ماسکە دەستکردەکانی عەدەم لە گەمەی سکوید – وەرزی سێیەم

406
0
بڵاوکردنەوە:

 

نووسینی: بەیان سەلمان

وەرزی سێیەمی گەمە سکوێد (Squid Game)، کە لە ٢٧ی حوزەیرانی ٢٠٢٥ لە نێتفلیکس بڵاوکرایەوە. دوای دوو وەرزی پێشوو، لەم وەرزەدا، کە لە شەش ئەڵقە پێکھاتووە، کۆتایی بە زنجیرەکە هاتووە. دیارە ئەم وەرزی سێیەمە سەربەخۆ نییە، بەڵکوو وەک تەواوکەری بەشی دووەم دەستی پێکردووەتەوە. هەر بۆیە گەمەکان لە ڕەوتی زنجیرەییاندا لە دەستگردنەوەیە بۆ ئەوەی پچڕاوە. دەرهێنەرەکەی، ھوانگ دۆنگ-ھیوک، ڕوونی کردەوە، کە لە بنەڕەتدا چیرۆکەکەی بۆ وەرزی دووەم داڕێژرابوو، ئەوجا لەبەر ئەوەی زۆر چڕ بوو (١٠ ئەڵقەی تێدەپەڕاند) و بینەرانی وەرس دەکرد، بڕیاریاندا بیکەنە دوو بەش، لەم وەرزەدا، بە درێژایی ئەو شەش ئەڵقەیە پاشماوەی گەمەکان بە شێوەیەکی تر بەردەوام دەبن.

وەک دیاردەیەکی هونەریی تەلەفیزێۆنیی کۆریای باشوور، ڕاستەوخۆ دوای ئەو کۆتاییە ھەڵواسراوەی وەرزی دووهەم، کە بە ڕاپەڕینی سیۆنگ گی-ھون (یاریزانی 456، ڕۆڵی سەرەکی لەلایەن لی جونگ-جای دەگێڕدرێت، پاڵەوانەکە شکست دەھێنێت. یارییە کوشندەکان بە سەرپەرشتی پیاوی پێشەوا، فرۆنت مان Front Man (لی بیونگ-ھون) دەستپێدەکەنەوە.

پەتی چیرۆکەکە لەگەڵ سیۆنگ گی-ھون لە دەست دەگیرێتەوە، کە بەھۆی شکستی ڕاپەڕینەکەی و لەدەستدانی کەسە نزیکەکانی تووشی خەمۆکی بووە و بەردەوام گۆشەگیرە و بێدەنگە. سەرباری ئەوەی ناچار دەکرێت جارێکی تر بەشداری لە ئەو یارییە کوشندانە بکات، زۆرینەی ئەوانیتر کە ماون پەنجەی بەرپرسیارێتی کوشتنی هاوەڵانی دەخەنە ئەستۆ. ئەمە دووئەوەندەیتر بارگرانی دەکات. ھاوکات، لێکۆڵەر ھوانگ جون-ھۆ (کە ئاکتەر وای ھا-جون ڕۆڵەکەی دەگێڕێت) بەردەوام دەبێت لە گەڕانەکەی بۆ دۆزینەوەی ئەو دوورگەیەی گەمەکانی لێ ئەنجام دەدرێت. لەکاتێکدا فرۆنت مان بە خوێن ساردی و بە دڵڕەقییەکی بێ وێنە و بە بیرکردنەوەیەکی داهێنەرانە سەرپەرشتی گەمەکان دەکات.

ئەم وەرزەی گەمەی سکوید، هەتا ڕادەیەک زنجیرەی کەندی (Lost) ”ونبووەکان”مان وەبیر دەهێنێتەوە کە لە نێوان ٢٠٠٤ بۆ ٢٠١٠ نمایش کرا. گەمەکان سەرنج دەخەنە سەر ژمارەیەکی کەمی ڕزگاربووەکان، ئەمەش ڕێگەکە چەوڕێژ دەکات بۆ قوڵبوونەوە لە قەیرانێکی مۆڕاڵ. گەمەکان کە هەر لە سەرەتاوە لە گەمەی ڕاستیی منداڵانەوە وەرگیراون، ئەمجارەیان دڕندانەتر و ئاڵۆزترن. مەرجی پاڵاوتنی یاریوانەکان دەبێ لە نێوان خۆیان بێت. وەک چاوشارکێی کوشندە لەناو پێچەخەمەیەکدا، یان بازدان بە گوریس لە سەرووی بۆشاییەوە. وەک بەشەکانی پێشوو، ئەم وەرزەش بابەتی سەرەکیی ڕەخنەگرتن لە سەرمایەداری، چاوچنۆکی، سروشتی مرۆڤ و نایەکسانی کۆمەڵایەتی، ھاوکات پرسیاری فەلسەفی دەربارەی واتای بوون و ھیوا و ڕەوشت دەورووژێنێت.

بێگومان کەمکردنەوەی ژمارەی کارەکتەرەکان ڕێگە خۆش دەکات سەرنج بخرێتە سەر لایەنی چیرۆکەکانی ژیانی یەکە بە یەکەیان، ئەمەش وادەکات ھەر لەدەستچوونێک کاریگەرتر بێت. کەسایەتی سەرەکی گی-ھون، لە نێوان نائومێدی و ئارەزووی ڕزگارکردنی کەسانی دیکەدا گیری خواردووە، هەر ئەم لایەنە بۆخۆی وەیەکدادانیکی مۆڕاڵ دەخاتە ڕوو، دەربارەی مرۆڤایەتی لە ڕووبەڕووبوونەوەی کارەساتێکی گەورە.

ئەوەی کە پلەیەکی گەورە دەخاتە سەر دراماکە، ژنێکی گەنجی سکپڕە، بەتایبەتی کە کۆرپەکەی لەناو هەناوی گەمەیەکی توندو تیژی خوێناویدا، کە خوێنی زایندە و خوێنی کوژراوەکانی دەوروبەری، لەدایک دەبێت. پاشان  کە خودی ڕۆڵی کۆرپەکە دەخرێتە نێوان مەرجی کوشتنی یان مانەوەی وەک یاریزان لە جێی دایکی، هەڵگری (ژمارە 222). ئەم سیمبولە هەتا بڵێی قوڵە لە گواستنەوەی ڕۆڵی دایک و باوک بۆ منداڵەکانیان، وەک بەردەوامیی نەوەکانیان لەو چەوساندنەوەیە لە سیستەمێکی سەرمایەداری نایەکساندا. ئەم وەرزە پەیامێکی زۆر توندە لە دژی سەرمایەداریی، دەسەڵاتی ئەوانە دەخاتە بەر دیدی تەماشاکەران، کە تەنانەت ئایدیاڵترین کەسەکانیش  بە ئاسانیی تێدەکەون و گەندەڵ دەکرێن هەتا ئەو ئەو ڕادەییەی ئامادەن کۆرپەی خۆیان بکۆژن.

وێڕای ستایش لەم وەرزی سێیە، زنجیرەکە، بە بەراورد بە وەرزی یەکەم، لەلایەن هەندێ ڕۆژنامەوە رەخنەی دووبارەبوونەوەی لێ دەگرن. نیگەرانن لە نەبوونی لایەنی سەرسووڕھێنەر. بەڵام بە بڕوای من، ئەوانە رەخنەی سەرپێین، چونکە لە هەموو وەرزێکدا گۆڕانکاریی تیایە، لەتەک ئەوەی ئاستی دراما بەرزە، ڕەنگە، بە پێچەوانەوە پێشبینیی ناکەین چی ڕوو دەدات! هەر خودی گەمەکان لەگەڵ هاتنی کۆرپەیەکدا زۆر زەق دەبن و هەناسەمان لێ دەبڕێت؛ دەبنە توندوتیژییەکی ڕووت کە ژیانی ئەو کۆرپەیە قوماری لەسەر دەکرێت.

بێجگە لەوەی، ئامادەبوونی کارەکتەری ژنی بەھێز، وێڕای لە قالبدانیان و سنووردارکردنیان لە ڕۆڵێکی جەنگاوەر و مافی گۆڕینی زایندە؛ پلەیەکی نوێی خستووەتە سەر چیرۆکەکە، وەک ھیون-جو (ژنێکی ترانسە) و نۆ-ئول (سەربازێکی کۆریای باکوور)، بەڵام سێهەمین ژن (جانگ گیوم-جا )، کە پیرەدایکێکە، هەموو پارسەنگی هێز لەو زنجیرەیەدا دەگۆڕێت.

ئەم وەرزی سێیەمە جەخت دەکاتە سەر بیرکردنەوە دەربارەی سروشتی مرۆڤ و سەرمایەداری. زنجیرەکە وەک لایەنی پووچگەرایی، ئەو ناوەڕۆکەی پێشووی خۆی دەپارێزێت. بینەران ڕووبەڕووی ئەو پرسیاری ئاسانییە دەکاتەوە، کە چۆن تاکەکان خۆیان دەدەنە دەست و یاری بە چارەنووسیان دەکرێت و توندوتیژی لە سیستەمێکدا کە پارە بەرز دەنرخێنێت دەبێتە گەورەترین هەڕەشە و زیان بۆ سەرجەمی مرۆڤایەتی. ھەرچەندە هەندێک تیشکی ھیوا لە ڕێگەی کردەوەی قوربانیدان و ھاوسۆزییەوە لە نێوان کەسانێکیان سەرهەڵدەدەن، ئەمەش ھاوسەنگییەک دەخاتە ڕوو سەربارەت بە وتاریکی گەشبین، بەڵام بە تەواویی و بە ساغیی لێی دەرناچین!

دەرهێنەرەکەی، ھوانگ دۆنگ-ھیوک، ڕایگەیاند کە دەیەوێت بە نێوەندی ئەم زەنجیرەیە ئەو پرسیارانە بخاتە ڕوو  کە هانمان دەدات بە ڕاستی بیر بکەینەوە لەوەی : “دواین پەناگە بۆ مرۆڤایەتی چییە؟ ئایا ئێمە بەڕاستی دەخوازین داھاتوویەکی باشتر بۆ نەوەکانی داھاتوو دابین بکەین؟”. بوونی کۆرپەی یاریزانی 222 ھێمایەکە بۆ نادادپەروەریی سیستەمەکان، کە تەنانەت لاوازترین کەسەکانیش دەبنەوە میراتگری قەرزەکان و خەباتەکانی پێشینەکانیان. کۆتایییەکەی، بەبێ ئەوەی بچینە ناو وردەکارییەکان و ئاشکراکردنی ڕووداوەکان، تەماویی و تاریکە. بە تایبەتی لەگەڵ دەرکەوتنێکی زۆر کوڕتی ئاکتەری ئوسترالی- ئەمریکی کەیت بلانشێت (Cate Blanchett) لە ڕۆڵی داواکار کە پەیوەندی بە ڕێکخستنی یارییەکانەوە هەیە. کارەکتەرەکەی، بەوەی لە زنجیرەکەدا ناوی نایەت، لە دیمەنێکی سەرەکیدا دەردەکەوێت، بە بەرگێکی پیاوانە، لە وێنەی فاوست، بە روخسارێکی ڕەقی سارد، وەک بڵێی یارییەکانی داهاتوو فراوانتر ببن و ئەگەری تەشەنەکردنیان بۆ ئاستێکی نێودەوڵەتی هەبیت، بەتایبەتی بۆ ئەمریکا. ئەم چرکەی دەرکەوتنە کورتە، سەرەڕای کورتییەکەی، کۆتاییەکی کراوەیە و کاردانەوەی دەروونی لێ دەکەوێتەوە، وەک ڕەمزێک کە گەمەکان لە دەرەوەی چیرۆکەکەی ئەم زەنجیرەیە، لە ژیانی ڕاستیدا هەر بەردەوام بن.

دواجار، ئەگەرچی لە بەشی یەکەمی خوێندەوەکەم بۆ وەرزی یەکەمی گەمەی سکوید، شیکردنەوەم بۆ دەمامکەکان کردووە، بەڵام لێرەدا دیسان ئەم خوێندنەوە کورتە بە پێویست دەزانم. دەمامکدارەکان وەک مرۆڤێک بەڕاستی ناژین! ئەم لێکدانەوەیەم لەگەڵ پەیامی زنجیرەکە دەگونجێنم. دەمامکەکان، لە ڕووی پلەبەندییەوە، هەم سەرنجڕاکێشن و هەم تراژێدین. لەلایەکەوە نوێنەری هێزی ڕەهان، بەڵام پشتبەستنیان بە گەمەکان وایان لێ دەکات کە وەک تاک بوونیان نەبێت. ئەمە ڕەهەندێکی فەلسەفی بوونگەرایی دەخاتە سەر گەمەی سکوێد، دەمانخاتە ئاستێکی تری لێکدانەوە، بەوەی، تەنانەت براوەکانی نێو سیستەمەکە (ئەوانەی کە کۆنترۆڵ دەکەن) لە مرۆڤایەتی خۆیان داماڵراون. ئەوان تەنیا بە نێوەندی ئەو گەمانە بوونیان دەسەلمێنن. کۆتایی گەمەکان غەمباریان دەکات و بەڵێنی یەکتربینینەوە بە یەکە دەدەن لە گەمەی داهاتوو. گشتیان لەناو هۆڵێکی داخراون، بێجگە لە خواردن و خواردنەوە، بوونیان هیچ واتایەکی نیە. خودی دەمامکەکان کە دەسەڵاتی ڕەها و بێ ناو و بێ ناونیشان بەرجەستە دەکەن، بوونیان لەوان زیاترە و ڕاستیترن. لە سەرووی ئەوەش گەمەکەرەکان بوونیان و ئامادەبوونیان لەوان زیاترە؛ هەرچەندە بەشداریی گەمەی کوشندەش دەبن، هەر لەوان زیاتر سەلمێندراون. بە بڕوام، ئەمە یەکێکە لە لایەنە هەرە بەهێزەکانی ئەم وەرزی سێیەمە. نیشانمان دەدات کە هیچ کەسێک بەڕاستی لە داوی سیستەم ڕزگاری نابێت، تەنانەت ئەوانەیش کە وا دەردەکەون کە هەموو شتێکیان هەیە. لە بەرامبەردا سەربازەکان کە ناسنامەیان لە دەماکدارەکان پەنهانترە، پێدەچێت تاکێکی تێکشکاو بن، ڕەنگە قومارچی پێشوو بن وەک فڕۆنت مان، یان کەسانی قەرزدار بن، کە هیچ بژاردەیەکیان لەبەردەمدا نییە جگە لە خزمەتکردنی ئەوان. لە بەرامبەردا پێدەچێت فڕۆنت مان (پیاوی پێشەوا) ئەم ڕۆڵەی هەڵبژاردبێت، بەڵام بە چ نرخێک؟

لە کۆتاییدا، ڕستەی نائومێدیی ژمارە 456 ”ئێمە ئەسپ نین!” دەمانباتەوە بۆ شیکردنەوەکەی لە وەرزی یەکەمدا بۆ ئەم زنجیرەیە کردوومە دەربارەی ڕۆمان و فیلمی ”ئەوان تەقە لە ئەسپەکان دەکەن، وانیە؟”. بەڕاستی لێرەشدا پرسیاری ئەوەت لەلا دروست دەبێت، ئەوانە کێن لە دەرەوەی ئەم جیهانە دڕندەیەی دایانهێناوە؟ بۆیە وشەی داهێنان بەکار دەبەم، چونکە هاوکات گەمەکان و ماسکەکان و ژیانیان لەو پانتاییە کوشندەیە داهێناوەتەوە. ئەوانە زیندانی ڕۆڵێکن لەناو ئەو جیهانە و تەنیا بە نێوەندی ئەو گەمانە پێناسەی بوونیان دەکەن. بەم پێیە، خودی ئەو دەمامکدارانەش دەستکردن، ئەگەر گەمە نەمێنێت ئەوانیش نامێنن. لابردنی ماسکەکان لە دەرەوەی ئەو جیهانە هیچ لە بابەتی نەبوونیان ناگۆڕێت، چونکە هەر وەک بوونیانە لە ئێستادا، واتە بە ماسکەوە و لە کاتی گەمەکاندا، کە نیگایان بە بینینی دوابڕینەوەی یەکتری تێر دەکەن.

بەگشتی، پێم وایە ئەمە کۆتاییەکی بەهێزە و وەک کارێکی گرنگ دەمێنێتەوە، چونکە توانیوێتی بە درێژایی سێ وەرز بینەران ڕووبەڕووى ڕاستییە هەرە ناخۆشەکان بکاتە، دەربارەى کۆمەڵگەکانمان، لەهەمان کاتدا لایەنی چێژبەخشینى سەرنجڕاکێشمان پێشکەش دەکات. گرنگە ئەوەش بڵێم، کە زنجیرەیەکە لەسایەی جورئەتی و لێکدانەوە کۆمەڵایەتییەکەیەوە توانی پلەیەکی سەرکەوتنی نێودەوڵەتی لە مێژووی زنجیرەی تەلەفزیۆنیدا تۆمار بکات.

 

 

تاگهزر
بڵاوکردنەوە: