ئێستێتیکی فریدریش شیلەر (بەشی چوارەم)

40
0
بڵاوکردنەوە:

 

نووسینی: کاوە جەلال

“ڕەخنەی هێزی بڕیار” یەکەم نووسینی کانتە کە شیلەر دەیخوێنێتەوە و دەیبات بۆ نێو پرسیارەکانی ئێستێتیک، پاشان دوو ڕەخنەکەی دیکەی ئەو دەخوێنێتەوە(10). وەلێ کاتێک کانت جوانی تەنیا لە گۆشەنیگای سەبژێکتی وەرگرەوە دیاری دەکات، ئەوا شیلەر لە یەکەم نامەی کالیاسدا ڕایدەگەیەنێت کە ئەو چەسپاندنی تێگەیەکی ئۆبژێکتیڤیانەی جوانێتی (هونەر) بە مەزنترین ئەرکی خۆی دادەنێت (11)، کەواتە کرۆکی “بابەتی جوان” بەهەند وەردەگرێت بەو مەبەستە کە گۆڕان بە ئێستێتیکێکی وەرگرتن (ڕێسێپسیۆن) بدات، جا گەرچی ئەو لەم پەیوەندییەدا هزرینی خۆی بەند دەکات بە ئێستێتیکی بەرهەمهێنانەوە (پرۆدوکسیۆنەوە). ئەوجا شیلەر لە نووسینی „ناسکی و شکۆ“دا کە کارێکی ڕێبەرییە بۆ نووسینی „لەبارەی پەروەردەی ئێستێتیکیی مرۆڤ“، هەوڵ دەدات ئاوەز و ئارەزوو بخاتە پەیوەندییەکی هارمۆنییەوە، کەواتە لەدژی کانت هەڵوێست وەردەگرێت کە ئارەزووی خستبووە ژێر ڕکێفی ئاوەزەوە. بە تێڕوانینی شیلەر ئەم کارەی کانت “نامرۆڤدۆستانە”یە. ئەوە کە شیلەر لێی دەهزرێت، “مرۆڤی جوان”ە وەک سەرئەنجامی هارمۆنیی نێوان ئاوەز و ئارەزوو. بەمەش پرسی جوانێتی لای شیلەر لە ئێستێتیکەوە دەپەڕێتەوە بۆ نێو ئەخلاقناسی (ئێتیک).

 

-2-3 بناغەڕشتنی تێگەی جوانێتی لای شیلەر لە نامەکانی کالیاسدا

 

شیلەر بە پێچەوانەی کانتەوە بە پێویستی دەزانێت کە «چۆنێتیی ئۆبژێکتیڤییانەی بابەتە بە جوان دانراوەکان لێبتوێژرێتەوە … »، جا گەرچی ئەو لە موحازەرەیەکدا پێش „نامەکانی کالیاس“ ئاماژە بۆ ئەوە دەدات کە ئەو لە هەوڵێكی بەو چەشنەدا بە ئەنجامێکی ڕۆشن ناگات (12). ئەو لەم هەوڵەیدا، هاوشێوەی کانت، دەیەوێت لە سروشتی ئاوەزەوە تەواو ئاپریۆریانە، کەواتە بەبێ ئەزموون، بناغەی جوانێتی بڕێژرێت، ئەوە بە چەشنێک کە پاشان ئەزموون بیڕاستێنێت. کەواتە شیلەر گەواهیی ئەزموون بۆ هەڵهێنجانی جوانێتی بە پێویست دادەنێت(13).

کەواتە شیلەر لە بناغەڕشتنی جوانێتیدا ڕێگەی ترانسسێندێنتال دەگرێتە بەر: هاوشێوەی کانت لە ئاوەزەوە دەردەچێت. بێگومان جوانێتی سەر بە کایەی ئاوەزی تیۆریانەی پەتی نییە، چونکە ئاوەزی تیۆریانە تەنیا بە پرسی مەئریفەوە خەریکە. پرسیاری جوانێتی شیلەر دەخاتە بەردەم پرسیاری „ویست“ و ئەو بنەڕەتانە کە ویست دیاری دەکەن، لێرەشدا „ڕەخنەی ئاوەزی پراکتیکی“ی کانت بۆی دەبێت بە زەمینەیەک تا لەسەری هزرینی ئێستێتیکییانەی خۆی ئاوەڵا بکات، وەلێ ئەو هاوکات نووسینەکەی کانت دەخاتە ژێر ڕەخنەوە. وەک لە سەرەوە بینیمان، کانتی فەیلەسوفی تیۆریانە تەنیا لە توانستی گشتیی مەئریفەی مرۆڤەوە خۆی بە پرسیاری جوانێتییەوە خەریک دەکات و دەگات بەو تێڕوانینە کە مرۆڤ هیچ شیمانەیەکی نییە بڕیار بەسەر جوانێتیدا بدات. سەبژێکت تەنیا چێژ لە فۆرمی ئۆبژێکتی جوان دەبینێت، وەلێ نازانێت بۆچی ئۆبژێکت جوانە. شیلەری هونەرمەند بە پێچەوانەوە، کەواتە هۆنەرە بنیاتنەرەکەی جوانێتی، لە هەوڵە فەلسەفەییەکەیدا گرنگی بەوە دەدات کە داخۆ جوانێتی «چی» بێت و چۆن سەرهەڵبدات، لێرەشدا ئەو بە تێگەکانی کانت کار دەکات، وەک: جیاوازیکردنی ئاوەز و توانستی دەرکگیری، نەزەر و تێگە، ئاوەزی پەتی و پراکتیکی، ئۆتۆنۆمی و هێتەرۆنۆمی و هتد.

کرداری ئەخلاقی لای کانت هەمیشە پابەندی فرمانە کە وەک “گەرەک” ئاڕاستەی هەر کردارێک دەکرێت، کە بێگومان لەبەرئەوەی کردارەکان ئەخلاقین، ئەوا دەرهاویشتەی ویستی ئەمپیری (واتا ئارەزوو، هەوەس) نین، بەڵکو دەرهاویشتەی ویستی پەتین. ئەوە فۆرمی ئاوەزە کە ئازادانە کردارە ئەخلاقییەکان (ئەنجامەکان) دیاری دەکات. شیلەر ئەم بنەڕەتەی ئەخلاقناسییەکەی کانت بەسەر کایەی ئێستێتیکیدا بەکاردەبات: جوانی (ئەنجام) دیاردەی ئۆبژێکتێکە پابەند بە فۆرمی ئاوەزی پراکتیکییەوە، یان پابەند بە فۆرمی ویستی پەتییەوە وەک سینۆنیومی ئاوەزی پراکتیکی. بێگومان لێرەدا تێڕوانینێکی بنەڕەتییانەی هزرینی ترانسسێندێنتال لەگۆڕێیە کە تەنیا ئۆبژێکتی هۆشەکی (نا-پسیکۆیی) بە ئازاد دادەنێت نەک ئەو نێوەرۆکانە (شئورانە) کە بەڕێی دەرکەوەرەکانەوە دێنەئاراوە.

ئاوەزی پراکتیکی لای کانت بنەڕەتی ئازادیی ڕەهایە (ئەبسۆلوتە). کەواتە ئۆبژێکت وەک دەرهاویشتەی ئاوەزی پراکتیکی لای شیلەر ئەو واتایە دەگەیەنێت کە ئۆبژێکت ئازادە. ئاخر ئاوەزی پەتیی پراکتیکی ڕێسادانەرانە (بە شێوەی ڕێگولاتیڤ) سنوور بۆ کارایی هەر توخمێکی ئۆبژێکت دادەنێت، بەم ڕێیەشەوە «ویستێك» بە ئۆبژێکت دەدات تا بە هێزی دیاریکردنی خودی خۆی، واتا بە شێوەی ئۆتۆنۆم (Selbstbestimmung) بێتەگۆڕی. وەلێ ئێمە لێرە پەیوەندییەکی لەیەک-چوونمان هەیە: لەبەرئەوەی ئۆبژێکتی جوان دیاریکەری خۆیەتی، ئەوا ئۆبژێکت لە ئازادییە ڕەهاکەی ئاوەزی پراکتیکی دەچێت. لەم ڕوانگەیەوە ئازادیی ئۆبژێکت بۆ هێنانەئارای خودی خۆی ڕیال نییە هاوشێوەی مرۆڤ کە لە ئاوەزی پەتیی پراکتیکییەوە کردار دەنوێنێت و بەو ڕێیەوە دەبێت بە ئەخلاقمەند، بەڵکو شیلەر بۆ هاتنەئارای جوانی فۆرمولە بەناوبانگەکەی خۆی بۆ بەکاردەهێنێت: جوانی “ئازادییە لە دیاردەدا”. کەواتە ئۆبژێکت (ی هونەری) ئەوها دیاردەدات، یان „ئەوها دەنوێنێت هەروەک“ ئۆتۆنۆم بێت: „هەروەک“ بە ویستی خۆی، وەلێ بەبێ هیچ مەبەستێک، یاسای ئاوەزییانەی بە خۆی دابێت، نەک بە کاریگەریی دەرەکی (هێتەرۆنۆم) هاتبێتە ئاراوە. لەم ڕوانگەیەوە ئۆبژێکت تەنیا ئازادی «دادەڕێژێت»، بەمەش ئازادی تەنیا دەرکەوتە (Schein)ی ئێستێتیکییە وەک فریودان. ئاخر ئۆبژێکت «وای پێشان دەدات» هەروەک ئازاد و هاوکات بێمەبەست بێت، هەروەک ئەو خۆی فۆرمە خۆییەکەی هێنابێتەگۆڕێ.

بێگومان لێرەدا پرسیار لەبارەی رۆڵی کەرەسە (ماتەریال، نێوەرۆک) سەرهەڵدەدات، چونکە خویابوونی هۆشەکییانەی جوانی هەردەم لەنێو کەرەسەیەکدا خۆی پێشانی وەرگر (ڕێسیپیەنت) دەدات. وەلێ لەبەرئەوەی شیلەر جوانی بە ئاوەزی پراکتیکییەوە گرێ دەدات، ئەوا لێرەدا پەیوەندییەکی فۆرمالی (شێوەکیی) چێکردووە تا پرسی نێوەرۆک نەیەتە گۆڕێ. لەم پەیوەندییەدا لێڕوانەر هیچ گرنگییەک بە نێوەرۆک نادات. ئێمە دەبێت لەم جێیەدا جیاوازی لە نێوان سێ تێگەدا بکەین: کەرەسە، کامیلێتی و جوانی. سەرەتا ئاشکرایە کە ئۆبژێکتی هونەری کەرەسەی فۆرمێنراوە، فۆرماندنیش بۆ شیلەر کامیلکردنی کەرەسەیە و تەنیا کاتێک لەگۆڕێ دەبێت گەر بونیادەکەی (ستروکتورەکەی)، بە واتایەکی دی: گەر زەروورە نێوەکییەکەی بەڕوونی بناسرێت. وەلێ کاتێک کامیلێتی فۆرمی کەرەسەیە، ئەوا جوانی بە پێچەوانەوە فۆرمی ئەم فۆرمەیە، فۆرمی کامیلێتییەکەیە و لەنێو خودی ئۆبژێکتەوە هارمۆنیانە بەنێویدا ئاوەڵابووە، نەک لە دەرەوە خرابێتە نێوییەوە. هونەری ئۆتۆنۆم لە ویستی خۆیەوە یاسا بە خۆی دەدات و بەزەرووری بونیادی خۆی دەهێتەگۆڕێ. لەم ڕوانگەیەوە شیلەر هونەر وەک میمێزیسی (لاسایی) سروشت ڕەتدەکاتەوە. هونەر نە لەژێر ڕکێفی زەروورەکانی جیهانی بەرجەستەدایە و نە دەستوێژە بۆ مەبەستی دەرەکی (بۆ نموونە فێرکردنی مرۆڤ)، بەڵکو بوونەوەرێکی ئازادی داخراوە. شیلەر تەنیا ئەم جۆرەی هونەر بە جوان دادەنێت، ئەویش چونکە ئازادانە خۆی پێشانی وەرگر دەدات نەک بەرەو ڕووی هوروژم بهێنێت، وەرگریش وەک ئۆتۆنۆم دەرکی دەکات. بێگومان وەرگر بەڕێی دەرکەوەرەکانییەوە جوانێتییەکەی ئەوی بەدڵە، وەلێ ئەو لە ئاوەزەوە ڕێز لە فۆرمەکەی دەنێت. ئۆبژێکتی هونەری لێرەدا هارمۆنیانە و ڕێکخراو دیاردەدات، ئەوە هاوشێوەی بابەتێک کە بۆ مەبەستێکی دیاریکراو سازێنراوە. کەواتە گەرچی هونەر بێمەبەستە، هاوکات بێمەبەستێتییەکی لە خۆ گرتووە، ئەمەش بەواتای: گەرچی ئەم هونەرە بەدەرە لە هەر سوودێکی پراکتیکی، لە هەر مەبەستێکی بەکارهێنان، وەلێ دەتوانێت وەرگر بۆ ئازادیی ئەخلاقی بوروژێنێت: دەرفەتی بۆ بڕەخسێنێت لە ئازادییە (مۆرالییە)کەی سەبژێکتی هونەرمەند بڕوانێت و بەسەر ئەو ڕێ ناڕاستەوخۆیەدا دەرکی ئۆبژێکتی بەردەم خۆی وەک جوان بکات. مەسەلەکە لای شیلەر تەنیا «وێکچوون نییە بە ئازادی»، بەڵکو ئەو (هەروەها بەسەر تێگەی دەرکەوتەدا) «بینینی ناخەکی»یانەی پەیوەندییەک دەهێنێتە نێوانەوە کە دەکەوێتە پشتەوەی ئۆبژێکتە ڕیالەکە، وەلێ ئەوە کە لێڕوانەر لەنێو خۆیدا ئاشکرای دەکات، «یاسای ئازادی»یە، یان یاسای ئاکار ی ئێتیکییە (14). بێگومان کاری هونەری ناتوانێت ئەم ئازادییە دەرببڕێت، چونکە هەرگیز ئازادی دیار نادات. ئاخر بەگوێرەی هزرینی ترانسسێندێنتالی کانت لە „ڕەخنەی ئاوەزی پەتی“دا ئازادی هیچی دیکە نییە جگە لە ئیدێیەک – ئیدێیەکی ئاوەز.

پرسیارێکی کرۆکی لەم پەیوەندییەدا ئەوەیە کە هەموو ئۆبژێکتێک پابەندی ڕێسایە، لێرەشدا ئاشکرایە کە ڕێسا دەرەکییە (هێتەرۆنۆمە)، بۆیە هەردەم وەک زەبر لە ئۆبژێکت کارا دەبێت و بەم ڕێیەشەوە ئۆتۆنۆمیی ئۆبژێکت ناهێڵێت. ئەمە هەروەها جوانێتی یان کاری هونەری دەگرێتەوە، چونکە لە جیهانی دەرکیدایە، لەم جیهانەشدا هیچ شتێک بەتەواوی ئازاد نییە. کەواتە شیلەر بە داواکارییەکەی بۆ سەربەخۆیی ئۆبژێکتی هونەری لە مەبەست و ڕێسا خۆی بە دژبێژییەوە دەئاڵێنێت و دەبێت چارەسەری بکات.

وەک بینیمان، ئازادی و خوددیاریکردنی نێوەکی (ئۆتۆنۆمی) بۆ شیلەر هاوواتان. ئەوجا گەر هەموو ئۆبژێکتێک پابەندی ڕێسا بێت، ئەوا دەبێت خوددیاریکردنی ئۆبژێکتی هونەری بەگوێرەی رێساگەلی ئەوتۆ ڕووبدات کە ئەو خۆی دایاندەنێت نەک لە دەرەوە بەسەریدا بسەپێنرێن. کەواتە دەبێت فۆرم، ئازادی لە دیاردەدا، ئاماژە بۆ ڕێسا بدات. شیلەر لەم پەیوەندییەدا لە « هونەرێتی »ی فۆرم دەدوێت کە لای ئەو واژەیەکی دیکەیە بۆ «تەکنیک »(15). بێگومان تەکنیک مەرجێکی سەرەکیی جوانێتی نییە، بەڵکو دەستوێژی داڕشتنە، یان فۆرماندنە، وەک ئەوەش دووەم مەرجە دوای مەرجە بنەڕەتییەکەی جوانێتی کە ئازادییە لە دیاردەدا. ئێمە گەرەکە لەم پەیوەندییەدا ڕەچاوی سێ تێگە بکەین: ئازادی، سروشت، تەکنیک. سروشت بۆ شیلەر سینۆنیومی ئازادییە، ئەوجا ئەو لەم پەیوەندییەدا تێگەی سروشت دەهێنێتە نێوانەوە، چونکە ئێمە بەم تێگەیە یەکسەر لە شتێک دەهزرێین کە بەڕێی خۆیەوە، سەربەخۆ، لەگۆڕێیە و ڕێسا بە خۆی دەدات، یان گۆڕان بە فۆرمی تایبەتی خۆی دەدات (بۆ نموونە گەشەی درەختێک)، وەلێ سروشت هاوکات ئاماژەیەک بۆ کایەی دەرکی (مەحسوس) لە خۆ دەگرێت. ئەمە هەروەها چواندنی بۆ جوانێتی هەیە کە ئەمیش هەروەها لە جیهانی دەرکیدایە، ئەمەش بەواتای: تێگەی سروشت هەروەها لەنێو جیهانی دەرکیدا ئاماژە بۆ کایەی ئازادی دەدات. وەلێ تەکنیک بە پێچەوانەوە “مەرجێکی زەروورییە بۆ پێشبینیکردنی ئازادی لە لایەن ئێمەوە”، بەمەش جوانی دەبێت بە سروشت (ئازادی) لە تەکنیکدا (16). شیلەر دەیەوێت بەم تێڕوانینە ببێژێت، کە دەبێت جوانێتی، کاری هونەری، بە چەشنێک بسازێنرێت کە ئیدی ئازادانە لەنێو خۆیەوە، کەواتە وەک سروشت، کاریگەری بنوێنێت، ئەوە کاتێک تەکنیک بە پێچەوانەوە تەنیا فۆرماندنی ڕێسامەندە، کەواتە لە دەرەوە بە کاری مرۆڤ سەرهەڵدەدات (هێتەرۆنۆمە)، وەلێ گەرەکە کاریگەریی ڕێساکان لە تەکنیکدا بە چەشنێک بن کە ئۆبژێکت لە سەرئەنجامدا وەک دەستکرد نەنوێنێت، یان وەرگر بە چەشنێک دەرکی ئۆبژێکت نەکات هەروەک بە زەبری دەرەکی هێنرابێتە گۆڕێ، بە پێچەوانەوە، گەرچی ئۆبژێکت بە کاری مرۆڤ سازێنراوە، وەلێ گەرەکە وەرگر وەک بەرهەمێکی سروشت دەرکی بکات. بەمەش تەکنیک، کە دەستوێژە بۆ داڕشتنی ئازادی (سروشت)، دەرفەت بۆ وەرگر دەڕەخسێنێت هەست بە ئازادی بکات.

شیلەر ئەم پرسەی سروشت و تەکنیک بە نموونەی کەسێک ڕووندەکاتەوە کە دەیەوێت لە قەدی درەختێک فیگورێکی بازنەیی بسازێنێت. فیگورەکە هەروەها نموونەیەکە بۆ جوانی وەک ئازادی لە دیاردەدا. سەرەتا سروشتی بازنە ئەو کەسە ناچار دەکات تەواو خولگەیی قەدی درەختەکە ببڕێتەوە، چونکە تەنیا بەو شێوەیە مەبەستەکەی بەدیدەهێنێت. لەم ڕەوشەدا تەکنیک، فۆرماندنی خولگەیی، لە دەرەوە دێتە نێو شتەکەوە، بۆیە تەکنیک هەردەم بەڕێکەوتە، چونکە لە بابەتێکەوە بۆ بابەتێکی دی دەگۆڕرێت. ئەوجا گەر لێڕوانەر لەم فیگورەدا کە گەرەکە بازنەیی بێت، بەزۆریی دەرکی کەرەسە (ماتەریال) یان کاریگەرییە دەرەکییەکە بکات، ئەوا دەبینێت کە تەختەکە بە زەبر (بە مشار یان خەڕات) خراوەتە نێو ئەو فۆرمە بازنەییەوە. ئێمە لێرەدا هێتەرۆنۆمیمان هەیە. وەلێ گەر ئەو کەسە فیگورە بازنەییەکە هێندە کامیل (پێرفێکت) بسازێنێت کە ئیدی لێڕوانەر کاریگەرییە دەرەکییەکەی لەبیربچێتەوە، ئەوسا فیگورە بازنەییەکە، سەرباری هێتەرۆنۆمی، ئەوها دەنوێنێت هەروەک لەنێو خودی خۆیەوە ئەوها بێت. فۆرمەکە زۆرلێکراو نانوێنێت، بەڵکو ئەوها دەنوێنێت هەروەک سروشتی خودی ئۆبژێکت خولگەیێتییەکەی ئەوی پێکهێنابێت (17). ئەم ئۆبژێکتە بۆ شیلەر جوانە، چونکە گەرچی فۆرمەکە هاوکات خوددیاریکەر (ئۆتۆنۆم) و دەرەکییانە دیاریکراوە (هێتەرۆنۆمە)، وەلێ لێڕوانەر هەست بە زەبرە تەکنیکییەکە (هێتەرۆنۆمی) ناکات.

پرسی ئۆتۆنۆمی و هێتەرۆنۆمی نەک تەنیا هەموو جۆرەکانی هونەر دەگرێتەوە، بەڵکو هەروەها بابەتە پێویستەکانی (مەبەستمەندەکانی) بەکارهێنانیش. ئێمە گەرەکە لێرەدا نموونەکانی دیکەی شیلەر چە لە بابەتە پێویستەکانی ژیان و چە لە هونەرەکانەوە وەربگرین.

لە خانوودا (یان تەلارسازیدا) هەردەم ئۆتۆنۆمی و هێتەرۆنۆمی لەگۆڕێن. خانوو بەتایبەتی بابەتێکی بەکارهێنانە و یاسای فیزیکی (ستاتیک)، هەروەها پێداویستییە مرۆڤییەکان (پاراستن، گوزەران) سنووریان بۆ ئاوەڵابوونی داناوە. گەر پاژەکانی خانوو تێکڕا پابەندی ئیدێ و مەبەستی سەرجەمەکە بن، کەواتە ئیدێی خانووەکە بەتەواوی فۆرمەکەی دیاری بکات، ئەوسا ئەم خانووە کامیلە، وەلێ جوانە، گەر لێڕوانەر ناچار نەبێت ئیدێی خانووەکە وەک دەستوێژی ڕوانین لە فۆرمەکەی وەربگرێت، بەڵکو ئەو فۆرمە خۆخواستانە و بەبێ مەبەست لەنێو ئەو خۆیەوە سەرهەڵبدات، کە ئیدی لێڕوانەر مەبەستەکەی لەبیربچێتەوە و دەرکی فۆرمەکەی بکات وەک گوزارشتی ئازادی. ئەم خانووە بۆ شیلەر جوانە و لە کاری هونەری نزیک دەکەوێتەوە. وەلێ هەرگیز ناشێت خانوو کاری هونەریی تەواو ئازاد بێت، کەواتە هەرگیز بە ئیدیالێکی جوانی ناگات، چونکە لە خانوودا هەردەم پەنجەرە، دەرگە، داڵان، ئاگردان، پیلکانە و ژووری تایبەت و هتد لەگۆڕێن و تێکڕا یەکدی سەغڵەت دەکەن، نەک هەریەکەیان ئازادانە سنووری خۆی دیاری بکات. کەواتە هەردەم هێتەرۆنۆمی بەگوێرەی هەر مەبەستێکی تایبەتی بەسەریدا سەروەرە و ڕێنادات فۆرمەکەی خۆخواستانە دیاربدات، هاوکات هێتەرۆنۆمییەکە بەسانایی دەرک دەکرێت (18). لەم ڕوانگەیەوە تەلارسازی بۆ شیلەر بەدەرە لە “گەمەی ئێستێتیکی”، واتا لە فۆرماندنی بێمەبەست. بێگومان شیلەر لە „پەروەردەی ئێستێتیکیی مرۆڤ“دا ئاماژە بۆ پەرستگەی کلاسیکیی گریکی دەدات کە بە تێڕوانینی ئەو بینایەکی جوانە، چونکە پەرستگەکە ئەوها دیارنادات هەروەک پاژەکانی بەزۆر لەیەکدرابن، بەڵکو ئەوها دەنوێنێت هەروەک یاساکەی لەنێو ئەو خۆیدا بێت، یان هەروەک ئەو “لەنێو خودی خۆیەوە” ئاوەڵا بووبێت و سەرجەمێکی هارمۆنییانەی پێکهێنابێت. لەم پەرستگەیەدا پایەکان کە بە مەبەستی هەڵگرتن دانراون، کاراییان لە پشت فۆرمەکەوە دیارنامێنێت. بینای پەرستگەکە وەک ئافراندنێکی ئازاد دیاردەدات نەک وەک بەرهەمێکی زەبرلێکراو.

هەروەها گۆزە ئامرازی بەکارهێنانە و ئیدێیەک بۆ سازاندنی پێویستە، هاوکات ئەو دەسکانە کە لێوەی دەردەچن، ئیدێی تایبەت بە خۆیان هەیە. گۆزەیەک کە جوان فۆرمێنراوە (بۆ نموونە گوڵدانی ئەنتیکە)، فۆرمەکەی ئەوها دەنوێنێت هەروەک لە زەروورەی نێوەکییانەی خۆیەوە هاتبێتەئاراوە، هەروەک گۆڕانە نێوەکییەکانی خۆخواستانە بەگوێرەی یاسای نێوەکی ڕوویاندابێت، بۆ نموونە دەسکەکانی تەواو ئاسایی (زەبرلێنەکراو) و خۆخواستانە لێوەی دەرچووبن، کە ئیدی کاتێک مرۆڤ لێی دەڕوانێت، تایبەتمەندییەکەی ئەوی لەبیردەچێتەوە. ئەم گۆزەیە بۆ شیلەر هاوشێوەی گەمەی ئازادی سروشتە، بۆیە بە تێڕوانینی ئەو گۆزەیەکی جوانە. وەلێ گەر ورگی گۆزەکە کتوپڕ بۆ ملێکی باریک تەسک ببێتەوە، ئەوا ئەم گۆڕانە لەناکاوەی ئاڕاستەکە سەرجەم دەرکەوتەی خۆخواستن تێکدەشکێنێت و ئۆتۆنۆمیی دیاردەش نامێنێت؛ یان هەروەها گەر هەردوو دەسکەکەی کە تایبەتن بە گرتن و هەڵگرتنی ئەو، بە گۆشەی وەستاو لێوەی دەرچووبن، ئەوا گۆزەکە جوان نییە، چونکە فۆرمی گۆشەیی بە بابەتێکی گردەییەوە زەبرمەند دەنوێنێت. لێرەدا مەبەستی بەکارهێنان سەروەریی بەسەر سازاندنی گۆزەکەدا وەرگرتووە و گۆڕانی ئاڕاستەکان پێچەوانەی ئاڕاستەی خۆخواستانەن، بۆیە ئەم گۆزەیە بە دیدی شیلەر جوان نییە (19).

سنووردانانی پاژەکان بۆ خۆ و بەمەش دەرفەتدان بەوە کە سەرجەمی بەرهەمەکە کاریگەریی خۆی بنوێنێت، بەتایبەتی لە هونەرەکاندا ئاشکرا دەبێت، وەک پەیکەر و وێنەی دیمەن لە شێوەسازیدا، کۆمپۆزیسیۆنی (هۆنینەوەی) موزیک یان هۆنینەوەی هەڵبەست.

بۆ ئەوەی هەڵبەست جوان بێت، دەبێت خودی هەر دێڕێک درێژی و کورتی، بزووتن و ئارامگە بە خۆی بدات، دەبێت هەر وشە و ڕستەیەک لە زەروورەی نێوەکییەوە چێبووبن، نابێت هیچ وشەیەک یان هیچ دێڕێک یەکێکی دیکەیان بەهەند وەربگرێت، بەڵکو تەنیا بۆ خاتری خۆی لەو جێیەدا بێت و سەرەڕای ئەوە پێکرا بە چەشنێک کۆبووبێتنەوە هەروەک گفتی ژوانیان بە یەک دابێت (20)

ئاشکرایە پەیکەر ئیدێیەکی هەیە کە بۆ نموونە لە بەردێکی مەڕمەڕدا دیاردەهێنرێت. وەلێ دەبێت ئەو پەیکەرە ئەوها بنوێنێت هەروەک لەنێو خۆیەوە ئازادانە فۆرمی خۆی سازاندبێت. گەر هەر جووڵەیەکی نێو پەیکەرەکە دەرهاویشتەی ئیدێکە نەبێت، بەڵکو بۆ سروشتی کەرەسە (بەردەکە) بگەڕێتەوە، ئەوا کارە هونەرییەکە سەرنەگرتووە. ئاخر بەردی سروشتیی مەڕمەڕ پتەو و ڕەقە، ئەم تایبەتمەندییەش دەبێت لە سروشتی گۆشتدا کە نەرم و ناسکە، بەتەواوی نەمێنێت و بە هیچ شێوەیەک نەهێنرێتەوە یادی لێڕوانەر (21).

دیمەنێک جوان داڕێژراوە، گەر سەرجەمی ئەو دیمەنە لە ئازادیی تاکە پاژەکانەوە هاتبێتە گۆڕێ. لەو دیمەنەدا دەبێت هەر پاژێک پەیوەند بێت بە سەرجەمەوە و سەرەڕای ئەوە تەنیا لەژێر ڕکێفی یاسای خۆیدا بێت، کەواتە پەیڕەویی ویستی ئازادی خۆی بکات. بێگومان لە دیمەندا پاژەکان بەناچاری بەریەک دەکەون، بۆیە دەشێت بەو ڕێیەوە زیان بە سەرجەم بگەیەنرێت. بۆ نموونە: چیا دەیەوێت سێبەر بخاتەوە و ڕەنگە سێبەرەکە بکەوێتە سەر شوێنێک کە گەرەکە ڕوناک بێت. مرۆڤ و ئاژەڵ و هەور دەیانەوێت ببزوێن. ڕوبار لە ئاڕاستەی خۆیدا یاسای کەنار قبووڵ ناکات، بەڵکو شوێن ویستی خۆی دەکەوێت. هەر یەکەیان خاوەنی ویستی خۆیەتی. وەلێ گەر هەر پاژێک لە ئازادیی نێوەکیانەیەوە ئەو سنوورە دابنێت کە پاژێکی دی بۆ دەربڕینی ویستی خۆی پێویستی پێیەتی، ئیدی هارمۆنیی سەرجەم دێتە گۆڕێ. بۆ نموونە دەشێت درەختێک لە پێشخاندا پاژێکی جوان لە پاشخاندا دابپۆشێت، کەواتە زەبر لەدژی ئەو پاژە بنوێنێت. لێرەدا هونەرمەندی شارەزا ئەو لکەی درەختەکە کە دەشێت پاژەکەی پاشخان بشارێتەوە، لە کێشی خودی لکەکەوە دەنیشێنێت، کە ئیدی بەو ڕێیەوە خۆخواستانە شوێن بۆ شێمای پاشەوە دەکاتەوە (22)

لەم ڕوانگەیەوە ئێمە تەنیا لە هونەردا جوانیی فۆرممان هەیە. بێگومان ئاشکرایە، ئەمەشمان لە سەرەوە بە نموونەی شێوەسازی دیمەنەکە بینی، جوانیی فۆرم لە کەسی سازێنەری فۆرم، هونەرمەند، جیانابێتەوە. شیلەر لەم پەیوەندییەدا جەخت لە نائیفێتی (das Naive) دەکات کە بە دیدی ئەو جوانە، چونکە لە نائیفێتیدا سروشت مافی خۆی بەسەر گەڕەلاوژێ و خۆدەرخستنی کەسەکیدا دەسەپێنێت. تەنیا گەر سروشت (ژێنی: بلیمەت) داڕێژەری ئازادی بێت، ئیدی جوانێتیی هونەر دێتە گۆڕێ. بێگومان نەشیاوە داڕشتن بەبێ “کەرەسە” ڕووبدات. شیلەر پەیوەند بە کەرەسەوە جەخت لە داڕشتنی ئازادانەی ڕاستی دەکات. ئێمە لێرەدا یەکسەر دەکەوینە بەردەم جیاوازیی نێوان هونەرمەند و هونەرمەندی مەزن: شیلەر کەسێک ناو دەنێت هونەرمەند کە پابەندی داڕشتنی ئازادانەی ڕاستییە، وەلێ هونەرمەندی مەزن هەردووکیان، ئازادی و ڕاستی، یەکدەخات. بەرهەمێکی سروشتی جوانە گەر گونجاو بە یاسای هونەر ئازادانە دیار بدات، ئەوجا بەرهەمێکی هونەری جوانە گەر ئازادانە بەرهەمێکی سروشتی “دابڕێژێت”. لەم ڕوانگەیەوە جوانێتیی هونەر خودی سروشت نییە، بەڵکو داڕشتنی ئافرێنەرانەی سروشتە لە میدیەمێکدا، وەلێ ئەوە لەنێو خودی هونەرمەندەوە، نەک وێنەدانەوەی سروشت بێت وەک لە ناتورالیزمدا. شیلەر بە واژەی “داڕشتن” جەخت لە ئۆتۆنۆمیی هونەر و ئازادی دەکات کە پێشترییان لە نێوەرۆک هەیە. هونەرمەند گەرەکە “پەرە بە سروشت بدات” نەک کتومت لاسایی ئەو بکاتەوە، بەوەش کردەکێتییەکی ئیدیال بهێنێتەگۆڕێ: مۆتیڤەکانی جوانتر و کامیلتر لە هەبوونی ڕیالیان دابڕێژێت.

ئێمە دەبێت پەیوەند بە جیاوازیکردنی هونەرمەندانەوە لای شیلەر ڕەچاوی سێ تێگە بکەین: ئۆبژێکتیڤێتی، سەبژێکتیڤێتی، کەرەسە. هونەرمەند مەزنە گەر داڕشتنەکەی ئۆبژێکتیڤی بێت، واتا خودی بابەتەکەمان پێشان بدات؛ هونەرمەند مامناوەندییە گەر داڕشتنەکەی سەبژێکتیڤی بێت، واتا خودی خۆی پێشان بدات؛ هونەرمەند ناباشە گەر تەنیا کەرەسە پێشان بدات، واتا گەر سروشتی میدیەمەکە و ئاستەنگەکانی هونەرمەند سەروەربن بەسەر داڕشتنەکەیدا. شیلەر ئەم جیاوازیکردنە بە نموونەی نواندنی سێ ئەکتەر لە شانۆییەکی هاملێتدا ڕووندەکاتەوە:

1- کاتێک ئێکهۆف رۆڵی هاملێت دەنوێنێت، لێرەدا پەیوەندیی کەسێتی بە ڕۆڵ-ەکەیەوە هاوشێوەی پەیوەندیی کەرەسەیە بە فۆرمەوە، یان لەش بە ئیدێوە. ئێکهۆف کەرەسەیە و هەر خۆی بلیمەتییەکەی هاملێت دەفۆرمێنێت، ئەوجا لەبەر ئەوەی کەسی ئێکهۆفی ئەکتەر بەتەواوی لە کەسی هونەرییانەی هاملێتدا لەناودەچێت، هەروەها لەبەر ئەوەی تەنیا فۆرم، واتا کارەکتەری هاملێت، هەستپێدەکرێت نەک کەرەسە (واتا کەسی ئەکتەرە ڕیالەکە)، کەواتە لە ئەودا تەنیا فۆرم (هاملێت) هەیە، ئەوا ئێکهۆف رۆڵەکەی جوان دەنوێنێت، چونکە داڕشتنەکەی ئۆبژێکتیڤییانەیە و هیچی سەبژێکتیڤیی پێتێکەڵ نەبووە.

2- کاتێک خاتوو ئالبرێشت رۆڵی ئۆفیلیا دەنوێنێت، لەوێدا نە سروشتی کەرەسە (کەسی خانمە ئەکتەرەکە) و نە سروشتی داڕێژراوەکە (کەسی ئۆفیلیا) دەبینرێت، بەڵکو تەنیا ئیدێیەکی ئارەزوومەندانەی خانمە ئەکتەرەکە دەبینرێت. ئەو بنەڕەتێکی سەبژێکتیڤی بە خۆی دەدات تاکو پێشبینیی ژان و شێتی و ئابڕووی نەجیبانە بکات بەبێ ئەوەی لەوە بهزرێت کە داخۆ ئۆبژێکتیڤێتی بەم پێشبینییە بدرێت یان نەدرێت. کەواتە خاتوو ئالبرێشت تەنیا مانییر (شێوەی ڕەفتاری کەسەکی) ی هەیە، وەلێ ستایلی نییە کە شیلەر پێناسەی دەکات وەک «باڵاترین سەربەخۆیی داڕشتن لە سەرجەم دەستوێژە سەبژێکتیڤی و ئۆبژێتیڤی-بەڕێکەوتەکانی داڕشتن.» (23)

3- کاتێک بریوکل رۆڵی پاشایەک دەنوێنێت، لێرەدا سروشتی میدیەمەکە بەسەر فۆرمدا (رۆڵی پاشادا) سەروەرە، چونکە ئەکتەرەکە (کەرەسە) لە هەموو بزووتنێکدا قێزەوەن و نەشارەزا نیگا دەکات. ئەو ناتوانێت کەرەسە (لەشی ئەکتەر) بەگوێرەی ئیدێیەک بفۆرمێنێت. کەواتە داڕشتنەکەی پەرێشانە، چونکە سروشتی کەرەسە و ئاستەنگە سەبژێکتڤییەکانی خودی هونەرمەندەکە ئاشکرا دەکات (24).

لەم ڕوانگەیەوە پێشمەرجی جوانێتیی داڕشتن لای شیلەر ئەوەیە کە هونەرمەند بە ڕاستی و پەتی و تەواوەتی لە سەرجەم ئۆبژێکتیڤێتیی بابەتەکەی تێبگات، ئەوجا ئۆبژێکتەکەی (لەپێشخۆدانراوەکەی) وەک فۆرمی پەتی پێشبینی بکات و دایبڕێژێت. هونەرمەند ئەمەی پێبەدیدەهێنرێت گەر دەرفەت نەدات سروشتی میدیەمەکە کە تێیدا ئۆبژێکتەکە دادەڕێژرێت، دەرەکییانە کاریگەری لەسەر ئەم ئۆبژێکتەی هۆشی بنوێنێت.

 

3-3 کێشەی جوانێتی وەک دیاردانی ئازادی

 

شیلەر لە „نامەکانی کالیاس“دا هەوڵ دەدات لە تێگەی ئازادییەوە ئۆبژێکتیڤییانە بناغەی جوانێتی بڕێژێت، وەلێ ئەو خۆی درەنگتر دەگات بەو تێڕوانینە کە جوانێتی تەنیا هەستی پێدەکرێت نەک بناسرێت، واتا بابەتی مەئریفە نییە، بۆیە «دەرئەنجاماندنی جوانی لە پرنسیپگەلی ئاپریۆرییەوە گومانهەڵگرە» (25). کەواتە ناشێت جوانێتی لە یەک گۆشەنیگاوە ساغبکرێتەوە.

پرسیارێکی کرۆکی لەم پەیوەندییەدا ڕوودەکاتە جوانی وەک ئازادی لە دیاردەدا. لێرەدا دژبێژییەکی لۆژیکی لەگۆڕێیە، چونکە لەم ڕستەیەدا دوو تێگە پێکەوە گرێدەدرێن کە بە تێڕوانینی کانت، تەنانەت بە تێڕوانینی خودی شیلەر، پێکەوە ناگونجێن: ئازادی (ئۆتۆنۆمی) تێگەیەکی ئەخلاقییە تەنیا لە کایەی هۆشەکیدا (نادەرکیدا)، وەلێ دیاردە لەژێر ڕکێفی یاساکانی سروشتدایە، کەواتە کایەی نائازادییە. کانت جیاوازی لە نێوان دوو جیهاندا دەکات: جیهانی دیاردەکان (فێنۆمێنەکان) کە ئێمە بە دەرکەوەرەکانمان شئوریان پێدەکەین، ئەوجا جیهانی “شتەکان لە خۆدا” (نومێنا) کە کایەی تەواو هۆشەکییە و بە دەرکەوەرەکانی مرۆڤ دەرک ناکرێت. ئازادی سەر بە جیهانی نومێنایە، کەواتە پرسە لە کایەی هۆشەکیدا و هەرگیز لە جیهانی دەرکیدا دیارنادات – ئاخر لەم جیهانەدا هەموو شتێک لەژێر ڕکێفی یاسای هۆئەنجامیدایە. بێگومان مرۆڤ سەر بە هەردوو جیهانەکەیە: ئەو وەک خاوەنی ڕەمەک و ئارەزوو و هەست بەشێکە لە سروشت، ئەو هەروەها سەر بە جیهانی هۆشەکییە، لەم ڕووەشەوە ویستی ئەو ئازادە: ئەو خۆی دەتوانێت لە دەوەرەی هۆئەنجامی (کاوساڵێتی)ی سروشت زنجیرەیەک هۆئەنجامی بەربخات (بۆ نموونە کانت لەسەر کورسییەکەی دانیشتووە، وەلێ کتوپڕ هەڵدەستێت و بەو ڕێیەوە زنجیرەیەک هۆئەنجامی بەردەخات). بە پێچەوانەشەوە ناشێت دیاردە کە پابەندی زەروورەیە، هاوکات بەتەواوەتی (ئەبسۆلوت) ئازاد بێت. شیلەر لێرەدا دژبێژییەکە دەبینێت، ئەوجا هەوڵ دەدات بە تێگەی “هەروەک-ئەوهایی” چارەسەری بکات: گەر ئێمە وای دابنێین کە جوانی ئازادییە لە دیاردەدا، ئەوا بەم تێڕوانینە تەنیا دەبێژین: شتێک جوانە گەر ئەوها بنوێنێت (دیاربدات) هەروەک دیاریکەری خودی خۆی بێت (ئۆتۆنۆمی)، جا گەرچی ئەو شتە لە جیهانی فیزیکیدا بە شێوەی هێتەرۆنۆم دیاریکراوە. شیلەر لێرەدا ئۆبژێکتیڤێتی بە تێگەی جوانی دەدات بەبێ ئەوەی لایەنی سەبژێکتیڤی، واتا لێڕوانەر، بەهەند وەربگرێت. وەلێ لە تێزی جوانی وەک ئازادی لە دیاردەدا دژبێژییەکی لۆژیکی لەگۆڕێیە، چونکە هەرئەوەندەی ئازادی دیاربدات، ئیدی ئەو ئازادی نییە، ئاخر ئازادی ئێستا لەم رەوشەدا دەکەوێتە ژێر ڕکێفی یاسا هۆئەنجامییەکانی سروشتەوە، بەوەش سەربەخۆییە ترانسسێندێنتالەکەی نامێنێت. گەر جوانی دیاردانی ئازادی بێت، ئەوسا جوانێتی لە سروشتدا هەر لە سەرەتاوە ئازادانە بەگوێرەی یاسا خۆییە نێوەکییەکانی لەگۆڕێ دەبێت، ئەوە هاوشێوەی بوونەوەرە ئۆرگانییەکان کە لەنێو خۆیانەوە دیاردەدەن: ڕووەکێک گوڵ دەگرێت و دەگەشێتەوە.

وەلێ ئێمە پێویستە پەیوەند بە نامەکانی کالیاسەوە (1793) ئاماژە بۆ ئەوە بدەین، کە ئەم نووسینە تەنیا پرۆژەیەکی شیلەر بوو و بە چەند نامەیەک خستییە بەردەم گۆتفرید کوێرنەر، بەبێ ئەوەی پرۆژەکە لەم کایە “پریڤات”ە (تایبەتە) بچێتە دەرەوە، واتا شیلەر مەبەستمەندانە بەرەو تەواوکردنی بەرێت و ئەوجا بڵاوی بکاتەوە. نەخێر، نووسینەکە ساڵی 1847 بڵاوکرایەوە، کەواتە ماوەیەکی زۆر دوای مردنی شیلەر.

چەند هۆیەک بۆ ئەوە لەگۆڕێن کە بۆچی شیلەر نەیتوانی پرۆژەکەی ئەنجام بدات. ئەو لە سەرەتاوە گومانی لە خودی پرۆژەکەی هەبوو، لەم پەیوەندییەشدا هزرینی فەلسەفەیی خۆی لە جوانێتی ورد و دروست و ساغکراوە بنیاتنەنا، بە پێچەوانەوە کانت بە ڕادەیەک بۆی بوو بە ئالەنگاری، کە ئیدی ئەو بە گۆتەی خۆی زۆر جار لەنێو کانتدا بزر بووبوو. ئەوجا شیلەر ماوەیەکی کورت دوای „نامەکانی کالیاس“ ڕوو لە ئێستێتیکی پەتی وەردەگێڕێت و تێڕوانینەکانی، کە لەو نامانەدا هاتبوونە ئاراوە، بە پەرەپێدراوی لە کارێکی دیکەدا تەواوکراوتر و ڕۆشنتر دەردەخات: „پەروەردەی ئێستێتیکیی مرۆڤ“(1795). ئێمە هەروەها پێویستە هەر لەم پەیوەندییەدا ئاماژە بۆ نەخۆشییەکەی شیلەر بدەین: ئەو ساڵی 1793، کەواتە ساڵی دانانی پرۆژەی نامەکانی کالیاس، بەسەختی نەخۆش کەوت، ئەوەش سنووری بۆ کارەکانی دانا.

سەرباری ئەوە تیۆرییە ئێستێتیکییەکەی شیلەر لە چەند ڕوویەکەوە لە مێژووی ئێستێتیکی ئەڵمانیدا بەواتایە. ئەم تیۆرییە یەکێکە لە هەوڵە هەرە سەرەتاییەکانی ئێستێتیکی ئۆتۆنۆمی کە بە “ڕەخنەی هێزی بڕیار”ی کانت (1790) دەستپێدەکات. ئامانجی ئەم ئێستێتیکە ڕزگارکردنی هونەر بوو لە کاریگەرییە دەرەکییەکان (ئایین، سیاسەت، نمایشی نێو کۆشکەکان) و چەسپاندنی وەک کایەیەکی سەربەخۆی پابەند بە یاسای خۆییەوە: هونەر گەرەکە ئۆتۆنۆم بێت، واتا بەند بێت بە لۆژیکی خۆیی و ڕێسا نێوەکییە ئێستێتیکییەکانەوە، نەک پابەند بێت بەو ڕێنومایانەوە کە دەرەکیانە بۆ داڕشتنی هونەری دەچەسپێنرێن. هونەر خۆی دەبێت بە مەبەست نەک دەستوێژ بێت بۆ مەبەست (فێرکردنی مۆرالیی خەڵک)، بەمەش تێزی مەبەستێتیی بێمەبەست هونەر لە ژیانی ڕۆژانە دادەبڕێت، وەلێ هاوکات وەک گوزارشتی ئازادی دەرفەت بۆ لێڕوانینێکی دابڕێنراو لە زەبرە ئابووری و سیاسییەکان دەڕەخسێنێت. ئاخر داواکاری بۆ ئۆتۆنۆمیی هونەر بەشێکە لە پرۆژەی ئازادی (ئێمانسیپاسیۆن)ی بۆرژوازی. ئێستا هونەر دەبێت بە شوێنگەی کشانەوە بۆ ئیدیالەکانی ئازادی و سەبژێکتیڤێتی، بۆ ڕزگاری لە پابەندییە فۆیدالییەکان، هەروەها لە جڤاکی ستاندییانە دامەزراو و دەسەڵاتی ئەبسۆلوتیستی. ئێستا هونەری ئۆتۆنۆم دەتوانێت لەم جیهانەی نائازادیدا “ڕاومێکی ئازادی” ئاوەڵا بکات و دەرفەت بۆ مرۆڤ بڕەخسێنێت بە ئاگایی ئازادییەکەی خۆی بگات. شیلەر لێرەدا ئیدێی ئازادی (ئەخلاق) و جوانی (ئێستێتیک) پێکەوە گرێ دەدات.

ماویەتی

 

پەراوێزەکان

  • Hauck, Florian: Schillers Denkbilder. Die Kunst in den ästhetischen Schriften. S. 60.
  • Schiller, Friedrich. Kallias oder über die Schö S. 394. Briefe an Gottfried Körner.
  • Hauck, Florian a.a.O., S. 77.
  • Schiller, Friedrich, a.a.O., S. 394.
  • Hauck, Florian a.a.O., S.
  • Schiller, Friedrich, a.a.O., S. 411.
  • Ebenda, S. 411.
  • Ebenda, S. 415.
  • Ebenda, S. 420.
  • بڕوانە:

Ebenda, S. 420.

  • Ebenda, S. 423.
  • Ebenda, S. 429.
  • Ebenda, S. 422.
  • Ebenda, S. 429.
  • Ebenda, S. 429 f.
  • Schiller: Nachschrift. HA V. S. 1040. Siehe Hauck, Florian, a.a.O., S. 77.

 

 

 

سەرچاوەکان

سەرچاوەی سەرەکی:

  • Schiller, Friedrich. Kallias oder über die Schö Briefe an Gottfried Körner. Zeno.org.

 

سەرچاوەی لاوەکی:

  • Hauck, Folrian: Schillers Denkbilder. Die Kunst in den ästhetischen Schriften. Würzburg 2017.
  • Mein, Georg: Die Konzeption des Schö Bielefeld 2000.
  • Robert, Jörg: Schein und Erscheinung. In: Friedrich Schiller. Der unterschätzte Theoretiker. Hrsg. Von Georg Bollenberg und Lothar Ehrlich. Köln Weimar Wien 2007.

 

تاگهزر
بڵاوکردنەوە: