هونەر و فەلسەفە .. لەلاسایکردنەوەی جیهانەوە تا ڕاڤەکردنی جیهان

82
0
بڵاوکردنەوە:

نووسینی: عەزەدین بۆرکا

وەرگێڕانی: ئاراس سەعید

کاتێک مرۆڤ دوای تەماشاکردنی فیلمێک لە سینەما دێتە دەرەوە، هێشتا جووڵە و وێنەکان لە چاو و زەینیدا دەمێنێتەوە، وەکوو ئەوەی هێشتا لە ناوەوەبێت، وێنەکان دەجوڵێن.
بەمە بینەر دەکەوێتە ناو دۆخی پرسیارەوە، پرسیار سەبارەت بەوەی ئایا ئەوەی من بینیومە ڕاستەقینەیە یان وەهمە؟
ڕووداوی فەلسەفی بەتەواوی لێرەوە دەست پێدەکات، نەخاسمە وەک سەرنج و شرۆڤەیەک بۆ هونەر، بەڵکوو وەک ئەزموونێک کە خودی هونەر سەرەتا فۆرمۆلەی دەکات و فەلسەفە بە زمانی (چەمک) دایدەڕێژێتەوە. ساتێکی لەم جۆرە هاوتایی ئەوەیە، کە (ژیل دۆڵۆز) ئاماژەی بۆ کردووە؛ (پەیوەندی نێوان هونەر و فەلسەفە پەیوەندی وابەستەیی یان ئاڵوگۆڕی ئەرکەکان نییە. بەڵکوو پەیوەندی دوو نەوەی هاوبەشە، کە بیری ئیساتێکی-جوانیناسی و هزر لە هەمان ساتدا، لە هەمان شوێندا، لەو فەزا گرژەدا لەدایک دەبن کە پێی دەگوترێت؛ “جووڵەی وێنە”).
یان وەک ئەوەی(ئالان دۆنۆ) لە پەرتووکی (سینەما)دا ئاماژەی بۆ دەکات؛(پەیوەندی نێوان هونەر و فەلسەفە تەنیا دەرەکی یان لاوەکی نییە، بەڵکوو پەیوەندییەکی جەوهەری و ناوازەیە، کە دەتوانرێت خودی سینەما وەک ئەزموونێکی فەلسەفی لە خۆیدا تەماشا بکرێت.) لێرەوە دوو پرسیاری بنەڕەتی دێتە ئاراوە: یەکەم: فەلسەفە چۆن تەماشای سینەما دەکات؟
دووهەم: چۆن سینەما خودی فەلسەفە دەگۆڕێت؟
ئەم پەیوەندییە بە مانا کلاسیکییەکەی زانیاری وەرگرتن نییە، چونکە فەلسەفە زانیاریمان لەسەر سینەما پێ نابەخشێت، بەڵکوو ئەوە دووهەمیانە(سینەما) فەزای گۆڕانکاری و داهێنان دەکاتەوە. سینەما توانای گۆڕینی فەلسەفەی هەیە لە ناو خۆیدا، واتە خودی چەمکی بیرۆکە لە قاڵب دەداتەوە.
هەروەها، سینەما تەنیا میدیۆمێک نییە لەڕێگەیەوە بیربکەینەوە، بەڵکوو کردەی دروستکردنی بیرۆکەیە سەبارەت بە جەوهەری بیرۆکە. بەو مانایەی سینەما لە خۆیدا دەبێتە کردەیەکی فەلسەفی. هەموو کردەیەکی فەلسەفی، لە جەوهەردا، بەریەککەوتنێکە لە نێوان ئەو چەمکانەی کە لە یەکترەوە دوورن یان بەیەکتری نامۆن، بەریەککەوتنێک کە ئاسۆی نوێ لەبەردەم دەلاقەی بیرکردنەوە و تێگەیشتن دەکاتەوە.
دووانەی وێنە و فەلسەفە
لەبەرامبەردا کاتێک ئەلیگۆری ئەشکەوت (سینەمای کۆن)ی (ئەفلاتوون) بەبیر دێنینەوە، تێدەگەین کە پەیوەندی نێوان فەلسەفە و هونەر لە مۆدێرنیتەوە دەستی پێنەکردووە، بەڵکوو ڕەگ و ڕیشەی لە بنەچەی خودی بیری فەلسەفیدا داکوتاوە و ژمێژە لەسەر دووانەی وێنە (دەرکەوتنی هونەر) و فەلسەفە بنیاتنراوە. (لەناو ئەشکەوتەکەدا خەڵکانێک دادەنیشن و تەماشای جوڵەی سێبەرەکان دەکەن، ئەو جوڵانەی دەکەونە سەر دیوارەکە، هەروەک چۆن وێنە سینەماییەکان دەکەونە سەر داتاشۆکان، بەهەڵە وا دەزانن وێنەکان هەقیقەتی شتەکانن). لەسینەمای (برایانی لومێر lumière)چیرۆکێکی هاوشێوە هەیە، کاتێک بینەران لە ترسی ئەوەی شەمەندەفەرەکە بەخێراییەکی زۆرەوە بەرەو ڕوویان دێت لە شوێنەکە هەڵدێن. ئەم وێنە ئەبەدییە، سروشتی هونەر وەک دروستکراوی وێنە و سێبەر لە خۆ دەگرێت. لە هەمان کاتدا، ئەوە ئاشکرا دەکات کە وێنە دەتوانێت میدیۆمێک بێت بۆ هەقیقەت، یان وەهمێک بێت کە دەبێتە واقیع، وەک وێنەی جوڵاوی شەمەندەفەرەکە.
فەلسەفە (بە بڕوای ئەفلاتوون) هونەر بە لادان لە ئایدیاڵ تۆمەتبار دەکات و بەلاساییکردنەوەی (لاسایی) دەزانێت. بەڵام ئەم هەڵوێستە دوور نییە لە پارادۆکس/لێک دژی (خودی ئایدیاڵەکان تەنیا لە ڕێگەی وێنەیەکی سمبولییەوە، لە ڕێگەی هونەری قسەکردنەوە، لە ڕێگەی ڕیتۆریکەوە پێشکەش دەکران. مێتافۆر هونەرێکە لەناو فەلسەفەدا و بەبێ ئەو هونەرە ئەستەمە چەمکێک لە ئاوەزدا لەدایک بێت).
لێرەدا ئەشکەوتەکە، دەرگا بەڕووی پرسیارێکی قووڵدا دەکاتەوە: ئایا فەلسەفە دەتوانێت بەبێ هونەر بوونی هەبێت؟ یان هونەر دەتوانێت بەبێ فەلسەفە کار بکات؟
پەیوەندی نێوان فەلسەفە و هونەر لە مۆدێرنیتەوە دەستی پێنەکردووە؛ ڕەگ و ڕیشەی لە بناغەی بیری فەلسەفیدا هەیە، کە  لەسەر دووانەی وێنە و هزر دامەزراوە.
ئەفلاتون سەرەڕای ئەوەی لە (کتێبی کۆمار)دا دژمنایەتی خۆی لەگەڵ شاعیران و نیگارکێشەکاندا پیشان داوە و بێبەری نەبوو لەهەراسانکردنی هونەر وەک (زمان و وێنە) کەچی لە پڕۆژە فەلسەفییەکەیدا دیالۆگی گۆڕی بۆ هونەرێکی ڕیتۆریک، ڕیتۆریکی لەگەڵ پڵۆتی دراماتیکدا تێکەڵ کرد، وێنە و مێتافۆری بەکارهێنا بۆ ئەوەی بیرۆکە میتافیزیکییەکانی لە ئاوەز نزیک بکاتەوە.
لاساییکردنەوەی دیمەنە ئەفسانەییەکان و شێوازە شانۆییەکانی، ئەوەمان بۆ دەردەخات کە فەیلەسوف (ئەفلاتوون) خۆی نەیتوانیوە لە سەرنجڕاکێشانی هونەر وەک ئامرازێک بۆ قایلاندن و میدیۆمێک بۆ بەرجەستەکردنی بیرۆکەکان لە فۆڕمی بەرجەستەدا ڕزگاری بێت. ئایا (گۆرگیاس)ی (ئەفلاتوون) خۆی کارێکی هونەری نییە؟ لە ساتێکی دیاریکراوی دیالۆگەکەدا، مشتومڕەکە گەرم دەبێت، دیالۆگەکە بەردەوام دەبێت و (کالیکلس) بە شێوەیەکی دڕندانە دەستوەردان دەکات. بەمجۆرە پەیوەندی لە دیالۆگی نێوان (سۆکرات و کالیکلس)دا دەبێتە دۆخێکی فەلسەفی(دەبێتە جۆرێک لە شانۆی فەلسەفی).
ئەمە وەک ئەوە وایە ئەو لایەنە هونەرییەی کە (ئەفلاتوون) هەوڵی شاردنەوەی دەدا، بەبێ ئەوەی فەیلەسوف هەستی پێبکات، سەرهەڵدەدات و دەردەکەوێت.
لەگەڵ پەرەسەندنی بیری ڕۆژئاوایی، ناکۆکی نێوان هونەر و فەلسەفە هەر ئامادەیی هەبوو. فەیلەسوفەکان لە (ئەرستۆ) تا (ئۆگستین) هەوڵیان دا پێگەی هونەر لە نێوان ناسەنی/ مەعریفە و چێژدا پێناسە بکەنەوە.
بۆ نموونە؛ ئەرستۆ شیعری وەک لاساییکردنەوەیەک دەبینی کە توانای ڕوونکردنەوەی هەیە، لە کاتێکدا (کانت) لە سەدەی هەژدەهەمدا هونەری بە جوانیناسی ئازادەوە بەستەوە کە لەسەر بنەمای تێڕامان و  بڕیاری لۆجیکی بوو.
لە سەدەی نۆزدەهەمدا، (هیگڵ) هونەری خستە نێو دڵی پڕۆژەی ڕوحی ڕەها، وەک ساتێکی بنەڕەتی لە دەرکەوتنی بیرۆکەدا تەماشای دەکرد، پێش ئەوەی فەلسەفە پێیدا تێپەڕێت. بەمجۆرە ڕێبازی هونەر و فەلسەفە لەگەڵ یەکتردا مایەوە، لە نێوان هاوکاری و تێپەڕاندن، لە نێوان نوێنەرایەتی و ڕەخنەدا دەلەرزی، تا هەریەکەیان بوو بە ئاوێنەیەک بۆ ئەویتر لە سەفەری هزری مرۆڤدا.
تا سەدەی نۆزدەهەم، بوونی هونەر لە فەلسەفەدا تەنیا لە فەلسەفەی (هیگڵ)دا سنووردار نەبوو. (شۆپنهاوەر) پێگەیەکی ڕزگارکەری بە هونەر بەخشی، وەک ڕێگەیەک بۆ دەرچوون لە دیلێتی ئەو ئیرادە کوێرەی کە کۆنتڕۆڵی بوون دەکات، لێی دەنواڕی و گوتی:”مۆسیقای زمانی باڵای جەوهەری جیهانە.”
هەروەها، (نیتچە) لەوەش زیاتر ڕۆیشت، هونەری خستە ناو خودی دڵی ژیانەوە، وەک ئەو هێزە پێناسەی کرد کە ڕەوایەتی بە بوون دەدات. هەروەها دیدگای خۆی لەسەر دووانەی (ئەپۆلۆنی و دیۆنیزی) لە (لەدایکبوونی تراژیدیا)  لەسەر دەستکەوتی ئاوازەکانی (ڤاگنەر) کە هونەرەکەی وەک دەربڕینی ژیان لە ڕێگەی مۆسیقای تراژیدیاوە وەسف کردووە.
نیتچە، بەم کارە هونەری گەڕاندەوە بۆ پێگەیەکی جەوهەری، نەک وەک نوێنەرایەتیکردنی هەقیقەت، بەڵکوو دامەزراندنی بەها نوێیەکان. ئەم گۆڕانکارییە خاڵی چوونە ژوورەوەی ڕاستەوخۆ بۆ سەدەی بیستەم پێکدەهێنێت، کە فەیلەسوفە گەورەکانی وەک (مێرلۆ پۆنتی) ئەم میراتە لە باوەش دەگرن بۆ ئەوەی بیر لە پەیوەندی هونەر و بوون و جەستە و تێگەیشتن بکەنەوە.
بنیاتنانەوەی جیهان
لە سەرەتای سەدەی بیستەمدا، ئەم پرسیارە ڕەهەندی نوێی وەرگرت. هونەر چیتر لە لاساییکردنەوە یان نوێنەرایەتیدا کورت نەدەبووەوە، بەڵکوو بوو بە ئەزموونێکی ناسەنی-مەعریفی تەواو. دیاردەناسی لەگەڵ (ئێدمۆند هۆرسێڵ و مێرلۆپۆنتی)، هونەر گۆڕا بۆ بواری تاقیکردنەوە و تێگەیشتنی زیندوو. ئەزموونەکانی نیگارکێش (پۆڵ سیزان) نموونەیەکی سەرەکییە. سێوێکی نەخشاندووە بۆ ئەوەی شێوەی دووبارە بکاتەوە، لە ڕێگەی چینەکانی ڕەنگ و هێڵی سەریەککەوتووەوە بنیاتیناوەتەوە، بەجۆرێک تابلۆکە بووە بە تاقیگەیەک بۆ هەستکردن بە فەزا.
ئەم ئەزموونە ئیلهامبەخش بوو بۆ مێرلۆپۆنتی کە جەخت لەوە بکاتەوە، زانین تەنیا ڕەنگدانەوەی دەروونی نییە، بەڵکوو بەرجەستەکردنێکی هەستیاری جەستەییە، کە تێیدا (بینین) لەگەڵ دەست لێدان یەکدەگرێتەوە و (ڕەنگ)یش لەگەڵ تێگەیشتندا.
لە کاتێکدا (نیتچە) هونەری کردە ئاسۆیەک بۆ ژیان و هێزێکی داهێنەر، (مێرلۆ پۆنتی) وەک ئەزموونێکی بوونگەرایی دووبارە دۆزییەوە و  ئاشکرایکرد، جیهان چۆن لە هۆشیاری هەستیاری ئێمەدا بەرجەستە بووە، بۆ ئەو هونەر بوو بە زمانی بوون. ئەمەش لەوەوە سەرچاوە دەگرێت کە (سیزان) جیهانی وەک شتێکی تەواو و کۆتایی نەخشاندووە، وەک ئەوەی بۆ یەکەمجار لە چاوی بینەردا سەرهەڵبدات. (بۆ ئەو تابلۆ تەنیا وێنە نییە؛ بەڵکوو ڕووداوێکی هەستیارە کە ئاشکرای دەکات کە چۆن جیهان لە هۆشیاری ئێمەدا بەرجەستە بووە و چۆن جەستە لە ڕێگەی بینینەوە بە ڕووی بووندا دەکرێتەوە.)
لێرەوە (مێرلۆ پۆنتی) گەشتە ئەو دەرئەنجامەی هونەر لاساییکردنەوە نییە؛ بەڵکوو ئاشکراکردنی بوونە. نیگارکێش سروشت ناگوازێتەوە؛ بەڵکوو  توانای ئەوەی پێدەدات کە بە زمانی خۆی قسە بکات. بەو مانایەی، بۆ ئەو هونەر بوو بە درێژکراوەی پڕۆژەی دیاردەناسی، کە تێگەیشتن خۆی دەبێتە کردەی دروستکردنی و مانا و هونەرمەندیش دەبێتە گەواهیدەری ئەم ئاشکرابوونە بەردەوامە.
بە بڕوای ئەو هونەر بووە بە زمانێکی ئەلتەرناتیڤ بۆ بیرکردنەوە و فەلسەفەش لە بەرامبەردا فراوانتر بووە.
کەواتە لە مێژووی فەلسەفەدا هەرگیز هونەر لەپەراوێزدا نەبووە بەڵکوو؛ هەمیشە هێزێکی چالاک بووە. بەڵام ئەمە بەو مانایە نییە کە هونەر (خزمەتی) فەلسەفە دەکات؛ بەڵکو ئەوە ئاشکرا دەکات کە هەردووکیان سەر بە بوارێکی فراوانترن، بوارێک کە ناتوانرێت لە دووانەی دەربڕین و چەمکدا قەتیس بکرێت، بەو پێیەی لە شتێکی قووڵتردا نیشتەجێیە: توانای دروستکردنی مانا.
لەبەرامبەردا ئەدەبیاتی بوونگەرایی، لەگەڵ (ژان پۆڵ سارتەر)دا، هونەری لە دڵی ئەزموونی فەلسەفیدا دانا. چیرۆکەکانی سارتەر، تەنیا چیرۆک نییە؛ بەڵکوو پشکنینێکی زیندووە بۆ هۆشیاری کاتێک ڕووبەڕووی بێمانایی بوون و بۆشایی مانا دەبێتەوە. کارەکتەرەکان بوونەوەری کاغەزی نین، بەڵکوو تاقیکردنەوەن لە بیرکردنەوەدا، ئازادی و هەڵبژاردن و نامۆبوون بەرجەستە دەکەن. بەم شێوەیە دەقی ئەدەبی گۆڕا بۆ شانۆی فەلسەفی، فەلسەفەش بۆ کەرەستەی گێڕانەوە، هەریەکەیان بوونە تەواوکەری ئەویتر. هەمان شت بۆ شانۆش دەگونجێت، شانۆ بووە فەزای فەلسەفی بۆ ئەزموونی مرۆڤ لە جیهانێکدا کە هیچ دڵنیایییەک پێشکەش ناکات.
جێگر و گۆڕاو
گەڕانەوە بۆ سینەما، لەگەڵ (دۆڵۆز) ئەم پراکتیزە هونەرییە جەماوەرییەی ڕووبەڕوومان دەبێتەوە لەگەڵ ئەو پرسیارە بنەڕەتییەی: ئایا بوون جێگیرە یان دەگۆڕێت؟
ئەو وێنانەی کە بەدوای یەکتردا دەڕۆن، بە خێرایی وەهمی جووڵەمان پێدەبەخشن، بەڵام وەهمی بەردەوامیش ئاشکرا دەکەن. یان وەک (دۆنۆ) پێمان دەڵێت “دەتوانین بە شێوازێکی تر بیڵێین: فەلسەفە کۆکردنەوەیە، داهێنانی کۆکردنەوە، لە کاتێکدا ئەمەی دووهەمیان شتێکی دیاریکراو نییە. فەلسەفە لە هەر شوێنێک پچڕانێک هەبێت، کۆکردنەوەیەکی نوێ دروست دەکات.”
ئەگەر نموونەی (خۆشەویستە لە خاچدراوەکان)ی (میزۆگوچی) وەربگرین، لە ڕێگەی وێنەی ئەو عاشقانەی کە مەرگیان ڕوو بووەتەوە، بە ناچاری کۆکردنەوەیەک: بێگومان خۆشەویستان دژایەتی یاساکانی کۆمەڵگاکەیان دەکەن، بەڵام لە یەکێتی زەردەخەنەکانیاندا، ئەوە ڕاگەیاندنی ئەگەری دەوڵەتێکی کۆمەڵایەتی دیکەیە”.
ئۆبژە (شت، کارەکتەر، گێڕانەوە) لە بەرهەمێکی هونەریدا ئیتر بارستەیەکی ڕەق نییە، بەڵکوو شلەیەکی بەردەوامە. هەموو وێنەیەک لە خۆیدا  پرۆسەیەکە. ئەمەیە کە فەلسەفە و مێژووی لەسەر بنیات نراوە، بە بڕوای (فۆکۆ) دەستیان بەسەردا ناگیرێت تا نەگۆڕدرێن، جۆرێک لە بازدانێک دروست دەکات کە گۆڕانکارییەکی زانستی، یان پارادایمێکی بە زاراوەی (تۆماس کۆهن) کە بەسەر هەموو سیستەمەکانی بیرکردنەوەدا زاڵە، بە خودی هونەریشەوە. لێرەدا جیاوازی نێوان هونەر و فەلسەفە دەبێتە جیاوازی ستایل نەک مادە: فەیلەسوف چەمکەکە بۆ گرتنی سروشتی ئەم شلەمەنییە فۆرمۆلە دەکات و هونەرمەندیش فۆرمێکی هەستیاری پێدەبەخشێت لە تابلۆیەک، شیعرێک، یان فۆتۆگرافێکدا. کەواتە هەردووکیان لە یەک شوێن کاردەکەن، هەریەکەیان بە شێوازی خۆیان، بۆ دەستگرتن بە شتە نەگیراوەکاندا، بۆ بەرجەستەکردنی ئەو “ناچارەسەرییە” کە بوون بەڕێوەدەبات.
لە بەرامبەردا بزووتنەوە هونەرییە مۆدێرنەکان ئەم تێکەڵبوونە بەرجەستە دەکەن. سیمبۆلیزم لە ئایدیالیزمی ئەڵمانی ئیلهامی وەرگرتووە و
پێی وایە؛ لە پشت هەموو شتێکەوە بیرۆکەیەک هەیە  لە بەرجەستە تێدەپەڕێت، وەک لە بەرهەمەکانی (گۆگین یان ڕۆسینی)دا.
سوریالیزم کە لە ژێر کاریگەری (فرۆید و سارتەر)دا بوو، نیگارکێشانی گۆڕی بۆ فەزایەک بۆ گەڕان بەدوای نائاگادا، وەک لە شیعری (بریتۆن) و بەرهەمەکانی (ماکس ئێرنست) و تەنانەت (دالی)یشدا دەبینرێت. ئەم بزووتنەوەیە هونەری کردە میدۆمێک بۆ تێڕامان لە ئازادی ناوەوە. ئێکسپرێشنیزمی ئەڵمانی کە لە ژێر کاریگەری ئەزموونەکانی (ماتیس و فاوڤەکان)دا بوو، دڵەڕاوکێی مرۆڤی بە ئیلهام وەرگرتن لە فەلسەفەی بوونگەرایی لە بەرهەمەکانی (کیرشنەر و نۆڵد)دا بەرجەستە کرد. ئەبستراکسیۆنیزمی ئەمریکی کە لەژێر کاریگەری بەرهەمە کۆتاییەکانی (پۆڵ کلی)دا بوو، ئیلهامێکی لە فەلسەفەی سروشت و میتافیزیک وەرگرت بۆ گۆڕینی کارە هونەرییەکان، بۆ ڕزگاربوون لە فۆرمە تەقلیدیەکان، وەک لە بەرهەمەکانی (جاکسۆن پۆلۆک) دا دەبینرێت، کە تابلۆکە دەبێتە فەزایەک بۆ بەرجەستەکردنی ئازادی و خود. (پۆلۆک) ئازادی جەستەیی و خۆبەخۆیی و ڕێکەوتەکانی ئازاد کرد، کارگەلێکی دروستکرد کە چاو وروژێنن ئەوەندەی بیرکردنەوە لە دەرەوەی نۆرم هان دەدەن.
چینێکی ناوەکی
کوبیزم لەگەڵ پیکاسۆ و براک وانەیەکی فەلسەفییان لە تێگەیشتن لە فۆرمدا پێشکەش کرد. ئیتر لە گۆشەیەکەوە سەیری بابەتێک نەدەکرا، بەڵکوو لە چەند گۆشەیەکەوە لە یەک کاتدا سەیر دەکرا، ئەمەش هاوتەریب بوو لەگەڵ بیرۆکەی ڕێژەیی ڕوانگە. ئەم شیکارییە میتافیزیکییەی فۆرم و فەزا ئاشکرای کرد کە واقیع خۆی چیندارە و پێویستی بە پێکهێنانەوە هەیە. جیهان چیتر وەک چینێکی فەزایی ڕەها هەست پێناکرێت، بەڵکوو وەک بەرهەمی چینینێکی تێکەڵاوی جیاواز لە ڕوانگەدا هەست پێدەکرێت. چینێکی فەزایی و کاتییە کە هەریەکەمان لە پێگەیەکی ڕێژەییەوە دەیبینین و لەو خاڵە تایبەتەوە حوکم دەدات. ئەمەش ئەوەیە کە کوبیزمی (پیکاسۆ) لە ڕێگەی ئەم تەنە پێکهاتە ناتەبا و ھاوشێوانەدا تیشکی خستە سەر. لە بەرامبەردا دادا هەڵوێستێکی ڕەخنەیی نزیکتر لە وێرانکردنی گرتەبەر، پێشبینی لەدایکبوونی ئەم بزووتنەوە ڕەخنەییە ئەدەبی-فەلسەفییەی دەکرد. پێوەرە جوانیناسییەکان و سیستمە ئەقڵانیەکانی ڕەتکردەوە و ڕایانگەیاند؛ کە خودی بێمانایی دەتوانێت هەڵوێستێکی فەلسەفی بێت، کە مانا بە ئاسانی خۆی ئاشکرا ناکات. توخمەکانی بەرهەمێک دەبێت لەیەکتر بخرێنەڕوو بۆ ئەوەی مانا پارچەپارچەکراوەکانی سەرهەڵبدەن.
ئەو لە سەردەمی بێمانایی لەدایکبووە، سەردەمی جەنگی جیهانی یەکەم، دوای ئەوە مرۆڤی ڕۆژئاوا بەردەوام دەبێت لە پرسیارکردن لە ئامانجی بوون و مانای (چاوەڕوانی گۆدۆ).
کەواتە دەتوانین بڵێین؛ پەیوەندی نێوان هونەر و فەلسەفە بە لۆژیکی باڵادەستی یان ژێردەستەیی تێناگەین، بەڵکوو لە ڕێگەی لۆژیکی شوێن و کاتەوە تێدەگەین. گرنگ ئەوە نییە کامیان لە پێش ئەویتریانەوە دێت یان قووڵترە، بەڵکوو ئەوە گرنگە کە یەکتر دەبڕن، هەر وەک چۆن هێڵەکان لە تاوێکدا دەبڕدرێن یان ڕووبەرێک بەسەر خۆیدا دەپێچێتەوە بۆ ئەوەی ڕووخسارێکی نوێ دروست بکات.
کاتێک بیر لە ناڕوونیی کارەکەی (ئێدوارد مۆنێت) دەکەینەوە لە پێوەندی لەگەڵ بیرۆکەی تێپەڕاندن و پاکی و بیری مۆدێرنیتە کە لەسەر بنەمای تاکایەتی خودی مرۆڤ و ئازادییەکەی و دیدگای تایبەتی خۆی بۆ جیهان، یان تابلۆکانی کاندینسکی لە ژێر ڕۆشنایی ئایدیالیزمی ئەڵمانیدا دامەزراوە، تێدەگەین کە هونەر و بیرکردنەوە لە دیالۆگی دەرەکیدا نین، بەڵکوو لە بەرکەوتنی ناوخۆییدان، وەک ئەوەی هەریەکەیان تەواوکەری ئەو شتە بن لەکاتینەبوونی ئەوانی تر لە ساتێکی هاوبەشدا.
چەمکی هونەری، لە حەفتاکانی سەدەی ڕابردوودا زۆر لەو هەموو تێزانە تێپەڕی.
ئیتر فۆرم بە بنەڕەتی نەدەزانرا، بەڵکوو بە خودی چەمکەکە دادەنرا. تەنیا بیانوویەکی وجودی و ماددی بوو بۆ ئەوەی چەمکەکە ببێتە دیار و چاودێر. ئەم بزووتنەوە هونەرییە لەژێر کاریگەری فەلسەفەی زمان و شیکاری لۆژیکی و سەرهەڵدانی فەلسەفە پۆستمۆدێرنیستییەکاندا سەریهەڵدا، کە هەوڵیان دەدا مادییەتی ئۆبژە تێپەڕێنن لە بەرژەوەندی چەمکەکەدا.  بەرهەمەکان بوونە بەڵگەیەکی هەستیار کە هونەر دەتوانێت ڕاستەوخۆ بیرکردنەوە بێت. بەم شێوەیە جۆزێف کۆسوت و ئەوانی دیکە لەگەڵ ڕەوتی شیکاری (لە ویتگنشتاین و خوێندکارە شیکارییەکانیەوە، وەک دانتۆ و گۆدمان و ئەوانی دیکە) کە خودی زمانیان وەک ماڵی بوون سەیر دەکرد. لە ئەنجامدا کۆمەڵێک بەرهەمی هونەری گۆڕا بۆ (گەمەی زمان)، وەک کۆسوت لە سێبەرە بەناوبانگەکەیدا پێشکەشمان دەکات، لەوانە “یەک کورسی و سێ کورسی”، کە پێکهاتووە لە وێنەی شتێک (کورسی)، شتەکە خۆی لە ڕووی فیزیکییەوە و پێناسەی وشەسازییەکەی. پاشان پرسیارەکە دەبێتە: کامیان هەمان شتە؟ وێنەکان، مادەکە، یان پێناسەی زمانەوانی؟
هەنووکەیی و هەمیشەیی
نمایش و هونەری کاتی پەیوەندی نێوان کات و جەستە و فەلسەفەیان لە قاڵب داوە. کارەکە ئیتر بوونێکی مادی هەمیشەیی نییە، بەو پێیەی بەتەواوی بێبەشە لە مادییەتی خۆی، دەبێتە ئەزموونێکی چرکەساتی کە جەستە دەخاتە بەردەم ڕووبەڕووبوونەوەی بینەر. ئەمەش لە بەرهەمەکانی (مارینا ئەبرامۆڤیچ)دا دەبینرێت کە ساتەوەختی هونەری گۆڕیوە بۆ ئەزموونێکی فەلسەفیی ئامادەبوون و سنووردارکردن.
لە بەرهەمەکانی هونەری ئێستاییدا کە بە تەواوی لەگەڵ ژینگەدا نامێنێت و تەنها شوێنەواری (فۆتۆگراف، دەقی هاوپێچ، بڕینی هەواڵ، ڤیدیۆ، یان گێڕانەوەی زارەکی) بەجێدەهێڵێت. ئەمەش نزیکە لە دیدگای فەلسەفیی (جاک دێریدا) بۆ چەمکی شوێنەوار، بەو پێیەی وەک خۆی دەڵێت “چەمکێکی بێ سنوورە، واتە زۆر لەوە زیاترە کە ئێمە پێی دەڵێین نووسین یان نەخشاندن لەسەر میدیایەکی ناسراو”. ئەوە نییە کە ڕووداوێک یان دەستکەوتێک (دەق یان کارێکی بینراو) لە دوای خۆی بەجێماوە، بەڵکوو نیشانەی نەبوونی مانای کۆتاییە، لە هەمان کاتدا ئەگەری پەیوەندی و تێگەیشتن لە ڕێگەی کاتەوە مسۆگەر دەکات. کاتێک ئەم چەمکە بە هونەری شوێنەوارییەوە دەبەسترێتەوە، کاریگەرییەکەی بەرجەستە دەبێت: کارە هونەریەکان لە سروشتدا مانایەکی جێگیر یان فۆرمێکی جێگیر ناپارێزن، بەڵکوو جێپەنجەی کاتی و فەزایی لەسەر زەوی بەجێدەهێڵن، لە ژێر کاریگەری هۆکارە سروشتییەکان و چەند هێندەکردنی لێکدانەوەکانیان بەپێی دیدگای بینەر.
خاک خۆی دەبێتە دەقێکی کراوە، کاریگەریی هونەرمەند و سروشت و شوێن و کات لەخۆدەگرێت، هەروەک چۆن (دێریدا) ئاماژە بەوە دەکات کە مانا هەرگیز تەواو نییە؛ شوێنەواری هەمیشەیی بەجێدەهێڵێت کە بەردەوامە لە گۆڕانکاری و لێکدانەوە.
ڕەنگە قووڵترین شت کە ئەم نموونانە ئاشکرای دەکەن ئەوەبێت کە ئەو دوو لایەنە یەکدەخات، گەڕان بە دوای هەقیقەتێکی جێگیردا نییە، بەڵکوو زیاتر هۆشیارییە لەوەی کە هەقیقەت خۆی شتێکی دیاریکراو نییە، بەڵکوو لە هەموو ساتێکدا دروست دەبێت. هونەرمەند لە ڕێگەی وێنەسازییەوە، فەیلەسوف لە ڕێگەی چەمکەوە دروستی دەکات و ئەوەی لە نێوانیاندا سەرهەڵدەدات ئەوا(فەزای نێوان)ە کە ناتوانرێت لە هیچ کامیاندا کورت بکرێتەوە.
لەم فەزایەدا ئیتر واقیع پێچەوانەی وەهم نییە، خەیاڵیش نابێتە پێچەوانەی هەقیقەت، وەک چۆن هەردووکیان لە یەک ڕەوتدا دەجوڵێن، ڕەوتی بوون وەک لێشاوێکی بەردەوام.
شانۆی تاقیکاری و سەمای دەربڕین و هونەری کارلێککاری، بینەریان لە وەرگرێکی پاسیڤەوە بۆ بەشداربوویەکی چالاک گۆڕی و ڕەهەندێکی ئەخلاقی و فیکریی بە هونەر بەخشی و ئاسۆی نوێی بۆ فەلسەفە کردەوە بۆ شیکردنەوەی ئەزموونی مرۆڤ لە کاتی ڕاستەقینەدا.
جەختی لەوە کردەوە، کە هونەر تەنیا ناوەڕۆکی بینراو یان بیستراو نییە، بەڵکو تاقیگەیەکە بۆ ئەزموونی بوونگەرایی و هزر، کە تێیدا ئامادەبوون و جەستە دەبنە توخمێکی مەعریفی کە توانای درووستکردنی تێگەیشتنێکی نوێیان بۆ جیهان و خود هەیە. لێکدانەوە بۆ هەموو کەسێک دەبێتە مەحاڵ و ئەمەش هەموو کەسێک لە پرۆسەی دروستکردنی کارە هونەریەکەدا پێش وەرگرتن و لێکدانەوە چالاکە. ئەم کردارە لە کۆتاییدا دەگۆڕێت بۆ تۆڕێکی ئاڵۆزی کارلێک و پەیوەندییەکانی یەکتر کە ئەوەندەی لە فۆرمەکانی هونەردا شێوە دەگرن، لە هەمان کاتدا واقیع و فەلسەفەی هاوچەرخمان لە چوارچێوەیەکدا دادەنێن. ئەوەندەی ئێمە کۆمێنت لەسەر پۆستەکان لە پلاتفۆرمی سۆشیال میدیا دەنووسین و دروستیان دەکەین و نمایشیان دەکەین، کاریگەرییەکی بەهێزیان هەیە، وەک ئەوەی ئێمە بە دەستی خۆمان ئەو کاریگەرییە دروست بکەین کە لەسەرمان بەجێی دەهێڵن. ئەوەی ئەو دووانە یەکدەخات، گەڕان نییە بە دوای هەقیقەتێکی جێگیردا، بەڵکوو زیاتر هۆشیارییە لەوەی کە هەقیقەت خۆی شتێکی بەخشراو نییە، بەڵکوو لە هەموو ساتێکدا دروست دەبێت.
بیرکردنەوە لە پەیوەندی نێوان هونەر و فەلسەفە تەنیا لە ڕۆژئاوا سنووردار نەبوو.
 لە جیهانی عەرەبیدا، تەها حسێن- سەرەڕای ڕەخنەکانی لە ئەدەبیات  و زەکی نەجیب مەحموود نموونەی ئەم یارییەیان خستووەتە ڕوو. یەکەمیان ئەدەب و هونەری وەک قوتابخانەیەک بۆ ئەقڵی ئازاد سەیر دەکرد، دووەمیان جەختی لەوە دەکردەوە کە پەروەردەی جوانیناسی مەرجێکە بۆ ڕزگاری فیکری، کە لە ژێر کاریگەری پۆزەتیڤیزمی لۆژیکی و شیکاریدایە. سینەما، ڕۆمانی عەرەبی و شیعر هەریەکەیان تاقیگەیەکی فەلسەفییان بۆ دابین دەکرد، وەک لە بەرهەمەکانی نەجیب مەحفوز، یوسف چاهین، یان شادی عەبدولسەلامدا. گێڕانەوە دەبێتە ئامرازێک بۆ بیرکردنەوە لە شوناس و ئازادی و گۆڕانی کۆمەڵایەتی، یان خودی وێنەکە دەگۆڕێت بۆ پرۆسەیەی تێڕامانی هزری. بەهەمان شێوە لەگەڵ عەبدوڵڵا زەرقای مەغریبی، شیعر دەبێتە پانتاییەک بۆ دیالۆگێکی شیعریی و فەلسەفی و هونەری قووڵ کە لە خودەوە دەست پێدەکات و دەست لە میتافیزیکی واقیع دەدات.
پەیوەندییەکی سەرکێشانە
لێرەوە تێدەگەین کە پەیوەندی نێوان هونەر و فەلسەفە تەنیا پەیوەندی ڕاڤەکردن یان وەرگێڕان نییە، بەڵکوو پەیوەندییەکی سەرکێشانەیە، کە تێیدا هەر لایەنێک لە دەرەوەی سنوورەکانی خۆی بەرەو ئەوی دیکە خەریک دەکات. فەیلەسوف کاتێک بیر لە هونەر دەکاتەوە، پڕوپاگەندەی سەروەری ڕەها لەسەر چەمکەکە هەڵدەگرێت. کاتێک هونەرمەند کارەکەی بەڕووی فەلسەفەدا دەکاتەوە، ڕێگە بە وێنەکە دەدات خۆی لە دەرەوەی مادییەتی خۆی بخاتە ژێر پرسیارەوە. هەردووکیان لە یەک کرداردا کۆدەبنەوە: کردەی دروستکردن و داهێنان. داهێنان لێرەدا تەنیا بەرهەمهێنانی شتێکی نوێ نییە، بەڵکوو داهێنانی ئەگەرێکی نوێیە بۆ بیرکردنەوە  له بوون.
ئەگەر بگەڕێینەوە بۆ ئەلیگۆری ئەشکەوتەکە بۆمان دەردەکەوێت کە فەلسەفە و هونەر لە یەک سنووردا یەکدەگرنەوە: سنووری نێوان سێبەر و ڕووناکی، نێوان وەهم و واقیع. بەڵام هونەری مۆدێرن نیشانی داوە کە ئەوەی ئێمە پێی دەڵێین (سێبەر) ڕەنگە واقیعێکی دیکەش بێت، ئەوەی ئێمە بە (ئایدیاڵ)ی دەزانین ڕەنگە تەنیا لە ڕێگەی وێنەکانەوە هەست پێبکرێت و سێبەر تاریکییەکی تەواو نییە، بەڵکوو گۆڕانکارییە ڕەنگاوڕەنگەکانە کە ڕووناکی  و فەزا کاریگەرییان لەسەرە. وێنە، بە مانا ئەفلاتوونیەکەی چیتر پێچەوانەی هەقیقەت نییە، بەڵکوو یەکێکە لە لایەنەکانی، یەکێکە لە دەستکاریکەرەکانی و ئامرازێکە هاوتەریبە لەگەڵ خودی واقیع. ئەرکەکانی چەند هێندە بوون و چەمکەکە توانای ژیانی بەبێ زمانێکی سمبولی یان مێتافۆریک نەماوە. لێرەوە دیالۆگی نێوان هونەر و فەلسەفە دەبێتە دیالۆگێک سەبارەت بە چۆنیەتی خوڵقاندنی هەقیقەت خۆی.
کەواتە دەتوانین بڵێین؛ ئەوەی کە لە دوای دەرچوونمان لە سینەما یان دوای وەستانمان لەبەردەم تابلۆیەک یان شیعرێکدا دەمێنێتەوە، نە وێنەیەکی جێگیرە و نە چەمکێکی کۆتاییە، بەڵکوو ئەو کاریگەرییەیە کە لەناو ئێمەدا فەزای پرسیارکردن دەکاتەوە. ڕەنگە ئەم فەزایە ماڵی ڕاستەقینەی پەیوەندی نێوان هونەر و فەلسەفە بێت: بکە نە هی هونەرمەندە و نە هی فەیلەسوف، بەڵکوو فەزایەکی هاوبەشە  لە ساتەوەختی بەریەککەوتنی هەست و بیرکردنەوەدا لە لەدایک بووە.
سەرچاوە/
بڵاوکردنەوە: