نامۆبوونی مرۆڤ بە لێسەندنەوەی ئازادی

258
0
بڵاوکردنەوە:

 

نووسینی: کاوە جەلال

دەستەواژەی لێسەندنەوەی ئازادی سەر بە زمانی یاسایی ئەڵمانییە. دەستەواژەکە ئەو واتایە دەگەیەنێت کە لە کەسێک هەر ئازادییەکی بزووتن و کردارنواندنی نێو جیهان دەسەنرێتەوە، واتا دەخرێتە زیندانەوە.

دابڕان لە جیهان کرۆکیترین مۆرکی ژیانی دیلی نێو زیندانە، واتا ئەو بوونەوەرە مرۆڤییە کە لە سروشتەوە جڤاکییە و پێداویستیی سروشتیانەی مرۆڤی و سۆسیالی هەیە، وەلێ ئێستا بە ڕاگرتنی لە زینداندا دوورییەکی سۆسیال و سۆزەکیی بەسەردا سەپێنراوە، فەزاییانە دابڕێنراوە لە کەسانی نزیک (لە خزمان، هەڤاڵان و هتد)، لە سەرجەم کردارە ئازادەکانی نێو جیهان، بۆ نموونە پیاسەی نێو سروشت، بنیاتنانی پەیوەندی لەتەک مرۆڤانی دیکەدا، کارکردن و بەوەش ڕیالیزەکردنی (تەحقیقکردنی) خودی خۆی.

لەبەر ئەوەی دیل لە هەر پەیوەندییەکی سۆسیال دابڕاوە، ئەوا هیچ توانایەکی نییە بۆ ساتارکردنی پێداویستییەکانی. ئەو کە لە ڕووی سۆسیالەوە دابڕاوە، ئەوپەڕەکەی هەواڵ دەبیستێت، بەڵێ گەر تەلەڤیزیۆنی پێ ڕەوا بینرابێت، تەنیا شێوەی بزۆکی سەرجەم بەزمەکانی نێو جیهانی ڕیال دەبینێت، کەواتە ناتوانێت بەرجەستانە دەرکی هیچ ڕودانێکی نێو ئەو جیهانە ڕیالە بکات کە بەردەوام لە گۆڕاندایە. لێرەوە دەشێت دیلی نێو زیندان لە جیهان نامۆ ببێت.

دیلی زیندان گەر تەنانەت کۆڵنەدەر و ورەبەرز بێت (وەک لای شۆڕشگێڕان)، هێشتا هەر بێدەسەڵاتە، چە لە ڕووی دەرەکی و چە لە ڕووی ناخەکییەوە. واتا نەک تەنیا تەنانەت چاودێرانی پۆستنزمی دەوڵەتی دەرەکیانە سەروەرن بەسەر هەر کردارێکیدا، بەڵکو لای ئەو خۆی، بەهۆی چاوەڕوانیی ناچارەکییانەی کاتەوە، ناخەکییانە هەستی بێدەسەڵاتی دێتەگۆڕێ. ئاخر دیل وەک تاک تەسلیمی ئەو دۆخی دابڕانە کراوە و ئەو خۆی ناتوانێت ماوەی چاوەڕوانییەکە دیاری بکات، بە پێچەوانەوە لە دەرەوە ماوەی کاتی بەسەردا سەپێنراوە.

ئاشکرایە دەشێت بڕوابوون بە خۆ، هیوا، خوێندنەوە و نووسین، وا بکەن کە ژیانی دابڕاوی نێو زیندان تا ڕادەیەک شیاوی بەرگەگرتن بێت، هەروەها گومانی تێدا نییە کە دابڕاویی لە جیهان و پەیوەندییە سۆسیالەکان هاوکات جیهانی ئەندێشە فراوانتر و ئەندێشاویتر دەکات: ئەندێشە ئەندێشە دەهێنێت، دیل خۆی لەسەر هەر ئەندێشەیەک ئەندێشەی دی دەهۆنێتەوە. ئەو پاڵەوانە، پاڵەوانێکی نوێی نێو زیندانە و لەتوانایدایە جیهانی پڕ شادی و ئازادی، ئاشتی و ئاسایش بهۆنێتەوە، تەنانەت دەشێت ببێت بە ڕۆماننووس، شێوەساز، موزیکی. ئەو دەشێت بتوانێت وەک نووسەر یان هونەرمەند دۆخ و ژیانی هەنووکەی دابڕێژێت، وەلێ بەدەر لەوە تەنیا پێی دەکرێت یادەوەریی ڕابوردووی ئازاد، یان پێشبینیی ئایندەیی دەرببڕێت، جا ئەوە بە پەخشاندنی (پرۆجەکشنی) ئەزموونەکانی ڕابوردووی بێت بۆ نێو پێشبینییە ئایندەییەکانی، یان خۆی هزرمەندانە لەنێو زیندانەوە جیهانی دەرەکی دابڕێژێتەوە – لە ڕوانگەی خۆیەوە. بەڵێ دیل چیدی هیچ ئەزموونێکی دەرکیی نێو جیهانی ڕیالی نەماوە. ئەو چیدی هیچ جۆرە کردارنوێنێکی نێو جیهان نییە: وەک سیاسی، فەرمانبەر، کاسبکار و هتد.

وەلێ نەشیاو نییە دیل لە ژیانی دابڕاوییەوە، لە نامۆبوونییەوە، خۆی لا ببێت بە فریادڕەس، وای دابنێت توانای بۆ گۆڕینی ئەو پەیوەندییانە هەیە کە ئەو بەهۆیانەوە دیلکراوە. ئەمە بەڕاستی کێشاوییە، چونکە زۆر دەشێت خودی دیل لێرەوە بەئاگا لە بەرژەوەندیی خۆییەوە، یان بێئاگا وەک نامۆبوو لە جیهان، دەرفەت بدات بکرێت بە دەستکەلای هەر خواستێک لە دەرەوەی جیهانە ڕیالە داخراوەکەی. ئاخر ئەوی بێدەسەڵات کە “بەند”ە بە هێزگەلی دیکەوە – بەڵێ ئەو تەنانەت بۆی نییە ماوەی چاوەڕوانی دیاری بکات – ئاسان دەشێت لە لایەن خودی ئەو هێزانەوە کاریگەریی لەسەر بنوێنرێت، یان تەنانەت خودی کەتواری بە شێوەیەکی دی بخرێتە پێش چاو و ئەویش باوەڕی پێبکات. گومانی تێدا نییە کە ئەو هێزە کاریگەرنوێنانە چەند شکۆمەندتر و بەتواناتر بن بۆ سەپاندنی ویستیان، فریودانەکەش هێندە ئاسانتر بەدیدەهێنرێت. ڕاستییەکەی دەتوانین لێرەدا پێشبینیی دیل بکەین وەک تۆپی پێ، کە بەهۆی نامۆبوونییەوە لە جیهان ئاسان شووتی بۆ مەبەستی دیاریکراو تێهەڵدەدرێت.

تاگهزر
بڵاوکردنەوە: