نووسینی: کاوە جەلال
“گەر کەسێک بوێریی بۆ ئازادی نەبێت، بیرۆکەکانی ئازاد نین”
(بەشی یەکەم)
١. کەس و سەردەم
ئەڵمانیای سەدەی هەژدەم قەوارەیەکی سەرجەمییانەی سیاسی نەبوو، بەڵکو بەسەر 300 میرنشین و شانشیندا دابەشیبوو، لێرەشدا هەر یەکەی ئەو دەوڵەتانە سنوور و سوپای تایبەت، پۆلیس و فەرمانبەری خۆی هەبوو، هەروەها لەسەر سنوورەکانی گومرگی پەڕینەوەی بازرگانیی وەردەگرت. گەورەترین دەوڵەتی نێو وڵاتی ئەڵمانەکان پرۆیسن بوو وەک دەوڵەتێکی میلیتاریستیی تەواو ڕێکخراو، لەم ڕووە سەربازییەشەوە سێیەم دەوڵەتی ئەوروپا بوو، جگە لەوە فۆرمی حوکمدارییەکەی بریتی نەبوو لە دەسەڵاتی کۆشک، بەڵکو ئەبسۆلوتیزم (دەسەڵاتداریی کەسی سەربەخۆ لە یاسا) بوو، بێگومان ئەبسۆلوتیزمی ڕۆشناییپێدراو. بە هەر حاڵ، وشەی “دۆیچ” تەنیا پەیوەندیی بە زمانەوە هەبوو نەک ناوێک بێت بۆ هاووڵاتیی دەوڵەتێک، جگە لەوە لە کۆتایی ئەو سەدەیەدا ناوی “دۆیچلاند” (وڵاتی دۆیچەکان) سەریهەڵدا.
جڤاکی ئەڵمانیی سەدەی هەژدەیەم، یان ئەوروپی بەگشتی، لە چەرخی نێڤینەوە زۆر کەم گۆڕانی بەسەردا هاتبوو. جڤاک هیرارشییانە و بەگوێرەی ستاند بیناکرابوو، بە شێوەیەکی دی ببێژین، پێگەی کەس تێیدا لە زایینەوە بەڕێی ڕەچەڵەکەوە دیاری دەکرا و زۆر بەدەگمەن دەشیا کەسێک لە ستاندی خۆیەوە هەڵبچێت بۆ ستاندی سەرووی خۆی. بێگومان ئاگایی ستاندییانە هاوکات لەنێو دانیشتوانیشدا سەروەر بوو. لەم هیرارشییەدا شا نێوەندیاری ویستی خودا بوو لەسەر زەمین؛ لە ستاندی سەرەوەدا ئەڕیستۆکراتی و پیاوانی ئایین دەسەڵاتیان دەنواند؛ ستاندی ناوەڕاست تایبەت بوو بە بۆرژوازی، لەژێر ئەویشەوە کشتیاران (ئەوجا درەنگتر کرێکاران) دەهاتن. بەشی ژێرەوەی هیرارشییەکە لەو کەسانە پێکهاتبوو کە سەر بە هیچ ستاندێک نەبوون، واتا: بێستاندەکان.
شارنشینان وەک توێژی سۆسیال لە کۆتایی چەرخی نێڤیندا بە گۆڕانی بازرگانی و ژیانی شارییانە سەریانهەڵدا. لەو کاتە بەدوواوە شارنشینان بەردەوام پتر پەرەیان دەسەند و بەهێزتر دەبوون، هەروەها بە خەباتی تایبەتی جیاکراوە لە ئەڕیستۆکراتی و کشتیاران، ئازادییە بۆرژواییەکانی خۆیان “سەند”.
سەدەی هەژدەیەم زۆر گرنگ بوو بۆ گەشەی بۆرژوازیی ئەڵمانی. لەم سەردەمەدا ئەرکە جیاوازە بەڕێوەبەرییەکان، بەمەش هەروەها پێداویستی بۆ فەرمانبەرانی پسپۆر کە شارەزای یاسا، ئابووری، بازرگانی و دارایی بوونایە، پەرەیان سەند، وەلێ لەم ڕەوشەدا ڕەچەڵەک هێندە بەواتا نەبوو، بەڵکو شارەزایی و توانست. بەم شێوەیە لە نیوەی دووەمی سەدەی هەژدەیەمدا لە ئەڵمانیا توێژێکی بەگزادەیی-بۆرژوازیی پەروەردەیی (واتا پێگەیشتوو بە خوێندن) سەریهەڵدا و شارەزایانی پیشە جیاوازەکانی لە خۆ گرتبوو: پزیشک، فەرمانبەر، مامۆستا، قەشە، دادوەر و پرۆفیسۆر و هتد.
بۆرژوازیی پەروەردەیی (یان ئینتەلێکتوێلان) و خاوەن فابریکەکان ئەرکی گەورەی دەوڵەتی و جڤاکییان لە ئەستۆ دەگرت، بەمەش بۆرژوازی چووە هاڤرکێوە لەدژی ئەڕیستۆکراتی. بێگومان تیۆریی نوێی جڤاکی، یان “ئیدێی جڤاکی مەدەنی”، رۆڵێکی بەرچاوی لە گەشەی ئەو بۆرژوازییەدا گێڕا کە لە ڕەوتی سەردەمی ڕۆشناییەکاندا گەشەی سەند و پێشبینییەکانی دێمۆکراتی، مافەکانی مرۆڤ، دەوڵەتی یاسا و لیبەرالیزمی پێکەوە گرێ دا. بۆرژوازی رۆڵێکی کرۆکیی لەوەدا گێرا کە فیۆدالیزم و ئەبسۆلوتیزم وەربگۆڕرێن ڕووەو ئیکۆنۆمی و جڤاک. ئەمە بریتییە لە قۆناغی سەرەتای سەرمایەگەری.
سەدەی هەژدەیەم هەروەها ناودەنرێت سەدەی بزاوتی ڕۆشناییەکان کە فەیلەسوفی ئینگلیزی جۆن لۆک بە بابەگەورەی دادەنرێت و لە ئینگلاندەوە تەنییەوە بۆ نێو وڵاتانی دیکەی ئەوروپا. ئەدگاری تایبەتی بزاوتی ڕۆشناییەکان ڕووکردنە مرۆڤ بوو وەک بوونەوەرێکی جڤاکییانەی بەرپرسیار، ئەمەش بەواتای: ئێستا چواندنی ڕەها نادرێت بە پێوەرە گشتگیرە ئۆبژێکتیڤییەکان کە گۆیا دەرهاویشتەی ویستی خودایەکی یاسادانەرن، بەڵکو خودی مرۆڤ وەک دەرچەی هزرین دادەنرێت، لێرەشدا گۆڕان بە “ئیدێیەکی خودا” دەدرێت کە ناودەنرێت “دایزم” و لە سەدەی هەژدەیەمدا وەک فۆرمێکی بڵاوی ئایینی گەشە دەسێنێت. کاتێک لە ئایینی کریستیانیدا خودا کەسێتییەکی سەربەخۆیە و ڕاستەوخۆ دەست دەنێتە نێو ڕوداوەکانی جیهانەوە، ئەوا لە ڕۆشناییەکاندا دەگۆترێت، خودا تەنیا جیهانی هاوشێوەی سەئاتێک قوڕمیش کردووە، ئیدی جیهان لەوە بەدواوە سەربەخۆ لەو بۆ خۆی دەبزوێت. ئەم خودایە بۆی نییە دەستبنێتە نێو ڕەوتی ڕوداوەکانی جیهانەوە. لێرە مرۆڤ پێوەر و سەروەرە.
سەرەڕای ئەوە کارایی بزاوتەکە لە هەر یەکەی وڵاتانی ئینگلاند و فەڕەنسا و ئەڵمانیا جیاواز خۆی نواند. بزاوتی ڕۆشنایی لە ئینگلاند دوای شۆڕشی ئینگلیزی سەریهەڵدا؛ لەوێ بزاوتەکە بوو بە فاکتەرێکی سەقامگیرکەری بۆرژوازی و پەیوەندییەکانی سەرمایەگەری، وەلێ لە فەڕەنسا بزاوتی ڕۆشنایی پێش شۆڕشی فەڕەنسی تەنییەوە و بوو بە یەکێک لە فاکتەرەکانی هەڵگیرساندنی شۆڕش، بە پێچەوانەشەوە مۆرکی ڕۆشنایی لە ئەڵمانیا بەگشتی باوەڕ بوو بە هێزی ئازادکەری ئاوەز، یان باوەڕ بوو بەوە کە مرۆڤ لەتوانایدایە ئاوەز و فەزیلە یەکبخات و بەختیاری لەسەر زەمین بکات بە کەتوارێکی جڤاکی. هەروەک کانت دەبێژێت: پێشمەرجی ڕزگاربوون لە بێتوانایی خۆخەتابار ئەوەیە کە تاکەکەس لەنێو خۆیەوە ئامادەباشیی سەربەخۆی بۆ هزرین هەبێت، وەلێ هاوکات بیروڕاکانی خۆی لە نێوەندی گشتیدا ڕابگەیەنێت و تواناکانی بۆ ئاڵوگۆڕی بۆچوون و تێڕوانین پێبگەیەنێت. لێرەدا کانت بەڕوونی هەموو سنوورێکی نێوان چین و ستاند دەبەزێنێت. بەڵێ، سەرەتا “بیورگەر / بۆرژوا” سەربەخۆ لە ستاند و چین گشتگیرانە پێناسە دەکرێت. بیورگەری ڕۆشناییپێدراو گەرەک بوو مرۆڤێکی “ئاکاری” بێت کە هاوکات چالاکانە بەدیبهێنێت و بۆ ئاسوودەیی گشتی هەڵوێست وەربگرێت.
یۆهان کریستۆف فریدریش شیلەر لەم سەردەم و پەیوەندییە پڕناکۆکییانەدا 10.11.1759 لە مارباخ ی سەر ڕوباری نێکار هاتە جیهانەوە، لە خوێندنی سەرەتاییەوە بەر پەیوەندییە سەختە جڤاکییەکان و ڕێسای چەسپێنراوی فێرکاری کەوت، وەلێ ئەویش تا ڕادەی شیان لێیان یاخی بوو، خۆی گونجاند، و لە کۆتاییشدا هەڵزنێنراو بۆ ئاستی ستاندی بەگزادەیی، واتا بە پێبەخشینی نازناوی “فۆن” بوو بە “فریدریش فۆن شیلەر”.
باوکی فریدریش ئەفسەر و پزیشکی تیمارکەری برین بوو، دایکی کچی مەیخانەچییەک بوو. فریدریش لەنێو شەش زارۆکدا تاکە کوڕی خانەوادەکەی بوو، بۆیە باوک و دایکی بڕیاریان دا دەرفەتی پێگەیاندنی فێرگەیی بۆ بڕەخسێنن، بۆ ئەو مەبەستەش ساڵی 1766 ناردیان بۆ “لاتاینشولە” (فێرگەی لاتینی) لە لودڤیگسبورگ. ئەم جۆرە فێرگانە ناودەنران لاتینی، چونکە زۆرینەی وانەکان بەو زمانە بوو و فێرخوازانیان بۆ دیراسەی زانستگەیی پێدەگەیاند. شیلەر تا ساڵی 1773 لەوێ فێرخواز بوو، وەلێ هەر لەم قۆناغە سەرەتاییەی فێربووندا سۆزی خۆی بۆ نووسینی دراما ئاشکرا کرد و بڕیاری دا ئەو سۆزەی بژێنێت. ئەو وەک فێرخواز دوو شانۆنامەی بە ناونیشانی “ئابزالۆن” و “دی کریستن” (“کریستیانییەکان”) نووسی.
بێگومان هەڵبژاردنی ڕێگەی خۆیی بۆ کارێکی پسپۆری هێندە ئاسان نەبوو، چونکە میرەکان خۆیان لە ناوچەکانیاندا بڕیاریان بۆ ئایندەی ژێردەستەکانیان دەدا. هەر بەم شێوەیە کارل ئۆیگن کە هێرتسۆگ (میر-ژەنەرال) ی ڤیورتەمبێرگ بوو، بڕیاری دا کە شیلەر دەبێت لە زانستگە یاسا بخوێنێت، بۆ ئەم مەبەستەش نێررا بۆ “کارلسشولە” (فێرگەی کارل) لە شتوتگارت. وەلێ ئەوە بەدڵی شیلەر نەبوو، چونکە کارلسشولە ئەکادیمییەکی لەشکریی بوو بە ڕێسای چەسپێنراوەوە. هەرچۆنێک بوو شیلەر توانیی بەشەکەی بۆ پزیشکی بگۆڕێت و ساڵی 1780 تەواوی کرد، بێگومان بەبێ ئەوەی ڕێی پێبدرێت بە خواستی خۆی کاری پزیشکی بکات، بەڵکو بەناچاری بوو بە “مێدیکوس ی ڕێگیمێنت” (پزیشکی سوپا لە لەشکرێکی دیاریکراودا). شیلەر نەیدەتوانی بەو موچەیە کە وەک پزیشکی سوپا وەریدەگرت، گوزەرانی دابین بکات، هاوکات ڕێی پێنەدەدرا وەک پزیشک چارەسەری نەخۆشییەکانی خەڵکی سیڤیل لە دەرەوەی سوپادا بکات. بەڵێ، هێرتسۆگ نەک تەنیا ڕێی پێنەدا نۆڕینگەی پزیشکی بکاتەوە، بەڵکو بە فەرمانی ئەو تەنانەت بۆی نەبوو پۆشاکی سیڤیل بپۆشێت، ئەمەش بۆ شیلەر نەشیاوی قبووڵکردن بوو، بۆیە بەردەوام بیری لەوە دەکردەوە لە خزمەتی سوپا هەڵبێت.
شیلەر لە ماوەی فێربوونی زانستگەییدا هۆشسام بوو بە ئەدەبی “شتورم ئوند درانگ / Sturm und Drang” (هێرش و پاڵنان) کە ئاڕاستەیەکی ئەدەبیی ڕۆشناییدەر بوو، کەواتە ڕەخنەیی بوو بەرانبەر پەیوەندییە جڤاکییەکان و هزرینی سەروەر، یان بەرانبەر دەسەڵاتە لەشکرییەکان، بۆیە شیلەر ناچار بوو بەنهێنی کاربکات. ئەو لەم دەمەدا، ساڵی 1777، دەستیدایە نووسینی درامای “دی ڕۆیبەر” (“جەردەکان”) کە ساڵی 1781 تەواوی کرد و چاپی یەکەمی لەژێر ناوی خوازراودا بڵاوکردەوە. دراماکە ساڵی 1782 لە مانهایم نمایشکرا، وەلێ شیلەر پێش دەستپێکردنی نمایشەکە ناچار بوو چەند جارێک شوێنی کارکردنی جێبهێڵێت و بڕوات بۆ مانهایم، بەو هۆیەشەوە هێرتسۆگ سزای گرتنی بەسەردا سەپاند، تەنانەت نووسینی لێ یاساغ کرد. “جەردەکان” بەهۆی تەزووی شۆڕشگێڕانەیەوە هۆشسامیی لە نێوەندی ئەدەبدۆستاندا خستەوە، ئەوەش بەوەدا خویا بوو کە تیاتەردۆستان لە مانهایم بە هوروژم ڕۆیشتن بۆ ڕوانین لە شانۆییەکە.
بۆ شیلەر ڕوون بوو کە دەبێت لە خزمەتی سوپا هەڵبێت. ئێوارەیەک بە ناوی “دۆکتۆر ڕیتەر”، پێکەوە لەتەک ئاندریاس شترایشەری هەڤاڵیدا، ئاهەنگێکی هێرتسۆگیان بە هەل زانی و لە شتوتگارت هەڵاتن. شیلەر لەم کاتە بەدوواوە سەربازی هەڵاتوو بوو. ئەو سەرەتا ڕۆیشت بۆ مانهایم، لەوێشەوە خۆی گەیاندە تیورینگن. بێگومان کارل ئۆیگن زۆر هەوڵی دا “سەربازە-هەڵبەستڤانەکەی” تەسلیم بکرێتەوە، وەلێ هەوڵەکانی سەریان نەگرت.
شیلەر لە تیورینگن وەک پەنابەر درێژەی بە نووسین دا: سەرەتا بە نووسینی “کابالە ئوند لییبە” (کابال و خۆشەویستی)، پاشان پرۆژەی “دۆن کارلۆس”ی ئامادە کرد. ئەو ساڵی 1783 گەڕایەوە بۆ مانهایم و لەوێ وەک نووسەری شانۆنامە لە “ناتسیۆنالتیاتەر” (“تیاتەری نەتەوەیی”) دامەزرا، وەلێ دوای ئەوەی تیاتەری ناوبراو گرێبەستەکەی بۆ نوێ نەکردەوە، گواستییەوە بۆ لایپتسیگ. لەوێ کریستیان گۆتفرید کوێرنەری نووسەر زۆر پشتیوانیی شیلەری کرد و دەرفەتی بۆ ڕەخساند لەسەر نووسین بەردەوام بێت بەبێ ئەوەی خەمی دانەوەی قەرزەکانی بخوات. لەم کاتەدا هەڵبەستە بەناوبانگەکەی بە ناونیشانی “ئۆدەیەک / هەڵبەستێک بۆ شادمانی” سەریهەڵدا، کە پاشان لودڤیگ فۆن بێتهۆفن خستییە فۆرمی دەنگەوە، ئەمڕۆش مێلۆدییەکە بووە بە سرودی یەکێتیی ئەوروپا.
ساڵی 1787 شیلەر سەردانی شاری ڤایماری کرد و لەوێ چەند نووسەر و هزرڤانی ناسی، وەک: یۆهان گۆتفرید هێردەر و کریستۆف مارتین ڤیلاند، کە دوو هزرڤانی کاریگەری ڕۆشناییەکان بوون و درەنگتر پێکەوە لەتەک گوێتە و شیلەردا “کلاسیک ی ڤایمار”یان خستەوە.
شیلەر بەهۆی کارکردنی بەردەوامییەوە لە مێژوودا ساڵی 1789 لە زانستگەی یێنا بوو بە پرۆفیسۆری مێژوو، وەلێ موچەکەی هێندە زۆر نەبوو کە بتوانێت قەرزەکانی بداتەوە. ساڵێک دوای ئەوە لەتەک شارلۆتە فۆن لێنگەفێلددا چووە پەیوەندیی هاوژینییەوە. وەلێ ئەو بەردەوام پتر تووشی نەخۆشیی سەخت دەبوو. ساڵی 1793 یەکەم زارۆکی هاتە جیهانەوە.
شیلەر ساڵی 1793 پێکەوە لەتەک یۆهان فریدریش کۆتایندا کە بەچاپگەیەنەر و پەخشکەری کتیب بوو، هەنگاوی نا بۆ بەگەڕخستنی پرۆژەیەکی تەواو نوێ: گۆڤارێکی مانگانە کە پاشان گەلێک نووسەر و فەیلەسوف بەشدارییان تێدا کرد، ناسراوترینیشیان یۆهان ڤۆلفگانگ فۆن گوێتە بوو. دەستپێکی پەیوەندیی هەڤاڵێتیی شیلەر لەتەک گوێتەدا دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی 1794. وەلێ کاتێک گوێتە لەو دەمەدا ناسراوترین نووسەری ئەڵمانیا بوو، شیلەر بە پێچەوانەوە تازە ناوبانگی دەردەکرد، بۆیە سەرەتا پەیوەندیی ئەم دوو نووسەرە بە هاڤرکێ تەنرابوو پێش ئەوەی هەڤاڵێتییەکی قووڵ لە نێوانیاندا بێتەگۆڕێ.
گوێتە و شیلەر دوو سەرە مەزنەکەی “کلاسیکی ڤایمار”ن کە لە 1786 تا 1832 دەخایەنێت. ئەدەب یان هونەرێکی کلاسیکی هەردەم دابێکی ئەدەبی یان هونەریی نەمری ڕابوردوو، کەواتە هێشتا هەنووکەیی، دەکات بە نموونەی ئافراندنی خۆیی، ئەمەش پەیوەند بە کلاسیکی ڤایمارەوە بەواتای، نووسەران فۆرمی هونەریانەی ئەنتیکەیان بە ڕێسا ڕوونە فۆرمالەکانییەوە وەک نموونەی کارکردنی خۆیی دانابوو. ئەوجا ناوی ڤایمار دەگەڕێتەوە بۆ شوێنی سەرهەڵدانی ئاڕاستە ئەدەبییەکە، چونکە یەکەمین نووسەرانی لەو شارە نیشتەجێ بوون.
شیلەر لایەنگر و پێهۆشسامی لە هەموو ئەوروپادا هەبوو. شازادەی دێنەمارک دیارییەکی گەورەی دارایی پێبەخشی، بەمەش دەرفەتی بۆ ڕەخسا سەرلەنوێ دەست بە نووسین بکاتەوە بەبێ ئەوەی خەمی گوزەران بەرۆکی گرتبێت. ئەوجا شۆڕشگێڕانی فەڕەنسا ڕێزێکی مەزنتریان لێنا: ساڵی 1793 بوو بە هاووڵاتیی شەرەفی کۆماری فەڕەنسی. ئاخر شیلەر لە درامای “جەردەکان”دا ئەدگارێکی پۆزەتیڤی بە ڕوداوی شۆڕش دابوو، بەڵێ لە هەمان مەغزای شۆڕشی فەڕەنسیدا هەڵوێستی خۆی بۆ یاخیبوون ڕاگەیاندبوو، تەنانەت بە پەرۆشەوە پێشوازیی لەو شۆڕشە کرد، وەلێ (ئا لێرەدا دێینە نێو جەرگەی وەرچەرخانی شیلەرەوە ڕووەو ئێستێتیک کە لە خوارەوە تەواو ڕووندەبێتەوە) دوای ئەوەی شۆڕش لەژێر دەسەڵاتی ژاکۆبییەکاندا گەیشت بە دەسەڵاتی تێرۆر، ئیدی شیلەر پشتی تێکرد. ئەو تەنانەت 8ی یێنایەری 1793 لە نامەیەکدا بۆ کوێرنەری هەڤاڵی دەنووسێت کە کوشتنی لودڤیشی شازدەیەم لە لایەن تاوانبارانەوە بە ڕادەیەک قێزیان هێناوەتەوە کە ئیدی بۆ ماوەی چواردە ڕۆژ نەیتوانیوە هیچ ڕۆژنامەیەکی فەڕەنسی بخوێنێتەوە.
قۆناغیکی نوێی کارکردنی شیلەر خەریکبوونییەتی بە فەلسەفەی کانتەوە، بەدووی ئەوەشدا دەست دەداتە نووسینی کارە فەلسەفەییەکانی. کانت وەک “مافی بەرهەڵستی” لەدژی سەروەریی دەوڵەت تەنیا ڕێی بە “ئازادیی قەڵەم” دابوو، نەک زەبری فیزیکی یان چەکداری، کە بە هەمان شێوە هەڵوێستی شیلەر بوو. کارە فەلسەفەییەکانی شیلەر لەم قۆناغەدا بریتین لە: “کالیاس یان لەبارەی جوانی” (1793) کە گۆڕینەوەی بیروڕان بە نامە لە نێوان شیلەر و کوێرنەردا، وەلێ ئەم پرۆژەیە بەهۆی نەبوونی کاتەوە تەواونەکراو مایەوە. ئەم نووسینە سەرئەنجامی خەریکبوونی شیلەرە بە تێگەی جوانییەوە لای کانت. وەلێ کاتێک کانت دەیویست ڕوونی بکاتەوە کە مرۆڤ پابەند بە چە مەرجگەلێکەوە دەرکی جوانێتی دەکات، لێرەشدا هەوڵی دا بڕیارێکی بەگشتی چواندووی چێژ بناسێتەوە، ئەوا شیلەر بە پێچەوانەوە خۆی بە پێکهاتەی جوانێتییەوە خەریک کرد، واتا مەبەستی ئەوە بوو کە پرنسیپێکی ئۆبژێکتیڤی بۆ بڕیاری چێژ بدۆزێتەوە. ئەم نووسینە، هەروەها نووسینەکانی “لەبارەی ناسکی و شکۆ” (1793)، “لەبارەی مەزنێتی” (1793)، “لەبارەی پەروەردەی ئێستێتیکیی مرۆڤ” (1795)، سەر بە ئیدیالیزمی ئەڵمانین وەک ئاڕاستەیەکی هزری کە جەخت لە ئیدێی ئازادی دەکات. لەم ڕوانگەیەوە تەنیا کاتێک مرۆڤ دەتوانێت لە ئازادی وەک ئیدێ تێبگات و پێی بگات، گەر لە سنووری کەتواری جڤاکی و دەوڵەتی تێبپەڕێت، چونکە ئەم کەتوارە کە ڕەوشێکی بەرجەستەیە، ئیدێی ئازادی دەشێوێنێت.
شیلەر لە دوایەمین ساڵانی ژیانیدا ڕزگاری بوو لە خەمی دارایی، وەلێ بەردەوام بەسەختی نەخۆش دەکەوت. بێگومان ئەو لەم ساڵانەشدا زۆر بەبەرهەم بوو. یەکەم ژمارەی گۆڤارە مانگانەکەی بە ناوی “دی هۆرن” (Die Horen) ساڵی 1795 بڵاوکرایەوە و هەر لەو سەرەتایەوە ناسراوترین نووسەرانی سەردەمەکەی هاوکاری بوون، لەوانە: فریدریش هوێلدەرلین، هێردەر، هەردوو برا ڤیلهێلم و ئالێکساندەر فۆن هومبۆلت، فیشتە، ئاوگوست ڤیلهێلم شلێگل، هەروەها یۆهان هاینریش فۆس.
هەروەها یەکەم ژمارەی گۆڤارە ئەدەبییەکەی بە ناوی “موزنئالماناخ” (Musenalmanach) ساڵی 1796 دەرچوو و بڵاوکردنەوەی تا ساڵی 1800 ی خایاند. لەم گۆڤارەشدا گوێتە، هەروەها هەڵبەستڤانان هێردەر، هوێلدەرلین، ئاوگوست ڤیلهێلم شلێگل و تییک کاریان کرد.
لە ساڵانی ئایندەدا، تا 1804، شیلەر چەند کارێکی بەواتای تەواو کرد، لەوانە دراماکانی “ماریا ستوارت” (1800) و “پاکیزەکەی ئۆرلیۆن” (1801)، هەروەها کارەکانی “بووکی مێسینا” (1803) و “ڤیلهێلم تێل” (1804).
فریدریش شیلەر 16ی نۆڤەمبەری 1802 لەقەبی “فۆن”ی پێدرا و هەڵزنێنرا بۆ ئاستی ستاندی ئەڕیستۆکراتی. ئەو لە ئێستا بەدوواوە خۆی ناو دەنا فریدریش فۆن شیلەر. ئەو 09.05.1805 جیهانی بەجێهێشت و لە گۆڕستانی زانکت یاکۆبسکیرشە لە ڤایمار نێژرا.



