چەند تێبینییەک دەربارەی وتاری: ونبوونی نووسه‌ران و ئه‌دیبان ده‌بێت هه‌موو که‌س نیگه‌ران بکات (دەیڤید ج. مۆریس)

358
0
بڵاوکردنەوە:

 

نووسینی: بەیان سەلمان

وتارەکە لە سەرەتاوە سەرنج دەخاتە سەر خاڵێکی زۆر گرنگ لە ئەمڕۆکە: نەمان یان کەمبوونەوەی پیاوانی ئەدەب. دەیڤید ج. مۆریس، مامۆستای یاریدەری بواری داهێنانی ئەدەبی، بە چاودێریکردنی گۆڕانکارییەکانی دوو دەیەی ڕابردوو، باسی کەمبوونەوەی ئامادەبوونی پیاوان دەکات لە ئەدەبیاتی خەیاڵیدا، چ لە لایەن نووسەرانەوە بێت یان خوێنەران.

ئەم وتارەی دەیڤید ج. مۆریس، بەلای منەوە گرنگییەکی زۆری هەیە، چونکە ڕوونی دەکاتەوە ئەو لایەنەی کە تا ئێستا پشتگوێ خراوە، ئەویش پرسی یەکسانیی جەندەرە. بیرۆکەکە لێرەدا ئەوەیە کە چۆن بەشێکی تەواوی کولتوور، کە ئەدەبیاتە، لە ڕێگەی ئەو هەژارییە ئەخلاقی و مرۆییەی کە تووشی بووە، دەتوانێت کاریگەری لەسەر کارکردنی دیموکراسی و زیندوویی کۆمەڵگە هەبێت.

لەگەڵ نووسەر هاوڕام کە ئەدەب ”یاریی سفری کۆتایی” نییە! zero-sum game بەم واتایە، کۆی گشتی قازانج و زیانەکان یەکسانە بە (سفر)، بۆچوونەکە وایە کە نابێ ڕێگریی لە پێشکەوتنی ژنان بکرێت، بەڵام نەبوونی بەردەوامیی پیاوان هەموو کەسێک لە هەمەجۆریی دەنگەکان و دیدگا جیاوازەکان بێبەش دەکات. ئەگەر لێرە مەبەست ئەوەیە کە ڕێگری لە پێشکەوتنی ژنان نەکرێت، ئەوا پێشنەکەوتنی پیاوان هەموو کەس، پیاو و ژن، بێبەش دەکات لە هەمەجۆریی دەنگەکان و دیدگەکان. بۆ نموونە، ڕۆمانگەلێک کە لەلایەن پیاوانەوە نووسراون، دەتوانن لە بارەی پیاوەتیی مۆدێرن بە شێوازێکی دروست لێکۆڵینەوە بکەن و بیخەنە ڕوو، ئەوە یارمەتیدەرە بۆ بەرەنگاربوونەوە لە ئەو گێڕانەوە ژەهراوییانەی لەلایەن ئەو کەسانەوە بڵاو دەکرێنەوە کە هاندەری ڕق و تووندوتیژین دژ بە ژنان.

ئەوجا با پرسین، ئایا چیرۆکێک یان بابەتێک ناتوانێت ببێتە هۆی سۆزی زیاتر لە نێوان مرۆڤەکاندا؟

لێکۆڵینەوەکان دەریانخستووە کە خوێندنەوەی ڕۆمان زیرەکیی هەستیاریی بەهێزتر دەکات و دەتوانێت یارمەتیی گەنجان بدات بۆ تێپەڕاندنی بێئومێدییەکانیان لەجیاتی ئەوەی کە بیانخەنە خزمەت بیروباوەڕی سیاسیی توندڕەوانە.

بەڵام سەبارەت بە بیروبۆچوونی لە بارەی ترامپ، من دڵنیانیم لە ئەو پەیوەندییە ڕاستەوخۆییەی کە نووسەر لە نێوان ترامپ و ئەم دۆخەدا دەیخاتەڕوو. شیکردنەوەکەی بێ بایەخ نییە، بەڵام بە بڕوای من فاکتەری تری گەورەتر هەن کە ئاماژەی پێ نەکردوون، وەک نایەکسانیی ئابووری، دابەزینی ئاستی خوێندن، دەسەڵاتی بێسنووری تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان کە تاکەکانی گۆشەگیر کردووە و تەنانەت لە خودی خۆیان دایاندەبڕێت. سەرەڕای ئەوەش، چۆن دەزانین کە ئەم پاشەکشەیە نیشانەی کێشەیەکی قووڵتر نییە؟ کێشەیەک کە بێزارییەکی زۆر لە خوێندنەوە دەردەخات، بەهۆی ئامادەبوونی شاشەیەکی بچووک کە ناوەڕۆکی کورت و فرە خێرا، ڤیدیۆ و ڕاپۆرتی سەیر و سەمەرە و ڕازاوە و سەرنجڕاکێش، هەروەها خۆدەرخستن و خۆنمایشکردنی ئاشکرا لە تیکتۆک و ئینستگرام و هتد! ئەم جۆرە بەرنامە زۆر کورت و کاتییانە تام و چێژ و حەزی تاکەکان دەگۆڕن، بەوەی چیتر سەبری خوێندنەوەی دەقێکی ڕۆمانی جدییان نامێنێت کە پێویستی بە کات تەرخانکردن و لێکدانەوە و سەرنجە. سەرەڕای ئەوەش، هاندانی ئەدەبیات بۆ هەموو ڕەگەزەکان، لە ڕێگەی وەرگێڕانی میدیایی هەمەجۆر یان دەستپێشخەرییەکان لە ئاستی پەروەردەدا، دەتوانێت چارەسەرێکی گونجاو بێت.

لە لایەکی ترەوە، نووسەر خۆی دەپارێزێت لەوەی کە بکەوێتە داوی وەڵامێکی دژە فێمینیستی. بە ڕوونی دەڵێت کە ئەو دڵخۆشە بە کۆتاییهاتنی دەسەڵاتی پیاوسالاری و مەبەستی نییە کە ”پیاوان ڕزگار بکرێن” بە زیانگەیاندن بە ژنان. بەڵام ئەو پێی وایە کە ئەدەبیات کاریگەرییەکی زۆری هەیە لەسەر ڕەفتار و تەنانەت ناسنامەی کەسەکان، کۆمەڵگەیەک کە پیاوان زیاتر بخوێننەوە و بنووسن، دەوڵەمەندتر دەبێت، بۆ بەرژەوەندیی هەمووان، بە گفتوگۆ و پەیوەندیی هاوسەنگتر. ئەو بیرۆکەیەی کە چارەنووسی ژنان و پیاوان بەیەکەوە بەندە، بە بۆچوونی من خاڵێکی بەهێزە، چونکە بایەخ دەدات بە ڕێبازی تێکەڵبوون لەبری ڕێبازی کێبڕکێ.

جێی ئاماژەیە کە وتارەکەی دەیڤید ج. مۆریس پشت دەبەستێت بە ڕەوت و ئاراستە ئەمریکییەکان، زانکۆ ئەمریکییەکان و هەڵبژاردنەکانی ٢٠٢٤، کە ئەمەش ڕەنگە بازنەی کاریگەرییەکەی سنووردار بکات. ئەو دۆخەی ئەو باسی دەکات و ئەو لێکۆڵینەوەیەی لێیەوە سەرچاوە دەگرێت ڕەنگە لە ئەوروپا یان کیشوەرەکانی تردا جیاواز بێت. ئەگەر لە ئەمریکا، لە بواری ئەدەبیاتی خەیاڵیدا، زۆرینەی نووسەران و خوێنەران ژنن، ئەوا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و کوردستان بۆ نموونە، بازاڕی ئەدەبی تا ڕادەیەکی زۆر لەلایەن پیاوانەوە زاڵە. ئەوان، تەنانەت ئەگەر ژنان زیاتر چالاک بن، و ئەگەر ئەمڕۆ ژمارەی ئەو دەقانەی کە باسی کێشەکان و دۆخی ژنان دەکەن لە زیادبووندایە، زۆرینەی دەقە بڵاوکراوەکانی نووسەرە ناسراوەکان (لەوانە لە بواری شیعر و وتار و ڕەخنەی ئەدەبیدا)، هەروەها زۆرینەی چاپکەران و بڵاوکەرەوەکان و خوێندکارانی ئەدەبیشن.

لە ڕۆژئاوا، لە حەفتاکانی سەدەی ڕابردووەوە هەتا ئەمڕۆکە، پەروەردە و بڵاوکردنەوەی بابەتی ”مێینەسازی” پەیوەندی هەیە بە دەستڕاگەیشتنێکی وەبەرچاوی ژنان و بزووتنەوەی فێمینیستی ژمارەیەکی زۆر ژنی نووسەری هێنایە ڕووبەری گشتیی و دەری خستن.

لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، سەروەری پیاوسالاری masculinisme کە میراتێکە لە چوارچێوەیەکی باوکسالاری patriarcal و نەریتەکانەوە سەرچاوەی گرتووە، باڵادەستیی پیاوان، کە میراتێکی بەجێماوە لەو چوارچێوەیەدا، وای کردووە کە ئەدەبیات وەک شوێنێکی دەسەڵات سەیر بکرێت. بە واتایەکی تر، لە ڕووی مێژووییەوە، نووسین وەها هەژمار دەکرێت کە پانتاییەکە تەنها پیاوان دەبێت داگیری بکەن!

بەربەستی کۆمەڵایەتی و خێزانی زۆر هەن (سانسۆر، شەرمکردن لە قسەکردن لەسەر بابەتە هەستیارەکان، دەستڕاگەیشتن بە تۆڕەکانی بڵاوکردنەوە سنووردارە) کە ڕێگری لە ژنانی نووسەر دەکەن. ئەگەر ژمارەی ژنانی نووسەری کورد، عەرەب، فارس، تورک، و هتد، ڕوو لە زیادبوونە، زۆرجار دەبینرێت کە ئەوان تەنها لە ئەدەبیاتێکی پابەنددا، بە تایبەتی شیعر، لە پرسەکانی کۆمەڵگە و بەرخۆدان بەرامبەر بە دەسەڵات قەتیس ماون. ئەدەبیاتی پیاوان هەموو شەرعییەتێکی فیکری، سیاسی و فەلسەفی بۆ خۆی دەبات. ژنانی نووسەر کە سەرهەڵدەدەن زۆرجار لە بازنەکانی چالاکوانانی فێمینیست و ناوەندە ئەکادیمییەکاندا پەراوێز دەخرێن، یان بە دانانی بەربەست دایان دەبڕێنن و ئەم کردەوانە بە ستراتیجییەتێکی نێرانە ئەنجام دەدەن. مەترسییەکە لە ناوچەکانی ئێمەماناندا، بە بۆچوونی من، نە نەمان یان کەمبوونەوەی پیاوانی ئەدەب نییە، بەڵکو نەبوونی فرەیی و کەم نوێنەرایەتی ژنانە.

ئەگەر لە ڕۆژئاوا، پیاوان کەمتر دەقی خەیاڵی دەخوێننەوە و ڕوو دەکەنە ناوەڕۆکی بینراو و بیستراوی ئۆنلاین، ئەوا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و کوردستان، ئەوان، لەسەر حسابی خەیاڵی هاوچەرخ، زیاتر شیعر و وتاری سیاسی و ئەدەبیاتی کلاسیکی دەخوێننەوە.

ژنان خۆیان بە ئەندازەیەکی زۆر تەرخان دەکەن بۆ دەقە ئەدەبییەکان و ڕۆمانسیەت. ژمارەی خوێنەرەکان زۆرە، بەڵام هێشتا لە شوێنە گشتییەکانی خوێندنەوەدا (قاوەخانەکان، هۆڵەکان، ناوەندەکانی کۆنفرانس) کەمینەن. مەترسیی هەژاربوون بەهۆی تاکڕەهەندیی پیاوانە لە دەقی خەیاڵیدا، سەرکەوتنی هەموو توندڕەوییەک، وەک دیاردەی Fight Club [1]کە دەیڤید ج. مۆریس باسی دەکات نموونەیەکە، ئەگەری هەیە ببێتە هۆی دەرئەنجامی کۆمەڵایەتیی مەترسیدار.

لە لای خۆمەوە، تەنها ئامانجی ئەم بۆچوونانەم سەبارەت بە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و کوردستان، هەمیشە ئەوە بووە و ئەوە دەبێت، لەگەڵ پاراستنی شوێن و پێگە و ڕۆڵ و کردەوەی پیاوان، ڕۆڵ و پێگە و شوێنی ژنان فراوانتر و زیاتر بکرێت لە بواری نووسیندا، هەروەها لە ڕێگەی لابردنی هەموو سانسۆرێکی دەروونی، کۆمەڵایەتی و ئایینی لە بواری بڵاوکردنەوەشدا.

 

 

[1] ئەگەر نووسەر بە ناوهێنانی فایت کلەب مەبەستی لە ڕۆمان و فیلمەکەی بێت ئەوا مەبەست لێرەدا: Fight Club ڕۆمانێکی Chuck Palahniuk ١٩٩٦ و بە دوایدا David Fincher لە ساڵی ١٩٩٩ فیلمێکی لە بارەیەوە دەرهێنا کە لە نواندنی براد بیت و ئیدوارد نۆرتنە. چیرۆکەکەی ڕەخنەگرتنە لە کۆمەڵگەی بەرخۆر، لە هەڵەی بەکاربەردنی پیاوەتی، لە نامۆبوونی مۆدێرن، هەوڵێکیشە بۆ دۆزینەوەی تەندروستییەکی دەروونی. بەناوبانگترین دەستەواژەی نێو چیرۆەکەکە ئەمەیە: ”یەکەم یاسای یانەی شەڕ ئەوەیە: ئێمە باسییانەی شەڕ نەکەین” کەواتە ئەگەر نووسەرێک لە دەقەکەیدا ئاماژەی پێ بکات، ئەوە مەبەستی لە بیرۆکەی یاخیبوونە لە نۆرمە کۆمەڵایەتیەکان و هەوڵی خۆبەدیهێنان بە شێوەیەکی توندڕەوانە. لە چیرۆکی یانەی شەڕ هەستدەکەین بە ڕەتکردنەوەی ڕێکەوتنە کۆمەڵایەتییەکان و قەیرانی ناسنامە…

 

سەرچاوەی بابەتەکە بە ئینگلیزی :

David J. Morris: The Disappearance of Literary Men Should Worry Everyone

The New York Times, Dec. 7, 2024

 

 

 

 

تاگهزر
بڵاوکردنەوە: