییەوە، بە دڵخۆشییەوە هاواری کرد: “ئێمە چووینە ناو مێژووی هاوچەرخەوە”، وە هێدی هێدی ئەفسانەی کاغەز گواسترایەوە بۆ جیهانی ئیسلامی و پاشان ئەوروپا، لێرەوە بنیادەم بوو بە دامەزرێنەری شارستانییەتی کاغەز، ئەمەش وای کرد لە ترسی کابوسی لەبیرچوونەوە ڕزگاری بێت. دواتریش کاتێک نەوەکانی ئەفسانەی کاغەز ئەفسانەی ئینتەرنێت و زیرەکی دەستکردیان داهێنا جاڕی ئەوەیان دا کە: “ئێمە دەچینە ناو کۆتایی مێژووەوە”.

دۆزینەوەی کاغەز و بەکارهێنانی لە نووسیندا، بازدانێکی ناوازە بوو لە مەینەتی مێژووی عەقڵی مرۆڤدا لە (چینەوە بۆ بەغدا و ڕۆما و پاریس و ئەمەریکا)، کاغەز تەنیا کەرەستەیەک نەبوو بۆ پاراستنی یادەوەری، بەڵکوو گوزارشت بوو لە قۆناغێکی نوێی گەشەسەندنی ترسناکی زیرەکی مرۆیی و هۆکارێکی یەکلاکەرەوە بوو بۆ لەیەک نزیککردنەوەی مەودا و کات و شوێنی نێوان بنیادەم (Kurlansky, 2016, p. 88). ئەو بارگۆڕانە شارستانییە گەورەیەی کاغەز بەدوای خۆی هێنا جاڕی مەرگی کۆمۆنیکەیشنی زارەکی دا، وە ئەم گۆڕانەش بەهۆی نووسینەوە هاتە ئاراوە، بەو پیتانەی لەسەر پارچە کاغەزێکی تەنک دەنەخشێنران، مەرەکەب و کاغەز شوێنی بە کولتووری زارەکی لەق کرد، لێرەوە چینی زانایان لە مێژوونووسان و پیاوانی ئایینی و شاعیران و فەیلەسووفەکان دەستیان کرد بە تۆمارکردنی بیرۆکە و داهێنانەکانیان (سەعید: ۲۰۲٥ل۱٨:۱۹:۲۰). و ئەم بازدانە مێژووییە لە مێژووی کولتووری ڕۆژهەڵات و عارەبی و ئیسلامیدا کە لە وەبەرهێنان لە کاغەزدا بەرجەستە بوو، جاڕی مەرگی حیکایەتخوانی دا، کە بۆ چەندین سەدە لەم کولتوورەدا (میدیۆم) بوو. وە چەندین سەدە گێڕەرەوەی تۆماری زارەکی تێکستە ئایینییە پیرۆزەکان و سەرچاوەی کۆکەرەوەی ڕووداوە مێژووییە گەورە و بچووکەکان و شیعر و ئەفسانە و چیرۆک و شەجەرەی بنەماڵەکان بوو. ونبوونی ئەم کەسایەتییە ناوەندییەی کە کولتووری شارستانییەتێکی تەواو لە یادەوەری ئەو بونیاد نرابوو، بە هەموو ململانێ و تائیفەکانییەوە و بە هەموو لایەنە ئەرێنی و نەرێنییەکانیشیەوە، بەو مانایەیە بوو کە بنیادەم چووە ناو ساتێکی مێژوویی نوێوە، و ساتی دەسپێکی نووسین لەسەر کاغەز گەورەترین داهێنانە کە بنیادەم دژی لەبیرچوونەوە و لەناوچوون بەدیهێنا.

لە پەراوێزی کاغەز و لە ناویدا جیهانی (کاغەزفرۆش و نووسەران و خۆشنووسان) دروست بوو، جیهانێک، کە تێیدا هەواڵی جەنگەکان و فێڵی پاشاکان و نامەی دڵداری بە پارە دەنووسران…و بۆ ئەوەش قوتابخانە لە بەغدا و بەسرە و فستات و ئەستەنبوڵ و دیمەشق و ئەسفەهان دامەزرا، جیهانێک بە ڕێوڕەسمی جوانی نائاسایی و کێبڕکێی گەرم و تووند لە نێوان خۆشنووساندا، پاشا و خەلیفەکان دیوانانیان دەنووسی و هەر خەلیفەیەک خۆشنووسی خۆی هەبوو کە کێبڕکێی خۆشنووسانی ڕکابەرەکانیان دەکرد لە وردی و جوانی و نەخش و نیگاردا، بۆیە ئەفسانەی کاغەز شێوازی حوکمڕانی و ڕەفتاری فەرمانڕەوای گۆڕی، و لە سایەی ئەفسانەی کاغەزدا، کتێبخانە یان خەزێنەی تایبەت و گشتی دروست بوون (ابن النديم, ١٩٩٧, ل. ٢٥).

سوڵتان یان پادشا لە زۆرێک لە شارەکاندا، و لەگەڵیاندا چینێک لە بازرگانانی دەستنووس دەرکەوتن، بازرگانی دەستنووس گەر هەواڵی دەستنووسێکی گرنگی ببیستایە درێغی نەدەکرد لە سەفەرکردن بەدوایدا لە بەغدا یان ئەستەنبوڵ یان دیمەشق…هتد

هەندێک لە زانایان و هەندێک لە بازرگانان بۆ چەندین مانگ گەشتیان دەکرد بۆ گەڕان بەدوای دەستنووسێکدا و ڕەنگە ژیانیان بخستایەتە مەترسییەوە لە پێناویدا، ڕەنگە خۆشنووسەکە چەندین مانگ سەرقاڵ بووایە لە نووسینەوەی کتێبێک کە زانایەک یان فەقیەک یان خەلیفەیەک داوای کردبوو. بازرگانی کاغەز و دەستنووس و مەرەکەب کێبڕکێی بازرگانی حەریر و بارووت و بەهاراتی دەکرد، و کاروان و سەرمایە و شارەزایانی بۆ دامەزرا (Bloom, 2001, p. 115). زۆر جار هەندێک شار و هەندێک خەلیفە شکۆ و وێنەی تایبەتی خۆیان بەپێی قەبارەی ژمارەی ئەو دەستنووسانە دەپێوا کە کتێبخانەکانیان لەخۆی دەگرت. لێرەدا پرسیارەکە ئەوەیە وەک چۆن کاغەز بنیادەمی لە سەردەمی کولتووری زارەکی دەرهێنا، ئایا تەکنەلۆژیا و شاشەکان جارێکی تر دەمانگەڕێننەوە بۆ سەردەمی کولتووری زارەکی و حیکایەتخوان؟

ئەوەی پێش کولتووری شاشە و پاش ئەو هەیە، دوو جیهانن لە دوو جەمسەری جیاواز کە ڕۆژ لە دوای ڕۆژ زیاتر لە یەکتر دوور دەکەونەوە، دەسەڵاتی شاشە و ئینتەرنێت وردە وردە تەرمی کاغەز دەنێژن، و ئەمڕۆ هەندێک دەوڵەت و زۆرێک لە دامەزراوە زانستی و پەروەردەییەکان دروشمی “حوکمڕانی بێ کاغەز”، “خوێندنی ئۆنلاین” بەرز دەکەنەوە، ئەوە بەیاننامەیەکە دەربارەی ئاوابوونی کولتووری نووسینی کاغەزی و تۆمارە گەورەکان و ئەرشیفی کاغەزی کەڵەکەبوو کە سیستەمی بەڕێوەبردن و کارگێڕی و پەروەردەیی جیهان بۆ چەندین سەدە ناسیویەتی. شاشەی زیرەک و سیستەمی ئینتەرنێت نەک هەر پەیوەندی بنیادەمی بە نووسینەوە گۆڕی، بەڵکوو جەوهەری خودی بنیادەم و ڕەفتاری ڕۆژانە و ئەخلاق و پەیوەندییەکانی نێوان خەڵکیشی گۆڕی، (سەعید، ۲۰۲٥،ل۲۲)و لە ئەنجامی ئەوەدا زۆر چەمک و نەریت گۆڕان وەک: نامەنووسی و سەرەخۆشی و هاوخەمی و پەیوەندی، و شتێک وەک زەمینلەرزە لە هەستەکان و دەرکەوتەکانی کۆمەڵی مرۆییدا ڕوویدا و ئەمەش کاریگەری هەبوو لەسەر خودی خێزان و بونیادەکەی و سروشتی پەیوەندییەکانی نێوان ئەندامەکانی و نێوان تاکەکان و گروپەکان و سروشت.

کولتووری مەسرەفگەری کە دەسەڵاتی شاشەی زیرەک و ئینتەرنێت لەڕێگەی تۆڕە کۆمەڵایەتییە جیهانییەکانەوە دروستی کرد لەگەڵ ئەو بەرنامە و سمبولە نوێیانەی لەتەک خۆی هێنای، نەخۆشی دەروونی مەترسیداری بەرهەمهێنا کە کەمتر نین لە پەتا و نەخۆشییە جەستەییەکان کە هەڕەشە لە بوونی مرۆیی دەکەن .تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان دوژمنی پەیوەندی کۆمەڵایەتین کە فەلسەفەی ژیانی لە کۆمەڵدا لەناوبرد و ژیانی تاکەکانی گۆڕی بۆ شتێک وەک مۆڵگەی وردوخاش و لێک هەڵوەشاو، لەوساتەی ئینتەرنێت لە هەموو وڵاتان و لە دوورەدەستترین ناوچەکاندا گشتگیر بوو، جیهان بچووک بووەوە و بنیادەم لەتەک یەکتری دوور کەوتەوە، و مەودا و کات و شوێن کەم بوونەوە .دەسەڵاتی شاشەی زیرەک کۆتایی بە چەمکی بازاڕ هێنا بە ڕەهەندە سۆسیۆلۆژی و کولتووری و مرۆییەکانیەوە، بۆ چەندین سەدەی ڕابردوو بازاڕەکان دیاردەیەکی کولتووری و کۆمەڵایەتی بوون کە خەڵک لە گوند یان شارەکاندا تێیدا یەکتریان دەبینی، ڕۆژانە یان هەفتانە، هەواڵیان دەگۆڕییەوە و زمانیان لە پەیوەندییەکانیاندا بەکاردەهێنا، و لە نێوان فرۆشیاری بازرگان و کڕیاردا پەیوەندیی و گفتوگۆی گەرم هەبوو، تێیدا دراوی نەختینەی هەبوو کاغەزی یان مسی بوو، و تێیدا هەست و زمان هەبوو بە هەموو دەوڵەمەندییە سمبولییەکانییەوە، پاشان وردە وردە شاشەی زیرەک کۆتایی بە بازاڕ هێنا وەک وێنەیەک لە وێنەکانی شارستانییەتە دێرینەکان و بنیادەم بوو بەوەی هەموو شتێک لە دوورەوە داوا دەکات و دەکڕێت بەبێ ئەوەی بزانێت کێ لە پشت سەکۆی فرۆشتنەکەوە وەستاوە، لە دوورەوە پارە دەدات و ئەوەی داوای دەکات دەگاتە دەستی بەبێ ئەوەی بزانێت کێ دەیگەیەنێت.

دەسەڵاتی شاشە هیچ شتێکی لەبەردەم خۆیدا نەهێشتەوە و ڕایماڵی، کتێبخانە کە نوێنەرایەتی فەزایەکی کۆمەڵایەتی و کولتووری جیاوازی دەکرد هێدی هێدی ون دەبێت، لە هەنگاوی یەکەمدا گۆڕاوە بۆ کتێبخانەی ئەلیکترۆنی و کتێبی pdf کە لە نێوان کاغەز و ئەلیکترۆنیدا کۆدەبێتەوە، بەڵام وردە وردە بەرەو فەزایەکی دیجیتاڵ دەخزێت، و ڕۆژێک دێت کە کتێبخانەی کلاسیکی کاغەزی دەگۆڕێت بۆ مۆزەخانە، وە  نەوەیەک دێت ڕەنگە دوای نیو سەدە کەمتر یان زیاتر و منداڵ و گەنج و گەورەکان لەبەردەم کتێبخانەکاندا دەوەستن و بە سەرسوڕمانەوە سەیری ڕیزەکانی بەرگ و ڕەفەی کتێبە کاغەزییەکان دەکەن کە بە درێژایی سەدان مەتر لە کتێبخانە کلاسیکییەکاندادانراون، و بە سەرسوڕمانەوە پرسیار دەربارەی دابونەریتی باپیرانیان لە خوێندنەوە و بەدەستهێنانی زانیاریدا دەکەن.

ئەو ڕۆژەی کتێبخانەکان دادەخرێن و بەرگ و کتێبەکان نۆژەن دەکرێنەوە، ئەرکیان لە فەزای خوێندنەوەوە دەگۆڕێت بۆ فەزای تەماشا، تا سەردانیکردنیان ببێتە هاوشێوەی ئەوانەی بۆ مۆزەخانەکان دەچن بۆ تەماشاکردنی پارچە نامۆکان. خۆ ڕەنگە چاپخانەکان نەوەستن بەڵکوو بۆ چاپی هەندێک کتێب دەمێننەوە کە وەک پارچەی ناوازە دەکڕدرێن. بەڵام خوێندنەوە لە ناو دەفر و ئامرازی دیکەدا بەدی دێت کە یەکەمیان شاشەیە بەڵام ئەمە کۆتایی نابێت، تەکنەلۆژیای ئاڵۆز، و دەفر و ناوەندی دیکە بۆ خوێندنەوە دەدۆزنەوە. بەڵام ئەو پرسیارە فەلسەفی و مێژووییەی کە دێتە ئاراوە ئەوەیە، کاتێک بەسەر پردی پەڕینەوەی یەکلاکەرەوەی نێوان ئەفسانەی کاغەز و ئەفسانەی شاشەدا دەڕۆین: ئایا سەردەمی دیجیتاڵ دەمانگەڕێنێتەوە بۆ سەردەمی زارەکی؟

گەرچی نووسین بە دەست کە تێیدا پێنووس و مەرەکەب بەکاردێت بە تەواوی یان نزیکەی تەواوی ون بووە، و نەوەی نوێ تەنانەت نازانن چۆن پێنووسێکی مەرەکەب یان جاف بەدەستەوە بگرن. بەڵام ڕۆیشتن بەرەو سەردەمی دەسەڵاتی دیجیتاڵ هێشتا کۆتایی نییە، ئێمە هێشتا لە شڵەژانی تەکنەلۆژیداین و هێشتا کەڵەکەبوونی ڕەفتاری و شارستانی و کولتووریمان لە پەیوەندیمان لەگەڵ شاشەی زیرەکدا بونیاد نەناوە، و لەبەردەم ئەم واقیعە شڵەژاوەدا دان بەوەدا دەنێین کە خوێندنەوەی کاغەزی خاوەن هێزی تایبەتیمەندی تێڕامانە، بە پێچەوانەی خوێندنەوەی دیجیتاڵ یان شاشە کە هێشتا نەیتوانیوە تێڕامانێکی وەها بەدی هێنابێت، و خوێنەر لەبەردەم شاشەدا لە بارودۆخێکی دڵەڕاوکێ و پەرشوبڵاویدا دەژی .وەلێ بە دوورکەوتنەوەی بیادەم لە کاغەز، ئەم بنیادەمە شاشەییە دەگۆڕێت بۆ بوونەوەرێکی زارەکی، ئەوەش شتێکە کە ڕۆژانە و بە خێراییەکی زیادبوو تێبینی دەکەین. ئێمە ڕۆژ لە دوای ڕۆژ دەچینە ناو سەردەمی دەسەڵاتی هێماکان کە کولتووری زارەکی جێگیر دەکات، و لەم سەردەمە شڵەژاوەدا نووسین بە مانا نەریتییەکەی زیاتر و زیاتر دەستی کردووە بە داڕمان. کەس ناتوانێت نکوڵی لەوە بکات کە دەسەڵاتی نووسراو زۆر پاشەکشەی کردووە لەبەردەم هێرشی دەسەڵاتی وێنە یان شاشەی زیرەک.

لە جیهانی ئەمڕۆدا مرۆڤەکان ملیاران مۆبایلی زیرەک بەکاردەهێنن، کە لەسەر ئەلگۆریتمی ئاڵۆز کار دەکەن، و لەبەردەم ئەم وەحشیگەرییە تەکنەلۆژییە بێسەروبەرەدا بنیادەم بووەتە کۆیلەی ئەوان. کاتێک جیهان لە سایەی ئەم گۆڕانکارییە تەکنەلۆژییە کودەتا ئامێز و ڕیشەییەدا دەژی ئەوا نووسینی داهێنەرانەش بێبەش نابێت لەم چارەنووسە حەتمییە، چونکە ئەویش خۆی دەداتە دەست دەسەڵاتی زارەکی نوێ. لێرەدا ناتوانین چاوپۆشی لە تێزەکانی واڵتەر ئۆنگ بکەین، کە پێی وایە نووسین تەنیا ئامرازێک نییە بۆ تۆمارکردن، بەڵکوو میدیۆمێکە کە پەیکەربەندی هۆشیاریی مرۆڤی گۆڕیوە. ئۆنگ جیاوازی دەکات لە نێوان “زارەکییەتی یەکەم” و ئەوەی ناوی دەنێت “زارەکییەتی دووەم” (Secondary Orality) (Ong, 1982). بە بڕوای ئەو، زارەکییەتی دووەم ئەو قۆناغەیە کە تێیدا مرۆڤ لە ڕێگەی شاشە و میدیا ئەلیکترۆنییەکانەوە دەگەڕێتەوە بۆ جیهانی “دەنگ و هێما”، بەڵام بە جیاوازییەکی کوشندەوە: ئەم زارەکییەتە نوێیە وەک زارەکییەتی پێش نووسین نییە کە مرۆڤ تێیدا خاوەن یادەوەرییەکی زیندوو بوو، بەڵکوو زارەکییەتێکی “تەکنەلۆژی”یە کە تێیدا توانای تێڕامانی قووڵ (Inwardness) کە نووسین و کاغەز پێیان بەخشیبووین، بەرەو لە نەوچوون دەچێت (Ong, 1982, pp. 133-135). لێرەوە بنیادەمی سەردەمی شاشە، دەبێتە بوونەوەرێک کە خێرا دەدوێت، بەڵام کەمتر تێدەڕامێت.

کۆی گریمانەکان پێشبینی ئەوە دەکان کە دیجیتاڵ دەمانگەڕێنێتەوە بۆ سەردەمی زارەکی بەڵام بە فۆڕمی نوێوە، ئەوەی پێی دەوترێت (زارەکیی دووەم). گەر جاران زارەکی بەهۆی نەخوێندەوارییەوە بوو، ئێستا بەهۆی “تەمەڵی و خێراییە”وەیە؛ مرۆڤی ئێستا نامەی دەنگی (Voice Message) دەنێرێت چونکە کاتی نییە پیتەکان ڕێکبخات. زارەکییەتی نوێ (ڤیدیۆ، ڤۆیس، لایڤ) تەنیا پێویستی بە ژاوەژاو و قسەکردن هەیە. ئێمە لە سەردەمی شاشەدا فێری قسەکردن دەبین پێش ئەوەی فێری بیرکردنەوە ببین. ئەمە مەترسییە گەورەکەیە: گەڕانەوە بۆ سەردەمی حیکایەتخوانەکان، بەڵام بێ ئەو حیکمەتەی جاران لە ناو حیکایەتەکاندا هەبوو.

ڕۆژی 1ی 1ی 2026 (یۆڤال نوح هەراری)  زانا و مێژوو نووسی ئیسرائیلیی بەبۆنەی ساڵیی نوێوە لە پۆستێکدا لە ئەکاونتی فەرمی خۆی لە فەیسبووک بەناونیشانی: (ماڵئاوا جیهانی کۆن، سڵاو جیهانی نوێی) نووسیبووی: شارستانیەتی مرۆڤایەتی – لە ئایینەوە تا سیاسەت – لەسەر وشە بنیات نراوە. لەو کاتەوەی وشەکان ئێمەیان کردە فەرمانڕەوای جیهان، مرۆڤەکان کەوتوونەتە ژێر تاقیکردنەوەی ئەوەی کە ناسنامەی خۆیان لە وشەکاندا ببیننەوە. بەڵام، هەرچییەک لە وشە دروست کرابێت، وردە وردە لەلایەن زیرەکی دەستکردەوە (AI) دەستی بەسەردا دەگیرێت. تەنانەت ئەو وشانەی لەلایەن دەنگە ناوەکییەکانی ناو سەرمانەوە دەوترێن، لەلایەن زیرەکی دەستکردەوە شێوەیان پێ دەدرێت. کەواتە چیرۆکەکە مرۆڤایەتی بۆ ساڵی ٢٠٢٦ ئەمەیە: کاتێک وشەکانم سەر بە کەسێکی تر بن، من کێم؟ بۆ ئەوەی بە ئازادی بمێنینەوە، کاتی ئەوە هاتووە مرۆڤەکان کەمتر ناسنامەی خۆیان بە وشەکانەوە ببەستنەوە، و ئەو بازدانە ڕۆحییە ئەنجام بدەن کە هەزاران ساڵە خۆمانی لێ دەدزینەوە. زیاتر لە ٢٠٠٠ ساڵ لەمەوبەر، کتێبی (تاو تێ چینگ) گوتی: “ئەو ڕاستییەی کە دەکرێت بە وشە دەرببڕدرێت، ڕاستی کۆتایی نییە.” ئێستا کاتی ئەوەیە ئەو ڕاستییە بدۆزینەوە کە لەوپەڕی وشەکانەوەیە.(هەراری 2026)

لەکۆتاییدا ماوەتەوە بێژم، مێژووی شارستانییەت وەک بازنەیەک دەخولێتەوە؛ لە دەنگی حیکایەتخوانەکانەوە دەستی پێکرد، لە شکۆی کاغەزدا نیشتەجێ بوو، و ئێستا لەناو شاشەکاندا جارێکی تر بەرەو زارەکییەت دەچێت. وەلێ زارەکییەتێک  کە تێیدا شاشەکان دەدوێن، و بێدەنگیی و تێڕامانی بنیادەم مردووە. مەرگی بەها سمبولییەکان لێرەوە دەست پێ دەکات؛ ئەو ساتەی کە مرۆڤ دەبێتە “دەنگێک” لەناو ئامێرەکاندا، بێ ئەوەی چیتر خاوەنی ئەو وشانە بێت کە دەریان دەبڕێت.

لیستی سەرچاوەکان

* ابن الندیم، م. (١٩٩٧). الفهرست. بیروت: دار المعرفة.

* سەعید، ئاراس. (٢٠٢٥). بەخێربێن بۆ گوندە بچکۆلەکە. سلێمانی: چاپخانەی چوارچرا.

* Bloom, J. M. (2001). Paper Before Print: The History and Impact of Paper in the Islamic World. New Haven: Yale University Press.

* Kurlansky, M. (2016). Paper: Paging Through History. New York: W. W. Norton & Company.

*Ong, W.J. (1982) Orality and Literacy: The Technologizing of the Word. London: Methuen.

*ئەکاونتی فەرمی یۆڤاڵ نوح هەراری لەسەر تۆڕی کۆمەڵاییەتی فەیسبووک

بڵاوکردنەوە: