نووسینی: دەیڤد بروکس
نیویۆرک تایمز
وەرگێڕانی: ڕامیار محمود
ئەو کاتەی پێشتر لە تویتەر بەسەرم دەبرد، ئێستا لە Substack بەسەری دەبەم، و ژیانم زۆر باشتر بووە. ژمارەیەکی زۆر نووسەری سەرنجڕاکێش و هەمەچەشن لە جیهاندا هەن. بۆ نموونە، ئەم هەفتەیە، تووشی پۆستێکی ئەنتۆنیا بێنتێل بووم، کە پرسیاری لە شەش کەسی نەناسراو و هاوڕێی کردبوو دەربارەی چۆنیەتی کەوتنە داوی خۆشەویستییەوە.
یەکێک لە ژنەکان وەڵامی دابووەوە، “من دەکەومە داوی خۆشەویستییەوە کاتێک کەسێک بە شێوەیەک بمبینێت کە خۆم نەمدەزانی دەکرێت پێی ببینرێم.” گەنجێک وەڵامی دابووەوە، “کەوتنە داوی خۆشەویستی وەک ئەوە وایە خۆت لە مێشکی کەسێکی تردا ببینیتەوە.” ژنێکی تر وتی، “من دەکەومە داوی خۆشەویستییەوە کاتێک کە خۆم هەست ناکەم ڕۆڵێکی لێهاتوو دەگێڕم” وتیشی کە خۆشەویستی ڕوودەدات “کاتێک کەسێک تۆ لەوپەڕی پشێویدا دەبینێت، ئازارەکانت، هیچبونەکەت، پسوولەی پارکینگە نەدراوەکانت.” پیاوێکی تر وەڵامی دابووەوە، “کەوتنە داوی خۆشەویستی وەک چوونە ژوورەوەی ژوورێک وایە لە ماڵەکەی خۆتدا، کە نەزانی بوونی هەیە.”
بێنتێل ڕوونی دەکاتەوە کە ئەمە زۆر دوورە لە ڕاپرسییەکی زانستی، بەڵام ئەوەی منی سەرسام کرد لەم وەڵامانەدا ئەوە بوو کە هەموویان پێناسەیەکی هاوبەشیان بۆ خۆشەویستی هەبوو،خۆشەویستی چرۆ دەکات کاتێک کەسێکی تر وا دەکات هەست بکەیت لێت تێدەگەن و هەستێکی باشت بەرامبەر بە خۆت هەبێت.
هەموومان دەتوانین لەگەڵ ئەمەدا پەیوەندی دروست بکەین. هەموومان دەمانەوێت ببینرێین و چاودێری بکرێین. ڕەنگە تووشی شیعرە بەناوبانگەکەی ڕەیمۆند کارڤەر بووبیت،بە ناوی “کۆتا پارچە:
(ئایا هەرچۆنێک بێت ئەوەت دەستکەوت
کە دەتویست لەم ژیانەدا؟
دەستم کەوت.
وە چیت دەویست؟
خۆم بە خۆشەویست ناو ببەم، هەست بکەم
خۆشەویستم لەسەر زەوی.)
بەڵام من دەڵێم وەڵامەکانی Substack تێگەیشتنێکی هەڵەی باو ئاشکرا دەکەن دەربارەی چۆنیەتی بوون بە خۆشەویست. “خۆیەتی”لە زۆر لەم وەڵامانەدا هەبوو و زۆر کەم دەربارەی کەسی بەرامبەر وترا. زۆر شت دەربارەی گرنگی پێدان هەبوو، و زۆر کەم دەربارەی خزمەتکردن و گرنگیدان بە کەسێکی تر وترا، یان تەنانەت دانانی بەرژەوەندییەکانی ئەو کەسە لە سەرووی بەرژەوەندییەکانی خۆتەوە.
ئەم وەڵامانە لە هیچەوە نەهاتوون، ئەوان پوختەیەکی تەواوی ئەو ڕەوتە کولتووریانەن کە ڕەخنەگرە کۆمەڵایەتییەکان بۆ چەندین دەیە باسیان کردووە. لە ساڵی ١٩٦٦، فیلیپ ڕیف کتێبی “سەرکەوتنی چارەسەر“ی نووسی، و تێیدا باسی ئەوەی دەکرد کە چوارچێوە ئەخلاقییە هاوبەشەکان فڕێ دەدرێن و بە بەها چارەسەرییەکان جێگەیان دەگیرێتەوە. بەرزترین چاکە ئایدیالێکی پیرۆز نییە، بەڵکو، خۆشگوزەرانی کەسی و گونجاندنی دەروونییە. پاشان لە ساڵی ١٩٧٩، کریستۆفەر لاش کتێبی “کولتووری نەرجسییەت”ی نووسی، کە لەسەر بنەمای بۆچوونەکانی ڕیف و باسی ئەوەی دەکرد کە بەها چارەسەرییەکان و سەرمایەداری بەکاربەر پێکەوە تاکە نەرجسییەکان بەرهەم دەهێنن ،تاکی خۆپەرست و فشەڵ و تامەزرۆی نرخاندن.
لە کولتوورێکی وادا خەڵک بە شێوەیەکی سروشتی خۆشەویستی وەک ئەو هەستە پێناسە دەکەن کە کاتێک کەسێک ئارەزووی ئەوان بۆ سەرنجی ئەرێنی و نەرمونیان تێر دەکات، نەک وەک شتێک کە بە خۆنەویستانە بیدەن بە کەسێکی تر.
لە سەردەمی تردا، لە کولتوورەکانی تردا کە کەمتر خۆپەرستانەن، خۆشەویستی وەک شتێک سەیر دەکرا کە نزیکتر بوو لە خۆنەویستی نەک خۆئاسوودەکردن. وەک هێزێک سەیر دەکرا کە ئەوەندە بەهێز بوو کە بتوانێت بەسەر خۆپەرستییە سروشتییەکەماندا زاڵ بێت. خۆشەویستییەکی لەو جۆرە بە سەرسامی دەست پێدەکات، نیگایەکی خێرای کەسێکی تر کە جوان، باش و ڕاستەقینە دەردەکەوێت. لەناکاو ناتوانیت واز لە بیرکردنەوە بهێنیت لێی . پێت وایە ڕوخساری ئەو لە هەموو قەرەباڵغییەکدا دەبینیت. پاشان ناوەندێتی نامێنێت. تێدەگەیت کە پیرۆزترین گەنجینەکانت لە کەسێکی تردایە. ستانداڵ لە کتێبەکەیدا لە ساڵی ١٨٢٢ بە ناوی “دەربارەی خۆشەویستی“، باسی پرۆسەی “بەلوربوون” دەکات، کە تێیدا ئەو کەسانەی خۆشمان دەوێن ئایدیالیان دەکەین وەک ئەوەی بە کریستاڵی درەوشاوە داپۆشرابن.
کەوتنە داوی خۆشەویستی لەم ڕوانگەیەوە بڕیارێک نییە کە بۆ بەرژەوەندی خۆت بیدەیت، بەڵکو خۆبەدەستەوەدانێکی شاعیرانەیە کە پێی ڕازی دەبیت، زۆرجار بەبێ ئەوەی حساب بۆ تێچووەکەی بکەیت.خۆشەویستی بەهێزکەر نییە، بەڵکو لەدەستدانی خۆکۆنترۆڵکردن لەخۆدەگرێت. وتارنووس و شاعیر جۆن ئۆدۆنۆهیو نووسیویەتی، “پشێوییەکی جوان لە خۆشەویستیدا هەیە شانبەشانی ڕاکێشان دەڕوات.” “کاتێک خۆت بە شێوەیەکی قووڵ ڕادەکێشرێیت بۆ کەسێک، وردە وردە دەستت بەسەر ئەو چوارچێوانەدا شل دەبێتەوە کە ژیانت ڕێکدەخەن. لە ڕاستیدا، زۆربەی ژیانت لێڵ وتەمومژاوی دەبێت کاتێک ڕوخساری ئەو ڕوونتر دەبێتەوە. موگناتیسێکی بێوچان هەموو بیرەکانت بەرەو خۆی ڕادەکێشێت.”
ئەو زیاتر لەو بارەیەوە دەڵێت: “کاتێک پێکەوەن، کات بە شێوەیەکی بێبەزەییانە خێرا دەبێت. هەمیشە زۆر زوو کۆتایی دێت. هەر کە لە یەکتر جیا دەبنەوە، دەستبەجێ خەیاڵی دیداری داهاتووتان دەکەن، و کاتژمێرەکان دەژمێرن.”
خۆشەویستی هەست نییە (هەرچەندە زۆر هەست وروژێنەرە)بەڵکوو دۆخی پاڵنەرە ، ئارەزوویی نزیکبوونەوە و خزمەتکردنی کەسێکی ترە. سنووری نێوان یەک کەس و کەسێکی تر لێڵ دەکات.
ئەم تێکەڵبوونەی یەک کەسی تەواو لەگەڵ کەسێکی تری تەواودا جیاوازی نێوان دان و وەرگرتن کەم دەکاتەوە، چونکە کاتێک دەبەخشیت بە خۆشەویستەکەت هەست دەکەیت دەبەخشیت بە پارچەیەک لە خۆت، و ئەم بەخشینە خۆشترە لە وەرگرتن. ئامانجی ئەم بەخشینە، ئامانجی خۆشەویستییە، باشکردنی ژیانی کەسێکی ترە.
دەروونشیکار و فەیلەسوف ئێریک فرۆم لە کتێبەکەیدا لە ساڵی ١٩٥٦ بە ناوی “هونەری خۆشەویستی“، باسی ئەوەی کردووە کە خۆشەویستی هەست نییە، بەڵکو پراکتیزەکردنە، فۆرمێکی هونەرییە.ئەو نووسیویەتی، “خۆشەویستی گرنگیدانی چالاکانەیە بە ژیان و گەشەی ئەوەی کە خۆشمان دەوێت.” زنجیرەیەک کردارە کە پێویستی بە دیسیپلین، گرنگیدان، ڕێز، زانین و زاڵبوون بەسەر نەرجسییەتدا هەیە. بۆ نموونە،ئەمە جۆرێکە لە خۆشەویستی کە بچیتە قاتی خوارەوە و پەرداخێک ئاو بۆ کەسێک بەریت لەنیوەی شەودا، و دیارییەکی گەورەیە کە داوای ئەو ئاوە بکەیت و دەرفەت بدەیت بەوی تر کە خزمەت بکات.
من ناڵێم خەڵک لەو کاتەدا بەم شێوە خۆنەویستانەیە ژیاون، بەڵام ئایدیالێکی کۆمەڵایەتی باو بوو ،بابەتی شیعر و چیرۆک و گۆرانییە ڕۆمانسییەکان ، شتانێک بوو شایەنی ئەوەیە کە هەوڵی بۆ بدرێت. ئەو جۆرە خۆشەویستییەی کە ئەم خەڵکە باسی دەکەن، هەڵقوڵانێکە. لەم تێگەیشتنەدا بۆ خۆشەویستی، هەستکردن بە خۆشەویست بوون بەرهەمێکی لاوەکییە کە دوو کەس وەریدەگرن دوای ئەوەی خۆیان بە یەکتر بەخشیوە .
لەم ڕوانگەیەەوە بۆ خۆشەویستی، خۆپەرستی کێشەی سەرەکی ئێمەیە، و خۆشەویستی چارەسەرێکی بەتام و پێویستییە. هاوسەرگیری هەوڵێکە بۆ دامەزراوەییکردنی ئەم بەخشندەییە تاوەکو دوای نەمانی مەستبوونی ئەوینداربوونی یەکەم بەردەوام بێت.
ماوەیەکی زۆرە کە ڕوانگەی باو ئەوە بووە کە خۆپەرستی کێشەی سەرەکی ئێمەیە. ئێمە چەندین دەیەی “من“مان لە پشت سەرمانەوە داناوە. ئیتۆس(ئاکار)ی نامنێتی (من لە هیچ کەس باشتر نیم و هیچ کەس لە من باشتر نییە) بە ئیتۆسی خۆنواندن جێگەی گیراوەتەوە. سەیری ئینستاگرام، تیکتۆک یان نیشتەجێی کۆشکی سپی بکە گەر گومانت هەیە.
من سەرسامم کە ئایا ناخۆشی و دابڕانە گشتییەکەی دەوروبەرمان بەشێکی بەرهەمی کەڵەکەبوونی وردە وردەی کولتووری چارەسەری، نەرجسی، و نمایشکارییە. کاتێک کولتوور هانی خەڵک دەدات کە پێویستییەکانی “خۆت” ڕەچاو بکەیت — سەرنج بخەیتە سەر خۆدۆزینەوە، خۆبەهادارکردن، خۆنواندن ، ئەوە کەسانی بەهێز بەرهەم ناهێنێت بەڵکو کەسانی هەستیار و نائارام بەرهەم دەهێنێت. کەسێکی نەرجسی کێشەی لە خۆشەویستیدا هەیە چونکە کەسێکی نەرجسی ناتوانێت بەڕاستی کەسێکی تر ببینێت. تاکە ڕاستی کە هەستی پێدەکات کاریگەریی خەڵکی ترە لەسەری.
کاتێک سەیری پڕفرۆشترین کتێبەکانی خۆیارمەتیدانی سەردەمی خۆمان دەکەم، بە گشتی دەربارەی چۆنیەتی خزمەتکردن نین، زۆرجار دەربارەی چۆنیەتی پاراستنی خۆتن لە خەڵکی تر. گشتییەکە ئەوەیە، مەهێڵە خەڵکی تر بێزارت بکەن. لە کاتی نووسینی ئەمەدا، کتێبێک بە ناوی “تیۆریی با وەهابن” پڕفرۆشترینە لە ئەمازۆن، نموونەیەکی سەرەکی ئەم ژانرەیە. بیرۆکەی سەرەکی ئەوەیە کە پێویستە واز لە پاڵنەری خۆت بهێنیت بۆ بەڕێوەبردن و باشترکردنی ئەوانی تر و سەرنج بخەرە سەر خۆت و خۆشگوزەرانی خۆت. ئەگەر کەسێک شتێکی بێزارکەر یان ڕەخنەگرانە دەکات، تەنها با وا بێت. پێش ئەوە، پڕفرۆشترینەکانی تری هاوشێوە هەبوون وەک “کچێ، ڕوخسارت بشۆ” و “هونەری گوێنەدان.”
جێی سەرسوڕمان نییە کە کولتوورێک کە “من” دەکاتە چەق، تیۆرییە پێچەوانەکانی خۆشەویستی بەرهەم دەهێنێت. هەندێک جار گوێم لە خەڵک دەبێت کە دەڵێن دەبێت خۆتت خۆش بوێت پێش ئەوەی بتوانیت ئەوانی ترت خۆش بوێت. بەڵام ئەمە پێچەوانەیە. دەبێت چاودێری خۆت بکەیت کە ئەوانی ترت خۆش دەوێت پێش ئەوەی بتوانیت خۆت وەک خۆشەویست ببینیت و پێش ئەوەی بەڕاستی خۆشەویست بیت.