عومەر لازارۆ گارسیا
وەرگێڕانی :ڕامیار محمود
کاتێک منداڵ بووم، دایکم دەیبردمە کانیاوێک لە نزیک گوندەکەمان بۆ خۆشتن. لەلای ئاوەکەوە درەختی خورما هەبوون،تژی بوون لە باڵندەی پاپانە، ئەو باڵندانەی لە دارستانە چڕەکانی کەناری کەنداوی مەکسیکۆ، لە ویلایەتی ڤێراکرووزدا دەژین،ئەوە شوێنێکە منیش لەوێ دەژیم. کاتێک نزیک دەکەوتینەوە لە کانیاوەکە، باڵندەکان دەستیان بە خوێندن دەکرد و ئاژەڵەکانی دەیکەش هەڵدەهاتن.
شارۆچکەکەم، ئێسکۆلین، کۆمەڵگایەکی دانیشتوانی ڕەسەنە کە لەنێوان پاپانتلا، شارێکی گەشتیارییەو بە ناوی باڵندەکانەوە ناونراوەو، پۆزا ڕیکا، شارێکی نەوتی کە ناوەکەی واتە “بیرێکی دەوڵەمەند”. زۆرێک لەو بیرانەی کە نەوت دابین دەکەن لە پۆزا ڕیکا، نزیک ئێسکۆلینن. کاتێک خۆر ئاوا دەبێت، ئاگرە گازییەکانی ئاسمانی شەوانە سوورهەڵدەگەڕێنێت.
من لە ژێر ئەم ئاسمانە خوێناوییانەدا لەدایک بووم، هەمیشە بەسروشتی دەمبینی. بەڵام لە گوماندام ئاخۆ باپیرانم یەکەمجار چۆن بیریان کردۆتەوە کاتێک ئاسمانی شەو سوور بووە، زیاتر لە سەد ساڵ لەمەوبەر ئەمە ڕوویدا کە بازرگانانی نەوت دەستیان بە دەرهێنان کرد. لەوانەیە بیریان لەوە کردبێتەوە کە دۆزەخ لە زەویەوە هاتۆتە دەرەوە.
لە ساڵی ١٩٢٨دا کۆمپانیای ئێل ئاگیلا، کە هی شێڵ بوو، لە ڕۆژئاوای پۆزا ڕیکا نەوتی بەدەستهێنا – یەکەمین دۆزینەوەی گەورەی نەوت لە ناوچە ڕەسەنەکەی تۆتۆناکاپان، کە ویلایەتەکانی ڤێراکرووز و پوێبلا دەگرێتەوە. بەو جۆرە چەوساننەوەو ڕوتاندنەوەی گەلەکەم دەستی پێکرد لە لایەن پیاوی سپییەوە لە ئیکسچالاتیات، کە بە زمانی تۆتۆناک واتە “نەوتی دەرهێنراو لە دڵی زەویەوە“.
لەو دەیانەی پاشتردا، ناوچەکە پەلاماردرا. جووتیاران مافی بەکارهێنانی زەویان وەرگرتبوو وەک ئەندامانی ئێجیدۆ، یان کێڵگە هاوبەشەکان، لە دوای شۆڕشی مەکسیکۆی ١٩١٠ بۆ ١٩٢٠. بەڵام بە هۆی زیادبوونی ئارەزوو بۆ کانزاکانی نەوتی ناوچەکە، پێمێکس کە کۆمپانیای حکومی نەوت و گاز بوو، دەستی بەسەر زۆرێک لە ناوچەکەدا گرت، بە داگیرکردنی پارچە دارستانەکان لە ژێر یاسای فیدراڵیدا.
بیانییەکان کاری دیکەشیان کرد وەک کوژاندنەوەی پەیوەندیمان لەگەڵ زەوییەکانماندا. قوتابخانە حکومییەکان زمانی تۆتۆناکیان لابرد، هانیان دەداین بە ئیسپانی قسە بکەین.مژدەبەرە ئایینییە مەسیحییەکان باوەڕە ڕەسەنەکانمانیان سڕییەوە،ئاماژەیان بەوە دەکرد کە زەوی سەرچاوەیەکە بۆ بەقازانج وەرگرتن. هەموو ئەوەی مایەوە لە گەردوون بینی ئێمە، چیرۆک بوون: چیرۆکەکان کە دەگێڕدرانەوە بۆ منداڵان تا بترسێن بەڵام بیروباوەڕێکی قوڵی تیا ئەچاندن لە سەر پەیوەندیەکانمان لەگەڵ زەویدا.
لە هەمان کاتدا، ئامێرە قورسەکان ڕێگایان بە ناو چیاکاندا تەیکرد، درەختی ڤانیلیا و پرتەقاڵیان دەبڕیەوە. کۆمپانیای پێمێکس زیاتر و زیاتر کرێکاری نارد بۆ گەشەپێدانی بیرە نوێکان.بە شەو، ئاگر لەنێوان درەختەکاندا بڵێسەیان دەکرد.
توشی سەرسوڕمان نەبووین. پەیامەکەی حکومەت وەک ئەوەبووپێمان بڵێت: ئەمە جیهانی سەردەمیانەیە،خۆتی لە گەڵ بگونجێنە.
لە ساڵی ٢٠١٧دا بۆرییەک لە دەرەوەی ئێسکۆلین تەقییەوە. بە دەنگەکەی خەبەرداربوینەوە و هەستاین،دارستانێک ئاگری تێبەربووبوو.هەمان شت دووبارە ڕوویدا لە ٢٠٢٢دا، کارمەندانی پێمێکس بە دانیشتووانیان گوت شارۆچکەکە بەجێبهێڵن. “ئەگەری هەیە تەقینەوەی زیاتر ڕووبدات” ئەوان گووتیان، بە گوێرەی کۆنگرەسی نیشتیمانی دانیشتوانی ڕەسەن، ” ئێمە بەرپرسیارێتی ژیانی هیچ دانیشتووێک هەڵناگرین” کە بڕیاری مانەوەیان دابێت.
زەوی تەنها ئاگر، گاز و نەوتی لێ نەدەڕۆشت،ژەهریشی لێ دەڕۆیشت. بەرکەوتنی درێژخایەن بە هایدرۆکاربۆن پەیوەندیدار کراوە بە کێشەکانی هەناسەدان، کەموکوڕی لەدایکبوون و ڕێژەی زیاتری شێرپەنجە. لە شارۆچکەی ئێمیلیانۆ زاپاتا، یەکێک لە پیسکراوترین کۆمەڵگاکانی تۆتۆناکاپانە، کە دوو لە جۆگاکانی ناوچەکە ڕەش بوونە و شەقامەکان بۆنی نەوت و گازیان لێ دێت، دانیشتووان لە تەندروستیان دەترسن.
گەلە ڕەسەنەکانی سەرتاسەری تۆتۆناکاپان نەک هەر لە وێرانکردنی زەوییەکانمان زیانمان بینیوە، لەبەرامبەر توندوتیژی زیادبوونی کارتێلەکانیش، ئازارمان پێگەیشتووە و دەستگیر کراوین، چەوساوینەتەوە، بەکەمزانراوین ، زیاتر و زیاتر کوژراوین.
من دەستم بە ڕێکخستنی خەڵکەکەم کرد لە ٢٠١٣دا، دوای ئەوەی وزەی فیدراڵی ڕیفۆرمی پیشەسازی نەوتی کرد بۆ وەبەرهێنانی تایبەت و خێراکردنی هاتنە ژوورەوەی کۆمپانیا بیانییەکان بۆ ناوچەکە.ئەم ڕێکخستنەم بە کارکردن لەگەڵ چالاکوانانی دیکەدا، بەشدار بووم لە تێکۆشان بۆ سەروەری دانیستوانی ڕەسەن بە خەباتێکی فرەلایەنە دژ بە وێرانکردنی ژینگە، پەراوێزخستنی ئابووری و تاوانکاری ڕێکخراو.
ئەوەم بینی،لەو ناوچانەی کە پێمێکس ئامادەبوونی گەورەتری تێدا هەبوو، خانەی کارتێل دەرکەوت، و خەڵک بە تێکڕا کوژران و ون بوون.هەڵبەت ساڵانێک لەمەوبەر توندوتیژی دەستی بەسەر تۆتۆناکاپان دا گرت ، کاتێک دەوڵەت چووەوە جەنگ لەگەڵ کارتێلەکان و کارتێلەکانیش چوونە جەنگەوە لەگەڵ یەکتریدا،هاوڵاتیانی بێتاوان لەناوەڕاستی ئەم ئەم توندوتیژیانە جێهێلدران. بەڵام ئەم جارە جیاواز بوو.
کارتێلەکان قازانجی زۆر زۆریان لە دزینی سووتەمەنی کردووە لە سەرتاسەری مەکسیکۆ. لە ناوچەکانی وەک پاپانتلا، کە چڕن بە بیری نەوت و پاڵاوگە، کارتێلەکان دێن لە بۆرییەکانی پێمێکس سوتەمەنی دەدزن و سووتەمەنییەکە لە بازاڕی ڕەشدا دەفرۆشنەوە،ئەم نەریتە ئەوەندە باوە کە دەستەواژەیەکی تایبەت بە خۆی هەیە پێ دەڵێین: هواچیکۆڵ. لە شارۆچکەکەماندا، جیاوازییەکەمان هەست پێدەکرد کاتێک تاوانکاری ڕێکخراو هاتە ناوەوە لە پێناوی قازانجی سوتەمەنی دزراو.
حەشارگەی کارتێلەکان لە چیاکاندا دەرکەوتن ، ناوەندی کارکردنی پاڵپستیکراو بوو بە بێتەلی پێشکەوتوو. پیاوانی چەکدار بە جلی مەدەنییەوە پاسەوانێتیان لە ڕێگاکان دەکرد کە دەیگەیاندنە سەر بیرەکانی نەوت.کۆگا بازرگانییەکانیشیان دادەخست.
بەرە بەرە زیاتر لاشەی مردوو دەرئەکەوتن لە نزیک ڕێگا سەرەکییەکە کە پاپانتلا و پۆزا ڕیکا دەبەستێتەوە بەیەک،بەتایبەتی لەو بەشەی کە بە پێچی شەیتان ناسراوە، تەنها نیو میل لە ئێسکۆلینەوە دوورە. لە پاییزی ٢٠١٦دا دەسەڵاتداران تەرمی دوو قەشەیان دۆزییەوە کە ڕۆژێ پێشتر بە چەک لە کڵێسایەکەوە هێنابویان.هەر بە ڕاستی توندوتیژی کوێرە.
لە کۆتاییەکانی دەیەی ٢٠١٠دا، کۆمەڵێک لە ئەندامانی خێزانی ونبووان پەیوەندییان کرد بە دانیشتووانی ئێسکۆلینەوە.ئەم کەسوکارانە دەیانویست بەدوای ئازیزانیاندا بگەڕێن لە ژێر زەوی شارۆچکەکەماندا. من یاوەریم کردن، ئەم گروپە زیاتر لە ٢٠٠ دایک و باوک بوون بە دوای ڕؤڵەکانیاندا دەگەڕان.
هاوڕێیەتیم لەگەڵ پیاوێک بەناوی ماگدالێنۆ پێرێز سانتێس دروستبوو، کە کچەکەی، دیانا پالۆما، ونبووبوو لە نزیک ماڵەکەم لە ٢٠١٩دا.هەڵبەت کچەکەی وەک ئێمە دەمانناسی، لە یەکشەممەیەکی بەهاردا، ، لەلایەن پۆلیسی شارەوانییەوە دەستگیر کرا دوای هەوڵێکی بەرنامەڕێژکراو بۆ دۆزینەوەی، پاش ئازادکردنی ڕۆژێک دواتر، ئەوەی نیشاندا کە بە بێ بەزەیی لێیدرابوو هەر بەو هۆیەوە ماوەیەک دواتر مرد.
گەڕانە بە کۆمەڵەکە، ژمارەیەک شوێنی کوشتن و سووتاندنی لەشی خەڵکی تۆتۆناکاپانی دۆزیەوە، ئەم شوێنانە کارتێلەکان بەکاریان دێنن بۆ بەخۆڵەمێشکردنی پاشماوەی قوربانیەکانیان. ڕۆژێک کەسێکی نەریتکاری ڕەسەنی تۆتۆناکاپانیم بردە یەکێک لەم شوێنانە. شوێنێک بوو لە ناوەڕاستی دارستانێکدا بەناوی لاگالێرا، کە کۆمەڵێکی زۆرلە خۆڵەمێشی مرۆڤ و پاشماوەی ئێسک لە ناو فوڕنی ناندا دۆزرابووەوە.
ئەم پیاوە ڕیتواڵستە ڕەسەنە، قسەی لەوە کرد کە چۆن دایکانی ونبووان نەفرەتیان لە دارستانەکە کردووە چونکە وەک ئەو شوێنەیان دەبینی کە منداڵەکانیان بۆ بردراوە بۆ ئەوەی ئەشکەنجە بدرێن، بسووتێندرێن و لەە جیهانە بسڕدرێنەوە. کاتێک نەریتەکەی ئەنجامدا بۆ پاککردنەوەی شوێنەکە، وتی ئەم زەوییە هەم قوربانی و هەم ڕزگاربووی ئەم توندوتیژییەیە.
ئەمڕۆ، لە سەرتاسەری تۆتۆناکاپان، نەوت بووەتە نموونەی وێرانکردنی ژینگە، توندوتیژی کارتێل و بێدەنگکردنی سیاسی. حکومەت دانیشتوانە ڕەسەنەکانی مەکسیکۆ بۆ ئامانجی گەشتیاری یان پەیوەندیە گشتیەکان بە کاردێنێت. بەڵام هیچ هاوکار نەبووە بۆ شارۆچکەکانمان کە بەهۆی نەوتەوە کارەسابار بوون یان لەلایەن تاوانکاری ڕێکخراوەوە گەمارۆدراون و زیانیان پێ دەگات. لە هەوڵێکدا بۆ زیندووکردنەوەی کۆمپانیای پێمێکس، کە بە قوورسی قەرزارە، سەرۆک کلاودیا شاینباوم دەیەوێت نەوت دەرهێنان فراوان بکات،بە شێوازو نەریتێکی زۆر وێرانکەر کە بریتییە لە شکاندنی تاوێرە بەردی ناو قوڵایی زەوی، لە ناوچانی وەک ئەوەی من.
لە دژی هەموو ئەگەرەکان، خەڵکی شارۆچکەکەم و کۆمەڵگە ڕەسەنەکانی دیکەی سەرتاسەری مەکسیکۆ بەردەوامن لە ڕێپێوان وخەبات، ڕێڕەوی بەرهەڵستیکارییەکان باوباپیرانمان بە هەوڵی گەورە سەرپێیانخست.من هێشتا هۆکارێک بۆ ئومێد دەبینم کاتێک ژنان دەبینم بە یەکەوە خۆیان ڕێکدەخەن، کۆمەڵگاکان بەرگری لە خاکەکەیان دەکەن، دایک و باوکان بەدوای منداڵەکانیاندا دەگەڕێن. هیچ هەڵبژاردەمان نییە جگە لە تێکۆشان، چونکە ئەوە شەڕە بۆ مانەوەمان. بەڵام هیچ ئاسان نییە.
لە کۆتاییدا،ئەو کانیاوەی کە دەچوومە سەری بۆ خۆشتن، وشکی کردووە. ئەو بۆرییە بچووکانەی ئاو کە بەستراون لە دەوروبەری شارۆچکەکە، دوورن لێمانەوە.
کانیاوەکانیمان سەرچاوەی ئاوی نەوە لە دوای نەوەی ئێمە بوو نەمان ، ئێستا هەندێک لە خەڵکی ئێسکۆلین کونیان لە بۆرییەکان کردووە بۆ دزینەوەی ئەوەی هی خۆیان بوو.بەڵام ئاوەکە کە هاتە دەرەوە جیاواز بوو: ڕەنگی زەرد بوو و بۆنی گازی لێدەهات. هەندێک تەنکەر بە کرێ دەگرن بۆ بەدەستهێنانی ئاوی پاک لە ترسی ژەهراوی بوون.بەڵام زۆرێکمان هیچ هەڵبژاردەمان نەبوو. شلەمەنییە پیسەکەمان خواردەوە بەهەر حاڵێک بێت.
عومەر لازارۆ گارسیا چالاکوانی ژینگە و مافی مرۆڤە لە ئێسکۆلین، مەکسیکۆوە، و ئەندامی کۆنگرەسی نیشتیمانی دانیشتوانی ڕەسەنی مەکسیکۆیە.
https://www.nytimes.com/2025/09/14/opinion/mexico-oil-pollution-fracking.html