کورتە ڕانانێک بۆ کتێبی (ئەزموونە جێندەرییەکانی جینۆساید): ڕوانینێک بۆ ئازاری نەبینراو!

149
0
بڵاوکردنەوە:

 

نووسینی: شارۆ شاهۆ

پەرتوکی “ئەزموونە جێندەرییەکانی جینۆساید” لە نووسینی د. چۆمان هەردی لە بڵاوکراوەکانی خانەی چاپی (‏Routledge) لە  11ی تشرینی دووەمی ٢٠١٦ . یەکێکە لەو کتێبە پڕبایەخانەی کە خۆم بە شادمان دەزانم دەرفەتی خوێندنەوەیم بۆ ڕەخسا. ئەم پەرتوکە بەتەنها بەرهەمێکی ئەکادیمی نیە، بەڵکو ڕوانینێکی بوێرانەیە بۆ ئەزموونی جێندەری ئەو خانمانەی کە ڕزگاربووی جینۆسایدی ئەنفالن لەمیانەی گێڕانەوەی زیاتر لە ٧٠ کەیسی پەیوەندیداردا.

ئەم پەرتوکە ئاوڕێکی ڕاگوزەرانەی نەداوەتەوە لە بابەتەکان، بەڵکو زۆر بەوردی بەدواداچوون و شیکاری کردوە بۆ ئەو ئازارانەی کە خانمان دووچاری هاتوون لەناو گرتوخانەکانی نوگرەسەلەمان و تۆپزاوا و کەمپەکانی زۆرەملێ کە ڕژێمی بەعس بەکاری هێناون. هاوتەریب بە ژیانی ئاوارەی ڕزگاربوانی ئەنفال لە ئێران و تورکیا.

بەڕاستی هەر چاپتەرێکی ئەم پەرتوکە گوزارشتە بۆ ئازارێکی نەگوتراو، ئازارێک کە تەنها خانمان دەزانن چییە: ئازاری دەستدرێژی سێکسی، بەرکەوتن بە چەکی کیمیایی، برسیکردن، ئازاری لەدەستدانی ڕۆڵ و هاوسەرەکانیان. هاوکات بە خستنەبەرباسی چەندین ڕەهەندی سایکۆلۆژی و ئەکادیمی و بەراوردکاری بە جینۆسایدی هۆڵۆکۆست و ڕزگاربوانی هێرۆشیما و ناکازاکی و ڕانانی ئەکادیمیستەکان لەسەر ڕەوشی ژنان لە هەلومەرجی تاوانەکانی دژ بە مرۆڤایەتی و جینۆساید.

ئەوەی لەم پەرتوکەدا جێگای بایەخە، ژیانی سەخت و ناهەمواری ئەو خانمانە دەخاتە بەرباس کە بەتەنها دەگەڕێنەوە بۆ ئەو شوێنانەی کە لێوەی ئەنفالکراون وەک دەستپێکی ئەزموونێکی نوێی ژیانکردن و دەستخستنی بژێوی لەناو شەڕی ناوخۆ و قەیرانە یەک لە دوای یەکەکانی کۆمەڵی کوردی.

چیرۆکەکان هێندە دڵهەژێنن ئەستەمە لەکاتی خوێندنەوەیاندا فرمێسکەکانت ڕابگریت. ئازاری هەژاری و دەخستنی قوتی ژیان و مەترسیەکانی ژیانکردن لەناو کۆمەڵگای پیاوسالاریدا بۆ خانمانی ڕزگاربووی ئەنفال، ئازارگەلێکن کە مەگەر تەنها ئەو خانمانە بزانن چییە کە ئەزموونیان کردوە. ئازاری تەنها بوون، هەژاری و بێکەسی سیماگەلێکی زاڵن لەناو ئەم پەرتوکەدا، کە تەواوی قوربانیان بەدەستییەوە دەناڵێنن سەرباری ئەو زەبرە دەروونیانەی کە هەموو چرکەساتێک بۆ ئەو خانمانە ئازارێکی نەبڕاوەیە و تێیدا دەژین. تەواوی چیرۆکەکانی ناو ئەم پەرتوکە بۆمن شتێکی تەواو نوێ بوون، باشتر تێگەیشتم ژنانی کورد چەندە ئازان! بەڵام چەند بێ پشت و پەناشن! ئاخر ئەستەمە ئەوان بتوانن بە ئاشکرا گوزارشت لەو دەستدرێژیانە بکەن کە بەهۆی ژن بوونیانەوە دووچاری هاتوون بەدەست جەلادەکانی ڕژێمی بەعس بەتایبەت عەجاجی نوگرەسەلمان. هەروەتر، بەدەست سیاسی و دەسەڵاتدارانی کوردی کە ئەوان تەنها وەک ئامرازێکی سمبولی و ڕووت دەبینن بۆ چنینەوە زۆرترین دەستکەوت لە ڕابردوو و ئێستادا. نەوەک دەستگیرییەک بۆ تێپەڕاندنی ئەو زەبرە دەروونیانەی کە دووچاری هاتوون.

یەکێکیش لەو بابەتانەی کە لەم پەرتوکەدا سەرنجی ڕاکێشام دەربارەی چارەنووسی ئەو کچ و ژنانە بوون کە وەک کەنیزەک و دیاری دراون بە هۆزە عەرەبیەکان، یاخود فرۆشراون بەدەرەوە. یەکێک لە باسەکان سەبارەت بە سەربازێکی کوردە لە سوپای عێراقدا، کە خوشکە ئەنفالکراوەکەی لەماڵێکی کوێتی ئەدۆزێتەوە لە ساتەوەختی جەنگی کەنداوی دووەمدا. دەیگەڕێنێتەوە بەڵام هەرگیز ئامادەنابن ئەم چیرۆکە بە ورد و دروشتی بگێڕنەوە بۆ گەیشتن بە ڕاستیەکان لەترسی دابونەریت و ناوزڕاندن. یاخود، لە پاش ٢٠٠٣ کۆمەڵێک لە نوێنەرانی هۆزەکانی خوارووی ئێراق پەیوەندییان لەگەڵ وەزارەتی مافی مرۆڤی پێشوو لە ئیدارەی هەولێر کردوە بۆ ئەوەی ڕاپۆرت لەسەر چارەنووسی ئەو ژنانە کوردانە بەن کە وەک ‘دیاری’ پێیان درابوون. بەڵام کاتێک نوێنەرانی وەزارەت سەردانی هۆزەکان دەکەن ڕێگەیان پێنەدراوە چاوی بەو ژنانە بکەوێت و بیانگێڕنەوە. بە بیانوی ئەوەی ئەو ژنانە ئێستا دایکن، و جێگیر بوون. لەم نێوەندەشدا، تەنها شتێک ئەوان ویستویانە بیکەن ئەوەبووە کە بە فەرمی حکومەتی هەرێمی کوردستان ئاگادار بکەنەوە، هەتاکو لە داهاتوودا پارێزراوبن لە تۆڵەی خێڵەکی لەلایەن بنەماڵەی ژنە ئەنفالکراوەکانەوە!

 

د. چۆمان لەم پەرتوکەدا ئەزموونی خۆشی بۆمان بەیان دەکات کە چۆن دووچاری خەمۆکی توند هاتووە لەکاتی کارکردنی لەم پرۆژەیەدا. ئاخر ئەستەمە گوێت لەم هەموو ئازار و چیرۆکانە بێت و نەتوانیت دەستی یارمەتیش بۆ قوربانیەکان درێژبکەیت. بەڵام بەکۆی گشتی خودی ئەم پرۆژەیە شانازییەکی گرنگە بۆ د. چۆمان کە توانیوێتی دونیابینی و لێکدانەوەی تازە گەڵاڵەبکات لەسەر ئەزموونی جێندەری خانمانی ڕزگاربووی ئەنفال و ئاشناکردنی ناوەندە ئەکادیمیەکان بەم جینۆسایدی ئەنفال. خستنەڕووی ڕاسپاردەی گرنگ بۆ لایەنە پەیوەندیدارەکان لە چۆنیەتی مامەڵەکردن لەگەڵ ڕزگاربوان و بەکەم تەماشانەکردنیان بەتایبەت لە میدیادا. بەڵکو بینینی ئەم خانمانە وەک سمبولێکی گرنگی بەرخۆدانی خانمانی کورد لەبەرامبەر ئەو تاوانانەی کە دەرهەقی خۆیان و خێزانەکانیان کراوە.

تاگهزر
بڵاوکردنەوە: