ڕۆجەر ستۆن: ئەو پیاوەی کە خەونی ئەمریکی بە شێوازی خۆی دەبینێت

551
0
بڵاوکردنەوە:

نووسینی: شارۆ شاهۆ

دەستپێک:

کاتێک باسی سیاسەتی ئەمریکی دەکەین، ناوی ڕۆجەر ستۆن زۆر جار دێتە پێشەوە، ناوێکی کەم بیستراو لەناو کۆمەڵی کوردیدا. ئەم پیاوە کە لە حەفتاکانەوە لە گۆڕەپانی کاری سیاسی و لۆبیکردنە هەمیشە جێگەی مشتومڕی ناو دونیای سیاسەت و میدیای ئەمریکی بووە. ستۆن هەر لە منداڵییەوە خولیای سیاسەت بووە. لە قوتابخانە، کاتێک هاوڕێکانی سەرقاڵی یاری و گەمە بوون، ئەو کتێبی سیاسی دەخوێندەوە و خەونی بە گەیشتن بە دەسەڵاتەوە دەبینی. تەنانەت لە تەمەنی نۆ ساڵیدا، کاتێک هەموو مناڵەکانی قوتابخانەکەی باسی جۆن کەنەدییان دەکرد، ئەو لایەنگری نیکسۆن بوو.  سەرگوزشتەی ژیانی ستۆن لە ٢٠١٧ دا لە دوتوێی بەڵگەفیلمێکدا کە نێتفلێکس بەرهەمی هێنا بەناوی (ڕۆجەر ستۆن بۆ بێنن) بە دیدێکی جیاوازە خرایەڕووی بینەران و هەوادارانی. کە دەکرێت ئەم فیلمە دەروازەیەکی نوێ بێت بۆ تێگەیشتن لە سیاسەتی نوێی ئەمریکا، ئەو سیاسەتەی کە پەیامی دووبارە گێڕانەوەی خەونی نوێی ئەمریکی لە هەگبەیدایە.

لە کاتێکدا زۆربەمان خەونی ئەمریکی وەک هەلی یەکسان و دەرفەتی گەیشتن بە ژیانێکی باشتر دەبینین، ستۆن پێی وایە خەونی ئەمریکی واتە دەسەڵات. بۆ ئەو، سەرکەوتن تەنها پارە و ناوبانگ نییە، بەڵکو توانای گۆڕینی یارییەکەیە بە پێی ویستی خۆت. دەستپێکی ئەم ویستەش لە هەڵمەتی نیکسۆنەوە سەرڕێ دەبێت هەتاکو  گەیشتن بە سەرکەوتنی ترەمپ لە ٢٠١٦. یارییەکانی ستۆن بۆ دووبارە داڕشتنەوەی ئەم گوتارە بە ڕەهەندێکی نوێی ماکیاڤیلیانە خۆی پڕ ڕەنگ دەکات لەناو سەرجەم ئەو گوتارانەی کە گرەنتی هێنانەی دی ئەم خەونە بۆ هەمو تاکێکی ئەمریکی دەکات. لە دیدی ئەوەوە، دەسەڵات تەنها لە ڕێگەی کۆنترۆڵکردنی گێڕانەوەکانەوە بەدەست دێت، نەک لە ڕێگەی بەڵگە و لۆژیکەوە. هەربۆیە ستۆن پێی وایە کە لە کایەی سیاسەتی ڕۆژەڤدا، دەنگدان و بەرنامەی سیاسی تەنها بەشێکی بچووکن لە یارییەکە. بەشی گەورەتر پەیوەندی بە توانای گێڕانەوەی چیرۆک و دروستکردنی واقیعی نوێوە هەیە کە بێ باکە لە سنورە مۆڕاڵیەکان.  ستۆن لە ماوەی چەندین دەیەدا، ڕۆڵێکی گرنگی گێڕا لە داڕشتنی سیاسەتی کۆماریخوازەکان بۆ خەونی ئەمریکی. ئەو لەگەڵ زۆربەی سەرکردە گەورەکانی حزبی کۆماریدا کاری کردووە، لەوانە ڕۆناڵد ڕەیگەن، جۆرج بوشی باوک و بۆب دۆڵ. بەڵام ئەوەی کە زیاتر لە هەموو شتێک ناوبانگی پێ دەرکرد، شێوازی تایبەتی بوو لە بەڕێوەبردنی هەڵمەتە سیاسییەکان و بەکارهێنانی ئەوەی کە خۆی پێی دەڵێت “فێڵە پیسەکان -Dirty Tricks”.

ستۆن لە کوێوە دەستی پێکرد؟

کاروانی ژیانی سیاسیی ستۆن، ڕێگەیەکی پڕ لە هەوراز و نشێو بوو. وەک لاوێکی پڕ لە خەون بۆ گۆڕانکاری و بەشداریی سیاسی، بیری لە ڕێگەیەکی جیاواز و نوێ کردەوە کە بۆ ئەوانی دیکە دەرکەوتنێکی تەواو نامۆ بوو. لە تەمەنی ١٩ ساڵیدا بەشداریی چالاکانەی لە هەڵمەتی سەرۆکایەتیی (باری گۆڵدواتەر)دا کرد لە ساڵی ١٩٦٤. هەرچەندە گۆڵدواتەر دۆڕا بەرامبەر بە جەی ئێف کەنەدی، بەڵام دەرفەتێکی گرنگ بۆ ستۆن ڕەخسا کە تێبگات لەو کێشمەکێشمانەی کە لەناو هەڵمەتی سەرۆکایەتیدا دەگوزەران. هەروەتر، لەساڵانی حەفتاکان ستۆن هاوبەشبوو لە پاوەجێکردنی کۆمیتەی کاری سیاسی پارێزگاری نیشتمانی (NCPAC)، پێشەنگی کاری ئەم کۆمیتەیەش بۆ کۆکردنەوەی پارە بۆ پشتگیریکردنی کاندیدە پارێزگارەکان. PAC ڕیکلامی نەرێنی توند و خەرجی سەربەخۆی بەکاردەهێنا بۆ هێرشکردنە سەر کاندیدە لیبراڵەکان، بەتایبەت لە هەڵبژاردنەکانی سینات. ڕێکخراوەکە ڕۆڵێکی سەرەکی گێڕا لە گواستنەوەی سیاسەتی ئەمریکا بەرەو ڕاست، بە ئامانجگرتنی ئەو ئەندامانەی کە لاوازبوون لەناو دیموکراتەکاندا بە دۆزینەوە خاڵی لاوازیان و لێدانیان بە ڕێگای میدیا و گردبوونەوەی جەماوەری. ئەمەش زەمینەی بۆ سەرکەوتنەکانیداهاتووی کۆماریخوازان خۆشکرد، لەوانە هەڵبژاردنی ڕۆناڵد ڕەیگان. پاش ئەم ئەزموونە، لە ساڵی ١٩٧٢ وەک گەنجێکی خۆبەخش لە هەڵمەتی دووبارە هەڵبژاردنەوەی ڕیچارد نیکسۆندا کاری کرد و بوو بە ئەندام لە کۆمیتەی دووبارە هەڵبژاردنەوەی نیکسۆن کە بە (CREEP) ناسرابوو. ئەو هەر بەزوویی لەناو کۆمارییەکاندا ناسرا بەوەی کە خاوەن نەریتی باو نییە لە کاری سیاسیدا، بەڵکو زیاتر پراگماتیستێکە کە چیتر دروشمە کۆن و سواوەکانی لەلا گرنگ نین و بێ گوێدانە نۆرمەکان کاردەکات تاکو نیکسۆن سەربخات بەرامبەر دیموکراتەکان. ستۆن و هاوکارەکانی سەرکەوتوو بوون لەم ئەرکەدا، بەڵام نیکسۆن بەخت یاوەری نەبوو کاتێک (سکانداڵی واتەرگەیت) لەسەر ئاشکرا بوو کە ناچاری کرد بە دەست لە کارکێشانەوە لە پۆستی سەرۆکایەتی. پوختەی سکانداڵەکەش ئەوە بوو کە گرووپێک لە لایەنگرانی سەرۆک ڕیچارد نیکسۆن، کە هاوکات ئەندامی کۆمیتەی (CREEP) بوون، هەوڵیاندا بچنە ناو بارەگای سەرەکیی پارتی دیموکرات لە تەلاری واتەرگەیت لە واشنتۆن بۆ دزینی بەڵگەنامە و دانانی ئامێری سیخوڕی. بەشێکیان دەستگیر کران و دوای قۆناغێکی پڕکێشمەکێشی لێکۆڵینەوە، نیکسۆن تۆمەتبار کرا بە خراپ بەکارهێنانی دەسەڵات و ناچار کرا بە دەست لە کارکێشانەوە لە ١٩٧٥ وەک تاوانباری سەرەکی پشت ئەم ڕووداوە. بووبە یەکەمین سەرۆک کە دەستی لە کار کێشابێتەوە. هەرچەندە ستۆن دەستی ڕاستەوخۆی نەبوو لەم سکانداڵەدا، بەڵام دواتر دەرکەوت بە ناڕاستەوخۆ ڕۆڵی هەبووە. ئەمەش بووە هۆکارێک کە ستۆن کاروانی کاری سیاسیی بگۆڕێت و زیاتر وەک ڕاوێژکار و دنەدەری ڕووداوە سیاسییەکان ڕۆڵ ببینێت.​​​​​​​​​​​​​​​​

چۆن ڕیگان بە هاوکاری ستراتیژیەکانی ستۆن بردییەوە؟

کەمپینی هەڵبژاردن بۆ سەرۆکایەتی ئەمریکا لەنێوان ڕۆناڵد ڕیگان و جێمی کارتەر لە ١٩٨٠ تەواو پرسێکی چارەنووسساز بوو لەلایەن ستۆنەوە بۆ مسۆگەرکردنی سەرکەوتنی ڕیگان لە هەڵبژاردندا. ئەو زیرەکانە ستراتیژی لێدان لە کارتەر و ئیدارەکەی سەر ڕێ خست. سەرەتا بە ئامانجگیری گروپی یەخە شین و سپییەکان [1]دەستی پێکرد کە لایەنگری دیموکراتەکان بوون و کارییان دەکرد لەناو کۆمپانیا و سێکتەرەکانی حکومەتدا. هەمیشە لە پڕوپاگەندەکاندا ئەوانی بە زوڵملێکراوترین توێژ پێناسە دەکرد کە چۆن هەڵخەڵەتاون بە سیاسەت و بەرنامەی کاری دیموکراتەکان. سەرباری کار و ماندووبوونەکانیان هێشتا ناچارن بەوەی کە باجێکی زۆر بدەن بە حکومەت، لەکاتێکدا حکومەت نەیتوانیوە ڕۆڵی کاریگەری خۆی ببینێت لە کەمکردنەوەی ڕێژەی بێکاری و ڕێشمەکردنی ڕێژەی بەرزی هەڵاوسان و دابەزینی توانای کڕینی هاوڵاتیانی ئەمریکی. ستۆن زیرەکانە توانی قەیرانی ئابووری و کەڵەکەبووی قەیرانەکانی ڕابردوو لە ئیدارەی کارتەردا بقۆزێتەوە، بەتایبەت لە قەیرانی بەرزی نرخی نەوت کە دروستبووبوو لە دەرئەنجامی پاڵپشتی ئەمریکا بۆ ئیسرائیل لەبەرامبەر سوریا و میسر لە جەنگی ڕۆژی لێخۆشبوون (Yom Kippur war)[2] لە ١٩٧٣دا. کە هۆکار بوو دامەزراوەی ئۆپیک گەمارۆ بخاتە سەر فرۆشتنی نەوت بە وڵاتانی ڕۆژئاوا و ئەمریکا. هەروەها، یەکێکی تر لەو پرسانەی کە ستۆن لە داڕشتنی گوتاری هەڵبژاردن سوودی لێوەرگرت ئەویش پرسی بارمتە ئەمریکییەکان بوو کە دەستبەسەر بوون لەلایەن ڕژێمی کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە بۆ ماوەیەکی زۆر لە شۆڕشی ١٩٧٩ دژ بە محەمەد ڕەزا شا. بەوپێیەی ئیدارەی کارتەر لە جۆرێک لە شکستی دانوستاندا بوون بۆ گێڕانەوەی بارمتەکان بەزوویی.  سەرباری ئەم هەوڵانە، ستۆن زۆر زیرەکانە سوودی وەرگرت لەو کەلێنەی کە لەناو خودی سیناتۆرەکانی دیموکراتەکاندا هەبوو، بەتایبەت ململانێکانی نێوان کارتەر و سیناتۆر تێد کەنەدی. بەردەوام میدیای دیموکراتەکان ئەم کەلێنەیان دووبارە دەکردەوە کە ئەمەش بووبووە هۆکارێک کە دیموکراتەکان نەتوانن بە فۆڕمێکی یەکگرتوو دەرکەون لە هەڵمەتی بانگەشەدا. کاریگەری هەوڵەکانی ستۆن بەم هەوڵانەوە نەوەستا بەڵکو میدیای کرد بە چەکێکی کاریگەر بۆ گەیاندنی پەیامی کۆمارییەکان لەم کەمپینەدا بە گێڕانەوەی خەونی ئەمریکی و مسۆگەرکردنی ئایندەیەکی بەهێز و کاریگەر بۆ ئەمریکییەکان لە شانۆی سیاسی جیهاندا، بەتایبەت لەناو ئەو ویلایەتانەی کە دەکەوتنە ناوەند و باشووری ئەمریکاوە. ئەمەش بە ڕێگای ئەنجامدانی کەمپینی گەورە و فراوان بە بەراورد بە ویلایەتەکانی تر، ڕەچاوگرتنی بەڕێوەبردنی کات لە کەمپینی هەڵبژاردنەکەدا و گەیاندنی کاریگەری بەزوویی و هەڵگێڕانەوەی هاوکێشەکان و خستنە دۆخی بەرگری بۆ دیموکراتەکان. هەڵبەتە هەمان ستراتیژی بەکارهێنایەوە لە هەڵمەتی بانگەشەی ترەمپ، بەوەی جگە لە کۆمارییەکان ویستێکی هێز بوونی نییە بۆ دەستگرتن بە بنەماکانی خەونی ئەمریکی و پاراستنی شکۆی ئەمریکا وەک دەوڵەتێکی سەروەر بەسەر هاوکێشە جیهانییەکانەوە. لە کۆتاییدا ستۆن بە سەرکەوتووانە توانی دەنگێکی زۆر لە بەرژەوەندی سەرخستنی ڕیگان بەدی بهێنێت. ئەم قۆناغە بۆ ستۆن گەلێک پڕ بایەخ بوو چونکە هەر بەو زووییە ناوبانگی وەک ڕاوێژکارێکی بلیمەتی پراگماتیکی دەنگی دایەوە لەناو دونیای میدیا و سیاسەتی ئەمریکا وەک براندێکی نوێ بۆ دیزاینکردنی هەڵمەتی بانگەشە و دۆزینەوەی کەلێنەکان لە خزمەت بەرژەوەندی گوتاری هەڵبژاردنی کۆمارییەکان.

ئاراستەکردنی دیکتاتۆرەکان لە بەرژەوەندی سیاسەتی دەرەوەی ئەمریکا لە جەنگی ساردا:

پاش ئەوەی ستۆن لەناو جیهانی سیاسەتمەدارە ئەمریکیەکان جێ پێی خۆی قایم کرد، بیری کردەوە لە دامەزراندنی کۆمپانیایەکی تایبەت بە بواری لۆبیکردن. کۆمپانیاکەی لە ١٩٨٠ لەگەڵ پۆڵ مانافۆرت و چارڵس بلاک دامەزراند کە ئەوانیش بەناوبانگ بوون لە پرسەکانی تایبەت بە لۆبیکردن و بەڕێوەبردنی کەمپینەکان. ناوی کۆمپانیاکەش بە “بلاک، مانافۆرت، ستۆن و کێلی” ناسرا. ئەم کۆمپانیایە هەر زوو بووە جێگای سەرنجی ئەو دیکتاتۆرانەی کە ئەمریکا پاڵپشتی لێدەکردن لە ساڵانی جەنگی ساردا لە دژی یەکێتی سۆڤێت و کۆمۆنیستەکان. تاکە ئامانجی ستراتیژی ئەم کۆمپانیایە بۆ سیاسەتی دەرەوەی ئەمریکا لەسەر بنەمای دژە کۆمۆنیزم چێ بووبوو. ئەو دیکتاتۆرانەی کە ستۆن و هاوەڵەکانی لۆبیان بۆ دەکردن دیارترینیان فێردیناند مارکۆسی فلیپین و مۆبۆتۆ سێسێ سێکۆی زائیر (ئێستا کۆماری دیموکراتی کۆنگۆ) بوون، بەبێ گوێدانە ئەوەی کە ئەم دیکتاتۆرانە تەواو دڕندە بوون بەرامبەر بە هاوڵاتیەکانی خۆیان. ستۆن لەڕێگای ئەو پارە زۆرانەی کە وەری دەگرت ئاسانکاری تەواوی دەکرد بۆ کڕیارە دیکتاتۆرەکانی. بۆ نموونە، ستۆن توانی پاڵپشتی تەواو بۆ مارکۆسی دیکتاتۆر مسۆگەر بکات لەلایەن ئیدارەی ڕیگنەوە لەدژی بەرەی کۆمۆنیست لە فلیپین، بەڵام مارکۆس نەیتوانی هێشتاکە بەردەوام بێت لە سیاسەتە سەرکوتکەرەکانی بە پاڵپشتی ئەمریکا. لە ١٩٨٦ لە دەرئەنجامی شۆڕشێکی بەرفراوان لەدژی لەلایەن هاوڵاتیانی خۆیەوە، ئەمریکا ناچارکرا بە دوورخستنەوەی لە دەسەڵات.  [3]

یەکێکی تر لە کڕیارەکانی کۆمپانیاکەی ستۆن، جۆناس ساڤیمبی بوو، سەرکردەی یەکێتی نیشتمانی بۆ سەربەخۆیی تەواوی ئەنگۆلا (یونیتا)، گروپێکی یاخیبووی ئەنگۆلی. ساڤیمبی تێوەگلابوو لە شەڕێکی ناوخۆیی دڕندانە لە ئەنگۆلا، و هەرچەندە ئەمریکا پشتگیری دەکرد وەک بەشێک لە ستراتیژی جەنگی سارد لەدژی کۆمۆنیستەکان لە ئەفریقا، بەڵام هێزەکانی بەناوبانگ بوون بە ئەنجامدانی تاوانی دژە مرۆڤایەتی. دامەزراوەکە لۆبی بۆ ساڤیمبی دەکرد و یارمەتی دا لە دەستەبەرکردنی هاوکاریی ئەمریکا و جوان نیشاندانی لەناو میدیا ئەمریکی وەک کەسێکی ڕزگاریخواز و دیموکرات.[4] تەواوی تێچووی ئەم خزمەتگوزاریانەش لە داهاتی ئەو کێڵگە ئەڵماسانە دابین دەکران کە میلیشیاکانی ساڤیمبی دەستیان بەسەرداگرتبوو. لێرەدا گومانی تێدا نیە کە ئەم نەریتە ڕەنگدانەوەی ئەو سیاسەتە پراگماتیەی کۆمپانیاکە بوو کە ستۆن داڕێژەری سەرەکی بوو، بەبێ ئەوەی گوێ بداتە ئەوەی کە ئەم دیکتاتۆرانە چەند دڕندەن بەرامبەر بە هاوڵاتیانی خۆیان بە تێوەگلانیان لە تاوانی جینۆساید و تاوانی دژ بە مرۆڤایەتی. بە تەنها ساڤیمبی تۆمەتبار بوو بە هۆکاری کوژرانی ١.٥ ملیۆن هاوڵاتی ئەنگۆلی لە شەڕی ناوخۆی وڵاتەکەیدا کە ئەمەش لە دەرئەنجامی قبوڵنەکردنی ئەنجامی هەڵبژاردن بوو لە ١٩٩٢ لەلایەن ساڤیمبی کە تێیدا شکستی هێنا، سەرەڕای دەربەدەربوونی ملیۆنان هاوڵاتی لە دەرئەنجامی شەڕی ناوخۆی ئەنگۆلا.​​​​​​​​​​​​​​​​[5]

ستۆن لە گەمەی سەرکەوتنی دۆناڵد ترامپ دا :

بەشداریکردنی ستۆن وەک ڕاوێژکاری سەرەکی هەڵمەتی بەربژێری سەرۆکایەتی (دۆناڵد ترامپ) بەرامبەر (هیلاری کلینتۆن) لە ٢٠١٦دا، دەکرێت یەکێک بێت لە پڕمشتومڕترین قۆناغەکانی کاری سیاسی ستۆن لە شانۆی سیاسی ئەمریکادا. ستۆن بە گرتنەبەری چەند ستراتیژێکی نوێ توانی بە خێرایی ئەو بۆشاییانە ببینێ کە چانسی بوون بە سەرۆکی ئەمریکای بۆ ترامپ مسۆگەر دەکرد. سەرەتا لە ناو کۆمارییەکانەوە دەستی پێکرد و توانی ڕکابەری ترامپ بێئەرزش بکات کە (تێد کروز) بوو، پاشان هەنگاوە گەورەکانی تری نا. یەکێک لەو تاکڕەهەندانەی کە ستۆن لە ترامپدا بەدی دەکرد ئەوە بوو کە ترامپ، بەو پێیەی زۆرێک لە کاروانی کاری ژیانی پەیوەست بە کاری ئابووری و بازرگانی بوو، وەک سیاسی دوور بوو لە کایەی سیاسی و دەوڵەتداری. دەکرا زۆر بەئاسانی ئەم لایەنە بقۆزرێتەوە بۆ لێدان لە تەواوی ئەو لایەنانەی کە لەناو شانۆی سیاسی ئەمریکادا دەگوزەرا لە ماوەی سەرۆکایەتی (بارەک ئۆباما) و دیموکراتەکان. گۆڕینی بۆ شکست و تێکدانی ئەو خەونەی کە هەر تاکێکی ئەمریکی بۆ شکۆداری و خۆشگوزەرانی دەیبینێت.

سەرباری ئەوە، ستۆن پێی وابوو کە ترامپ وەک کارەکتەرێکی سادە و بێ گرێ و گۆڵ دەتوانێت بە سوود وەرگرتن لە میدیای بینراو و تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان، بە زمانێکی سادە بەتەواوی دیموکراتەکان ماندوو بکات. تاکە یاسای ستۆنیش لەم یارییەدا “لێدان، هەرگیز نکوڵیکردن” بوو. هەر لە سەرەتای هەڵمەتی بانگەشە، ترامپ بە زمانێکی تەواو پۆپۆلیستی و هێرشی بەردەوام توانی هیلاری بخاتە دۆخی بەرگریەوە بەوەی کە دیموکراتەکان هۆکارێکن بۆ ئەوەی خەونی ئەمریکی شکست بهێنێت. ڕاوێژی ستۆن بۆ وتارەکانی ترامپ بەجۆرێک بوون کە گرنگ نیە وتەکانی دژبەرت چی دروست دەکات، گرنگ ئەوەیە کە تۆ دەبیتە سەنتەری سەرنجی تەواوی میدیاکان کە ئەمەش هەر بۆخۆی نیشاندانی بە سێنتەربوونە لە کەمپینی هەڵبژاردنەکەدا. بۆ نموونە دروشمی هەڵمەتی “دیوارەکە دروست بکە” یان لێدوانە هەڵچوونەکانی ترامپ دەربارەی موسڵمانان و کۆچبەران، کە ئەم لێدوانانە میدیایان لەسەر ترامپ چڕ کردەوە و یارمەتی دا چیرۆکەکە بە شێوازی خۆی داڕێژێت بۆ سەرکەوتن.

ستۆن لە مێژە بە بڵاوکردنەوەی تیۆرییەکانی پیلانگێڕی ناسراوە بۆ لاوازکردنی نەیارەکان و گۆڕینی گوتاری گشتی. لە ماوەی هەڵمەتی ٢٠١٦دا، ڕۆڵی هەبوو لە پاڵنان بە زانیاری پشتڕاستنەکراوە و چەواشەکار، زۆر جار بۆ سەرلێشێواندن یان نایاساییکردنی ڕەخنەگرانی ترامپ. دروستکردنی هەواڵی چەواشەکاری لەسەر تەندروستی هیلاری و تێوەگلانی دامەزراوەی کلینتۆن لە سکاندالەکانی گەندەڵی، بەتایبەتی لە پێشخستنی گومان دەربارەی دزەکردنی ئیمەیڵەکانی ویکیلیکس و پەیوەندییەکان لەگەڵ کەسایەتییەکانی وەک جولیان ئەسانج دامەزرێنەری ویکیلیکس. هەروەها ستۆن یارمەتی ترامپ دا بۆ بەهێزکردنی چیرۆکە دژە-کلینتۆنەکان بەتایبەتی لە پەیوەندی خانەوادەی کلینتۆن بە “دەوڵەتی قوڵ-Deep State”لە ئەمریکادا.

بێگومان ئەم هەڵمەتە بەرفراوانەش، چ لە ئاستی مەیدانی و چ لە ئاستی میدیایدا، ڕۆڵێکی کاریگەری بینی لە سەرخستنی ترامپ بەسەر هیلاریدا بە تایبەت لەو ویلایەتانەی کە بە “ویلایەتە مۆرەکان” (Swing states) ناسراون، کە ئەوانیش ویلایەتەکانی پێنسیلڤانیا، میشیگان، ویسکۆنسن، فلۆریدا، ئەریزۆنا و جۆرجیا دەگرێتەوە. لە هەڵمەتی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیدا بە توندی کێبڕکێیان لەسەر دەکرێ لەلایەن کاندیدەکانەوە بەو پێیەی کە ئەستەمە هاوڵاتیانی ئەم ویلایەتانە مەیلی دەنگدانیان بە ڕوونی ببینرێ. هیلاری کلینتۆن بە شێوەیەکی بەرفراوان لە ویسکۆنسن هەڵمەتی نەکرد و میشیگانی بە شتێکی حەتمی زانی، کە دەرگای کردەوە بۆ کاری مەیدانی توندی ترامپ تاکو جیاوازی دروست بکات لەم ویلایەتە گرنگانەدا. هەروەها ستۆن لەم کەمپینەدا لە گرنگی ناوچە گوندنشینەکان و شارۆچکە بچووکەکان تێگەیشتبوو کە دەکرێت بەئاسانی پاڵپشتی زۆرترین دەنگدەری تێدا کۆبکرێتەوە. بۆیە ڕاوێژی تەواوی دا بە ترامپ کە لەو ناوچانە بەتەواوی کار بکات لەسەر بەهێزکردنی ڕۆڵیان لە کایەی کار و بەرەنگاربوونەوەی ئەو شارەزایانەی کە بە ئەسڵ ئەمریکی نەبوون. لە کاتێکدا هیلاری زیاتر گۆشەنیگای پەیامی هەڵبژاردنی لەناو شارە گەورەکان بوو. لە کاتێکدا هەڵمەتی هیلاری کلینتۆن جەختی لەسەر ناوەندی شارە گەورەکان دەکردەوە، ترامپ هەوڵەکانی بۆ ناوچە گوندنشینەکان و شارۆچکە بچووکەکان فراوان کرد. پەیامەکەی سەبارەت بە گەڕاندنەوەی کارەکان بۆ ئەمریکا و بەرەنگاربوونەوەی “نوخبە جیهانییەکان” لەگەڵ دەنگدەرانی ئەم ناوچانەدا دەنگی دایەوە، کە زۆربەیان بە توندی لەژێر کاریگەری پاشەکشێی پیشەسازی و لەدەستدانی کار لە بەرهەمهێناندا بوون. پاش ئەو هەوڵە چڕانەی کە ستۆن دای، توانی بە ڕێگای فێڵە پیسەکانی کە پێی ناسراوە، دۆناڵد ترامپ بگەیەنێت بە دەسەڵاتی سەرۆکایەتی لە ئەمریکادا بە ڕێگەیەک کە زۆرێک لە سیماکانی پۆپۆلیزمی لەخۆ گرتبوو. تەنانەت تاکو هەنووکەش زۆرێک لە شیکەرەوان پێیان وایە ترامپ تاکە سەرۆکێکی جیاوازی ئەمریکا بووە کە توانیبێتی بە ڕێگای سیاسەتی پۆپۆلیزم و ئاراستەکردنی گوتارەکانی بە زمانێکی تەواو ئیستفزازی سەرنجی کۆمەڵگای ئەمریکی بۆ خۆی ڕاکێشێت و پارادایمێکی نوێ لە سیاسەتی پۆپۆلیزم پێوەجێ بکات. لە ئاراستەکردنی ڕێساکانی ستۆن لە بەرامبەر (کامیلا هاریس)دا لە قۆناغێکی نوێی کەمپینی بەربژێری سەرۆکایەتی لە ٢٠٢٤، دەرئەنجامەکانی هێشتاکە نادیارن بەلای چڤاتی ئەمریکی و جیهانیەوە، بەتایبەت کاتێک کۆمەڵگای نێونەتەوەیی شایەتی گۆڕانکاری گەورە دەدەن هەر لە جەنگی ئۆکرانیا-ڕووسیاوە بۆ دواین ململانێکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئەو قەیرانانەی کە کۆمەڵگای ئەمریکی لە ئەمڕۆدا  پێی سەرقاڵە و بە چارەنووسساز دەیبینێت.​​​​​​​​​​​​​​​​

 

ئەنجامگیری:

ئەوەی لە چوارچێوەی ئەم باسەدا خستمانەڕوو پوختەیەک بوو لە کاروانی کاری سیاسی ڕۆجەر ستۆن، ئەو دونیابینیانەی کە هەیبوون بۆ پیادەکردنی دەسەڵاتێک کە پایەکانی لەسەر پراگاماتیک و پۆپۆلیزم بونیادنراون. ئەوەی لەم چوارچێوە باسەدا گرنگە لێی تێبگەین ئەوەیە کە چۆن بتوانین ئەو گوتارانە بناسینەوە کە پۆپۆلیزم ئاوایان دەکات؟ بەڕێگەی میدیایەک کە زۆرێک لە ڕەخنەگران و توێژەران بە هۆکاری دروستبوونی کۆمەڵگای دەنگبڕی -Sound bite society دەزانن. کە ئاماژەیە بە دۆخێکی هاوچەرخ کە تێیدا زانیاری و بیروڕا سیاسییەکان بە شێوەی کورتکراوە و سادەکراو بڵاو دەکرێنەوە. لەم جۆرە کۆمەڵگایەدا، گوتە کورت و کاریگەرەکان (دەنگبڕەکان) زاڵن بەسەر شیکردنەوە قووڵ و هەمەلایەنەکاندا. هەرچەندە ئەم شێوازە دەتوانێت سەرنجی خەڵک ڕابکێشێت، بەڵام مەترسی ئەوەی هەیە کە بابەتە ئاڵۆزەکان زۆر سادە بکرێنەوە و ئاستی گفتوگۆی جددی لەناو کۆمەڵانی خەڵکدا کەم بکاتەوەلەمەڕ پرۆژە و بەرنامەی پارت و کەسایەتیە سیاسیەکان. لێرەدا گرنگە کە نیگەرانیەکانی فەیلەسوفی فەرەنسی “پیەر بۆردیۆ” بەبەهەند وەربگریت لەسەر کاریگەی باڵادەستی تەلەڤیزیۆن بەسەر تەواوی کایە کلتوریەکاندا کە دۆخی ملکەچی ‌هێناوەتە ئاراوە لەناو کایەی کلتوردا، بەبێ ئەوەی کە لێگەرێت کلتور خۆی ئاراستەبکات و نەچێتەوە خزمەت کایەی سیاسی و بازرگانیەکان. هەربۆیشە بۆردیۆ داوا لەهەمو هونەرمەندان و چالاکوانان دەکات ببنە پارێزەرێکی ڕاستەقینەی کایە کلتوری و شوناسی کلتوری جارێکی تر پێناسە بۆ سنورەکانی دابڕێژنەوە، خۆیان قوتاربەکەن لەو دەسەڵاتە سەپاوەی کە میدیا خۆی پێ سەپاندوە، ئەو مافەی بۆخۆی دەستەبەرکردوە کە دەتوانێت بەکاریان بهێنێت و بازاڕگەڕیان بۆ بکات بەو جۆرەی کە لەبەرژەوەندی سیستەمدایە. بۆیە زیاتر لە ستۆن تیبگەین دەبێت سەرەتا ئەو زەمینەیە ببینین کە ستۆن دەیبینێت و ئاراستەی دەکات لە بەرژەوەندی ئەو کەمپینە هەڵبژاردنانەی کە هاوڵاتی سادە پێی لەقاودەرێن. هاوڵاتیەک کە نابینایە بەرامبەر ئەو واقعێتەی کە هەلومەرجی ئێستای خوڵقاندوە بۆ ساسیەکی پۆپۆلیست تاکو فێڵ و تەڵەکەکانی لەسەر ئاوابکات. لەمیانەی گەڕان و بەدواداچون بۆ ئامادەکردنی ئەم بابەتە ئاشنای پەرتوکێکی بایەخداربووم بەناو (تێلیۆپۆلیزم-Telepopoulism) نووسەری ئیسرائیلی “یۆرام پێری”. پێری لەم پەرتوکەیدا شیمانەی ئەو ڕەهەندە میدیایانە دەکات کە سیاسەتمەدارە ئیسرایلیەکان لەڕێگەیەوە هەوادارانیان پێ بە ئامانج گرتوون بەتایبەت (بنیامین ناتانیاهۆ) کە وەک ڕزگارکەرێک وێنای خۆیان کێشاوە بەبێ ئەوەی جەماوەر گوێ بداتە ئەو گوتارەی کە پارتە سیاسیەکانی لەسەر دامەزراون.  بۆیە گرنگە لێرەدا ئەو پێشنیازە بخەینەڕوو بۆ هاوڵاتیانی هەرێمی کوردستان کاتێک گوێبیستی گوتاری سیاسیەک دەبیت، خۆت ئەرکدارکەیت بەوەی کە پاشخانەکەی ببینیت، هەروەتر ئەو فەزا میدیای و دیجیتاڵیەش هەڵسەنگێنت کە لەڕێگەیەوە گوتارەکانی ئاراستەدەکات و بەڵێنی باشترکردنی ئێستا ئەدات. بۆیە گرنگە تاکی کوردی ئاشنای “ڕۆجەر ستۆن” کە وەستایە لە ئاراستەکردنی سیاسەت بەڕێگای پۆپۆلیزم و بینینێکی ماکیاڤیلیانە بۆ دەسەڵات. چونکە کاتێک بەئاشنابوون بە ئاراستەکارانی پۆپۆلیزم، ئیتر تێوەناگلێت لە بەرهەمهێنانەوەی ئەو گوتانەی کە واقعێکی ساختە ماکیاژ دەکەن یاخود بەڵێنی چارەسەری کێشە جەوهەریەکان دەکەن بە سانایی. دوا گوتەش لێرەدا گرنگە تێبگەین ئەوانە کە دەسەڵات ئاراستە دەکەن و ئامانجیانە کۆمەڵگای دەنگبڕ دروستبکەن، هەمیشە نەواتی شکستیان لەناو خۆیاندا هەڵگرتووە، بەتەنها ڕوانینێکی قوڵ و هەمەلایەنانە دەتوانرێ پەردەی لەسەر هەڵبماڵرێت و ئەو نەواتە لەدژی خۆی بەکاربهێنرێتەوە.

 

سەرچاوەکان:

  1. Stone, Roger. The Making of the President 2016: How Donald Trump Orchestrated a Revolution. New York: Skyhorse Publishing, 2017.
  2. Colapietro, Mike, and Roger Stone. Tricky Dick: The Rise and Fall and Rise of Richard M. Nixon. New York: Skyhorse Publishing, 2017.
  3. Stone, Roger. Stone’s Rules: How to Win at Politics, Business, and Style. Skyhorse Publishing, 2018.
  4. Pappas, Takis S. Populism and Liberal Democracy: A Comparative and Theoretical Analysis. Oxford: Oxford University Press, 2019.
  5. Scheuer, Jeffrey. The Sound Bite Society: How Television Helps the Right and Hurts the Left. New York: Routledge, 1999.
  6. Bourdieu, P. (1998). On television (P. P. Ferguson, Trans.). The New Press.
  7. Peri, Yoram. Telepopulism: Media and Politics in Israel. Stanford: Stanford University Press, 2004.
  8. Get Me Roger Stone. Directed by Dylan Bank, Daniel DiMauro, and Morgan Pehme. 2017. Netflix.

 

[1] یەخەشن و سپیەکان (Blue Collar و White Collar) دوو چەمکن کە لە ئەمریکا و زۆر وڵاتی تر بۆ جیاکردنەوەی جۆرەکانی کار بەکار دێن. یەخەشنەکان ئاماژەن بۆ کرێکارانی دەستی و فیزیکی کە زۆربەی کات لە کارگە و پیشەسازیدا کار دەکەن، لە کاتێکدا سپیەکان مەبەست لەو کەسانەیە کە کاری ئۆفیس و بەڕێوەبردن ئەنجام دەدەن. ئەم دەستەواژانە لە سەرەتای سەدەی بیستەمدا لە ئەمریکا سەریان هەڵدا؛ “یەخەشن” لە ساڵی ١٩٢٤ لەلایەن یوتیکا دەیلی پرێسەوە و “سپی” لە ساڵی ١٩٣١ لەلایەن نووسەر ئوپتۆن سینکلێرەوە بەکارهێنران. ئەگەرچی ئەم دابەشکردنە کۆمەڵایەتی و ئابوورییە گرنگە لە کۆمەڵگای ئەمریکیدا، بەڵام لە دەیەکانی دواییدا سنوورەکانی نێوانیان کەمتر دیار بوون بەهۆی گۆڕانکارییەکانی تەکنەلۆژیا و پەرەسەندنی پیشەکان.​​​​​​​​​​​​​​​​

 

[2] جەنگی ڕۆژی لێخۆشبوون، کە لە ٦ی ئۆکتۆبەری ١٩٧٣ دەستی پێکرد، ملمانێیەکی سەربازی گرنگ بوو لە نێوان میسر و سووریا لە لایەک و ئیسرائیل لە لایەکی تر. ئەم جەنگە، کە هاوکات بوو لەگەڵ جەژنی یۆم کیپوری جوولەکەکان، بە هێرشی چاوەڕواننەکراوی هێزە عەرەبییەکان دەستی پێکرد بۆ گەڕاندنەوەی ئەو ناوچانەی لە جەنگی ١٩٦٧دا لەدەستیان دابوو. سەرەتا، میسر و سووریا سەرکەوتنی بەرچاویان بەدەستهێنا، بەڵام دواتر ئیسرائیل توانی دژەهێرش بکات. جەنگەکە لە ٢٥ی ئۆکتۆبەر بە ئاگربەست کۆتایی هات و بووە هۆی گۆڕانکاری لە هاوکێشەی هێزی ناوچەکەدا، کاریگەری لەسەر ئابووری جیهانی بەهۆی قەیرانی نەوت، و دواتر ڕێگەی بۆ وتووێژی ئاشتی نێوان میسر و ئیسرائیل خۆشکرد کە لە کۆتاییدا بووە هۆی ڕێککەوتننامەی کامپ دەیڤید لە ساڵی ١٩٧٨.​​​​​​​​​​​​​​​​

 

[3] https://origins.osu.edu/milestones/people-power-revolution-philippines-1986

[4] https://www.nytimes.com/1986/02/07/us/red-carpet-for-a-rebel-or-how-a-star-is-born.html

[5] https://sites.tufts.edu/atrocityendings/2015/08/07/angola-civil-war/

تاگهزر
بڵاوکردنەوە: