نووسینی: کاوە جەلال
(بەشی دووەم)
–2 کلاسیکی ڤایمار
ئەدەبی کلاسیکیی ئەڵمانی لە ڕووی مێژووییەوە دەخرێتە نێوان ساڵی گەشتەکەی گوێتە بۆ ئیتالیا (1786) و مردنی (1832)، هەروەها ناودەنرێت کلاسیکی ڤایمار، چونکە زۆرینەی نووسەرانی لەو شارە نیشتەجێ بوون و گرنگترینیان بریتی بوون لە: یۆهان ڤۆڵفگانگ فۆن گوێتە، فریدریش شیلەر (ئەم لە یێنا دەژیا کە بیست کیلۆمەتر لە ڤایمارەوە دوورە)، یۆهان گۆتفرید فۆن هێردەر و کریستۆف مارتین ڤیلاند. وەلێ گوێتە و شیلەر دیارترین نووسەری ئەدەبی کلاسیکیی ئەڵمانین.
تێگەی کلاسیک لە بنەڕەتدا دەگەڕێتەوە بۆ „کلاسیکوس“ی لاتینی کە واتاکەی بریتییە لە: باڵاترین توێژی (کڵاسی) جڤاک. ئەم توێژە لە دەوڵەتی ڕۆمدا کەسانی دەوڵەمەند و نموونەیی لە خۆ دەگرت کە هاوکات لە باڵاترین ئاستی زەریبەداندا دانرابوون. واتای دیکەی تێگەکە، بەتایبەتی پەیوەند بە ئەدەب و هونەرەوە، بریتییە لە: نموونەیی، هەردەم هەنووکەیی. بێگومان گەرەکە جارێ لەم جێیەدا ئاماژە بۆ ئەوە بدەین، کە گرێدانی ئاوەڵناوی „کلاسیکی“ بە کارەکانی نووسەرانی ڤایمارەوە ناگەڕێتەوە بۆ ئەوان خۆیان، بەڵکو سەدەی نۆزدەیەم لە ڕەوتی „بزاوتی نەتەوەیی“ ئەڵمانی و شکۆفەی گێرمانیستیکدا (زانستی زمان و ئەدەبی گێرمانی) سەریهەڵدا. توێژەرانی گێرمانیستیک ویستیان قۆناغی کارکردنی نووسەرانی ڤایمار، بەتایبەتی گویتە و شیلەر، دیاری بکەن، لێرەشدا بۆ بەرهەمەکانی ئەوان ناوی کلاسیکیان هەڵبژارد، واتا: ئەو بەرهەمانە هەردەم هەنووکەیین، کۆننەبوون. بێگومان گەرەکە لێرەدا هەروەها ببێژین، کە خودی گوێتە و شیلەر کلاسیسیستن، چونکە ئەوان ئەدەب و هونەری هارمۆنیانە داڕێژراوی ئەنتیکە وەک نموونەی ئیدیالی داڕشتنی هونەرییان وەردەگرن.
ئێمە گەرەکە بۆ تێگەیشتن لە تایبەتمەندیی ئەدەبی کلاسیکیی ئەڵمانی سێ توخم دیاری بکەین: 1) ئەدەبی „هێرش و پاڵنان“ (1765-1790)، 2) بزاوتی ڕۆشنایی (1720-1790) و 3) شۆڕشی فەڕەنسی (1789).
1) دراماکەی فریدریش ماکسیمیلیان کلینگەر بە ناونیشانی „هێرش و پاڵنان“(1) کە ساڵی 1777 بڵاوکرایەوە، بوو بە ناوی ئەو قۆناغە ئەدەبییە ناوبراوە. کلینگەر لەو کارەیدا وەک نووسەرێکی یاخی دیاردەدات کە سۆزمەندانە جیهانی هەستەکانی خۆی دادەڕێژێت و دەنگ هەڵدەبڕێت بۆ یاخیبوونی تاکەکەس لە نەریتە جڤاکییەکان. تاکەکەس گەرەکە لە پێوارە چەسپێنراوەکان لابدات و بۆ ئازادی و خودبەدیهێنان تێبکۆشێت. وەلێ کلینگەر بە هەڵوێستی جەختکردن لە هەستەکێتی هاوکات یاخی دەبێت لە بزاوتی ڕۆشنایی کە هەست و سۆزی لەژێر سەروەریی ئاوەزدا دادەنا. بەگشتی بڕوانین، ئەوە یاخیبوونی هەڵبەستڤانانی گەنج بوو لە نەوەکانی ڕابوردوو، ئەم گەنجانە ئێستا بەگوێرەی تێگەیشتنیان بۆ ئەدەب و هونەر دەیانەوێت «… وازبهێنن لە ڕێسا باوەکان کە بەتایبەتی لە فەڕەنسا هێشتا هەر ڕێزیان لێدەنرا»(2)، ئەوان ئێستا دەخوازن »ئۆتۆنۆمییەکی ئێستێتیکی بە سەردەم بدرێتەوە کە بەهۆی سەروەریی کولتووریانەی فەڕەنساوە لەدەستچووبوو (…)، هەر بەگوێرەی ئەوەش دروشمە نوێکان لە هەژانی ئاگامەنددا بەرانبەر تێگە دێرینە ڕێنوماییەکان دانرابوون: ئێستا ژێنی (بلیمەت) وەک لەبریی بۆ ئەو ڕێسا بەندکارانە دادەنرێت کە دەبوو سەرەتا هەڵبەستڤانێکی چاک فێریان ببێت«؛ کەواتە ئێستا کەسێتییەک وەک بنەڕەتی ئافراندن وەردەگیرێت کە »… لە سروشتەوە دەزانێت وروژێنەرانە بهۆنێتەوە، بەو هۆیەشەوە مافی هەیە سەربەخۆ سەرپێچیی نەریتەکان بکات«(3). لەم ڕوانگەیەوە بلیمەت هێزی ئافراندنی خۆی، هەروەها ڕەسەنێتی و ئینتوئیسیۆن (حەدەس، نەزەری ڕوون و ئاشکرا، ئیلهام) بەهەند وەردەگرێت نەک پابەند بێت بە ڕێسای چەسپێنراوی ئەدەبی یان هونەرییەوە؛ ئەو هەروەها هەست دەخاتە سەرووی ئاوەزەوە و جەخت لە سروشتێتی و ئاوەڵابوونی سەبژێکتیڤی دەکات.
یاخیبوونی گەنجان لە ڕێنوماکانی کردار و هۆنینەوەی ئەدەبی، لە „ژۆرنالی گەشتەکانم“ی یۆهان گۆتفرید هێردەردا (ساڵی 1769) ئاشکرا دەبێت:
«من بەدڵی خۆم نەبووم، نە وەک کەسی جڤاکی لەو نێوەندەدا کە من تێیدا بووم و نە لە خۆداخستندا کە بە خۆمم دابوو؛ من وەک مامۆستای فێرگە بەدڵی خۆم نەبووم، کایەکە بۆ من زۆر تەنگ بوو، زۆر نامۆ بوو، زۆر نەگونجاو بوو، من خۆیشم بۆ ئەو کایەیە زۆر دوور و نامۆ و سەرقاڵ بووم؛ من وەک بیورگەر (بۆرژوا) بەدڵی خۆم نەبووم، چونکە جۆری ژیانی خانەوادەییم سوودی جددیی کەم بوو و ئارامییەکی تەمەڵ و زۆر جار قێزەوەنی هەبوو؛ لە کۆتاییدا من زۆر کەمتر وەک نووسەر بەدڵی خۆم بووم، ئەوە کاتێک من باسوخواسێکی ئەوتۆم وروژاندبوو کە چە بۆ ستاندەکەم زیانبەخش بوو و چە بۆ کەسی خۆم هەستیار بوو. کەواتە من هیچم بەدڵ نەبوو. وەلێ من بوێری و هێزم نەبوو تا هەموو ئەم دۆخە نالەبارانە تێکبشکێنم و ڕێژینێکی دیکە بگرمە بەر«(4).
2) بڕوای بزاوتی ڕۆشنایی بەگشتی ئەوە بوو کە مرۆڤ وەک بوونەوەرێکی سروشتی دەتوانێت بە توانستی ئاوەز باڵاترین فۆرم بەدیبهێنێت، وەلێ هاوکات بۆ ئەم مەبەستە پەروەردەی کولتووری و ئێستێتیکی بە پێویست دادەنێت. ئەدەبی کلاسیکیی ئەڵمانی پابەند دەمێنێتەوە بە ئیدیالەکانی بزاوتی ڕۆشناییەوە، وەلێ هاوکات پەرەی پێدەدات، ئەویش بە پێکەوەگرێدانی ئاوەز و هەست، کەواتە ئیدێکانی بزاوتی ڕۆشنایی و ئەدەبی هێرش و پاڵنان تێکهەڵکێش دەکات. بەڵێ، تەنانەت خودی گوێتە و شیلەر، هەردوو هەڵبەستڤانە مەزنەکەی کلاسیکی ڤایمار، لە گەنجێتییاندا سەر بە ئەدەبی هێرش و پاڵنان بوون. بۆ نموونە ڕۆمانەکەی گوێتە بە ناونیشانی „موئاناتەکانی ڤێتەری لاو“، هەروەها درامای „جەردەکان“ی شیلەر، سەر بەم ئاڕاستە ئەدەبییەن. ئەوان هێدی هێدی لە خۆیەتیی سۆزمەندەوە کە مۆرکی هێرش و پاڵنان بوو، وەرچەرخان ڕووەو پرنسیپەکانی ڕۆشناییەکان کە بریتی بوون لە ئاوەز، لێبوردەیی، هومانیزم و کۆشش بۆ پەروەردە، بێگومان بەبێ ئەوەی دەستبەرداری هەستەکێتی ببن. بۆ ئەوان جوانێتی، واتا ئەدەب و هونەر، دەبن بە دەستوێژی پەروەردەی مرۆڤ (کە لە خوارەوە بەڕوونی لای شیلەر دەیبینین). لەم ڕوانگەیەوە نووسەرانی کلاسیکی داوا دەکەن کە پێویستە نووسەر “وەک نووسەر” بەرپرسیاریی مۆرالی و سۆسیال وەربگرێت، ئاخر لەبەر ئەوەی مرۆڤ لە سروشتەوە بەتوانایە بۆ فێربوون، ئەوا گەرەکە نووسەران و هونەرمەندان ببن بە مامۆستای خەڵک، ئەمەش بەواتای، ئەوان هونەر و جوانی وەک دەستوێژی پەروەردەکردنی مرۆڤان دادەنێن تاکو بییانگەیەنن بە مرۆڤپەروەری. وەلێ ئەم هەڵویستەی نووسەران ئەنگاژمۆ (ئیلتیزام) نییە، بەڵکو ئەوان شۆڕشی ئێستێتیکی دەهێننە پێشخانی بەرپرسیاریی نووسەر و هونەرمەندەوە. ئێمە بۆ تێگەیشتن لەم هەڵوێستە ئێستێتیکییەی نووسەرانی کلاسیکی گەرەکە ڕووبکەینە کاریگەرییەکی دەرەکی لەسەر ئەوان کە شۆڕشی فەڕەنسییە.
3) شۆڕشی فەڕەنسی کۆتایی هێنا بە شانشینیی ئەبسۆلوتیستی، وەلێ بەدوویدا ناسەقامگیریی سیاسی هات و لەژێر دەسەڵاتی تێرۆری ژاکۆبییەکانی ڕۆبسپیار و سان ژەستدا گەیشت بە لوتکە، لە کۆتاییشدا بە کایزەرێتیی ناپۆلیۆن بۆناپارت کەوتەوە. ئازادی و یەکسانی و برایەتی، کە ئیدیالی شۆڕشی فەڕەنسی بوون، وەک ئیدێ واتای ڕێنوماییان بۆ ئەو سەردەمە وەرگرت. وەلێ نووسەرانی کلاسیکی ڤایمار دەسەڵاتی تێرۆری ژاکۆبییەکانیان بە پاشەکشە لەو ئیدێیانە دانا. بۆ نموونە شیلەر دەستبەرداری ئیدێکانی شۆڕشی فەڕەنسی نابێت، هەروەها دەوڵەتی ئاوەز کە ئیدیالی ئەو شۆڕشە بوو، هەر ئیدیالی ئەو دەمێنێتەوە، وەلێ لەژێر کاریگەریی ڕوداوە خوێناوییەکانی شۆڕشدا دەگات بەو باوەڕە کە دەبێت بۆ ئەو مەبەستە ڕێگەیەکی دیکە بگیرێتە بەر: پەروەردەی ئێستێتیکیی مرۆڤ، واتا ئەو مرۆڤە کە لە خۆی نامۆبووە، ئەمەش لای شیلەر بەواتای: مرۆڤ دابەشیوە بەسەر ڕەمەک و ئاوەزدا. یەکخستنەوەی مرۆڤ، یان ئاشتکردنەوەی مرۆڤ لەتەک کرۆکی سروشتییانەی خۆیدا کە بەئاشکرا کاریگەریی ڕوسۆیە لەسەر ئەو، گەرەکە لە هونەردا و هەروەها بەڕێی هونەرەوە بهێنرێتەوە دی، بەوەش هارمۆنی لە نێوان تاکەکەس و جڤاکدا چێبکرێت. لە کاری هونەریدا گەرەکە کەتوارێکی دیکەی جیاواز لە کەتواری بەرجەستەی جیهان بسازێنرێت، شۆڕش گەرەکە ئێستێتیکی بێت لەدژی چێژی خەڵک بەگشتی.
ئەو سێ توخمە دیاریکراوەی سەرەوە بنەڕەت و پاڵهێزی یاخیبوونی نووسەران بوون. وەلێ ئەوان هاوکات ئەدەب و هونەری ئەنتیکە (لە ڕووی مێژووییەوە دەکەوێتە نێوان 800 پێش زایین و 600 پاش زایین) وەک نموونە بۆ ئافراندنی خۆییان وەردەگرن. مۆرکی سەرەکیی کارە هونەرییەکانی ئەنتیکە بریتی بوو لە „سەرجەمێتی“ یان „داخراوی“، جوانییەکەشیان لە هارمۆنی و سادەیەتی و مەزنیی خامۆشدا دەردەکەوت. هەر پابەند بەم نموونە بنەڕەتییەوە نووسەرانی کلاسیکی دەخوازن هارمۆنی لە نێوان هەست و ئاوەزدا بهێننە گۆڕێ پێکەوە لەتەک کۆششدا بۆ هومانێتی و کامیلێتی. بێگومان نووسەران نایانەوێت لاسایی ئەو هونەرە بکەنەوە، بەڵکو „پەرەپێدانی مۆدێرن“ی هونەرەکە دەبێت بە ئامانجیان. هونەری ئەنتیکە بۆ ئەوان بەتایبەتی بەڵگەیە بۆ ڕەسەنێتیی فۆڕم، وەلێ ئێستا دەبێت پابەند بە مەرجەکانی سەردەمی خۆیانەوە واتای دیکەی پێبدرێت. بە تێڕوانینی ئەوان، بێگومان لە ئاگاییانەوە بۆ فۆرم کە لە باڵاترین ڕادەدا گۆڕانی پێدەدەن، هونەر ئۆتۆنۆمە و بۆ خۆی گەردوونێکی ئۆتۆنۆم چێدەکات کە هاوکات کردەکێتییەکی (ئەکتوالێتییەکی) خۆیی هەیە و دەتوانێت بەو ڕێیەوە کاریگەری لەسەر مرۆڤان بنوێنێت.
بەکورتی: مۆرکەکانی کلاسیکی ڤایمار بریتین لە: هارمۆنی، ئازادیی خوددیاریکردن (ئۆتۆنۆمی)، مرۆڤپەروەری و جوانی. ئیدیالی „مرۆڤی جوان“، یان کامیلبوونی مۆرالی و ئێستێتیکیانەی تاکەکەس، گەرەکە بە پەروەردە و کولتوور بەدیبهێنرێت، وەلێ ئەوە تەنیا ژێنییە (بلیمەتە) کە لەتوانایدایە هونەری ڕاستینە بئافرێنێت، لێرەشدا سروشت، وەک ئەوبەرەکەی ژیاری، دەبێت بە سیمبۆلی ئازادیی نێوەکی و دەرەکی. وەلێ ئێمە لێرە وێنەدانەوەی یان لاساییکردنەوەی سروشتمان نییە وەک لە ناتورالیزمدا کە بۆ نموونە شیلەر بەتوندی ڕەتی دەکاتەوە. دانانی ئەدەب و هونەر لەژێر ڕکێفی یاساکانی سروشتدا ئەو واتایە دەگەیەنێت کە ئەوە هونەرمەندە بڕیار دەدات داخۆ چی جوان بێت. شیلەر لەتەک کانتدا هاوڕایە کە خودی ژێنی سروشتە و نائیفانە (سروشتییانە) دەئافرێنێت: «هۆنەری نائیف (Naiv) خۆی سروشتە و لاسایی سروشت دەکاتەوە. ئەو ڕاستەوخۆ یەکگرتۆوەیە لەتەک ئەو کردەکێتییەدا کە خۆی دەیەوێت دایبڕێژێت، بۆیە ئەو بەگوێرەی یاساگەلی ئاگالێنەهاتوو (کەواتە نەک ئاگامەندانە – ن)، وەلێ هەردەم ئۆبژێکتیڤی، کاردەکات. ئەوە خودی بابەتە داڕێژراوەکانن کە ڕەوتی داڕشتن بۆ ئەو دیاری دەکەن (…)، هەروەها ئەوە ئیدێکانی ئاوەزن کە بەڕێیانەوە جۆری داڕشتن وەک ڕێنوما دادەنرێت، کە ئیدی هۆنەر کەمتر کردەکێتی، بەڵکو پتر ئیدیال دادەڕێژێت«(5). جوانیی هونەر لەم ڕوانگەیەی کارایی ژێنییەوە دەگەڕێتەوە بۆ ئینتوئیسیۆن وەک بەهرەیەکی سروشتی، بەمەش کاری هونەری هاوکات دەبێت بە بەرهەمی سروشت.
کەواتە نووسەرانی کلاسیکی لەو سەردەمە شێواوەی شۆڕش و ناکۆکیی تەنییەوەی جڤاکیدا هارمۆنی بە تاکە مەرهەمی دەروون دادەنێن، لێرەشدا ئێمە دەبینین کە بۆچی نوسەرانی ئەنتیکە دەبن بە نموونەی داڕشتنیان: تەنیا ئەوان کاتی خۆی بەڕاستی زانیبوویان هارمۆنی دابڕێژن. ئەوە کە بە بەردیدی کلاسیکییەکانەوەیە، مرۆڤی ئیدیالە کە تەواو جیاوازە لە مرۆڤی کەتوار، واتا لەو مرۆڤە کە بە تێڕوانینی شیلەر یان لەژێڕ ڕکێفی هەست و سۆزدایە و بەوەش وەحشییە، یاخود پابەندی ئاوەزە و بەوەش بەڕبەڕە. وەلێ کاتێک مرۆڤ (خوێنەر، لێڕوانەر) لە داڕێژراوە ئەدەبی و هونەرییەکاندا ئەزموونی جوانێتی و کامیلێتی دەکات، ئیدی بە ئارامیی دەروون دەگات و کەتواری شێواوی لەبیردەچێتەوە. بۆیە دەشێت نووسەر وەک وەرگری بەرپرسیاری ببێت بە پاڵهێزی گەیشتنی خوێنەران و لێڕوانەران بە مرۆڤپەروەری. ئێستا جوانی، ئەدەب و هونەر، دەبێت بە نێوەندیاری ڕاستی، وەلێ ئەوە جوانێتییەکە کە پابەندی ئیدیالەکانە. هەروەها داڕشتنی ئەم جوانێتییە تەنیا کاتێک سەردەگرێت، گەر وازبهێنرێت لە هەر ئەنگاژمۆیەکی (ئیلتیزامی) سیاسی. ئاخر ئەنگاژمۆ هەڵوێستێکی لایەنگرانەیە، „لایەن“گریش وازهێنانە لە هەمەکێتی (تۆتالێتی). لەم ڕوانگەیەوە ئەدەب و هونەر خۆیان مەبەستن نەک مەبەستی دەرەکییان هەبێت.
(بەشی سێیەم)
-3 شیلەر و کانت
پەراوێز
- لە درامای “هێرش و پاڵنان”دا ناکۆکیی دوژمنانەی خانەوادەیی لەگۆڕێیە. ڤیلد لەتەک دوو هەڤاڵیدا بە ناوی لا فۆی و بلازیوس دەڕوات بۆ ئەمەریکا، تا لەوێ لە جەنگی ڕزگاریی ئەمەریکیدا بەشداری بکات. لەوێ هەرسێکیان لە میوانخانەیەک لۆرد بێرکلی و کچەکەی بە ناوی جێنی کارۆلاین دەناسن. بێرکلی لە دەسەڵات خراوە و موڵکەکەی داگیرکراوە، لەو ڕوداوەش هەڤاڵە دێرینەکەی خۆی بە ناوی لۆرد بوشی بەرپرسیار دەبینێت. ڤیلد ئەڤینداری کارۆلاین دەبێت، هەروەها لای ئەو دەیدرکێنێت، کە ئەو کوڕی بوشییە. وەلێ ئەوان لۆرد بێرکلی لەو ڕاستییە ئاگادار ناکەنەوە، ئەویش بێئاگا لەوە پۆستێک لە سوپادا دەدات بە کوڕی دوژمنەکەی. دوای ئەوەی کتوپڕ بۆیێت ی کاپتنی کەشتی دەردەکەوێت، بێرکلی دەیناسێتەوە کە ئەو هێڕی ی کوڕیەتی. هێڕی لەکاتی هێڕشهێنانەوە بۆ سەر موڵکەکەی دە ساڵ لەوەوبەر بێسەروشوێن بوو. بۆیێت، یان هێڕی بێرکلی، شانازانە لە بەردەم ڤیلددا بۆ باوکی دەگێڕێتەوە کە چۆن ئەو لۆرد بوشی ی پیری لەنێو جەرگەی دەریادا خستووەتە نێو بەلەمێکی بچووکەوە و بەوەش تەسلیمی مەرگی کردووە. بەوە ڤیلد هەڵدەچێت و داوای بەرانبەرێن لە بۆیێت دەکات. ئێستا لەیدی کێسرین شوناسی ڕاستینەی ڤیلد کە ئەو خۆیشی لە لا فۆی بیستبوو، ئاشکرا دەکات. وەلێ پێش ئەنجامدانی بەرانبەرێنەکە دەبێت هەردوو کوڕی دوو لۆردە دوژمنەکە بڕۆن بۆ شەڕ. بۆیێت لە شەڕدا ڕانی بریندار دەبێت، هەروەها بەناچاری دلێریی ڤیلد دەناسێنێت. ئەوجا پێش ئەنجامدانی بەرانبەرێنەکە کۆیلەیەکی سەر کەشتییەکەی بۆیێت بە ڤیلد ڕادەگەیەنێت، کە ئەفسەری کەشتییەکە بوشیی باوکی بەنهێنی هێناوەتەوە بۆ نێو کەشتیەکە و هێشتا لە ژیاندا ماوە. ئێستا بوشی بەڕاستی دیاردەداتەوە و لە دوژمنەکانی دەبوورێت، هاوکات جەخت دەکات کە ئەو لە پیلانگێڕییەکەدا دژی بێرکلی بەشدار نەبووە، وەلێ نایەوێت ناوی تاوانبارەکە بهێنێت کە بێگومان دەمێکە مردووە. هەردوو بێرکلی کە چەندین ساڵە بە کیین لەدژی بوشی تەنراون، دوودڵانە داواکارییەکەی بوشی بۆ ئاشتبوونەوە قبووڵ دەکەن. بێ گرینگیدان بەوە ڤیلد و کارۆلاین دەچنە پەیوەندیی هاوژینییەوە.
(تێبینیی نووسەر: لەتەک بڵاوبوونەوەی دوا بەشدا پەراوێزەکانی دیکە و لیستی سەرچاوەکان دادەنرێن)


